خەمی ڕۆژانە

منارە!!
٢٠٠٩.١٢.٩

لەفەرەنسا سارکۆزی، فەرموویەتی دروستکردنی مزگەوت و منارە قەدەغە ناکات، ئەم دەربرینە بەدواداچوونێکە بۆ ئەو ڕاپرسییەی لەسویسرا کرا و دەنگیان بە قەدەغەکردنی منارە دا. هەر لەم بارەیەوە لەئەڵەمانیا ئنگێلا مێرکل لەسەر هەمان مەسەلە وتوویەتی؛ دروستکردنی منارەم پێقبووڵە بەمەرجێک کوتتر بێت لە برجی کەنیسەکان.
بەڵام پێدەچێت ئەورووپا بڕیاری دابێت هزری ئیسلامی بەگشتی بەدەردی ئایدۆلۆجی سۆسیالیستی بەرێت، تا وای لێبکات لەتوندوتیژی دایبماڵێت، هەرچەندە تەشبیهێکی زۆر گونجاو نییە!


مەرجەکانی دیموکراتی؟
٢٠٠٩.١٢.٨

دیموکراتی بوون مەرج قبووڵ دەکات؟ یان مەرجی سیستەمی دیموکراتی ئەبێت چی بێت؟ کەس و لایەن و حکومەتەکان بەچیدا دەتوانرێێت خەسلەتی دیموکراتیبوونیان پێببەخشرێت؟ ئایا دیموکراتی جۆری هەیە؟ یان پێناسێکی ستاندار دەتوانرێت بەقەد باڵای پێببڕدرێت؟
چەمکی هاوڵاتیبوون بناغەی سەرەکی هەر سستەمێکی دیموکراتییە، ئەوەیش بەمانای هەر جۆرە هەڵاواردنێک بوونی هەبێت وەک ئەوەی فەرزی ئایین یان ئاینزا، ڕەگەزو خێڵێ، و ... بەسەر ئەوی تردا. ئەوەیش زەمینەخۆشکردنە بۆ هاوسەنگی و هەڵی ژیانی باشتر بۆ ئەندامانی کۆمەڵگا.
بۆ کۆنترۆڵ کردن و چاودێری هەمیشەیی، بێلایەنی دەزگای دادوەری بەمانای ڕاستەقینەی خۆی، هاوکات لەئاستی میللی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤێلی پێویستن.
هاوکات ئاگایی و هوشیاری بەکەلتووری دیموکراتی و هەوڵدان بۆ جێگیر و پراتیکەکردنی لەژیانی هەر تاکێکی کۆمەڵگا..

نەتەوە، زمان!
٢٠٠٩.١٢.٧

ئیشتشهاد، یان هێنانەوەی سەرچاوەی باس بۆ وتارێکی ڕۆژنامەی هەفتانە، دروستە، بەڵام ئیجباری نییە، نووسەر ئازادە لەئاماژەدان پێی یان نا.
مەریوان وریا قانیع وەک لەم پەرەگرافەدا دەیبینی ئاماژەی بەناوی نووسەرەکەی داوە و لەنێو کەوانەدا دایناوە:
لێرەدا راستیی ئەو تێزەی ئەرنیست گیڵنەرمان بۆ دەردەکەوێت کە دەڵێت "ئەوە نەتەوە نییە کە ناسیۆنالیزم دروستدەکات، بەڵکو ناسیۆنالیزمە کە نەتەوە دروستدەکات"، ناسیۆنالیزمە "نەتەوە لەو شوێنانەدا دروستدەکات کە نەتەوەی تێدانییە"
ئاخر بەکام تەلەفوزی کوردی! ئەوی دیوی ڕۆژهەڵات کە کاریگەری فارسی بەسەرەوەیە یان ئەوی دیوی باشوور کە کاریگەری عەرەبی ئەوی باکووریش ئاشکرایە. بۆ خۆشت دەزانی خوێندنەوە و گۆ کردن فڵان وشە تەنانەت لە زمانە ئەورووپییەکانیشدا گۆڕانی بەسەر دێت! کێشە لەوەدایە کورد بەحوکمی دابەشبوونی کەلتووری دەوڵەمەندە، لەو نێوەدا تایبەتمەندییەکی خالس کە کورد هەیبێت بزرە!!گەر هەوڵ بدرێت لایەنی کەم بۆ چیبکرێت ئەویش لەمەی تا نها بۆی کراوە بەتایبەتی لەباشوور، کاتی زۆرتری گەرەکە..

ڕاسیزم لەفلیمێکدا
٢٠٠٩.١٢.٦

ئەم فلیمە وەک دەبیین باس لەدیاردەی هزری ڕاسستی دەکات کە لەنێو بەشێک لەخەڵکی ئەورووپا بڵاوە. لێرەدا باش ئاشکرا نییە کەسە عەرەبەکە خەڵکی کام وڵاتە! گەر فەلەستینی بێت، ئەوا بەگشتی موعجبن بەهێتلەر و دیدەکەی! لەبەر ئەوەی گوایە جوولەکە وڵاتەکەیانی داگیرکردووە! ئەمە لەکاتێکدا کەسێکی جوولەکەی ئیسرائیلی لەپەلاماری فاشستەکان ڕزگ...اری دەکات. دەرهێنەرەکە ژیرانە پەیامێک دەدات بەفەلەستیینییەکان کە بەهزری شۆڤێنییەتی عەرەبی و ئایینی دەجووڵێتەوە، کە فریادرەس، یان سەرئەنجام جوولەکە ئەو شەیتانە نییە کە لەلای خۆتان وێناتان کردووە. دەکرێت هاوکاری یەکتر بن بۆ ژیانێکی باشتر لەوەی کە هەیە. سوپاس بۆ شلێر محەمەدی کە ئەم فلیمەی دانابوو.
بەستەری فلیمە کورتەکە:
http://www.youtube.com/watch?v=RpjHSiQLPmA

چوار پارچەکە!
٢٠٠٩.١٢.٥

گوێبیستی چەند بەرنامەی تەلەفیزیۆنی دەبم، خەڵک بەگشتی کە سڵاو دەنێرن، بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دەنێرن، گوایە ئەم بەرنامانەی کە لەهەرێمەوە پەخشدەکرێن، هەموو سەیری دەکەن! ئەوە نەگونجاوە، و باشتر بڵێن دوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵات، یان هەر هیج نەڵین، چوونکە بەڕاستی کوردانی ڕۆژئاواو و باکوور لەشێوەزاری سۆرانی باش ناگەن. لەو بڕوایەدام سەیری ڕۆژتیڤی و کەناڵەتورکییەکان زیاتر دەکەن وەک لەوانی هەرێم.

گومان لەعەقلانییەت!
٢٠٠٩.١٢.٥

گومانێکی گونجاو دەبوو، گەر بزانرایە عەقلانییەت بەپێوەری ئەورووپی و ڕۆژئاوای بەسەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک ئەوەی خۆماندا نەسەپێنرێت!! کۆمەڵگاکەمان لەم قۆناغەدا پێویستی بەو عەقلانییەتە لەهەموو کات زیاترە. لەم وڵاتانەدا خەڵک لەیاسای بێڕۆح و گیانە بێزارە، بەڵام لەکۆمەڵگای خۆمان بەپێچەوانەوەیە، پێویستمان بەیاسا هەیە بۆ نەهێشتنی فەوزایەی کە کۆمەڵگاکەی تێکداوە...
وایە، عەقلانییەتیش لەکۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە، بەڵام چ جۆرەێک؟ بەپێچەوانەوە گەر ڕابەرانی کۆمەڵگا هەمەلایەنانە ژیر بوونایە، کێشەکان بەم ئاستەی ئێستا دەگەیشت؟!


ئیبراهیم تاتلەس، ئەو ساڵە بانگهێشتکرا بۆ هەرێمی کوردستان تەنها لەبەر کوردبوونی بوو. بەڵام ئەو داخوانییەکی شەرمهێنەری دا، خۆی ناشیرین کرد، ئەوەبوو ئەم شەکرەی شکاند: تورکی کوڕی تورکم! کەچی فشاری بزووتنەوەی کوردایەتی و فشاری ئەورووپا لەسەر حکومەتی تورکیا، هەنگاونان بۆ کرانەوە، ئەم ئینتهازییە گۆرانی کوردی دەڵێت....!

مونتەزر زەیدی، ئەو عەرەبە عێراقییەی کە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆکی کۆنی ئەمەریکا جۆرج بۆشی بەر پێڵاودا، سەپرایسیان بۆ دروست کرد، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٠٩.١٢.١ لەپاریس لەکاتی بەستنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، بەر پێڵاویاندایاندایەوە. ها هاهاهاهاها ٢٠٠٩.١٢.١

کۆمۆنیستی کرێکاریش مووچەخۆری حوکومەت بوون!

کۆمۆنیستی کرێکاری، بەپێی ئەو یاداشتانەی نەوشیروان مستەفا کە لەوەڵام بە مام جەلال داویەتەوە. چەند نهێنی سەیر ئاشکرا دەکات کە نوێیە. لەوانە کۆمەکی دارایی حکومەتی یەکێتییە، وەک گرووپ و حیزبەکانی تر، بۆ ئەو حیزبە، کە مانگانە ٥٠ هەزار بووە، وەرگرتووە!

دەتوانن ئەو هاوڕێ فرە ڕادیکالانە پێمان بڵین، ئەی بڕی ئەو پارەیەی کە لەپارتی وەرگیراوە چەند بووە؟ وا باشترە لەدەمی خۆتانەوە بێت، چوونکە درەنگ و زوو یەکێکی وەک نەوشیروان دەبێت ئەو نهێنیانە ئاشکرا بکات.
ئاشکراکردنی زانیارییەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. دوای ئەوە لەوانەیە ئەو دێڕە بەلای منەوە گرنگ بێت بەڵام بەڵای زووربەی خەڵکییەوە، بێبایەخ بێت، جیاوازییەکە لەوەدایە، من بەدوای هەواڵی کۆن و نوێتانەوەم.
ئەو ساڵ و مێژووەی باسی دەکەیت، بەندەی موخلیستان لەدەرەوەی وڵات بووم، لەهیچ سەرچاوەیەکی دی ئەو زانیاریانەی کە تاهیر حەسەن ئاشکرای کردووە، نها نەوشیروان مستەفا باسی دەکات، نەمبیستووە!

پاکی و ناپاکی فڵان دەستە و گرووپ و حیزب پەیوەندی بەئەکتیڤبوون و زۆری جەماوەر و دەسەڵاتەوە هەیە، زۆر ئاساییە حیزبەکەتان لەچاو پارتی و یەکێتیدا بەحەو ئاوشۆرابێتەوە، هۆکەشی هەموومان دەیزانیین، لەهاوکێشەی سیاسی گۆڕەپانەکەدا چۆن و چۆن نیین!
هەرچۆنێک بێت؟ دەمەزەردکردنەوە و وروژاندنی مەسەلەیەکی وا کە نەوشیروان مستەفا لەدژی کۆمۆنیستی کرێکاری بەکاری نەهێناوە، لۆچێکە و کراوەتەوە. ئەو حیزبەی کۆن بەداخەوە ئێستا چەند پارچەیە، وەڵامی چی دەبێت؟
٢٠٠٩.١٢.١

منارە، ئیتر بەسە!


یەکشەممە ٢٢ی ١١ لەسویسرا ڕاپرسیی لەسەر قەدەغەکردن و نەکردنی یاسایی مزگەوت و منارە سازدەکرێت.
ئۆردۆگان کاتێ سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ بوو، لەکۆبوونەوەیەکدا وتبووی: مزگەوت سەربازگامانە، منارەکەی ڕمەکانمانە، قوببەکە کڵاوەکانمانە، باوەڕکردوانیش سەربازەکانمانە.
جا ئەوە پەیڤی بەحساب میانەڕەوێکی تەفگەری ئیسلامی بێت! زۆر ئاساییە قبووڵی زیادکردنی منارە نەکەن و نەهێڵن ئاوەدان بکرێتەوە. هەرواش دەرچوو، لەسەدا ٥٧،٥ دەنگیان بە قەدەغەکردنەکەدا. ٢٠٠٩.١١.٢٩
ئەو دەربڕینەی ئۆردۆگانم لەسەر بابەتێکی ماڵپەڕی ستاندار وەک کۆمێنت دانا، برادەرێک بەناوی: تێبین دارا؛وە کۆمێنتیکی نووسیبوو. ئاوا وەڵامم دایەوە:
لەڕاستیدا، ئەوەی لەسویسرا و چەند وڵاتی تری ئەورووپا ڕوودەدات، کاردانەوەی ئەو توندڕەوییەیە کەسەرچاوەکەی چەند بەشێک لەتەوژمی ئیسلامی، دروستی کردووە! بەو هۆیەوە تەڕ و وشکی پێدەسووتێنرێت. ئەم هەنگاوە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبێت ژیرانە بخوێنرێتەوە نەک داخوانی مناڵانە بدرێت. هەموو دەزانیین کێ لەپشتی توندڕەوە ئیسلامییەکانەوەیە، ئەمە پەیامێکە... مشاهدة المزيد بۆ ئەو دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیانە کە ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ دانیان بۆ ڕۆدەکەن و داڵدەیان دەدەن و پشتیوانیان لێدەکەن!
ئیسلام لەلایەنە ئینسانی و مۆراڵییەکەی دەرچووە، خۆش یا ترشی بوێت، دەبێت لە خڵتەوخەوێڵ و ناشیریینەکانی داتەکێنرێت، تا زوو بکرێت و هەنگاوی بۆ بنرێت، درەنگە. دەبێت بچێتەوە ماڵ و لەژیانی گشتی بکرێتە دەرەوە.
فشارە دەرەکییەکان وەکو ئەمەی سویسرا، وا بکات ئەو بزافتە لەسەر دەستی بیرمەندانی خۆیی خێراتر بکرێت. ٢٠٠٩.١٢.١

دیدێکی پێچەوانە لەسەر حەج و جەژن!

چەپرەرەوێک: ئەمڕۆ جەژن نییە، ڕۆژی قەتڵ و عامی بەستەزمانترین حەیوانەکان لە کەس پیرۆز نەبێت.
برادەریک: ...هیوادارم که ئه م ئێوارەیه گۆشتان لەماڵدا نەبێت ...ها ها
من: هاهاههاهاهاها دواهەمین دێر جوانە!
چەپڕەو: هەر کەس پێي خۆشە با گۆشت بخوات
من: تۆ وا بڵێ! بۆ خۆت شاردۆتەوە؟ ئەوە لەکوردستانیش بووی گۆشتت نەدەخوارد؟ عەیب نەبێت سەوزەواتخۆر بووی؟
چەپڕەو: ...خۆ سەوزەواتخۆری عەیب نییە...

من: .. سەوزەخۆری تەندروستترە، نەکردنی جەژن، داوایەکی گونجا و ڕاستە، بەڵام بەمرووری زەمان بۆتە کەلتووری و عادەت، کێشەکە لێرەدایە، کێ بەقسەمان دەکات؟
هێشتا ئایین بڕیاردەری زۆر مەسائیلە! هەوڵی زۆری گەرەکە، هەنگاونان بۆ ڕێفۆرم و نەرمکردن وەک خاڵێکی سەرەتا، ئینجا هەنگاوەکانی تر.. ئاشکرایە، بەتوندی بەرەنگاری هەر دیاریدەیەک ببیتەوە، توندڕەوی لێدەکەوێتەوە..

من: لەوانەیە شتەکە بەو شێوەیە نەبێت، دەربڕینەکە پێکەنیهێنەرە، وەک جۆکێک وایە. بەڵام لەوانەیە لەوی تریاندا هەڵە بیت. لێرەش لەئەورووپا ڕۆژانە ئەو گاوگۆتاڵ و مریشک و شتی تر لەکارگەکاندا سەردەبڕڕێن. گرنگ ئەو کارە کە دەکرێت، لەپێناو خزمەتی مرۆڤدایە و مرۆڤ پێویستییەتی، لەو جۆرە کەسانە زۆرن کە هیچ جۆرە گۆشتێک ناخۆن لەبەر ئەوەی ئاژەڵیان خۆش دەوێت، بەهەقی نازانن گۆشتی خۆشەویستانی خۆیان بخۆن!

چەپڕەو: من سکولار نیم من کابرایەکی دژی دینم، دین بە دامەزراوەیەکی سەرکوتگەر دەزانم و نەختێکیش گاڵتەم لەو سکولاریستانە دێت کە بیانوو بۆ دین دەهێننەوە.

من: بۆ ئێمە چین؟ نا من بۆت وردتر دەکەمەوە، کێشەکە بەو ئاسانییە نییە، تەنها دژی ئایین بیت! یان خۆت بەسکۆلار نەزانیت! بۆ مارکس چی بووە؟ ئایا یەکێک نییە لەبنیاتگوزارانی ئیدە و ڕەوتی سکۆلاریزم؟

چەپڕەو: ... هەرکەس بەرەنگاری دین نەبێتەوە ئەمڕۆ ئازاديخوازیەکەی کەم و کوڕە...دينی سەردەمی مارکس خرابووە قوتووەوە، دینی ئەم سەردەمە تاوانێکی ڕێکخراوە... مارکس کاتێک وتی: دین ئەفیونی گەلانە، نە ئێران و عەرەبستانی سعودی...

من: لەسەر ئەو دێرە هەر لێرە شتێکم نووسی کە تەحریف کراوە، مارکس نەیوتووە ئەفیوونی گەلانە، تەنها ئایینی بەئەفیوون ناوبردووە، ئەم گەلانە دواتر پێوەی لکاوە. دوای ئەوە ئۆپۆزسیۆنبوونەی تۆ باسی دەکەیت ڕاستە، کەلوکوێرە، بەڵام دەبێت ئەوەە بزانی ئەوانیش جۆری زۆرە، ئەمەش دەمانگێڕێتەوە بۆ تیووری ڕێژەیی، کە شتەکان پێرفێکت و لەسەداسەد نیین و نییە. هەروەها لەوبڕوایەدام ئایین پێشتریش هەر دەوری خراپی گێڕابێت بەپێچەوانەی ئەوەی تۆوە.

چەپڕەو: ...پێم خۆش نییە ئەو قسەیەت بێ ڕاستکردنەوە تێپەڕێت، ئەوە تەحریف نییە و مارکس وتوویەتی کە ئەفیونی گەلانە، لەوەش زیاتر وتویەتی کە ڕەخنەگرتن لە دین بناغەی هەموو ڕەخنەیەکە...

من: ئاخر پیوپل یان بەفینلاندی بیخوێنیتەوە دەبێتە پێۆپلێ دەکاتە ihmiset بەکوردی دەکاتە خەڵک، بەعەرەبی الناس، بەفارسی مردم.
تۆ کەزەمت کرد با لەشوێنی خۆیدا بێت. هاتوویت قسەکەی منت سەلماندووە، لەم دێڕەیدا It is the opium of the people کەمانای فەرهەنگی بەزمانی فارسی ئاوایە: این تریاک مردم است. لەوێدا وشەی گەلم بۆ بدۆزەوە ناوی خۆم دەگۆڕم.

کەسێکی چەپڕەوی تر، ئەما ئەکتڤ و نووسەر، لەناوەوەی وڵات، لەپەیوەند بەم مەسەلەیە، سەردێڕی بابەتێکی بەم شێوەیە بوو: نەفرەت لەحەجكردنەكەتان و جەژنەكەشتان پیرۆز نەبێت!
ئەوە هێندەی تر هانیدام بەجۆرێکی تر بکەومە پەیجووری، سەرئەنجام ئەم چەندێرەیشی هاتە بان:

حەجکردن بەشێکی وەک ئەرکێکی ئایینی چاولێدەکرێت و خۆش بەختانە ئەمە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، بەهۆی ئەوەی کێشەی ئابووری و نەخۆشییەباوەکانی وەک ئەنفلۆنزا جۆراوجۆرەکان و هاوکات گرانبوونی مەسرەفی گەشتەکە.
وڵاتێکی وەک عەرەبی سعودی، ژێرزەمینەکەی پڕە لەپێترۆڵ، پێویستی بەهیچ جۆرە سەرچاوەیەکی دارایی نابێت، بەڵام هاوکات دوو شوێنی پیرۆزی ئاینی ئیسلامی لێیە و بۆتە سەرچاوەی خێروبێری زۆر و زیاتر، وڵاتی دی دنیا لەهیچ لەو شتانە بەهرەمەند نییە! وەک دەڵێن: پارە دەڕژێتە سەر پارە. یان پارە پارە ڕادەکێشێت!
بزنسی حەج لەمساڵدا وەک ئامارەکان دەڵێت وا بووە:

١٠٠هەرار پۆلیس بۆ چاودێری.
٢٠ هەزار پزیشک و سستەر بۆ فریاکەوتنی تەندروستی.
٧ هەزار چێشتخانە بۆ دابینکردنی خواردنی خێر.
٦٠ هەزار پاس بۆ گواستنەوە.
قازنجی ساڵانە لەبازرگانی سەرو ٦ ملیارد ئێرۆیە.

ئەمساڵ بزنسی حەج بەپلەی یەکەم بەهۆی پەتای ئەنفلۆنزای بەراز، هاوکات قەیرانی ئابووری جیهانییەوە، زەرەرێکی گەورە بەر کەوت:
ئەوانەی لەچوون بۆ حەج پەیشیمان بوونەتەوە، دەوڵەمەندە گەورەکان بوون کە لەئوتێلە پێنج ئەستێرەکان شوێن بۆ حەوانەوە دەگرن.
لەوڵاتێکی وەک ئەڵەمانیا چوون بۆ حەج لەناو موسڵماناندا لەچاو ساڵانی لەمەوبەردا بۆتە نیوە.
لەوڵاتی میسری عەرەبیش لە٥٠٠ هەزارەوە بۆتە ١٣٠ هەزار حاجی. سەرجەم کەمبوونەوەکە دەگاتە، لە سەدا پانزە. ٢٠٠٩.١١.٢٩

چیرۆکی زۆر کورت

فیل بەو زەبەلاحییەی لەمشک دەترسێت، دوور لەڕووی ژنان، عەیب نەبێت، دەڵێن ئەوانیش هەر لەمشک دەترسێن. کە لەهاوڕێکەم پرسی، زۆر نابێت ژنەکەی لێی جیابۆتەوە، فیل لەچی دەترسێت؟ لاشعوور وەڵامیدایەوە: لەژن! ٢٠٠٩.١١.٢٦

هزر

ژمارەیەک لە ڕووناکبیرانی عەرەبی سوونە، ماوەیەکە باس لەچەند مەسەلەی هەستیار دەکەن: یەکێ لەوانە مەسەلەی ئازادییە، گوایە ڕاوەستانەوە لەبەرامبەریدا کاری ئیسلامی ڕاستەقینە نییە. ئەم کاردانەوەیە لەو تۆمەتەوە هاتووە کە ئیسلام، وەک ئایینێکی ئەنتی ئازادی ناسراوە. بۆ ئەو مەبەستە وەک کاردانەوە دەگەڕێنەوە بۆ پاشخانی مێژووی، بەتەشخیس کاتێک محەمەد لەشاری مەدینە بووە، گوایە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون نەک لەمەبدەئی فەتحەوە، کاریکردووە، و تەنانەت خێڵە جوولەکانیشی بەیەک چاو سەیر کردووە و بەشداری لەحکومدا پێکردوون! ٢٠٠٩.١١.٢٢

تەکنیکی ئەلکترۆنی

پەرەی دەستپێک ماوەی چەند مانگە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە! بەپێچەوانەی زمانەکانی تری وەک فارسی و عەرەبی، بەردەوام نوێ دەکرێنەوە. بەهۆی پێویستی نووسین و گەڕان بۆ سەرچاوە، هەمیشە لێرە دەگەڕێم بەتایبەتی فینلاندی و عەرەبی و فارسییەکەی، ڤێرسیۆنە کۆنەکە کە کرمانجییە، لەدەستی ڕاست یان چەپ لەگەڵ زمانەکانی تردا دەبینرێت. ئەوەی نابینرێت ئەمەی خۆمانە!! ئایا بیر لەو کێشەیە کراوەتەوە؟ پێم باشە لەگەڵ کرمانجییەکەدا ڕێکەوتنێک بکرێت بۆ نموونە ئەو زمانەی کوردییەکە تەنها بەپیتە (Kurdi)لاتینییەکە بنووسێت بۆ ناسینەوە، ئێرەش بەپیتە (کوردی)کوردییەکە بناسرێتەوە. دیارە لەگەڵ کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەرانی ئنسکلۆپیدیاکە رێکەوتنێک هەبێت و لەگەڵ زمانەکانی تردا هەردوو کوردییەکە بەجیا دەربکەون.

مەبەست لەدێری یەکەم لاپەڕەی دەستپێک ئەم بەستەرەیە:
http://ckb.wikipedia.org/wiki
کەچەند مانگە وەک لاپەرەی دەستپێکی ژمانەکانی تر نوێ ناکرێتەوە بۆ نموونە هەواڵ و بابەتی جۆراوجۆر
بابەتی دووەهەمیش، شاراوەیی لینکی ئەم Wikipedia کوردییەی شێوەزاری سۆرانییە. لەلاپەرەکانی زمانەکانی تردا. گەر تۆ بۆ بابەتێک بگەڕێت بۆ نموونە لێرەدا:
http://ar.wikipedia.org/wiki
لەدەستی ڕاست ژمارەیەک زمانی تر پیشاندەدرێت، کلیکی هەرکامیان بکەیت بۆ هەر بابەتێک بەو زمانە دەتداتێ. کێشەکە ئەوەیە بۆ کوردی شێوەزاری سۆرانییەکە بەهیچ جۆرێک دەرناکەوێت؟

بۆ نەمانی ئەو کەموکووڕییە وەک دەبینی پێشنیارم کردووە چۆن چارە دەبێت؟ گەر ئێوە شتی باشتر دەزانن بۆ وەستاون و نایکەن؟
گونجاوە، کارکردن لێرەدا، بەڵام لەوانەیە زۆر باش نەتوانم ئەو کارە ئەنجام بدەم، بۆ ڕزگاربوون لەو کێشەیە و ئیسراحەتر ئەوەیە بۆ هەواڵەکان ئعتماد برکێتە سەر سیستەمی ئار ئێس ئێس. وەک ئاگادارن ژمارەیەک لەماڵپەرەکان بەهرەمەندەن لەو تەکنیکە بۆیە خراپ نییە پەنای بۆ ببرێت. بۆ ناوەکەی، دیارە ئنسکلوپیدیا بێت زۆر باشترە، لە ئەدەبیانی کوردیدا جێگیر بووە، گەر ڕێکەوتن لەسەری نەبێت ئەوا وەک ئینگلاندییەکەی بێت، چوونکە ئەمە خەسلەتێکی جیهانی هەیە، پێویست ناکات بگۆڕدرێت. هەر لەبارەی ناوەوە، کوردی سۆرانییەکە پێم باشە وەک لەسەرەوە نووسیوومە تەنها (کوردی) بێت و بەو شێوەیە دەربکەوێت وەک چۆن عەرەب و فارسییەکە دەردەکەون، بۆ دەرکەوتنی بەشی پیتە لاتینییەکەش ئاوا بێت (Kurdi). بەمەش هەموو خوێنەرێک بۆی دەردەکەوێت کە کورد بە دوو پیت دەنووسێت و بەدووریش دەبین لەحەساسییەتی ناوچەگەری. ٢٠٠٩.١١.٢٠

هزر

ئەڵێن محەمەد پێغەمبەری ئیسلام، لەنێو پێغەمبەراندا لەوەدا شاز بووە، هاتووە حکومەتی دروستکردووە، سیاسەتی کردووە! بۆیە زۆرێک لە تەوژمی ڕادیکاڵی ئیسلامی سیاسی، هەر کە باسی جیایی ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت دەکرێت، حەساسییەت دەیانگرێت و فێیان لێدێت! بۆیە دەڵین ئیسلام دەوڵەتە وەک لەوەی ئایین بێت! هەمیشە ئاوێزانی یەکتربوون! جا دەکرێت دیاردەیەکی ڕەگداکووتاوی مێژووی وادا جێپەسەند بێت؟

قسە لەوەیە ئایە ئایین دەکرێت لە دەوڵەت و حوکم جیابکرێتەوە؟ یان دەبێت مەلا و ئیمام و پیاوانی ئایینی لەژیانی سیاسی دووربخرێنەوە؟
داوا و دەستکۆتاکردنی پیاوانی ئایینە لە کاری سیاسی، کە لەئێران و سعودییە و سوودان و زۆر شوێنی دیکەی ڕۆژهەڵات وەزعیان لەکۆمەڵگا خراپ کردووە! بەڵام لەوڵاتیکی دیموکراتی و کراوەی وەک فینلانددا دەژیت، ئایا ئایین بەمانای وشە لەژیانی کۆمەڵگا و تەنانەت سیاسییەکانیشدا بەتەواوی کراوەتە دەرەوە؟

ئەوەی دەڵێن: کە ئاینی ئیسلام کۆکەرەوەی هەمووە و بەرنامەی ژیانە! جۆرە ئاوازێکە قابیلی قبووڵ نییە، خۆپەرستییە وەک لەوەی کرانەوە بێت! هەروەها ئایینەکانی تریش هەروا دەڵێن، بۆیە کافراندنی یەکتر دەکەن! ئەمەیش رێک بەپێچەوانەی ئەو ئیدەیەوەیە کە وەک خاڵێک بۆ ڕیفۆرم لەئاییندا لەبەرچاو دەگیرێت، دەبێت دان بەئایینەکانی تردا بنێن. هەنگاوێکە بەرە ئاراستەیەکی پۆزەتیف.

نەخێر نەکراوەتە دەرەوە، هەر گەڕەک و ناوچەیەک دەبینی کەنیسەیەکی تێدایە، خەڵکی هەموو یەکشەمانێک سەردانی کەنیسە دەکەن، تەنانەت لەخوێندنگاکاندا لەسەر رەفەی پۆلەکان کتێبی ئایینی ئەنجیل دەبینرێت، پارادۆکسی کۆمەڵگای فینلاندی و ئەوانی ترلە جەژنەکانی مانگی یۆوڵو (١٢) دا دەبینرێت. ئیتر ئایین کەی دەرکراوە لەژیانی کۆمەڵگا؟ دەریشناکرێت! قسە لێرەدایە پیاوانی ئایین لەژیانی سیاسی دوورخراونەتەوە و بەهایان نەماوە، ئەگینا سێبەری ئایین لە زۆر بواردا دەبینرێت. ئەوەیش بزانە ئایین وەک هەر دیاردەیەکی تر لایەنی جوان و ناشیرینی لەخۆدا هەڵگرتووە، ناکرێت ڕاستوچەپی بەسەردا بهێنرێت.. ٢٠٠٩.١١.١٥

چیڕۆکێکی زۆر کورت

خانمەکە، تازە هاتۆتە وڵاتەکە، بۆ هەموو شوێنێک دەبێت ڕێبەدێی بکەیت. جارێک داوای ژمارە تەلەفوونێکی لێکردم، لەوەدابووم ناوەکەی لەتەلەفوونەکەمدا بۆ بدۆزمەوە، نازانم چی بوو، کەمێک بەگران هاتبەدەستەوە، لەو نێوەدا وتی: تا چەندت خوێندووە؟ لەوە دەچێت نەخوێندەوار بیت. یەکسەر چەند ڕۆژ لەمەوبەرم بیرکەوتەوە کە وتم: لەکوردستان هەرچی...یەک بووبین، لێرە وەک نەخوێندەوار واین.
جا بۆ پێڕابواردن و زۆجیکە مەدالیایە، بۆ ئەوەی تەئکید بێت کە فیعلەن نەخوێندەوارم، تەلەفوونەکەم خستە بەرچاوی تا ناو و ژمارەکە، خۆی بیدۆزێتەوە.
-: نەوەڵا نەمخوێندەوە قۆناغی مەحوی ئومییەم تەواو کردووە. بەسەرسووڕمانەوە: ئەوە چۆنە؟! خەڵکی سلەیمانی وا نیین، نەخوێندەواریان کەم تێدایە! لەوەڵامدا وتم
-: نا بۆ خەڵکی سلەیمانی بەچی دەزانی؟!
گوندنشینانە درێژەم پێدا
-: کەنیشکە، لەوەدەچێت بێئاگا بیت، نموونەی وەک منی فرە زۆرە. ٢٠٠٩.١١.١٣

هزر

بۆ تەوژمی ئیسلامی سیاسی بەتایبەتی باڵی توندڕەویان ڕقیان لەڕیبازە جۆراوجۆرەکانی سۆفییەکانە! ئایا سۆفییەکان لەگەڵ خوای خۆیاندا ڕاست دەکەن یان ئیسلامی سیاسی؟ قسە لێرەدایە، توندڕەوەکان، ئایین بەئاڕاستەیەکدا دەبەن، وەک دەبینن، بۆتە ئایدۆلۆژیایەک دژی کرانەوە، دژی لێبووردەیی، دژی بیڕوڕای جیاواز، دژی هەموو ئایینەکانی دی بەکافرزانییان، جا دژی چی نییە!
بەپێچەوانەوە دەکرێت ئایین وەک بیرێکی مۆرالی و رۆحانی چاولێبکرێت، لەبێژنگ بدرێت، بگەڕێنرێتەوە بۆ هەقیقەتی خۆی... بۆ ئەو بەش و لایەنە ڕووناکەی تا ئێستا لەهەوڵی خەفەکردن و شاردنەوەیدا بوون!
لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی باڵی تووندڕەوی ئیسلامی و پاشەکشە پێکردنیان. هەنگاوێکی وا دەستیان لەبندا دەبڕێتت بەوەی ئەوە ئیدەی بێگانە نییە و ئەوە پیلانی ڕۆژئاواییەکان نییە لەدژی ئیسلام، بەڵکوو شەڕێکی ناوخۆیە، دەبێت بکرێت، لەپێناو کرانەوەدایە. ٢٠٠٩.١١.١١

کۆچ و کۆچبەری!

بڕیارێک لەهاوێندا دەرچووە، ئەو کەسە پەناهەندانەی کە لەفینلاند داڵدەدەدرێن، بەتایبەتی خەڵکانی کورد و عەرەب و تورکمان و... عێراقی پەساپۆرتی فینلاندییان بۆ دەرناکەن، دەبێت بەپەساپۆرتی وڵاتەکەی خۆی هەبێت و هاتووچۆی پێبکات. جا زۆرن ئەوانەی کە وا پیشان دەدەن هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکی وڵاتەکەی خۆیان نییە! لەکاتێکدا خۆی بەعێراقی ناساندووە!

ڕێیان پیشاندەدرێت بچن بۆ باڵوێزخانەی وڵاتەکە، تا بەڵگەیەک بهێنن کە ئەو کەسە هیچ جۆرە دیکۆمێنتێکی نییە بیسەلمێنێت عێراقییە، لەوێ عەدەتەن کە جۆرێکە لەگەندەڵی بەڵگە دەدەن بەکەسەکە و دەینێرێت بۆ بەشی پەساپۆرت. پاشان وەڵامی بۆ دێتەوە، پەسەند نەکراوە، ئەو بڕەپارەیەشی کە وەک هەقدەست داویەتی دەفەوتێت، ڕێگای باڵوێزخانەی پیشاندەدەن تا لەوێ پەساپۆرتی خۆتان دەربهێنن.

جا خۆش ئەوەیە جارێک عەرەبێکی عێراقی، لەلای کارمەندی پەساپۆرت خۆی وا پیشاندا کە ناوێرێت بچێت بۆ داوای پەساپۆرت لەباڵوێزخانە بکات، دەیگرن! کارمەندەکە سەریسووڕما، وتی لێرە تۆ ژیانت پارێزراوە کەس ناتوانێت دەستت بۆ بەرێت. ئاساییە بچیت داوای بکەیت. لەوەڵامدا وتی ئاخر ناوێرم خۆ پیشان بدەم گەر بزانن لێرەم کەسوکارەکەم لەعێراق دەگرن!
ئەو کەسە بەر لەهاتنی چەند ساڵ لەسووریا بووە. بەناوی ژن و مناڵەکەشییەوە قسەی دەکرد، کارمەندەکە کردییە دەستییەوە، کە ئەوان بەهۆی تۆوە هاتوونەتە ئێرە، کێسەکەیان مرۆڤانەیە نەک سیاسی، گەر بچن لەگوڵ کاڵتریان پێناڵێن! دوای ئەوە پەساپۆرتی عێراقی لەئاستی نیو دەوڵەتیدا دانپیانراوە و ستاندارە، دواتر کارمەندەکە ئەوەی دەربڕی دەیەوێت پەساپۆرتی وەرگرێت و لێدا بڕوات بۆ وڵاتیکی تر!

وەک ئاشکرایە، پەناهەندەکانیش پۆڵین کراون، ئەوانەی حکومەتی فینلاندی لەسەر داوای یو ئێن، خۆی دەیانهێنێتە وڵاتەکەوە، ئەوانە بەناچارکراوان دەناسرێن، وەک ئەوانە نیین کە بەڕێگای نایاسایی خۆیان کردووە بەوڵاتدا. نها زۆربەی پەناهەندەکان لەم جۆرەن. ناچارکراوان لایەنی کەمی ژیانیان بۆ فەراهەم دەکات، ماتکوستوس ئاسیا کیریایان کە وەک پەساپۆرت وایە و بۆ سەفەر و گەشت بەکاردەهێنرێت، دەداتێ. ٢٠٠٩.١١.٩

حکومەتی د. بەرهەم سالح!

بۆ هەر کەسێکی هەرێم ئاشکرایە، دەزگا ڕاگەیاندنەکانی پارتی و خەڵکانی نۆرماڵ لاڕوونە، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەو حیزبە، گوایە پڕ خێروبێر و ئاوەدانە، ئەوەیش بەرئەنجامی بردنی سەروەتوسامانی خەڵکییە، بۆ زەموزەمکاری لەدژی تا ئێستای یەکێتی بەکاری دەهێنا. ئەم کارەش بەبەرتیلی ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ ئەنجام دراوە و دەدرێت!
لەم سەردانەدا، لە پەیڤەکانی دکتۆر بەرهەمدا کە لەنێو پەرلەمان کاتی سوێندخواردندا وتی:
ناوچەی دهۆک پێویستی بەلالێکردنەوەی زیاترە، ئەمە بەناڕاستەوخۆ هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بەدرۆ دەخاتەوە کە ئەو ناوچەیە ئاوەدان و خۆش گوزەران پیشاندراوە! پروپاگەندەی هەرزانە و ڕاستی تێدا نییە.
چوونەکەشی زیاتر ئەو بۆچوونە دەلەسمێنێت. خۆ خراپ نییە گەر بەم نەفەسە ژیرانەیەوە دکتۆر بەرهەم لەهەوڵی بەدرۆخستنەوەی ئەو ئیدعایانەدا بێت و کار بکات.
بۆ هاوڵاتی ئاسایی هەرێم لەلایەکی ترەوە پرسیارە بۆ لەیەکەم هەنگاودا دەچێت بۆ دهۆک؟ ئایا ئەمە بەرتیل نییە بۆ پارتی ؟ لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو ناوچانە لەباری ئاوەدانییەوە باشترە لەناوچەکانی تر، بۆ یەکەم شوێن ئەوێ باشەکەی هەڵبژارد لالێدەکاتەوە؟ ئەی بۆ لا لەسلەیمانی و گەرمیان و هەڵەبجە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ناکاتەوە؟! ئەمە چۆن هاوسەنگییکە، دکتۆر و کابینەکەی دەیەوێت لەباری ئاوەدانییەوە دروستی بکات؟ ٢٠٠٩.١١.٧

پرسیار؟

لەساڵانی ٥٠ كاندا یەكەم وەزیری ئافرەت، ئەندامی حزبی شیوعی بووە.. شتی سەیرتر ئەوەیە زووربەی سکرتێرەکانی کورد بوون! کورد لەو بوارەدا ئازابوون! بۆ لەچەپێتیدا، دیارە ڕادیکالەکەی نا، گەیشتوون بەپلەی گەورە، لەڕاسترەویشدا سفر بوون! قابیل بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە. ٢٠٠٩.١١.٥

ئۆپۆزسیۆنێکی کاڵ!

بۆ گوێبیست و سەیرکردنی دەنگوباس تەلەڤیزیۆنەکەم خستە بان کەناڵی کەی ئێن ئێن، چیم بینی خانمێکی موحەجەبە هەواڵەکانی دەخوێندەوە! سەیرم لێهات وتم تۆ بڵێێ ڕەمەزان دەستی پێکردێتەوە و پێمان نەزانیبێت! یان خوانەخواستە کەسێک مردبێت، بەڵام جلەکانی خانمەکە ڕەش نەبوو، هیچ نیشانەیەکیش بۆ پرسە بەتەلەفیزیۆنەکەوە دیار نەبوو! ئەکرێت ئازیزان، ئێوە ئەو مەتەڵەم بۆ هەبهێنن؟
لەسەدا ٩٥ موسڵمان! هەرگیز وا نییە، وەختی خۆی پێغەمبەری مسڵمانان بۆ جیاوازی ژنەکانی لەخەڵکی ئاسایی، ئەو جۆرە سەرپۆشەی بۆ دیاریکردوون.! لەمیژەوە وەک سمبولی گروپە ئیسلامییەکان بەتوندڕەو نۆرماڵیانەوە دەناسرێت.
...نای شارمەوە ئەو بێژەرەم بینی ئەبلەق بووم! نا و هەرگیز نا، بۆ پیشاندانی نموونەی وا، ئەمە وەک ئەوە وایە کارمەندێک بەجلوبەرگی خەوتنەوە بچێتە فەرمانگە! ٢٠٠٩.١١.٤

شەری جەنگاوەرە کۆنەکان!

ئەو پەیڤانەی مام جەلال کە لەپلنیۆمدا لەبەرانبەر نەوشیروان مستەفا و گۆڕاندا کردوویەتی، هەر لەوە دەچێت دەستی چەوری بەخەڵکی بسڕێت، هەرچی ناشیرینی و کاری خراپ و دزێوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردوویەتی، لەمێژەوە خەڵکی باسی دەکەن و دەیزانن، داویەتە پاڵ ئەو، وای وێنا کردووە کە شەیتانی گەورەیە، جا کێ بەوە دەڵێت، ئامین!
کە نەوشیروان مستەفا یاداشتەکانی لەسەر شەڕی پارتی و یەکێتی بەچەند زنجیرە دابەزاند، لەزۆر لاوە لێیان کرد بەهەڵا، گوایە برینی کۆن کولانەوەیە، ئەویش لەوەڵامدا ڕایگرت. بەڵام پێدەچێت مام جەلال دەروازەی دۆزەخی لەسەر خۆی واڵا کردبێت بۆیە ئەو قسانەی کردووە، با چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو بین. ٢٠٠٩.١١.٣

هزر

بەئێستاشەوە دروشمی جیایی ئایین لەدەوڵەتم پێ قبووڵە، ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە وەک بەشێک لەسکۆلاریستەکان بەهزری ڕووت و ئەبستراکەوە تا ڕادەیەکیش تووند دەڕواننە ئەو مەسەلەیە، کە مانای لابردن و نەهێشتن و دژایەتی سەرسەختانەی ئایین بگەیەنێت! ئەمە لەکاتێکدا لەمەڵبەند و ناوەند و سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیرەکەوە بەو شێوەیە تێنەپەڕیوە.
بەڵکوو لەئەنجامی ڕێنیسانسێکی هەمەلایەنەی زاستی و ڕیفۆرم بەدەستهاتووە.. جا بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری و مۆدێرن و ڕیفۆرمی ئایینی لەوڵاتە ئیسلامیەکاندا بەدی دەکرێت؟ ٢٠٠٩.١١.٢

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق