بزووتنەوەی گۆڕان، چۆن ڕێکبخرێت؟!


سەراحەت، دەمانگەیەنێتە، پردی ئەمان!

لە ڕۆژی 2009.6.23 کۆمیتە یان دەستەی فینلاندی لیستی گۆڕان ڕاگەیاندرا، لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هاتە بوون، وەک چۆن لیستی گۆڕان لەناوخۆی وڵات گەرموگوڕانە لە مەیداندا بوو، تا کۆتایی هەروا مایەوە، ئەم کۆمیتەیەش چاوی لەو کرد و ئەکتیڤ بوو، لاپەڕەکانی ماڵپەڕی سبەی گەواهیدەری ئەو قسەیەیە، لەو ماوە کەمەدا لەچوار شار کۆبوونەوە و سیمیناری ساز کرد و دەیەها کەس، ئەمە وێرای کەسایەتی ئەدەبی ناسرا وەک عەبدوڵڵا سەراج و ئەنوەری ڕەشی ئەوڵا بەشدار بوون تییدا.

دیارە لەو کارەنەدا کەموکوڕی هەبووە، بەڵام بەڕێژەیەکی کەم، ئەوەیش دیاریدەیەکی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە سەرەتا و دەستپێک بەهەموو کەموکووڕییەکەوە، ئەو ژمارەکەمە لەهەڵسووڕاوان توانییان بەهەوڵ و تێکۆشان و لەسەر کات و گیرفانی خۆیان، لەسەر دەستی ئەوان ئاڵای لیستی گۆڕان بشەکێتەوە و بناسرێت.

شاراوە نییە، لەو کارانەدا ناتەقلیدیانە نیو بەنیو لەگەڵ ئامادەبوواندا کارەکان بەڕێوە چووە، ژمارەیەک کەس تریبوونەکەیان بۆ نەک رەخنەگرتن بەڵکوو بۆ تەبلیغ کردن بۆ یەکێ لەحیزبە ڕکەبەراکانی لیستی گۆڕان بەکارهێناوە! ئەمەیش بەخاتری ئەوەی کۆمیتە بەپراتیک بیسەلمێنێت کە شێوازی کارکردنی لەوانی تر جیاواز ترە. لایەنی کەم نەویستراوە، گەرماوگەرم وەڵام بەڕەخنەکان بدرێتەوە و دواتر لابەلا و ناڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا ناڕۆشنییەکان ڕوونکراوەتەوە، یان پەیماندراوە لەکاری دواتردا دووبارە نەبێتەوە، وەفاداریش بوون بەو قسەیە.

لەو ماوەیەدا ژمارەی هەڵسووڕاوان و لایەنگران ڕوو لەسەر بوو، پەیوەندی کراوەوە بەدەیەها کەسەوە و هاوکات دەیەها کەس پەیوەندیان بەتەلەفوون و مایل بەکۆمیتەوە کردووە و ژمارەیەکیان هاوکاری ماددییان بەخشیوە. ژمارەیەکیش نەهاتوونەتە پێشەوە بەخاتری ئەوەی تێبینیان لەسەر باگراوەند و بێلیاقەتی و نەگونجاوی، فڵان و فیسارهەڵسووڕاوی ناو کۆمیتەکە هەیە! ژمارەیەک لەئالییەتی کارکردنی کۆمیتەکە نیگەران بوون، گوایە وەک حیزب کار دەکات! چەندی تر وەک ئاوازی لیستی کوردستانی دەیانخوێند، کە گۆڕان نابێت لەشکڵ دا بێت، ئەوانەی ئاڵاهەڵگری گۆرانن لەو ئاستەدا نیین! گۆڕانییان پێناکرێت! با لەپێشدا خۆیان دەست پێبکەن، هاوکات خوازیاری گۆڕانکاری هەمە لایەنە بوون!

ئیتر زۆر بوون ئەوانەی دەترسان و نەداهاتنە پێشەوە، لەوانەیە لیستی گۆڕان لەپرۆسەی هەڵبژاردندا شکست بهێنێت، بەشێک لەوانە سوودمەندبوون لەلیستی کوردستان، نەیاندەویست بەو کوردەی لەهەردوو جەژنەکە بووە بچن، ئیتر جۆرەها ڕاوڕێویان دەهێنایەوە! هەشبوو وەک لایەنگر ئامادەی هاوکاری بوو بە مەرجی ئەوەی لە پشت پەرەدەوە بە نەناسراوی بمێنێتەوە، لە هیچ جۆرە کارێکی ڕووبەدەرەوە بەشداری نەکات!

ژمارەیەکیش لە هەڵسووڕاوان بەپێی ئەوەی کە لە حیزبەکانی ترەوە هاتوون، لە کۆندا لەگەڵ ئەم کەس و ئەو کەس بەهەر بیانویەکەوە بوو بێت، ناکۆک و ناتەبان دەروازەی لیستی گۆڕان بۆیان بۆتە شوێنی هەق لێکردنەوە، دژایەتی کردنی شەخسی! ئیسپانکردنی توانای خۆیان، بەڵام ئەم کەسانە لەبەشخوراوانی لیستی کوردستانی و ئەو ڕێکخستنە بوون، تا ڕادەیەک هەق بەلای ئەمانەوە، ئەگەر بێئینسافی نەبێت.

هەمیشە وا تەسەور دەکەن کە ئەو برادەرە کۆنانەیان لەهەوڵی گیروگرفت دروستکردندان تا لەم ئەرکەیاندا سەرکەوتوو نەبن، بەجۆرێک لەموئامەرە و فێڵ و فەرەج، رەخنە و گلەیی فڵان و فیسار کە بەئاشکرا دەریان دەبڕی، لێکدەدانەوە! یان وەک کەسانی خەتمایل حسابیان بۆ دەکرێت، لەهەوڵی دوورەپەرێزکردنی ئەو کەسانەدا بوون، هاوکات شاردنەوە و چوونەوە قۆزاخی خۆوە!

لە هەر کرانەوە و بەرفراوانکردنێک هەڵوێست وەدەگیرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەم کۆمیتەیە دایکە و هەر گۆڕانخوازێک بێتە پێشەوە، لایەنی کەم ئەمان دەبێت تەزکییەی بکەن، ئەوەیش لەهزری سەنتراڵی حیزبی هاتووە! جا گەر وا دەرنەچوو ئەوا ئەمە جۆرێکە لەموئامەرە و دەستی نەیاران! لەکاتی دروست بوونی هەر گروپ و دەستەیەکی تردا دەبێت لایەنی کەم گەر نەیەنە ژێر ڕکێف ئەوا یان ئیحتوا بکرێن یان هەوڵ بدڕێت بەفشاری جۆراجۆر گیروگرفتیان بۆ دروست بکرێت! ئەم جۆرە بەرخوردە دەگەڕێتەوە بۆ ترس و هزری لە دەستدانی دەسەڵات! لە کاتێکدا لیستی گۆڕان بۆ دوورماوەش لەوانەیە نەتوانێت لایەنی کەم ئەجری کاری چاکەیان بداتەوە.

هەڵسووڕاوان هەر لەدەست بەکاربوونیانەوە فشاریان بەسەرەوە بووە، لەقۆناغی دوای بەسەرکەوتن گەیشتنی لیستی گۆڕان، لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی وڵات، جۆرێک لەخاوبوونەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو رووویدا. بەڵام پێدەچوو بزووتنەوەیەک لە دەرەوەی کۆمیتەکە بەشێوەیەکی تر هەبێت! بەڵێ ئێستا جادەکە تەختە، ئەوانەی بەهەر بیانووەکەوە خۆی بەدوور گرتبێت، ئێستا کاتییەتی چ بەتاک چ بەکۆ دێنە پێشەوە!

لەزنجیرەی وازهێنانی ئەندامانی * کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژمارەیەک لەگەنجان دوای هەوڵێکی زۆر بەڕاگەیەندراوێک پەیوەندبوونی خۆیان بەبزووتنەوەی گۆڕانەوە، لەماڵپەڕی سبەی ڕۆژی 2009.8.22 بڵاوکردەوە. لەوەدا بێ ئەوەی حسابێکیان بۆ کۆمیتەکە کردبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردستاندا پەیوەندیان دروست کردووە! سەپرایسەکە لەوەدایە کوردستان پرسیاری ئەوەیان لێنەکردوون: ئایا ئاگاتان لە کۆمیتەی ئەوێ هەیە؟ پرسیارتان پێکردوون؟ یان لایەنی کەم دەیانناسن و تەنسیق و ڕاوێژتان پێکردوون؟

گریمان ئەوە قەیناکات، ئەی بۆ کوردستان پڕ کێشی ئەوەیان نەکردووە، بێن پەیوەندی بەهەڵسووڕاوانی کۆمیتەی ئێرەوە بکەن، کە گروپێکی گەنجی وا هەیە و دەیانەوێت بێنە ناو بزووتنەوەکەوە،، ئێوە دەیانناسن یان سووکە پەیوەندیتان پییانەوە هەیە؟ یەکسەر ڕاگەیاندنەکەیان بۆ بڵاوکردوونەتەوە! بەلای هەڵسووڕاوانی کۆمیتەکەوە تێپەڕاندنی ئەو ڕاگەیاندنە ئاسایی بوو، بۆیە هەر دوای ڕۆژێک لەگەڵ ئەو گرووپە گەنجە کە چوار کەس بوون دانیشتنێک بۆ لێکتێگەیشتن و ناسین و هاوکاریکردنی یەکترسازکرا. بەڵام گەنجان وەفادار نەبوون، لەماڵپەڕی سبەیدا پێکهێننانی کۆمەڵەیەکی گەنجانەیان ڕاگەیاند و بڵاوکردنەوە!

ئیتر کێشەکە چووە فازێکی ترەوە، پەیوەندی بە کوردستانەوە کرا، بۆ سەروسۆراغی ئەو کەسانەی ڕێگەخۆشکەرن بۆیان، کوردستان و چەند کەسی دی لەوڵاتانی ترەوە، لەبەر ئەوەی باش نەتوانراوە ئەسڵی مەسەلەکەیان تێبگەیەنرێت، بۆیە دیدیان بەم شێوەیە دەربریوە: گروپە جۆراوجۆرەکان نابێت هزری کۆنترۆڵکردنی یەکتریان لا دروست ببێت. هیچ لایەک رەفزی لاکەی دی پێناکرێت. هەموو پێکەوە جوانن... تا ئێستا ئەرک و کارەکان دابەشنەکراوە، بزووتنەوەکە خۆرسکە، پێویستی بە مشتوماڵ کردن هەیە.

ژمارەیەک لەهەڵسووڕاوانی کۆمیتە، پێیان باشە بۆ ئەمەودوا، گەر گروپ و کەسی لەو جۆرە بێگەڕانەوە بۆ کۆمیتە و ڕاستەخۆ پەیوەندیان بەکوردستانەوە کرد، با بەر لەوەی هیچیان بۆ بڵاوبکرێتەوە، پرسیاری ئەوەیان لێبکرێت، کە ئایا کۆمیتەی فینلاند دەناسن؟ ئەوان ئاگایان لەئێوە هەیە؟ بۆ لەلای ئەوانەوە تەزکییە نەکراون؟ تا ئێمە گومانمان نەمێنێت! نامانەوێت کێشە و گرفتی لابەلایان بۆ بخولقێنین.

هەروەها پێیان باشە، هەڵسووڕاوانی گەورە و بچووکی گردەکە، ئیتر بەهۆی هاوڕێیەتی و ناسیاوی و خزمخزمێنەوە یان هەر شتیکی ترەوە بێت خۆیان نەکەن بەکویخا، تا نەچنە بنجوبناوانی مەسەلەکەوە، تەسکییەی تێپەڕبوون بەهیچ کەس و گروپێک نەدەن. چوونکە کۆمیتەی وڵاتەکان دەزانن ئەو کەسانە کێن و چین و چی نیین. 2009.8.26
--------
* ئەوە بوو ڕۆژی 2009.7.6 بەپرسی کۆمیتە و کەسێکی دی ناو کۆمیتەی یەکیتی بە فەرمی وازهێنانیان لەماڵپەڕی سبەیدا ڕاگەیاند، بەڵام پێدەچێت ئەو کارە جۆرە .... بێت! یان چێبوونی لیستی گۆڕانیان بە فرسەتێک زانی بێت تا بەتەواوی واز لە کاری سیاسی بهێنن! هەر ئەو کەسە، لەشاری تامپرێ و لەبەرچاوی جەماوەری ئامادەبووی ڕۆژی 2009.7.24 سیمنیاری کۆمیتەی پشتیوانی لیستی گۆڕان وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند بەم شێوەیە: لەمەودوا نە یەکێتی و نە گۆڕانم!

هەمان بابەت بە پیتی لاتینی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق