لەئەسڵدا شۆڕشگێر نەبوون!



ڕێبین ی ئەحمەد هەردی چاوپێکەوتنێکیان لەماڵپەری سبەی ڕۆژی ٢ی ٤ی ٢٠٠٩ دا لەگەڵ ئەنجامداوە، پێشتر لەڕۆژنامەی ڕۆژنامە بڵاوبۆتەوە. ناونیشانی چاوپێکەوتنەکە وەک دیارە؛ لەوڵاتێکدا مەکتەبی سیاسی حیزب حوکم بکات، هیچ پڕۆژەیەکی چاکسازی ئەنجامنادرێت. کەمێک ڕەشبینی پێوەردیارە! دووخاڵ لەو هەڤپەیڤینەدا جێی سەرنج و تێڕامانە و قابیل بەگفتوگۆی زیاترە:

کێ دەڵێ شۆڕشگێڕبوون کاتێ لەشاخ بوون؟!

ڕێبین هەردی لەدەستپێکدا، دێرێکی فرانز فانوون دەهێنێتەوە، کە دەڵێ:
... ئەركی شۆڕشی ئازادیخواز، دروستكردنی مرۆڤێكی تازەیه، نەك گۆڕینی دەموچاوی دەسەڵات له یەكێكەوه بۆ یەكێكی دی...

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو دێڕە چەند نموونە و فاکت لەم گۆشە و ئەو گۆشەی جهیان دەهێنێتەوە:
...لەكاتی شۆڕشدا ئازادیخوازو لەكاتی حوكمكردنیشدا ستەمكار و چەوسێنەر، یاكۆبینەكانی شۆڕشی فەرەنسی، بەلشەفیەكانی روسیاو ئیسلامییەکانی ئێران و گەلێك نمونەی دی، ئەو راستییه دەسەلمێنن كه كادرانو رابەرانی شۆڕشی ئازادیخواز هەمان ئەو كەسانه نین كاتێك حوكم دەگرنه دەست...

ئینجا دێتە سەر کرۆکی مەسەلەکە و نموونەی خۆماڵی دەێنێتەوە:

... هێزه كوردییەكان لەكاتی شۆڕشدا به مژدەی هێنانی دیموكراسیو ئازادیو دادپەروەری شۆڕشیان دەكرد، بەڵام هەر ئەوكاتەی هاتنه سەر حوكم، كەوتنه بیانوهێنانەوه بۆ ئەوەی دیموكراسی پێویستی بەساڵانێكی زۆر هەیە و بەئاسانی نایەتەدی، ئەوان بەرژەوەندیی تایبەتی حیزبەكەیان وەك بەرژەوەندیی گشتی تەماشادەكەن و ئەوەی له بەرژەوەندیشیان نەبێت، وەك گەورەترین مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی تەماشا دەكەن...

داوەری کردن لەسەر ئەو دیارەیە، بەم شێوەیە دەردەبڕێت، رێک بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی فرانز فانوونەوەیە :
... هەر هێزێکیش ئەمە بیرکردنەوە و عەقلییەتی بێت، هێزێکی داخراو ستەمکاری لێدەردەچێت کەهەموو ئەو تاوان و کارەساتانە دووبارە دەکاتەوە کە سەردەمێک دژی شۆڕشی کردووە...

هەلوێست و قسەکردن لێرەدایە؟ ئایا بزووتنەوەی چەکداری کوردستانی باشوور و تەنانەت بەهەندێک جیاوازییەوە لەگەڵ بزووتنەوەکانی باکور و ڕۆژهەڵات دەکرێت پۆلین بکرێت بە جووڵانەوەیەکی شۆڕشگیرانەی وا کە فرانز فانوون و ڕێبین هەردی باسی دەکەن و ئاماژەی پێدەدەن؟

بێگومان نەخێر، ئەو ناشیرینییەی هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە بوو بەنسیبی پیاوانی شاخ، بەرئەنجامی چییە و لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا هەر لەسەرەتاوە ئەوانەی دابوویانە شاخ کێ و چی بوون؟ بێگومان چالاکوانانی ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ نەبوون، تا لەتاو بێدادی پەنایان بۆ چەک و شاخ بردبێت؟ هەروەها زانا و دانایانی میللەتەکە نەبوون و خاوەن باگراوەندێکی هزری و .. نەبوون، تا مێژوویەکی پرشنگداریان بۆ خۆیان چێکردبێت؟
ئەوانە بەخوێندەوارەکانشیانەوە، کەسانی دووڕوو، هزر لۆمپین و خۆخەلەتێنەر بوون؟ بەو شێوەیە بەو کارەیان دەیانوویست عەیب و عاریان داپۆشن و سەرفەنەزەریان لێ بکرێت.

لەمێژووی شاخیاندا کامە گۆڕانی کۆمەڵایەتی بوو لەنێو گوندەکانی کوردستاندا کردیان؟ یان ئەوانە نەک پیا
وی ئەو ئەرکە نەبوون بەڵکوو، بەهەمان بیری گوندنشینان کاریان دەکرد، کە لەچاو هزری شارنشیناندا گەلێک جیاوازە، بۆیە زۆر ئاسایی بوو نەک پشتیوانی لە هەنگاوە شارستانییەکانی ئەم تاک و ئەو تاکی کۆمەڵ نەدەکرد؛ وەک دڵداری نێوان کوڕ و کچان، دژیان دەوەستانەوە ئەو کور و کچانە کەم نین کە لەسەر حەزوحەزکاری بەدەستی پێشمەرگەی بەناو شۆڕشگێر ڕەمیکران.

بۆیە دەکرێت بووترێت کەسانێک بەسووسە ماهییەتی شۆڕشگریان تێدا نەبوو بێت، چۆن چاوەڕوانی چێکردنی کۆمەڵگایەکی شارستانیان لێدەکرێت! بێجگە لەستەمکاری چیان لێ سەوز دەبێت!؟

نموونەی بەرجەستە خۆمم، لەسەرەتای هەشتاکانی چەرخی ڕابردوو، بۆ ماوەی چەند مانگ لەهەرێمی پێنجی قەرەداخ لەگەڵ دەستەی ناوچەدا پێشمەرگە بووم و سنووری چالاکیمان دۆڵی دوکان و سەیسوێنان بوو. ئەوکات لەگەڵ دایکی مناڵەکانمدا ئەو لەشار و من لەدەرەوە خەریکی دڵداری بووین جارجار سەردانی دەکردم، وردەکاری مەسەلە تایبەتییەکان پێویستی نەدەکرد ئەوان بیزانن. لەدوای سەردانێکی خۆشەویستەکەم، زمانیان گۆڕا، کار گەیشتە لێپرسینەوە! سەیرم لێهات و تووشی سەرسووڕمانیان کردم. بەندەش لەپێناو عەشقی خۆمدا ئامادەی هیچ جۆرە سازشێکردنێک نەبووم، چوونکە یەکێک لەهۆیەکانی ڕاکردنە دەرەوەم ئەو بوو.

ئەوانەشی لەگەڵمدا بوون هەموو کوڕی شار و بەحساب خانەدانەکان بوون، کەچی بەمەنتقی لادێ و ناشارست
انی لەگەڵمدا جووڵانەوە. منێکیش لەسەر پێشمەرگە تەسەورێکی پۆزەتیفانەم هەبوو، کە ئەوانە خەباتکارانی گۆران و پێشکەوتنن، چاوەڕوانی هەلوێستی کۆنەپەرستانە وام لێنەدەکردن، دیار بوو خۆشخەیاڵم ئەوەی حەزم نەدەکرد بیبینم و بیبیستم، بینیم و بیستم و ڕوویدا! ئەو ناشۆڕشگیرانە لەحەدی خۆیان چوونەدەر و زۆر بێشەرمانە زەمیان بەسەرمدا کرد و وتیان؛ گەر خاوەن شەهید نەبوویتایە، ڕەمیمان دەکردی! ئەمە لەکاتێکدا پەیوەندی خۆشەویستی لەسەر عەشقێکی ڕۆمانسیانەی جوان بنیات نرابوو، هیچ جۆرە فرت و فێڵێکی تێدا نەبوو، شایەنی پشتیوانی بوو.

ئیتر لەوکاتەوە شۆڕش و پێشمەرگە و سەرکردایەتی و بنکردایەتی ئەو بزووتنەوەیەم لەبەرچاو ڕەش بوو. بۆیە تا ساڵی ٢٠٠٠ سەرسەختانە لەهەموو کۆڕوکۆبوونەوەیەکدا هەمیشە لەدژی ئەو شۆڕشە درۆینە بێوچان دەوەستامەوە.
کەواتە بەپێچەوانەی ڕێبین هەردییەوە دەڵێم بەداخەوە لەئەسڵدا ئەوانە شۆڕشگێر نەبوون، بۆیە ئاساییە، ئەوە هەژدە ساڵە ڕەوشێکی نەخوازراوی وایان خولقاندووە، هەر مرۆڤێکی مۆدێرن قێزی لێدێتەوە و بەتەفرەتی دەکات. 2009.4.6
-------
فرانز فانوون - Frantz Fanon پزیشکی دەروونناس و فەیلەسوفی کۆمەڵایەتی، لەدورگەی مارتنیک ساڵی ٢٠ی ٧ی ١٩٢٥ لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٣ جیڤارا - Ernesto Che Guevara ئاسا بۆ پشتیوانی لەشۆرشی ئازادیخوازی جەزائیر چووە ئەو وڵاتە. لەساڵی ١٩٦١ لەنێوان سنووری مەغریب و جەزائیردا مینێکی زەمینی بەئۆتۆمبیلەکەیدا دەتەقێتەوە. هەر لەو ساڵەدا رێکەوتی ٦ی ١٢ کۆچی دوایی دەکات، لەگۆرستانی پێشمەرگە جەزائیرییەکانی ئەو وڵاتەی خەباتی تێدا کرد، نێژرا. ئەو دوژمنی سەرسەختی ئیمپریالیزم و نەژادپەرستی بوو. بەنێوبانگترین کتێبی بەناونیشانی: معذبوا الأرض/ نفرینیان خاک/ دۆزەخیانی سەر زەوی بوو.
+ ئەم بابەتە لەهەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی دا بەفۆرماتی PDF بڵاوبۆتەوە.
+ ئەم کورتە زانیارییەی پەراوێز، لەماڵپەڕی فارسی و عەرەبی ئەنسیکلۆپێدیای ئازادwikipedia وەرگیراوە.
+ تکایە بڕوانە تێکستی چاوپێکەوتنەکە
+ لەماڵپەڕی کڵاوڕۆژنەدا بڵاوکراوەتەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق