خەمی ڕۆژانە، کانوونی دووهەم 2010

ده‌بابه‌که‌ی حسک!
شه‌ممه‌ 2010.1.30

دەڵێین ئەوه بەعسییەكی سەدامییه و ئەو بەعسییەكی تره! بەعسی هەر بەعسییه و هیچی تر...
هێشتا دەورەیەكی تری هەڵبژاردنی عێراق پێویستی بەقایمەی داخراوە، ئەوەیش بۆ كورد خراپه..
بوونی مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق مەسەلەیەكی زۆر گرنگه، بۆ لابردنی مەترسییەکانی سەر کورد، گەر تەشریفاتی و کەمدەسەڵاتیش بێت، هەوڵبدەین و لەسەر ئەوه ڕێكبکەوین بەهەر شێوەیەك بێت بەسەرۆك بمێنێتەوە.
---------
لەچاوپێکەوتنێکی حەمەی حاجی مەحمود کە لەماڵپەڕی خەندان بڵاوکراوەتەوە

نازانم حەمەی حاجی مەحموود چییەتی، هەم لەناڵ ئەدا و هەم لەبزمار.. لەبەرانبەر ئەو قسانەی مام جەلال موخالەفەت کە لەبەرژەوەندی بەعسییەکان کرد و پۆڵینی کردن بۆ دوو جۆر، تا مەجالی خۆکاندیدکردنیان هەبێت، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا! هاوکات پشتیوانی لەوە دەکات ببێتەوە بەسەرەککۆمار.
سەیر تر ئەوەیە کابرایەکی وەک سیستانی لیستی کراوەی ێیباشە، کەچی ئەم پیاوە بەحساب مۆدێرنە لیستی داخراوی پێباشە!!
ئەم جەنابە، بەرژەوەندی لەکوێ بێت، ئەو لەوێیە، ئۆپۆزسیۆن بوونیمان لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، هەڵگەڕانەوەشیمان لەپێکهێنانی حکومەتدا بینی!!!

هزر
چوارشەممە 2010.1.27

لەمێژوودا بیرێک یان داوایەکی وا هەبووە، کە وتوویەتی: گەر کتێبخانە کرایەوە، وا پێویست دەکات دوان بێت! دانەیەک بۆ هەموو خەڵک کراوە بێت، دانەیەکیش تایبەت بێت بۆ زانا و دانا و ڕووناکبیران بێت. ئەو پێشنیارە لەترسی ئەو جۆراە فەتوایانەیە کە لەلێرەولەوێ لەدژی ئەم زانا و فەیلەسووف و بیریار و نووسەر دەردەکرێت، کە خاوەن بیر و داهێنانی نوێ و جیاوازن.
بەهەڵە لێی تێدەگەن و دەیخوێننەوە، دەبێتە مایەی کاردانەوەی خراپ و نەخوازراو! ئەو بەرهەمە ئەبستراک و تئیوریانە تەنها زاناکان لێی تێدەگەن، لەئاستی بیرکردنەوەی خەڵکی ئاسایدا نیین.

سینەما و فلتەر
چوارشەممە 2010.1.27

فیلمەکان بەر لەنمایشكردنی، بەفلتەری دوبەی تێدەپەڕن و ئەو بڕگانەیان لێ دەردەكرێت كە وروژێنەرن یان مەترسی هەیه بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئایینی..ئێمه هیچ دەستكاری ناکەین، چونكه بەشێوەیەكی رێكوپێك سانسۆرکراوە، بۆ خێزان و ههموو لایەك گونجاوه!!
--------
لەڕاپۆرتێکی هاوڵاتییەوە بەناونیشانی: سلێمانی‌ باوەش بۆ سینەما دەكاتەوه‌

ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێنەدراوە، مەسەلەی وەرگێرانە، ئایا ئەو فلیمانە بە تێکستی چ زمانێک وەرگێڕراوە؟ خۆشبەختانە وەک لەکەناڵە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دەیبینن، زووربەی فلیمەکان بەوەرگێڕانی کوردیەوە پیشاندەدرێت، کەواتە کارمەندی شارەزا و تەکنیک پەیدا بووە و هەیە، قسەی کابرای خاوەن سینەما لەسەر فلتەرکردنی فلیمەکان، سەیروسەمەرەیە، ئەوانە حازرخۆری بەر سێبەرن، بۆ لەوڵاتانی کەنداوەوە فلیم دەهێنن؟! ناکرێت لەسەرچاوە ئەسڵییەکانەوە هەمان کار بکەن و فلیمیان بۆ بنێرن. گەر فلتەریش دەکرێت با لەنێوخۆی هەرێمەوە بێت، تا کەی وابەستەیی؟؟!

بۆ بێ ئایینیت؟!
سێشەممە 2010.1.26

کەسێکی هاوڕێم پرۆفایلەکەی دیبووم، بەنامە پرسیبووی: بۆ نووسیوتە بێ ئایین؟
ئاوا واڵامم دایەوە:
بێ ئاین، لەلای خۆمان لەترسی زۆر هۆ، مرۆڤەکان ناتوانن، بەئازادانە بڵێن من فڵان و فیسار شتم یان نیم. لەدەروە و کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، ئازادی تاک پێوەرە، بۆیە هەموو کەس مافی ڕادەربڕین و زۆر شتی تریه هەیە، بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بێ ئایین و یان ئایندار بێت، سیاسی بیت یان نا وە هەروەها....

من ئایین بەسەرچاوەی دووبەرەکی و جیاوزی دەزانم بۆیە هەر کە تەمەنم گەیشتە قۆناغی گەنجێتی، ئەو ئیرسەی لەدایک و باوک و کۆمەڵگاوە، بۆم مابووە لەخۆ تەکاند. کەهیچ ڕەغبەتێکی منیان لەبەرچاو نەگرتووە. خاڵێکی تر من ئایین بەئایینی کوردی نازانم و بەزەبری مێژوو و شمشێر و.. بەسەر کۆمەڵگا ناعەرەبییەکاندا سەپێنراوە، بۆیە بەڵامەوە جێی پەسەند نییە.

هەروەها ئایین بەپێی ئەوەی بەرهەمی سەردەمانێکی کۆنە بۆیە لەسەردەمی مۆدێرنە و تەکنەلۆجیای سەردەم بەدروست نازانم. ئەمە وێرای ئەوەی ئایین بۆیە ماوەتەوە وەک لایەنێکی ڕۆحی مرۆڤەکان بووە.

سەرەڕای ئەوانە، من ئایین وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو ژیان لایەنی جوان و ناشیرینی تیا دەبینم، بەداخەوە هەمیشە لایەنە ناشیرینەکانی بەخەڵکی فرۆشراوە و لایەنگری زاڵمان بووە، وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە. بۆیە مایەی بێزاری بەشێک لەخەڵک بووە و لەدژی ڕاوەستاونەتەوە.

تەماتەوەشین!
سێشەممە 2010.1.26

کەسێك رەفتارێكی زۆر نەشیاوی نواند، كه لەفەرهەنگی كۆڕ و كۆبونەوەی كوردستاندا، نامۆیە لەباتی گفتوگۆ، رەخنەگرتن، هۆڵ جێهێشتن، تەماته هاوێشتنی كردبوه چەكی گۆڕانخوازی.. رەفتاری وا، هەتا بڵێی ناشارستانی..رەفتاری واش پیرۆز بێت لەوانەی، كەمترین بۆچوونی فكری و سیاسییان هەیه، بۆیه بەناچاری پەنا بۆ رەفتاری بێڕەوشتی وادەبەن..
--------------
هەڵبژاردە لەنووسینێکی مەلا بەختیار بەناونیشانی: ڕەفتار، لەململانیی سیاسیدا کە لەماڵپەڕی چاودێر ڕۆژی 25ی 1ی 2010 دا بڵاوبۆتەوە.

نازانم بۆ مەلا بەختیار خۆی وا پیشان دەدات، کە ئەو کارەی لەئۆسلۆی وڵاتی نەرویج لەبەرانبەریدا کراوە بەنامۆ وەسف دەکات. ئایا بەلای ئەوەوە کۆمەڵگا هەر دەبێت لەشوێنی خۆی قەتیس بمێنێت و وەسائیلی نوێ لەهەموو کایەکانی ژیان بەکار نەهێنێت و پەیی پینەبات!!
بۆ لەبیر خۆی دەباتەوە لەهەڵبژاردنەکەدا نەبوو کە کتێبەکانی فەرهاد پیرباڵیان سووتاند، بەر لەویش لەعێراقی عەرەبیدا کابرای ڕۆژنامەنووسی جۆرج بۆشی نەدایە بەر پێڵاو، زۆریش نابێت ئەو پێڵاووەشێنەیان دایەوە بەر پێڵاو!!

مەلا بەختیار دەبێت شووکرانە بژێر بێت کە تەماتەیان تێگرت و پێڵاو نەبوو، دیارە دووهەمیان لەفەرهەنگی عێراق و ڕۆژهەڵاتییەکاندا ئیهانەتێکی خراپ و ناشیرینە.

ئەبولەهەب و ئوم کەلسوومی گۆڕانیبێژ
سێشەممە 2010.1.26

شاکر ئەلنابلسی: نووسەر و ڕووناکبیرێکی لبیرالی عەرەبە، هەفتانە لەماڵپەڕی ئیلاف دەنووسێت. ڕۆژی یەکشەممە 24 ی 1 بابەتێکی لەسەر خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی شەست و حەفتاکانی چەرخی ڕابردوو، ناسراو بەئوم کەلسوم 1898- 1975 بڵاوکردۆتەوە، دوو خاڵ جێی سەرنجم بوو:
یەکێکیان، کەسایەتی مێژوویی عەرەبی ئیسلامی (ئەبو لەهەب) ناوی ئەسڵی عەبدئەلعزى بن عەبدئەلمتەلبه‌، وەک کەسایەتییەکی کافر و مەلعون و هەرچی خەسلەتی خراپ ناویمان بیستووە، بەمەرجێک مامی محەمەد پەیامهێنەری ئایینی ئیسلام بووە! بەپێچەوانەی کەسوکارەکانی ئەو زاتەوە، لەلایەن پەیرەوانی ئایینەکەوە پیرۆز کراون. بەڵام ئەمیان نا!!!

دووهەم، بەراوردێک لەنێوان ئەو خانمە گۆرانیبێژە و ئەوانی ئەم سەردەمە دەکات، دەنووسێت ئوم کەلسووم گۆڕانی بۆ دڵ و هەستوسۆزی بەرزی مرۆڤ وتووە، بەڵام ئەوانی ئەم سەردەمە، گۆڕانی بۆ سێکس دەڵێن و ئەندامی زاوزێی نێرەکان، کۆبرا ئاسا هەڵدەسێنن!
------------
بابەتی ئاماژە بۆکراو


بیرەوەری
یەکشەممە 2010.1.24

..پێشمەرگەی کوردستانی باشوور بەتایبەتی چەپه ڕادیکالەکان لەریزەكانی خۆیان جێ دەكردەوە، بەڵام دواتر لەبەر دڵی حكومەتی عێراق دەسبەرداریان دەبن..
-----------------
ئەوە چەند فاکتی هەڵبژێردراوە لە بیرەوەی ئیبراهیمی عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان- ڕۆژهەڵات

ئه‌وه‌ی که‌ برایم عه‌لیزاده‌ ده‌ڵێت، ژماره‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی باشووری کوردستانیان له‌ڕیزه‌کانی خۆیاندا جێکردۆته‌وه‌، زۆر وردی نه‌کردۆته‌وه‌، زیاتر ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وسادابوون، تاک تاکی چه‌په‌ ڕادیکاله‌کانی کوردستانی باشوور بوون، دواتر حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریان له‌هه‌رێمی کوردستان پێکهینا که‌ موعجیب بوون به‌ دیدی کۆمه‌ڵه‌وه‌، ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ هێشتا له‌ژیانداماون...

هزر
چوارشەممە 2010.1.20

ئایا دوژمنایەتی و عەداوەت لەنێوان ئایین و زانستدا هەیە؟ ئەگەر نییە، ئەی ئەو هەموو ئینکاریکردنەی لەنێوانیاندا ڕۆژانە دەبیسترێت و هەستی پێدەکرێت ناو دەنێن چی؟! ئەو دوانە لەوەتی هەن هەر ناکۆک و لەجەنگێکی نەبڕاوەدا بوون. ئەو خاڵە چییە ئەم دوانەی بەو دەردە بردووە؟ دەبێژن ئایین و زانست هەر یەکە بەڕێگای خۆدا دەڕوات، ئەوەی دە...یاندات بەیەکدا و قڵشتی نێوانیان گەورە دەکاتەوە، سیاسەتی نەفرەتییە!
ئاخر چۆن؟! لەبنەرەتدا ناکۆکییەکە بۆ مۆدێرن و کۆن، بۆ بێگیان و زیندوو، بۆ داهێنان و لاسایی، بۆ گۆڕاو و نەگۆڕ دەگەڕێتەوە.

سامی شۆڕش، پێنووسێکی سەربەخۆیە!؟
چوارشەممە ٢٠١٠.١.٢٠

ڕۆژی ١٩ی ١ لەڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەتدا، سامی شۆڕش وتارێکی بەناونیشانی: گۆڕەپانی سیاسی كوردستان لەبەردەم ململانێییەكی ترسناكدایه! بڵاوکردەوە، تییدا رەخنەی توندی لەحکومەتەکەی د. بەرهەم سالح گرتووە.
هەر ئەو ڕۆژە گەرماوگەرم سەعدی پیرە، هاتە وەڵام، بەرگرییەکی نابەجێیانەی لەو حکومەتە کرد! گوایە کاتی ڕەخنەی وا نییە و زووە، چوونکە کۆرپەیە و ١٠٠ ڕۆژی تەواو نەکردووە!

سەعدی پیرە، وەک پارتییەک قسە دەکات و ڕاوەستاوەتەوە، گوایە ئەو قسانە سیاسەتی پارتی نییە!!
بەڵێ، هەروا قسەی ئەو دەرچوو ڕۆژی ٢٠ی ١ مەکتەبی ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی هاتە سەرهێڵ و ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە، گوایە ئەوی سامی شۆڕش وتوویەتی دیدی ئەوان نییە، ئەو نووسەرێکی سەربەخۆیە و گوزارشت لەبیروڕای خۆی دەکات!!

پارتی، خۆی لەگێلێتی دەدات و هێشتا مانای ڕاستەقینەی وشەی سەربەخۆ باش نازانن چییە! ؟ سامی شۆڕش هیچی تیا نەهێشتۆتەوە، بەئاشکرا دەڵێت پارتیم هەر پارتیش دەمێنمەوە، کەچی حیزبەکەی نەهی لێدەکات و ئاوەڵناوی سەربەخۆی پێدەبەخشێت، حەیاچووخۆن ئەی نووسەرە سەربەخۆکان! نەتانزانیوە بەکرێگیراوێک و خەفیەیەک هاتۆتە ناوتانەوە؟

ئەو کۆیلەیەی دەسەڵات، بەبەرهەم ساڵحەوە ناوەستێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیشی بەر هێرشداوە، گوایە لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە بوغرا بووە! هەر بەو هۆیەوە شەری یاداشتەکانی نێوان نەوشیروان مستەفا و مام جەلالی لێکەوتەوە. لەکاتێکدا خۆی لەگێلێتی دەدات، سەرەتا ئەوە مام جەلال بوو، لەپلنیۆمی یەکێتیدا شاقرتەی نا بەئاگرەکەوە، نەوشیروان مستەفا لەژێر کەسەوە نییە، تا نەیەتە وەڵام !
---------
تکایە بڕوانە نووسینەکەی سامی شۆڕش لەڕۆژنامەی عەرەبی زمانی لەندەنی الشرق الاوسط هەر ئەم بابەته‌ لەماڵپەڕی چاوی خەڵکدا کراوە بەکوردی.. وتەکانی سەعدی پیرە و  ڕوونکردنەوەکەی پارتی
-------------
هەمان بابەتە لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

هزر
چوارشەممە 2010.1.20

وەک بینیمان کە بۆ خۆی هەنگاوێکی نوێ بوو، ئەمەریکا بەهێزی سەربازی ڕژێمێکی دیکتاتۆری سەدام حسێنی ڕووخاند. هاوکات ڕۆژئاوا بەهۆی فشاری جۆراوجۆرەوە، دەکرێت بەسەر فڵان و فیسار ڕژێمدا هەڵبژاردنی ئازاد و ڕیفراندۆم، داددپەروەرانە بسەپێنرێت. ئایا چی ڕوو دەدات؟ دەتوانێت ئەوانە ئازادی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگاکان بهێنێت؟ یان هێناویەتی؟ بەتەجرووب...ە تاقی بۆتەوە، نا، کۆمەڵگاکان ڕوکەشانە گۆڕاون، بەڵام ئازادی مرۆڤەکان لەژێر هەرەشەدان! وەک خۆی ماون!

تەنها، پێنووسەکانی (گۆڕان) نەچوون بۆ تورکیا!؟
شەممە ٢٠١٠.١.١٦

شەوی شەممە ٢٠١٠.١.١٦ لەیەکێ لەتەلەفیزیۆنەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەواڵی چوونی وەفدێکی ڕۆشنبیران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ تورکیا و شاری ئەستەمبوڵم بینی.

ئەوانەی لەو ڕاپۆرتە هەواڵەدا دەرکەوتن و بینران دەموچاوەکانی سەر بەپارتەکانی دەسەڵات بوون!
وا ڕێکەوت لەماڵپەڕی کۆمەڵایەتی و بەنێودەنگی فەیس بووکدا یەکێک لەو بەشادربووانە، کە سەر بەلایەنێکی دەسەڵاتە، وێڕای وێنە دانانی گردبوونەوەکە، بۆ ماوەیەک چاتی لەگەڵدا کردم و باسی ئەوەی کرد کە لە تورکیان بۆ مەبەستی دیدگۆڕینەوە لەگەڵ ڕۆشنبیران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە. گوایە پێنووس بەدەستانیان دیدیان گۆڕاوە لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی خاوەنی شتین و ئەوان سەرمایەگوزاری دەکەن و تەماعیان تێکردووین.

ئەو گۆڕانکارییە گرنگە و گرنگیش نییە، چوونکە ئەگەر ئازان با دیدیان لەبەرانبەر کوردەکانی خۆیاندا بگۆڕن نەک ئێمە.
دوای چەند پرسیار و وەڵام بۆم دەرکەوت بێجگە لەنوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم وەک یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکان و شیوعییەکان لەوێ بوون!

جێی سەرسووڕمان بوو، ئەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەکارێکی وادا ئامادە نەبووە و خۆی پەراوێز خستووە!؟ ئایا بۆ گۆڕەپان چۆڵ دەکرێت بۆ هێزە سوونەتی و تەقلیدییەکانی هەرێم تا وێنەیەکی سەقەت بدەن بەناوەندەکانی دەروجیران؟!
دوو ڕۆژی تر هەر کەناڵێکیان بێنە وڵاتەوە، بەپلەی یەکەم ئەوان دەناسن و تیشک دەخەنەسەریان، گۆڕانیش دەستی لەبنی هەمانەکە بەخاڵی دەردەچێت! لەپەراوێدا دەمێنێتەوە!

ئاخر چۆن گۆڕان دەنگی ناڕەزایەتی خۆی بگەیەنێت لەکاتێکدا گەر ئامادەیی نەبێت، پەیوەندی نەبەستبێت لەگەڵ ئەو ناوەندانەدا؟ و هەڵپەی بەشداریکردنی نەبێت؟ بێسڵەمێتەوە لەبەشداریکردن لەم جۆرە گردبوونەوانە، گیانی خۆسەپاندنی نەبێت؟ وا باشترە ئەو دیدە دروشمی بێت کە ئێمە بەجیاوازییەکانمانەوە جوانیین، لە هەموو ئەو هەلە باشانەی کە دەرەخسێت بۆ پیشاندانی دیوێکی تری کۆمەڵگای کوردی بەدەرەوە. کە هێزە تەقلیدییەکان هەرگیز ناچن بەڵایدا و پەیپێنابەن!
شایەنی وەبیرهێنانەوەیه‌، ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ و ئەهلی لەو چوون بۆ تورکیایە، بێبەشکرا بوون! ئامادەییان نەبوو!
----------
هەمان بابەتە لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

هزر
هەینی 2010.1.15

ئایا کەسێک دەتوانێت بەڕووبار یان جۆگەیەکدا تێپەڕێت و قولی تەر نەبێت؟ ئایا ئەشکەوتی حەڕا و پەیام هاتنە خوارەوە بۆ محەمەد یان چوونەوەی عیسا بۆ لای خوا و خودی لەدایکبوونەکەی لەکچێک، و زۆری تری سەرسووڕهێنەر و بەدەر لەهزی لۆجیکی مرۆڤ کە لەژمارە نایەن، چی دەگەیەنێت؟

هزر
پێنجشەممه‌ 2010.1.14

ئایا باگراوەندی مێژوویی فڵان وڵات و فیسار وڵات پێوەرە بۆ پێشکەوتن یان نەکەوتنی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا؟ بێگومان نەخێر، گەر سەیری وڵاتی میزۆپۆتامیا بکەین بەحساب، لانکەی یەکەم شارستانی دنیا بووە، بەڵام ئێستا دەیبینی بەکوردستانی باشووریشەوە، چەندە لەدواوەیە؟!
ئاخر لەو دەڤەرە غەزەب لێنشتووە مانگانە و ساڵانە بەبەراورد لەگەڵ وڵاتێکی وەک فینلاند کە دانیشتوانی وەک کوردستانی باشوور تەنها ٥ ملیۆن کەسە، چەند کتێب چاپدەکرێت؟ بەشدار و بینەرانی ئەنتەرنێت چەندن؟ ڕێژەی نەخوێندەواری لەچ ئاستێکدایە؟

ڤۆلتێر و ئایین
دووشەممە ٢٠١٠.١.١١

ناوی ئەسڵی(François Marie Arouet) ناسراو بەڤۆلتێر Voltaire (١٦٩٤ - ١٧٧٨)وەک لەناوەکەیەوە هاتووە، فەیلەسوفێکی ئازا و جەنگاوەر و تێکۆشەر بووە. سەیریش ئەوەیە لەژیانیدا چەک و شمشێر و تفەنگی هەڵنەگرتووە! ئەی خەباتکاری و بەغیرەتبوونی چی بووە؟! ئەو دایلۆگزانێکی شارەزا و مێشکی عەماری و وشەهەڵگرێکی چاک بووە. هەر بەوەش ناحەزان و نەیارانی بەتایبەتی کەنیسەی بەزاندووە! ئەمە چۆن؟

ڤۆلتێر، پەیامهەڵگری گیانی لێبووردەیی و بەخشندەیی بووە، بەپێچەوانەوەی کەنیسە - مزگەوتەوە، هاندەر و بنکەی دابەشکردنی رق و کینە و بوغز بووە. ئەم هزری لەپێش باوەرداری ئایینەوە دادەنا، بەبێ هزر باوەرداریی قوڵ مەیسەر نابێت، مرۆڤی ژیر پرسیار دەکات و گەر وەڵامی بێغەلوغەشی جنگ کەوێت، ئینجا خۆی دەدا بەدەستەوە.

بەرگرییەکانم لەسەر بەفەرمیکردنی شێوەزاری سۆرانی
هەینی 2010.1.15

ناڕۆشنییەک لەئارادا هەیە، بەوەی بەناوی کوردایەتی و چوارپارچەییەوە، ژمارەیەک دەیانەوێت تایبەتمەندی فڵان و فیسار پارچە بکرێت بەقوربانی گشت.
لەو گفتوگۆیانەی تا نها کراوە، کەس لەشێوەزاری سۆڕانی بە کرمانجی و بەتایبەتی بەهدیینییەکانیان نەوتووە شۆڤێنی.
خوێندن بەشێوەزاری بەهدینی بمانەوێت و نەمانەوێت لەناوچەی دهۆک دەستی پێکردووە، ئایا ئەو هەنگاوە خۆ جیاکردنەوەیە نییە؟ ئایا ئەو هەنگاوە هاندەر نییە بۆ شێوەزارەکانی تر، تا ئەوانیش خۆ جیا بکەنەوە؟ وردە روردە هەرێمی کوردستان دەبێتە مۆڵگەی شێوەزارەکان، بۆ بێگانەکان هەرێم لەو خاڵەدا دەبێتە سینەما و فلیمی کۆمیدی!

لەبارێکی تردا ئەو هەنگاوە کە لەدهۆک نراوە، دەکرێت لەناوچەی هەورامان و ... سەرکەوتوو بێت. بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی بەهدیینییەکان بەپشتی بەشێک لەپارتیەکان ئەو کارەیان بەتۆپزی ئەنجام داوە! ڕاپرسی لەسەر نەکراوە! بەداخەوە لەسەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ هەر ئەو دەڤەرە شێوەزاری سۆرانیان نەویست، زمانی عەرەبییان بۆ خوێندن هەڵبژارد!

ئێستاش ژمارەیەک دەستڕۆیشتووی ئەو دەڤەرە، پارەیان ڕشتووە، دەمی ژمارەیەک بەناو پسپۆڕ و ... چەور کردووە لەنێو خودی شێوەزاری سۆرانی و موکریانی شەر بەخۆیان بکەن. نابێت ئەو دوکانە سیاسیانەی کوردەکانی باکوور کە لەڕۆژهەڵات و باشوور چێیان کردووە، فەرامۆش بکەین، سیاستیان وایە هەموو کوردان، لەپێناو مەسەلە جۆراوجۆرەکان بکەن بە نۆکەری خۆیان و بەکاریان بهێنن بەعەرەبی ئیستغلالیان بکەن! هاتنە ژوورەوەی پارتە سیاسییەکان یارییەکەیان ناخۆش کردووە!!

یەکشەممه 2010.1.10

تێکەڵکردن هەیە! ڕاستە یەکەم ڕۆژنامە بەکرمانجی بووە، بەڵام بەهۆی باری نالەباری سیاسی کوردستانی باکوورەوە، درێژەی نەبووە، ئەوە جێی شانازی هەمووە، بەڵام پێم باشە وردتر لێکی بدەیتەوە و بیرکۆکەینەوە لەشەقەی باڵی خەڵ بێینهخوار، ناوچەکەی خۆت ببینە، تۆ لەباکوور نیت لەڕۆژهەڵاتی! لەو بوارەشاد هەرێمی کوردستان حەوت فرسەخ لەپێشەوەیە، ڕابەرایەتی زۆر شتی لەدەستدا بووە.

پەیامەکە ڕوون و ئاشکرایه، ئەوەی کە یەکەم ڕۆژنامە شانازی هەمووە، وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی بەگشتی دەبێت چاو لێبکرێت، بەڵام کە دێینە سەروردەکاری هەر پارچەیەک ئەوه مەسەلەیەکی دییە، گرنگ ئەوەیە وەک تاک و ئەندام ی گرووپێکی دیاریکراو، من خەڵکی باشوورم یان ڕۆژهەڵاتم لەگەڵ باکوورییەکان دەکرێت کار بکەم بەڕێوەچوون و گوزەرانم لەگەڵیان بێت، بەڵام ناکرێت نیکرانیزاتی خۆم و زۆر تایبەتمەندی تری ناوچە و مێژووی تایبەتی خۆم بەقوربانی ئەوان بیکەم! ئەوە نەگونجاوە، بۆیە تێکەڵ بوونێک لەلای زۆر کەس لەملاو لەولا دەبینرێت! ئەم هەڵایەش کە لەسەر زمانی فەرمی و ستاندار خولقێنراوە، دەچێتە خانەی ئەو دژایەتی و ناکۆکی ئاماژه بۆکراوهدا، بەڵام خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین بەناڕاستەوخۆ و لابەلا و بیانووی جۆراوجۆر دەریدەبڕین.

شەممه 2010.1.9

ئەمیری حەسەنپور قابیلی بەرگری لێکردن نییه!؟ زۆر بەداخەوە، دەیتوانی هەر ئەو قسەیە بەزمانێکی تر بیکردایە و ئەحساسی لایەنی کەم سۆرانیبێژانی نەڕووشاندایە!

حەسەنی قازی، هەر بەمەبەستی بەرگری لەو زاته نووسینێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر ئەوەی دەبێت کۆنفرانسەکە داوای لێبووردن لەو بکات! هاوکات بابەتێکیش بنووسە لەسەر ئەو تا داوای لێبووردن لە سۆرانیبێژان بکات کە بەو شێوەیە ناشیرینه وەسفیان دەکات.

کەس ناڵێ خوانەخاستە ئەو پیاوە زانا و دانا نییە، کتێبی دەرکردووە، نەکردووە مەسەلەیەکی دییە. بەڵام لەو بەرنامەیەدا لەسنووری خۆی تێیپەڕاند، ناوی باهدینیبێژانی بەهەمان وەسف بهێنایە، سۆرانیبێژان هەستیان بەو شێوە بریناداربوونه نەدەکرد!! دەبێت داوای لێبووردن بکات، تکایه حەسەنی قازی ببە بەهەلقەی پەیوەندی و ئەو پەیامەی پێبگەیەنە...

هەینی 2010.1.8

حەسەنی قازی، خۆت بەشداری بەرنامەکەی ئاسۆسات بوو؟ ئایا ناوبراو وای نەفەرموو ( شۆڤێنزمی سۆرانی )! ئەوە قسەی پیاوێکی بەتەمەن و زانا و دانای وایە؟! هەر لەو بەرنامەیەدا موخالیف بووی بەو قسەیەی کە لەنامەکەیدا هاتووە: دەبێت بەهەردوو شێوەکە لەسەر پارە بنووسرێت! دایلۆگ لەگەڵ کێدا کە بڕیاری داوە دژ بێت!!!! تکایە بتمان بۆ مەخولقێنن!!

حەسەنی قازی، کە ماوەیەکە جەڕ بووە بەئاوازی جووت ستاندار بۆ هەرێمی کوردستان! کە دیارە زۆر بیئاگایە، پێدەچێت چەند نووسەری دەڤەری باهدینان لەخشتەیان بردبێت، وێنەیەکی پێچەوانەی ڕەوشی هەرێمیان بۆ نووسیبێت! خوا پێم نەگرێت... لەوانەیە شتی تریش لەنێوانیاندا هەبێت!! جا بۆ ئەوەی باش لەڕەوشی هەرێمی کوردستان تێبگات، لەو خۆشباوەڕیەی لای خۆی چێیکردووە، بێتە دەرێ، پێشنیاری بۆ دەکەم ماوەی چەند مانگ بچێتە هەرێمی کوردستان، تا لەنزیکەوە، وەک کەسێکی هزر ئەورووپی بێلایەن بەدوور لەسیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستانی باکووڕ، لەوەی هەیە بڕاونێت و بزانێت چی دەگوزەرێت، ئەو کات مەرحەبایەکی دەکەین.
---------------
بۆ دید ڕۆشنی زیاتر، خراپ نییه ئەم بەستەرانەش بەسەر بکەنەوه:
http://www.beyan.info/Direje.aspx?C=Witar&J=366
http://www.renesans.info/index/index.php?id=682
http://www.beyan.info/Direje.aspx?C=Witar&J=364
http://www.besnuri.com/babetekan/68-syasi/211-2010-01-13-15-23-24.html
http://www.klawrojna.com/index.php?option=com_content&task=view&id=8940

ئەمیری حەسەنپوور، دەبێت لێبووردننامە بنووسێت!؟ 
یەکشەممە ٢٠١٠.١.١٠

لەنێوان ڕۆژانی ١٢ تا ٢٣ی مانگی دێسەمبەری ٢٠٠٩ " ئەکادیمیای کوردی" لەهەولێر "کۆنفڕانسی زمانی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان" ی ساز کرد.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٠١٠.١.٨ بەڕێز ناسری حسامی لەبەرنامەی ڕێگای ئاوریشم کە لەکەناڵی ئاسمانی ئاسۆساتەوە، لەسەر ئەو پرسە و ئەو کۆنفرانسە، بۆ ماوەی کەمتر لەدوو کاتژمێر دایلۆگێکی ساز کرد، بەتەلەفوون هەریەک لە بەڕێزان حەسەنی قازی و ئەمیری حەسەنپوور بەشدار بوون.

بەداخەوە دەبوایە ئەم بەرنامەیە کەسێکی پسپۆر کە نوێنەڕایەتی هەرێمی کوردستانی بکردایە  یان لایەنی کەم بەتەلەفوون بەشدار و ئامادەبوایە! چوونکە ئەو ڕووداوە یان ئەو کۆنفراسە بۆتە هەوێنی ئەم بەرنامەیە. بەڵام بینەران نەیانهێشت هەروا تێپەڕێت و قسەی خۆیان لەو بارەیەوە و بەئاڕاستەیەکی تردا کرد. میوانی ئامادەی بەرنامەش بەڕێز دیاکۆ هاشمی زۆر ژیرانە، بەپرسیار و باسە جۆراجۆرەکانی، سەرجەم دیدەکانی حەسەنی قازی و ئەمیری حەسەنپووری خستە ژێر مەنگەنەوە.

ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان بکەن بە مۆڵگەی شێوەزارەکان، خەڵک بەگشتی لەو دوو شێوەزارە بێزارە کە لەڕاگەیاندنەکاندا پەیرەو دەکرێن، نۆرەی ئەوەیە هەر شارە و لادێیەک بەشێوەزاری خۆی بخوێنێت! وەک چۆن نها لەدەڤەری بادینان هەنگاوێکی لەو جۆرە نراوە!!!! ئەمە لەکاتێکدا ئەو پێشنیارەنە ئەو تایبەتمەندییەی هەرێم لەبەرچاو ناگیرێت! کە زووربەی زۆری سۆرانیبێژە، لەچوار پارێزگا یەک پارێزگای کە ڕێژەیەکی کەمیش دانیشتوانی هەیە، بە شێوەزاری بەهدینی قسان دەکەن! ئەم هەژموونی شێوەزاری سۆرانییە وای کردووە کە بەهدینیبێژان زۆر باش لەشێوەزاری سۆرانی تێبگەن و بپەیڤن. هاوکات پەیڤینی بەهدینییەکان تێکەلێکە لەسۆرانی و عەرەبی کە وای کردووە، سۆرانیبێژان لەوان زیاتر وەک لەکوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بگەن.

کوردی هەرێمی کوردستان گریمان پێنج ملیۆنە، تەنها ملیۆنێکی بەر دەڤەری بادینان دەکەوێت، بەپلەی یەکەم ئەوە دەبێت ئەو قەوارەیە کێشەکانی خۆی لەزۆر مەسەلە لابەلا بکاتەوە و هاوکات بەهرەمەندە لەپسپۆری جۆراوجۆر، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەیەکیان بەهزری کوردستانی گەورە بیردەکەنەوە، کارەکان ئاستەنگی تێدەکەوێت و بەئاڕاستەیەکی تردا دەڕوات، بۆ خۆی چێکردنی ئەو کۆنفرانسە، هەنگاوێکە بۆ دەرباز بوون لەو هزرە، پێدەچێت نوخبە تێگەیشتبێت لەنییەتی پسپۆر و زانایانی بەشەکانی تر کە جۆرێک لە فەوزای بۆ دەخولقێنێت .
کۆنفرانسەکە زیاتر بۆ وتووێژ و ڕاوێژکردن لەسەر مەسەلەی زمانی فەرمیی - ڕەسمی نە بۆ بڕیاردان بووە، نە شتیکی لەو جۆرە، ئیتر جێی سەرسووڕمانە لێرە  و لەوێ لێی کەوتوونەتە تەقە؟! ڕۆحیان چووە!!

هەر کەس بیەوێت دەنگی باشتر ببیسترێت یان بخوێندرێتەوە، گەر هاتوو بەشێوەزاری بەهدینی یان هەورامی یان ئەوانی تر بپەیڤێ و بنووسێت، کەمترین کەس دەیبیستێت و دەیخوێنێتەوە، وەک زمانی ماڵەوەی لێهاتووە، بۆیە لەهەرێمی کوردستان بەگشتی شێوەزاری سۆرانی بۆتە دیفاکۆت و سەپاوە، وەک چۆن هەرێمی کوردستان لەباری سیاسییەوە، بەتایبەتمەندی خۆیەوە بەسەر عەرەبی عێراقیدا سەپیوە. ئەوەی لەدەڤەری بادینان و جار جار لەم شێوەزار و بنزارەوە نارەزایەتی دەردەچێت، جۆرێکە لەڕاگرتن و ئاستەنگ لەبەرانبەر بەفەرمی کردنی شێوەزاری سۆرانی  دەخولقێنن، سەرئەنجام دەبێت شایەتمان بەدیاریدا بهێنن!

ئەمیری حەسەن پوور، لەنامەکەیدا چەند پێشنیاری داوە، کە لەئەرزی واقعدا زۆر کۆمیدییە کە دەڵێ:

ئەلف – خوێندن: ئاخێوەرانی هەر لەهجەیەک بە لەهجەی خۆیان دەخوێنن و دەنووسن و لەهجەکەی دی باش فێر دەبن.
ب - دراو: لایێکی دراو بەکورمانجی و لایەکەی دی بەسۆرانی دەنووسرێ.
ج - پاسپۆرت: لاپەڕەیێکی باسپۆرت بەکورمانجی و لاپەڕەکەی دیکەی بەسۆرانی دەنووسرێ.
د- ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری که‌سایەتی: ئەوانەش وەک پاسپۆرت بەهەر دوو لەهجە دە‌نووسرێن.


بەداخەوە ئەوە پیاوە بەهزری کوردستانی گەورەوە نامەکەی داڕشتووە! نە بۆ باشوور بەڵکوو بۆ ڕۆژەڵاتیش جۆرێک لەدروستکردنی ئاژاوە دەگەیەنێت! ئەمە لەکاتێکدا گەلانی کورد بوونی هەیە نەک میللەتی کوردی یەکگرتوو! کە هەریەکەیان خاوەن مێژوویەکی جیاوازی خۆیانن.
هەر لەبەرامبەر ئەم ڕەخنەیەدا ناوبراو کە بەتەلەفوون بەشدار بوو، خۆی لەژێر ئەو ڕەخنەیەدا بەوە دەرباز کرد، گوایە ئەو دیدەش کوردستانییە! بەڵام ئەوە نازانێن کام کوردستان؟ کوردستانی گەوەرە کە ئەو دیدەکانی لەسەر دارشتووە یان ئەوەی ئێمە کە لەسنووری هەرێمێکی دیاریکراودایە؟!!

وێڕای ئەو دیدە کۆمیدیانەی کە لەنامەکەیدا نووسیویەتی، لەبەرنامەکدا حەماسەتی ئەنتی باشووری وای لێکرد بفەرمووێت: ....شۆڤێنیزمی سۆرانی... و هات شوبهاندی بەشۆڤێنزمی عەرەبی و فارسی...!!!!!!!! گوایە فەرقیان نییە!!
ئەو دەربڕینە جۆرێک لەشۆکی دروست کرد، دەیتوانی هەر ئەو قسەیە بەزمانێکی تر بکردایە و ئەحساسی لایەنی کەم سۆرانیبێژانی نەڕووشاندایە! لەکاتێکدا ئەو تەنها شۆڤێنیزمی لەبەرامبەر لایەکدا بەکارهێنا گەر لەبەرانبەر هەردوو لا بوایە، ئەوە قابیلی چاوپۆشین بوو! بۆیە تەنها کارێک ئەو زاتە بیکات بڵاوکردنەوەی لێبوردننامەیەکە، هاوکات هەوڵ بدات وەک یارمەتیدەر و هاوکار بێت هەروەها هەوڵبدات چۆن بەقەولی خۆی گوایە لەڕەوشی هەنووکەیی بەهدینان گەیشتووە! گوایە زۆر گۆڕاوە با ئەرک بکێشێت ئاواش لەڕەوشی هەرێمی کوردستان بەگشتی بگات و بزانێت تای تەرازوو لەبەرژەوەندی کێ و کێدا نییە!؟ لەم جۆرە تەلەزگەی زمانەوە، گومان لەپاک و دلسۆزی و زانستخوازی و پسپۆڕی ئەو جۆرە کەسانە دروست دەبێت!!
------------------
+ بۆ زانیاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی ئاسۆسات بکەن:
+ دەقی نامەی ئەمیری حەسەن پوور لێرەدایە:
+ دەقی ڕاپۆرتە هەواڵێکی حەسەنی قازی لەسەر بەرنامەکە،  کە لەخۆڕایی لەکاتی پەخشی بەرنامەکە و لێرەشدا بەرگری لەئەمیری حەسن پوور دەکرد و دەکات و ڕاستییەکان وەک خۆی باس نەکردووە و ناکات، لێرەدایە
---------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی شارستان و بەیان و کوردستان پۆست؛دا .

مایعی لەدەربڕیندا!؟

پێنجشەممە ٢٠١٠.١.٧

کاک محەمەد گیان، کەی سەرەتای مرۆڤایەتی بە ئادم و حەوا دەستی پیکردووە! ئەوە شیکردنەوەی ئایینە بۆ سەرەتای دروستبوون!
بەپێچەوانەی جەنابتاتەوە، هەڵدانەوەی لاپەرەکان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان لەلایەن سەرکردەی حیزب و قەوارە سیاسی و پەڕلەمانییەکاانەوە، زۆر پێویستە.
ئەوەیش بۆ شکاندنی ئەو تابوتانەیە کە لەلای زۆر لەخەڵکی هالەیەکی جوانیان بەدەوردا کێشراوە.
دوای ئەوە مرۆڤ بۆ لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ نەبێت، تۆ لەم بەینەدا بۆ بە مایعی قسە دەکەیت و مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا لەیەک تەرازوودا دەبینیت؟! هەموویان بەسەرکردەی خۆت دەزانیت؟! نەوشیروان مستەفا خۆی بەفریشتە نازانێت و بەدەمی خۆی دەڵێت دەچمە بەردەمی هەردادگایەک. پێم باشە بۆ ئەمەودا ڕوونتر بپەیڤی و ئازایانە دەست بخەیتە سەر خاڵەکان..
-----------
بابەتی ئاماژە بۆ کراو لەم سەرچاوەدایە:
هەڵدانەوەی لاپەڕەکان... محە‌مەد خورشید


جنێو کاتێ دەدرێت کە خوای مرۆڤ ناهێڵن!
پێنجشەممە ٢٠١٠.١.٧

جنێو جۆری زۆرە وەک هەرشتێکی تر، ئەوەی دەسەڵاتی کوردی مەبەستییەتی جنێوی بازاڕییە، کە هەموو کەس پێی تێکدەچێت و تووڕە دەکات، بەمەش جۆرێک لەهاوسۆزی بۆ خۆی پەیدا دەکات، رەخنە گران ناشیرین دەکات!
چوونکە تەنانەت جنێوی بازاڕیش بیری لێبکرێتەوە بۆ دەدرێت لەبەر ئەوەی جنێو پێدراو دیارە کاری گەن و ناشیرینی وا دەکات کە کەلە لەمرۆڤدا ناهێڵێت، بۆیە بەجنێوی بازاڕی ڕووبەڕوودەبێتەوە. لەزۆر حاڵەتەدا ئایا ئەو جۆرە لەجنێو پێویستە یان نا، بیگوومان نەک بەکارهێنانی واردە، بەڵکوو زۆر پێویستە چوونکە هەرچییەکی لەگەڵدا دەکەیت ئەو خۆی دەکات بەکەرەی شەربەت، بەڵام کە جنێوێت پێدا، لەخەوی غەفڵەت بێداردەبێتەوە، دێتە وەڵام و دەجووڵێت.
دەسەڵات لەڕۆژهەڵات بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان مەبەستیان لەجنێو ئەوەیە بەکەسیان نەوترێت گەندەڵ، ترسنۆک، خائین و خۆفرۆش، سازشکار، مێژووی ناشیرینیان هەلنەدرێتەوە. بەتایبەتی ئەو جۆرە وشانە بەرەوڕووی سەرکردە پەلەیەکەکان و بنەماڵەکانیان بکرێتەوە. خەتی سوور تێپەڕاندنە.
بۆیە من لەلای خۆمەوە پێم باشە، کوردستان پۆست لەسەر هەمان تەرزی خۆی بڕوات ئیتر با دەسەڵات و ئەوانەی خۆیان فرۆشتووە تا ماندوو دەبن حەپەی خۆیان بکەن.
--------
وەڵامی چەند پرسیاری ماڵپەڕی کوردستان پۆست بوو.

گۆڕانی ڕیشەیی!!

سێشەممە ٢٠١٠.١.٥

ئازاد بەکری ئازیز، خۆشحاڵم لەتریبوونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانییەوە دەتبینم. دیدەکانت جێی پەسەندە و هی بەشێکی هوشیاری نیو کۆمەڵگایە، بەڵام تەشبیه نەبێت دەچیتە خانەی ئەو کەسانەوە کە لەپڕ لۆتۆیەکیان بۆ دەردەچێت و دەبنە ملیۆنەر! ئەو حالەتە شازە و بۆ هەموو دەست نادات.
ڕیفۆرم و گۆڕان و چاکسازی ڕیشەیی کە دوای دەکەیت، لەئەرزی واقعدا نەک گرانە بەڵکوو زۆر سەختیش... مشاهدة المزيدە، ئەوە کاتیکی فرە زۆری گەرەکە، لەوەتی مرۆڤایەتی هەیە لەهەوڵی ئەو گۆڕانە ڕیشەییەدا بووە بەڵام پێی نەگەیشتووە! قسەی ئەسڵی ئەوەیە لایەنی کەم هەوڵ بدەین کۆمەڵگاکەمان وەک وڵاتە خۆشگوزەرانەکانی ئەسکەندەنافی لێبکەین کە ئەوەیش خەباتێکی پر حەوسەڵە و کاتیکی زۆری دەوێت. هەرچۆن بێت سوپاس بۆ بیڕوڕاکانت تەمەنا دەکەم زوو زوو لێرە بتبینم...
------------
بابەتی ئاماژە بۆ کراو: ریفۆرم یا گۆڕان

بەراورد
یەکشەممە ٢٠١٠.١.٣

ئەم چەند دەربڕینە لە نامەکەی پۆڵا سەعیدەوە وەرگیراوە:
پرسیاری من ئەوەیه، بۆچی دەبێت بەس تەنها ناوی ئێمه بزڕێت و قێزەون بێت، كەچی هی ئەوان خاوێن، وەك ئەوان هایلایڤ بژیاینایه, ئێمه بووینه قوربانی ئەوانه، ئەوه بۆچی ئەمان بەخاوێنی بمێننەوە و من و تۆش سوكایەتییمان پێبكرێت...



ئەوە فاکتە بۆیە دەهێنمەوە چوونکە نووسەری ئەم بابەتە نزیک بەو دەڕبڕینانەی پۆڵا سەعید پەیڤیوە:...ئێوەی رۆشنبیران و سیاسیه جیدیەكان لەكوردستان و تارواگەی رۆژئاوا بۆ گۆڕان كار بكەن و ئێمەش هەر بەسەركردەیی دەمێنینەوه!. ئێوه بیر بكەنەوە و ئێمه جێبەجێی دەكەین. ئێوه خەون ببین و ئێمه لەحكومەت و دەسەڵاتدا دەبین به نوێنەری خەونەكانی ئێوه.
ئەمانه سەركردەی فیعلی گۆڕان نین، ئەی كوا دەم و چاوه تازەكان؟ ئەی كوا قیاداتی تازه؟ نەخێر ئەمانەی ئێمه دەیانەوێت بەپاتریاركی ئەبەدی بمێننەوه، تەنانەت لەسەر گردەكەش.
ئێمەی سەرمان سوڕماوه سێبەرەكانی پشتەوەی ئەمڕۆ، خۆیان دەكەن به راڕەوەكانی گۆڕاندا!؟
----------
بابەتی ئاماژە بۆ کرا: پاتریاركەكان لەنێوان چاڵەكە و گردەکەدا   ئیسماعیل حەمەئە‌مین

کۆماری ئیسلامی ئیرلەندی!

دووشەممە  ٢٠١٠.١.٤

لەئیرلەند، تازە بەتازە یاسا لەدژی کفر و ئیلحاد دەردەچێت، سەرپێچیکار، ٢٥ هەزار ئێرۆی دەدەن بەتەنگەیدا! سەرۆکی ڕێکخراوی ئاتائیستی، لەبەرانبەر ئەو یاسایەدا دەڵێت: یاسایەکی ناشیرین هاوکات مەترسیدارە! بێمانایە لەبەر ئەوەی یاسا ئایینییەکان بۆ چەرخی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، لەکۆمەڵگای سڤێل و سکۆلاردا جێی نابێتەوە و ناشێت، یاسا بۆ... تاوانکاری دانراوە نەک بۆ ڕاوکردنی بیرو ڕا و موعتەقەداتی خەڵکی..کۆماری ئیسلامی ئێران و سعودییە، سودان و ئەفغانستانی ئەورووپاش لەنزیک ماوەدا دروست دەبێت. جا ئەو کات بۆ کۆێ بچین!؟

هزر
یەکشەممە ٢٠١٠.٢.٣

من ژیان دۆستم کەواتە من تاوانبارم!
محەمەد شەحروور، ڕووناکبیرێکی بواری ئایینە، لەئەسڵدا سوورییە لە دیمەشق ساڵی ١٩٣٨ هاتۆتە دنیاوە. ئەو لەلایەن بەشێک لەڕاگەیاندنەکانی عەرەبییەوە، تاوانبارە بەوەی دەمدرێژی لەسەر محەمەد دامەزرێنەری ئایینی ئیسلام کردووە! داوای دادگایی دەکەن. ئەو بەپێچەوانەی توندڕەوانەوە، پێی وایە ئایینی ئیسلام تەواو نییە، پێویستی بەچاکسازی و ڕاستکردنەوە هەیە. لەسەر ئەو بناغەیەوەی کە خوا یەکە بەڵام گەیشتن پێی جۆراوجۆرە.کەلتووری ئایینی، پێویستی بەخوێندنەوە و رەخنەگرانە دووبارە ڕاڤە کردنەوە هەیە. چوونکە چاکسازی کەلچەری و ئایین لەسیاسەت لەپێشترە، تا ئەوە نەکرێت چاکسازی سڤێلی نایەتە کایەوە.. بۆ ئەوەی لەڕابردوودا نەژین، دەبێت چاکسازی ئایینی پێش چاکسازی ساسی بکەوێت.
ئەگەر پیاوە میانەڕەوە تەقلیدییەکانی ئیسلام، نەتوانن لەباری هزری و تیوریکییەوە دژی بن لادن و ئەیمەن زەواهیری ڕانەوەستنەوە ، بێگومان ناتوانن مەنهەجی خوێندن بگۆڕن؟ ئەو پرۆسەیەش مانای چاوپیاخشاندنەوە بەئاییندا دەگەیەنێت!

گونشۆرکردنەوەی ئێران!
شەممە ٢٠١٠.١.٢

ئاژانسی هەوالی نیوه رەسمی فارس سەر بەحكومەتی ئێران، رەخنە لەوە دەگرێت، كه لەجەند رۆژی رابردوودا بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی زایینی رێورەسمەكانی پێشوازیكردن بەشێویەكی جوان لەشارەكانی كوردستانی باشوور دەستپێكردوو و تەلەفزیۆنەكانی ئەو دەڤەرە بەرنامەی تایبەت بۆ ئەو یادهیان بەرێوە بردووە.

هەر ئەمەمان کەم بوو، خەڵکی باشوور، تا ڕادەیەک لەو پێشوازییە ساردو و سڕەی ناڕازی بوون، کەچی کۆماری ئیسلامی بەزۆری دەزانێت. ئەوەی لەهەرێمدا دەگوزەرێت، لەئاستی میللیدا زیاترە وەک لەئاستی فەرمی و حکومەتی! دەڵێن ڕێوی کێ شایەتتە دەڵێ کلکم، جا ئەوانیش بۆ گەواهی پەیڤی عەلی باپیریان هێناوەتەوە، گوایە ناڕازییە و لەگەڵ ئەو ڕێوڕەسمەدا نییە! بەڵام هەموو دەزانیین باگراوەندی عەلی باپیر و پەیوەندییەکانی بەو وڵاتەوە چییە و چۆنە!؟

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق