وانەیەک لە دوو عەرەبەوە!


یۆنسکۆ، جێی تۆ نییە!

عەرەب، بەتایبەتی میسرییەکان لە بوارێکی تردا بۆ بەدەستهێنانی پلە و پایەیەکی گرنگی جیهانی، دۆڕاندیان! فاروق حوسنی بۆ سەرۆکی یۆنسکۆ خۆی هەڵبژاردبوو، لەبەر ئەوەی ئەم کەسە بەتەمەن ٧٠سالە، لەماوەی ٢٠ ساڵی پلەی وەزیری خۆیدا بەرگری بەرچاوی لە ڕۆشنبیر و زیندانیان نەکردووە!

ڕاستە دژی پۆشینی موحەجەبەبوون بووە، بەڵام دژی سامی و لایەنگری سوتاندنی کتێبی عبری لەکتێبخانەکانی میسردا بووە! ئەمەیش ناکۆکە لەگەڵ کرانەوە و فرە کەلتووریدا.

لەم ملانێیەدا ژنێکی سیاسی و پەرلەمانتاری بولگاری بەناوی Irina Bokova ، ٣١ دەنگ بەرانبەر ٢٧ دەنگی فاروق حسني بەدەست هێنا و بردییەوە.

عەرەبەکان ئەو دۆرانە وا لێکدەدەنەوە کە گوایە لەلایەن ڕۆژئاواوە بەتایبەتی جولەکەکانەوە، موئامەر
ەیان لێکراوە! ئەو خەرەکە زۆر کۆنە، لە تێکشکاندنەکاندا دووبارەی دەکەنەوە. نایگەڕێننەوە بۆ ئەو ئیستبدادە و دواکوتوویی و هەژاری و ڕێژەی نەخوێندەواری و سانسۆری هزر و بیروڕای ئازاد و ... کە لەناو خودی خۆیان، بڵاوە!

ئەمە لەکاتێکدا محەمەد البرادعي( ١٩٤٢)عەرەبی میسرە، لە دەزگایەکی گرنگی نیونەتەوەیدا کاری دەکرد، هەر چەندە تێبینی ئەوەی لەسەر بوو کە چاوپۆشی لەگەڵ دۆسییەی ئەتۆمی ئێران دەکات، بەڵام هەر لەشوێنی خۆی وەک سەرۆکی ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ئەتۆم مایەوە.

ئەوە لەبیر دەکەن کە هزری ئەورووپی بەلای ئەوەوەیە ژن دەبێت لەو پلەوپایە گرنگانەدا بێت. هەروەها نایانەوێت بزووتنەوە گەلانی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات کە کاروانی بەرەو دیموکراتییان بەڕێخستووە بوەستێت.
ناونیشانی پێگەی فاروق حسني (١٩٣٨): http://www.faroukhosny.com
ناونیشانی پێگەکەیەتی ئیرینا بۆکۆڤا(١٩٥٢): http://www.irinabokova.com


لیبۆکێکی ڕەزاقورس!

معەمەر قەزافی، وەک یاریزانێکی شاز و نامۆ، جارێکی تر بڵندگۆی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ تیشک خستنە سەر خۆی بەکارهێناو! ئەو وتاری نەداوە بەڵکوو محازەرەی داداوە! ماوەکەی یەک دەمژێر و نیو بووە! ئەوەی جێی سەرنجە داوای ئەوەی کردووە؛
بۆ ڕێگا نادەن تالبان لەئەفغانستان وەک چۆن فاتیکان لەناو ئیتالیا حوکم بکات! هەروەها لەسێدارەدانی سەدام
حسین وا پێشان دەدا کە کەس نازانێت کێ کردوویەتی و سڕێکە قابیلی بە دواداچوونە...!

وتارەکەی قەزافی هەر هیچ نەبووە، لە چاو ئەوەی کاسترۆی کوبا، کە لەساڵێک لەساڵاندا، چوار کاتژمێر خایاندووە، پشتی ئەمی شکاندووە! دوو وەرگێری بەکارهێناوە لەبەر ئەوەی ماندوو بوون! چوار جار ئاو دەخواتەوە! ق
ەزافی پەیمان، میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدڕێت و توڕی دەداتە سەر زەوی!

دەیەها جار لەپی دەستی بەسەر مێزی تریبیۆنەکەدا داوە! دەیەها جاریش چەمکی عەباکەی لاداوە! لەکۆتاییدا بیری چووە پەرەی نووسراوەکەی لەگەڵ خۆیدا بەرێت! کە خۆشی کردووە بە ئاپارتمانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەردوو قامکی سەرکەوتنی بەرز کردۆتەوە! پێ دەچێت جگەرەی لێبرابێت بۆیە وای کردووە! ها ها ها...

ئەو داوای دیموکراتی زیاتر لە جیهان دەکات، کەچی دیموکراتی بە میللەتەکەی خۆی نادات! ئەو بۆ چەندەها ساڵ پشتیوانی لە تیرۆز دەکرد، کەچی ئەنجوومەنی ئاسایش بە ئەنجوومەنی تیرۆر دەشبهێنێت! ئەو تاوانبارە بەبێسەروشوێن کردنی یەکێ لەڕابەرانی شیعەی لوبنان بەناوی السيد موسى الصدروە! ٢٠٠٩.٩.٢٥
--------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی چاوی خەڵک؛دا

بۆ ڕیفۆرم لە ئیسلامدا، چی بکرێت؟

فەیلەسوفی فەرەنسی، پاولا ڕیکۆر Paul Ricoeur ( ١٩١٣ - ٢٠٠٥) دەڵێت: دڵنیام ئیسلام لەو قەیرانە دەرباز دەبێت و ڕێگای ڕۆشنگەر، لیبووردەیی و دانان بە ئایینەکانی تردا دەگرێتەبەر، وەک چۆن ئایینی کریستانی زۆر لەمێژە ئەوەی کردووە، دەگاتە ڕافەی ژیرانە بۆ جیهان و دەقەکان.

لەدوای ١١ی سپتێمبەری ٢٠٠٣ی ئەمەریکاوە، دیدێک چێبووە، باس لە هزری توندی ئیسلام دەکات، تەشبیه کردنی بە ئایینی کریستیانی کە لەسەردەمێکی دیاریکراو، ڕووبەڕووی ڕیفۆرم بۆتەوە، توندیان لێداتەکاندووە و وای لێکراوە لەگەڵ سەردەمدا خۆی بگونجێنێت. ژمارەیەک لە بیرمەندانی ڕۆژئاوا، دیدیان وایە هەمان یاری لەگەڵ ئیسلامیشدا دەگونجێت و دەتوانرێت بکرێت! بەڵام لە شەوڕۆژێکدا ئەوە بەدی نایەت.

بۆیە خوازیاری ئەوەن کە نەهێڵرێت توندڕەوانی لەمەڕ خۆیان زیاد لەپێویست لەبەرانبەریان بووەستنەوە، چوونکە دەبێتە مایەی کاردانەوە خراپ تەبریر دەدرێتە توندڕەوانی ئیسلامی کە کەم نیین و پشیتوانی شەقامیان هەیە و ئەو پرۆسەیەیی دەستی پێکراوە گەر ڕانەگرێت بێگومان خاو دەبێتەوە.

ئەم دیدە جۆرێک ناڕۆشنی لەخۆدا مەڵاس داوە، بەوەی هێندە هەیە ئیسلام زادگای ناوچەیەکە، مرۆڤ بەدەستی خۆی نییە، تووندڕەو پەروەردە دەکات! ئەم ئایینە لە پسدانیدا بۆ حوکمکردن خولقاوە، مێژوویش ئەوەمان پێدەڵێت، کە هاوڕێی گیانی بەگیانی حوکم بووە، هەرگیز لێی جیانەبۆتەوە!

ئەوە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بۆ نموونە دیموکراسی لەبەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵەمانیا بەهەمان شێوە نییە، تایبەتمەندی هەر یەکەیان دیارە و ئاشکرایە. کەواتە ناکرێت هەمان ئەزموونی ڕیفۆرمی ئەورووپی لەگەڵ ئایینی کریستاندا دەقاودەق بەسەر ئیسلامیشدا تاقی بکرێتەوە، یان بەهەمان ڕێچکەدا بڕوات.

لەم مەسەلەیەدا قسە لەوەیە، ڕۆژئاوا چی بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان بەتایبەتی ئەوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و کردووە، بۆ کارێکی گەورەی ڕێفۆرم لە ناوچەکەدا؟ تا ئاگرەکە لەخۆ دوور بخەنەوە؟

ئەو هەنگاوانە چین کە دەبێتە ڕاکێشانی پردی جۆراوجۆر بۆ بەهێز کردنی هزری ڕیفۆرم لەنێو خەڵکی ئاساییدا، بەجۆرێکی تر، کام جۆر پشتیوانی هەیە بۆ ئەو گروپە یان ئەو نوخبە لاوازە شارستان و سکۆلارەی لەناو خودی ئەو کۆمەڵگایانەدا هەیە، خەریکی جووڵەن، و سەرەتەقەیانە، لەدەست ئەو ڕەوشە قەهرئامێزە هاتوونەتە گیان، بەدڵ لەهەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی و کرانەوەی زیاتردان...
---------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت بە پیتی لاتینی


دەنکە جۆیەکی ماڵی پاشا بخۆ، خەڵات وەربگرە!

بەدواداچوون

ماڵپەڕی بۆ ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژی ٢٠٠٩.٨.١٤ نامەی منداڵێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی دانیشتووی فینلاند بڵاوکردۆتەوە، کە ڕووبەڕووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناسراو بە کوردستانی باشووری کردۆتەوە.
کاتێک نامەکە، دەنگوسەدای دایەوە، ولەمەسەلەیەکی شەخسی تێپەڕی، کە لە ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرتی ژمارە ٦٨٩ی ڕۆژی ٢٠٠٩.٨.٢٤ بڵاوبۆوە. دواتر بەهەوڵی کەسێک کە لە فینلاند، مافی پەنابەری هەیە و کارمەندی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمە، هەر چەند مانگ جارێک بۆ پشوو دێتەوە، نامەکەی گەیاندوویەتە شەخسی م. بارزانی. هەر دوابەداوی ئەوە، پاش ماوەیەک دەقی وەڵامی م. بارزانی لە ماڵپەڕی رۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت و کەناڵەکانی تری ڕاگەیاندندا بڵاوبووە.

ئاشکرایە ئەم نامەیە لەلایەن باوکی مناڵەکەوە نووسراوە، بەر لە بڵاوبوونەوەی ڕاوێژ بەیەکدوو کەسی نزیک کراوە، ئەوان پێیان باش بووە بڵاونەکرێتەوە. باپیرەی منداڵەکە مەلایەکی نزیک مەلامستەفا بارزانی بووە، بەگشتی لەپارتی و بنەماڵەی بارزانی نزیک بوون، وەختی خۆی بارزانییەکان لە شاری شنۆ جێگیر بوون، بەو هۆیەوە جۆرە تێکەڵییەک لەنێوانیاندا دروست بووە، بنەماڵەی بارزانی عادەتیانە، وەک دەڵێن؛ ئەوەی دەنکە جۆیەکی ماڵی مەلا مستەفای خواردبێت، نەوە دەستڕۆیشتووەکانی بانگیان دەکەن، لەماڵی گشتی میللەت چەند قات ئەجریان دادەنەوە!

تێکستی نامەکە، لەچەند خاڵدا کورت دەکرێتەوە، خانەوادەکە منداڵەکەیان بەخۆشەویستی مەلا مستەفای بارزانەوە ناوناوە، بەڵام دەقاودەق نا، بەحساب ئەو سەرۆکی کوردستان بووە، کە وا نەبووە و نییە، تەنها سەرۆکی پارتەکەی خۆی بووە، بۆ ماوەیەکی دیاری کراو ڕابەرایەتی بزووتنەوەی چەکداری لەدژی ڕژێمی عێراقی عەرەبی کردووە، و سەرئەنجامەکەیشی لەلای هەمووان ئاشکرایە کە بە ئاشبەتاڵ و شکستی گەورە کۆتایی هات! تەنانەت سەرۆکبوونی کورەکەیشی بەهەزار فروفێڵ لەهەڵبژاردنی ئەخیردا بۆ ماوەی چوار ساڵی تر بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان!

دەورو کاریگەری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەتایبەتی بیستراو و بینراو، لەسەر تاراوگە نشینەکان، کە لەهەردوو جەژنەکە بوون، بەتایبەتی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکورو و ڕۆژئاوا، وەک باشوور نیین، بتوانن بە ئازادی و دوور لە چاوی سانسۆر بگەڕێنەوە بۆ خانەو لانەی خۆیان، خۆ بەستنەوەیان بەو ڕووە میکیاج کراوەی کە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتی هەرێم پیشانی دەرەوەی دەدەن!

بۆیە ئەو منداڵە بەبیانووی نەبوونی کەناڵێکی کوردی تایبەت بە خۆیانەوە تا باشتر لێوەی کوردی فێربێت، داوای کردنەوەی کەناڵێکی کردووە. م . بارزانیش دەزانێت کوێی دێشێت بۆیە لە وەڵامی نامەکەیدا خۆی لەکردنەوەی کەناڵەکە دەپارێزێت و بانگهێشتی خانەوادەکەی دەکات بۆ سەردان بۆ لای خۆی. ئەسڵ و پوختەی نامەکە زەرکەفت کراوە بەو دوو خاڵە ئاماژەبۆکراوە، لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددیدا زیاتر هیچ نییە!

ئەو خانەوادە بەڕێزە، دەبوایە ئەوەیان لەبەرچاو بگرتایە کە دوای هەڵبژاردنەکان، تەرازووی هێزەکان گۆڕانکاری گرنگی بەسەرداهاتووە، داوایەکەیان بەرەوڕووی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بکرادایەتەوە، چوونکە ئەوە ئەرکی و دەسەڵاتی ئەو نییە بڕیار لەسەر کردنەوە و نەکردنەوەی کەناڵی تەلەفیزیۆنی تایبەت بەمناڵان بدات! سەرئەنجام ئەو داوایە، وەک بینیمان م . بارزانی بۆ دەستکەوتی حیزبی و شەخسی خۆی بەکاری هێناو، لەڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانی پارتیدا وروژێنرا!

کوردی بەئاگا و هوشیاری ئەورووپا نشین، جیاوازییەکەیان لەوەدایە، دیدیان چەق لەسەر بەهێزکردنی حیزب و کەسایەتیەکان نابەستێت کە بەداخەوە بوونەتە بارێکی قورس و عەقەبمانەندەنی بەسەر کۆمەڵگاوە! بەجۆرێکی تر دیدگای دروست ئەوەیە، تا بکرێت دەستیان کورت و کاڵ بکرێتەوە، بێگومان ئەو کات هەنگاوێک بەرەو پێش دەچین و لەبەرچاوی ناوخۆ و دەرەوە جوانتر و گەشاوەتر دەبین!

نابێت ئەوە لەیاد بکرێت، چەند پارچەیی کوردستان، ڕەوشێکی مێژوو کردە و لەدەسەڵاتی کورد خۆیدا نەبووە، بەتێپەربوونی کات هەر پارچەیە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خۆیان لەکات و شوێنی دیاریکراودا بەڕێخستووە، هەر یەک لەوانەش ڕابەڕایەتی خۆیان خوڵقاندووە، لەلای خەڵکی فڵان پارچە ئیعتباری تایبەتی زیادیان بۆ دروست بووە.

بۆیە زۆر ئاساییە، هێندەی ئاپۆ لەلای باکوورییەکان خۆشەویستە، نیو هێندە پێشەوا قازی و شێخ مەحمود و دکتۆر قاسملۆ ومەلا مستەفا لەبەرچاو و خۆشەویست نیین! دیارە باشوورییەکان و ڕۆژهەڵاتییەکانیش بەهەمان شێوە ئەوانی خۆیانیان لاخۆشەویست ترە، ئەمە بەو مانایە نایەت ڕقیان لەوانی ئەوان بێتەوە، بەپێچەوانەوە هەموو ئیلهامیان لەیەکتر وەرگرتووە و هاوکاری یەکتریان کردووە، بەچاوی ڕێزەوە تێیان دەڕوانن، بەڵام هەر پارچەیە لە تایبەتمەندی خۆی بەهرەمەندە.

ئیتر جێی سەرسووڕمانە ئەم بنەماڵە فرە بەڕێزە، وێرای ئەوەی مناڵەکەیان کردووە بە سووپەر و قەلغان! لەو قائیدەیە لایانداوە و بەتەنها مەسعود بارزانی بە سەرۆکی کوردستان دەزانن! پشتیان کردۆتە ڕابەرانی خۆیان! هەروەها بەشێکی زۆری خەڵکی ناڕازی هەرێم، وەک بینرا سەرکردە و حیزبەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیانپێنەدان و سزایاندان، دەستیان کورتکردنەوە.

بەڵێ نازانن ئەوانە سەرچاوەی گەندەڵی و داگیرکردنی سەروەت و سامانی گشتی میللەتن! بەڵێ نازانن ڕۆژانە چەند داخوزووخاو دەکەن بەگەوری خەڵکدا، وڵاتەکەیان بۆ خۆیان و دەستەودائیرەیان قورغ کردووە و....زۆری تر. ئاخر بۆ هەر کەسێک کارێکی گران نییە، لایەنی کەم متابەعەی ڕۆژنامە ئەهلی و سەربەخۆکانی تۆڕی نێت بکات، ئەو کات بۆی دەردەکەوێت ئەو هەرێمە شامی شەریف نییە.
-----------
تێبینییەکی پێویست: ڕۆژی هەینی ١١ ی ١٢ ی ٢٠٠٩ لەکاتی ئامادەبوونم لەسیمیناری شاری Hämeenlinna ، باوکی سەرۆکم بینی، باسی لەوەکرد کە بەشێک لەزانیارییەکانم هەڵەیە بەتایبەتی لەسەر باوکی ناوبراو، کەگوایە نزیک بووە لەمەلاستەفاوە. دیارە دواوی لێبووردنم لێکرد، بەداخەوە ئەوانەی بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم پێوەکردن هەموویان ڕۆژهەڵاتی بوون، هەر ئەو کات هەستم کرد کە کەسانێک هەن حەزیان بەو کەسە نایەت، زیاتر بەخاتری ئەوەی ئەم بەڕێزە سەربەباڵی دی حیزبی دموکراتە!
هاوکات ئەوەم پێڕاگەیاند مەبەست لەو نووسینە کوردانی ڕژهەڵات بەگشتییە کە هاوکێشە سیاسییەکان لەباشوور گۆڕاوە، ئێوەش دەبێت دیدتان لەو بارەیەوە بگۆڕن. مەبەستی دووهەم پارتی و مەسعود بارزانی بووە.
بەداخەوە سەرەڕای ئەوە باوکی سەرۆک متەوەهم بوو بەبارزانی، ڕۆمانسییەکی سادەی کوردایەتی بوو لەبەرانبەر ڕەوشی باشوور!
بڕوانە تێکستی نامەی منداڵەکە.
هەمان نامە لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت.
هەواڵی وەڵامدانەوەی م . بارزانی لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت.
بڕوانە تێکستی نامەکەی م.بارزانی، لە ماڵپەڕی بۆ ڕۆژهەڵات .
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت بەپیتی لاتینی

نمایشکردنی وێنە فۆتۆگرافییەکانی ڕۆژنامەنووسێکی فینلاندی لەسەر کەرکووک و ...


ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٠٩.٩.١٣ کات ١٤،٠٠ بۆ ١٦،٠٠ لە کتێبخانەی Itäkeskuksen ی شاری هێلسنکی، خانمە ڕۆژنامەنووس و کوردناسی بەناوبانگی فینلاندی و جیهانی Kristiina Koivunen هاوکات مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلەیمانی، سیمنیارێک سازکرا.
بەڕێزی بۆ ماوەی کاتژمێر زیاتر لەسەر ڕەوشی کوردی کوردستانی باشوور بەتایبەتی شاری کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان هاتە پەیڤین.

ئەو بەپێی ئەوەی کاری لەباشووری کوردستانە، وێڕای ئەوە خەریکی لێکۆڵینەوەی خۆیەتی، چەقی قورسایی خستۆتە سەر گەرمیان و کەرکووک، بۆ ئەو مەبەستە بەکامێرا فۆتۆگرافییەکەی وێنەی زۆری گرتووە، دانە دانە پێشانی ئامادەبووانی دەدا و لەسەر هەر دانەیەکیان دەوەستا و دەپەیڤی. وێنەکان هی خەڵکانی ئاسایی ناوچە جیاوازەکان بەم شێوەیە بوو:

ژنە عەرەب و تورکمانی ناو شاری کەرکووک، تۆپزاوە ئەو گرتووخانەیەی کە کوردە ئەنفالەکانی تێدا بووە، پۆلیس و سەرباز، ژن و پیاوی گەنجی کورد، یاریگای کەرکووک کە خەڵکە گەڕاوەکەی داڵدەداوە، مناڵی تورکمان بەبەرگی خۆماڵییەوە، شارۆچکەی داقوق و ئاهەنگی کاکەییەکان، وێنەی پەرستگای لالەش و پیاوە ئایینەکانیان، زۆری تر...

وەک پشوو کەسێک، لەبری دلێر ئبلۆش هۆنراوەیەکی خۆێندەوە، دوابەداوی ئەوە، گروپی مۆسیقا و بەسەرپەرشتی خانمێکی کەمانچەژەن بەناوی Meri-Sofie یەوە، بەزمانی کوردی گۆڕانییەکی شڤانپەروەر و عەلی مەردان و چەندی تری... دا بەگوێی ئامادەبوواندا.

ژمارەیەک لەئامادەبووان بەدەوری خۆیان هاتنە پەیڤین و سوپاسی کار و ماندووبوونیان کرد، وەک ئەرکی نیشتمانی ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکیان بۆ دەربری، تا لەکارەکانیدا سەرکەوتووتر بێت.

لەپەراوێزی سیمینارەکەدا:
ئەیوب سووری وەرگێڕ، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ وەرگێڕانی یەکێک لە کتێبەکانی کریستینا بۆ سەر زمانی کوردی.
خانمێک لە کەسێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان تووڕە بوو، بەوەی کە کەرکووکیان فرۆشتووە. هەر ئەو کەسە موخاڵەفەتی خۆی لەوە دەربڕی بۆ فڵان کتێبی بکرێت بەتورکی، کریستینا کۆیڤونێن لەوەڵامدا وتی کوردانی باکوور زۆریان کوردی نازانن، بۆیە تورکی پێویستە.
ژمارەیەکی باش لە کوردانی باشوور و رۆژهەڵات و چەند هاوڵاتی فینلاندی ئامادەی بوون.
کتێبە چاپکراوەکان، هەموو ئەو بابەتانەی کریستینا کۆیڤونێن کە لە ڕۆژنامەکاندا بڵاویکردوونەتەوە لە سەر دوو مێز دانرابوون.
--------
پرۆفایل:
Kristiina Koivunen لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٩ یە، دکتۆرای لەزانستە سیاسییەکانداهەیە. لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە چوونە ناو تورکیای لێقەدەغەکراوە. ئەندامی یەکێتی نووسەرانی فینلاندە. وێرای نووسینی لەزووربەی ڕۆژنامە پڕتیراژ و بەناوبانگەکانی فینلاند، جار جار بۆ گۆڤاری گوڵان و خەباتیش دەنووسێت.
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی بلۆگەکەی ئەو خانمە بکەن: http://kristiinakoivunen.blogspot.com
---------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت بەکەمێک دەستکارییەوە لەماڵپەڕی سبەی؛دا

هەمان بابەت بە پیتی لاتینی



ڕۆژی هونەر لە شاری لاهتی - فینلاند

ئەمڕۆ شەممە 2009.9.12 هەموو ڕۆژەکە تا 10 ی شەو لەشاری لاهتی وڵاتی فینلاند ڕۆژی هونەر بوو، ناوەندی شار و شوێنە گشتیەکان بە ئەهلی هونەر داگیرکرا بوون، هەر یەکە و گرووپە سەرقاڵی پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان بوون.

لەبەردەم یانەی بێگانەکاندا کۆبوونەوەی گەورە، لەولاتر هۆڵی نماشکردنی تابلۆ و پۆستەر، دوورتر لەو شوێنە سێرک و ئاهەنگی مۆسیقا و وێنەی فۆتۆگراف و نیگارکێشان و سەمای جۆراوجۆر ، ئیتر هەر سوچێکت بگرتایە هونەر سەروەر و برا گەورە بوو. هونەر بانگی دەکردی و یەخەی دەگرتی، دەیانووت: کاتێکیش بۆ من تەرخان بکە.

ئەوەی جێی سەرنج بوو کورد هیچ جۆرە بەشدرییەکی نەبوو. لە پێشانگای وێنە و پۆستەردا ئیسرائیلی و فارسەکان ئامادەبوونێکی باشیان هەبوو. لەکتێبخانەیەکدا پیانۆژەنێکی بەتەمەن لەگەڵ گروپ گروپی خەڵک پیانۆی لێدەدا و گۆرانییان دەووت. لەشوێنیکدا کە زۆرترین گەنجی لێکۆدەبێتەوە، حەوز و فوارەیەک هەبوو، لەجیاتی ئاو هەڵبدات، کەفە تایت دەهاتەدەرەوە و گەنجان یاریان تێدا دەکرد.
ئەم ڕۆژی هونەرە، هەر شارەی بەجیا کاتێکی بۆ تەرخان کردووە. مەبەست لە کەرنەڤاڵێکی وا وێڕای ڕێزلێنان لە هونەر بەگشتی، هاوکات بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە تازە دەستیانداوەتە هونەر یان هەموو ئەوانەی بەهەر هۆیەکەوە بێت ناتوانن هونەرەکەیان بنوێنن و نمایش بکەن.
--------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت بە پیتی لاتینی









































سلەیمانی، سەری ڕمەکەیە!

سەرەتا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەم هەڵمەت و فشارەی لەسەر سلەیمانی دروست کراوە، گەر و گێچەڵێکی بێمانایە کە لەدوای هەڵبژادنی پەرلەمانەوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەستی پیکردووە! لەبەر ئەوەی نایەکی قەبارە گەورەی وای بەڕووی هەموواندا تەقاندەوە، تووشی شۆکو و پەشۆکانی کردوون، بووە مایەیە لێکەوتنەوەی هێزی سێهەم. ئەو هێزەی زۆر لەمێژەوە ببووە قسەباسی سەرزاری خەڵکی بەتایبەتی نوخبەی کۆمەڵگا.

باس لە رێژە بڕی بۆدجەی شاری سلەیمانی دەکرێت، گوایە بڕەکەی زۆرترە لە چاو شاری هەولێر و دهۆک! لەوانەیە بەهۆی گەورەیی و ڕێژەی دانیشتوانەوە بێت. ئەوەی جێی سەرنجە لەم ورووژاندنە دروستکراوەدا، ئەوەیە بۆ دەستنیشانی ئەو بڕە پارەیە نەکراوە و بە نهێنی ماوەتەوە!؟ تا لە پەیڤی ڕووت و ڕەجال دەربچێت! نەدرکاندنی بۆ چ ترسێک دەگەڕێتەوە؟ دەزانن خاڵی فشاری وا بەدەستەوەیە کە وەک نەوشیروان مستەفا دەیڵێت ڕوخاندنی حکومەت بەدواوە دەبێت، و هێندەی تر ئەو دوو پارتە لەبەرچاوی خەڵکی ناشیرنتر دەبن.

دەکرێت بەجۆرێکی تر لێکبدرێتەوە؛ ئەمەش دەچێتە خانەی زەم و زەمکاری نێوان خۆیان، و کە لەپشت پەردەوە قوڵپەقوڵپێتی! یان کێ دەڵێ ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ کۆن و بەردەوامی ئاشکرا و نهێنی نێوان سلەیمانی و ئەو دوو شارەی تر.

ڕاستە سیمای هەولێر گۆڕاوە، لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو خەسلەتەی ئێستای کە بە پایتەختی هەرێم ناوزەد دەکرێت، لایەنی کەم دەبێت بەباڵەخانەی زۆری چەند نهۆمی بڕازێنرێتەوە، ڕووکاری دەرەوەی، گەشاوەیی هەرێم پیشانبدات. ئەوە دەستکەوتی حکومەت و پارتی و سەرەک وەزیرانەکەی نییە، بەڵکوو سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەتییە! نەک لەهەرێم بەڵکوو لەئەورووپاشدا ئەوە کومپانیاکانن وڵات ڕێک دەخەنە و دەیڕازێننەوە و تەنانەت نانی زووربەی خەڵکیش بەدەست ئەوانەوەیە.

بەڵام لە پشت ئەو سیمایەی هەولێرەوە، چی دەگوزەرێت؟ چەندەها ناشیرینی خۆی حەشارداوە! بۆ میدیاکان بەتایبەتی ئەوانی خودی شارەکەیە، باسی لێوە ناکەن؟! گوایە بەناوی کومپانیای میدیاییەوە و بەپارەی پارتی بەڕێوە دەچن، بۆ لەخشتەبردنی ڕای گشتی و دەرەوە خەریکی کاری چەواشەکارانەن! بۆ شتی دی ئازان! یان ئەوەتا میدیاکاران و تەنانەت خەڵکەکەشی بەدەردی ئەوانی وڵاتانی کەنداو عەرەب چوون! بەشێوەی جۆراوجۆر دەمکووت کراون و ئازایەتییان لێسەندراوەتەوە!

بەس خۆشبەختانە ئەو بەردەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان فڕێیدایە ناو گۆمی لیخن و قەتیسماوی کۆمەڵگا و حکومەتەوە، لەمەودوا بۆیان ناچێتە سەر، تا سەروەت و سامانی میللەت بخۆن و بەئارەزووی خۆیان بەسەر دارودەستەکانیاندا تەخشان و پەخشانی بکەن. نیشانەکانیشی لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە، ڕۆژی سێ شەممە 8 .9. 2009 دەرکەوت.
---------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت بە پیتی لاتینی