خەمی ڕۆژانە، شوبات 2010

عەباس شوان - AbasShiwan
پارتی چارەسەری دیموکرات، گێلاندن!!
شەممە ٢٠١٠.٢.٢٧

سەیری ئەم مناڵبازارەی پارتی چارەسەری دیموکراتی سەر بە PKK بکەن، فەقیرانە هیچ قورساییەکیان لەهاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە، ناشیانەوێت ڕاستگۆیانە هەڵوێستی خۆیان ساغ بکەنەوە، بەتەمای یاری گێلانەن، گوایە وەک سەرەتا ڕایانگەیاند دەنگ دەدەن بە کاندیدەکانی حیزبی زەحمەتکێشانی قادر عەزیز کە لەنێو هاوپەیامنی کوردستاندان!
باسیش لەچەند کادیدی سەر بەلیستی گۆڕان دەکەن، کەچی ویستوویانە مەرجەکانیان لەگەڵیاندا تاوتێ بکەن، سەرکردیەتی گۆڕان وێڵی کردوون.
یەکێک لەسەرکردە سەربازییەکانی PKK باسی لەهەڵوێستی پۆزەتیڤانەی دکتۆە مەحمود عوسمان کردووە، کە ئەویش سەر بەلیستی هاوپەیمانی کردستانە! ئەم یارییەی نەشیش بسووتێ نە کەباب، هاوکات دروستکردنی گومانە لەسەر چەند کاندید بەوەی مەرجی ئەوانیان پەسەندکردووە، وا پیشان دەدەن کە ئەوانە سەر بەوانن PKK!!

کۆمێنت لەسەر هەڵبژاردن
پێنجشەممە ٢٠١٠.٢.٢٥

لەماڵپەڕی ستاندار پرسیارێک بەم شێوەیە هاتبوو: (بەپەنجەی‌ خۆت كام لەلیستەكانی‌ كوردستان دەنگێكی‌ زۆر بەدەست دەهێنێت؟ )وام نووسی:
هەقم بەسەر عێراقەوە نییە، کامیان زۆرترین دەنگ دەهێنن. بێگومان کاندیدەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، وەک چۆن لەپەرلەمانی کوردستان بینیمان، بەرگریکارێکی شێلگیری داخوازییەکانی خەڵکی کورد دەبین.
لەدوای ڕاپەڕینەوە خۆشمان بوێت یان ترش پێ میم ئەو پیرۆزییەی لەدەستداوە. ئیتر بۆ خۆمان هەڵە بکەین!!؟ پارتی و یەکێتی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان ناوی پێشمەرگەیان پیسکردووە! ئەسڵ ئەوەیە کاتی پیرۆزی ناوی و کاری پێشمەرگە دەبوو کە ناوی پێ میم نەمایە و دوای ڕزگاری سوپا و سەرباز بهاتایەتە کایەوە، نەک وەزارەتێک بکرێتەوە بەناویەوە، شەر لەگەڵ عەرەبی عێراقی بکەن لەسەر تەسپیت کردنی ناوی پێ میم.
مەسعودبارزانی، لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە قسەی کردووە، گوایە سوکایەتی پێکراوە و بەمیلیشیا ناوبراوە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە جێیان نابێتەوە لەکوردستان!
بەڵام ئەو قسەیەی خۆی چەند جار بەزاندی هێڵی سوورە، ئەو بەچ هەقێک خەڵکی کوردستان دەردەکات؟ بەس پێدەچێت لەوکاتەدا بیری چووە کە سەرۆکی هەرێمێکە، دەبێت هاوڵاتیانی هەرێم بەباش و خراپیانەوە بەچاوێک سەیر بکات. یاسا سەروەر بێت لەو کێشانەدا!

هزر
شەممە ٢٠١٠.٢.٢٠

عەرەبێکی موسڵمان یان هەر موسڵمانێکی توندڕەو، ئەوەندە کەلەپووت بێت، لووتبژەنێتە وردودرشتی ژیانی خەڵکی لەچوونە ئاودەستەوە تا سەرجێگای نووستن، و حاکمیکی تورکی یان مالیزی یان موسڵمانێکی هندی چەند قات پێ باشتر بێت وەک لە کوردێک، و قبتییەک، و کریستان، و ئێزیدییەک....! ئەمە لەکاتێکدا ئەوانە هاوڵاتی ئەسڵی نیشتمانەکەن!!!!

هزر
هەینی ٢٠١٠.٢.١٩

دیدێک لەنێو ژمارەیەک خەڵکیدا هەیە کە جۆرێک لەگومان و دوو دڵی لەبەرانبەر ڕۆژئاواییەکاندا دەردەبڕن، بەوەی بنەما بنەڕەتییەکانی ڕووناکبیری و مەعرفی لەنێو خۆی وڵاتەکانیاندا پراتیک دەکەن، بەپێچەوانەدا لەبەرانبەر ئەوی دیدا مەبدەئەکانی هەق و دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی برایەتی لەبیر دەکەن. زاراوەی میللەتانی بەربەری و شار...ستانی بۆ هەریەکەیان بەکاردەهێنن. لەسەر ئەو دووڕووییەوە پرسیارێک سەری هەڵداوە، بەم شێوەیە:
نازانیین شارستانییەتی ڕۆژئاوایی بۆ هێندە بیمۆراڵ و دواکەوتووە، لەکاتێکدا لەبواری زانست، پزیشک و ئاسمانگەری و تەکنەلۆجیا و ... لەوپەری پێشکەوتندایە؟!

هزر
سێشەممە ٢٠١٠.٢.١٦

ئایین، سنووری هەیە؟ ئەگەر هەیەتی، قبیلی شکاندنە؟ چۆن چۆنی؟ ئایا بەگومانکردن ئەو کارە دەکرێت؟ یان بە چاوخشاندنەوە و بیرلێکردنەوە و بەهاڤپەیڤین کردن لەسەری، سنوورەکان و دەرگا و پەنجەرە داخراوەکانی دەکرێنەوە، بەمەش ئایین جوانتر دەردەکەوێت.

هەر کەسێک هەوڵێکی لەو جۆرەی دابێت، تەنانەت گەر دیدی لەو جۆرەشیان وەرگێڕابێتە سەر زمانی خۆیان، کەوتۆتە بەر نەفرەتی ئسووڵییەکان، ئاوارە کراون، لەئەورووپا و ئەمەریکا گیرساوەتەوە، بەوەیش مەدالیای قوربانیانی عەقیدە و بیروڕایان داوە لەیەخە!! نموونەیش مەریوان هەڵەبجەیی و ..

سزای لەسێدارەدان
سێشەممە ٢٠١٠.٢.١٦

لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، پێویست دەکات، لیستی گۆڕان دەستپێشکەر بێت بۆ تەرحکردن و گۆڕینی سزای لەسێدارەدان. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بۆ ٩٢٥ کەس حوکمی لەسێدارەدان دەرچووە، بەڵام لەسەر ١٢٢ یان جێبەجێ کراوە. لەوانە ٧٩ کەسیان بەر ساڵی ٢٠٠٩ دەکەوێت.

ڤالانتاین
یەکشەممە ٢٠١٠.٢.١٤

ڕۆژی ڤالانتاین ناوی زۆری لێنراوە: عەشق و دڵداری و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی، هاوڕام لەگەڵ فینلاندییەکاندا کە ناوزەدیان بەڕۆژی هاوڕێ Ystävänpäivä کردووە، تەنها هاوڕێیەتی لەهەموویان دروستترە چوونکە، هەموو کەس عاشق نییە و عەشقی نەکردوە، بەڵام هاوڕێیەتی کردووە.
بەڵام ئەم ڕۆژە زۆر جیهانییە، هەموو کەس بەپیر و گەنجەوە، ئیتر لەهەر وڵاتێکی دنیا یان لەسەر هەر ئایینێک بێت، بەهی خۆیان دەزانن، بۆیە زۆر جیاوازە! لەئايینی باوباپیرانی کۆنمان زەردەشتی ڕۆژێک بۆ خۆشەويستی دياريکراوه...

چ کارئاسانی بۆ دەنگدەڕ کڕاوە؟
شەممە ٢٠١٠.٢.١٣

هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێکرد، بەمەبەستی ئامادەکاری و بەشداری کارای خەڵکی دەرەوەی وڵات لەو پرۆسەیەدا، چوون بەرەو سندوقی دەنگدان، تەنها ئەوه‌ بەس نییه‌ که‌ بەخەڵکی بوترێت و هانبدرێن بۆ ئەو کاره‌. بۆ نموونه‌ بەهۆی کەمکاری کۆمیسیۆنەوه‌ لەزۆر وڵات بنکەی دەنگدان ناکرێتەوه‌، لەوڵاتی ئەسکەندافی تەنها لەسوید بنکه‌ دانراوە، کەواته‌ دانیشتوانی فینلاند و وڵاتانی نزیک دەبێت بچنە ئەو وڵاتە، بۆیه‌ هەر شاره‌ پاس دەگرێت و بەپاپۆر دەپەرنەوە، لەوێوه‌ دەچن بۆ نزیکرترین بنکەی دەنگدان، ئەو چوونه‌ لەسەر هەر هاوڵاتی و  گۆرانخوازێک زۆر دەکەوێت و تێدەچێت، ئەمە لەکاتێکدا باری دارایی زۆریان باش نییە.

بەپێی قسەی هەڵسووڕاوێک بۆ کارئاسانی و ئەو مەبەستە داوایان  له‌کوردستان بۆ پاره‌ کردووە، لەوەڵامدا کەسێکی وەک حه‌مەتۆفیق رەحیم وتوویەتی نییه‌، یان لەلابەلاوە وتراوە، ئەو پارانەی بۆ چوون سەرفی دەکەن کۆیبکەنەوە و بنێرنەوە بۆ ئێمە، ئەوەیش مانای ناگرنگ دیتنی هەوڵی رەوەندی کوردی بۆ گۆڕان! هاوکات وتراوە، بزووتنەوەی گۆڕان کەمدەرامەته‌ و ناتوانێت پاره‌ بۆ چوونی ئەو جەماوەره‌ خەرج بکات. کەواته‌ ئەوەی که‌ بزووتنەوەی گۆڕان دڵی پێخۆش دەکات بەوەی دەرەوەی وڵات هەموو لەگەڵیدان، دەتوان هاوکێشەکە بەبەرژەوەندی بشکێتەوە وادەرناچێت. دەنگێکی زۆر دەفەوتێت!

شایەنی وەبیرهێنانەوەیە، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بزووتنەوەی گۆڕان زۆر ناڕازی بوو کە خەڵکی دەرەوەی وڵاتیان لەدەنگدان بێبەشکران، کەچی وەک دەردەکەوێت لەم هەڵبژاردنەدا، ئەو کەموکوڕییە چارەسەر کراوە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان، خەمساردی دەنوێنێت!!

بزووتنەوه‌ لەسەنتەرەوه‌ (کوردستان) لەوانیه‌ وەک حیزبه‌ دەسەڵاتدارەکان نەتوانێت، پاره‌ بۆ کارێکی وا خەرج بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەنگدەرانەی که‌ دەبێت بچنه‌ وڵاتی دووهەم بۆ دەنگدان لەبەر ئەوەی حالەتێکی ئیستسنائییان هەیه، پێویستە کارئاسانیان بۆ بکرێت و پارەیان بۆ سەرف بکرێت.

نابێت ئەوە بشاردرێتەوە ‌هەوڵ و کۆشش کراوە، بۆ پەیداکردنی ئەو مەسرەفە، تەکلیف کراوه‌ و دەمی یەکدوو دەوڵەمەندی لایەنگری گۆڕان تاقیکراوەتەوه‌، بەڵام بەداخەوە خۆیان لەژێر ئەو بارەدا بەهەر بیانوویەکەوە بێت دزیوەتەوه‌!! کەواتە بزووتنەوەی گۆڕان گرەو لەسەر چی دەکات ئەگەر هاتوو کەلێنێکی وا پێ پڕ نەکرێتەوە؟ بۆ دەبازبوون لەو تەنگەژەیە چ پێشنیار و ڕێگاچاره‌یه‌  باشە تا دەنگی هاوڵاتیان لەدەست نەچێت؟
---------------
لەسەنتەرەوە بەم شێوەیە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠١٠.٢.١٥ وەڵام هاتەوە:
سلاو کاک عه‌باس گه‌یاندوم،‌ براده‌رانی راسپاردوه‌ که‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت چاره‌سه‌ری بکه‌ن..

جەنەڕاڵ دیگۆل ی دەم پیس
شەممە ٢٠١٠.٢.١٣

جەنەڕاڵ دیگول، Charles de Gaulle چارلس دیگول ١٨٩٠ - ١٩٧٠، سەرکردەی بەناوبانگی فەرەنسی، لەهاوڵاتیانی خۆی ناڕازی بووە و لە کۆبوونەوە تایبەتییەکانیدا بە کەر و مانگای شوبهاندوون! ئەوە دەربڕینی پیاوێکی وا بێت تۆ بڵێی سەرکردە کوردەکان لەکۆبوونەوە داخراوەکانی خۆیاندا کە تاک دەبن و لەنێو خانەوادەکانیاندا دەبن، چ بەخەڵک بڵێن بەچ چاویکی سووکەوە بڕواننە خەڵک؟! ئەگەر لە چارلس دیگول خراپتر نەڵێن ئەوا بێگومان چاکتر بەدەمیاندا نایەت!!! ئەما گەر شۆڕبیتەوە بۆ بەرپرسە پلە نزمەکان ئەوە هەر زۆر بەربادن لەدەمپیسیدا!!

تەلەفیزیۆن و گەندەڵی
دووشەممە ٢٠١٠.٢.٨

پارەیەکی زۆر لەدەمی خەڵکی و خزمەتگوزاری گەراندوویانەتەوە داویانە بەکەناڵی کورد یەک. ئەوە گەندەڵیی دیکەی گەورەی نێچیر بارزانی ئاشکرا بوو، خۆشبەختانە لەبەر بڕانی ئەو سەرچاوەیە کەلەلایەن دەسەڵاتی کوردی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان دابین کراوە، دادەخرێت، تۆ بڵێیت ئەو پارەیەی دەگەڕیتەوە سەرف ناکرێت بۆ کەناڵی (kurd 1)، کابینەی نوێی حکومەت لەئاوەدانکردنەوەدا سەرفی بکات؟!

دوو هوشداریی وتارەکەی هێنری کیسنجەر
هەینی ٢٠١٠.٢.٥

... ژمارەیەكی كەمی سەرانی عێراق بانگهێشتی واشنتۆن كراون و تەحەفوز هەیه لەپێشوازیكردنیان...
ئەگەر توندڕەوەكانی شیعە باڵادەستبوون دەستیان گرت بەسەر ناوچەكانی سونه و كورددا و چونه ریزی تارانەوه... هێنری کیسنجەر
لەسەرەتای مانگی شوبات، فەهد گردەوانی، وتارێکی بەناونیشانی:  بارزانی لەئەمریکا چی بۆ کورد هێنا؟ لەیەکدوو ماڵپەردا دابەزاند. پوختەی باسەکەی لەسەر سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ واشنتۆن بوو. خاڵی درەوشاوەی نووسینەکە ئەم پەرەگرافەیە، وەک ڕەخنە و گلەیی و گازندە خستویەتە ڕوو:

‌ئەو شوێنەی ئۆباما بۆ چەند خولەکێک بارزانی تیابینی، ژووری سەرۆکانی جیهان نەبوو، بەڵکو ژوورێکی دوور لەپڕۆتۆکۆڵی دوو سەرۆک بوو..هیچ ئاڵایەک لەپشتی هەردوو بەرێزان بارزانی و ئۆباما دانەنرابوو.

لەهەمان ڕۆژدا ٣ ی ٢ ی ٢٠١٠ لەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا، وەزیری کۆنی‌ ١٩٧٣- ١٩٧٧ دەرەوەی ئەمەریکا هێنری کیسنجەر ١٩٢٣ ، وتارێکی بەناونیشانی: پێویسته‌ ئەمەریكا بایەخی جیۆستراتیژی عێراق فەرامۆش نەكات. بڵاوکردۆتەوە.
کیسنجەر، لەوێدا نهێنییەک و پێشبینییەکی ئاشکرا کردووە، کە نووسەری بەڕێز بێئاگایه‌ لەوەی چی لەکۆشکی سپی و ساڵۆنەکانی دەگوزەرێت ئەویش سیاسەتی ئەمەریکا و ڕێگرییەکانی که‌ بۆی دروست دەکرێت، ئەمەریکا لەعێراقدا لەژێر فشاری دەوڵەتە عەرەبی و وڵاتانی ئیقلیمدایە، بۆیه‌ بێمەڵامەت نییه‌ سارد و سڕ پێشوازی لەسەرۆکی هەرێم دەکرێت! کیسنجەر تا هەنووکه‌ ورد ئاگای لەتەوژمەکانی سیاسەتی ئەمەریکایه‌، بۆیه‌ وەک دەبینی دەڵێت: لەپێشوازی فەرمی تەحەفوزیان کردووە.

کەواتە ڕاگەیاندنی کوردی و چاودێرانی سیاسی ناهەقیان نییە، ئاوا نیگەرانی خۆیان لەو سەردانە دەردەبڕن، هاوکات جۆرێکه‌ لەبیئاگایی و نەخوێندنه‌وەی دروستی یاریکەرانی سیاسی ناوچه‌ و جیهان! ئەم شاشییه‌ لەکارکردن وا ده‌کات، دەگ ئۆپۆزسیۆن بەهه‌موو ئەشکالەکانییەوه‌ سەرانی دەسەڵات سەرەکۆنه‌ بکەن، لەکاتێکدا لەخاڵێکی وادا ئەوانیش قوربانی دەردەچن و یاری و سووکایەتییان پێدەکرێت، هەرچەندە وتنی ئەم ڕاستییە تاڵ و ژەهر خواردنەکەی ئایەتووڵا خومەینییه‌، کاتێک بەشەر ڕاگرتن لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا ڕازی بوو!

هەر لەو وتارەدا هێنری کیسنجەر، خاڵێکی پر مەترسی تر ئاشکرا کردووه‌، یان وەک پێشبینییەک دەیخاته ڕوو، ئه‌ویش:
بەرنامه‌ و ‌سیناریۆی توندڕەوانی شیعەی عێراقییه‌، کە بەتەمان و لەوانەیە ڕۆژێک لەرۆژان سەپرایس دروست بکەن، بەپشتیوانی ئێران کۆنترۆڵی بەشەکانی تری خاکی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بکەن.
ئەم هوشدارییە‌ی کیسنجەر دەبێت بەنەزەری ئیعتبار وەربگیرێت، تا کار لەکار نەترازاوه‌، هەمەلایەنه‌ لێی بکۆڵرێتەوه‌، ئامادەکاری بۆ بکرێت.

لەوانەیشە کیسنجەر ئەم چاکە و پیاوەتییە بۆ ڕووسوورکردنەوەی خۆی بکات، یان لایەنی کەم ویژدانی مورتاح بکات، بەوەی لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستدا، بووه‌ مایەی ماڵویرانی و شکست و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری کورد؟!
-------------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست دا


ئەدهەم بارزانی دژی گۆڕانە

هەینی ٢٠١٠.٥.٥


تاكو مەسعود بارزانی مابێت كەس بیری لەوه نەكردۆتەوه كه ببێته سەرۆكی پارتی، كەسیش بیری لێ ناكاتەوه، چونكه بەڕاستی ئەو ئەزمونه و توانایەی لەم كەسایەتییەدا هەیه، بۆ كەسێكی دیكه وەک نێچیر بارزانیدا نییە، بێت داوای ئەو پۆسته بكات...


چاوپێکەوتنی ئەو کابرایە(ئەدهەم بارزانی) لەڕۆژنامەی ئاوێنەدا, چەند خاڵ دەدرکێنێت گرنگ ترینیان، ئەوەیە جەنابی یەکێکە لەناحەزانی نێچیر! دەکرێت جۆرێکیش بێت لەبەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر گوایە ئەمەریکا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو خودی بنەماڵەی بارزانی داوە، نێچیر دەبێتە سەرۆکی پارتی، تا لێکترازان وەک یەکێتی لەناو پارتیدا ڕوو نەدات، ئەمەریکا ئەوەندە بەتاڵە تا کارێکی لەو جۆرە بکات. گەر وابێت ئەوەیش دەچێتە خانەی کۆمیدیایەکی بێتامی دی ئەمەریکاوە..


گلەیی کۆمۆنیستی کریکاری لەیەکێتی
پێنجشەممە ٢٠١٠.٢.٤

ئەو بەڵێن و ڕاگەیاندنەی بەئاشكرا لەڕۆژنامەی "ئاسۆ" و پاشانیش لەگەڵ ڕابەری حزبدا بەیانیان كرد، كه هەموو ئەو گرفت و كێشانه بەچارەسهر دەگەیەنن كه بەناحەق بەسەر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریدا سەپێنراوه، كەچی ئێستا دوای نزیك بەساڵێك بەسەر ئەو بەڵێنانەدا، هەنگاوێكی بەكردەوەیان بۆ بەڵێنەكانیان نەناوه!!

ئەو پەرەگرافەی سەرەوە لەوتارێکی عەبدوڵڵا مەحمودەوە بەناونیشانی: یەكێتی نیشتمانی، قوربانی بانگەشەی زل و پراكتیكی پێچەوانەیه، وەرگیراوە.

بێمەڵامەت نەبوو و نییە، کۆمۆنیستی کرێکاری لەبەرانبەر بزووتنەوەی گۆڕان و شەخسی نەوشیروان مستەفا، هەڵوێستی توندیان دەنوواند، کای کۆنیان بەبا دەکرد.. نها دەپاڕێنەوە لە یەکێتی تا لایان لێبکاتەوە و لەسەر پەیمان و بەڵێنی خۆیان بن و یان سۆسیالدیمووکرات بن! ئەمە لەکاتێکدا وەک لەگوێی گادا نووستبێتن، نازانن یەکێتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەو هێزەی جاران نەماوە، لەپلە سێدایە، بێ زۆنە...


گەر کۆمۆنیست وەفادارن بەئۆپۆزسیۆن ببوونی خۆیان وەک لەم وتارەدا باس لەبێوەفایی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکرێت، ئێستا ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بەهێزە، دەتوانێت قوەتێک بدات بەوان و پێکەوە ڕێکبکەون، ئەو کات دەتوانن بەهەموو یاساوڕێسایەکی وا دابنێن لایەنی کەم کەس نەتوانێت کەس دی قەدەغە بکات...


باشە لای کۆمۆنیست یەکێتی تاوانباری سەرەکییە، یان گۆڕان؟ گەر بۆ ئەو ڕووداوەی کۆن بگەڕێینەوە، کەبەداخەوە ژمارەیەک چەکداری کۆمنیست بوونە قوربانی! گەر مەبەستی خەباتی سیاسی جوانکردنی کۆمەڵگایە؟ یەکێک لەڕووکنەکانی خەبات هەوڵدانه‌ بۆ گەیشتن بە دەزگای یاسادانانە، گۆڕانیش دەڵێت کار بۆ ئەوە دەکەین، کەواتە هاوبەشییەک لەنێواندا هەیە، پێکەوە کارکردن قازانجی بۆ حیزب و بزووتنەوەی گۆڕان هاوکات کۆمەڵگای تێدایە..


با وای دابنێن پەرلەمان دەزگایەکی فریودەرانەیە! بەڵام لەم نێوەدا کۆمۆنیست و خەڵک لەو کەش و هەوایەدا خەریکی کار کردنن، ئایا ناکرێت جارجار بۆ بەرژەوەندی
و  بۆ چوونە پێشی کارەکان چاو لەچەند مەسەلە بپۆشرێت؟ شتی بچوک زیاد لەپێویست گەورە نەکرێت!
وەک لەم وتارەدا دەرد
ەکەوێت و لەگەڵ یەکیتی چوونە دانوسانەوە،  بەڵام بەدۆڕاوی لێی هاتوونەتەدەر! ماوەیەکی باش بوون بەبڵنگۆی ئەوان و دەگ بزووتنەوەی گۆڕانیان دەکوتا! دوای ئەوە گەر بۆ مێژوو یان لەناو مێژوو مرۆڤ بژی هەرگیز نۆرماڵ نابێتەوە..

گەر هەڵە و کەموکوڕی هەبوو بێت، قابیل چارەسەرە و دانوسان و لێبووردنە، تەنانەت قەرەبووکردنەوەشە. بەڵام ئەگەر بڕیارە لەکەلی شەیتان نەیەنە خوارەوە، ئەوە شتیکی ترە...! بۆیە کۆمۆنیست وەک ئۆپۆزسیۆن، دەتوانن لەگەڵ هەموو کەمووکوڕی هەردوولا، لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە، لەکار و پراتیکدا دەتوانن دەستی یەکتر ئاشکرا بکەن کە کاملا دژ بەبەرژەوەندی خەڵک و کراوەیی کۆمەڵگا و یاساوڕێسای مۆدێرندان.. ئەگەر بەتەمای دەستکەوتی موفت هه‌وڵ ئه‌درێت،  ئەوا ئەوە یەکێتییە قیرچسمەیە بەر بەرنەدرێت چاکه‌، بەڵکوو لەکۆتایدا نەرم ببن.


ناوی مناڵ خۆمان و ئەورووپا
چوارشەممە ٢٠١٠.٢.٣

ناولێنانی مناڵان، لەوڵاتە پێشکەوتووەکاندا، وەک هەرشتێکی تر رێکخراوە بۆ نموونە، ئایا لەهەرێمی کوردستان، دەزانرێت لەساڵی پاردا، لەدایک بوون چەند بووە؟ لەوانەدا چەندی کور و چەندی کچ بووە و چەندی مردووە؟ کام لەشارەکان ژمارەی مناڵی کور یان کچی زیاد بووە لەوی تر؟ ڕێژەی ناوە کوردییەکان لەچاو عەرەبی و ئیسلامی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی و...
هەرکامیان بەژمارە چەند بووە؟ لەناو کوردییەکاندا چەندیان کوڕ و چەندیان کچ بووە؟ یان کور و کچان زۆرترین ناو چ بووە لێیان نراون؟
نموونە, لەوڵاتێکی وەک فینلاند ساڵی ٢٠٠٩ زۆرترین ناوی کوڕان بەر: ئۆنی، ڤێتی،ئێلیسا و ئەلەکسی.
کچانیش: ێڵا، سارا، ڤێنلا، سیری کەوتووە.

بنەماڵەی بارزانی، ‌Go Home
دووشەممە ٢٠١٠.٢.١

...ناوبژیوانی ئەمەریکا لەنێوان هەردوو بەرەبابی مەسعود بارزانی و نێچێرڤان بارزانی.. نێچیرڤان بارزانی وەک ئاڵاهەڵگری دروشمی ریفۆرمی دیمکراسی لەناو پارتی.. ئەمەریکا واقیعه دەزانێت کەوا ڕیفۆرم لەنێو پارتیدا وەک چۆن لەناو یەکێتیدا ڕوویدا، ئەندامێکی نێو ڕیزی یەکەمی پارتی هاوکات سەر بەبنەماڵه دەتوانێت ئەنجامی بدات..

ئەوەی سەرەوە چەند دێڕێکە لەوتارێکی د. کەمال سەید قادرە، بەناونیشانی: ئەمەریکا بنەماڵەی بارزانی لەدابەشبون ڕزگار کرد. کە لەماڵپەڕی گۆڤاری لڤیندا بڵاوبۆتەوە.

کێ بەو بۆچوونەی د. کەمال سەید قادر، هەڵدەپەڕێت و دەڵێت ئامین.. ئەمیش خۆی ساغکردەوە کە سەر بەنێچیرە و پارتییە!! ئەمەریکا ئیشی نییە کێشەی ئەو بنەماڵە نەبێت!!؟ قەبارەدانی زیاد لەپێویستە، بۆچوونێکی ساویلکانەیە!
ڕێکەوتنیان لەژێر ناوی ڕێفۆرم بۆ پاراستنی پارتی، بۆ ئەوەیە ئەو بنەماڵە گەندەڵە، هەر لەدەسەڵاتدا بن، ئیتر گرنگ نییە هەرکامیان بێت، سیاسەتی خۆیانە و میکیاجکردنەوەیە. بەڵام پێدەچێت ئەو بنەماڵەیە ژیر نەبن درەنگ بێت یان زوو دەردەکرێت، ئەمان چۆن دەرکردنێک پێشبینی ئەوە دەکرێت بەدەردی بنەماڵەی سەدام تکریتی بچن، هەرچەندە خۆش نییە و خوازیاری شتی وا نیین.
لەیەک حالەتدا ئەو پێشبینییە بەری پێدەگیرێت، واز لەسیاسەت بهێنن وەک بنەماڵەی پاشایەتی فڵان و فیسار بچنەوە ماڵی خۆیان، ئەو کات ڕێزدار دەبن و بەرەوڕووی ئەو چارەنووسە ڕەشە نابنەوە...

کریستینا کۆیڤۆنێن، بەهەڵەدا چووە!
دووشەممە ٢٠١٠.٢.١

کریستینا کۆیڤونێن - Kristiina Koivunen ،لەدایکبووی ١٩٥٩ ، کۆمەڵناسی، لەهەرێمی کوردستان لەشارۆچکەی کەلار وانە بەیەکێک لەکولیژەکانی زانکۆی سلەیمانی دەڵێتەوە. ئەم خانمە فینلاندییە، زوربەی ژیانی بۆ کورد تەرخان کردووە.
ڕۆژی شەممە ٢٠١٠.١.٣٠ لەڕۆژنامەی ئێتێلا سوۆمین سانۆمات - Etelä-Suomen Sanomat دا، ...بابەتێکی بەناونیشانی Kenkäfriikkien maassa کە دەکاتە: وڵاتی شەیدایانی پێڵاو! بڵاوکردۆتەوە. باس لەژیانی ژنانی شارۆچکەی کەلار دەکات.

ئەوەی ئەو خانمە نووسیویەتی تا چەند دەکرێت گشتگیرکرێتەوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا؟...
باس لەدیاردەی پێڵاو لەپێکردن لەگەڵ زۆر بەرگپۆشینی جۆراوجۆری ژنان دەکات، بەراوردی بەژنی فینلاندی کە ئەو خۆ گۆڕینە تەنها لەچوون بۆ ئاهەنگ و بۆنەکاندا دەکەن. بەڵام ئەم بەپێچەوانەوە کالە و فلات لەپێدەکات کە بەلای ژنانی کەلارەوە عەیبە. هاوکات باسی ئەوە دەکات کە ژنان بەبێ پیاو ئیتر برا یان مێرد و.. ناتوانن بچنە دەرەوە. لەوانەیە تا ئاستێک لەشوێنە دوورەکان کە عادات و تەقالیدی کۆن بەهێزە، ئەوە ڕاست بێت، بەڵام ئەمە وێنەیەکی تاریکی وڵاتێکی وەک ئەفغانستان دەدات بەخوێنەری فینلاندی!؟

گەر لەشاریکی گەورەی وەک سلەیمانیدا بژیایە، بێگومان دیدی لەسەر ژنان هێجگار وا نێگەتیف نەدەبوو! ئەوەی کە ژنان بۆ هەر چوونە دەرەوەیەک جۆرە پێڵاوێک لەپێدەکەن، گوزارشت لەئاستبەرزی باری داراییان دەکات. هاوکات رەنگدانەوەی جۆرێک لە فەورزا دەگەیەنێت، کە کاڵاکان وەک پێویست لەشوێنی گونجاوی خۆیدا بەکارناهێنرێت!

بێگومان بەشێکی ژنانی شارنشین کراوەن و پێویستیان بەوە نییە لەکاتی چوونە بازار و دەرەوەدا پیاویان لەگەڵدا بێت. نەک ئێستا بەڵکوو لەحەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیستیش بەشێکی بەرچاوی ژنانی سلەیمانی وا بوون، ڕێژەیەکی دیار فەرمانگە جۆراوجۆرەکانیان پڕکردۆتەوە.
---------------
بابەتی ئاماژە بۆکراو: ESS