خەمی ڕۆژانە، نیسان ٢٠١٠

عەباس شوان - AbasShiwan

فلیمی ئاڤاتار
هەینی ٢٠١٠.٤.٣٠
لەم هەفتەیەدا لەیەکێک لەمارکێتەکان، دێڤێدێی فلیمی ئاڤاتار Avatar م بینی، ئەمڕۆ لەیەکێک لەدوکانەکانی فیلیم بەکرێدان، بە ٥ ئێرۆ وەرمگرت و هێنام بۆ سەیرکردن. دانیشتم بەدیارییەوە، فلیمیکی خۆش بوو، ئەو کاتەی لەسینەماکادا پیشاندەدرا، دوون لەمناڵەکان بۆ بینینی چووبوون، گێڕایانەوە کە بۆ سەیرکردنی چاویلکەیەکی تایبەتیان لەچاو کردووە، لەبەر ئەوەی بەتەکنیکی سێ ڕەهەند - ئەبعاد 3d بەرهەم هێنراوە، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی وەک پاڵەوانەکە لەنێو ڕووداوەکاندا بێت.. هەرجارێک ئەم جۆرە فلیمە فەنتازیانە دەبینم، بەزەییم بەخەڵکی ڕۆژهەڵاتیدا بەتەشخیس خۆم دێتەوە کە چەند داماوین لەچێکردنی خەیاڵدا...

عارفەی یەکی ئایار
هەینی ٢٠١٠.٤.٣٠

هەینی ٢٠١٠.٤.٣٠ ڕۆژێکی تایبەت بوو وەک رۆژی عارفەی موسڵمانان وایە، ژووری مامۆستاکان بەمیزەڵدان و شریتی ڕەنگاورەنگ و جۆرەها خواردن و خواردنەوە و شیرینی کە مامۆستاکان هەریەکەیان شتێک دوو شتی هێنابوو، ڕازابووە.. ئەمەیش لەپێشوازی یەکی ئایار کە لێرە پێی دەڵێن ڤاپو Vappu . ئەم ئێوارەیە مێردمناڵ و گەنجانی کوروکچ تادرەنگ ...شەوانێک لەدەرەوە دەبن.. خۆیان بەشێوەی جۆراوجۆر دەگۆڕن...
یەکی ئایار،رۆژی کرێکارانی جیهان، لەهەموو پیرۆز دەکەم، چوونکە هەریەکێک لەئێمە گەر کرێکار نەبێت ئەوا بێگومان کەسیکی نزیکی کرێکارە، بەهیوام ساڵی داهاتوو کە لەسبەینێوە دەستپێدەکات، ساڵی بەدەستهێنانی کرێی باشتر بێت... ئەمساڵی ڕابردوو کرێکاران و کارمەندانی فینلاندی، سەدەها مانگرتن و ناڕەزایەتییان لەخۆ پیشان داوە و بەریخستووە...، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەئێستاشەوە، هەفتانە ڕشتەیەک نەبووە لەڕشتەکان ماننەگرن.. بەڕاستی کارکونای فینلاندی و سەندیکاکانیان بەئاگا و ئەکتیڤن.. خۆزگە کرێکاران و سەندیکاکانی هەرێمی کوردستانیش کەمێک گوژمیان دەدایە بەرخۆ، بۆ بەدەستهێنانی کرێی بەرزتر...
دەتوانێت پارێزگاری لەیەکڕێزی عێراقییەکان بکات؟!

کۆنەپەرستی لەوێدایە!!
پێنجشەممە ٢٠١٠.٤.٢٩
لەم بابەتەدا کە بەناونیشانی سانسۆر لەكوردستان؛ گەرمیان و كوێستان وەك نموونه. بڵاوتکردۆتەوە خەریکە ئەو دیدە پۆزەتیفە دەڕەوێتەوە، پشتیوانیت لەدیدێکی کۆنەپەرستانەی ژمارەیەک لەخەڵکی ئەنفالکراو کردووە، کە بوونەتە هۆی ڕاوەستانی سریالی گەرمیان و کوێستان، ڕێک تەبەنی دیدی ئەوان دەکەیت و قسەی ئەوانت جیویوەتەوە!! مەرج نییە هەموو قوربانییەک لەسەر هەق بێت.. قوربانییەکانیش جۆریان زۆرە..تۆ ئاماژەیەکت داوە بەوەی کە دژایەتی نێوان پارتە سیاسیەکان وای کردووە کە هونەرمەندان و بەرهەمەکانیان بەر زەربە بکەون.
جا کێ ناڵێت ئەوە بەفیتی یەکێک لەو پارتانە نەکراوە تا هەڵویستی پارە هاوپەیمانەکەی لەبەرانبەر کەسوکاری ئەنفالکراوندا ئیحراج بکەن! بڵێ ئەها ئەوەتا لەڕیگەی هونەرەوە بزانن چۆن سووکایەتیتان پێدەکەن!! مرۆڤ هێندە گوناح نەبێت باشە!! تۆ وەک کەسێکی نووسەر کە بێگومانم تەزووی ناڕەزایەتی لەدەماغتا هەیە، چۆن ئاوا بەسەقەتی داوەری لەڕووداوێکی وا دەکەیت!
دیارە ئەو نووسەرە بەڕێزە بەم شێوەیە وەڵامی داومەتەوە:
.... دیارە من لەمێژە جەنابتان لەرێى نوسینەکاناتەوە دەناسم. برام من خۆم کەس و کارى ئەنفالم و لە ناو ئۆتۆمبیلى سەربازى ئەنفالجیەکان خۆم فریداوە و رزگار بوومە. من برینى کەس و کارى ئەنفالەکان دەبینم. من دەزانم کوردسات بۆ لەو جۆرە درامایانە بەخش دەکات. من باسى ئەوەم کردووە کە کەس و کارى ئەنفال زۆر تورە وپەراویزخراون بەبینینى ئەم جۆرە لە دراما " کە من سەردەرسەد لەگەل ئەوەدام کە سەرجەم کەس و کارى ئەنفالەکان بە خوشکەکەى خۆشمەوە عەشق بکەن". بەڵام برام بەچاوى تۆ ئیستا دەسەڵات خۆى دەیەوێت بەم جۆرە کارانە بیرى خەلک بباتەوە کە خزمەتى بە کەس و کارى ئەنفال نەکردووە

نۆرەی سەرۆککۆمارێکی جوولەکەیە!!
دووشەممە ٢٠١٠.٤.٢٦

مەهدی مەجید عەبدوڵلا ناوێک بەزمانی عەرەبی بابەتێکی بەناونیشانێکی ئیستفزازی و سەرنجڕاکێش نووسیوە: کوردێکی جوولەکە بۆ سەرۆککۆماری عێراق.
لەوێدا باس لەپلەوپایەی سەرۆککۆماری دەکرێت. کێ موستەهەقە و کێ نییە؟ نووسەر وەک لەناونیشانەکەیدا دیارە، لەبەر چەند هۆیەک و خەسلەتێک کوردێکی بەئایین جوولەکەی پێباشترە وەک لەکوردەکانی تر کە سەر بەفڵان و فیسار ئایین و ئایینزای ترن. هاوکات مام جەلال بەشایەنی ئەو شوێنە نازانێت لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە پارێزگاری لەهەڵنەوەشاندنەوەی حیزبەکەی خۆی بکات (ناڕاستەخۆ بێ ئەوەی ناو بهێنێت، ئاماژە بەجیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات ) ئیتر چۆن دەتوانێت پارێزگاری لەیەکڕێزی عێراقییەکان بکات؟!



هونەر لەژێر فشاری هەمەرەنگدایە!!!
دووشەممە ٢٠١٠.٤.٢٦

سریالی گەرمیان و کوێستان هەلقەی کۆتایی پیشاندارا، سەیر بوو پەڕێنرا، بەس وەک لەسینەماکان کە دیمەنێک دەپرێنرێت، ژمارەیەک لەبینەران وەک ناڕەزایەتی دەستیان دەکرد بەفیکە لێدان، بەڵام لەمەیاندا جارێ تا ئیستا فیکەی فاوڵ کەس  لێی نەداوە! ئەوە بەرهەمێکی هونەری بەهۆی نارەزایەتی بەشێک لەخەڵکی ئەنفالکراوانەوە، بەر فیشەک درا...!!!!!!
بەدەر لەمەسەلە هونەرییەکان و سیاست، لەگەڵ حورمەتی زۆر بۆ ئەو کەسە ناڕازیانە، بەجۆرێک لەجۆرەکان، فشارێکە لەسەر کاری هونەر، مانای وایە نابێت دەست بۆ هیچ مەسەلەیەک لەمەسەلەکانی گرنگ و پڕ بایەخەکان ببردرێت!!..چوونکە دڵی فڵان و فیسار دێشێت!!
بەپێچەوانەوە گەر ئەو ڕووداوە (ئەنفال) و سەدەها ڕووداوی، بۆ چێکردنی کارێک هونەری وەک زۆر شتی تر پەنا بۆ دەستی شارەزای بێگانە ببردرێت، بەتەکنیکێک وەک سریالە تورکییەکان بەرهەم بهێنرێت، دیمەن و بەسەرهاتەکانی بینەر بهێننە گریان و سڕ بکات.
ئەوەی بەسەر ئەو درامایە هات بەجۆرێک لەجۆرەکان وەک سووتاندنی یادگارەکەی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە وایە.. بەداخەوە ئەوە ئاستی تێگەیشتینی بەشێک لەخەڵکی کوردە، هونەر و جوانکوژن..!!

ئێوارەی ڕۆژی ١٤ی ٤ لەیادی کارەساتی بەدناوی پرۆسەی ئەنفال هەلقەی یەکی سریالێکی نوێ، لەکەناڵی کوردسات پێشکەشکرا، بەناونیشانی گەرمیان و کوێستان، کە 
باس چەند گۆشە لەژیانی ژمارەیەک خەڵکی ئەنفالکراو دەکات. ئەوەی جێی سەرنج بوو کەمێک وشک و رەق و تەق بوو، گەر بەراوردی بکەیت بەسریالە تورکییەکان، لەزۆر دیمەنیدا بێمۆسیقا بوو! چەند کۆمبارسێک دەوریان دەبینی کە خەڵکی ئاسایی بوون، نەشاز لەدایلۆگ و جووڵەدا! لەو نیودەمژمێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پاڵەوانی چیرۆکەکە جەوهەری ناوە، بەهۆی جەنگی ئێران عێراقەوە ١٣ ساڵ دیل بووە. ڕێکەوت لەشوێنێکەوە بۆ شوێنیکی دی دەیگوێزنەوە، بەهۆی وەرگەرانی ماشێنەکەیانەوە، ڕزگاری دەبێت، دێتەوە بۆ کوردستانی باشوور. باگراوەندی کۆمەڵایەتی ئەو کارەکتەرە خاوەن ژن و ماڵومنداڵ بووە...
-----------
تکایە بڕواننە هەواڵی بەرپابوونی نارەزایەتییەکە لێرەدا


حیزبی شیوعی، پاشکۆیەتی!!
یەکشەممە ٢٠١٠.٤.٢٥

لەسەردەمی مەلامستەفادا، حیزبی شیوعی لقێکیان هەبوو، دەیانووت بۆیان کردونەتەوە! پارتییەکان کە نوێنەرایەتی دەرەبەگەکانی کوردستانیان دەکرد هەرچی ئامربەتالیۆنیان هەبوو ئەم بەگ و ئەو بەگ بوو!! بەئیهانەتەوە کە ناویان دەهێنان دەیانووت لقی کەرە سپی!! بەڵام لەسەردەمی شۆڕشی نوێدا، ئەوە ئەوان بوون مەفرەزەکانیان پێشمەرگەی ژنی لەخۆ گرتبوو. لەحەفتاکاندا لەنێو نووسەراندا خەسلەتی لمیان پێدابوون؟ لەبەر ئەوەی وەک لم نەرموشل بوون، هاوکات بێدەنگ و متن بوون!!
حیکمەتی ئەوە لەچیدایە کە بۆ سکرتێری ئەو حیزبە زووربەیان لەنەتەوەی کورد بوون؟


کەناڵی تەرفیهی بۆ؟
شەممە ٢٠١٠.٤.٢٤

تێگەیشتن لەم سەردەمەی کە خەڵکی هەرێم تێیدا دەژی، نیو وەڵام دەستدەکەوێت، بەوەی ئەم جۆرە کەناڵە تەرفیهیانە لەوانەیە لەکەناڵە جدییەکان، هەرچەندە کەمن و لەنرخی نەبواندان جەماوەری زیاتر بەدەورەوە بێت، لەبەر ئەوەی بەگشتی نەک لای ئێمە بەڵکوو لەوڵاتانی تریشدا، خەڵک ئیتر بەهەر بیانوویەکەوە بێت تاقەتی سیاسەت و پاشکۆکانییان کەمترە مەگەر لەسەردەمە قەیراناوییەکاندا یان لەبۆنە نیشتمانی و هەڵبژاردنەکاندا موتابەعەی بکەن.


فینلاند، هێنانی بێگانەی زیاتر، ڕاسیزم دەگەشێنێتەوە!
شەممە ٢٠١٠.٤.٢٤

ئێرۆ هێینالوۆما Eero Heinäluoma
- ١٩٥٥ یەکێکە لەسەرکردە دیارەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانی فینلاند SDP. دوای چەندەها ساڵ وەک پارتی پلەیەک وا بوو، بەڵام لەم چەند ساڵانەی دواییەدا، ئاستی جەماوەری داشکا، نها لەپلە چواردایە! لەدوا چاوپێکەوتنیدا دەڵێت:
ئەوە ڕاسیزم نییە کەسانێک هەبن بڵین بەسە چی تر پێویستمان بە پەنەهانەدە - بێگانەکان نییە، چوونکە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٣٠٠ هەزار بێکارمان هەیە. ئەو بێگانانە شوێنی کاری هاوڵاتییە فینلاندییەکان داگیر دەکەن، ئەمەش دەبێتە گرفتی زیاتر، رەگی ڕاسیزم زیاتر دەکات.  سەرچاوەی هەواڵ: YLE
سەرەکوەزیران ماتی ڤانهانێن Matti Vanhanen - ١٩٥٥سەر بەپارتی سەنتەر kesk، بەم شێوەیە وەڵامی ئێرۆ هێینالوۆما Eero Heinäluoma دەداتەوە: دەربڕینیکی قزەوەنە، کارێکی ئاسانە پێش هەڵبژاردن، خەڵکی لەبێگانەکان هانبدرێت، بەبیانووی ئەوەی قەیرانی ئابووری هەیە!! ئێمە هەموو مرۆڤی وەک یەکین.. سەرچاوەی هەواڵ: iltasanomat

عێراق، بەوڵاتێکی ناعەرەبی دەمێنێتەوە!
هەینی ٢٠١٠.٤.٢٣

عەدنان حسەین
، نووسەرێکی کۆنە، بەزمانی عەرەبی دەنووسێت، زۆر لەبابەتەکانی لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا دەکرێت بەکوردی، لەم بابەتەیدا بەناونیشانی: (ولماذا لا يكون رئيس الحكومة كردياً؟) باس لەچارەسەرێکی مامناوەندی دەکات بۆ کێشەی و ئاریشەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەوەی دەپرسێت بۆ کوردیک نەبێت و ئاو بکرێت بەئاگرەکەدا. گەر ڕاسستی لێم وەرنەگیرێت، وەختی خۆی کە ئنگلیز هات ئەم دەوڵەتەی پێکهێنا، ئەملای کرد ئەولای کرد پیاوێکی پیاوانە یان بەشەرێکیان لەنێو عێاق بەشیعە و سوونەیانەوە تیا نەبوو یان دەستنەکەوت، بۆ پلەوپایەی سەرکردایەتی بشێت، بۆیە چوون لەوڵاتێکی درواسێی عێراقەوە، زەلامێکیان هێناو و دایانا و وتیان ئەمە پاشای وڵاتتانە!!!
جا خەریکە ئەوە دەبێتە کەلتووری وڵاتەکە و جێگیر دەبێت، وەک بینیمان دوای هاتنی ئەمەریکییەکان سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد. گەلی عەرەبی بەهەردوو مەزهەبەکەیەوە، لەم خاڵەدا پاشەکشەی زیاتریان پێکرا، بەوەی سەرۆکێکی کوردیان بەهەڵبژاردن فەرز کرد، پێدەچێت هەتا هەتایە ئەو وڵاتە بەحساب عەرەبیە، سەرکردایەتی بەدەستی خەڵکانی ناعەرەبییەوە بمێنێتەوە!

ئایا پارتی و یەکێتی وەک حیزبی بەعس وان؟
پینجشەممە ٢٠١٠.٤.٢٢

لەوبارەیەوەی کە پارتی و یەکێتی و دوو ڕۆژی تر لەوانەیە گۆڕان و ئیسلامییەکانیشی دیکەی بێتەبان بەوەی کە وەک بەعسن!!! هەر خەریکی دامەزراندنی لایەنگرە نەزانەکانی خۆیانن لەدامودەزگا حکومییەکاندا، لەوانەیە خوێندنەوەیەکی ورد نەبێت، بۆ ئەو رەوشە، دەزانن بۆ ؟

لەسەردەمی کۆنی ئەودا بکوژ و ببڕ هەر خۆیان بوون، بەڵام تا نها پارتی و یەکێتی و ماوەیەکیش بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی هەمان کایەی حیزبی داگیرکەری بەعسیان لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا دەکرد.. کەواتە لەهەرێمی کوردستاندا لەبەر ئەوەی دوو حیزب زیاتر کۆنترۆڵیان بەدەستەوەیە، کەواتە وردەگۆڕانکارییەک لەچاو کۆنی داگیرکەراندا بووە و هەیە.

لەسەردەمی ئەودا بۆ کەس دەیوێرا فزە بکات، و رۆژنامەی ئازاد و زوومی کامێرای دەرەوە کوا هەبوو؟ سنوورەکان هەرهەموو کوڵمدرابوون! ئەوەی بەپارتی و یەکێتی دەوترێت وەک بەعسی داگیرکەر هەڵسووکەوت دەکەن، لەو پاشخانەوە سەرچاوەی گرتووە کە مێژوویەکی درێژ خەڵکی باشوور لەژێر چەکمەی دوژمندا بوون، وایان لێهاتبوو گەر حکومەتەکە کارێکی دروستیشی بکردایە، هەر دەیانگووت دەستی شکێت! ئەوە کەلتوورەش هەروا بەئاسانی لەهزری خەڵکیدا بەتایبەتی ڕەشۆکیی و خاکییەکان ناسڕیتەوە، هەمیشە بەخراپتر بەراورد دەکەن و ئاوڕ لەدواوە دەدەنەوە، من بۆ خۆم بیرمە لەکۆتایی شەستەکانیشدا خەڵک هەبوو خۆزگەی بەسەردەمی پاشایەتی دەخواست!!

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، وەک دەبینین هۆکەی بۆ ئەو خەلەلە گەورەیە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتە خۆماڵی و حیزبەکانیان کارا، هاوکات وەڵامدەرەوەی پێداویستییە بەپەلەکان و دەستبەجێکان نەبوون! بۆیە ناهەقی خەڵکی ناگیرێت کە تەشبیهیان دەکەن بەحیزبی دەگیرکەران! کارەسات لەوکاتەدا دەخولقێت ئەو تەسکبینییە بپەڕێتەوە بۆلای بەشێک لەنوخبەی کۆمەڵگا!!

یادی ١١٢ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، پێشنیارێک
چوارشەممە ٢٠١٠.٤.٢١

ئایا وەختی ئەوە نەهاتووە، چاوێک بەم یادەدا بخشێنرێتەوە، هەلومەرجەکان گۆڕاوە، نها بەشی زۆری کوردستانی باشوور ئازادە، هەر پارچە لەتایبەتمەندی خۆی بەهرەمەندە، کەواتە بۆ بیر لەوە نەکراوەتەوە کە هەر پارچەیە و یادی ڕۆژنامەگەری خۆی بکاتەوە، گەر کورد بەتەمای وڵاتێکی گەورە بێت کە ئەم چوارپارچەیە لەخۆ بگرێت، نەبێتە قسەکەی مام جەلال خەونی شاعیرانە زیاتر هیچی تر نییە. جا بۆیە لەکوردستانی باشوور یەکەم ڕۆژنامە کە بۆ یەکەمجار چاپ کراوە ببێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری گەلی هەر پارچەیەک بەجیا ڕۆژی ڕۆژنامەگەری خۆیان هەبێت و دابنێن.. ئەمەی ٢٢ی نیسان بۆ گەلی کوردی باکوور بمێنێتەوە.

ڕۆژنامە جیرەخۆرەکان
سێشەممە ٢٠١٠.٤.٢٠

هەرچەندە بەدواچوونێکی ڕۆژنامەوانیە، بەڵام مرۆڤ نابێت ئەوەی لەیاد بچێت کە ئەم گۆڤارە و چەندی تر مەشبوهن، جیرەخۆراە نەزانەکانی پارتی و یەکێتی دەردیدەکەن و سەرپەرشتی دەکەن. بۆیە دەبێت بەگومانەوە لێیان بڕوانرێت. ئەوەندە نەزانن سەیر بکەن بزانن ناوی گۆڤارەکەیان بەپیتی لاتینی چۆن بەسەقەتی نووسیوە، بۆ پیتی (وو) پیتی لاتینی(W) ییان داناوە! بەڵام دەبێت وایان بنووسیایە: (Û)، هەرچەندە ئەمە بۆ ناونیشانی نێت ناشێت و قبووڵ نییە، بەڵام خۆ دەیانتوانی تەنها پیتی لاتینی(U)یان دابنایە! بەم شێوەیە دەردەچوو: ڕووبەر ruber ...

لەپشتی پەردەوە شتی تر دەگوزەرێت، ماوەیەک لەمەبەر ئاریشەیەک کەوتە نێوان پارتی و یەکێتی، لەسەر ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری گوڵان، چەند پەیڤی نێچیر. لەو نێوەدا یەکێتی وەڵامێکی دایەوە و ئاماژەی بەدەوری خراپی ڕۆژنامەی ڕووداو و ئەم ڕووبەر کرابوو. جا وا تێدەگەم ئەمەی ئێستای گۆڤاری ڕووبەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵویستی درۆینە و چەواشەکارانە، بڵێن ئێمە لەهەموو دەخوێنیین، بۆیە هاتوون ئەو بابەتەیان لەسەر تێوەگلانی نەوشیروان مستەفا بڵاوکردۆتەوە.. دوای ئەوە گومانکردن خەسلەتێکی خراپ نییە، دەتگەیەنێت بەڕاستی یان بەپێچەوانەوە.....

سەردانی شاری هامێنلینا
سێشەممە ٢٠١٠.٤.٢٠

لەشاری هامێنلینا - Hämeenlinna سەرەتا چووینە قەلایەکی کۆن و بەناویدا گەڕاین، دواتر چووینە مۆزەخانەی زیندان. پاش نانخواردن لەهێسبۆرگر، چووینە ئەو ماڵەی کە مۆسیقادانەری بەناوبانگی فینلاندی سیبێلیوس Sibelius تیا لەدایک بووە و ژیاوە.

شاری هامێنلینا - Hämeenlinna ، دەکەوێتە خوارووی وڵاتەوە، لەهێلسنکییەوە ٩٨ کم و لەتامپێرێوە ٧٥کم دوورە. ژمارەی دانیشتوانی ٦٦،٥٠٠ کەس، ڕووبەری ٢٠٣١،٦٠ متر دووجایە، پێک هاتووە لەشەش شارۆچکە، لەساڵی ١٦٣٩ ئاوەدانکراوە، ئەنجوومەنی شارەوانییەکەی ٥٩ کورسییە. قەڵای هامێن بەناوبانگترین شوێنی گەشتیارییە و پاشای سوید لەچەرخی ناوەڕاستدا دروستی کردووە. مۆزەخانەی زیندان و ماڵی سیبێلیوس Sibelius بۆتە جێنزەرگە، ساڵانە هەزارەها خەڵک سەردانیان دەکەن.
بەپێی نەخشەی گۆگڵە لەشاری لاهتییەوە ٧٤،٦ کم دوورە، بەئۆتۆمبێل یەکدەمژمێر و ١٣ خوڵەک دەخایەنێت.

چوون بۆ ئەم شارە گەر یەکێک بەئۆتۆمبیلی خۆی بچێت، بێزارکەرە، چوونکە هەر چەند کیلۆمەترێک دەڕۆیت کامێرایە، لەهاویناندا لە ١٠٠ کم خێراتر بووی بەوێنەوە غەرامەیەکی باشت بۆ دێتەوە، دوو سایدیشە، ئۆتۆبان نییە، بەئارەزووی خۆت لێ خوریت و ترسی کامێرە و کۆنترۆڵت نەبێت.

بەراوردی ناشیانە!!
دووشەممە ٢٠١٠.٤.١٩

ئایا ئەو پرسیارە گێلیتی نییە وڵاتیکی وەک یابان بە هەر یەک لەو دەوڵەتە عەرەبیانە بشوبهێنرێت؟ گێلێتییەکە ئەو کاتە تۆختر دەبێتەوە کە بووترێت: بۆ یابان پێشکەوت و عەرەب و فارس و تورک و کورد دواکەوتن!؟

خۆپیشاندانی خوێندکاران..
یەکشەممە ٢٠١٠.٤.١٨

ئەو نارەزایەتییەی ماوەیەکە لەلایەن خوێنکارانەوە، لەم شار و ئەو شاری هەرێم ڕوودەدات، نیشانەی زیندوویەتی ئەو توێژەیە، مژدەبەخشی گۆڕانکاری گەورە و ئایندەیەکی گەشترە. ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٠.٤.١٨ خوێنکارانی کولێژی زانستە سیاسییەکان لەسێ شار خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزایەتییان پێشاندا و داوای تایبەتییان خستە ڕوو. ئەوەی گرنگ بوو ...چەند دانە لەدروشمەکانیان بوو، گوزارشتی لەسەرهەڵدان ئەو گۆڕانکارییە دەکرد کە لەسەر دەستی ئەواندا بەڕێوەیە: بەڵێ بۆ زانستی سیاسی، نەخێر بۆ گەندەڵی سیاسی، یان بەسە چیتر بێبەهاکردنی سیاسەت..
بەڕاستی خوێندکارە کچ و کورەکانی باژێڕی سلەیمانی، قارەمانێتییەکی بێوێنەیان نواند لەو خۆپیشاندانە ئەم بەیانییە شەممە ٢٠١٠.٤.١٧ سازیان کرد.. خەڵکی سلەیمانی هەر لەکۆنەوە سەرمەشقی نارەزایەتی بوون وەک چۆن ئەمڕۆ بۆ چاککردنی سیستەمی پەروەردە بەشێکیان کردیان دووبارە سەلماندیانەوە. ئەم دروشمانە جێی سەرنج بوون: ژیانێکی ئەفەریقی، سیستەمێکی ئەورووپی.. بەقەڵەم و بەپەنجه ئەم مەنهەجە ئەگۆڕین..چیدی ناترسین و دەنگی خۆمان هەڵدەبڕین...

ئاریشەی ژن!!
یەکشەممە ٢٠١٠.٤.١٨

- : بۆچی ژن دەنگی نەهێنا؟ بۆچی ژن دەنگ بهێنێت؟

لەبەر ئەوەی هزری ئاینی و بنەماڵەیی و عەشایەری و ... کەواتە کۆمەڵگایەکی نێرسالارییە، مرۆڤ دەترسێت لەڕەوشێکی وا، بۆ نموونە دەستیان چووە کوشتنی عەبدولستار تاهیر شەریف کە تەمەنی لە٧٠ساڵ تێپەڕی بوو! لەشاری خەڵکی کەرکووک!!!

ئەو پاشاگەردانییەی لەنێو ژناندا هەیە، بەشێکی بۆ هوشیاری خودی خۆیان دەگەرێتەوە. ڕیژەی نەخوێندەواری لەکۆمەلگادا گەر گریمان لەسەدا پەنجا بێت لەسەدا ٣٠ بەر رەگەزی مێ دەکەوێت!! وا دایبنێن تۆ لەجیاتی یەکێک لەو کاندیدکاراوانە بیت، کە بەسیستەمی کوتا دەرچوون، بوونەتە پەرلەمانتار. وازت لێدەهێنا و دەستبەرداری دەبوویت؟ گەر بشتزانیایە دەنگی پێویستت نەهێناوە؟
دوای ئەوە ململانێ نەک لەنێوان ژن و پیاودا هەیە بەڵکوو لەنێوان ژن و ژنیشدا هەیە، جا لەم نێوەدا کێ بەهەڵپەتر بوو ئەوە لەپێشترە و دەیباتەوە، ئیتر پەیوەندی بەئاستی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر و شەهادە و ئەوانی ترەوە نییە....

ئیتر خانمێکی وەک لەیلا زانا، مێژوویەک دروستی کردووە، هاوکات چانسەکان هاتۆتە پێش گرتوویەتی بۆیە لەبوارێکی دیاریکراودا نێوبانگی بۆ خۆی چێکردووە. کام لەئێمە گوێ بیستی ئەوە بووە، رۆژێک لەڕۆژان ئەو خانمە بەرگری لەمافی هاوەگەزەکانی کردبێت؟ ئێمە دەزانیین کە چەند هەلومەرجی کۆمەڵایەتی لەکوردستانی باکوور دواکەوتوانەیە، بەتایبەتی بۆ ژنان! ئەوانە مەحسووب نیین لەسەر ڕەگەزی مێ... ژنان بەداوی دەنگ و مەسائیلی دیکەوەن نەک خودی کێشەی ڕەگەزەکەی خۆیان!!!!

ئەمیری حەسەنپوور، ختووکەی رەگی عەشایەری دەدات!
هەینی ٢٠١٠.٤.١٦

ئەمیری حەسەنپور، گۆڤاری مەتین کە لەدەڤەری بادینان دەردەچێت، چاوپێکەوتنێکی لەژمارە ١٩٠ لاپەرە ١٢٢ - ١٣١ لەگەڵدا سازیکردووە، واهاتووە و دەڵێت:

( ...کورمانجی لەزۆر بواراندا لەسۆرانی لەپێشرتر بوو..!! )

بۆمان باس ناکات ئاخر چۆن چۆنی لەپێشتر بووە، لەکاتێکدا پێی نەنووسراوە و ئاخافتنی کەمتر پێکراوە، ئەوە نییە PKK لەساڵی ١٩٨٤ بڕیاری ئاخاوتن و نووسین بەکوردی دەدات!

( ...کورمانجی لەسەدەی ١٥ وە تا ئێسته قەتیسماوه و بەو بیانووه لەمافی رەسمیبوون بێبەشبکرێت...)

ئاخر دەڤەری بادینان، لەبەر ئەوەی ڕێژەی نەخوێنەواری زۆرتر تێدا بووە، بەئێستاشەوە ڕەگی عەشایەری (بەمانا ئیهانەتئامێزەکەی نا) زۆرترە، بۆیە لەسەردەمی عەرەبی عێراقیدا زمانی عەرەبیان لەشێوەزاری سۆرانی پێباشتر بوو!

(... رەسمیکردنی لەهجەیەک دەسەڵات دەدا بەئاخێوەرانی و دەسەڵات لەئاخێوەرانی لەهجەکانی دی حاشادەکات..!! سیاسەتی زاڵبوون و دژی-دێمۆکراسی دەبێته هۆی نارەزایی و لێکهەلبران..! لەهجەی سۆرانی لە لەهجەکانی دی باشتر، پێشکەوتووتر، دەوڵەمەندتر، رەسەنتر و رێکوپێکتره..!! سۆرانی لەسەرەوه دادەنێت و ئەوانی دی لەخوارەوه. ئەوەی سەرێ مافی ئاغایەتی و سەروەری هەیه و ئەوانی خوارێ دەبێت ژێردەست بن..! )

بەحسابی ئەمیری حەسەنپوور ئەوە (شوڤینیسمی سۆرانی)یە!! لەواقعیی ئێستا، گەر وردتر بڕاونرێتە موازیکی هەرێمی کوردستان هەر زۆر پێچەوانەیە،  بێئاگایی ئاغای حەسەنپوور دەگەیەنێت! چوونکە دەڤەری بادینان بۆ خۆیان لەم خاڵی زمانەدا فیدڕالیان هەیە، ئەمە وێرای ئەوەی زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەهەردوو شێوەزارەکە پەخشیان هەیە، تەنانەت هەورامی و شێوەزارەکانی تریش بێبەش نەکراون.

(... حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم....، نایەوێت بڕیار بۆ پارچەکانی دی کوردستان بدات..کۆتایی بەنابەربەری نێوان لەهجەکان نایەت..! نابەرابەریی زمانیی و لەهجەیی بەشێکه لەنیزامی کۆمەڵایەتی که پڕه لەنابەرابەریی چینایەتی، جینسێتی، دینی، قەومی، رەگەزی و هتد.. بەڵام کۆمەڵگه و دەوڵەتی "مۆدێرن" ئێستا بەبێ زمانی ستاندارد و رەسمی ناحاوێنەوه..!)

ئەمیری حەسەنپوور،ئەو ڕاستییە دەزانێت و دەردەبڕێت، کەچی خۆ لێ هەڵە دەکات! تەناقوز - پارادۆکس لەبۆچوونەکانیدا دەبینرێت! بەڵام هەرچۆنێک بێت لەم چاوپێکەوتنەدا کەمێک ئەهوەنترە، و ئارامترە، ئەوەش رەنگدانەوەی کاریگەری ئەو ڕەخنانە بوو کە ماوەیەک لەمەوبەر لێی گیرا..
نازانرێت بۆ خۆی بەو دەردەدەبات، بۆتە کایە بەدەست باڵە ناناسیۆنالیستییەکەی کۆمەڵگای کوردییەوە لەباشووری کوردستان، یان ئەمە ناحەزییەکی ژمارەیەک لەڕۆژهەڵاتییەکانە بەهۆی ئەوەوە و لەم خاڵەوە دەریدەبڕن! ختووکەی جیاوازخوازی و لێکترازانی خەڵکی دەدات.. وەک ئەوە دەربڕینەی لێهاتووە، گەر پێم نەکرێت، تێکی دەدەم، دەبوایە بەپێچەوانەوە هاوکار و یارویاوەر بێت.. بەڵام  شووکر هوشیارە مەحوی تێدەگات دنیا خەراباتە....
------------
ئەو دێڕانەی نێو کەوانەکان، فاکتی وەرگیراوە لەپەیڤەکانی ئەمیری حەسەنپوور..

تکایە بڕواننە تێکستی چاوپێکەوتنەکە
- : هەمان بابەت لەماڵپەڕی ئەمرۆ؛دا
- : هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا


تەکنیک، هەڵەڕاستکردنەوە!
پێنجشەممە ٢٠١٠.٤.١٥

گۆڕانکارییەک لەناونیشانی بەستەری(ویکیپیدیا) کراوە، گەر یەکێک بیەوێت بزانێت لەبەشە کوردییەکەی بەڕێنووسی ئارامی - کوردی چ باسە، ئاسان دەیدۆزێتەوە. بەشی کوردەکانی باکوور بەپیتی لاتینی کراوە، بووە بە Kurdi کە ئەوسا بەم شێوەیە بوو: کوردی / Kurdi بوو، کە کلیکت لەسەر دەکرد، دەچووە بەشەکەی ئەوان بە پیت و ڕێنووسی لاتینی بوو. ئەمە ئێرەش یان ئەمەی خۆمان، بۆتە کوردی/ Sorani ئەمە دەکرێت بڵێم هەڵەیە و باش نییە. چوونکە بەو ڕێنووسە (سۆرانی) تەنها کوردانی باشوور پێی نانووسن، بەڵکوو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش پێی دەنووسن و دەخوێننەوە. کەواتە ئەوە هەڵەیە! واباشترە بکرێت بەکوردی/ Kurdi ، ئیتر هەموو کوردانی ئەو بەشانە دەزانن هی کام بەشە لەزمانی کوردی و جیا دەکرێتەوە لە باکوورییەکان. ئینجا هەر لەناو خۆماندا هەندێک هزری کوردچێتی چوار پارچەیی لەدەماغیدا دەسووڕێتەوە، لەژێر کاریگەری، ئەملاوئەولادان، لەخۆڕایی کێشەت بۆ دەخولقێنن و تایبەتمەندێتی هەرپارچەیەک فەرامۆش دەکەن! بۆیە کەمێک لەبەرانبەر وشەی سۆرانیدا حەساسیەتیان هەیە، ئەو دۆخە دەبێت ژیرانە کاڵ بکرێتەوە.

لەیادی ٢٢ ساڵەی پرۆسەی بەندناوی ئەنفال؛دا
چوارشەممە ٢٠١٠.٤.١٦

لەمەراسیمی ناحییەی ڕزگاریدا، لەمەراسیمی یادی ٢٢ ساڵەی پرۆسەی ئەنفال، گرووپێکی دەفژەن تابلۆیەکیان پێشکەش کرد، سەرەتا خانمێکی کامل، زۆر جوان لاوایەوە، من بۆ خۆم ئەو سۆز و لاوانەوەیەی دایکم بیر کەوێتەوە، کە لەدوای شەهیدکردنی عەلی چەلەبی برام لەلایەن جاشەکانی زەرەیان، لەدەشتی شارەزوو. ئیتر نازانم بەردەوام بۆ خۆی دەگریا، دەیلاوندەوە، زۆر جار خۆم بۆ نەدەگیرا، بەقوڵپی گیریانەوە لەژوورەکە دەچوومەوە، نەمدەهێشت دایکم پێی بزانێت.. دواتر وای لێهات لەهەموو پرسەیەکدا داوایان لێدەکرد، لاوانەوە بکات. لەیادی خەمناکی ئەنفال و هەڵبجە و ... ئەوەندە هەیە، ئەو کەس و بنەماڵە و خێزانانە دەزانن مانای ئازار و خەمی لەدەستدانی کەسە ئازیزەکانیان بەدەستی عەرەبە هۆڤییەکان، ئەم بۆنانە چییە..

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠١٠.٤.١٣ ئێسک و پروسکی ١٠٤ منداڵ و ٢ ژنی سکپڕ ئەنفالکراو برایەوە بۆ زێدی خۆیان لەشارۆچکەی چەمچەماڵ. بەڕاستی ئەو دیمەنانەی لەکەناڵەکانی ڕاگەیەنراوی بینراو هی ئەو خەڵکە پیشاندرا، جەرگی هەر مرۆڤێکی دەهێنەیە هەژان، وەک چۆن لەیادی کیمابارانی هەڵەبجەدا لەکۆڕێکی ڕیزلێندندا لەبەرچاوی چەندەها کەس خۆم بۆ نەگیرا گ...ریام، دووبارە بۆ ڕۆحی پاکی ئەو قوربانیانە گریامەوە.. خودایە ئەوە چ بەتبەختییەکە....؟؟!! من لەمڕۆوە پرسەمە و ئاڵای ڕەشم هەڵکردووە...

وردبینی سەنگی مەحەکە!!
دووشەممە ٢٠١٠.٤.١٢

بەڕێز سەلام کەریم، بەهۆی پێگەی فەیسبووکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٠١٠.٤.٦ لەنامەیەکدا، پرسیارێکی بەم شێوەیە بۆ ناردم:

ئایا گۆران بەپشتگیریکردنى لەکاندیکردنەوە تالەبانى بۆ خولى دووەم سەرۆکایەتى کۆمار، لەبەشێک لەپەیام و کارنامەى خۆى لانادات، کە پیشتر و لەکاتى هەڵمەتى هەڵبزاردندا بەرزى کردبوە.. ئایا دوبارە کاندیکردنەوەى تالەبانى لەبەرژەوندى کوردە؟

منیش بەم شێوەیە وەڵامم دایەوە:

ئەو پرسیار و کێشەیە، بەو شێوەیە نییە، هیچ بزووتنەوەک لەم دنیایەدا ناتوانێت لەسەدا سەد وەفاداربێت بەو پەیامەی کە بەرزی کردۆتەوە و هەوڵی بۆ دەدات. بڕیار نییە هەتا سەر بزووتنەوەکە لەسەر کێشەیەک و مەسەلەیەکی وا پێداگری بکات.. دوژمنی هەتاسەر و دۆستی هەتا سەر کەی لەسیاسەتدا هەبووە؟

تەوژمی سیاسی زۆریشمان بینیوە، بەتوندرەوی هێناویانە، بەڵام سەرئەنجام دابڕاون لەخەڵک، بۆیە گەر بزووتنەوەی گۆڕان لەخاڵێکی وا یان لەزۆر مەسەلەی دیدا ئاوا بڕواتە پێشەوە، بێگومان دواڕۆژی باش نابێت.
لەم نێوەدا بزووتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەو هەموو کێشانەی کە لەگەڵ یەکێتیدا بۆی دروست بووە، لەهەوڵی قەبەکردنی قلشەتکانی نێوانیان نەبێت، نزیکایەتییەکی لەگەڵیدا دروست بکرێت باشترە، لەو پیاهەڵدانە بەحساب ئیعتراف پێکردنە درۆیینانەی کەسەیەتییەکانی ناو پارتی وابهێنێت..

گەر وردتری بکەینەوە بۆ کەسایەتییەکی وەک مام جەلال و پلەی سەرەککۆماری، پێم باشە بەپێی تەمەن گریمان بزووتنەوەی گۆڕان لەو هەموو پێشێلکارییەی یەکێتی لەبەرانبەریدا کردوویەتی خۆش بێت. هێشتا مام جەلال هەق نییە ڕی بەخۆی بدات بچێتەوە ئەو پۆستە، چوونکە بەڕاستی ئەو تەمەنەی نەماوە، ماوەی چوارساڵ تەواوبکات. کە شتێکی بەسەرهات دووبارە دەبێت شوێنەکەی پڕ بکرێتەوە، جا بۆ هەر لەئێستاوە کەسێکی دی دەستنیشان نەکرێت بۆ ئەو پۆستە؟ ماڵی ئاوا بێت کەی ماندوو دەبێت!!


لەڕۆژی دووشەممە ٢٠١٠.٤.١٢ بابەتێکی بەناونیشانی :
گۆڕان لەژێر حوكمی تەوافوقی عێراقدا پشتگیری لەكاندیدكردنەوەی تاڵەبانی دەكات، دابەزاندووە.
ئەمەش ناونیشانی بەستەری بابەتەکەی سەلام کەریم؛ە:
http://www.civilmag.com/news/Siasyi/S%2029/goran%20pshgere%20talabane%20dakatddddddddd/index.php

وەک دیارە بەدواداچونێکە بۆ هەڵویستی بزووتنەوەی گۆڕان لەمەڕ هاوپەیمانێتی و کاندیدکردنی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆککۆماری. لەوێدا چەند فاکتی لەپەیڤەکانی بەندەی موخلیسیان هێناوەتەوە، دەقاودەق هەموو وەڵامەکەی بەکارنەهێناوە! ئیتر تێناگەم بۆ؟ !
سەپرایسەکە لەوەدایە پەیڤی بەڕێز خالید رەزا؛ی هێناوەتەوە، گوایە هی منە!! نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەڕێز لێی هەڵە بووە، کە زۆرجار فڵان وتار و بابەتی فڵان نووسەر دەخوێنمەوە، پێم باشە هاوڕێیانم لەپێگەی فەیسبووک دووبارە بیخوێننەوە، هەمیشەش وا دەکەم چەند فاکت لەبابەتەکە کە جێی سەرنجمن، دەهێنمەوە و پیشانی دەدەم.

بۆیە وردبینی لەکارکردن سەرکەوتنی زیاتر بۆ نووسەرەکە بەدەست دەهێنێت.
ئەمەش ئەو بەستەرەیە کە نموونەیەک لەنووسینەکەی بەڕێز خاڵید ڕەزا؛ی لێوەرگیراوە:
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=2919&AuthorID=15

بۆ خۆم لەگەڵ ئەو دیدەی خالید ڕەزا؛دا نەبووم، کۆمێنتێکم بەم شێوەیە بۆ نووسی:

لەوێدا کە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ڕای جەماوەر و لایەنگرانی خۆی بگەڕێتەوە، دروستە، بەڵام بەو ئالییەتە دواکەوتوانە و دوور لەشارستانییەی موقتەدا سەدر نا. ئەوە کۆمیدیا و گاڵتەجاڕییە بەڕیفراندۆم دەکرێت. بزووتنەوەی گۆڕان، جووڵانەوەیەکی سکۆلاری مۆدێرنی پەرلەمانییە، ناکرێت زەمی نموونەیەکی ناشیرین و عەشایەر و ئایینی بەسەردا بکرێت و بشووبهێنرێت!!

پیاوە ئاینییەکان دادگایی دەکرێن!
یەکشەممە ٢٠١٠.٤.١١

ئاتائیستی بەناوبانگی بەریتانی (ريچارد داوكينس - Richard Dawkins / ١٩٤١) خاوەن کتێبی بەناوبانگ ( وەهمی خودا - The God delusion / ٢٠٠٦ ) بەهاوکاری نوسەر ئاتائیستی کریستۆفەر هێتشینس بەتەمای هەڵمەتێکن بۆ دادگاییکردنی (پاپای فاتیکان Benedictus XVI - ١٩٢٧ ) بەتۆمەتی تاوان دژ بەمرۆڤایەتی.
پاپا بریارە سەردانی بەریتانیا بکات، لەوێ دەستگیر بکرێت، لەبەر ئەوەی لەنەتەوە یەکگرتووەکان فاتیکان ئەندام نییە، بۆیە حەسانەی نییە. وەختی خۆی ساڵی ١٩٩٨ دیکتاتۆری وڵاتی چیلی ( ئوگوستۆ بینۆچێت - Augusto Pinochet / ١٩١٥ - ٢٠٠٦ ) لەوێ بەریتانیا گیرا و دادگایی کرا.
ئەو دوو ئاتائیستە بیانوویان ئەوەیە کە پاپای فاتیکان ئاگای لەو هەموو تەعدا و دەستدریژییکردنە سێکسیانەی سەر مناڵان لەلایەن قەشەکانەوە، هەبووە، چاوپۆشی لێکردووە.

یاخیبوون چی لێسەوز دەبێت؟ 
 
هەینی ٢٠١٠.٤.٩

گەر کۆیلەیەک هەستی بەکۆیلایەتی خۆی کرد، لەدژی وەستایەوە و یاخی بوو، شۆرشگیرە. یەکێکی دی هەستی پێنەکات، ژیانی بەبێدەنگی بگوزەرێنێت، ئەوە عەبدێکی گوێلەمستە. بەڵام گەر کۆیلەیەک شوکرانەبژێر، موعجیب بوو بەخاوەنەکەیەوە و مەدح و سەنای کرد، بێگومان دەبەنگ و گێلە و .. کارل مارکس ١٨١٨ - ١٨٨٣

فینلاند، ڕۆژی زمان
هەینی ٢٠١٠.٤.٩

میکاێل ئگریکۆلا Mikael Agricola لەساڵی ١٥١٠ هاتۆتە دنیاوە، لە ٩ ی ٤ ی ١٥٥٧ کۆچی دوایی کردووە. ئەم کەسە قەشە بووە، بەدانەری ئا بێ سێ؛ ی زمانی فینلاندی دەژمێردرێت. ڕۆژی مردنەکەیان کردووە بەڕۆژی زمانی فینلاندی، ئاڵا لەسەرجەم وڵات هەڵدەکرێت... ئەی ڕۆژی زمانی کوردی کەیە؟ ئایا بیر لەوە نەکراوەتەوە ڕۆژێکی وا دابنرێت؟

قوبادی جەلیزادە، لەکۆتاییدا بەر شەقی دەسەڵات دەکەوت!
پێنجشەممە ٢٠١٠.٤.٨

تەواوی مرۆڤایەتی مافی ئەوەی نییه، دەنگی ناڕەزایی تاكەكەسێك سهركوت بكات (جۆن ستیوارت میل).. درۆیەكی گەورەیه باس دیموكراسی بكەیت و تاسەرئێسک شەرشانگێزانه و نامرۆڤانە و ناژیاندۆستیانه بیربكەیتەوه و پراكتیزەی هەیمەنه و دەرەبەگخوازی و شەڕانگێزی بكەیت.
ئەم بابەتەی نووسەر بەرگری کردنێکە لە دادوەر قوبادی جەلیزادە.

دنیایەکی سەیرە! ڕۆژان رۆژی لەدوایە، بەداخەوە بۆ ئەو ناهەقییەی لەقوبادی جەلیزادەیان کردووە. بەڵام ئێستا تێدەگات غەدر چەند ناخۆشە! ساڵبەوعەیام بەندە هەر وەک ئێستا ئۆپۆزسیۆن بووم، ئەما جەپێکی توند ڕەو، بەئەمری ئەم دادوەرە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەدەبیانتی موخالف، لەزیندانی یەکێتی بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ زیندانیان کردم. لای خۆی ئەو کاتەش هەر شاعیر و ئەهلی پێنووس بوو!

بێریڤان، بەدۆبلاجی کوردی!!
چوارشەممە ٢٠١٠.٤.٧

زنجیرەی ١ ی دوبلاجکراوی سریالی بێریڤان، کە لەکەناڵی چار - 4 پەخشدەکرێت! هەموو دەزانیین چیرۆکەکە لەکوردستانی باکور ڕوویداوە، بەڵام بەتەکنیکی تورکی ئامادەکراوە، کەشوهەوایەکی کوردیانەی تێدایە، شایەنی ئەوەیە بەدوایدا بچین.
سترانبێژی بەنێودەنگی تورک خانم سپیل جان کایەی کارەکتەری بێریڤان دەگێرێت. ئەم هەنگاوەی ئەو کەناڵە دەچێتە پاڵ هەنگاوەکەی کەناڵی گەلی کوردستانی شاری هەولێر،بەخاتری ئەوەی خەڵکی کوردی باشوور لەکەناڵە عەرەبییەکان بکات، کارێکە جێی پەسەند و دەستخۆش بوونە..

مام جەلال کەی ماندوو دەبێت؟
چوارشەممە ٢٠١٠.٤.٧

ئایا گۆران بەپشتگیریکردنى لەکاندیکردنەوە تالەبانى بۆ خولى دووەم سەرۆکایەتى کۆمار، لەبەشێک لەپەیام و کارنامەى خۆى لانادات، کە پیشتر و لەکاتى هەڵمەتى هەڵبزاردندا بەرزى کردبوە.. ئایا دوبارە کاندیکردنەوەى تالەبانى لەبەرژەوندى کوردە؟  گۆڤاری سڤیل

ئەو پرسیار و کێشەیە، بەو شێوەیە نییە، هیچ بزووتنەوەک لەم دنیایەدا ناتوانێت لەسەدا سەد وەفاداربێت بەو پەیامەی کە بەرزی کردۆتەوە و هەوڵی بۆ دەدات. بڕیار نییە هەتا سەر بزووتنەوەکە لەسەر کێشەیەک و مەسەلەیەکی وا پێداگری بکات.. دوژمنی هەتاسەر و دۆستی هەتا سەر کەی لەسیاسەتدا هەبووە؟ تەوژمی سیاسی زۆریشمان بینیوە، بەتوندرەوی هێناویانە، بەڵام سەرئەنجام دابڕاون لەخەڵک، بۆیە گەر بزووتنەوەی گۆڕان لەخاڵێکی وا یان لەزۆر مەسەلەی دیدا ئاوا بڕواتە پێشەوە، بێگومان دواڕۆژی باش نابێت.

لەم نێوەدا بزووتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەو هەموو کێشانەی کە لەگەڵ یەکێتیدا بۆی دروست بووە، لەهەوڵی قەبەکردنی قلشەتکانی نێوانیان نەبێت، نزیکایەتییەکی لەگەڵیدا دروست بکرێت باشترە، لەو پیاهەڵدانە بەحساب ئیعتراف پێکردنە درۆیینانەی کەسەیەتییەکانی ناو پارتی وابهێنێت..

گەر وردتری بکەینەوە بۆ کەسایەتییەکی وەک مام جەلال و پلەی سەرەککۆماری، پێم باشە بەپێی تەمەن گریمان بزووتنەوەی گۆڕان لەو هەموو پێشێلکارییەی یەکێتی لەبەرانبەریدا کردوویەتی خۆش بێت. هێشتا مام جەلال هەق نییە ڕی بەخۆی بدات بچێتەوە ئەو پۆستە، چوونکە بەڕاستی ئەو تەمەنەی نەماوە، ماوەی چوارساڵ تەواوبکات. کە شتێکی بەسەرهات دووبارە دەبێت شوێنەکەی پڕ بکرێتەوە، جا بۆ هەر لەئێستاوە کەسێکی دی دەستنیشان نەکرێت بۆ ئەو پۆستە؟ ماڵی ئاوا بێت کەی ماندوو دەبێت!!

نموونەیەکی ناشیانە!!
سێشەممە ٢٠١٠.٤.٦

موقتەدا سەدر سەرکردەی یەکێ له رەوته شیعیە میلیشاییەکانە، خاوەنی 38 کورسییه، ئەو هات بۆ ئەوەی رای جەماوەرەکەی خۆی وەربگرێت بۆ پشتیوانیکردن لەمالیکی یان کەسێکی تر راپرسی کرد..ئایه هیزێکی وەک گرووپی موقتەدا سەدر بتوانێت بگەڕێتەوه بۆ رای بنکه جەماوەریەکەی ئیتر بۆ دەبێت گۆڕان بۆ پرسی پشتیوانکردنی لەکاندیدکردن و نەکردنی سەرکۆمار بۆ بنکه جەماوەرییەکەی خۆی نەگەڕێتەوه؟

لەوێدا کە بزووتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ ڕای جەماوەر و لایەنگرانی خۆی، دروستە، بەڵام بەو ئالییەتە دواکەوتوانە و دوور لەشارستانییەی موقتەدا سەدر نا. ئەوە کۆمیدیا و گاڵتەجاڕییە بەڕیفراندۆم دەکرێت. بزووتنەوەی گۆڕان، جووڵانەوەیەکی سکۆلاری مۆدێرنی پەرلەمانییە، ناکرێت زەمی نموونەیەکی ناشیرین و عەشایەر و ئایینی بەسەردا بکرێت و بشووبهێنرێت!!

ڕۆژنامەنووسان بەدەسەڵات ناوێرن!!

سێشەممە ٢٠١٠.٤.٦

ئەو کاتەی محەمەد تۆفیق رەحیمی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە ئیحراج دەکرێت!!
پێم باشە ئەم گۆڤار و ڕۆژنامەنووسە، چۆن بۆ محەمەد تۆفیق رەحیم ئازا بووە، ئاواش لەگەڵ سیاستمەدارەکانی تری وەک نێچیر و فڵان و فیسار ئازا و جەریئ بێت. بەوەی چۆن بەچ هەقێک وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان خۆی دەکات بەم وڵات و بەو وڵات؟ یان بەچ سفەتێک مامی لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ کۆشکی سپی و لەچاوپێکەوتنە فەرمییەکانی حکومەتدا لەدەستە ڕاستی دادەنێشێت!! ئایا ئەوە بەهێزکردنی دوو حکومەتی نییە، ئەوە حکومەتی وژێر سێبەردا نییە؟ ئایا ئەوە فەوزا دروستکردن نییە؟ تەدەخولکردن نییە لەحکومەتدا؟ و دەیەها پرسیاری تر.....


ڕەفتاری ناشیرین و پەشیمان بوونەوە!
دووشەممە ٢٠١٠.٤.٥

نووسەرێکی عەرەبی عێراقی، پاش ٢٣ ساڵ نهێنییەک ئاشکرا دەکات، بەم ناونیشانە: لەبەردەمتاندا داوای لێبووردن لەو ڕەفتارە دواکەتوانەیەی خۆم دەکەم.. ئاخر بۆ ؟ لەبەر چی؟ ئایا کارەکە ئەوەندە ناشیرینە تا شایەنی ئەوە بێت؟ مەگەر تاوانی کوشتن مرۆڤ بگەیەنێتە ئەو دۆخە! خەیاڵتان نەڕوات بۆ شتی خراپ و خراپتر..ئەو جەنابە بەڕێکەوت لەخەستەخانەیەکدا دڵی بەکچی ئەو دکتۆرەدا دەچێت کە باوکی نەخۆشی ئەوە و لەژێر چارەسەردایە..

دیارە کچەکە بەچاوی سۆزەوە دەڕونێتە ئەم.. کە باوکی لەخەستەخانە دەریدەکەن.. حەز دەکات دیارییەکی پێشکەش بکات.. بەو پەڕی قەناعەتەوە دەچێت کتێبێکی ئیسلامی دەکرێت، لەوانەی کە باسی گلکۆ و ئاگری جهەنم و شتی لەو جۆرە دەکات. لەجیاتی ئەوەی لایەنی کەم کتێبێکی شیعری عەشق و غەرامیاتی لەوانەی نزار قەبانی، یان ڕۆمان و چیرۆکی ڕۆمانسی بێت. کچەکەش لێیوەردەگرێت. جا دەڵێت هەرکات بیر لەو رەفتارەی خۆم دەکەمەوە هەست بەشەرمەزاری دەکەم.
حکومەتی هەرێمی بێسەربەرە!!
یەکشەممە ٢٠١٠.٤.٤

 كاك نێچیرڤان كەسایەتییەكی سیاسیی ناسراوه هەفتەی پێش ئەوەش بەنوێنەرایەتی جەنابی سەرۆكی هەرێم لەتاران بوو، ئاساییه كه كەسایەتییه سیاسییەكان هاتووچۆ دەكەن و پێشوازیش دەكرێن لەلایەن دەوڵەتەكانی ترەوه، سەبارەت بەبەشداربوونی وەزیری سامانه سروشتییەكان و فەلاح مستەفا ئەوه لەحكومەت پرسیارمان هەیه لەسەر ئەو مەسەلەیە و بزانین چۆن بووه و چۆن نەبووه؟؟

بەڕاستی ئەو پەیڤانەی دکتۆر بەرهەم، کۆمیدی و تراجیدییە! هەر کەسێکی تر بێت، ئیستقالەی دەدا! بەچ مانایەک سەرۆکی حکومەتێک ئاگای لەچوونی وەریرەکانی بۆ وڵاتانی دراوسێ نییە ؟؟!! ئەوە گەورەترین ئیهانەیە بەو کراوە؟! ئاخر بۆ نێچیریش خۆی پاراستووە گوایە کەسایەتییەکی سیاسییە، جا کێ دەڵێت وا نییە! بەڵام بەچ سفەتێکی حکومی ئەو نوێنەرایەتییەی پێدەسپێردرێت؟ ئەمە ڕێ... مشاهدة المزيدک ئیسپاتی دوو ئیدارەیی دەکات. گریمان واش نەبێت، ئەوە نیشانەی فەوزایەکە لەحکومەتەکەی دکتۆر بەرهەمدا!! بەڕاستی ئەو سیاسەتمەدار ژیرە قابیلی بەزەییە!! مرۆڤ دڵی بۆی دەسووتێت!!

فلیمی 2010
یەکشەممە ٢٠١٠.٤.٤

فلیمی ٢٠١٠ م بینی، سەرنج ڕاکێش بوو، دەمێک بوو فلیمم نەهێنابوو، باش بوو، بەڕیکەوت کە خۆم کرد بەدووکانی دێڤێدی کرێدا، ئەو دانرابوو، پێنج ئێرۆیان لێسەندم و هێنام، تێکستی عەرەبیش لەگەڵدا بوو، بەوەرگێرانی عەرەبییەوە بینیم.
فلیمەکە لەدەرهێنانی: Roland Emmerich لەنواندنی: John Cusack لەساڵی ٢٠٠٩دا بەرهەمهێنراوە. جۆری: دراما و ئەکشن و فەنتازیایه، ماوەکەی سەروو دوو کاتژمێر بوو...

وەستانەوە لە دژی گەندەڵی کوردی و عەرەبی
شەممە ٢٠١٠.٤.٣

 (پشتیوانی نەکردن لەهیچ لێپرسراوێکی کورد کە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی بەسەردا ساغبێتەوە.)
ئەمە خاڵیکی جێی سەرنجم بوو لەپرۆژە پێشنیارکراوی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ هاوکاری نێوان کوتلە کوردیتەکانی پەرلەمانی عێراق. ئەوەی دەبێت بۆی زیاد بکرێت نەک کورد بەڵکوو هەموو پێکهاتەکانی تریش بگرێتەوە. چوونکە بینیوومانە بە...هۆی تەوافقاتی نێوان کورد و فڵان کوتلەوە، چاوپۆشی لەفڵان گەندەڵی و تاوانی فڵان وەزیر و ئەندام پەرلەمان کراوە. خاڵێکی دی کە نابێت فەرماۆش بکرێت، لەم پرسیارەدا خۆ دەبینێتەوە، ئایا بۆ تەرکیز کراوەتە سەر سەرۆکی هەرێم بۆ پەرلەمان نەبێت، ئەو کراوە بەباوەکە گەورە لەکاتێکدا مەرجەعی یاسایی دەبێت پەرلەمان بێت، ئەمە دروست بەهێزکردنی مەسعود بارزانیییە!!؟؟
ئایا سەرکردە عێراقیەکان پابەندی پرینسیبەکانی دیموکراتی دەبن؟
شەممە ٢٠١٠.٤.٣

ستوونێکی ڕۆژنامەی پڕتیراژ و بەناوبانگی هێلسنکی سانمۆمات - Helsingin Sanomat ی ڕۆژی شەممە ٢٠١٠.٤.٣ لەسەر عێراقی فیدڕاڵی، بەناونیشانی: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، جەنگی زۆرینەی هەڵگیرساندووە..
ئەو ستوونە، لەڕاستیدا شتێکی سەرنج ڕاکێشی وای تێدا نەبوو، لەم ماوەیدا سەدەها وتار و شرۆڤە و بەدواداچوون بۆ ڕووداوی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵی کراوە.

سەرجەم باس لەپێکهێنانی حوکمەتی ئایندە و دروستکردنی هاوپەیمانی نێوان قەوارە و لیستەکان، هەڵویستی هەر یەک لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراقی فیدرالی دەکات، خاڵی درەوشاوە سوونەکان سەرئەنجام لەم پرۆسەیەدا گەیشتەن ئەو قەناعەتەی بەشێوەی مەدەنیانە و ئاشتی خوازانە لەپرۆسەی سیاسی عێراق لەژێر چەتری عەلاویدا بەشدار بن. هاوکات کوردەکان کەحەماسیان بۆ هاوکاریکردنی لەگەڵ لیستەکەی مالکی کەمە.
مالکی دەیەوێت بەربەست لەبەردەم دۆڕاندنی لیستەکەیدا بکات بەوەی دوای ژماردنەوەی دەنگەکان دەکاتەوە و کۆمیسیۆنیش ناچێتە پای داواکەی!

نووسەری بابەتەکە، هەڵبژاردنەکان بەپرۆسەیەکی سەرکەوتوو ودیموکراتیانە دادەنێت، پرسیاری ئەوە دەکات: ئایا هێزە و قەوارە سیاسییەکان وەک خەڵک دەتوانن لەپێکهێنانی حکومەتی ئایندە دیمورکاتیانە تەسەرف بکەن؟
ستوونەکە ناوی نووسەرێکی دیاریکراوی لەسەر نییە، دیدی ڕۆژنامەکەیە.
--------
ئەوەی سەرەوە کورتکراوەیەکی تێکستی ستوونەکەیە بەزمانی فینلاندی، لێرەدا هەمووی ببینە
زیندانی گەرۆک
هەینی ٢٠١٠.٤.٢

(برقع) جۆرە پۆشاکێکی خۆداپۆشینی ژنانە، پەرلەمانتارێکی بەلجیکی بە زیندانی گەرۆکی دەشبهێنێت، وا دەبینیت ئەوەی ئەو جۆرە پۆشاکە دەپۆشێت، ئێمە دەببنێت، بەڵام ڕیگا نادات ئێمە ئەو ببینین! ئەوە چ لۆجیکێکە؟!!!

فینلاند، لایەنی مرۆڤانەی کۆچبەری فەرامۆش کراوە!!؟؟
پێنجشەممە ٢٠١٠.٤.١

فینلاند، بەڕاپرسییەکانی رۆژنامە پڕتیاژەکاندا بۆت دەردەکەوێت کە ڕاسیزیم لەچ ئاستێکدایە!! سەرەککۆمار خاتوو تاریا هاڵۆنێن - Tarja Halonen ڕۆژی چوارشەممە لەسەردانێکی بۆ شاری لاهتی، لەبارەی دیاردەی کۆچ و کۆچبەری پەیڤییوە: ... کۆچبەری کاڵا نییە... هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەکوێ بژی..دەکرێت ئەوانە لەبەهرە و توانیان سودی باش وەرگیرێ...
لەماڵپەری ڕۆژنامەی iltalehti دا، وەک نەریتە، بۆ هەر بابەتێک لەپاین تێکستەکەوە، ڕاپرسی بۆ خوێنەران دادەنرێت. وەک لەوێنەکەدا دەبینرێت: تا درەنگانێکی شەوی ٣١ ی ٣ ی ٢٠١٠، ٥٩٥٨ کەس دەنگیان داوە، لەسەدا ٨٠ بەنەخێر و لەسەدا ١٧ بەبەڵی وەڵامیان داوەتەوە. دواتر وەک لەوێنەکە دەبنیرێت ڕیژە و ژمارەی دەنگدەران لەوەڵامی نەخێردا بەرزبۆتەوە..
جارێکی تر، ئەوە دەسەلمێت کە خەڵکانی ئاسایی لەفینلاند، ئەنتی بێگانەن، رەگی ڕاسستی لەگەشەدایە، چاوەڕوانی باشی لیناکرێت، ئەگەر حەدێکی بۆ دانەنرێت، قابیلی سەرهەڵدان و کێشەی زیاتر دەکرێت...
-------------
تکایە بڕوانە تێکستی بابەتەکە بەزمانی فینلاندی لێرەدا

درۆی نیسان- ئەپرل
پێنجشەممە ٢٠١٠.٤.١

پینجشەممە ١ی ئەپرل-نیسان،چەند دەمژمێرم بۆ درۆی سپی تەرخان کرد، لەکار، مامۆستاکە مناڵەکانی خستە داوەوە، سێ وانەمانەشمان بەوە تەواوکرد. حەوت کەسم خستە داوەوە، شەشیان زەنگییان بۆ لێدامەوە، ئینجا پێم وتن کە دۆری نیسانە و ئازادین لەدرۆکردندا، زۆر پێکەنیین..

خانمێک براکەی ئەندام پەرلەمانی هەریمی کوردستانە، پێم وت لەئەنتەرنێتدا هەواڵی ئەوەم زانیوە فڵانی برات.. زەرەریدا لەخۆیدا و وازی لەلیستی هاوپەیمانی کوردستان هێناوە و بووە بەگۆڕان.. تا ئێستا زەنگی بۆ لێنەداومەتەوە تا پێی بڵێم؛ درۆی نیسان بوو..
زەنگم بۆ زەلامێک لێدا خەڵکی چەمچەماڵە، وتم تۆ خەڵکی ئەوێت و کەسوکارتی لێیە؟ وتی ئەرەوەڵا!
وتم ئەوە تیرۆر دەستی گەیشتە ئەوێش و تەقینەوەیەکی گەورە ڕووداوە! هەواڵەکەم لە کاک فڵان کە هاوڕێی هاردووکمانە بیستووە،زەنگی بۆ لێبدە بزانە مەسەلە چییە ؟
جا خۆش ئەوە بوو ئەوەی زەنگی بۆ لێدەدات بەر لەکاتژمێرێک کەوتە داوەوە، پێمووت: هەواڵی گردەکەی ئەم بەیانییە؟
وتی تا دوێنێ شەو ئاگام لێبووە، ئەم بەیانییە نا! وتم لەنێتدا بینیوومە کە جەماعەتی یەکێتی پەلاماری گردەکەیان داوە و پیس قلیشاوەتەوە! پێی بڕیم وتی دایخە دایخە، هەر ئێستا تەلەفوون دەکەم. وتم جارێ لەوانی خۆمان لێرە بپرسە گەر هیچت دەستنەکەوت ئینجا تەلەفوون بۆ سلەیمانی بکە.
دواتر زەنگی بۆ لێدام وتی: هیچ نەبووە، منیش پێکەنیم پرسیم: ئەمڕۆ چەندی مانگە؟ وتی: ١ ی مانگە. وتم: ئاخر چ مانگێکە...؟ دای لەقاقای پێکەنیین و وتی ئەمەشت پێکردم. جا کە برادەرە چەمچەماڵییەکە پەیوەندی بەمەوە کردبوو، پێی وتبوو تۆشی خستە داوەوە... ئەوە درۆی نیسانە...

ناوساوێکم بینی، پێمووت: ئێستا کە هاتم بۆ ئێرە فلانی برادەرتم بینی، ئۆتۆمبیلەکەی خۆی دابوو لەئۆتۆمبێلیکی تر و پۆلیسی لێبوو، ئۆتۆمبێلەکەی خراپ تێکشکابوو، زەنگێکی بۆ لێبدە بزانە چی بووە و خەتا لەکاملاوە بووە. کە زەنگی بۆ لێدابوو، وتبووی شتی وا نەبووە، پێدەچێت کڵاوی نیسانت چووبیتە سەر. کە زەنگی لێدا وتی: ئەمەشت کرد؟ هەرەشەی تۆڵە لێکردنەوەی لێدەکردم..

خەمی ڕۆژانە، ئازار ٢٠١٠


فینلاند، ژنەڕۆماننووسێک، خەڵاتی ئەنجوومەنی باکووڕی ئەورووپای بەدەست هێنا

سێشەممە ٢٠١٠.٣.٣٠

سۆفی ئۆسکانێن - Sofi Oksanen، ژنە نووسەرێکی فینلاندییە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئەدەبی وڵاتانی باکووری ئەورووپاوە، خەڵاتی ساڵانەی لەسەر رۆمانێکی بەناوی پاکردنەوە - Puhdistus  پێبەخشرا، ساڵی ٢٠٠٨ چاپکراوە، ٢٨٠ لاپەرەیە. بڕی خەڵاتەکە ٤٧ هەزار ئێرۆیە. ئەمە دووهەم جارە فینلاند ئەم خەڵاتە بەرێتەوە. ڕووداوی  ڕۆمانەکە باس لەداگیرکردنی ڕووسەکان بۆ ئستۆنیا دەکات.
سۆفی، لەشاری یئوڤاسکۆلا - Jyväskylä ساڵی ١٩٧٧ لەدایک بووە، تا ئێستا چەند خەڵاتی جۆراوجۆری تری وەرگرتووە. ئەنجومەنی ناوبراو، و یەکەم خەڵات لەساڵی ١٩٦٢ بەخشرا بەنووسەرێکی سویدی. تەرخانە بۆ بوارەکانی شانۆنامە، کورتەچیرۆک، رۆمان، ... ئەم خەڵاتە لەدوای نۆبڵ بەناوبانگترینە.. دەدرێت بەو نووسەرانەی کە بەدانیمارک، فینلاند، ئیسلاند، نەرویج، سوید و ...ی دەنووسن و داهێنان دەکەن.
-----------
هەمان هەواڵ لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

سکانداڵی مناڵگایین لە کەنیسەکاندا!!

دووشەممە ٢٠١٠.٣.٢٩

سکانداڵی سێکسی لەنێو کەشیشەکانی کڵێساکان و چاوپۆشی لێکردنیان! ئەی لەناو مزگەوت و لای مەلاکان و مجەورەر و کەسەئایینیەکانی دی، کە سەر بەڕیکخراوە سیاسییە ئیسلامییەکانن، کەی خەڵک و راگەیاندنی ئازاد جورئەت دەکەن و دەست بۆ ئاشکراکردنی فەزیحە سێکسییەکانیان دەبەن؟؟
لەبەر ئەوەی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان زیاد لەپێویست بەربڵاون بێگومان فەزیحەی سێکسی لەچاو کڵێسەکانی ئەورووپا زۆرترە..
وێنە کاریکاتێرییەکە

فینلاند، پاسیاینێن، بۆنەی ئایینی!!
دووشەممە ٢٠١٠.٣.٢٩

ئەمڕۆ وەک لەوڵاتە ئیسلامییەکاندا هەیە،ئێوارە و شەوی بەرات بوو، چەند جار لەدەرگام دا نەیان کردووە، دواتر ڕۆیشتمە ژوورەوە وتم بۆ نەتان دەکردەوە؟ لەوەڵامدا وتیان: وتمان لەوانەیە مناڵ بێت و هاتبێتن بۆ داوای نوقڵ و چکلێت وەرگرتن.. جەژنەکە ئایینییە، تەنها لەیەک شتدا وەک ئەوەی لای خۆمانە، کە دەگەڕین بەماڵاندا..بەڵام وەک لەوێن...ەکەدا دیارە مناڵان جلوبەرگی جۆراوجۆر لەبەر دەکەن و دەمووچاویان دەنەخشێنن و لقی دار بەپەڕی باڵندە رەنگاو رەنگ دەڕازێننەوە، دەگەڕێن و گوێ نادەنێ گەرهاتوو تۆف و بارانیش بێت ....لەم بەستەرەدا وێنەی زیاتر ببینن: ess

سەنگەساری ژن لەفلیمێکدا
دووشەممە ٢٠١٠.٣.٢٨

فلیمی The Stoning of Soraya M بەفینلاندی Naisen kivitys سەنگەساری ژنێکەوە بەناوی سورەیا، ساکام و تووشی شۆک و گریان هاتم. لەناوەکەیەوە دیارە بەسەرهاتی ڕاستەقینەی ژنێکی سەنگەسارکراوی دەگێرایەوە، هاوکات دەورونەخشی پۆزەتیفانەی ڕۆژنامەنووسان و ژنانی ناڕازی بۆ گەیاندنی ئەو تراجیدیایە و ئەو بەربەریەتەی لەوێ ڕوودەدات، بەدەرەوەی ئێران.

فلیمەکە جۆری درامییە، ساڵی ٢٠٠٨ بەرهەم هاتووە، دەرهێنانی Cyrus Nowrasteh، زمانی فلیمەکە فارسی و ئنگلاندییە..
لەناخەوە هەژاندمی، بۆ کۆتاییەکەی کە ژنەکە شریتە تۆمارکراوەکە ڕزگار دەکات و دەیدا بەڕۆژنامەنووسەکە، چەڵپەڵەم لێدا بۆی.. ئەمڕۆ لەسەرکاریش بۆ هاوکارەکانم باس کرد و هەر لەگەڵمدا بوو...

لیستی گۆڕان، باری کەچی کورد ڕاست دەکاتەوە؟

هەینی٢٠١٠.٣.٢٦



بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان لەڕۆژی ٢٠١٠.٣.٢٦ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بۆ پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە ڕاگەیەندرا:( ...ئەیاد عەلاوی (ئەلعێراقییە) ٩١ کورسی، نوری ئەلمالكی (دەوڵەتی یاسا) ٨٩ کورسی، عەمار حەکیم (هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی ) ٧٠ کورسی، هاوپەیمانی کوردستانی ٤٣ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ٨ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ٤ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٢ کورسی...)

هەر لەسەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵی پێشبینی ٢٠ تا ٢٥ کورسیم بۆ لیستی گۆڕان دەکرد، زۆر لەبرادەرانی لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕان بەموباڵەغەچی و خۆشخەیاڵیان دادەنام، ئەوان ئاستی تەوەقعیان نزم بوو ١٠ بۆ ١٥ کورسیان دادەنا!

سەرئەنجام نە ئەو باڵەفڕەیەی من نە ئەو ئاست نزمییەی ئەوان، هیچمان ڕاست دەرنەچوون، بەداخەوە زۆر لەو ژمارەیە نزم تر کەمتر بوو! ناخۆشییەکە لەوێدا نەوەستا، لەباژێڕی سلەیمانی کە بەزۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ناسراوە، ئاست بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لەچاو لیستی دەسەڵات هاتۆتە خوارەوە!

لیستی عەلاوی هەجێنێکی شیعی سونی عیلمانیییە، وەک چاودێران دەڵێن پشتیوانی زۆر لەدەوڵەتانی دراوسێی دەستڕۆیشتووی لەگەڵدا بووە، سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەست نەهێناوە! هەرچەندە کەمیشە، بەڵام بۆ خۆی پەیامێکە بۆ شیعەکانی سەر بەئێران دانیشتوو لەعێراق، کە هەموو شتێ بەخواستی ئێوە نییە، دەتوانرێت هاوکێشەکان بگۆڕدرێت.
یەکێک لەهۆیەکانی دۆڕاندنی لیستەکەی مالکی بۆ ئەو گەندەڵی و ناکاراییە دەگەڕێتەوە کە بەربینی پێگرتبوون، گەر بەهەڵەدا نەچووبم بەدەردی لیستی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان چوون.

عەلاوی لەم یارییەدا لێزانانە هاتە دەرەوە، ئەگەر وای ناوبنێێن وەک لیستی رکەبەری شیعە دەڵێت، نوێنەرایەتی مەزهەبی سوونی دەکات ئەوا وەک بنەمایەکی دیموکراتی و تەناوبکردنی دەسەڵات هەقی خۆیانە!
ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا گرنگ بێت کوردی خمانە، کە بەگشتی تێرمۆمەتری بەڕادەیەکی خراپ دابەزیوە، لە هێزی دووهەمەوە بۆتە چوارهەم، قابیل بەوەیە چاوێکی زۆر جدیی بخشێنرێتەوە!!

بەڵام لەئاستی ناوخۆ، خۆشبەختانە لیستی سێهەم دروست بووە، کە پێشبینی دەکرێت لەپەرلەمان و دەورەی داهاتوودا ئەو بارە کەچەی کورد تێی کەوتووە، هەڵبسێنرێتەوە، هاوکێشەکە بگۆڕێت و هەقیقەتی کورد جوانتر دەربکەوێت.

لە کەرکوکیش کورد بەهەزار حاڵ ٦ کورسی بەدەستهێناوە و لەگەڵ لیستی عەلاویدا بەرانبەرە. ئەوە لیستە هەجینە کە نەیارانی جۆراوجۆری کوردی تیا گردبۆتەوە، بەو هەموو توانایانەوە نەیانتوانی لەو شارەدا ژمارەی کورسییەکانیان تێپەڕێنن و زاڵ بن بەسەر کورددا.

ئەوەی جێی سەرنجە چۆن پارتی زۆنی هەولێر و دهۆکی بۆ خۆی کۆنترۆڵ کردووە، گۆڕانیش سلەیمانی، یەکێتیش زۆنی کەرکووکی داگیر کردووە. بەڵام گرێنیتی ئەوە نییە کە فڵان زۆن بەجێگیری بۆ فڵان پارت یان لیست دەمێنێتەوە!

مادام بڕیاردراوە کورد لەم عێراقی وەهمەدا هەبێت و بمێنێتەوە, دەبێت دەستپەنجەی لەگەڵ دۆخی نوێ نەرم بکات، ئەم پاشەکشەیە، لەو فەوزایەی کە هەموو دەیبینین، دەبێت بەکارێکی ئاسایی وەریبگرین، گەر ئەم شکستە وایناوبنێنێن لەنیتاقی کایەی دیموکراسیدا بێت، دەبێت قبووڵمان بێت، هەموو تێکشانکێک مەرج نییە هەتا هەتایی بێت، گرنگ بزیسکێک هەیە و هێزێکی بەدەربەست دروست بووە، وەک تاقی بووەوە وەفادارن بەپەیامی خۆیان.
بەشێکی بۆ خۆمان و لەم نێوەدا دەبێت پارتی و یەکێتی بەرنەفەرتی زیاتر بکەون، پاشەکشەی زیاتریان پێبکرێت، هاوکات لەمەسەلە چارەنووسسازەکاندا ڕابکێشرێنە ناوەوە.
-----------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

فینلاند، شانۆگەری مناڵان!
پێنجشەممە ٢٠١٠.٣.٢٥

ڕۆژی ٢٠١٠.٣.٢٥، چووین بۆ شانۆگەرییەکی مناڵان بەناوی Prinsessa Rosa Ruusunen، دەکاتە جوانی نووستوو، لەدەرهێنانی Maarit Pyökäri ، چیرۆکێکی ئەفسانەییە، بەسەرهاتی کچەشازادەیەکی دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن جادوگەرێکی بەدەوە بۆ ماوەی سەد ساڵ دەخەوێنرێت، سەرئەنجام سێ جادوگەری باش بەفریای دەکەوتن خەبەر...ی دەکەنەوە. ئەوەی جێی سەرنج بوو، سێرک لایەنێکی باشی بەرهەمەکەی پر کردبووە، کە زیاتر جێی سەرنجی مناڵان بوو. دیارە هۆڵەکە فرە گەورە بوو، بەخوێندکاری خوێندنگە سەرەتاییەکان هۆڵەکە پڕ بووە.
(بنایەی شانۆکە ئەم شوێنە لەساڵی ١٩٤٦ دروست کراوە، پێکهاتووە لەسێ نمایشگا، هۆڵی سەرەکی ٥٥٨ بۆ ٦٤٤ کورسی، دووهەم ٢٢٠ بۆ ٢٩٠ کوردسی، سێهەم ٧٩ کورسی لەخۆ دەگرن).

حوت و فیرعەونەکان لەپاشەکشەدان!
هەینی ٢٠١٠.٣.١٩

بەدەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو ڕاستییە ئاشکرا بوو کە پارتی و یەکێتی چەند دژی ئازادی ڕادەربڕینن چەند دیکتاتۆر بوون!! لەوکاتەوە سەردەمی پاشە کشە پێکردنی حوت و فرعەونەکان دەستی پێکردووە، ئەوان نەک پەیوەستبوون بەنارەزایەتییەکانی سەرجادە و شاروشارۆچکەکانەوە بەڵکوو نارەزایەتی پیشاندانیان گەیاندیانە ترۆپک و پایەیەکی دەسەڵا...ت، ناو هۆڵی پەرلەمان، سەپرایسی داهاتوو دەبێت چی دەبێت...؟؟


فینلاند، ڕەگی ڕاسستی لەبەرزبوونەوەدایە!

چوارشەممە ٢٠١٠.٣.١٧

ڕۆژنامەی پڕ تیراژی هێلسنکی سانۆمات، لەڕۆژی ١٥ و ١٦ ی ٣ی ٢٠١٠ دا، ڕاپرسییەکی لەوێبسایتی خۆدا لەسەر پرسی پەناهەندە دانا. پرسیارەکی بەم شێوەیە بوو: پێت باشە فینلاند پەناهەندەی زیاتر وەربگرێت؟  دوو ئختیاری بەبەڵی و بەنەخێر دانابوو.

سەرئەنجام وەک لەوێنەکەدا دەیبینن ١٧ هەزار ٢٠٤ کەس بەشداریان کردووە، لەسەدا ٧٤ بەنەخێر و لەسەدا ٢٦ بەبەڵێ وەڵامیانداوەتەوە.
گەر ورد بینەوە ئەم ڕاپرسییە لەچاو ١٣ ڕاپرسییەکەی تردا زۆرترین کەس بەشداری تێدا کردووە.
بەو پێیە بێت، پرسی پەناهەندە و کۆچبەران بەلای فینلاندییەکانەوە هەستیارە، سەرچاوەی پرسیارەکە پشتی بەهزرێک بەستووە کە گوزارشت لە جۆرە ناحەزییەک بەرانبەر بێگانەکانی دانیشتووی وڵاتەکە دەکات!

چەند مانگ لەمەوبەر سەرەکوەزیران ئاماژەیەکی دا کە وا خەریکە لێشاوی پەناهەندە ڕایاندەماڵێت! و ژمارەیەک لەشارەوانییەکان ناڕەزایەتییان بەبیانووی نەبوونی پارەی پێویست بۆ خەرجییان دەربڕی. ئیتر لەلایەن فلان و فیسار وەزیر و سەرۆک حیزب و کەسایەتییەوە دەرگا ئاوەڵابوو تا بەشێوەی جۆراوجۆر قسەبکەن و زووربەیان لەبەرژەوەندی بێگانەکان بەگشتی نەبوو.

کار گەیشتە ئاستی خوارەوەی خەڵک، لەزۆر لەفەرمانگەکاندا، دەستکراوە بەدروستکردنی بەربەستی جۆراوجۆر و قورسکردنی باری گرانی زیاتری کۆچبەران و بێگانەکان! چەند لەڕۆژنامە و گۆڤارەکان  لەهەوڵی قەبەکردن و پیشاندانی ڕووداوە ناشیرینەکان بەتایبەتی گەر لە بێگانەکان بوەشێتەوە! بۆ نموونە لەڕۆژنامەی ئیلتالێهتی iltalehti ئەم ناونیشانە وروژێنە سەیر بکەن:
ئەوە دەنگۆ نییە، سەیری ئەم ئامارانەی ساڵی پار (٢٠٠٩) بکەن!!
ڕژنامەکە چوو لەوێبسایتی فەرمانگەی سەرەکی بێگانەکانەوە بەشی پەناهەندە زانیاری دەرهێناوە و دەرخواری خوێنەرانی دەدات!! تا خەڵک لەبێگانەکان هانبدات!!
ئەمەیش کورتەیەکی ئەو زانیاریانەیە کە فەرمانگەی بێگانەکان بڵاویان کردۆتەوە:
ساڵی ٢٠٠٩ ئەوانەی داخوازینامەی مافی پەناهەندەییان پێشکەش کردووە، بۆ نزیکی ٦ هەزار کەس بەرزبۆتەوە. لەو ڕێژەیەدا، کوردە عێراقیەکان زۆرتینیان بەردەکەوێت، ئینجا سۆماڵی و ڕووسەکان دێن.
٤ هەزار و ٣٣٥ کەس بڕیاری مافی پەناهەندەییان پێدراوە، قبووڵ بوون. زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ڕەگەزنامەیان پێدراوە و بوونەتە فینلاندی. لەمەشدا عێراقییەکان چالاکتر و زۆرترینن.

ئەمە لەکاتێکدایە، دامودەزگا و دامەزراوە پرۆفیشناڵەکانی وڵات و پسپۆڕان بەجۆرێکی دووربینانەتر دەرواننە دواڕۆژی وڵاتەکە، رێک پێچەوانەی حکومەت و خەڵکە ئاساییەکەوە بەتایبەتی لەمەڕ ئەم پرسە دید، پێشنیارەکانیان دەخەنە ڕوو.

ڕەگی ڕاسیستی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە ژمارەیەک لەمامۆستایانی زانکۆکان بەشێوەی جۆراوجۆر بکەونە ژێر هەرەشەوە، چ لەسەر کار چ لەدەرەوە، ئەوە بەخاتری ئەوەی بەسە چیتر لەبەرژەوەندی بێگانەکان کار و لێکۆڵینەوەکانتان ڕاوەستێنن! پارادۆکسێکی بێتامە!!
----------
ڕاپرسییەکە لەماڵپەری ڕۆژنامەی هێلسنکی سانۆمات   Helsingin Sanomat 
هەمان بابەت لەماڵپەڕی ئەمڕۆ؛دا

یادی کیمابارانی هەڵەبجە لە فینلاند
چوارشەممە ٢٠١٠.٣.١٧

ڕۆژی سێشەممە ٢٠١٠.٣.١٦ لەشاری هێلسنکی، ناوەندی چاک - چاکسازی بەبۆنەی یادی ٢٢ ساڵی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و لەژێر( دروشمی پێویستە دەوڵەتی عێراق داوای لێبووردن لەگەلی کورد بکات ) کۆبوونەوەیەکی جەماەری لەیەکێک لەهۆڵەکان ساز کرد.
ڕیزی بەرنامەکان بەم شێوەیە بوو:
- ڕاوەستان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە، هاوڕێ لەگەڵ سروودی تا شەهید خۆێنی.. ی ناسری ڕەزازی.
- وتاری ناوەندی چاک - چاکسازی و بنەماڵەی قوربانیانی هەڵەبجەوە لەلایەن سالار سۆفییەوە خوێندرایەوە.
- وتاری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران - کۆمەڵە لەلایەن سۆران زەکییەوە.
- وتاری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لەلایەن مستەفا باهرەوە.
- وتاری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ڕۆژهەڵات، لەلایەن فایەق مەسعودییەوە.
- وتاری ئەنجوومەنی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەلایەن هەردی فەتاحەوە.
لەنێوان وتارەکاندا سیروان ئەمین، وەک پێشکەشکاری بەرنامەکە شیعری دەدا بەگوێی ئامادەبوواندا
دواتر لەلایەن بەڕێز ڕەشید ڕەزاقییەوە باسێکی لەسەر هەلوومەرجی ئەو کات و نەخشە عەمەل بۆ ئایندە کە کارەساتی وا ڕوونەداتەوە، پێشکەشکرا.

پاش ئیسراحەتێکی کورت، لەکەشوهەوایەکی ئارامدا پانێڵێکی گەرموگور لەنێوان ئامادەبووان و ئەم چەند بەڕێزە؛ عەباس شوان و ڕەشید ڕەزاقی و فایەق مەسعودی و مستەفا باهر و لوقمانی زەهرایی بەئیدارەی سالار سۆفی، ساز کرا.
لەکۆتاییدا سالار سۆفی وەک بەرپرسی چاک - چاکسازی وێڕای سوپاسکردنی هەموو لایەک، بەجیا لەقسەوباسی ئامدەبووان، وەک ڕێکخراوە ڕۆشنایی خستە سەر چەند خاڵ، گلەیی لەپارتی و یەکێتی کرد کە ئەمساڵ ئامادە نەبووین، ئەم یادە پێکەوە بکرێت، ئەوان خۆیان جیاکردەوە!
هەڵەبجەییەکی خاوەن قوربانی: خەڵکی کوردستان تەنها لەڕۆژی ١٦ ی ٣ ی هەموو ساڵێکدا دەگرین، بەڵام ئێمە هەموو ساڵەکە دەگرین.شایەنی باسە، کۆبوونەوەکە هاوکات یادێکیش بوو، بۆ پێشمەرگەکانی گوردانی شوانی سەر بەکۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە لەو ڕۆژەدا گیانیان بەخت کرد.


مافی مرۆڤ هەیە؟

سێشەممە ٢٠١٠.٣.١٦


 لەهەرێمی کوردستاندا، مافی مرۆڤ لەسەر شەقام، فەرمانگە، خەستەخانە، خوێندنگا، زانکۆ، مزگەوت، تەلەفیزیۆنەکان، هتد.... هەستپێدەکرێت و دەبینرێت و بوونی هەیە؟

دەنگدان بۆ زیاتر وەرگرتنی پەناهەندە لەفینلاند...

دووشەممە ٢٠١٠.٣.١٥

پرسیارەکە ئاوایە؛ دەتەویت فینلاند پەناهەندەی زیاتر وەربگرێت؟ تا نها ٣٨٠٠ کە وەڵامیان داوەتەوە، لەسەدا ٢٢ی بەبەڵی و لەسەدا ٧٨ بەنەخێر وەڵامیان داوەتەوە!! ئەم ڕاپرسییە لەوێبسایتی کۆنترین و پڕتیراژترین ڕۆژنامەی فینلاندی بەناوی هێلسنکی سەنۆمات دانراوە. ئەم قابیڵی هەڵوێستەیە، ئەوە دیدی بەشێک لەو خەڵکەیە، لەکاتێکدا هەر لەڕاگ...ەیاندنی سەرتاسەری و لەو دەزگا و دامەزراوەنەی کە ورد تر لەڕەوشەکە دەڕوانن، دەبینین و دەبیستین کە وڵات پێویستی بەهێزی کاری زیاتر هەیە!! ئەم پارادۆکسە بێتامە چییە؟؟!! جا تکایە بە بەڵی (Kyllä)دەنگ بدەن...
ڕاپرسییەکە لەماڵپەری ڕۆژنامەی هێلسنکی سانۆمات   Helsingin Sanomat 

لەفینلاند ئاهەنگی نەورۆز شەری تێدەکەوێت!!!

یەکشەممە ٢٠١٠.٣.١٤

شەو ١٣ ی ٣ ی ٢٠١٠ بەبۆنەی چەژنی نەورۆزەوە لەشاری ڤانتا Vantaa ی نزیک هێلسنکی ئاهەنگێک بۆ نزیکی ٤٠٠ کەس ساز کراوە و گۆڕانیبێژ میکایل ئامادە بووە. بەهۆی دەمەبۆڵەیەکەوە، شەر و پێکدادان دروست بووە و لەکۆنترۆڵ دەرچووە و پۆلیس هاتۆتە ناوەوە. بەقسەی پۆلیس بەدە کەس لەگەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵیان داوە و باری تەندروستی باش نییە و لەخەستەخانە کەوتووە، ناتوانی قسە بکات. تاوانباران تا ئێستا نەگیراون. چەند کەس لەو ئاهەنگەدا بوون، گێراویانەتەوە کە ئەوانەی دەستیان وەشاندووە سەر بەیەکێک لەحیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
ئەوانەی لەگەنجەکەیان داوە، ناسراون، دەنگۆیەک هەیە کە گوایە تەوهین بەحیزبێک کراوە، گەر هەرچییەکی کردبێت، شایەنی ئەوە نییە گەلەکۆمەی لێبکرێت و بەو دەردە ببرێت. بەپێی گەواهیدەڕان کە خۆیان لەوێ بوون، باس لەوە دەکەن، ڕاستە کەسانی سەر بەحیزبی دەسەڵات وەک کاردانەوەی شەخسی دەستیان وەشاندووە،  شەرەکە لەسەر سیاسەت و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوانیان نەبووە.

-----------
سەرچاوەی هەواڵ:   Helsingin Sanomat   هەمان هەواڵ لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا


مام جەلال، سەرۆککۆماری!!
شەممە ٢٠١٠.٣.١٣

پێت باشه مام جەلال دووباره ببێتەوه سەرۆككۆماری عێڕاق؟
پێتوایه كەسێكی تر هەبێت لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەو پۆسته بشێت و ببێته سەرۆككۆمار؟

ئەو دوو پرسیارە ، دوانی تر، لەماڵپەڕی ستانداردا کراوە. بەم شێوەیە وەڵامم داوەتەوە:
لەو بڕوایەدام مام جەلال، ژیانی زۆری نەمابێت، بۆیە گەر ئەو ببێتەوە بەسەرەککۆمار، بێگومان ساڵیک یا ئەو پەڕی ...دووساڵی تر دەژی. کە شتێکی ڕووبدات، دەبێت کەسێکی تر لەکورد دەستنیشان بکرێت بۆ ئەو پلەیە. کەواتە با هەر لەئێستاوە کەسێکی تر دیاریبکرێت.
گریمان ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرژەوەندی کورد نەبوو، دەنگی ناحەزان زیاتر ببێت و داوای کەمکردنەوەی پلەوپایەکانی کورد لەبەغداد بکەن! بۆیە پێداگری لەسەر ئەو خاڵە زۆر پێویستە، نەک ئەو پلەوپایانە کەمبکرێتەوە بەڵکوو دەبێت زیاد بکرێت.

ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژی ئاهەنگە!

شەممە ٢٠١٠.٣.١٣

کریستینا کۆیڤونێن - Kristiina Koivunen مامۆستای کۆمەڵناس لە زانکۆی سلەیمانی - شارۆچکەی کەلار، ڕۆژی شەممە ١٣ی ٣ ی ٢٠١٠ بابەتێکی لەڕۆژنامەی ڕۆژانە و پڕتیراژی شاری لاهتی - Lahti بەناونیشانی: ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژی ئاهەنگە - Vaalipäivä on juhlapäivä بڵاوکردۆتەوە. بابەتەکانی ئەم خانمە بەردەوام لەگۆشەیەک دادەبەزێت بەناوی: Tuokio - پشووی کورت؛وەیە.
وەک لەناونیشانەکەدا دیارە باسی گۆشەیەک لەپرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق دەکات. کە لەڕۆژی ٧ ی ٣ ی ٢٠١٠ بەرگوزار بووە.

بابەتەکە، باس لەوە دەکات: لەماوەی ٣٠ ساڵدا ئەوە دووهەم هەڵبژاردنی ئازادە کە لەو وڵاتەدا سازدەکرێت. ئامادەسازی توند و تۆڵی ئاسایشی بۆ دابین کراوە.. خوێندنگاکان کراوە بەبنکەی دەنگدان، بۆیە دوو ڕۆژ پشوو بەخوێندکاران دراوە! دەنگدەران وەک ئەوەی بچن بۆ ئاهەنگ خۆیان گۆڕێوە، لەگەڵ مناڵەکانیاندا بەڕوویەکی خۆش و شادەوە بەرەو بنکەکان دەبوونەوە.. کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان بەر لەچەند هەفتە ڕێنماییان لەسەر چۆنییەتی دەنگدان بڵاودەکردەوە، بەڵام پرۆسەکە ئاسان نەبوو..

دەنگدەر لەچوونە ژوورەوەدا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە چەند کارمەند، هاوکات لەژێر چاوی وردی چاودێری کیانە بەشداربووەکان دەبێتەوە، بەر لەخستنە ناوی وەرەقەی بۆ سندوقی دەنگدان، دەبوایە پەنجەی دۆشاومژەی بەقتوویەکی بچووکی پڕ لەمەرەکەبی شین بکات ئەوەش باخاتری ئەوەی لەشوێنێکی تر نەتوانێت دەنگبداتەوە! ئەمە بۆ خۆی دەلیلی جۆرێک لەبێبڕوایی - سقەیە دەگەیەنێت، کە پاشماوەی قورسی کۆنی سەردەمی دیکتاتۆرییەتە، پرۆسەیەکی وا لەو کاتەدا جێی گومان و مەحاڵ بوو ئێستا پراتیکی دەکەن.
----------
بابەتی ئاماژەبۆکراو بەزمانی فینلاندی لەڕۆژنامەی ئێتێلا سوۆمێن سەنۆمات

گەشت بۆ شاری کۆتکا
پێنجشەممە ٢٠١٠.٣.١٢

شاری کۆتکا Koka، کە ١٢٧ کم لەشاری Lahti لاهتییەوە دوورە و شارێکی بەندەری و سەر ئاوە. لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری ناوەندی و هاتینە سەردانی مۆزەخانەی دەریایی و نمایشانگای ماسیمان کرد. نزیکی دوو کاتژمێێری چوون و دوویش گەڕانەوە. لەپۆلەکەی ئێمەدا: منالێکی ئەفریقایی و ٢ عەرەبی عێراقی و کوردێکی زازا و چینییەک هاتبوون و من سەرپەرشتاریان بووم لەگەڵ دوو مامۆستای فینلاندی. لەپۆلەکانی تر چەند خوێندکاری تری بێگانە، یەکێکیان کوردی رۆژهەڵات بوو، کچێکی کۆسۆفۆیی و فیلیپینییەکمان لەگەڵدا بوو.
لەمۆزەخانەی دەریایی، جۆرەها بەلەم ، ئامرازەکانی دەریاوان و کەشتی و فرۆکەی دەریایی و گیا و بەرد و ئامرازەکانی خۆ ڕزگارکردن، ژوور و شوێنی خەوی گەشتیاران و پێرسوناڵ و هەرچی پەیوەندی بەو بوارەوە هەبێت نمایش کراوە.
لەنمایشگای ماسیشدا، هەرچەندە شوێنەکە بچووک بوو، بەڵام جۆرەها ماسی دەریای و ڕووبار و گۆمەکانی وڵاتانی درواسێ و خۆماڵی لەشوێنی جۆراجۆر بەزیندووی دانرابوون، کەشی تایبەتیان بۆ رەخساندوون.

فینلاند، یەکەم بوونی خوێندکارێکی کورد لەخواردن دروست کردندا
پێنجشەمە ٢٠١٠.٣.٤

کۆژین عەباس شوان، هەفتەی ڕابردوو، چوارشەممە ٢٤ ی ٢ لەپێشبرکێی ئامادەییە پیشەییەکانی شاری لاهتی و قەزا و ناحییەکانی بۆ ئامادەکردنی خواردن بەشداریکرد. لەنێوان ٨ خوێندکار کە لەپۆلەکانی دوو سێدا بوون ئەم لەپۆڵی یەکەمدایە، بە لای چوار دادوەر کە چاودێری پێشبرکەیان دەکرد. کۆژین موستەهەقی پلەی یەکەم بوو. لەئاهەنگی کۆتایی ساڵدا خەڵاتی ٢٥٠ ئێرۆی پێدەدەن. وەک نوێنەری شارەکە دەچێتە پێشبڕکێی ئامادەییەکانی سەرتاسەری فینلاند کە لە شاری ئێسپۆ بەرگوزار دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە ٤ ی ٣ وەک هەواڵێک لەڕۆژنامەی ئێتێلا سوۆمێن سانۆمات - Etelä-Suomen Sanomat بڵاوبۆتەوە.

فینلاند، کوردە عێراقییەکان زۆرترین کەس بوون کە داوای پەناهەندەییان کردووە
دووشەممە ٢٠١٠.٣.١

ساڵی ٢٠٠٩ ئەوانەی داخوازینامەی مافی پەناهەندەییان پێشکەش کردووە، بۆ نزیکی ٦ هەزار کەس بەرزبۆتەوە. لەو ڕێژەیەدا، کوردە عێراقیەکان زۆرتینیان بەردەکەوێت، ئینجا سۆماڵی و ڕووسەکان دێن.
٤ هەزار و ٣٣٥ کەس بڕیاری مافی پەناهەندەییان پێدراوە، قبووڵ بوون. زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ڕەگەزنامەیان پێدراوە و بوونەتە فینلاندی. لەمەشدا عێراقییەکان چالاکتر و زۆرترینن.
-------
لەگەڵ ئەم هەواڵەدا ئەم وێنەم ناردبوو بۆ بڵاوکردنەوە، ئەوە بوو لەماڵپەڕی سبەی؛دا دابەزێنرا. بەڵام پاش چەند ڕۆژ کاردانەوەی لێکەوتەوە! لێرەدا ئەو نامەیە بڵاودەکەمەوە وەک ئامانەتی ئەدەبی کە بۆ سەرنووسەری ماڵپەڕی سبەیم ناردووە:
لەڕۆژی سێشەممە  ٢ ی ٣ لەسبەیدا بڵاوکرایەوە. دوو وێنەی لەگەڵدا دابەزیوە، دەمەوێت وێنەی خوار تێکستەکە لابەرن، کە وێنەی پیاوێک کراسێکی زەردی لەبەردایە و کچێک دیارە. ئەو پیاوە کوردی رۆژهەڵاتییە، لایەنگری بزوووتنەوەکەمانە، دەیناسم و لەکۆبوونەوەکاندا چەند جار پێکەوە بووین، لەشاری تامپێرێ دادەنیشێت. کەهەواڵەکە بڵاوبووە، شەوی دوو مانگ زەنگی بۆ لێدام، هیچ موخالەفەتێکی نەنواند، وتم کە گەڕاوم بۆ وێنە تا لەگەڵ هەواڵەکەدا دایبنێم، لەگۆگلە ئەوەم بینیوە و دامناوە خەریک بوو بنووسم کە ئەو کەسە سەر بەبزووتنەوەی گۆڕانە. باش بوو نەمنووسی.
ئێستا ئەمڕۆ نارەزایەتی دەربڕیوە و سیناریۆیەکی دروست کردووە، ئیتر نازانم برادەرانی خۆمان کە چەند دانەیەکن حەزیان پێم نییە، تەحریزیان کردووە، بۆ ئەوەی مەوقیفی من حەریج بکەن و خاڵێکمان لەسەر تۆمار بکەن. یان ئەوەتا مەیلیگۆڕابێت و یەکێتی و پارتییەکان، وەک خاڵێک لەسەر بزووتنەوەکەمان حسابی بکەن هانیاندابێت. چوونەک لەتەلەفوونەکدا وتی وازم لەگۆڕان هێناوە، باسی کەسێکی سەر بەیەکیتی کرد کە پەیوەندی پێوە کردووە.
بەهەرحاڵ تکایە تەنها ئەو وێنەیە لابەرن لەهەواڵەکە، وەعدم پێداوە لاببرێت.
ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور یان بەسنوور؟!
سێشەممە ٢٠١٠.٣.٢

گرووپی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور!! لەڕاگەیەنراوێکیاندا بەناونیشانی: ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لەبارەی پێشمەرگەوە، بڵاوکردۆتەوە. وەک پێدەچێت ئەوانیش لەجەنجاڵی قسەوباس لەبارەی میلیشابوونی هێزی پێشمەرگەوە خۆیان بکەن بەخاڵێک و بەحساب قسەیان هەبێت!!

لەیەک دێردا، دەکرێت ئەم ڕوونکردنەوەیە ناولێبنرێت، دەست کەشفبوون! سەیرە چۆن چۆنی؟! لەو چەند دێرەدا هاونەزەربوونی خۆیان لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکان ڕاگەیاندووە! ئەمەیش بەپێچەوانە پەیامی ڕۆژنامە و کاری ڕۆژنامەوانییەوە، چ جای ناوێکی زل و قەبەی وەک بێسنوور! جێی داخە ئەو ناوەیان لەگرووپی ڕۆژنامەنووسانی بێسنووری جیهانی خواستووە و لەناوەرۆکیان بەتاڵکردۆتەوە! کە بێلایەنانە و پرۆفیشیناڵانە چاودێرە بەسەر هەر پێشێلکارییەکەوە دەرهەق بەڕۆژنامەنووسانی لەم گۆشە و ئەو گۆشەی جیهان دەکرێت.

ئەو گرووپە جیهانییە گەر بزانن گرووپێکی وا دروست بووە بەرگری لەدەسەڵات دەکات، یەکسەر داخستنی ڕێکخراوەکەیان ڕادەگەیەنن.

لەو ڕوونکردنەوەیەدا وا هاتووە گوایە داوای لایەنگری لەگرووپ کراوە لەلایەن لیستە رکەبەرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە! ناوی لایەنەکە نەهێنراوە، کەواتە جێی گومانە و ناچێتە گیرفانەوە!

(له..هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراق،..بەشدارى تیادەكات..لەلایەن چەندین لیست و كاندیدەوه داوامان لێكراوه كه پشتگیریان بكەین،..رِامانگەیاند..بێلایەنین..)

پێدەچێت ئەو لایەنەی ئەو داوایەی کردبێت، یەکێک لەحیزبەکانی دەسەڵات بوو بێت! چوونکە لەم ڕوونکردنەوەیەدا هیچیان تیانەهێشتۆتەوە کوردایەتی سەریلێتێکداون و بێلایەنی و پیشەیی بوونی خۆیان لەیاد کردووە و دژی ئۆپۆزسیۆن بوونەتەوە!

ئەوەتا ئەوەندە کوێرن ئامادە نیین ناوی پەرلەمانتاری لیستی تەڤگەری گۆڕان عەدنان عوسمان بهێنن، گومانیان لەسەر پلەکەشی هەیە و داناوە و بێئەهمەیەتیان کردووە!
(..كەسێك كە گوایە پەرلەمانتارە..)
نەیانوێراوە وەک هەر ڕۆژنامەنووسێکی بێلایەن وشەی میلیشیا دووبارە بکەنەوە!
(..ئەو وشەیەى ئەو...ناتوانین بەكارى بهێنینەوه،..هێزى پیَشمەرگەى كوردستان هێزێكى رِێگەپێدراو نییە..)
دواتر وەک وتەبێژێکی سەربازی داوای کێشانی هێڵی سوور دەکەن!
تورکئاسا لەسەر دیدی جیاواز پیشاندانی پەرلەمانی ناوبراو داوا دەکەن لەلای داواکاری گشتی شکات بکرێت..!!
(..داواكارى گشتى هەرێم..دەكەین. كە رِۆڵى كاریگەر..لەم كێشەیەدا، رِێگە نەدات چیتر هیچ كەس و لایەنێك ..،سووكایەتى بەپیرۆزییەكانى كوردستان بكەن..)
ئەم دەربڕینە ڕێک وەک ڕوونکردنەوەکەی وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر هەمان مژار: (..لەلایەن هەر كەس و لایەنێكەوە بێت بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵكردن نییە..بیانەوێت زیادەڕۆیی بەرامبەر پێگەی بەرز و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بكەن..)
لەسەر ئەو بناغەیەوە، وا باشترە ناوی خۆیان بگۆڕن و بکەن بەگرووپی ڕۆژنامەنووسانی بەسنوور نەی بێسنوور..
----------
ڕوونکردنەوەی گرووپی ڕۆژنامەنووسانی بێسنووری کوردستان لەماڵپەڕی PUK و BESNURI دا
ڕوونکردنەوەەی سەرۆکایەتی هەرێم لەماڵپەڕی KRP فەرمیدا

مەسعود بارزانی، ناماقوڵی کرد!
دووشەممە ٢٠١٠.٣.١

ئەو شەکر شکاندنەی کە مەسعود بارزانی کردی و وتی: ئەوەی بەهێزی پێشمەرگە و پێشمەرگە بڵێت میلیشیا، لەهەرێمی کوردستان جێی نابێتەوە. دووجار لادانە لەهێڵی سوور. لەدوای فشارێکی زۆر، دەبوایە خۆی بێتە سەر تەلەفیزیۆن و دوای لێبووردن بکات نەک وتەبێژ بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، خۆ گەر لەو پۆزشەش ورد بینەوە ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێت....

ئەوەی مەسعود بارزانی وتی لەهەر وڵاتێکی تر بوایە قابیل ئەوە بوو لەو پۆستە دەربکرێت یان ئیستقالە بدات، ئەوە چ شەرمەزارییەکە سەرۆکی وڵاتێک پڕ کێشی بکات هەرەشەری دەرکردنی هاوڵاتی خۆت بکات!!!! ئەو هەڵبژێردراوە تا ژیرانە و بێ لایەنگری هەڵوێست وەربگرێت، نەک تەرەفداری بکات و بەئاسانترین توانج هەڵچێت و کۆنترۆڵی خۆی لەدەست بدات؟!
ئەوەی مام جەلال شتێکی ترە و قسەی تر هەڵدەگرێت

زۆر باش لێم ڕوونە، باش لەپەیامەکە گەیشتووم. بۆیە وتوومە قسەی تر هەڵدەگرێت..هەروەها داوای ئیسقالە کردن لەپۆستەکەی و هاتنە سەر تەلەفیزیۆن بۆ پۆزش هێنانەوە کردووە.. هەرگیز قابیلی لێخۆش بوون نییە، لەشوێنێکی تردا وتوومە ئەو بنەماڵەیە دەبێت بنەو بارخانەیان بپێچنەوە و بڕرۆنەوە بۆ ماڵ، ئەوەیش لەبەرژەوەندیانە.
لەبارەی قسەی مام جەلالەوە... ، لەکاتێکی تردا وتوویەتی، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان وەک کاردانەوەیەک بۆ بەرگری لەخۆی ئەوە زیندوو کردۆتەوە. ئەو وەک مەسعود بارزانی بەو ڕوونییە هەڕەشە ناکات. ئەگینا قسەی هەردوو لا(بزووتنەوەی گۆڕان و مام جەلال) دەچیتە یەک خانەوە، بەوەی هێزی پێشمەرگە بەپیشەیی بکرێت و دەستی حیزبەکانی لێ تووڕ بدڕێت و هی هەموو گەلی کورد بێت لەهەرێمی کوردستان. جا کامیان زۆر ڕاست دەکەن لەو خاڵەداا بێگومان مام درۆی فەرموو، لەبەر ئەوەی ئەو دیدەشی داوە کەچی هەر درێژەی پێداوە، بەڵام تەڤگەری گۆڕان بەجدییەتی، ڕاست دەکات لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا.

هەڵبژاردن / Election/ Vaalit/ انتخابات/ Seçimler
دووشەممە ٢٠١٠.٣.١