28‏/07‏/2009

سەرەقەلەمەکانم لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2009 دا


....هاتن كاندیدێكی هاوردەیان خسته ناو كێبركێیەكەوه، كه فڕی بەسەر واقیعی كوردستانەوه نەبوو، وەك ئەوەی موعارەزه كەسایەتییەكی نەزیەی تێدا نەبێت كەشایانی خۆكاندیدكردن بێت... خۆشحاڵی خۆم دەرئەبڕم كه سەرەڕای پشتیوانی لیستی گۆڕان و هەرچوار حیزبەكەش بۆ ئەو كاندیده، هەر كاك مەسعود براوه بوو، خۆ هیچ نەبێت دوو دڵۆپ خوێنی ڕشتووه بۆ كورد و ڕەگ و ڕیشەی هەیه لە مێژووی‌ ئه‌م وولاَته‌دا...
ئەوە چەند بەشێکە لەبەیاننامەی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد کاندیدی سەرۆکای هەرێم لەهەڵبژاردنی 2009 دا، لەماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاوبۆتەوە

ئەو پەیڤانە شەرم هاوەرن، گوزارشت لەحەقد و نادانایی ئەو کاندیدەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات!
یەکێ لەکەموکوڕی و سەقەتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بەتایبەتی هی سەرۆکی هەرێم، ئەوە بوو: چەند کاندید هەبوو، لەنێو خۆیاندا ڕێکنەکەوتن وەک لە هەڵبژاردنی وڵاتانی ئەوروووپا و ئەمەریکا، بەدی دەکرێت؛ لەدوا ساتەکاندا تەنازول بۆ دوانی بەهێز دەکرێت. پێدەچێت ئەوەیش دەسیسەی بارزانی بێت، تا دەنگدەڕان لەو نێوەدا بزر بن و نەزانن دەنگ بۆ کێ بدەن! یان دەنگەکان دابەش بن بەسەر چەند کەسدا! دیارە لەم نێوەدا هاوکێشەی هێز و ئۆتۆریتە دەور دەبینێت، بەهۆی دەستڕۆیشتووی بارزانی و پشتیوانی دوو حیزب، هەر ئەو براوە دەبێت!

کاتێ ئەم دیدە بەڕاست دەردەچێت دەبینن هەڵۆی برایم ئەحمەد بەو شێوەیە لەبەرامبەر دکتۆر کەمال میراودەڵی دەپەیڤێت و دەستی خۆی کەشف دەکات و بەئاشکرا پشتیوانی لە بارزانی دەکات، گوایە ئەو خوێنی لەو پێناوەدا ڕشتووە! ئاخر ئەوە چ لۆجیکێکە، لیستی گۆڕان و پشتیوانانی لەو پێناوەدا لەپارتی و یەکێتی ڕاستبوونەوە، ئامانجیان بنبڕکردنی ئەو جۆرە هزرە ناتەندروستەیە، هەموو ئەو کەسانە کە کوردستانی گەیاندۆتە ئەم ئاستە ناشیرینەی کە هەر مرۆڤێکی بەئاگا قبووڵی نەبووە، نییە. 2009.7.26

لەماڵپەڕی دەنگووباسدا، ڕیبین هەردی نووسەر و ڕووناکبیر، لەنووسێنێکیدا بەناونیشانی سەرۆکی هەرێم و دەستوور بڵاوبۆتەوە، ئاوا دەنووسێت: ... سەرۆك هیچ یەك لەو دەسەڵاتانەی بەشێوەیەكی خراپ بەكارنەهێنا. لەم چوار ساڵەی پێشوشدا سەرۆك دەیتوانی دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلهمان، بۆ جاڕدانی باری نائاسایی، بۆ بەرزكردنەوه پلەو پایەی سەربازی هێزه حیزبیەكەی خۆی بەكاریهێنێت، بەڵام نەك لەم چوار ساڵەی رابردودا كه سەرۆكی هەرێم بوو، هیچ یەك لەم دەسەڵاتانەی بەكار نەهێنا...

ئاخر وانییە لە 4 ساڵی ڕابردوودا، کەس بەوردی ئاگای لە فەرمانەکان و کاروکردەوەکانی بارزانی نەبووە، چی کردووە و چی نەکردووە؟ باش یان خراپ دەسەڵاتەکەی بەکارهێناوە! دوای ئەوە هیچ مەترسییەکی گەورە ڕووی نەداوە، گەر ڕووی بدایە ئەوا بێگومان بارزانی بەپێی ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆرییەی لەدەستووردا پێی دراوە، دەیکرد.
هەر ئەو نەبوو مەترسی بۆ سەر حیز ب و بنەماڵەکەی لەلایە ن یەکێتییەوە بۆ دروست بوو، کفری گەورەی کرد، 31ی ئابی 1996 ی خولقاند؟ پەنای بۆ لەشکری داگیرکەری عەرەبی عێراق برد. ئاخر خۆش باوەڕی دروست کردن لەپای؟ 2009.7.25

"هەردەم و هەموو کاتێک، پەرلەمانی کوردستان له هەر کەس و پارتێک شەرعییەتی زیاتره و من داوا له پەرلەمان دەکەم، که ئەو بڕگەیەی که تایبەته به سەرۆکی هەرێم دەربهێنرێت، چونکه من هەبوونی دەستوورم زۆر پێ گرنگتره له هەبوونی سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان" پەیڤەکانی مەسعود بارزانی، ڕۆژی 09.7.19 لە یاریگای باژێڕی سلەیمانی، لەماڵپەڕی پەیامنێر ڕۆژی 2009.7.19 دا بڵاوبۆتەوە.

ئەو پەیڤانە یان ئەو داوا فەرمانئامێزە، ناچیتە گیرفانەوە، چوونکە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، بە چەواشەکاری دەژمێررێت، هاوکات دانپیانان بە شکستیدایە، دەچێتە ریزی ئەو دوو پاشەکشیەیەی کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بەو سەرۆکە و بە لیستەکەیان کرا! 2009.7.20

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئێمه هەر بێلایەنین، بەڵام بۆ ئەمڕۆ و لەم دەمه حەساسەدا، بەبڕوای شەخسیی خۆم وای دەبینم ژ بۆ سەرۆکایەتیێ هەرێمی بەڕێز مەسعود بارزانی دکاریت سەرۆکایەتیێ بکات!!!
چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان ی ڕۆژی 09.7.18 ی لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دا

لەم کاتەدا وێرای ئەوەی مەسعود بارزانی و هاوشێوەکانی دەوریان هەبوو لەوەی پیاوەکانی PKK لەهەرێمی کوردستان کە لەژێر ناوی پارتی چارەسەریدا و لیستی هیوا کاردەکەن و نەیانهێشت بەشدار بن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و دەگەیەکی گەورەیان لێدان، کەچی و سەرەڕای ئەوە دێت پشتیوانی لەکەسێک دەکات کە زۆربەی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان بێزار و ناڕازین لەدەستی، ئەم بەشیاوی دەزانێt بۆ سەرۆکایەتی هەرێم! لایەنگرییە لەنووکەدا بەرتیلێکی باشە, بەڵام بۆ داهاتووی گۆڕانکارییەکان، بەزەرەریان دەکەوێتەوە. 2009.7.18
لەماڵپەڕی کوردستان پۆستدا بەم شێوەیە بەناڕاست پیشاندنی قسەکە بڵاودەبێتەوە:
ماڵپەڕی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، قەرەیلان گووتی، من لێدوانێکی بەوشێوەیەم نەداوە، ئەوەی من گووتوومە ئەوەیە؛ لەو کاندیدانەی بۆ سەرۆکی هەرێم بارزانی دەرفەتی سەرکەوتنی لەهەموویان زیاترە لەبەر ئەو هەموو ئیمکانەی چ لەلایەنی رێکخستنی و چ لەلایەنی راگەیاندنی کەلەبەردەستی دایە. 2009.7.22

گۆرِان و موسته‌شار و به‌ختیار عه‌لی و قورئان و شیَخه‌كانی؟ ناونیشانی باسێکی بەڕێز سەلام عەبدولڵایە، لەیەکدوو ماڵپەڕدا بڵاوبووە. رەخنە لەو کارانە دەگرێت کە لیستی گۆڕان لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، پەنا بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا دەبات، پێی وایە لەگەڵ پەیامی ڕاستەقینەی گۆڕان نایەتەوە.

دەرخستنی کەموکوڕییەکانی فڵان و فیسار لیست جێی خۆشحاڵییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆش بۆ خۆت لەلیستێکدا بەشداری، کەواتە ئەمە دەچێتە خانەی کێبرکێی هەڵبژاردنەوە! دوای ئەوە بۆ نووکی پێنووست کردۆتە لیستی گۆڕان؟ تۆبڵێی ئەو شەیتانی گەورە و لیستەکانی تر بەتایبەتی لیستی کوردستانی فریشەتە بن! ئەمە لەکاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرێت لەم پرۆسەیەدا بە تەزویری شاراوە تەقلە بەلیستەکانی تر لێبدەن!؟

دوای ئەوە لیستی گۆڕان عاجباتییەکی سەیروسەمەرە نییە، هەڵقووڵاوی ئەو کۆمەڵگایە کە پڕە لە ناشیرینی، بەپاڕانەوە نەبێت، چیبکات، چۆتە پرۆسەیەکەوە خۆ دەبێت لایەنی کەم بەئەنجامێکی باشەوە بێتە دەر، کەواتە ئاساییە لەو هەڵمەتەدا وەک هێزە باوەکان پەنا بۆ چەند لایەنی تاریکی کۆمەڵگا بەرێت، بەڵام لە نێو ئەوانەشدا ناڕەزایەتی هەیە، بەشخوراو هەیە. گرنگ ئەوەیە لەدوای ئەنجامەکان ئەم لیستە درێژە بەو کارە نەدات. 2009.7.19

ناتوانم لەئاست پڕۆژەی دەستور بێدەنگ بم، كه بەزۆر و به پاڵەپەستۆ، به نیوەناچڵ تێیپەڕێنرێت، لەڕێی پەرلەمانێكی واده بەسەرچوی ناشەرعییەوه، شەرعیەتی پێ بدرێت، دەستی بۆ هەڵبڕم! نا ئەوه ناكەم. تەنانەت ئەگەر سبەینێش زۆرینەی خەڵك دەنگی بۆ بدات، لەگەڵ رێزم بۆ دەنگانیان، بەڵام تا گۆڕانی تەواوی بەسەردا نەیەت، به دەستوری خۆمی نازانم.
نووسینێکی شێرکۆ بێکەس، بەناونیشانی: ئێمە چقڵ نیین..کلین کە لەڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوبۆتەوە.
بەڕێزێک لێم هاتە وەڵام و چەند دێڕێکی وەک کۆمێنت بەردوو زمانی کوردی بەپیتی لاتینی و ئینگلیزی لەشێوەی پرسیار بۆ نووسیبووم. منیش ئاوا وەڵامم دایەوە:

ئەوە بەدەست کەس نییە، کاری ناجاڵتمانانەی خودی پەرلەمانە، کە خۆیان کردە مەخسەرە، و لەیاسا لایاندا، درێژەیان بە ژیانی پەرلەماندا! ئەوەیش لەئەنجامی فشاری هەردو زلهێزەوەکەوە بوو! کەواتە دەکرێت لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو کە من دەنگم پێداوە، خەسڵەتی ناشەرعی بوونیان بەسەردا بدەین. هیچ تەبریرێکیان بەدەستەوە نەبوو، وەک رەوشی جەنگ و ... بۆ ئەو درێژکردنەوەیە! هاتن گرنگترین بەڵگەنامەیان پەسەند کرد!

هەروەها لەبەرانبەر پەیڤی خانمێکدا کە ئاوای نووسیبوو : بۆ ئەوەی لە جیهان ناسراو بیت و شانازی بەسەرۆکی وڵاتەکەت بکەی، دەنگ بە سەرۆک بارزانی ژمارە 12.
دەڵێم:
نا ئاخر ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە سەرۆکی هەرێمە، ئەوەی کردوویەتی تەنها بەهێزکردنی پایەی بنەماڵە و عەشیرەت و دەڤەر و ناوچەی نفوزی خۆی و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر بووە. گەر ڕاستگۆ بوایە خۆی کاندید نەدەکردەوە، وازی دەهێنا، جێی چۆڵ دەکرد بۆ خەڵکی شایستەی تر، تا ئەو بەرپرسیارێتییەی بگرتایەتە ئەستۆ، بەڵام ئەو تامەزرۆ و شەیدای پلەوپایە، وا دەزانێت لەو باشتر نییە بۆ ئەو پۆستە! بۆیە دەیەوێت بیکات بەهەشت ساڵ! بەو هۆیەوە گەر سەروەرییەک کە لەباوکییەوە بۆی ماوەتەوە و ئەوە چەندەها ساڵە خێری بۆی داوەتەوە، لەدەستی دەدات، کۆتاییەکەی نەک بە ناشیرین بوون بۆ خۆی بەڵکوو بۆ گشت مێژووی بنەماڵەکەی دەکەوێتەوە. 09.7.8

ئیتر وایە، کۆمەڵگاکەمان دواکەوتووە، بەڵام ئەوانەی هەمان کردەوە بکەن و خزمەت بەگیرفان و عەشیرەت و بنەماڵەی خۆ بکات و گەندەڵ بێت، بێگومان لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەدەردی پارتی و یەکێتی دەچێت. ئەوە بیانوویەکی بێمانایە هەر لە ئێستاوە دوودڵی و گومان لەبەرانبەریاندا بچێنرێت! گوایە هەمان کاری پارتی و یەکێتی دەکەن و لەسەر حسابی خەڵک دەوڵەمەند دەبن! ئەبێت ئالیەتێک، دامودەزگایەک چێ بکرێت، چاودێری نەک بەتەنها سیاسەتمەداران بەڵکوو هەموو کۆمەڵگا بکات.
بەو پێیە بێت نابێت هیچ بکەین لەبەر ئەوەی ئەوانی کە تازە دێن نایانناسین، ئەمە ڕێک هزری کۆنەپارێزیی بەهێز دەکات، دژی گۆرانخوازییە! بەپێچەوانەوە لەژیانی مۆدێرندا تاقیکردنەوە و ئەزموون کردن، دینامییەت دەدات بەژیان، نەک ڕایوەستێنێت. 09.7.6

ئەم دوو رکەبەرەی سەرۆکایەتی هەرێم (دکتۆر کەمال میراودەلی و هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد ) پێباشترە، بەڵام لەوڵاتێکی دواکەوتووی وەک هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا نەک دەزگا حکومییەکان بەهێز نیین، بەڵکوو دەزگاکانی دیکەی مەدەنیش نییە و بێهێزن.! بۆ نموونە گەر منازەرە بکرێت لەنێوان لیستەکاندا کام کەناڵی سەربەخۆی تەلەفیزیۆنی وەک CNN بەو ئەرکە هەڵسێت؟
کێشەکە لەدەستووردایە، گەر وەک ئەمەریکا دەستنیشانی ماوەیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردبێت، هەر کەسێک تەنها دوو دەورە بۆی هەبێت خۆی کاندید بکات، ئەوا تەمەنی درێژی مەسعود بارزانی هەر چوار ساڵی دیکەیە. 09.7.6

ئەوەی لەوێدایە، دیدی من نییە، بەڵام بۆچوونێکی جوانە، هێندە بزانم، تۆ کارمەندی لەدەزگایەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت کە بەپارە و پووڵی مەسعود بارزانی و پارتی دەردەچێت و پشتیوانی لێدەکرێت! کەواتە مووچەکەت لەوەوە وەردەگریت، ئاساییە بەرگری لێبکەیت. دوای ئەوە بەڕێزتان خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن، لەوانەیە بێئاگابن لەوەی کە ئەو کەسە و پارتەکەی چییان بەخەڵکی باشوور کردووە؟ ئێمە دەرد و قەهرخواردن بەدەست ئەوانەوە بینیوە و دەچێژین.

دەمەوێت زیادەیەک بخەمە سەر ئەوەی نووسەر، ئەو کەسە، بەهەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەو پلەوپایەیە نەگەیشتووە، وەک خەلافەت بۆی ماوەتەوە، بۆیە جێی قبووڵ نییە. گەر تا ئێستا هێنابێتی و چاوپۆشی لێکرابێت لەمەودوا، هەرگیز. بەداخەوە لەم هەڵبژاردنەدا ڕکەبەرێکی بەهێزی لەبەرانبەردا قوت نەبۆتەوە!
گریمان من بێبنەما قسە فڕێ دەدەم، ئەی چی لەو هەزارەها کەسە دەکەیت بەتایبەت ڕووناکبیران و نوخبەی بەئاگای کۆمەڵگا لەدژی دەستوور دەنگیان هەڵبڕیوە و پێیان قبووڵ نییە؟

کام خزمەت؟ ئەوەی هەژدە ساڵە وڵاتیان بۆ عەشیرەت و بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان قورغ کردووە؟ وەک دەڵێن تەنها هەوا ماوە قورغی بکەن! بەداخەوە مایەی شەرمە بەرگری و پاکانە لەوانە بکرێت! 09.7.5

بە بەرگری نەبێت لە ئەو لیستانەی داوای گۆڕان دەکەن، سەیرم لێدێت مەترسی ئەوە دەخەنە ڕوو کە گەر ئەوانە سەرکەوتن، ترس و تۆقاندن سەرهەڵدەدات! لەئێستادا، ئەو ئەگەرە زۆر دوورە، چوونکە ئەو سەردەمە بەسەرچووە، فڵان و فسار حیزب بتوانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، ڕێژەی رەها بەدەست بهێنن، مەگەر بەپارە و ساختە، ئەگینا موستەحیلە، دواتر چیان بوێت بیکەن! کۆمەڵگا هەمەچیزەیە، هەمەرەنگە. ئەو دەربڕینانە شەڕێکی دەروونییە، زۆر بڕ ناکات! 09.6.26

دەیبینینەوە، پێشداوەری لەوانەیە لەم کاتەدا نادروست بێت، کەس چاوەڕوانی موعجزە ناکات، گرنگ ئەوەیە، ئەمە هەنگاوە بۆ پاشەکشە پێکردنی ئەو دووپارەتە، ڕێژەی جارانیان لەناو پەرلەمان و حکومەتدا نامێنێت.

با واز لە کێسی ڕابەرایەتی ئەو بزووتنەوەیەی گۆڕان بهێنین، چین و چی نیین؟ لەوانەیە لەچاو کاربەدەستانی دوو پارتەکەدا دڵۆپێک بیت لەدەریایەک! نازانم ئەو بیانوانە بۆ دەهێنرێتەوە!؟ ئایا ئەوە پشتیوانی کردن نییە لەو هزرەی کە دەیەوێت ڕەوشی ئاسایی کۆن تا ئێستا وەک خۆی بمێنێتەوە و نەگۆڕێت؟!

کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە، هەنگاوێکە بەرەو پێش و گۆڕانیکی باشە و لەخزمەت کۆمەڵگا دەبێت.

ئەو گۆڕانە فرە ڕاستەقینەیەی ئێوەیش بیانوویەکە، لەهیچ شوێنێکی ئەم گۆی زەوییەدا نەک بەرقەرار نەبووە و هەرگیزیش نابێت، بەوە بێت خەڵکە دانیشێت تا زەمینەی گۆڕان دەرەخسێت. ئەوە خۆشخەیاڵییەکی بێ تامە 09.6.26

ئاخر بڕیار نییە، هێزی بزووێنەر هەرچییەکی کرد، چاوی لێدابخەیت و بڕیاری پێشوەختەی لەسەر بدەیت! ژیان وەک ڕووبار وایە، بەردەوام لەگۆڕاندایە، مرۆڤی ژیر و دانا، هەوڵ نادات بزووتنەوەیەک بەڕێبخات، بەرئەنجامەکەی هەتاهەتایی بێت، بۆ هەر سەردەمە و ڕۆژە قسەی خۆی هەیە. بزووتنەوەکە ئەو شتە قەبەیەی ناوێت، دەیەوێت ئەو هاوکێشەیەی هەیە بگۆڕێت، پەرلەمان و حکومەت. ئەگینا ئەوان نە بزووتنەوەیەکی چەپی ڕادیکاڵن، نە ڕابەرەکەی مارکس و جیڤارایە، نەشتێکی تری لەو بابەتە! ئیتر لەوانەیە ببێتە هۆی لێدان و نانبڕانی چەندان یان بەپێچەوانەوە. 09.6.27
-----------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

هەمان بابەت بەپیتی لاتینی

22‏/06‏/2009

سەرەقەڵەمی ڕۆژانە

لەکۆتاییدا، تورکیا بۆ دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان ملی دا، تورکیا دەیەوێت لەو قەبارەییەی خۆی زیاتر دەور بگێڕێت وەک هێزێکی هەرێمایەتی، بەدەردی ئێران کە بەجۆرێکی میلیتاریانە خۆی دەردەخات! ئەو دەربڕینەی وەزیری دەرەوە کە وتوویەتی کورد و تورک عەرەب کایەکەری ئەسڵی ناوچەکەن، ڕۆژهەڵاتیکی ناوەڕاستی نوێ بنیان لەمەودوا دەنێن، بەبێ فارسەکانی ئێران، پەیامێکی دووسەرەیە، بەوەی بۆ ئێرانی فارسی لێدەرکردووە! هاوکات گەڕانەوەی پایەی کوردە کە لەمێژەوە، فەرامۆشکراوە، ئەمە لەکاتێکدا لەڕووداوەکانی هەرێمایەتییدا ژێربەژێر دەورونەخشیان گێراوە، دیارە هەمیشە بەربەستبوون لەبەرەوپێشچوونی سیاسەتانی فڵان دەوڵەت، گەر بەرژەوەندی کوردی تێدا نەبوو بێت، سەریەشە و شتی تری لەو بابەتەیان خولقاندووە. ٢٠٠٩.١٠.٣١

عەبدولکەریم قاسم، ئەفسەرێکی پلەباڵای عەرەب عێراقی بوو، بەکودەتا و خوێنڕ...شتن هاتەسەر دەسەڵات و پاشای کوشت، بەنانەوایەک دەڵێت: تكایە وێنەکەم بچووک بكەرەوە و گونكەكان گەورە بكە!٢٠٠٩.١٠.٣١

پێدەچێت ئەو پیرەمێردە تا ئێستا نەیزانیبێت کە خواوەند مردووە! نیتیشە...
خەڵک بۆيە رقی لەئەمەريكايە، چوونكە ئێمە دەمانەۆيت بۆ لای خودا بگەڕێتەوە! جۆرج بۆش
ئەو دەربڕینەی جۆرج بۆش، هەرچۆن لێکی دەدەیتەوە لەقسەی مەلایەکی نەخوێندەواری ئیسڵامی لای خۆمان دەچێت! ئاخر ئەوەی لەبەرامبەر ئەمەریکادا ڕاوەستاوەتەوە و تەنانەت دەستی خراپیشی وەشاند نوێنەڕانی توندڕەوی ئیسلامی سوونی بوون، بە موبارەککردنی مەزهەبەکانی تری ئیسلام. ٢٠٠٩.١٠.٣٠

هێزی بەرفراوان و خاوەن پێگەی جەماوەری گەورەی لەگەڵدایە، ئەم هێزانەش جۆراوجۆرن.. قورسایی جەماوەریی زۆرمان هەیە و هێزە بەشدارەكانی ئیئتیلافەكەمان ڕەسەنن..گرەنتی ئەوەمان كردووە كشانەوەی تێدا ڕوونەدات، بنەمایەكی تۆكمەی هەبێت بۆ ساڵانی دوای هەڵبژاردن..شانازی بەعەرببوونی خۆمانەوە دەكەین..حكومەتی ئیسلامیمان نەبووە تا لەشكستە...كان بەرپرس بێت، حكومەتی عێراق مەدەنی و تەوافوق و یەكێتی نیشتمانی بووە..ئێمە لەگەڵ پارتی و یەكێتی مێژووی خەباتی هاوبەشمان پێكەوە هەیە، هەر ئەوان دەناسین، ئەوان بەدەروازە دەزانین بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ برا كوردەكانمان..

ئەو فەرخە زەلامە، کە بەخەلافەت وەک چەند دانەیەکی لای خۆمان ئەو پلەوپایەیەی ماوەتەوە، قسە لەکێشی خۆی زیاتر دەکات، هێزێکی سرفەن ئایینین، و بەشداری حکومەتەکەن کەچی لافی نەتەوەپەرستی عەرەبی لێدەدات! لەکاتێکدا هەموو دەزانیین ئەوانە هزری ئاینی و تایفییان فرە ترە لەشتێکی تر بە ئیهانە نەبێت بۆ گوند نشینان شیعەکان لادێی و کێوین، مەیلیان بەلای حکومەتی ئێرانەوە، زیاترە!
بۆیە کە باسی بزووتنەوەی گۆڕانی دەدەن بەگوێدا، غەشیمانە وەڵام دەداتەوە و هەست بەگۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان ناکات نەیبیستبێت! وا دەزانی تەنها پارتی و یەکێتی هەن! جاوەرە ئەم کەلە وشک و بێئاگایانە لەسبەی ڕۆژدا دەسەڵاتی زۆریان هەبێت، ئەبێ چی بکەن؟ بەڵام هەرچی بکەن بەدەلیلی ئەوەی لەهاوپەیمانێتیدان، ئەو هێزە ئایینیانە سەرکەوتوو نابن.٢٠٠٩.١٠.٣٠

مادەم ئۆپۆزسیۆن دەنگی نەدا و هاتنە دەرەوە لەهۆڵی پەرلەرەمان چۆن باقییەیەکەی تر ڕێگایان بەخۆیاندا درێژە بەو کارە بدەن؟ خۆ بۆ زۆر مەسەلە باس لەدیموکراسی تەوافقی دەکەن و بەخەڵکی دەڵێن دکتاتۆرییەت، بەکار دەهێنن! بانێکە و دوو هەوا! ئەمە نیشانەی جۆرێک لەدیکتاتۆری دەگەیەنێت بەناوی زۆرینەوە، هەر لەسەرەتاوە وترا ئەم حکومەتە سەرکەوتوو نابێت بەو دەنگدانەی ئەمڕۆ ڕاستی ئەو بۆچوونەی گەیاند، دەبێت چاوەڕوانی فشاری جۆراوجۆر بن.
چوونە دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن، نەچوونەبەردەمی وێنە گەورەکەی مەلا مستەفا کە بەدەستی ئەنقەست هۆڵەکەیان پێڕازێنرادبووە، کە زۆر نایاساییە، رەفزکردنی هەیمەنە و هەژموونی هزری بنەماڵەیی دەگەیەنێت. ئەوانەی مانەوە چاوبەرەژێر و ماستاوچین، دەیانەوێت ڕەوشەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. ٢٠٠٩.١٠.٢٨

تا ئێستا هێزیكی چەكداری كوردستانیمان نییه هەرچەنده كه هەر حیزبه و هێزەكەی خۆی بەپێشمەرگەی كوردستان دادەنێت! بەڵام لەراستیدا وانییه و هەر پێشمەرگەیەك پێشمەرگەی حیزبەكەی خۆیەتی و وەفادار و گوێرایەڵی سەرۆكی حیزبەكەی خۆیەتی نەك هی سەرۆك یان سوپاهسالاری هەرێم؟
ئەم بەرەگرافە لەبابەتێکی هۆمەر دزەییەوە وەرگیراوە. داوەریکردن لەسەری دەکرێت بەپاکانەنامە بۆ مام جەلال ناولێبنرێت. بەهزری پیرانە نووسراوە. ٢٠٠٩.١٠.٢٧

سنتەری كوردستان بۆ پرسه سیاسیەكان- سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانە لەکارێکیدا فەرموویەتی: زیاتر 80% ی میللەتی كورد متمانەی بەسهركردایەتییەکەی نەماوە بڕوانن و ببینن پارتی و یەکێتی چۆن گەندەڵییان تەخشان و پەخشان کردووە و پێدزکەیان کرۆتە هەموو کونوکەلەبەرێکەوە.٢٠٠٩.١٠.٢٧

مام جەلال، لەوەتی هەیە، کەسایەتییەکی جەنجال ئامێز بووە، قسەکردن لەسەری پشکی شێری بەرکەوتووە. یان لەقەبەکانی؛ لەزەمانی بەکرەجۆیدا، بیرمە جۆرە قوماشێکی ژنانیان بەناو ئەوەوە ناونا( ڕیشی مام جەلال)، گەر بەهەڵەدا نەچووبم هەرگیز ڕیشی نەهێشتۆتەوە. لەنوێترین هەواڵدا، لە بەغدادی عەرەبی بیرەیەکیان بەناوی ئەوەوە خستۆتە بازاڕەوە، ئەمەیش دەکرێت بەچەند جۆر لێکدانەوەی بۆ بکرێت.
بەڵام مام لەبەر ئەوەی کەسێکی خروخەپانە ئامێری تەلەفوونی نۆکیای فینلاندی ژمارە ٦٦٠٠ یان بەناوی ئەوەوە نابوو
http://www.220-electronics.com/gsm/nokia6600.jpg
٢٠٠٩.١٠.٢٧

١ - : بۆ ماڵەکەی گەڕا، نەیدۆزییەوە ، چوونکە شار جلەکانی گۆڕیبوو، لەبەر ئەوەی باران تەڕی کردبوو.
٢ - : ناوی لەپاین جێگەی نووستنەکەیدا دانا... بەبێ پێناس زۆر دەنووست .
٣ - : بەبرسێتی دەخەوت، بەڵام لەخەونیدا زۆری دەخوارد.
٤ - : تەمەنێکی لەکانەبەردەکاندا بەبەردشکاند بردە سەر، خۆی ڕۆیشت، بەردەکان مانەوە.
ئەمە چوار چیرۆکی زۆر کورتی کەسێکی عەرەبە (سعيف علي) لەیەکێک لەبلۆگەکاندا بەرچاوم کەوت. ٢٠٠٩.١٠.٢٧

فینلاند بەدەوڵەمەدترین وڵات دەرچوو، چۆن؟! لەلێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگایەکی بەریتانی بۆ چاودێری گەشەی وڵاتان، فینلاند بەپلەی یەکەم دەرچووە و هاتووە. واو... پار لەپلەی سێیەمدا بوو.. لەپارێزگاری کردنی سەروەتوسامان و چەند شتی تری وەک دیموکراسی و سیستەمی فەرمانگەیی و بەڕێوەبردن. لەم پۆڵبەندییەدا سویسرا و سوید و دانیمارک نەرویج لەخوارترن، بەڵام سودان و یەمەن و زیمبابۆی خراپترین پلەیان پێ بڕاوە. ٢٠٠٩.١٠.٢٦

ڕۆژی شەممە ٢٠٠٩.١٠.٢٤ لەفینلاند ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەنەخۆشی ئەنفلۆنزای بەراز مرد! ئەمەیش یەکەم کەسە لەم وڵاتە بەو دەردە بفەوتێت. ماوەیەکە دەستکراوە بەکوتانی خەڵک . دەرکەوتووە لەفینلاند ٥٥٢ کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، ٥٠ دانەیان لەهەفتەی ڕابردوو ئاشکرا بوون! نەخۆشەکان زووربەیان لەدانیشتوانی باکووری فینلاندان. ٢٠٠٩.١٠.٢٦

لەڕۆژنامەیەکی ٢٠٠٩.١٠.٢٤ ئەمڕۆی شاری Lahti بەناوی Uusilahti یەوە کە بڵاوکراوەیەکی لۆکاڵی پڕ تیراژە و بەخۆڕایی دابەشی دامودەزگا و ماڵان دەکرێت، بە بڵاوکردنەوەی ڕیکلام بەڕێوە دەچێت و هەموو چوارشەمە و شەممانێک بڵاودەکرێتەوە. لاپەرەیەکی بۆ ئەو گەنجە ئەکتیڤ و چالاکانەی ساڵی ٢٠٠٩ لەبواری وەرزش بەتایبەتی ئۆڵۆمپییات،کە تەمەنی...ان لەنێوان ١٤ بۆ ١٩دایە تەرخان کردووە. لەنێو ئەوانەدا کوڕێکی کورد ی فەیلی بەناوی ئەحمەد جومعە ١٩٩٢ تێدایە. ٢٠٠٩.١٠٢٤

بێگومان وایە، لەم قۆناغەدا بزووتنەوەی گۆڕان ئەلتەرناتیڤە، هیچ شتێکیش سەرمەدی نییە قابیل بەگۆڕانە، هەرکات ژیان وەستا یان وەک سوعبەتچیان دەڵین گەر شەمە لەمانگ بڕا، ئەوا ئەلتەرناتیڤی نامێنێت.
باشە بەلای بەڕێزتانەوە بێجگە لەوەی ئێستا کە هەیە چیی تر ؟
ئۆپۆزسیۆن لەدوو جۆر زیاتر هەیە، ئەمەی بزووتنەوەی گۆڕان دیارە پەرلەمانتارییە بۆ چاککردنی سستەمی فەرمانڕەوایی خراپی نها و ڕابردوو. سەرەتایەکی باشیان دەست پێکردووە، لەوبڕوایەدام هێڵی بەیانیان بەرزتر دەکەنەوە.
ئیتر دەرەوە، جادە بەشێکی هەڵپێکراوی ئەرکیانە، تا ڕادەیەک قورسە. بەوەش کرێڤی جەماوەریی بەرزتر دەبێتەوە. بەپێچەوانەی دیدی بەڕێزتەوە!
باشە ئەی بۆ لە خۆت ناپرسی بۆ گۆڕان هاتە مەیدانەوە؟ بێگومان بەهۆی خراپی سیستەمەکەوە بووە کە بەڕێوەیان بردووە! ئۆپۆزسیۆن ئەلتەرناتیڤە، نەک شتێکی تر، دەڵێن ئێمە حوکمەت پێک بهێنین ئاواو ئاوا بەڕێوەی دەبەین و لەکۆنەکان باشتر دەبین، بۆیە خەڵک دەنگیان پێدەدات و تاقیان دەکاتەوە.
لەم خاڵەدا ملم لەموو باریکترە، بەڵام تۆ بڕوانە ئەندام بەرلەمانەکانی گۆڕان بزانە لەکۆی ٢٥ چەندیان خانمە وەک جەنابتان؟
کارکردن زۆر سەختە بەتایبەتی لەمەسەلەی ژناندا بەداخەوە ئەو وڵاتە غەزەب لێنیشتووە هی ژن و مناڵ و ستاتیکا نییە، بەهیوام ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەڕانەوەی شتەکان بۆ شوێنی خۆیان
گرنگ ئەوەیە لەمەودوا ئەوانەی کۆنی ناو دەسەڵات کە قسەیان لەسەرە و تێوەگلاون ناتوانن درێژە بەو کارە بدەن، لایەنێکی تر ئەوەیە دەسەڵاتیش وەک چۆن ئۆپۆزسیۆن بەزەرەبین دەگەڕێت بۆ گەندەڵی و ناشیریینییەکانی دەسەڵات، ئەوانیش بەهەمان شێوە بەدوای ئەمانەوەن. کەواتە لەم نێوەدا کێ قازانج دەکات؟ ئایا ئەم هەنگاوە بەئاڕاستەیەکی پۆزەتیفدایە یان نێگەتیف؟ بێگومان میللەت سوودمەند دەبێت. ئەوەیش بزانە فوول دیموکراتی لەهیچ شوێنێکی دنیادا نییە، قابیلە هەرێمی کوردستان شاز بێت. ٢٠٠٩.١٠.٢٤

کۆن بەجێ دەهێڵین یان ئەو دێتەوە بۆ لامان و داگیرمان دەکاتەوە، دەکرێت واز لەقەدەر و مێژووی خۆت بهێنیت، بۆ هەرکوێ بچیت، سێبەری بەسەرتەوە ئەبێت؟ جا کۆنمان رەخنە کردووە، یان لەگەڵ هەر سەردەمێکی نوێ و گۆڕانکارییەک خۆزگەمان بە کۆن بەمانا بەرفراوانەکەی خواستووە! جا ئەو یەخەگرتنە هەمیشەییەی کۆن کە وەک چەسپی دووقلی پێمانەوە نووساوە، وای لێکردووین غیرەت بدەینە بەر خۆمان و بیر لەشیتەڵ و دایلۆگکردنی بکەینەوە، لەو هزرەوەی هیچ شتێک قابیلی ئەوە نییە، هەتاهەتایە بەپیرۆز سەیربکرێت! ٢٠٠٩.١٠.٢٤

لای خۆمان کە ناوی سویسرا دەبرا، بەوەی وڵاتێکی جوان، دیموکراتی، بەرهەمهێنەری کاتژمێری نایابە، پێدەچێت بەهۆی فشاری ئیسلامی سیاسییەوە، بەرگی دیموکراتی فڕێبدات، یان حەدێکی بۆ دابنێت! ماوەیەکە ژمارەیەک لەحیزبە نەتەوەپەرست و ڕاسڕەوەکان، بۆ بەرگرتن لە تەوژمی بەئسلامبوونی وڵات هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە تا دەستوور بگۆڕن و نەهێڵن... لەوە زیاتر بەهەر بیانوویەکەوە بێت مزگەوتی نوێ دروست بکرێت. ئەم پۆستەرە زمانی کوردیم کردەسەر، گوزارشت لەو دیدە دەکات:٢٠٠٩.١٠.٢١

کومپانیایەکی فینلاندی Vaisala لەبواری کەشوهەوا، بنکە لەشاری Vantaa ، ساڵی ١٩٣٠ دامەزراوە، نزیکی ١٠٠٠ کارمەندی هەیە، زۆربەی کارەکانی لەدەرەوەی وڵات ئەنجام دەدات. نها سەرقاڵی گرێبەستێکە لەگەڵ وەزارەتی گوستنەوەی حکومەتی عێراقی فیدراڵی بۆ دانانی سیستەمێکی مۆدێرن فرە وردی ڕاداری، تا دەزگای کەشو هەوا بتوانێت باشتر و لەئاستێکی نێونەتەوەیدا دەستنیشانی گۆرانکارییەکان بکات. ٢٠٠٩.١٠.٢١

خەسرەو پیرباڵ - Khasro Pirbal، وێرای هاوشاری بوون، و هاوڕێمە، بەڵام هێندەی بزانم و بیناسم وەک من فینلاندی باش نازانێت، تەنانەت لەگەڵ ژنە فینلاندییەکەیدا بەئنگلیزی دەئاخاوێت! کەچی سەیر بکەن دیوانی شیعر لەو زمانەوە وەردەگێڕێتە سەر کوردی! ئیتر تێناگەم چۆن ڕێگای بەخۆی داوە کارێکی وا بکات؟!
زمانی فینلاندی بەئیعترافی خودی فینلاندییەکان یەکێکە لەگرانترین زمانەکان، مرۆڤ بەئاسانی بەتایبەتی گەورە ساڵانی پەناهەندەی وەک ئێمەمانان فێری نابن.
ئەو برادەرە وتارێکی وەرگێڕایە ئیمکان بوو جێی ڕەخنەی کەم بێت، بەڵام ئەو هاتووە شیعری وەرگێراوە و فینلاندی باش نازانێت! ئیتر وەر خۆت ئەو مووە لە گەندەڵییە دەربکە!
لەپایزدا ڕۆژ بەرەو کەمی دەچێت، ئیتر ئێرە زۆر زۆر تاریک دەبێت، بۆیە دڵی فینلاندییەکان دەگیرێت، خوخوایانە بەفر ببارێت بۆ ئەوەی دنیا ڕووناک بێتەوە. بەهۆی تێکچوونی ژینگەوە، بەفر بارین درەنگ دەکەوێت، بۆیە حالەتی تاریکی رەشی تۆخ درێژ بۆتەوە، بەڵام شارستانەکان هەمووی ڕووناکە، بەهۆی وزەی کارەباوە. ئەو سیمبولیکە، مەبەستی بێخزمەتی ئەو ناوچە داگیرکراوەی فینلاند لەلایەن ڕووسەکانەوە. بۆیە هەتا ئێستاش حەزیان پێیان نییە، بەڵام خوا ئەو خوایەیە، ڕێک وەک خۆمان و عەرەبە عێراقییەکانە، ڕووسەکان، کەسانی پلە دوون و مەجبوورن و مەمنوونن لەفینلاند قبووڵیان بکەن. وەک چۆن عەرەبەکان هەرچی سووکایەتی هەبوو پێیان دەکردین، بەهەموو عەرەبێکمان دەووت سەیدی، ئێستا ئەوان پلە دوون لەلای ئێمە و مەجبوورمانن. ٢٠٠٩.١٠.١٧

تورکەکان لە ئەورووپا وەک هەر ڕۆژهەڵاتییەکی تر سووک سەیر دەکرێن. لەنێو خۆی وڵاتەکەش دەیانبینی لەبەرانبەر ئەورووپییەکاندا هێندە سووکن مرۆڤ شەرم دەکات. ئەو شۆڤێنییەتەی لەناوخۆی تورکیا لەبەرانبەر کورددا دەیکەن وەک ئەو هزرەی لای خۆمان وایە کە شاری لەبەرنبەر گوندنشینەکاندا بەکاریدەهێنن! ٢٠٠٩.١٠.٤

ئەوەی کە خالیدی خولە سوور لەو چاوپێکەوتنەی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا باسی کردووە، گوایە بە فەرمانی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بۆتە پیاوی حکومەتی عەرەبی عێراقی، و ڕاوچی پێشمەرگە، دەچێتە خانەی گێڕانەوەی مێژوو، هەر لەو قۆناغەدا ئەو سەرکردە ناسراوانەی ئێستا و کۆن، گەر لۆجیکانە بڕوانیینە مێژووی بزووتنەوەی چەکداری، شتی وایان فرە کردووە، لەوانەیە لەدنیای ململانێی سیاسیدا نموونەی لەو جۆرە زۆر بن. چۆن بۆ میللەتانی جیهان واردە بۆ کوردی هەرێمیش بەهەمان شێوە.

قسە لەوەدایە، ئێستا کۆمەڵگاکەمان کراوەترە، بۆیە کەس شەرمی لەکەس نییە، ئەو نهێنیانە و زۆری تر نها و لەداهاتوودا دەبینرێت و دەورووژێنرێت. بۆ قامک خستنە سەرئەو بنتە، دەکرێت بەجۆرێکی دی لێکبدرێتەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ لەم کاتەدا ئەو کەسەی هێناوەتە دوان؟ کەسێکی جەنجاڵئامێزە، ماوەیەکە لەمیدیادا باس دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە نەوشیروان مستەفا ڕابەرایەتی قەوارەیەکی سیاسی دەکات و لەهەڵبژاردنی مانگی حوزەیراندا بەسەرکەوتن گەیشتووە، لەهێز و توانای هەردوو پارتی گۆڕەپانەکە کەمکردۆتەوە.

ڕکەبەرەکانی بەهەر شێوەیەک بێت لەهەوڵی لێدانی بکەری ئەسڵی ئەو کارە و ئەو سەرەن و لەکێش و کەسایەتی کەم بکەنەوە، ئیتر لەڕێگای وروژاندنی مێژووی ئەوەوە بێت یان شتی تر...
وردبینی ئەم لێدانە لەوەوە دێت لە کەناڵێکی سەربەخۆوە دەرچووە، کە لەلایەن ئەو دوانەوە تاوانبارە بە پشتیوانی لە لیستی گۆڕان! کەواتە گەر وای ناوبنێین دۆستان دەکەن بەگژ یەکتردا، لەلای یەکتر بێئیعتبار دەبن! بۆ خۆشی پەیامێکە بۆ ئۆپۆزسیۆن بەوەی زۆر دڵ نەبەستی بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆ، قابیل بەوەیە لەهەر چرکەساتێکدا لێت هەڵگەڕێتەوە و وەک مار پێتەوە بدات! ٢٠٠٩.١٠.٧

هزری کوردی و فارسی و عەرەبی و پاکستانی و تورکی چ جیاوازییەکی لەگەڵ هی ئەورووپییەکاندا هەیە؟ لەباری بایلۆجی و فیسۆلۆجییەوە وەک یەکە؟ و لەبیرکدنەوەدا لەیەک ئاست دان؟ بێشک وەک یەک وان، بەڵام هزری مرۆڤێکی ئەورووپایی لەنێو باگراوەندی زانستی و فەلسەفی و کراوە بەڕووی دایلۆگ و قەناعەت پێکردنی یەکتردا خەمڵیوە. بەرئەنجامی مێژووەیەک لەهەوڵ و تێکۆشانی بێوچانە، کەواتە قۆناغی پاشوپێشی هزر رۆڵی کاریگەر لەو جیاوازییەدا دەبینێت. ٢٠٠٩.١٠.٣

لە ٢٩ مانگی ڕابردوودا، لەبەرلین، دادگا ڕێگای بە خوێندکارێکی تەمەن ١٦ ساڵەدا، لەقۆناغی ناوەندی، لەکاتی پشووەکان دەوامدا دەتوانێت نوێژ بکات. بڕیارەکە سەرچاوەکەی لەدەستووری ئەڵەمانییەوە وەرگیراوە کە دەڵێت: ..نابێت ئازادی ویژدان و مەزهەب، ئازادی ئایینی و بیروڕا سکۆلارەکان پێشێل بکرێت..
بەمەرجێک ڕێ لەمافە بنەڕەتییەکانی خەڵکانی تر نەگرێت، بڕیارێکی وا زەمینە خۆش دەکات بۆ ئایینەکانی تریش تا فەرزە ئایینیەکانیان جێبەجێ بکەن، جۆرێک لەفەوزا دەخولقێنێت! لەگەڵ بێلایەنی خوێندگا و سیستەمی پەروەردە نایەتەوە. کاریگەری لەپرۆسەی لێکهەڵپێکانی دەکات، جیاوازییەکانی نێوان موسڵمان، جوولەکە، کریسیان، بوزی ... گەورەتر دەکات! هەرچۆنێک بێت ئایین کاری تایبەتی مرۆڤەکانە، دەبێت وا بمێنێتەوە. ٠٩.١٠.٢

بەرتیل کە بەشێکە لەهەیکەلی گەندەڵی، لە هەریمی کوردستان وەک کاری ئاسایی ڕۆژانەی خەڵک چاو لێدەکرێت! بۆتە هۆی ڕاگرتنی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکە! ٠٩.١٠.٢

لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەمیشە کورسییەک بۆ ”مەلا مستەفا“ بە چۆڵی جێئەهێڵدرێت و وێنەیەکی ئەوی لەسەر دائەنرێت. ئەو کە خۆی لە گۆڕدایە، دائەنیشت لەڕێگای وێنەکەیەوە نەک لەوێ بەڵکوو لە شارەکانی هەولێر و دهۆک وەک دەرزی دەچێت بەچاودا و ئامادەیە و حوکم دەکات! ٠٩.٩.٣٠

ئازاد جندیانی،دەفەرمووێت: ئۆپۆزسیۆن، بەبەشێكی سەرەكی پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی كوردستان ئەزانین، لەپێناویشیدا تێكۆشانی زۆرمان كردووه!... بەڕێوەچوونی پرۆسەیەكی سیاسی ... بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنه...ئۆپۆزسیۆن نابێت ناتەندروست و ناڕەحە...تمان... بكات..!! ئاخر ئەوە چ لۆجیکێک و درۆیەکی زەبەلاحە، ئێوە هەوڵی دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنتان دابێت؟!
مەگەر بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە و ئەو پەیڤانە ڕاست بن، کە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتتان گەیاندە کەناری هەرە ناشیرین و نەخوازراوی خۆی، بۆیە خەڵکیتان لێ هاتنە دەنگ و خۆیان ڕێکخست و لە مانگی حوزەیران و هەنگاوی یەکەمدا پاشەکشەیان پێکردن، دەسەڵاتی بێمونافسیان کەم کردنەوە. تۆشی سەرسووڕمان و شەپۆکاوییەکی وایان کردن، تا ئێستا نەهاتوونەتەوە سەرخۆ.
ئاخر ئەو پێناسەیەی بۆ ئۆپۆزسیۆن هەتانە، ناچێتە گیرفانەوە، دانیشتن بە هزری ئێوە بیربکەنەوە، جا ئەو کاتە چی بە جەماوەرە ناڕازییەکە بڵێن، ئێوە ڕێگای خیانەتیان پیشان دەدەن، ناچنە ژێر باری ئەو بلۆفە بریقەدارەوە. ٠٩.٩.٢٩

کێشەی عەرەب و جوولەکەکانی ئیسرائیل وەک نەخۆشی شێرپەنجەی لێهاتووە، نەک خۆیان بەڵکوو جیهانیشیان مەشغوڵ کردووە. ململانێکە پەڕیوەتەوە ناو وردەکارییەکانی ژیانی تاک تاکی ئەو کۆمەڵگایەوە؛ گروپێک لەجوولەکەکان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ زیاترە بەشەو لەشاری قودس دەگەڕێن بۆ ئەو کچانەی کە دڵداری لەگەڵ کوڕانی عەرەبدا دەکەن، هەڕەشەیان لێدەکەن بۆ پاشگەزبوونەوە، بەبیانوی ئەوەی بەپارە و دیاری دەیانخەڵەتێنن و دەوڵەمەندن. جولەکە دەبێت بەجوولەکەیی خۆی بمێنێتەوە. ئەی کورد دەبێت لەبەرانبەر شاڵاوی وادا کە لەهەرێم هەیە، ژێربەژێر لەجەرەیاندایە، کوڕان و کچان لە عەرەب نزیک دەبنەوە، یان بەپێچەوانەوە! چی بکرێت؟ ٠٩.٩.٢٩

بەشێک لەناسیۆنالستانی هەرێمی کوردستان، دیدیان لەسەر تورکمان و بەتایبەتی بەرەی تورکمانی وایە؛ گەر هەموو قۆڵت هەنگوین بێت و بیکەی بە قورگیاندا، دەرتهێنایەوە گازی لێدەگرن! کەمێک ڕاستی تێدا بێت، چۆن؟ لەم ڕۆژانەدا لەسەر ئەو بڕە پارەیەیی مام جەلال بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئاوارەکانی یاریگای کەرکووکی تەرخانی کردووە، کەوتوونەتە تەقە! خەتاکە لە مام جەلالەوەیە، چی بۆ نەکردن؟ زۆری یا بەدەمیانەوە! ئەوەیش ئەنجامەکەی؟ ٠٩.٩.٢٦

هەینی ڕابردوو ٢٥ی ٩، هەزارەها موسڵمان لەنزیک کۆشکی سپییەوە بەکۆ نوێژیان کرد. ئەوەی جێی سەرنجە پەیڤی یەکێک لەڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەیە، بەم شێوەیە: ...ئەمەریکا یەکێکە لەباشترین شوێنەکانی جیهان بۆ ژیان تیاکردن... هێشتا مەشخەڵی ئازادی و ئومێدە...٠٩.٩.٢٦

بزووتنەی گۆڕان لە وڵاتی میسری عەرەبی ناسراو بە كفاية، جەمال موبارەکی کوری سەرۆکی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو هەموو سەروەت و سامانەی کە کەس نازانێت لەکوێوە هێناوییەتی، و هەیەتی، دەدات بەدادگا. بزووتنەوەی گۆڕانی لەمەڕ خۆشمان، تۆبڵێی کاری لەو جۆرەیان بەدەستەوە نەبێت، لەسەر کوڕەکانی مەسعود بارزانی و مام تالەبانی و دارودەستەی خوار ئەوانەوە... ٠٩.٩.٢٤

پەنجەرە کردنەوە بەڕووی تەوژمەکاندا، جوانە، هاوکات قابیلی ئیستغلالکردنە، وەک دەبینین ڕەگی عەشایەری و بنەماڵەیی چۆن گەشاوەتەوە، بەشێکی هەڵپێچراوی ئەو گەندەڵییە کە بەدەستییەوە زەلالەتمانە! شتە هاوبەش و گشتییەکان بوون بەژێرەوە. تا دوێنێ هەورامی و باهدینییەکان بوو، نها هەولێرییەکانیشی هاتە بان! بەناوی ئەوەی موخالەفەت زۆرە لەبەرانبەر بەفەرمیکردنی و بەستاندارککردنی شیوەزاری سۆرانی، لەبری شێوەزاری هەولێری بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار دەکات! ٠٩.٩.٢٣

ئەگەر مەنهەجی ئایینی هۆی دواکەوتوویمان بێت، خۆ لە زووربەی وڵاتانی دەورووبەرمان مەنهەج بەو شێوە توندە نییە، ئەی بۆ ژنان هەروەک ئێمە وان؟! گەر خراپتر نەبن، چاکتر نیین؟! کەواتە عیلەتەکە لەخودی ژناندایە نەک شتێکی تر... مەبەست ئەوەیە، کە لەوڵاتەکەی مەنهەج ئایینی لەچاو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تووند ترە، بەحوکمی ئەوەی یەکدوو شوێنی پیرۆزی ئیسلامەکانی لێیە، بنەماڵەیەکی کۆنەپارێز و عەشایەر حوکمی دەکەن... ئەو دیدە ڕووی ئایین کەمێک سپی دەکاتەوە! سەرجەمی کێشەی ژنان دوو سەرەیە؛ هەم ژنان و هەم ئایین ڕۆڵیان لە دوکەوتوویی ژنان لەناو کۆمەڵگادا هەیە!
بەو شێوەیە نییە نە ژن پیرۆزە نە ئایین. قسە لەوەیە ئایین ڕۆڵی خراپ دەگێڕێت لەژیانی مرۆڤەکاندا بەتایبەتی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا کە بەتوندی گیراوە و دەرگای ئیجتهاد و هەر جۆرە ڕیفۆرمێک داخراوە... ئایین لە دواکەوتووی ژنان پلە یەک نییە، بەڵکوو هۆی تر ڕۆڵی لە کۆتوبەندکردنی ژناندا هەیە، ئەویش کەلتووری دواکەوتوویی خێڵەکی و عەشاییەرییە. ٠٩.٩.٢٢

بەپێی ڕێکخراوی گەشە و هاوکاری ئابووری لە ٣٠ وڵاتی ئەورووپی ڕێژەی بێکاری بۆ یەکەمجار لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە گەیشتۆتە ١٠% ،پێشبینی دەکرێت زیاتریش بێت! ئەمەیش پەیامێکە بۆ هەموو ئەو گەنجانەی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت بێنە ئەورووپا، وردە وردە ئەو تەسەورەی لەبەرامبەر ئێرە دروست بووە گوایە بەهەشتە، کاڵ دەبێتەوە، بەم هۆیەوە ناچار کوردەکانی دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی نها وڵات لەسەردەمی بنیاتنانەوەدایە، هەلی کارکردن زۆرە... ٠٩.٩.٢١

هیچ دڵخۆشکردنێک لەو حکومەتەدا نابینرێت، دەزانن بۆ؟ چوونکە ئەوەی نێچیر بارزانی کە کەسێکی پڕنفوزی ناو پارتی بوو، حکومەتەکەی لەگەندەڵیدا نوقم بوو. قابیلە ئێستا دکتۆر بەرهەم لەو بەنفوز تر بێت و سەرکەوتوو تر بێت، ئەوە هەرگیز نابێت؟! ئەمە وێڕای ئەوەی دکتۆر بەرهەم تا ڕادەیەک کەسایەتییەکی خۆشەویستە، لەجێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانی دەبێتە مایەی لێدانی ئەو کەسایەتییە، لەکەدار بوونی. 09.9.19

ئەحمەد تورک، بەخاتری ڕاوێژکردن دێت بۆ دیدەنی باشوور، دەبێتە قوربانی دەستی کوردایەتییە! ئەو لەکوردستانی باکووڕ پڕ نفوزترین پارتە، لەپەرلەمانی تورکیا ژمارەیەکی باش پەرلەمانتاریان هەیە، و تەنانەت تورکە دڕەکانیش ئیعتباری بۆ دادەنێن. کەچی لای دەسەڵاتدارانی هەرێم وا نییە، لەم سەردانەیدا ئەو پێشوازییە ساردوسرە چیبوو لێیان کرد و دەبوایە مام جەلال بچوایە بەرەو پیری، نەک کەسێکی تر....!!!!!!! 09.9.19

گێژەڵووکەکە هێشتا ئارام نەبۆتەوە! گەر ڕۆژانە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڕوانیت هەست دەکەیت، بەشێکی زۆری بابەتەکانی بەکورت و درێژییەوە، لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و گردەکەیە!؟ پێدەچێت کاریان نەمابێت تەنها چاودێری ئەوان نەبێت! 09.9.18

وەک هەواڵەکان ڕادەگەیەنن لیستی گۆڕان دەنگیان بە سەرۆک وەزیران و جێگیرەکەیان نەدا. لەبەر ئەوەی کە دەبوایە سەرەتا دەنگ بدرایە بە سەرۆکی حکومەت، دواتر ئەو جێگیرەکەی دەستنیشان بکردایە. ئەو کارەیش، بۆ خۆی جۆرێکە لە فیفتی فیفتیە کۆنە، کە لەنێوان لیستی کوردستانی هەبوو. سەرەتای سەرنەکەوتنی ئەو حکومەتە پیشان دەدات!
هەر ئەم دەنگدانە قلشتی خستە نێوان ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن! جێی داخە کۆمەڵ ئیسلامی و حیزبی سۆسیالیست و زەحمەتکێشان، دەنگیان بەبەڵێ دا، هەر زوو وەفاداری خۆیان لەبەرانبەر دەنگدەران دۆڕاند! سەرەتایەکی خراپ کە قابیل بەوەیە داشی لیستی کوردستانی زاڵ ىێت!
دەڵێن، ئەو کارە یاساییە، کام یاسا، ئەو یاسایەی کە بەر لە چەند ساڵ لەترسی یەکتر لە پەرلەماندا هەڵبزرکێنراوە، تا ڕادەیەک هەقیشیان بوو، لەترسی یەکتر دایبنێن. پاش چەندەها ساڵ بۆ مەیسەر کردنی کاری خۆیان و لەدژی ئۆپۆزسیۆن بەکاریدەهێنن! نها، هەلومەرجی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی نەک گۆڕاوە بەڵکوو وا هەست دەکرێت گەراوینەتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکان کە پارتی یەک پارچە بوو، مام و برایم ئەحمەد جیا نەبوونەتەوە! تەناقوزەکە لێرەدایە، ئەم بەدگومانییەی نێوان ئەو دوو هێزە و هاوکات لێکنزیکبوونەوەیە لەپای چی؟ 09.9.17

عادل تۆفیق ڕەشید ناسراو بە عادل بەرواری، خەڵکی شاری دهۆک، پەرلەمانتار لەسەرلیستی هاوپەیمانی کوردستانی ژمارە ١٠ و سەر بەپارتەکەی مەسعود بارزانییە. کۆنە ڕاوێژکاری فەوجە سوکەکانی ژمارە ٢٠٦ سەردەمی بەعس بووە! دەوری باشی لەپرۆسەی ئەنفالدا گێڕاوە! لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لەلیستی ناوی (٤٢٣) داواکراوه، ژماره(٣٤٣)ی بەرکەوتووه.
ئەو جەنابە بۆ تا ئێستا پەرلەمانتار بووە؟ ڕسوانەکراوە؟! نها ڕێکخراوی کوردۆساید لەجیاتی ئەوەی داوای دەستگیر و زیندانیکردنی بکات دەفەرموێ؛ دەریبکەن! جا بەقسەیان دەکەن؟ بڕوا ناکەم! 09.9.16

مەلا بەختیار، لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا نووسینێکی بەناونیشانی (كۆمپانای وشە و دیپلۆماسیەتی دوژمنایەتی)ی هەڵبزرکاندووە، لەوێدا ٢ مەسەلەی وروژاندووە، یەکەمیان شایەنی باس نییە، دووهەمیان کە خۆی لەتۆمەتێکی ترسناک دەبینێتەوە! ئیتر نازانم بزووتنەوەی گۆڕان نرخ بۆ ئەو کەسە و ئەو تۆمەتە دادەنێت؟ بۆ خۆم لەو بڕایەدا نیم! بابزانیین چۆن دەبێت..... 09.9.16

تۆتالیتاریزم جگه لەوەی هەوڵدەدات جەستە و جموجۆڵەكانی دەرەوەمان كۆنترۆڵ بكات، بەهەمان شێوە هەوڵدەدات بێتە ناخمانەوە و لەوێشەوە كۆنترۆڵمان بكات. فەیلەسوفی بەرەگەز ئەڵمانی (هانا ئارێنت)

پەردەی کچێنیت بە ١٥ دۆلار بکرەوە، بێ ئەوەی نەشتەرگەری بکەیت.. ئەمە ڕێکلامێکە لەوڵاتی میسر، بۆ بەرهەمێکی چینی بڕیارە دوای چەژنی ئایینی ڕەمەزان لەبازاڕاکاندا بفرۆشرێت. لە سووریا دەمێکە هەیە، کەواتە لە عێراقی عەرەبی و هەرێمیش دەستدەکەوێت. ئیتر باشە کچەک...انی کوردستان لە سەر نەمانی پەردەی کچێنی، ناکوژرێن و زۆربەی تاوانەکانی دەرهەق بە مێینە دەکرێت لەسەر ئەو پەردە نەعلەتییەیە. ماڵی تەکنەلۆجیا ئاوەدان بێت کە ژیانی مرۆڤ دەکڕێتەوە. 09.9.15

لەبەرنامەی گەرماوگەرمی تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستاندا بەمە بەشداربووم: ئەوە چ لۆجیکێکە ئەو برادەرەی سلەیمانی باس لەئەرکی ڕۆژنامە و ئۆپۆزسیۆن دەکات! مادام ئۆپۆزسیۆن لەهەرێم دروست بووە، دەوری ئۆپزسیۆنبوون و فشاری ڕاگەیاندن گوایە بەسەر چووە هەر کامەیان با بچێت بە لای کاری خۆیەوە! ئەمە لەدنیای واقعیدا نایەتەوە چوونکە ڕاگەیاندن دەوری دوو سەرەی هەیە، لەئەورووپادا و کۆمەڵگا کەم کێشەکاندا واز لەو دەورە ئۆپۆزسیۆنی خۆی نەهێناوە! 09.9.14

(ئەو كەسەی بۆ یەكەمجار لەبری رم جنێوی بەكارهێنا، ئەو كەسه بەردی بناغەی شارستانیەتی دانا). فرۆید

لەبەلجیک پێنج لە خوێندنگاکانی ئەو وڵاتە، بڕیاری لەسەر ئەوە دەدەن کە مناڵانی بەئەسڵ مسلمان، بەسەرپۆشەوە بۆیان نییە بێنە دەوام.
لە بەریتانیا بەبۆنەی یادی کارەساتی ١١ی سپتەمبەرەوە، لەبەردەم مزگەوتێکدا شەروپێکدادان لەنێوان موسلمان و گەنجانی توندرەو ڕوو دەدات، داوای ئەوەیان کردووە کە بەسە بۆ کردنەوەی مزگەوت زیاتر.
ڕەوشەکە بەرەو خراپ بوون دەچێت، هزری راسستی لەگەشەدایە، ئەمە وێرای بێکاری زۆری ڕۆژهەڵاتییەکان بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە.! ئەی چار مانەوە لەژێر ئەم چەرداخەدا یان گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆ؟ 09.9.12

ئەو نووسەرە بەهەڵەدا چووە دوا لە مەسعود بارزانی دەکات؛ لەسەر شەرمەزاری و خینانەتی گەورە و قورسی ٣١ی یابی ١٩٩٦ داوای لێبووردن بکات! بەداخەوە، ئەو و بنەماڵەکەیان کەپوویان زۆر لەوە گەورەترە کە بەئارامی و شارستانیانە داوایەکی وایان بەسەردا فەرز بکرێت! هەرچەندە توندوتیژی دەبێت دواهەمین چارە بێت. بەڵام..... 09.9.11

الدكتور يوسف القرضاوی، یەکێکە لەوانەی فەتوای ئایینی تەخشانی و پەخشان دەکات، لە نوێترین فەتوایدا، ئەوە دەفەرموێت؛ لەبەر ئەوەی ئەمەریکا لە عێراق وەک داگیرکەر وایە نابێت عێراقیەکان رەگەزنامەی ئەمەریکی وەربگرن! ئەو موتەخەلیفە عەقلییە، بۆ خۆی غەشیم دەکات و نازانێت لەعێراقی عەرەبیدا بەتایبەتی شیعەکان کە زووربەن، بەو قسەیە ناڵێن ئامین. 09.9.10

مەلاكان جاهیلن! بەئەنقەست دژایەتی ئایین دەكەن و دەیانەوێت ئایین و ئایینداری راستەقینە لای خەڵك ناشیرین بكەن!
خاوەنی ئەم دێڕانە شەرمنانە دژایەتی ئایین دەکات! ئەگینا ئایین سروشتی لاستیکی هەیە و ئایینی راستەقینە و زۆر شتی تر، فشەیەکی قەبەیە. 09.9.7

بەشێک لەتورکمانەکان، لەزمانی خۆیانەوە، سیخوڕیان بۆ تورکیا، ئاشکرا دەکەن! ئیشیان بەدەزگای ئاشایشی ئەو وڵاتە چییە؟! جا ئەم بەشە هێندە لەبەرامبەر کوردا نابینان، بەحوکمی هەژموونی کورد لەکەرکووکدا، هەر تاکێکیان بگری، زمانی کوردی دەپەیڤن، کەچی لەماڵپەڕەکانیاندا زمانی عەرەبی دانراوە، کوردی تیا نییە! 09.9.5

شێخ جەمال ئەلبەنا، ڕووناکبیریرێکی ئایینی عەرەبی وڵاتی میسرە، دیدی لەسەر هاتنی لەشکری ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی سەدام و دارودەستەکەی ٢٠٠٣ بەم شێوەیە دەربڕیوە: کافرێکی دادپەروەر لە موسڵمانێکی زاڵم باشترە. کەواتە دادپەروەری لە پێش ئایندارییەوەیە. 09.9.5

لەم ڕۆژە ٣١ی ئاب شوومەدا لە شارۆچکەی شەقڵاوە بووم، دواتر بیرەوەرییەکانم نووسییەوە، لەهاتنە دەرەوەمدا خێزانەکەم بەبێ پرس لەترسی پشکنینی بازگەی پارتی لەجانتای سەفەردا دەریهێنابووی فەوتاندبووی! بەڵام بەر لەوە کۆپییەکەیم دابوو بە ستران عەبدوڵڵا، ئیتر نازانم ئەوە ماوە؟ خۆزگە مابێت، ئێستاش هەرچەند دەکەم وردەکاری ئەو ساتانەم نایەتەوە بیر... 09.8.31

زاهیر جەلالی گۆڕانی بێژم دی، تەکسی دەئاژوو، هەر کەسێک سەرکەوتایە، پێنج پرسیاری بەرەوڕوو دەکردەوە، گەر سیانی بزانیایە ئەوا وەک خەڵات کارتێکی١٥٠٠ دیناری کۆمپانیایەکی شاری هەولێری پێدەبەخشی و پێی دەووت برۆ لەهەولێر وەربگرە! لەپێناو چیدا ئەو جەنابە خۆی کردووە بەموهەریجی کوردستان تیڤی؟!! 09.8.28

گەر ناچار به هەڵبژاردنم بكەن لەنێوان حكومەتێك كه ڕۆژنامەگەری ئازادی تێدا نییه و جێگەیەك كه رۆژنامەگەری ئازادی هەیه، بەڵام حكومەتی تێدا نییه، ئەوا بێگومان دووهەم هەڵدەبژێرم. چونكه حكومەتێك كه ڕۆژنامەگەری ئازادی نییه، شانسی گۆڕانی له پلەی سفردایه. لەوتارێکەوە وەرگیراوە 09.8.28

مامۆستا كەی ئازاد دەبم؟
مامۆستا: كەس دەتوانێت واتلێبكات باوەڕ به شتێك بكەیت كه باوەڕ ناكرێت؟
خوێندكار: نەخێر. مامۆستا: كەس دەتوانێت لەسەركردنی كارێك ڕەتتبكاتەوه كه باوەڕت پێیەتی؟
خوێندكار: بەڵێ.
مامۆستا: چۆن؟
خوێندكار: ئەگەربێت و هەڕەشەی كوشتن و دەستگیركردنم بكات.
مامۆستا - ئەی ئەگەر له مردن و دەستگیركردن نەترسایت؟
خوێندكار: ئەوا ناتوانێت.
مامۆستا: كەواته تۆ ئازاد نیت. لەبابەتی کەسێکەوە وەرگیراوە 09.8.26

برادەرێک لەبەرنامەی ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کردووە، کەناڵی کوردسات بەناوی کاوە عومەر عەبدوڵڵاوە، بەقسەکانیدا دیار بوو لەسەر گروپێکی چەپ گیرابێت، باسی چۆنییەتی گرتنی، ئەشکەنجە و ڕۆژانی ڕاپەڕین و ئازادکردنیانی دەکرد. ناوی ژمارەیەک زیندانی هێنا کە پێکەوە بوون لەوانە کاژاو جەمالی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و دیدار بەکری یەکێتی بێکاران نەها لەفینلاندە و حەسەنی مرووری کتێبفرۆش،.. یادیان بەخێر 09.8.19

لە کاتژمێر ٣ بۆ ٤ ی ئێوارەی ئەمڕۆ ١٧ ی ٨ ی ٢٠٠٩ ڕادیۆ نەوا بەرنامەیەکی پەخشکرد. لەوێدا فەلاح مستەفا، باسی لەمەرجی ئەو نوێنەرانەی کوردی دەکرد کە لەبالوێزخانەکانی عێراق، دەبێت هەبن. لایەنی کەم زمانی وڵاتەکە بزانێت. ئەو مەرجە لە نوێنەرەکانی کوردی بالیۆزخانەی فینلاند نییە! هەمووشیان ٣ کەسن سەر بەپارتین! ئەمە چەندی بەچەند؟! 09.8.17

هەیە دەڵێت: ڕووداوی ١١ ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ ی ئەمەریکا، لێدانی هەردوو برجەکەی شاری نیویۆرک، هێندەی هێرش بوو بۆ ئەمەریکا دوو ئەوەندە زیاتر هێرش بوو بۆ سەر شارستانییەت و تەکنەلۆجیا. گەر ئەو برجانە لە هەر گۆشەیەکی تری جیهان بوایە، لەلایەن دووژمنانی شارستانیەوە، بەرەو ڕووی هەمان چارەنووس دەبووە و دەیانڕمان! 09.8.14

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژەی نەخوێندەواری لە جیهانی عەرەبدا لەسەدا شەستە! جا ڕەوایە کورد چاو لەوانە بکات؟ تۆ بڵێی ڕێژەی نەخوێندەواری لەناو خۆماندا لەوی ئەوان بەرزتر نەبێت؟ 09.8.14

لەبەرنامەی من العراق ی کە.ناڵی العربية، ئێوارەی هەینی ١٧ تەمووز ٢٠٠٩ ، أسامة النجيفي پارێزگاری ئێستای شاری موسڵ ئاواوی فەرموو: (إن الأكراد قوم يسكنون الجبال لا تاريخ لهم ولا حضارة) واتا : کورد میللەتێکی چیانشینن، مێژوو، شارستانییەتیان نییە.
جا سەیر بکە، سەدام پڕکێشی قسەی وای نەدەکرد. گرگنیکی دەشتەکی وا لەکورد بۆتە پۆستمۆدێرن! دراوسێی وات هەبێت، هەمیشە دووشەش لەدەستا دەتۆپێت! 09.8.14

پێش هەمو شتێك هەژار مەبه، چونكه هەژاری قێزەوەنترین دیاردەیه لەژیاندا، دایكی مەرگدۆستی و رق و كینەشه، دەروازەی یەكەمی دۆزەخه بەڕوی ژیاندا. ڤۆلتێر 09.8.10

کورد، کەلتوورێکی فرە دەوڵەمەندی هەیە، دەزانن بۆ؟ چوونکە میللەتێکی بێدەوڵەتە، دابەشبووی زیاتر لە چوار ناوچەی جیاوازە! تێکەڵ بەنەتەوەکانی ناوچەکە بووە، سوودی بەرامبەر لەنێوانیاندا هەبووە، هاوکات ئەمەش بۆتە خەوشێک کەلتوورێکی تەکەڵە دروست بووە، ناکرێت بووترێت فڵان نموونە سرفەن کوردییە سەیر دەکەیت لەلای دراوسێکانیش هەمان شت هەیە بە کەمیک گۆڕانەوە! نازانرێت لەئەسڵدا کوردی بووە یان نا! 09.8.10

ماڵپەڕی کوردستان پۆست، لەهەوڵەکانی بۆ داماڵینی پەردە لەسەر ڕووە ناشیرینەکانی دەسەڵات و کەسەدیارەکانی، تیشکی خستە سەر چەند لەوانە، سەرچاوەکانیشی، ڕۆژنامەکانی ئەم وڵات و ئەو وڵاتی ئەورووپی بوو. لەسەر ئەو کێشە و مەسەلەیە، ئاوا هاتوومەتە وەڵام:
ڕاستە، دەبێت ئەوە ئاشکرا بکرێت و کاریکی پۆزەتیفانەیە، بەڵام بۆنی ڕاسستی لێدێت، یان بەقازانجی ئەو گروپە ڕاستیانە دەکەوێتەوە کە لەم وڵات و ئەو وڵاتی ئەورووپا لەگەشەکردندان. بەهیوام هەڵە بم.
ئەوەی کە لەسەر بەڵێن..... بڵاوبۆتەوە، یان لەوانەیە لەمەودوا شتی تری وا ببینین. بۆ ناوخۆمان پێویستە، بەڵام لەدەرەوە ئەوە بکرێت شتێکی ترە. بۆ خۆت دەزانی گروپی ڕاسستی لەدوای ١١ ی سپتەمبەرەوە، لەگەشەکردندان، ڕووداوی جۆراوجۆر لەدژی پەناهەندە و بێگانەکان زۆر بووە! دەبێت بگەڕێن ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە سەر بە چ تەوژمێکن، کێ دەڵێ پارتێکی توندرەوی ناسیۆنالیست لە پشتیانەوە نیین؟
جا نابێت مرۆڤ هەروا لەخۆرایی بچێتە پای هەموو قسەیەک. لەبارەی ئەوەی سومعەی کوردی پێناشیرین دەبێت؟ وا نییە، لەوانەیە لەگەڵ دیدی ئەورووپی نەیەتەوە، دەزانی بۆ؟ چوونکە بەهۆی تاکێکەوە، گروپێک ناشیرین نابێت. هەر تاکێک خۆی لەبەرانبەر سەرپێچیدا بەرپرسە و لەبەرانبەر یاساشدا، ئەمەش بۆ ئەو ئازادی تاکە دەگەڕێتەوە کە لەم وڵاتانە هەیە.
ئەو ڕۆژنامە بێگانانەی فڵان و فیسار وڵاتی ئەورووپی، ئەو کێشانە زەق دەکەنەوە، من وتارەکەی لەسەر بەڵێن و چەند کۆمێنت نووسرابوو خوێندەوە، هەستم بە دیدی ڕاسیستی کرد، دەکرێت ئەو ڕووداوەش ئەم لێکدانەوەیەی بۆ بکرێت. باگراوەندی پشتی ئەو هەڵمەتە جییە؟
ئەم شارەی ئێمەدا تەنانەت ئاودەست پاکردنەوە نادەن بە پەناهەندە، هەرچەندە زۆر ئەکتیڤیش بێت. ئایا ئەوە جۆرێک نییە لە ڕاستتی؟ کۆنیش لەسەر ژن کوشتن هەڵمەتێکی وایان بەڕێخست، کە قسەت لەگەڵ هەر کەسێکیان دەکرد، دەیوت چەند ژنت کوشتووە!؟ بۆیە چوونە پای هەر قسەیەک لەوانەوە دەربچوێت هەڵەیەکی گەورەیە. 09.8.6

مهاباد قەرەداخی؛یش، هاتە پەیڤین، بەڵام لە بەرژەوەندی مەسعود بارزانی! بەس لەخاڵی ئەوەی کە دەڵێت دەبوایە کاندیدەکانی تر پیرۆزباییان لەبراوە بکردایە، لایەنگریم. گەر بەتەزویر بێت یان هەر شتێکی تر بوو بێت، دۆڕاو بەگیانی وەرزشییەوە، دەبێت پیرۆزبایی لە براوە بکات.09.8.6

(... واذا حكمتم بين الناس فاحكموا بالعدل... ) ئەو دێڕە لە خانەی دادەکاندا دەبینرێت، لەبەر ئەوەی دادوەرەکانی دادپەروەر نیین و دادگاکانیش بێدادی تێدایە، ئیتر بۆ دەبێت ئەو تابلۆیانە بەهەڵواسراوی بمێننەوە. 09.8.4

هەرچەندە، لەباسەکە لادەدەین، ئێستا تێدەگەم بۆ ڕادیۆێکەی کاری تێدا دەکەیت، لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە!! تەنها یەک بابەتی لەو بارەیەوە پەخش کردووە ئەویش ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیە، ئەمەیش بەستەرەکەی:
http://www.sr.se/cgi-bin/International/nyhetssidor/artikel.asp?ProgramID=2200&Format=1&artikel=3000476
لەوانەیە بیانوویەک هەبێت بۆ ئەوە کە گوایە ئەم ڕادیۆیە (زایەڵە)تایبەتمەندە بۆ ڕووداوەکانی نێو سوید.
ئەی باشە بۆ بەشی فارسی هەمان ڕادیۆ لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئێران و ڕووداوەکانی دوای ئەو، چەندەها بابەتی پەیوەند بەوە بڵاوکردۆتەوە، دیارە بانێکە و دوو هەوا! یان ئەوەتا ئێمە خۆمان لا سفرە! لەکاتێکدا قسە بێتە سەر کوردبوون، پێ زیاد لەپێویست ڕادەکێشین... ئاخر ئەوە پەیڤانە، ڕێک بەپێچەوانەوە دەست لە پشتدانی حوکمی دکتاتۆرییە!

18‏/06‏/2009

چەند سەرەقەلەمی ڕۆژانە...

شێوەزاری کوردی سۆرانی بێبەها مەکەن!

بۆ ئەوەی زمانی فەرمی هەرێمی کوردستان، لەو شەرەی لەم پەناو، ئەو پەنای ناوخۆی وڵات پێیدەگێڕن، دەرباز بێت، لەو شوێنانەی دەسەڵاتم بەسەریدا دەشکێت، بە پیتی لاتینی دەنووسم، لەو دیدەوەی نابێت تەنها شێوەزاری کرمانجی ئەو پیتەی بۆ خۆی قورغ کردبێت، بۆ فێربوون و لێکتێگەیشتن و دەرسودەور، نووسین کوردی سۆرانی بە پیتی لاتینی کاریکی فرە خاسە.

بە پێچەوانەوەی ئەم دیدەوە، کەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن، وەک نموونە دەهێنینەوە، لە کاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکاندا کورتەی هەواڵەکە بە هەردوو پیتی کوردی لاتینی دەنووسێت، کە ورد دەبیتەوە پیتە لاتینییەکە بە شێوەزاری کرمانیجی کوردستانی باکوورە! ئەم جیاکردنەوەیە قازانج و زیانی لە چیدایە؟ باس لە قازانجەکە ناکەین، زیانەکە ئەوەیە، بە زۆری زۆردارەکی جیاوازییەکەی لەنێوانیان قووڵتر دەکرێتەوە، بۆ لە جیاتی ئەوەی ئێمە لە هەوڵی ئەوەدا نەبین کە هاوزمانەکانمان لەو بەشە فێر نەکەین و ئاشنایان نەکەین بە کوردی سۆرانی، بە پێچەوانەشەوە ئێمە هەر بەو پیتە لاتینییە لەوان دەگەین. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو کەناڵە سوودی لە تەکنیکی مۆدێرن وەرگرتووە، بۆ هەردوو شێوە زارەکە دەنگیان داناوە، هەر کەس بییەوێت، بەو ئاسانکاریە دەتوانێت گوێبیستی شێوەزاری خۆی بێت.

ئەمە مانای ئەوە نییە، کە پیتە کوردییەکە فەرامۆشبکرێت، هەموو ببێتە پیتی لاتینی، ئەم پێشنیارە تەنها بۆ توندوتۆڵکردنی نێوان شێوەزارەکان و نەوەکانی دەرەوەی وڵات، تەنانەت بۆ ئەو بێگانانەی دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن، لێی سوودمەند دەبن.

نا، نەوشیروان مستەفا لەم خاڵەدا، وا نییە

ئەمشەو 2009.6.16 کات 9،40 چاوپێکەوتنەکەی نەوشیروان مستەفام بینی، کە لەکەناڵی ئاسمانی
کەی ئێن ئێن؛دا پەخشکرا، یەک خاڵ جێی سەرنجم بوو، کە دەکرێت وای ناو بنێین نەیپێکاوە، کاتێ وتی:
...له وڵاتانی سەرتاسەری دنیا تەنانەت ئەگەر ئێران و توركیا بەنمونه بهێنینەوه كه لەتەنیشتمانەوەن، لەهەموو هەڵبژاردنەكاندا ئەم چوار رەگەزه كه باسمكرد بێلایەنن له هەڵبژاردندا، بێگومان لەهەڵبژاردندا هەریەكێك كه لەم دامودەزگایانەی باسمكرد، لەرۆژی هەڵبژاردندا وەكو تاك دەنگدەدەن بەلایەنێكی سیاسی، بەڵام لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا ئەمانه بێلایەن دەبن... (ماڵپەڕی سبەی)
لەوانەیە بۆ تورکیا کەمێک ڕاست بێت، بەڵام بۆ ئێران و سووریا، هەرگیز وا نییە و نەبووە، ئەی ئەو خۆپیشاندانانەی لەئێران چەند ڕۆژە بەرگوزارە، بۆ چییە؟ ئایا بۆ تەزویرکردن ناگەڕێتەوە، کە دەزگاکانی ئاسایش و بەسیج و سەرباز،کردویانە؟ هاوکێشەیان لەبەرژەوەندی کاندیدی باڵی محافەزەکاران گۆڕیوە. هەرێمی کوردستان لەو وڵاتانە خراپتر نەبێت بێگومان چاکتر نابێت.

وێنە ڕووتەکانی سعودییە!!!

لەسعودییە سانسۆر لەسەر هەموو شتێک هەیە، بۆ نموونە لەسەر ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە و کاڵایانەی دێنە وڵاتەکەوە. ئەو کاتەی لەخانەی نیشتمانی بۆ دابەشکردن و بڵاوکردنەوە کرێکار بووم، حکومەتی عەرەبی عێراق سەردەمی بەعس 1978 بۆ 1982 هەمان کاری دەکرد! بۆ نموونە گەر لەوتارێکدا بنووسرایە کەنداوی فارس، بەماجیک وشەی فارسییەکەیان ڕەش دەکردەوە. یان گەر بابەتێک لەسەر کورد و وێنەی سەرکردەکانی تێدا بووایە، لاپەڕەکەیان لێدەکردەوە!

سوودم لەم سەرچاوەیە وەرگرتووە

هەڵبژاردنی سەرۆک لەئێران


منیش گوێم لێگرت، هەر لێرەوە بۆ کەسێکی دی ئەوەم دەربری بوو ئاخر کورد بۆ کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی نەبوو! نییە!؟ کورد وای بەسەردا فەرزکراوە کە لەدوو بەرە شەر بکات، بەرەیەکی ناوخۆ و سیاسی، بەرەی دەرەوە، وەک پشتوپەنا پێویستە. دەستنیشان نەکردنی کاندیدێکی کورد، بۆ لاوازی و کەمی ژمارە دەگەڕێتەوە، یان سەرکوتکردنی بێوێنە؟

لەو بڕوایەدام هەر کەمکارییەکی لەم جۆرە بەزیان و لەدەستدانی چانسێک کەدێتە پێشەوە دەشکێتەوە. بۆ کورد نازانێت ئێستا دەوڵەتانی ناوچەکە هەموو حسابی بۆ دەکەن و کەمێکیش لێی دەترسێت؟ دەبوا ئەوە بکرایە سووریش دەزانرێت سەرکەوتوو نابین، بەڵام بەشدارییکردنێکە، هاوبەشیکردنێکە لەو وڵاتەدا کە کورد دەبێت وا خۆی ببینێت یەکێکە لەپایە سەرەکییەکانی وڵات. 11ی6ی 20091

هەمان تێکست بەپیتی لاتینی

----------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت لەهەفتەنامەی ڕیبازی ئازاد،دا

04‏/03‏/2009

گه‌شتێکی سیاسی بۆ سوید

هـاوشارییه‌کم که‌ خه‌ڵکی یه‌کێ له‌شارۆچکه‌کانی پارێزگای سله‌یمانییه‌، هه‌فته‌ی هه‌شت زه‌نگی بۆ لێدام، ئه‌وه‌ی ده‌ربڕی که‌ پارتی چاره‌سه‌ری دیموکرات کۆنفرانسی کۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌، گه‌ر ئاره‌زوو بکه‌یت وه‌ک میوان بانگهێشتکراوی، که‌ ئه‌وه‌م ده‌ربڕی ئاخر ئه‌وه‌ کاری ڕێکخراوه‌ییه‌، نه‌گونجاوه‌ بۆ من، له‌وه‌ڵامدا وتی: ئاماده‌بوونت ئاساییه‌. سۆزم پێنه‌دا به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆ له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی نۆدا به‌به‌ڵێ وه‌ڵامم دایه‌وه‌، گرنگترینیان، که‌شگۆڕینێک ده‌بێت، هاوکات بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌م گروپه‌ چین و ده‌یانه‌وێت چی بکه‌ن و چه‌ند چی تررررر...

به‌ر له‌ڕۆژی هه‌ینی 27ی 2 زه‌نگێکی بۆ لێدام که‌ کێشه‌ی ئۆتۆمبیلی هه‌یه‌، ده‌کرێت ئه‌وه‌ی خۆم بهێنم، له‌به‌ر کاروباری خانه‌واده‌ نه‌متوانی داواکه‌ی به‌جێبهێنم. ........................................!

له‌به‌رده‌م تێرمیناڵی پاپۆره‌که‌دا، گه‌نجێکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌ هاوڕێمان، وا دیاربوو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ڕێکه‌وتنێک هه‌یه‌، که‌ ئه‌و ماشێنی خۆی بهێنێت بۆ ناو سووید. ئاشانبوون له‌گه‌ڵ ئه‌و‌دا، بۆ چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌14ی 2 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هاوشارییه‌که‌م‌، به‌بۆنه‌ی ده‌ستگیرکردنی سه‌رۆکی
پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا ــ باکوور (ئۆجه‌لان ــ ئۆج ئالان)ه‌وه‌‌، زه‌نگی بۆ لێدام؛ وتی ته‌له‌فیزیۆنی نه‌ورۆزی سه‌ر به‌پارتی ناوبراو هاتووه‌، بۆ چاوپێکه‌وتن، دێیت قسان بکه‌یت؟ دواتر بۆم ده‌رکه‌وت کامێراکه‌ به‌کرێگیرابوو، هی ته‌له‌فیزیۆنی ناوبراو نه‌بووه‌، که‌چووم له‌شوێنی کاره‌که‌ی، ئه‌و براده‌ره‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ میک به‌ده‌ست بوو، وامده‌زانی له‌وڵاتێکی دییه‌وه‌ هاتوو.

له‌قاتی دوو که‌ هه‌رزانترینی ناو پاپۆڕه‌که‌یه‌، ژوور گیرابوو! تا دره‌نگانێک به‌قسه‌ی خۆش و گۆڕانی و شیعرگوتن و ....................! تێبینیم کرد زۆر به‌په‌له‌ هه‌ڵپه‌یه‌‌، چه‌ند دیدی ده‌رده‌بڕی که‌ گوزارشتی له‌توندڕه‌وی و هه‌ڵه‌شه‌یی ده‌کرد! دایلۆگمان زۆر کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ پژاک بوو،
سه‌رو بنی زمانی باس باسی PKK‌ بوو! و ئاپۆی ڕابه‌ری لێکردین به‌فه‌یله‌سووف! وه‌ک کاستۆر و جیفارا و ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ ده‌چوواند! گوایه‌ که‌سایه‌تییه‌کی جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌! ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ئه‌وان له‌ژیانیاندا هه‌ڵه‌ی کوشنده‌ و فه‌زیعی وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ نه‌یانووتووه‌؛ دایکمان سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌، نه‌کردووه‌!

جا خۆش ئه‌وه‌ بوو، به‌قه‌ولی خۆی سه‌ر به‌حیزبی دیموکراتی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بووه‌، گوایه‌ بۆیه‌ وازی لێیان هێناوه‌، به‌بنبه‌ست گه‌یشتوون، ئێستا له‌ده‌روێشی ئه‌وان ڕزگاری بووه‌، بۆته‌ ڕۆبێت و ده‌روێشی پژاک که‌ پارتێکی دروستکراوی ده‌ستی PKK‌یه‌! .......................! له‌دایلۆگه‌ ڕاسته‌خۆ و ناڕاسته‌وخۆ لابه‌لاکاندا تا ڕۆژی یه‌که‌می کۆنفرانسه‌که‌یان پێداگریم له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بوونیان له‌زۆر سیاسه‌تیاندا کرد و بۆیان ده‌رکه‌وت که‌ له‌هه‌ڵبژاردنی میوانه‌که‌یان سه‌رچیغ چوون.
که‌سێکی دیکه‌ی هاوشاری ساده‌وساکار هاوڕێمان بوو، کوردی کوردستانی باشوور، خه‌ڵکی شاری بابه‌گوڕگور بوو، ده‌نگی خۆش، به‌یتبێژێکی چاک بوو، لای من لایه‌نگری خۆی بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی باشوور ده‌رده‌بری. ماویه‌تی>>>>
شه‌وی 5ی 3 هاوشارییه‌که‌م زه‌نگی لێدا و ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر چه‌ند ده‌ربڕینی ئه‌و تێکسته‌ خسته‌ ڕوو، بۆ دڵنه‌یه‌شانی تێبینییه‌که‌یم وه‌رگرت، وه‌ک ده‌بینن ده‌سکاری کراوه‌.

ــــــــــــــــــــــــــ
bo têkstî Kurdî be pîtî Latînî بۆ تێکستی کوردی به‌پیتی لاتینی

سەرەقەلەمەکانم لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2009 دا

....هاتن كاندیدێكی هاوردەیان خسته ناو كێبركێیەكەوه، كه فڕی بەسەر واقیعی كوردستانەوه نەبوو، وەك ئەوەی موعارەزه كەسایەتییەكی نەزیەی تێدا نەب...