خەمی ڕۆژانە، تشرینی یەکەم ٢٠١٠


یەکشەممە ٢٠١٠.١٠.٣١
تورکیا و هەرێمی کوردستان


بەحساب مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمێکە، کەچی لەئاهەنگی قونسولییەتی شاری هەولێر ئامادە دەبێت!! ئەو ئاهەنگە دوای ٨٧ ساڵ تورکیا لەشارێکی کوردستانی باشوور سازی دەکات.. گەر باڵوێزخانە بیکردایە یان باڵوێز ئامادەبوایە، ئێ دەمانووت قەیدی چییە؟ کەمێک لەئاستێکی بەرزدایە، هەر بەمام جەلال فێرن!!؟؟
بەشی زۆری ڕەوەندی کوردی کە ناڵێم ملیۆنێکە دەنگی بەو سەرۆکە نەداوە، ئەوە دەڤەری سلەیمانی کەرکووک هەر هیچ، خێری یەکێتی نەنووسێت ئەگینا لەسەدا چلی دەهێنا.. ئەمە لەلایەک لەولاتر ئەو سەرۆکی هەرێمی دهۆک هەولێرە، هەموو بیرمانە داخویانی ئاگرینی دەدا، ئیستایش لەئاهەنگی قونسڵخانەیەکی بچووک بێ ئامادەبوونی بالوێز بەشدار دەکات، ستانداری نییە.. لەوانەیشە لەترسی ئێران بێت، ماوەیەکە لەڕاگەیاندنی حیزبەکەیدا دەهۆڵی ئەوە لێدەدەن گوایە ئەو هەڵمەتەی کە ماوەی زیاتر لەشەش مانگە بەهۆی پێشێلکارییە جۆراوجۆرەکانیانەوە لەلایەن ڕاگەیاندنی ئازا و ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و ڕوناکبیر و نووسەران دەکرێتە سەریان، بەقورمیش و نفووزی ئێرانە دەزانن.. مەسعود بارزانی فێرە چۆن یاری بکات هەر کە سەغڵەت دەکرێت، سڵ لەهیچ لادانێکی هێڵی سوور ناکاتەوە، داواویش لەخەڵک دەکات لەو هێڵە لانەدەن! بینیمان لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ چی کرد.. 
-: دەقی هەواڵەکە لەماڵپەڕی خەنداندا 


شەممە ٢٠١٠.١٠.٣٠
خالیدی خولەسوور و گۆڕان!!


بەبەرگری لە هیچ لایەک نەبێت، دەکرێت ڕووداویکی واش بچێتە خانەی ئەو ئاناریشیزمەی لەکۆمەڵگای هەرێمدا هەیە، بەڵام ئەو کۆنە جاشە، بۆ لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان حسابی بۆ دەکرێت؟ هیچ بەڵگەیەک هەیە کە بەفەرمی ئیسپاتی بکات کە بزووتنەوەی گۆڕان ئەوی بەیەکێک لەخۆی تەنانەت گۆرانخوازێک دانابێت.. کابرا بەهەر هۆیەکەوە بێت لەچاوپێکەوتنەکانیدا بزووتنەوەی گۆڕانی پی باش بووە، وەک لەیەکێتی و پارتی.. بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوانی وا، زۆر هەن خراپ و ئینتهازی و بەرژەوەندخواز خۆیان بەوەوە هەڵدەواسن.. قسە لەوەیە گۆران قبووڵیان دەکات یان نا؟ 
تووندو تیژی قابیلی قبووڵ نییە هەر کەس و لایەنیک بیکات.. بەڵام پێگەی ئەو نووسەرە و پابەندبوونی بەیەکێک لەحیزبەکانی دەسەڵاتەوە وا دەکات لەڕاستگۆیی ئەو هەرەشەیە بەگومان بین


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
پاشەکشەی گۆڕان، ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک


چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ پێشمه‌رجی یه‌كڕیزیی‌ و یه‌كده‌نگیی كوردە... بره‌ودان به‌پرۆسه‌ی دیموكراسی.. هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆو كاراكردنی په‌رله‌مان‌ و به‌دامه‌زراوه‌كردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان، له‌چه‌كداری حیزبه‌وه‌ بكرێنه‌ هێزی نیشتیمانی‌ و رێگرتن له‌كاری حیزبی تێیدا و ڕاگرتنی ده‌ستتێوه‌ردانی حیزب له‌داموده‌زگاكانی ئیداری و رێكخستنی‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان به‌پێی‌ یاسا و زامنكردنی ئازادی راده‌ربڕین‌ و زۆری دیكه‌ش.. هەموو هەوڵێک بۆ قۆرخكردنی هه‌تاهه‌تایی ده‌سه‌ڵات‌ و زه‌وتكردنی ئیراده‌ و مافـی هاوڵاتییانه‌ له‌ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌ره‌كانیان رەتدەکەینەوە.. بۆیە بڕیاری ناچاری کشانەوەمان لەو فراکسیۆنە دا...
-: سەرچاوە، ماڵپەڕی سبەی


 بەداخەوە یەکێک لەهەڵەکان ئەو بەشدارییە بوو، کە چووشن نەدەبوایە سادەدڵانە لەدانان و پەیرەوی ناوخۆی فراکسیۆنەکەدا هەڵسوکەوت بکەن، کارێکی وایان بکردایە گەر هاتوو دانەیەک لەپێکهێنەرانی کشانەوە فراکسیۆنەکە هەڵوەشێتەوە، گرێنتی لەسەر هێزە ئیسلامییەکانیش ناکرێت، ئەوە نیین حسابی سیاسیان لەسەر بکرێت، بۆیە دەمێننەوە، فراکسیۆنەکە باقییە، کەواتە ئەو کارە بەقازانجی پارتی و یەکێتی شکایەوە.. تەنها بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەبنی هەمانەکەوە هاتەدەر!


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
کوردی باکوور و ژن!


قەرەیلان، ناترسێت! ڕاپۆرتە هەواڵێکی تەلەفیزیۆنی دووی ئیسڕائیلی لەسەر پێ کە کە؛ ی نیشتەجێی چیاکانی قەندیل.. ئەوەی جێی سەرنجە هەر کە تەلەفیزیۆنێک دەچێت بۆلایان، ژن و کچانی چەکدار لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، تا زوومی کامێراکان وێنەیان بگرن! فێڵێکی باشە بۆ سەرنجڕاکێشان، بەڵام لەئەسڵدا هزری پیاوانە نەک تەحەکووم بەئەو هێزەوە دەکات بەڵکوو میللەتی کورد بەگشتی باکوورییەکان بەتایبەتی...
-: بەدواداچوونێکە بۆ ڤیدیۆفلیم 


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
ئەدەب لەدیدی شاریانەوە!


ئەوە شیعرەی حەسیب قەرەداخی بەناونیشانی (بۆ شارەکەم) گەر بەهەڵە نەچووبم هەستی گوندنشینێکە بەرامبەر شاری سلەیمانی نەک کەسێکی شاری بۆ شارەکەی...
دەربڕینەکە شاریانە نییە، هەر ئەوەندە.. خۆ خراپ نییە گەر بیانەیەکیش باسی شارەکەمان بکات.
ئەو شاعیرە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات.. بەڵام دەکرێت هەر شاعیریکی بەرز لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی ژیانیدا هۆنراوە و بەرهەمی ناوزەی دابێت بەدەستەوە، هاوکات دەستیشی تەتەڵەی کردبێت بەرهەمی خراپی دابێت بەدەستەوە، ئەمە دەهێڵێنەوە بۆ مێژوونووس و لێکۆڵەرەوەرانی شیعر و ئەدەبیات.. 
لەبارەی ئەم هۆنراوەیەوە لەڕاستیدا دەبوایە مێژووەکەی نووسرایە، بەس پێدەچێت لەبەرهەمە کۆنەکانی بێت، لەم تەرزە شیعرە هێندە وتراوە و خوێندۆتەوە، هەر مەپرسن، گەر بەراوردی بکەیت بەشیعرەکانی تری ئەوا زۆر لەخوارەوەیە.. 
هەروەها بەتەوهین و توانجەوە نەمووتووە، ئەم هۆنراوەیە لەدیدی کەسێکی گوندنشینەوە وتراوە.. من ناهەقی خالێخۆشبوو ناگرم بۆ ئێستا سلەیمانی مەشهور نییە کە گوندێکی گەورەیە، ئەبێت ئەو کاتەی ئەم هۆنراوەیەی تیا وتراوە سلەیمانی چۆن بوو بێت؟! بۆ ئاگاداریتان وێرای ئەوەی بۆ خۆم کاک حەسیب هاوڕێم بووە، لەزۆر بۆنەدا پێکەوە بووین و بەردەوام وەک هاوشارییەک و ئەهلی ئەدەب و قەڵەم یەکترمان بینیوە و بەسەرکردۆتەوە...


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
دیموکراسی


لەگەڵ کام لەم دوانەیت: دیموکراسی مانای دەسەڵاتی خەڵک، بەڵام ئایینەکان بەتایبەتی ئیسلام دەسەڵاتی خوا؟
قەتیسکردنی لەناوچەیەکی دیاریکراودا، مانای وانییە کە ئەو سیستەمە خراپە، کێشەکەش لەوەدایە هەموو دیاردەیەک بەشی خۆی کەموکوڕی هەیە.. لایەنێکی تر ئەوەیە ئەگەر وا دەرچێت مانای وایە تەوژمەکانی وەک چەپ و لیبرال و نەتەوەیی و... ناو کۆمەڵگا لاوازن و لەنرخی نەبواندان! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەهێز بن ناتوانن سەرکەوتنی وا بەدەست بهێنن کە دوای هەڵبژاردن حکومەت پێبهێنن بەبێ بەشداری تەوژمە سیاسییەکانی تر.. ئەو سەردەمە بەسەرچوو، لەگەڵ هەمەرەنگی کۆمەڵگاکان ناتەبایە..
ئالیات هەیە کە ئیسلامییەکان و حیزبە دیکتاتۆریی و عەشیرەتگەرای وەک پارتی و ...دیموکراسی ئیستغلال نەکەن و لەبار نەبەن.. ئەگەر حکومەت و پەرلەمان و وەفادار بن بەپەیامی خۆی و دامودەزگای کۆمەڵگای مەدەنی بەمانای وشە سڤێلی بن، دەتوانن ڕێگری بکەن.. هەر بۆ نموونە دەبینی میسر لەم ماوەیەدا چەند کەناڵی ئیسلامی داخست لەسەر دروشمی ئیسلام چارەیە..


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٧
جەماوەری کتێب خوێندنەوە


ئه‌وه‌نده‌ی بۆ "بیره" خه‌رج ده‌كرێ، بۆ "بیر" خه‌رج ناكرێ.. زۆربه‌ی کتێبەکان تیراژیان له‌سه‌ر نییه! له‌وانه‌یه تیراژه‌كه‌یان له‌و ڕاده‌یه‌ش كه‌متر بێ و له ڕوویان هه‌ڵنه‌هاتبێ ئاشكرای بكه‌ن‌‌!
-: سەرچاوە، وێببلاگی جه‌عفه‌ری حوسێنپوور(هێدی) 


ئەوە دەلیلی ڕێژەی نەخوێندەوارییە، بەڵام دەکرێت بەجۆرێکی تر لێکبدرێتەوە، ئەگەر نووسەر کاک (هێدی) مەبەستی کتێبە ئەدەبی و میژوو و ... هەر لەکۆنەوە خوێنەریان کەم بووە.. بەڵام لەئێستادا خوێنەر ناکرێت قەتیس بکرێت بەکتێب و تیراژی زۆر و کەمی فڵان کتیب، چوونکە تەنها خوێنەر ئەوە نییە کە کتێبی ئەدەبی بخوێنێتەوە..بەتایبەتی لەشارە گەورەکاندا بەهۆی هەلومەرجی ژیانەوە، کەمتر حەوسەڵەی خوێندنەوەی کتێب ماوە، رۆژنامە و گۆڤارەکان نانی نووسەرانی کتێبیان بڕیوە و کۆنترۆڵی ئەو گۆرەپانەیان کردووە، ئەمە بێجگە لەئەنتەرنێت..


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٧
جیایی ئایین لە دەوڵەت!


بەپێی بنەماکانی سکۆلارسزم کە خوازیاری جیایاکردنەوەی ئایینە لەدەوڵەت، ئەوەی کە فاتیکان دوای لەسێدارەنەدانی تاوانبار تارق عەزیز دەکات، هەروەها ئەم فەتوایەی گروپی زانایانی ئایینی جێی قبووڵ نییە.. ئەمە کلکایەتییە بۆ دەسەڵات و لاسایی کردنەوەی بەعسی کۆن و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتییە..
چۆن قبوڵ نییە پیاوانی وەک مەلا لەکاری سیاسیدا تەدەخول بکەن لەسەر بناغەی ئەو مەبدەئەوە کە جیایی ئایین لەدەوڵەت و ژیانی ڕۆژانە، دەیخوازێت، کەواتە نابێت فاتیکان و هەر لایەنیکی ئایینی دی لووت بژەننە کاری دادگا و دەوڵەتەوە.. بەس لەو بڕوایەدام ئەو هەواڵە لایەنگرانی بەعس دروستیان کردبێت...


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٧
هزر


أنا اعلم منكم بأمور آخرتكم وانتم اعلم مني بأمور دنياكم..
ئەمە دێڕێکی پێغەمبەری موسڵمانان محەمەدە، نازانم ئەمەی لەچ کات و سەردەمدا وتوویەتی ئەو کاتەی بەهێز و دەستڕۆیست و دەسەڵاتدار بووە یان لاواز و ڕاونراو ؟ئەو دێڕە پێمان دەڵێت کاروباری ئایینی لەگەڵ ژیان لۆجیکی دنیایی دوو شتی جیاوازن.. ئەی بۆ تەوژمە جیاوازەکانی ئاینی ئیسلام بەتایبەتی توندڕەوەکانیان، بەجۆرێکی تر پێچەوانە هەڵسووکەوتیان کردووە، هەمیشە ئەو دوانەیان تێکەڵ کردووە و کردوویانە بەیەکەیەکی هەڵپێکراوی وا کە جیاکردنەوەیان ئاسان نەبێت!!گەر یەکێک وتبێتی بابە ئەوە لەگەڵ قسەی پێغەمبەردا نایەتەوە، نەک گوێیان لێنەگرتووە بەڵکوو دژایەتییان کردووە..!!تا هەنووکە زۆرن ئەوانەی دژی تەوژمی دنیایی وەک سکۆلاریزم دەوەستنەوە کە داوای جیاکردنەوەی ئایین لەسیاسەت و دەوڵەت و ژیانی ڕۆژانە دەکات.. داوایەکی وا زیاتر و بەقازانجی ئایینە وەک لەشتێکی تر، دەبێتە هۆی مانەوەی لایەنە جوانەکانی ئایین بەپاکی، و پیرۆزییەکەی لەدەست نادات و دوژمن بۆ خۆی پەیا ناکات..



دووشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٥
کوردی باکوور


ئەوەی کە پێ کە کە ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵات، بەقورمیشی ئەملاوئەولا و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە بووە، نەک لەکوردایەتی و ناسیۆنالست بوونیانەوە بێت..ئەوانە پارچەکانی تریان بۆ ئەوە دەوێت تا بەکاریان بهێنن و خزمەتیان بکرێت، لەهەر پارچەیەک دوکانیکیان دانوە؟! یان بەجۆریکی تر گەر لێرە هەڵکەنران لەولا خۆ ببیننەوە، زیگزاگن.. 
نەتەوەی چی؟ ئەوە نییە بەکەمتر لەخودموختاری ڕازین... بێگومانم بەگەڕانەوەیان بۆ ناو خۆی باکوور، لەگەندەڵەکانی باشوور خراپتر دەبن.. ئەوە نییە هەر لەئێستاوە کەسێکی وەک ئەحمەد تورک تەحزیری داوە و وتوویەتی گەر خۆ چاک نەکەین، بزووتنەوەیەکی گۆڕانیش لەئێمە پەیدا دەبێت.. جا ئەمانە گەر مەحسووب بن بەباڵی سڤیلی ئەو حیزبە، وا دەڵین، ئەبێ کە باڵە چەکدارەکە باوەخوون بوونەوە و چوونەوە چی ڕووبدات و چی بکەن..؟
لەوە دەچێت تەنها شتە نووسراوەکانی ئەوان بخوێنیتەوە، هی موخالفانیش بخوێنەرەوە!!


دووشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٥
ئەمیری حەسەنپوور و گرێی دەروونی!


ئەو وەک زانا و دانایەک بەرخورد بکات دەبێت بەسفەتی ڕاوێژکارێکی بێلایەن بڕوانێتە مەسەلەکە، هاوکات وەک کوردێکی ڕۆژهەڵاتی هەر تەرەفدارییەک لەمەسەلەیەکی هەستیاری وا بەقازانجی لایەک دەکەوێتەوە.. لەوانەیە تۆمەتی کڕین و بەرتیل و شتی وای بدرێتە پاڵ.. بۆ خۆت دەزانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستێکی باڵایان هەیە لەکڕین و پارەبەخشینەوە بەسەر خەڵکدا.. تا لەزۆر مەسائیلی هەستیار کە دێتە پێشەوە بێدەنگ بن یان تەرەفدارییان لێبکەن..
گریمان بەشێک لەوانەی کە بەسۆرانی قسە دەکەن، تووند بەرخود بکەن، ئەی بۆ باسێک لەو کەسانە ناکات کە لەنێو بادینانیەکاندا بەرخوردی توندیان هەیە؟ بۆ باسێک لەو سێبەرە سیاسییە ناکات کە لەپشت جووڵەیەکی واوەیە؟ ئەگەر بیەوێت بنکۆڵی ئەو سۆرانێتییە بکات، ئاسنی سارد کوتاندنی بۆ دەمێنێتەوە. بەداخەوە ئەو کاتێک وەزنەی خۆی لەدەستدا کە لەدوورەوە بێئەوەی ئاگای لەهاوکێشەکانی ناوخۆی هەرێم بێت، خەسڵەتی شۆڤێنزمی دایە پاڵ ئاخێوەرانی شێوەزاری سۆرانی..
دوای ئەوە مەسەلەکە یەکلابۆتەوە ئیتر ئەم بنێشتە بۆ هەر دەجوێتەوە، دەڤەری بادینان، لەهەموو شتێکدا خۆیان جیا کردۆتەوە، کامل فیدڕاڵیان لەفیدڕاڵی کوردستانی باشووردا هەیە! ئەوەی ئەو باسی دەکات، سەرچاوەکەی بۆ هزری ناسیۆنالیستی یان بۆ هزری عەشیرەتی و خێلەکی دەگەڕێتەوە یان شتێکی تر؟
- سەرچاوە ماڵپەڕی گۆڤاری گوڵان  چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەمیری حەسەنپوور

شەممە ٢٠١٠.١٠.٢٣
هزر

کامیان لەپێشە، خوا یان ئایین؟ کامیان کامیانی دروستکردووە؟ کەواتە کامیان دەبێت بەرگری لەکامیان بکات؟ ئەگەر بڵین خوا ئایینی دروست کردووە؟ ئەی ئەو درۆ و بوختانە شاخدارە چییە گوایە ئایین بۆ بەگریکردن لەخوا دروست بووە و خوڵقاوە!؟ لەکاتێکدا خوا دروستکەری نەک ئایین بەڵکوو هەموو کەون و کائینات بێت ئیتر چ پێویست دەکات ئەو (ئایین) ئیدعایە بکات کە بەرگری لەخالقەکەی دەکات؟! خوا ئایینی لەبەر خاتری مرۆڤ وەک ئامرازێکی ئاشتی و ئارامی ڕۆحی و جۆرێک لەدڵنیایی دەروونی و بەختەوەری خولقاندووە، لەو ئەرکە دەرچوو، وەک دەبینرێت تەوژمە توندڕەوە ئایینییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، قێزەوەن دەردەچێت.



پێنجشەممە٢٠١٠.١٠.٢١
هزر


لەوڵاتە رۆژهەڵاتییەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی ئیسلام ئایینیانە، شتێک بەناوی چاکسازی-ڕیفۆرم لەکایەجۆراوجۆرەکانی ژیاندا بوونی نییە، بەتایبەتی لەبواری ئایینیدا.. لەوانەیە چاکسازی گریمان لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەوڵی بۆ بدرێت، خەڵکانێکی زۆر پەیوەست بن پێوەی، بەڵام کە قسە هاتە سەر چاکسازی لەئاییندا، ئەوە نەک جەماوەری کەم دەبێت بەڵکوو ئەوەیشی ڕۆژێک لەڕۆژان قسەی نەکردووە و قوشقی دەبێت و هاواری ناڕەزایەتی لێبەرزدەبێتەوە.. گوێبستی ئاوازێکی نوێی وا هەرسکردنی ئاسان نابێت و زۆر سەخت و دژاور دەبێت و کات زۆر گەرەکە.. بێگومان لەوڵاتێکەوە بۆ وڵآتیکی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە موسڵمانێکی ئەوروپانشین ئاوازی ڕیفۆرمی ئایینی وەک سیستەمی فەرمانگەیی و یاساو ڕیسا و ئارامی و ئاسایش و... بەڵایەوە نوێ دەبێت.. بەڵام ئەگەر نابێت بەئاکتیڤیسێنێکی ئەو بوارە، یەکێک لەهۆ و ڕێگرییەکان، کاریگەری تەوژمی ئیسلامی سیاسییە.


چوارشەممە٢٠١٠.١٠.٢٠
دیموکراسی و ڕاگەیاندن


پێوەری ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لەهەر وڵاتێکدا بەوە دەبێت کە دادگالێگرتن و شکاتەکانی سەر ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆر نەبێت... جا بەو پێیە بێت هەرێمی کوردستان لەکوێدایە؟ ئەی ئەوە نییە حیزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی خۆی بەوەوە بادەدات کە غەدر لەڕاگەیاندن ناکات و گوایە زۆر دیموکراسین پەنا بۆ یاسا دەبەن، ئەو پەنا بردە بەر یاسایە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی ئازادی میدیا نایەتەوە و بەفشار و زەخت و زۆر دەژمێردرێت....


چوارشەممە٢٠١٠.١٠.٢٠
هزر


بۆ دوای ئیسلام یان دوای محەمەد قورەیشی ئایین و پێغەمبەرێکی دی نەهات؟ لەئیینزای شیعەدا، مەهدی؛یەکیان دروست کردووە! جا ئەوە کەی دێت؟ مەرگەر عەقلی خەیاڵی خۆیان بزانێت، ئەگینا سەردەمی هاتنی پێغەمبەران و ئایین بەسەرچووە.. گەر لایەنی مێژووی سەرهەڵدانی هەر ئایینێک هەڵدەیتەوە، دەردەکەوێت بۆ ئەوە پەیدابوون دژی کاروکردەوە و گفتولفتی بەدکارانەی مرۆڤ بوەستنەوە، کەلەوانەیە و بێگومانیین بەدکاری ئەو سەردەمانە وەک هی پێش هاتنی ئاین و داوی خۆی نییە و نەبووە. کەواتە ئیتر چۆن دەکرێت شتێک(ئایین) و پێغەمبەرێکی وا ببێتە دەرمانی چارەسەری هەموو سەردەمەکان؟ گەر وردتر لەئایینەکان بڕوانیین و بپرسین بۆتا چەند توانیویەتی گرفتەکانی سەردەمی خۆی چارەسەر بکات تا مرۆڤی ئەم سەردەمە کە بەهرەمەندە لەدەستکەوتەکانی زانست و تەکنەلۆجیا پەنای بۆ بەرێت؟!
ئەگەر لەچەند وڵاتی ئیسلامی کەسانێک هەبن و وابزانن بەئایین کێشەکانی ژیان چارە دەبێت، نەک یاخنیشن، بەڵکوو لەخودی ئایین نەگەیشتوون.. گریمان ئەوانە ىروایان بەڕێباز و تەوزمە سیاسی و هزرییەکان ڕۆژئاوا نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئاسانترینیان کە ئایینە، بۆ هەڵخرانی خەڵکە بۆ ئەجندە پۆڵەتیکەکانیان ئەویش گرتنە دەستی دەسەڵات یان فشارێکە لەسەر دەسەڵات تا جێیان بکاتەوە و لەخواردنی سەروەت و سامانی میللەت هاوبەش بکرێن...


سێشەممە ٢٠١٠.١٠.١٩
گۆرانی


میوزیك زمانی نییه‌، زۆر گوێ له‌ئاواز و گۆرانی كوردی ده‌گرم، به‌تایبه‌ت له‌گۆرانیبێژه‌ ره‌سه‌نه‌كان ده‌گرم ، ئه‌و گۆرانیانه‌ی له‌ كه‌ركوك وتراون، نەمرن.. گۆرانی كوردی جوڵه‌ی زۆری تێدایه‌ زۆركات گوێ له‌ عه‌زیزی وه‌یسی ده‌گرم، له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازانه‌ی ئه‌و خۆم ووشه‌م داناوه‌ و ئه‌یلێمه‌وه‌..
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ئاسۆ خەندان، بابەت چاوپێکەوتن


ئیبراهیم تاتڵیساس، ئەوەی بەرژەوەندی لەگەڵدا داهەبێت، بەگۆرانیبێژی دەزانێت.. عەزیز وەیسی کەس لەدەنگخۆشی و شادی گۆرانییەکانی ئیعترازیکی نییە و ئەهلی کەیف و سەفایە، بەڵام بۆتە ڕێکلامکەری ئیبراهیم، لەتەلەفیزیۆنی زاگرۆز لەوانەیە زۆرمان بینیبێتمان.. هاوکات هەڵوێستی لەگەڵ حیزبێکی دەسەڵاتداری وەک پارتی، جێی پەسەند نییە، خۆشەویستییەکەی لەلای خەڵکی کاڵ کردۆتەوە...


وشەی لۆتی کەمە بۆ شەعبان عەبدولرەحمان؛ی میسری، وەختی خۆی چەند پەیڤمان لەسەر نووسی، ئەوەی لەریکلامێکی وادا دەردەکەوێت، ئەو ئاماژە مەترسیدارەیە کە ناوی سەرۆکی هەرێمی دهۆک و هەولێرە(بارزانی).. ئەم جۆرە لۆتی و سەرمایەدار و کومپانیایانە، لەبەر خاتری گیرفان و قازانجیان کۆ لەهیچ شتێک ناکەنەوە! دەیانەوێت سەردەمی سەدام حسین؛مان بۆ بگێڕنەوە.. ئەگینا بۆ هەر کارێکی ئازاد چ پێویست دەکات، ناوی سیاسییەکی تێبترنجێنن!؟


سێشەممە ٢٠١٠.١٠.١٩
کوردی باکوور


ره‌نگه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ی سیاسی له‌ مێژووی نوێی توركیادا به‌و ئارامییه‌وه‌‌ سه‌ریان نابێته‌وه‌ كه‌ ئیدی كوردیان كردووه‌ته‌ تورك‌.. حه‌ق وایه‌ توركیا كه‌مێك ژیرانه‌تر بیربكاته‌وه‌و له‌ جێی ده‌ستێوه‌ردان له‌ پرسی كه‌ركوك و پشتیوانی ركه‌به‌ره‌ سیاسییه‌كانی كورد له‌ عێراق، بیر له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی خۆی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ‌ و ئه‌زمیر و ئه‌نقه‌ره‌ تا ده‌گاته‌ ئامه‌د بكاته‌‌وه‌...
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بابەت:  په‌كه‌كه‌ی ئاشتیخوازو توركیای جه‌نگاوه‌ر!  نووسەر: شوان حەمە


نووسەری بەڕێز وا دەڵێت:...توركیا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدایه‌ تا پارتی‌و یه‌كێتی بكات به‌ گژی (په‌كه‌كه‌)دا، به‌ڵام تا ئێستا‌ بێئاكام ماوه‌ته‌وه‌!...
سەیرم لەدەربڕینێکی وا دێت! نازانم چۆن ئەو هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕێوە، بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەتایبەتی پارتی کەم شەری PKK یان کرد.. لەوە دەچێت هەڵەی نووسەر لەوەدا بێت، بیری چوو بێت کات و سەردەمەکە دەستنیشان بکات! ئایا دوای ئەو شەڕانەی ئەوەڵ ئیتر شەڕی تریان لەبری تورکیا نەکردووە؟ ڕاستە نەیانکردووە بەڵام فشارەکان بەردەوام لەسەر جووڵەیان هەبووە! ئەو هەموو ڕێگرییەی چییە بۆیان دروست دەکرێت، لەگەمارۆی سەرقەندیل و چەندەهای تر


یەکشەممە ٢٠١٠.١٠.١٧
دیموکراسی


ئایا دەکرێت دیموکراسی وەک دیوجامانە بەکاربهێنرێت، کێن ئەوانەی پەنا بۆ فێڵیکی وا دەبەن؟ ئایا دیموکراسی لەچ کاتێکدا مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدات بەدەستەوە؟ لەوەی لەدەرەوە و شوێنی کار و کۆڕ و کۆبوونەوە و کافێتریا و ...وا خۆ پیشان بدەیت کە فوڵ دیموکاسخوازیت و یەکسانیت لێ دەتکێ و دەچۆڕێت؟ هەموو خۆزگەت پێبخوازن تا حەدی بەغیلی پێبردن! وات لێبێت کوژەکەی شین بکەیت بەخۆتەوە، تا بەچاوەوە نەبێت! کەچی لەناوەوەیش دوور لەچاوی خەڵک و زوومی کامێرا هەرچی قسەی کرد بەرشەقی بدەیت و تەمێ و فشاری جۆراوجۆریان بۆ ببڕیتەوە و لێبکەیت؟ بەکفریشی بزانی دۆخێکی نەخوازراوی وا بپەڕێتە دەرەوەی پەرژینەکەتەوە، گوایە قودسییەتی بنەماڵە و خانەوادە لەکەدار دەبێت و خەڵکیان پێخۆش دەبێت و ناویان دەزڕێت..


هەینی ٢٠١٠.١٠.١٥


 (......)
خۆ دەزانم دار هەر دارە
داربەرووش وەك دارخورمايە
بۆ داربەروو زۆرم گوت
هەرچەند بڵێم دوايى نايە!
بۆدارخوورماش 
هەرچەند ئەكەم ديرە شيعرێكم بۆنايە
شیعری: يوسفى حەمەرەشيد


بەپێی ئەوەی کوردستان وڵاتێکی گەورەیە، با باسی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا نەکەین.. تەنها باشوور، من دەپرسم بۆ لەگەرمیان؛بەخانەقین و مەندەلی و بەشێک لەموسڵ و کەرکووک، دارخورمای لێ سەوز نەبووە و نییە؟ ىێگومان هەیە.. کەواتە دەکرێت لەگرێی پاسۆکییە خۆمان دەرباز بکەین کە دەیان فەرموو نەعەرەب ئینسانە نەخوشتر حەیوانە نە خورماش نەباتە!!
هیچ شتێک لەشوێنی خۆی نامێنێت، قابیل بەگۆڕانە، مەبەستی من گەر بڕیارە ناسیۆنالیست بین با ناسوێنالستێکی ژیر و بیر فراوانتربین، نەک بەو تەسکییە کە گوزارشت لەکۆی خاکی کوردستانی باشوور ناکات. دوای ئەوە گەر فراوانتری بکەینەوە بچینە باکوور، کەی لەوێ داربەڕوو زۆرە؟ یان ئەو هیمایانەی باشوور لەگەڵ ئەواندا دێتەوە، هەرچەندە هەموو کوردین.. لەدەرەوەی خۆشمان کەی هەموو عەرەب هیمایان دارخومایە، لوبنان پرتەقاڵ، فڵانی تر زەیتوون، وە هەروەها... بۆ خۆشت شتێک لەمێژووی چێبوونی ناسیۆنالیزم شارەزایت، ناکرێت بەو شێوە سەرەتاییە بڵین ئامین.


هەینی ٢٠١٠.١٠.١٥
هەر لەئۆپۆزسیۆن دەخوێنێت!!


ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی یەکێتی و پارتییە، به‌ئاگاییه‌وه‌ یان بێئاگا، ره‌خنه‌ی رۆشنبیرانی جدیی و ئۆپۆزسیۆن، به‌ پلانگێری تێدەگەن.. ئه‌رکی رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆنیشه‌ که‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک دوژمن وێنا نه‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ناڕێکی له‌ ئه‌دائیشیاندا هه‌یه‌...
-: سەرچاوە ماڵپەڕی سبەی، بابەت: نه‌وت و بێمنه‌تی ده‌سه‌ڵات..نووسەر: محه‌مه‌د خورشید


 پێدەچێت هێشتا لەدنیای خەڵدا مەلە بکات! بەمەرجێک بەردەوام لەهەرێمی کوردستانە، دنیا شامی شەریف نییە!!! دەسەڵات بەتایبەتی لەبەشێکی هەرێمدا هەرکات وازیان لەزۆر دەستکەوت هێنا ئەو کاتە داوایەکی وا(...ئه‌رکی رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆنیشه‌ که‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک دوژمن وێنا نه‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ناڕێکی له‌ ئه‌دائیشیاندا هه‌یه‌...) لەوانەیە گوێبیستی لێبکرێت و .. ئەسڵەن ئەوانە دوژمنی سەرسەختی خەڵکی کوردستانن، ئامادە نیین یەک زەرە بێنە خوارەوە، لەهەوڵی ئەودان دەسەڵاتیان بۆ نەوەکانیان بەجێ بهێڵن، ئەوەی گوێی لێناگیرێت نووسەر و ڕوونکبیران و ئۆپۆزسیۆنە... گەر بەم تەرزە بڕوات، بێگومان چارەنووسیان لەچارەنووسی ڕژێمە ناکوردییەکانی پێشوو باشتر نابێت.. ئەو جۆرە دەربڕینە کە ئۆپۆزسیۆن بخرێتە پاڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و یەکسان بکرێت بەوان، بەیەکچاو سەیربکرێن، نەک بێئینسافییە بەڵکوو تێنەگەیشتنە لەو دۆخەی کە لەهەرێمدا دەگوزەرێت!! هاوکات پاڕانەوە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات دەگەیەنێت!


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٠.١٤
چەواشەکاری نووسەرانی دەسەڵات!


ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، لەسەر مەسەلەی شکات و شکاتکاری لەمیدیا، وا خۆ پیشان دەدەن کە بێگوناهن و ئەی ئەوە نییە ئێمەش بەر هەڵمەتی شکات لێکردن بوونەتەوە!! ئەوانە خۆیان غەشم دەکەن وا دەزانن لەسەر مەریخ دەژین، کاتێک میدیای ئازاد بەخۆیان یەکسان دەکەن، بەحساب ڕیز لەیاسا دەگرن و میدیای ئازاد بەپێچەوانەوە.. بەڵام خۆ لەوە نادەن کە میدیا ئازاد لەسەر ئاشکارکردنی ڕاستییە جۆراجۆرەکان محارەبە دەکرێت و دەیانەوێت تەقلە بەو یاسایە لێبدەن کە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، زۆڵانە پێچی پێدەکەنەوە و دێن پەنا بۆ یاسای عقووباتی عێراقی دەبەن!!
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، بابەتی میدیاو شکات


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.١٣


مه‌پرسه‌ نیشتیمانه‌كه‌ت چیت بۆ ده‌كات؟؟ له‌خۆت بپرسه‌ چى بۆ نیشتیمانه‌كه‌ت ده‌كه‌یت!!؟ ئەفلاتوون


ئەی ئەگەر کێشەی نەتەوەیت نەبوو؟ یان وەک باشوور کەمبووبێتەوە و لەدەسەڵاتدا بیت، چی؟
ئەوە قسەی هەر کەسێک بێت، لەوە ناگۆڕێت کە خۆشەویستی نیشتمان و یان هەر مەسەلەیەکی دی، نابێت بەڕەهایی وەربگیرێت.. لای فڵان تۆخە و لای فلانی تر کاڵ..کەواتە مەرج نییە، ئەوەی بەڵای تۆوە دروستە بەڵای کەسێکی ترەوە دروست بێت.. ئەمە ئەسڵی مەسلەکەیە.. ئەو دۆخەی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان خولقاندوویانە وای کردووە لەزۆر خەڵک کردووە پەیشمان بن لەوەی مناڵ و کەسوکارەکانیان لەخەباتی چەکداریدا گیانیان بەخت کردووە پەشیمان بن، بۆ ئەوە بوو بنەماڵەی مەلامستەفا و فڵان بنەماڵەی تر بێتە سەر دەسەڵات و حوکمی دیکتاتۆری خۆیان بسەپێنن.. جا ئەمە وانەیەکە بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور کە لەدواڕۆژی ئازاد بوونیاندا لەوانەیە بەدەردی یەکێتی و پارتی بچن و خراپتریش .. ئەی ئەوە نییە هەر لەئێستاوە ئەحمەد تورک دەڵێت خۆمان چاک نەکەین بزووتنەوەیەکی گۆڕانیش لەئێمە پەیدا دەبێت... بەمەرجێک ئەوانە خەباتی سڤیل لەناو خۆی وڵات دەکەن...
کاتێک هەر مرۆڤێک ئامادەی خزمەتە کە حکومەت و دەسەڵات دیموکراسی بن، ئەو دیموکراسییە درۆزنانەیە نا کە لەدەرەوە بەزەبری سەربازی ڕۆژئاوایی هاتووە، و پێشکەش کراوە، لەسەر تەزویر بەندە، لەژێر فشاری جۆراوجۆریشدا بەئەنجام گەیشتووە.. بەوەش دیموکرسی ڕسوا کراوە... ئەوەندەی بزانم فینلاند و هەرێمی کوردستان قابیلی بەراورد نییە


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.١٣
میدیای ئازا و ئازاد


ئەوە بەڕێزە : قەرەنی قادری بەشێک لەدەربڕینەکانی لەشوێنی خۆیدا نییە، وا هەست دەکەم هۆکەی ئەوە بێت کە مووچەخۆری یەکێک لەحیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بێت.. ئەگیان ئەوە بێنینسافییەی نەدەکرد و بەو شێوەیە باسی لەمیدیای ئا...زاد نەدەکرد.. گوایە بەبێ بەڵگە تۆمەت دەدەنە پاڵ فڵان وەزیر و فیسار وەزیر... هەر خەریکی پیشاندانی کەموو کوری دەسەڵاتن.. بۆ ئەوە نازانێت وەک ئەزموونی خۆی لەو ماوەیەیەی لەوێ کار دەکات، دەسەڵات چییان هێشتۆتەوە تا میدیای ئازاد باسی چاکەیان بکات؟! بەداخەوە ئەوەندە سەرەکۆنەی میدیای ئازاد کرد نیو هێندە باسی خراپە میدیای دەسەڵات و موچەخۆرە بەکرێگیراوەکانی کە ناسراون بەمیدیای سێبەر کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دروستی کردوون بۆ دژایەتی کردنی میدیای ئازا و ئازاد!!!! ئەو بەرنامەیە نوقسانییەکەی لەوەدا بوو کە کەسێکیان لەمیدیای ئازادەوە نەهێابوە قسە!!!
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ڕادیۆ زایەڵە. گفتوگۆی ڕادییۆیی لەسەر ڕۆژنامه‌وان ده‌بێت دوور بێت له‌ ده‌سه‌ڵات!


سێشەممە ٢٠١٠.١٠.١٢
جامانە سوور


جه‌مانه‌ی‌ هه‌ركییه‌كان ره‌ش‌ و سپییه‌.. ئه‌وان ئه‌مڕۆ جه‌مانه‌ی‌ سور له‌سه‌ر ده‌نێن به‌یانی‌ له‌وانه‌یه‌ جه‌مانه‌یتر له‌سه‌ر بكه‌ن واته‌ به‌رژه‌وه‌ندیخواز و ئینتهازین هه‌شه‌ دزداشه‌ له‌به‌ر دەکەن و عەگاڵ لەسه‌ر دەکەن...
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ئاوێنە، چاوپێکەوتنی مه‌حموود ئاغاهەرکی


ئەو دیاردە قێزەوەنە برینەکان دەکولێنێتەوە: کۆن ژمارەیەک خەڵک لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون لەبەر ئەوەی دەرنەکرێن، وازیان لەکوردبوونی خۆیان دەهێنن دەبنە عەرەب.. ئێستا لەوانەیە فشەمان بەسەردا بکەن، لەژێر جۆرەها بڕوبیانوو!! لەسەردەمی ئازادیدا ئەو رەفتارە بەجۆرێکی تر درێژەی هەیە...ئەوسا گریمان لەژێر فشاری عەرەبدا بوو بێت، ئەی ئێستا لەژێر چ فشارێکدایە؟!


شەممە ٢٠١٠.١٠.٩
فێڵی گێلانەی پارتی!


ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مان له‌ هه‌وڵی‌ دامه‌زراندنی‌ كه‌نالێكی‌ سه‌ربه‌خۆین، بۆئه‌وه‌ی‌ دانیشتنه‌كان بۆ هه‌مولایه‌ك بگوزاێته‌وه‌...
-: کەمال کەرکوکی سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنە



کردنەوەی کەناڵێکی دی، نابێت بەهیچ جۆرێک سەر بگرێت، فێڵێکی تری خۆ دەربازکردنە، نەک چارەسەر بەڵکوو گۆڕینێکی ڕووکەش دەبێت، چوونکە هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت، ئەوانە ئیێستا و داهاتوو لەو کەناڵەدا دادەمەزرێن میدیاکارانی بەکرێگیراوی پارتی و یەکێتی بوون و دەبن، ڕاستگۆ نابن لەگواستنەوە و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ناو پەرلەمان.. ئەم تەرحە وەڵامیکە بۆ ئەو داوایەی ئۆپۆزسیۆن کە دەبێت ڕاگەیاندنەکان بەئازادی بتوانن دانیشتنەکانی پەرلەمان بگوێزنەوە..


شەممە ٢٠١٠.١٠.٩
هەڵەی نووسەرێکی فارس


عراق؛ بهای کلیدی که در دست کردهاست بەکوردی دەکاتە : نرخی ئەو کلیلەی بە دەست کوردانەوەیە.
وتاری نووسەرێکی فارس بەناوی مهرداد فرهمند لەماڵپەڕی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی بی بی سی بەشی فارسی بڵاوبۆتەوە.

ئەو وتارە، لەچەند شوێندا هەڵەی زەقی کردووە، زانیارییەکانی کۆنن و ناڕاستن.. بەتایبەتی کە باس لەلیستی کوردستانی دەکات، گوایە ئەوەندە کورسیان هەیە، بیئاگایە کە ئیستا فراکسیۆنی کوردستانی هەیە.. هاوکات زانیاری لە سەر بنەماڵەی حەکیم و هەڵویستیان لەبەرانبەر کورد باش بووە و فەتوا و حەرامی شەری کوردیان لەزەمانی مەلا مستەفادا کردووە.. زۆر هەڵەیە، لەسەردەمی شۆڕشی نوێ ئەو فەتوایە دراوە ئەو کاتەش مەلا مستەفا کۆچی دوایی کرد بوو...چەند خاڵی تر....


هەینی ٢٠١٠.١٠.٨
فلیم


 فلیمی فەیلەق یان بەتالیۆن باس لەململانێی نێوان فریشتەی خێر لەگەڵ فریشتەی شەر لەسەر مناڵێک کە هیوای مانەوەی مرۆڤایەتی پێوەبەستراوە. 
سەرەتا و کۆتایی فلیمەکە بەمشێوەیەیە:
کچێک باس لە ژیانی خێزانی خۆی دەکات، کە دایکی لەمناڵیدا هەموو شەوێک پێش نووستن پێی دەڵێت: دڵت بۆ خوا بکەرەوە لەبەر ئەوەی میهرابان و دادپەروەرە..بەڵام دوای بەجێهێشتنی باوکی ئەرکی پەروەردە و گەورەکردنی دەکەوێتە دەستی براکانی لەنزیک بیابانێکەوە، ئیتر لەبارەی میهرەبان و دادپەروەری خواوە قسەیەک نامێنێت، باس لە پێشبینی بۆ دواڕۆژ و چارەنوسی مرۆڤایەتی دەکرێت کە بەرەو تاریکی دەڕوات. جارێک لەدایکی دەپرسێت بۆ خوا وا لێهاتووە و بێرەحم بووە؟ بۆ هێندە لەمناڵەکانی توورەیە؟ لەوەڵامدا دەڵێت" نازانم! بەڵام لەوەدەچێت لەو هەموو درۆیە بێزاربوو بێت .

زانیاری زیاتر:
ناوی ئۆرژیناڵی فلیم: The Legion 2010
دەرهێنەر: Scott Stewart 
نوسین و سیناریۆ: Peter Schink و Scott Stewart
ئەکتەر: Paul Bettany و Lucas Black و Tyrese Gibson و Adrianne Palicki
جۆر: فەنتازیا، توندوتیژی
ماوە: ١ کاتژمێر و ٣٦ خولەک
ڕیکلامی فلیم


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٠.٧
فلیم

پەیامبەر یان پێغەمبەر، ناوەکەی بەفینلاندی (Profeetta) ٢٠٠٩
بوختەی فلیم:
سەرەتای فلیم لەژووری زیندانێکەوەیە، کەسێک بەبۆڵەبۆڵ دەکەن بەژووردا، پارێزەرێک واژوو بەپاڵەوانەکە دەکات. شەش ساڵی بۆ بڕاوەتەوە، ژیان لەگەڵ خەڵکانی شەرانیدا دەباتە سەر بۆیە تەئمینی تەندروستی بەپێویست دەزانێت بۆی.. لەنێو زینداندا بەرەوڕووی هەڵویستی ناجۆر دەبێتەوە، وادەزانێت دەتوانی بەسەربەخۆیی بمێنێتەوە لەبەرانبەر کێشەکاندا، تووشی دەبێت بەتووشی سەرکردەی مافیای کۆرسیکیەوە..فەری دەکەن بەمەبەستی کوشتن خۆنزیک بکاتەوە، گەر نەیکوژێت دەیکوژن.. نازانێت زیندانەکە مافیا دەیبابەڕێوە..
لەکوشتنی کەسی دیاریکراو سەرکەوتوو دەبێت. بەڵام وەک مۆتەکە زوو زوو دەردەکەوێت!
پاڵەوانەکە بەدوو زمان (فەرەنسی و عەرەبی) دەپەیڤێت و لەهەتیوخانە گەورە بووە، نەخوێندەوارە..
سەرەڕای قبووڵ کردنی وەک خزمەتکار لەبەر عەرب بوونی جنێو دەخوات ڕووبەڕووی هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانە دەبێتەوە..
بەهۆی بڕیاریکەوە مافیاکۆرسیکییەکان بەشێکیان ئازاد دەبن، بەهۆی تێکەڵبوونەوە فیری زمانەکەیان دەبێت..
شوێنی زیندانەکەی دەگۆڕێت بۆ باشتر، دەبێتە زیندانییەکی نموونەیی تەنانەت مۆڵەت چوونە دەرەوەی زیندانیشی بۆ دەکەن...لەزووربەی ئەو کارانەی پیی دەسپێررێت سەرکەوتوو دەبێت، وای لیدێت پییەکی لەدەرەوە پێیەکی لەزیندان..هاوکات کاریش بۆ خۆی دەکات..
لەکۆتاییدا دەداتە پاڵ گرووپی مافیای عەرەبەکانی زیندان و دەبێتە سەرۆکیان، لەکابرای مافیایی کۆرسیکایی هەڵدەگەڕێتەوە، دواتر ئازاد دەبێت....
زانیاری زیاتر:
ناوی ئۆرژیناڵ بەفەرەنسی: Un prophète ٢٠٠٩
دەرهێنەر: Jacques Audiard ١٩٥٢
سیناریۆ: Jacques Audiard و Thomas Bidegain
ئەکتەر: Tahar Rahim ١٩٨١ و Niels Arestrup ١٩٤٩
جۆر: دراما و کوشتبڕ
ماوە: ٢ کاژمێر ٢٩ خولەک
زمان: فەرەنسی و عەرەبی ریکلام


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٦

پارتی و کۆماری ئیسلامی یەک قوماشن!



قسەی دڵی دوژمنانمان لەسەر زمانی ئێوەی رۆژنامەنووس دەبیستین و پێدەگات.. میدیای ئەهلی هەرێمی كوردستان بەداردەستی ئیسرائیل دەزانین..
-: سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر.. لەگۆڤاری لڤین ژمارە ١٤٠ وەرگیراوە. 


مەبەست لەهێنانەوەی ئەو نموونانە لەپەیڤی ئەو جەنابە ئەوەیە، کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆنی هەولێر دهۆکی داگیرکردووە، هەمان دیدیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازا و ئازاد و ئەهلی هەیە!! ئەو دووانە ئاو بەئاشێکدا دەکەن، قابیلی قبووڵ نییە.. ئەوەیش دەسەلمێنێ دیکتاتۆرەکان هەرچەند ناکۆک بن بەڵام لەدژایەتی کردنی ڕاستگۆیی قەلەمەکاندا شەریکە بەش و هاوبەشن. ئیتر پەیوەندی بەدووری و نزیکی ناوچە و سنوورەوە نییە.

چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٦
دایلۆگی ئیسلامی!



لەڕاستیدا من وەک خۆم شتێکی نوێم تیا نەبینی، تەنانەت بەنەفەسێکی رەخنەیی وا دەپەیڤێت لەسەر ئەو گۆرانکاریانەی کە بەسەر گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی کوردی هاتووە، وازیان لەتوندوتیژی هێناوە، کە بەلای زۆرێک لە ڕووناکبیران و ئیسلامناسانەوە هەنگاوێکە بەئاراستەیەکی و باش و  پۆزەتیفدا، نەک بەرەو خراب بوون..
باس لەرەسەنبوونی ئەو تەوژمانە دەکات، ئاخر بەچ هەڵسەنگاندنێک، ئەگەر تەریقەتەکانی مەبەست بێت، ئەوە ڕێی تێدەچێت، کە کورد ئیسلام بوونیشی بەڕێگای خۆی قبووڵە، بەو شێوەیە دەیبینێت و کە لەگەڵ هەڵومەرج و ژینگەیدا بێتەوە، مۆری خۆی لێداوە لەوەی ئیسلامە عەرەبەکان ناچێت، بۆیە دەوترێت ئێمە خواشمان لەگەڵ نەتەوەکانی تردا جیاوازە بەتایبەتی عەرەبەکان کە داهێنەری ئەو ئایینەن...
-: بەدواداچوونێکە بۆ بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنێکی عادل باخەوان لە ماڵپەری خەندان

چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٦
کوردستانی ڕۆهەڵات، پەناهەندە!

-: ... لەم هەرێمی کوردستانە، بەنگلادشی زۆر رێزی لە ئێمەی کوردی ئاوارە ڕۆژهەڵات زیاترە...
-: ... برا بەشەرفی هەرچی ئینسانه، راست دەکات و بۆ خوم بەسەرم هاتووه کوردی چی و کشکی چی ئەگەر لەکوردستانی باشوور رزگارم بێت قەت ناڵێم کوردستانی باشوور هەر شمالی عێراق پر بەپیستیەتی..
 پەیفی دوو پەنابەری کوردستانی ڕۆژهەڵات  نیشتەجێنی هەرێمی کوردستان.
-: لەماڵپەڕی ڕۆژهەڵات تایمزەوە وەرگیراوە.

کە ئۆپۆزسیۆن دێتە قسە لەسەر زۆر مەسائیل، بەداخەوە بەشێک لەڕۆژهەڵاتییەکان ئیتر لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت بەرگری لەدەسەڵات و حیزبەکانی هەرێم فەوزا و بێسەربەرەیی ئەوان دەکەن.. کوردایەتی چی و تەرەماشی چی!!
دروستە، بەڵام ئەو دەسەڵاتدارانە قابیل پشتیوانی نیین، ئۆپۆزسیۆن لایەنی کەم بەرگری لەمافی مرۆڤ دەکات و خوازیاری سیستەمێکی لەمە مۆدێرن ترە، شمولی هەر کەسێک دەکات بێجیاوازی کە نیشتجێی وڵاتەکە بێت... من جەرگم دەسووتێ بۆئەو ڕۆژهەڵاتیانە، چارەی ئەسڵی دەکەوێتە سەر خۆیان کە خۆشبەختانە دەستیان بەناڕەزایەتیکردن کردووە، وەک لەڕاگەیاندنەکاندا دەردەکەوێت...
خاتروخۆتری نەگەرەکە گەر بەڵگەت لەسەر شتێکی وا (.. پێیان وایە ئۆپۆزیسیۆنیش لە بەر دەوڵاتانی داگیرکەری کوردستان و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران گرینگی بە کوردە پەنابەرەکان لە بەرنامەکانی خۆیدا نەدا..) لەکێ دەترسن بیخەنە ڕوو، ئەگەر واش نەبێت ئەوە دەچێتە خانەی ناڕاستگۆیی و بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕاوەستانە لەتەنیشت دەسەڵات، منەتی تێدا نییە، ڕاگەیاندی ئازاد هەیە لەخواش ناترسێت بەڵگەکان گەر پڕکێشی بڵاوکردنەوەی دەکەن ، بیدەنە ئەوان...
کوردایەتی ئەو دوو حیزبە، بەتایبەتی پارتی بەیەکفلس قەڵب ئەوەی یەکتۆز وانێک.. بێت لەباشووردا ناکرێت.. کوردایەتی کوردانی ڕۆژهەڵات سەرسەر و چاوە و قابیلی پشتیوانییە..


دووشەممە ٢٠١٠.١٠.٤
دیموکراسی و ئازادی بیروڕادەربڕین!


ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ئازا، دەستیان بەکڵاوی خۆیانەوە نەگرتووە، یان وشترمرخئاسا سەریان لەنێو لمی بیاباندا نەشاردۆتەوە، تیشک و فلاشیان درەوشاوەیە و لەسەر پێیە، وەفادارن بەپەیامی رۆژنامەنووسی خۆیان، ئەوانە لەپێناو هەر مەبەستێکی مرۆڤدۆستانە جوان بسووتێت، شەوق دەدەنەوە و دەبنە جێی نەزەر و سەرنجی هەموو لایەک، بۆیە دەسەڵاتدارانی بەشێک لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەر لەکۆنەوە نوێنەرایەتی باڵی دواکەوتووی کۆمەڵگایان کردووە، وەک مۆتەکە و خەوی ناخۆش دەیانبینن، لەهەوڵی ئەوەدان بەهەر نرخێک بووە، دەمکووتیان بکەن...


یەکشەممە ٢٠١٠.١٠.٣
کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزب!


ئێمه لەگەڵ ئەوەنیین ئەمەریكا هێرش بكاته سەر ئێران، بەڵكو دەبێت خەڵك و هێزی پێشمەرگه رژێم بڕوخێنن. ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە.. گۆڤاری لڤین؛ی ژمارە ١٣٨ ەوە وەرگیراوە..
ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات وانە لەمێژووی نزیکی عێراق و کوردستانی باشوور وەرناگرن!! لەم جۆرە دەربڕینانە لەلایەن سیاسییە کوردی و عەرەبییەکانەوە زۆر وتراوە، سەرئەنجام هیچیان بۆ نەکرا ئەمەریکا هات و سەدامی دیکتاتۆری لابرد..قسەیەک گەر جێنەگرێت نەکرێت باشترە... دوای ئەوە بەداخەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنە فارسەکان ئەوە بڵێن ئێ بەهەر حاڵ، بەڵام هەموو دەزانیین ئۆپۆزسیۆنی کوردی لەچ دۆخێکدان، ئاخر بەو پەرتییە چۆن دەتوانن کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن؟!


شەممە ٢٠١٠.١٠.٢
مەرگی حەمەجەزای گۆرانیبێژ و ژینگەی پاک!


بەداخەوە ئەوەی حەمەجەزای گۆڕانیبێژ ئاواتی بۆ دەخوات کە هەوا و ژینگەی هەرێمی کوردستان پاک و بێگەردە و بەڵکوو ببێتە چارەسەر و شیفای نەخۆشییەکەی، وا نییە، هیوا و ئاواتێکە تا ڕادەیەکی زۆر لەشوینی خۆیدا نییە! بەپێی ئاماری دەزگاکانی تایبەت بەژینگە لەهەرێمەکەدا، نەک بێگانە ناحەزەکان، هەرێمی کوردستان ژینگەی نەک پاک نییە بەڵکوو زۆر پیس و ناتەندروستە، هەموو شاهیدی ئەوەین وڵاتەکە تا چەندی سەوزاییە و چەندی وشکاییە؟ یان ئەو تەپوتۆزە زۆرەی کە هاوینان چەندەها جار دەدات بەسەر ناوچەکەدا؟ ئەو هەموو کارگە و کارخانانە و ئۆتۆمبیلانەی بێ هیچ فلتەرێک زەهر بڵاودەکەنەوو.. هەزار سڵاوی لێبێت بەداخەوە وڵاتەکەی هەتا بێت لەزۆر لایەنەوە نەک بەتەنها ژینگە، زۆر خراپ بەرەو پیسی دەچێت....
بەداخەوە نەک یارمەتی زیاتر مانەوەی نەدا بەڵکوو مەرگی خێراتر کرد، دەبوایە لەئەورووپا بمایایەتەوە، لایەنی کەم ژینەگەی ئەوێ لەهەرێمی کوردستان پاکترە...رۆحی شاد بێت...


شەممە ٢٠١٠.١٠.٢
دیموکراسی، ئازادی ڕادەربڕین


ئایا درێژی تەمەنی مرۆڤەکان پەیوەندی بەجۆری سیستەمی ئیداری فڵان و فیسار وڵاتەوە هەیە؟ بۆ لەو وڵاتانەی کە سیستمی دیموکراسی زاڵە، مرۆڤەکان تەمەنیان زیاتر و زۆر تر دەژین و لایەنی کەمی تەمەن و مردن لەسەرو حەفتا ساڵییە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە پێچەوانەیە ئازادی بیروڕا کە ڕوکنێکی بناغەیی سیستەمی دیموکراسییە، دەگمەنە و زۆر جار لەنرخی نەبواندایە، هەرچەندە لەوانەیە لەچەند لەوڵاتانە ئاستی گوزەرانی تاکیش بەرز بێت کەچی تەمەن و ژیان تێیدا کورت و زوو مردن و پیربوون فرە زۆرە؟


هەینی ٢٠١٠.١٠.١
کۆمۆنیستی کرێکاری و چەپ! 


بەدواداچوونێکی خراپ نییە، بەڵام کەی لەئێستادا کێشە ئەو گرووپانەن کە زووربەیان لەبناغەوە لەپەراوێدا بوون..بەڵام نووسەر ئاماژە بەچەند رووداو دەدات، وا نییە بەتایبەتی کوشتنی دوو کۆمۆنیستە کرێکاییەکەی هەولێر کە بەئەسڵ کەرکووکی بوون، گەر هەولێری بوونایە وایان بەسەر نەدەهێنرا..
ئەوەی کە کۆن سەرجەم یاریکەرانی بزووتنەوەی چەکداری کوردی باشوور خۆیان بەچەپ زانیوە، لەوە نەهاتووە کە ئەوان خۆیان ئارەزوویان لێبووە بەڵکوو هەلومەرجی جیهانی و جەنگی سار فەرزیکردووە.. دۆخێکی واش تایبەت نەبووە بە کوردەوە، بەڵکوو زووربەی گرووپ و میللەتە ژێردەستەکان مەیلیان بەلای چەپدا زیاتر بووە وەک لەتەوژمەکانی تر..
-: بەدواداچوونێکە لەسەر وتارێکی بەڕێز عه‌زیز ره‌ئوف


هەینی ٢٠١٠.١٠.١
بەعس لەبەرگی کوردیدا!


سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووس و خوێندکاریان تیرۆرکرد، لەژێر فشاردا هاتە پای لێکۆڵینەوە، پاشان وایان کرد ناسنامەی تیرۆریستیان خستە پاڵ! ئەمە ڕێک ڕووداوە ناخۆش و قزەوەنەکانی بەعسییە داگیرکەرەکانمان بیردەخاتەوە؛ گەنج و خەڵکە ئۆپۆزسیۆنەکەیان دەکوشت، پارەی گوڵەکانیان لەکەسوکارکەی دەسەندەوە، یان بەبەرچاویانەوە ڕەمیان دەکرد و دەبوایە چەپڵەیان لێدایە، یان گەنجی بێتاوانیان لەخۆڕایی دەکوشت دەچوون نارنجۆکێکیان لەتەنیشت لاشەکەیەوە دادەنا، گوایە پێشمەرگەی ناوشارە، هاتووە بۆ کوشتنیان.. یان سەدەها سەربازی ڕاکردوو لەجەنگیان گوێ بڕی... ڕووی بەعس لەبەشێک لەهەرێمی کوردستان رۆشنە...


هەینی ٢٠١٠.١٠.١
فلیم


بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٩ فلیمێکی درامی و ئاکشن و توندوتیژی و پڕ جووڵەیە، ڕووداوەکەی باس لەڕفاندنی شەمەندەفەرێکی ناو مێترۆ دەکات لەلایەن چەند کەسێکەوە، مەبەستیان بەدەستهێنانی پارەیە، لەو پێناوەدا ژیانیان لەدەست دەدەن.. 
ناوی ئۆرژیناڵی فلیم: Taking of Pelham 123 
دەرهێنەر: Tony Scott
ئەکتەر: Denzel Washington و John Travolta 
نووسەر: John Godey 
سینارۆ: Brian Helgeland 
ماوە: ١کاتژمێر ٤٢ خولەک
ڕیکلامی فلیم

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق