خەمی ڕۆژانە، کانوونی دووهەم ٢٠١١


دووشەممە ٢٠١١.١.٣١
گەیشتن بە ئازادی، یەکسانە بە بەهەشت!

..ده‌ستبه‌كاربون به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلاحات كردوه‌.. ژماره‌یه‌ك بڕیاری گرنگ و چه‌ندین هه‌نگاوی‌ چاكسازی نراوە ‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین بۆ حوكمڕانیه‌كی باشتر... ئه‌مه‌ش نه‌ له‌سه‌ر خواستی بزووتنەوەی گۆڕان بووه‌و نه‌ له‌ ژێر فشاری ئه‌واندا كراوە‌، به‌ڵكو متمانەی خه‌ڵكی كوردستانه‌.. بۆ چه‌سپاندنی چه‌مكی هاوڵاتی بون له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و وه‌ك یه‌ك، لەو پێناوەدا كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی بكات.. داوای بزووتنەوەی گۆڕان ناڕه‌وایە، ئەوانە خه‌ڵكانێكی له‌ واقیع دابڕاون‌..
پەرەگرافێکی بەیاننامەی حکومەتی هەرێم لەماڵپەڕی پی یو کەی میدیاوە وەرگیراوە.

سەرلەبەری ئەو دەربڕینانە (ڕوونکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان) درۆیەکی گەورەیە، کام چەمکی هاوڵاتی بوونیان مەبەستە؟ دیارە ئەفرادە پلەبەرزەکانی هەردوو حیزبەکە و لەگەڵ بنەماڵەکانیان!! ئەگینا ئەو هەموو نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییە چییە؟! یان متمانە، متمانەی کام لەخەڵکی هەرێمی کوردستان؟ پیاوە بەکرێگیراو و بەرژەوەندخوازەکانی هەردوو حیزبیانمان لێدەکەن بەگشت خەڵکی کوردستان! داوەشینیکی گەورەیە دەستە چەورەکەی خۆیان بەبزووتنەوەی گۆڕان دەسڕن، گوایە لەواقیع دابڕوان. نەک بەشێک لەخەڵکی هەرێمی کوردستان بەڵکوو زۆر لەئەورووپی و ئەمەریکی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و جیهانییەکان دەزانن کە ئەوە بنەماڵە حاکمەکانی هەرێمە بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ لەواقیع دابڕاون لەکۆشک و ڤیلا و جرتوفرتی ئەورووپایان و پاشاژیانی خۆیاندان بێئاگان، خەڵک چۆن دەژی..؟؟!!

.. به‌دیهێنانی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی كوردستان، پشت ئه‌ستور به‌ گه‌له‌كه‌مان، چه‌ند شه‌هیدی به‌خشیوه‌ و چه‌ندیش به‌رگه‌ی رۆژگاره‌ سه‌خته‌كان و سیاسه‌تی فاشیسته‌كانی گرتووه‌، بۆیه‌، دڵنیاین، گه‌له‌كه‌مان، كه‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و نه‌هامه‌تیه‌كانی ته‌رحیل، ته‌عریب و ته‌بعیسیشی دیوه‌، هه‌رگیز رێگه‌ نادات، تاقمێكی قین له‌دڵی ئاژاوه‌گێڕ، ئه‌زمونه‌كه‌مان تێكبدات...
پەرەگرافێکی بەیاننامەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار..لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنەوە وەرگیراوە:

بەیاننامەی هاوبەشی (ینک + پدک) شەیپوری جەنگ و تووندوتیژییە!! یان ئەوەتا گەنج و منداڵ بوونەتەوە، زۆر هەزەلیانە بەزمانی سەردمی شاخ دەدوێن، بەس سروودی نیشتمانی ئەیرەقیبی کەمە وا دەزانن لەبەرانبەر داگیرکەرانی کوردستانی باشوور کەبەشێکی زۆری هێشتا ئازاد نەکراوە ڕاوەستاون و قەراریان گرتووە؟؟!! ئەوانە گریمان قوربانیشیان دابێت، ئەوەندەیان خاک و خەڵک رەتاندۆتەوە بەشی حەوت پشتیان پاشەکەوت کردووە! بەڵام ئەوانە فشەکەر و پۆزلێدەرن خەڵکەکە قوربانی گیانی و ماڵیان داوە، کەچی ئەمان خۆیان دەکەن بەخاوەنی! تەنانەت ئەو مافەشیان لەخاوەن قوربانییەکانی خەڵکی سەندۆتەوە! کام لەسەرە مەزززنەکانی پارتی و یەکێتی ئەنفال کران و بەرکیمیاوی کەوتن و لەڕووبەڕووبوونەوەکاندا کوژران و یان ماڵیان بەدەمی شۆڤڵ ڕووخێنرا؟

لەپەرەگرافێکی دیدا ئەو دوو حیزبە دەنووسن: ..به‌ته‌واوی توانامان، توانای فراكسیۆنه‌كه‌مان له‌ په‌رله‌مان، توانامان له‌ حكومه‌تی كوردستان، توانای حزبی، جه‌ماوه‌ری، سیاسی و په‌یوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییمان، دژی هه‌موو پیلانێكی ئاژاوه‌گێڕی ده‌وه‌ستین و رێگه‌ ناده‌ین هێزێكی كوده‌تاچی...

ئەوەی جێی تێرامانە باس لەتوانای نیونەتەوەیی خۆیان دەکەن، کە بەتەمان بیخەنە گەر لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان لەوانەیە پشیتوانە ئەورووپی و ئەمەریکییەکانیان مەبەست بێت. ئەم دوو حیزبە وەک نەوشیروان مستەفا پێیان دەڵێت:
...ئه‌و زمانه‌ سیاسییه‌ی‌ كه‌ ئەم جەماعەتانە‌ له‌و به‌یانه‌دا به‌كاریانهێناوە، به‌ڕاستی‌ نیشانه‌ی‌ دواكه‌وتنه‌ له‌ بیری سیاسیدا..
ئەوەیان لەبیر چۆتەوە کە ئەمەریکا پشتی کردە شای ئێرانی دراوسێ و هاوسنوور هەر یەکدوو هەفتە دەبێت ئەورووپییەکان بەتایبەتی فەرەنسا پشتی کردە بن عەلی توونس. نهاش ئەمەریکا وێرای ئەو هەموو بەرژەوەندییەی کە لە میسردا هەیەتی پشتی کردە حوسنی موبارەک
بۆیە خەڵک کە فشاری هێنا ڕۆژئاواییەکان ناچار دەبن پاشەکشە بکەن، و دەستبەرداری ئەلقەلەگوێکانی خۆیان بن. هاوکات ڕۆژئاواییەکان ناتوانن کۆنترۆڵی هەموو بنتەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
خەریکە ئەو قسانەی جۆرج بۆش بێتە دی کە لەساڵی ٢٠٠٣ کردوویەتی:
ئایا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەدەرەوەی بازنەی ئازادین، بۆ دەبێت دیلی میژوو و فەرهەنگی ستەمکاری بن؟ بۆ دەبێت ئەوان نەزانن ئازادی چ مانایەکی هەیە؟
جۆرج بۆش بەر لەمردنی خەریکە ئاواتەکەی دێتە دی و ئازادی لێرە و لەوێ سەرەتاتکێیەتی، گەیشتن بە ئازادی  وەک گەیشتنە بە بەهەشت وایە، ئەویان خەیاڵی و ئەمیان لۆجیکی.
-------
هەمان وتار لەماڵپەڕی سبەی؛دا

هەینی ٢٠١١.١.٢٨
دەسەڵاتی هەرێم ریفۆرمیان لەبەردەم ماوە ئەگینا

بەر لەوان (توونس، میسر) ڕاپەڕین لای خۆمان ڕوویدا بەڵام بەشێوەیەکی مەدەنیانە، بۆ  دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان چی بوو؟ لەماوەی چەند مانگێکدا پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی شەق کرد. لە درێژەی ڕاپەڕینەکەدا دەسەڵآت بەردەوام لەژێر فشاردایە و پاشەکشەی پێدەکرێت، خەوی خۆشیان لێتاڵ کراوە، زیندەقیان چووە ئەگەر قورقووشم بەسەریاندا بتاوێنرێتەوە بزووتنەوەی گۆڕان دەردەچێت، دیارە بەهاوکاری باڵەکانی تری ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنی ئازاد و نووسەر و ڕووناکبیران و هێزی یەدەکی کوردی ئەورووپا کەپوی مەزززنی حیزبی بنەماڵە شکێنرا، وەک بینیمان لە پاشەکشە کردن لە شاکاتەکانیان لە ڕاگەیاندنی ئازا و ئازاد و ڕووناکبیران.
نها چانسێک لەبەردەم دەسەڵاتی کوردیدا ماوە ئەویش ڕیفۆرمە، ڕیفۆرمێکی بەردەوام و ڕیشەیی ئەگینا لە حوسنی مبارەک؛ی میسر و بن عەلی توونس ئازیزتر نیین و هەمان  چارەنووس چاوەڕوانیان دەکات.

هەینی ٢٠١١.١.٢٨
زمان و ڕاوێژکاری!

ڕابەر فەریق؛ی شاعیر، بەم ناونیشانەی خوارەوە دەنووسێت: به‌زم و ڕه‌زمی نووسه‌ره‌ کورده‌کان!
کوردێک هه‌یه‌، به‌ پێی هێندێک حیساب و هێندێک کیتابی خوێنه‌ری ڕووبین، ڕۆمان ده‌نووسێ، ئه‌و کورده‌ ڕۆماننووسه‌، که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابوردوودا (دوا ڕۆمانی!) ته‌واو ده‌کا، بۆ نووسه‌رێکی زمانزانی ده‌نێرێ، تاکوو نووسه‌ری زمانزان، ڕای خۆی له‌ باره‌ی ڕۆمانه‌وه‌ بنووسێ، به‌ڵام کابرای ڕۆماننووس، پێشمه‌رجێک ده‌خاته‌ به‌رده‌م نووسه‌ره‌که‌وه‌: "تکایه‌! ته‌نیا باس له‌ زمان مه‌که‌، ئه‌وی دیکه‌ هه‌مووی ئاسایییه‌!"
سه‌رنووسه‌رێکی ناوڕۆیشتووی به‌لاڤۆکێکی ناوڕۆیشتوویش، به‌ هه‌مان نووسه‌ر ده‌ڵێ: "چه‌ند چیرۆکێکت بۆ ده‌نێرم، تاکوو ڕای خۆت له‌ باره‌یانه‌وه‌ بنووسی، به‌ڵام تکایه‌ له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کاندا، ئه‌وه‌ ڕه‌چاو بکه‌، که‌ کورد نووسیونی"
- ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌، نه‌ خه‌یاڵن، نه‌ چش، به‌ڵکوو ڕاستی ڕاستن. ڕای تۆ له‌ باره‌یانه‌وه‌ چییه‌؟!
کۆمێنتی من:
ڕابەر و بەڕێزانی تر، ڕێزگرتن لەئازادی تاک وا باشترە لەبەرچاو بگیرێت، بەوەی کە تەکلیفێک دەکرێت هەقی هەردوو لا بەڕەوا ببینرێت. داوای واش نەک خراپ نییە بەڵکوو زۆر پۆزەتیفانەیە، چوونکە داواکار بەو داوایە دەیەوێت بەرهەمیکی بیکەموکوڕی بخاتە بەردە...ست خوێنەر. لەڕاستیدا دانانی پسپۆڕ بۆ مەسەلەیەکی وەک زمان لەدامودەزگا ئەدەبی و .. دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو ئاریشەیە. بەڵام کام تێکست پێرفیکتە؟ خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ ناکرێت، کەموکووڕی لێدەر ناهێنرێت؟ با ئەوە بەجێبهێڵرێت بۆ ڕەخنەگرانی جدی تێکستەکان، کە لەفڵان خاڵدا نووسەر کورتی هێناوە.
بەکار نەهێنانی شێوەزار بەتەواوی کەمێک قورسە، چوونکە ناکرێت مرۆڤ وەک رۆبۆت سەیر بکرێت، بەڵام ڕێژەی بەکارهێنانەکەی دەکرێت کەمبکرێتەوە، بەوەی نووسەری بەسەلیقە دەزانێت کە زمانی ئاخاوتن لەگەڵ زمانی نووسین جیایە. خودی خۆت جارجار لەنووسینەکانتا بەکاریدەهێنیت، بۆیە کارێکی هێندە گەن نییە، ناکرێت تۆ لەشەقڵاوەیی بوون کە زادگاتە بشۆرینەوە، وەهەروەها خەڵکی ناوچەکانی تر، ئەو بەکارهێنانە دەبێتە مایەی هەرچی دەوڵەمەند بوونی زمانی نووسەرانی دەرەوە ناوچەکەی تۆ.

هەینی ٢٠١١.١.٢٨
لاموبالاتی خەڵک مەترسییە!

سەبارەت بە جەنۆساید پرۆفێسسۆر کریستۆفەر برۆونئنگ دەڵێت: هەوڵ مەدە لە ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستیەوە لە تاوانکار تێبگەیت.
کۆمێنتی من:
لەبارەی ئەوەی کە بەشێک لەخەڵکە بێئاگاکە خۆزگە بەسەردەمی شوومی بەعسی عەرەبی عێراقی دەخوازنن، لەوەیە کە عەقلیان لەمەسەلەی خۆشگوزەرانی ئابووری کەمێک باشتر بۆ خراپتری نها دەسووڕێتەوە. نازانم تۆ بیرت بێت کە عەبدولەریمی گۆربەگۆڕ هات، تا کۆتایی شەستەکانیش زۆر بوون ئەوانەی هەمان خۆزگەیان سەردەمی باشی پاشایەتییان هەبوو. تەشبهـ نەبێت بەو حاڵەتە دەروونیی مرۆڤەکانە کە هەمیشە ئاوات و خۆزگە بەسەردەمی منداڵی دەخوازن.
بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە و قابیلی هەڵویستە و لەسەر ڕاوەستانە کە نوخبەی کۆمەڵگا لەهەموو کایەکانی ژیان بەهەمان هزری خەڵکە ڕەشۆکییەکە بیر بکەنەوە و هەڵسووکەوت بکەن!
لەبارەی فلیمی the reader خوێنەر کە بەلای منەوە وشەی خوێنەر ناگرێتەوە بەڵکوو حیکایەتخوان یان چیرۆ و ڕۆمانخوان دەگرێتەوە، چوونکە خوێنەر ئەوە منم کە بابەتێکی تۆ دەخوێنمەوە، بەڵام ئەوەی بابەتێک بۆ من و ئێمە دەخوێنێتەوە حیکایەتخوانە، ئەو وشەیە د...روستترە و نزیک ترە.
بەجۆرێکی تر لەو فلیمە و هەڵویستی هەردوو پاڵەوانەکە بەتایبەتی ژنەکە گەیشتووم، کە هەرمرۆڤێک لەژیانی ڕۆژانەی خۆیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە یان دیوویەتی، کە ژنەکە عیزەت و کبریائی ڕێی پێنادا لەبەرچاوی ئەو عەشامەتە وەک کەسێکی نەخوێنەوار و نەزان بناسرێت، بۆیە دەڵێ ڕاپۆرتەم نووسیوە. یان ئەوەتا لێی تێنەگەیشتووم..

چوارشەممە ٢٠١١.١.٢٦
ئەنتیبوونی نووسەرانی ڕۆژئاوایی لەبەرژەوەندی کێیە؟

رۆبێرت فیسک (Robert Fisk) ١٩٤٦رۆژنامەنوسی بەناوبانگی بەریتانی، دەڵێت: گەلانی عەرەبی پێویست ناکات خۆ بخەڵەتێنن، بڕوا بەقسەی پیاوانی دەسەڵاتدار بکەن، کە لەئەسڵدا ئەوە پەیڤی ئێمەی رۆژئاواییە.. پرسیار ئەوەیە گەر دنیای عەرەب لەژێر کۆنترۆڵی دەرچوو و دەستیان لەڕۆژئاوا بووە، چ چارەنووسێک بەرەووڕ دەبنەوە؟
ئەو دیدەی نووسەر کە قوزارشت لە هێڵی ئەنتی ڕۆژئاوایی دەکات، بۆ کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکانی وەک کورد و بەربەر و قبتی و ئێزیدی، کە دوور و نزیک بەهۆی پشتیوانی رۆژئاواوە ماون و هەناسەیەک ئەگەر هەبێت دەیدەن، چی دەبێت؟ ئایا ڕۆژانێکی سەختتر لەوەی ئێستا چاوەڕوانیان ناکات؟

دووشەممە ٢٠١١.١.٢٤
زمان، کارەکتەری لاواز!

دڵشاد عومەر کاکی، وتارێکی بەناونیشانی: زمانی دایک... زمانی یه‌که‌مه‌. لەماڵپەڕی سبەی؛دا بڵاوکردۆتەوە
کۆمێنتی من:
نووسەری بەڕێز کاک دڵشاد عومەر کاکی: ئەوەی کە فڵان سیاستەمەدار و کەسایەتی جۆراجۆر لەگەڵ شاندەکان و بێگانەکاندا بەزمانی ئەوان دەدوێن و ئاخافتن دەکەن، بۆ باگراوەندی خۆبەکەم زانیین و ناناسیۆنالیستیان دەگەڕێتەوە، دەیانەوێت پەیامی ئەوە بدەن و بڵێن ئەها ئێمەی کورد هیچمان لەئێوە کەمتر نییە و زانا و داناین و زمانی دیکە دەزانیین. بەتایبەتی لەبەرانبەر عەرەبە عێراقییەکاندا، کە تەنها زمانەکەی خۆیان دەزانن و ئەوەیش لەبوغراییەوە سەرچاوە دەگرێت، دەڵێن پێویستمان بەفێربوونی زمانی کوردی نییە، بەڵام گەر خرانە ژێر فشارەوە و گێر نەگۆڕن و بەکوردی لەهەموو ئاستێکدا قسەیان لەگەڵ بکرێت، ئەوا هەوڵ ئەدەن لایەنی کەم شتێک فێربن. نها لەهەریمی کوردستان وەک تێبینی دەکرێت بەنگلادێشی و چینی و.. غەیری عەرەبە عێراقییەکان بەکوردی دەدوێن و خۆیان فێری زمانەکە کردووە!!!

دووشەممە ٢٠١١.١.٢٤
گوناحن ئەوانە!!

مەلا بەختیار، وتارێکی بەناونیشانی: تونس و کوردستان بەراورد یان کاردانەوە ؟ لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاوکردۆتەوە.‌
کۆمێنتی من:
مەلا بەختیار، دوای ئەو هەموو ساڵە لە حوکمی ناشیرینیان، حیزبەکەی وا پیشاندەدات کە پشتیوانی لەئازادی کردووە و دەکات و دژی دیکتاتۆرییە!! هاوکات ترس پیشاندانە لەکۆتایی دەسەڵاتیان و دەپاڕێتەوە رەحمیان پێبکرێت! ئەو وتارە جێی بەزەیی هاوکات جێی پێکەنینە...

دووشەممە ٢٠١١.١.٢٤
ئاشکراکردنی دیکۆمێنتەکان لەبەرژەوەندی کێیە؟

بڕادەرێک دەنووسێت:..ئاشکراکردنی هه‌زاران دۆکمێنتی نهێنی لەلایەن کەناڵیتەلەفیزیۆنی جەزیرەوە، لەسه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی  ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاشتی بەشێک لەفه‌ڵستینی و حکومەتی ئیسرائیلی..
کۆمێنتی من:
ئەو بەڵگەنامانەی کە کەناڵی ئەلجزیرە خستوویەتە ڕوو، باس لەسازشی باڵی میانەڕەوی بزووتنەوەی فەلەستینی دەکات، کە خەریکی دانووسانە لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیلیدا.. بەجۆرێک لەجۆرەکان دەکەوێتە خزمەتکردنی باڵی ئیسلامی سیاسی توندڕەوی فەلەستیینەیەکان! خزمەت بەو دەوڵەتە توندڕەوانەی ناوچەکە دەکات! ئەوەندەی تر باڵی ئەوڵا لاوازتر دەکات!! ئەمە لەکاتێکدایە هەموو دەزانیین ئەو کەناڵە پشت بە چ باگراوەندێکی سیاسی بەستووە. بۆیە دەرخستنی ئەو بەڵگەنامانە جێی خۆشحاڵی نییە، بۆ کێشەیەکی سەرەتانی وا تەنها دایلۆگ وەک چارەی مامناوەندی پێویستە.

یەکشەممە ٢٠١١.١.٢٣
بۆ بیرلێکردنەوە..

نیتچە Friedrich Nietzsche ١٨٤٤ - ١٩٠٠ وتوویەتی: خەڵک هزر،مێشکی نییە. لەسەر ئەو بناغەیەوە دیدێک چێبووە، بەوەی دەڵێت: بۆیە جەماوەر وا شوبهێنراوە، چوونکە دروشم و خوتبە ئاگرینەکان و سۆر دەیجووڵێنێت..

هەینی ٢٠١١.١.٢١
بۆنی خۆشی گوڵی یاسەمین دەگاتە لای خۆمان

شۆڕش و ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان لەهەر وڵاتە کە زیاتر مەدەنیانە بەڕێوە چوو بێت، ناوی جۆراجۆری لێنراوە، وەک شۆڕشی پرتەقاڵی و ئەرخەوانی و... کە دواهەمینیان یاسەمین لەتوونس بوو.
یاسەمین گوڵیکی بۆنی خۆش لەئەسڵدا ناوێکی فارسییە، ناوی گوڵ لەبەر ناسکی و بۆنخۆشی و جوانی هەمیشە بۆ ناوی ژنان و کچان بەکار هاتووە.
وڵاتی توونس بۆیە ناوی ڕاپەڕینەکەیان بەیاسمەین ناوزەد کرد، چوونکە بەیەکێک لەووڵاتانە دادەنرێت کە گوڵە یاسەمینی بەزۆری هەیە و تیا دەڕوێت.

ڕۆبێرت فیسک ١٩٤٦ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی لەنوێترین وتاریدا بەم شێوەیە لەبارەی ئەو ڕووداوەی توونسەوە، هەڵوێستی ڕۆژئاواو لەبەرانبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دیکتاتۆریدا دادگایی دەکات و دەڵێت:
ئەوان ئارامی و نەزمونزامی جیهانی عەرەبیان گەرەکە، بۆیە پشتیوانی لەگەندەڵترینیان دەکەن، تا چیان دەیەوێت بەدەستی بهێنن.. بۆیە دیموکراسییەکی تەواو ناخوازن بۆ ئەو وڵاتانە..

هاوکات لێکۆڵەرەوەیەکی ئەڵەمانی دیدێکی نزیک لەوەی ڕۆبێرت فیسک بەڵام وردتر دەردەبڕێت:
ئەورووپییەکان، چاوغافڵ دەکەن لەبەرانبەر ئەو هەموو پێشێلکاریانەی کە ڕۆژانە دەرهەق بە مافی مرۆڤ لەوڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان دەکرێت. لەبەر خاتری ئەوەی ئیستقرارێکی خەڵەتێنەر، کە هیچ گرێنتییەکی نییە، هەبێت.
ئەوەی لەتوونس ڕوویدا پێمان دەڵێت دەکرێت خەڵک خودبەخود بەبێ پشتیوانی کودەتای سەربازی و هاندانی دەوڵەتانی دەروجیران و ڕۆژئاوایی و تەنانەت بەبێ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤیلی دەتوانرێت گۆڕانکاری بخولقێنن و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان لەسەرکار لاببرێت.

منیش بۆ خۆم، خاوەنی ئەم چەند دێڕە لەگەڵ سەروساخت دەرکەوتنی ئەمەریکا لەکوردستانی باشوور و عێراق، پێشوازیەکی بەگومانم لەو هاتنە کردووە و دەربڕیوە و پێم وابووە:
مەمنوون دەبین گەر ئەمەریکا لەم وڵاتە، لەسەدا ٢٥ ی کەلتووری ڕۆژئاوایی پراتیک بکات.

لەشونیکی تردا لەبارەی ڕووداوە گەرمەکانی توونسەوە بەجۆرێکی تر دیدی خۆم دەربڕیبوو:
هەر باس لە ڕاکردن  و قوچاندنی (زەين ئەلعابدين بن عەلی)دەکرێت. بەڵام باس لەوە ناکرێت ئەو بەخواهشتی خۆی وڵاتی بەجێهێشت، و بەنیاز نەبوو جارێکی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە، دیارە لەژێر فشاردا بوو. ئەمە وەک خاڵێکی پۆزەتیف دەبێت چاوی لێبکرێت و عاقلییەکی گەورەی کرد.
کارێکی وا چاوەڕوان ناکرێت لەسەرۆکی وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی موستەبد بوەشێتەوە و ڕووبدات.

هەروەها دەبێت ئەو خاڵەش لەبەرچاو بگیرێت کە ڕووداوەکان و قەیرانی توونس و گۆڕانکاری لەدەسەڵاتدا بەکەمترین تەلەفاتی گیانی و مادی کۆتایی هات.
دوای تەجرووبەی ڕاپەرینی خەڵکی ئێران لەدژی شا ئەمە دووهەم ڕاپەڕینی خەڵکە کە لەوڵاتە دواکەوتووە نادیموکراتییەکاندا دووبارە دەبێتەوە. هەرچەندە ڕاپەڕین لەدژی شا درێژخایەن و خوێناوی تر بوو، بەرئەنجامەکەیشی حکومەتێک دڕ وا هاتە کار کە شا لەچاویدا بەحەوت ئاو شۆراوەتەوە.

گەر ورد لە دەستوور و یاسا و ڕێساکانی توونس بڕوانرێت، لەسەردەمی حەبیب بورقێبەوە ١٩٠٣ - ٢٠٠٠ ئەم وڵاتە نەیویستووە وەک وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان بێت، ڕیفۆرمی لەبوارەکانی پەروەردە و یەکسانی ژن و پیاو کە دەچێتە خانەی یاساکانی باری کەسێتییەوە کردووە، بۆ نموونە هیچ پیاوێک بۆی نییە و نەبووە دوو ژنی هەبێت. جا قسە لەوەیە بەهاتنەوەی ئیسلامە سیاسییەکان بۆ ناوخۆی وڵات و بەهاوکاری ڕاگەیەندنی ڕەشی و سێبەری فڵان و فیسار وڵات چ چارەنووسێت چاوەڕوانی شۆرشی یاسەمین و گۆڕانکاریەکانی داهاتووی وڵات دەکات و دەبێتەوە؟
--------
سوودم لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بەریتانی و ئەڵەمانی و ... بۆ نووسینی ئەم وترە بینیوە.
هەمان بابەتە لەماڵپەڕی سبەی؛دا

سێشەممە ٢٠١١.١.١٨
سیاسەتی ئاگرە سوورە لەخۆم بەدوورە!

برایم عەلی بۆ وێنەیەکی هەڵگورد سەمەد کە ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و ئازاد بوو لەشاری هەولێر بۆ گۆڤاری لڤین کاری دەکرد، ڕاونا و نها لەفەرنسا ئاوارەیە، دێرێکی حەسرەتاوی بۆ نووسیوە.
کۆمێنتی من:
ئەو حیزبە بنەماڵییە (پارتی) گەندەڵە، سیاسەتیان وایە، دەنگە ئازاکان بەهەر شێوەیەک بێت دوور خەنەوە لەخۆیان. ئەو سیاستە دەبێت بەری پیبگیرێت، ئاگادارم بەڕاستەخۆو ناڕاستەخۆ بەچەندی دەنگی دلێری تریان وتووە بچۆ بۆ دەرەوە یان بچۆ بۆ سلەیمانی!!

سێشەممە ٢٠١١.١.١٨
کاریگەری ناسیۆنالیزم

برادەرێک وا دەنووسێت: کە ئێمە بە ئۆرشەلیم بڵێین قودس، ئیتر بۆ دەبێ پێمان ناخۆش بێ بە کەرکوک بڵێن تەئمیم و بە ئامێد دیاربەکرو بە سنە سنندج و بە کرماشان کرمانشاە و بە نەینەوا موصل...هتد؟
کۆمێنتی من:
ئاخر رەبتێک لەنێوان ئەو بەراوردەدا نییە!! ئەوەی ئۆرشەلیم و قودس شەری ناسیۆنالیستانی عەرەبی و ئیسرائیلییە و ناولێنانی ئەوانە بۆ ئەو شارە کە لەسەر بناغەیەکی مێژوویی بنیان نراوە. ناولێنانەکانی خۆشمان هەر لەهزری ناسیۆنالیستییەوە سەرچاوەی گرتووە.... گەر کوردێک ناوەکان هەر جارەی یەکێکیان بەکار بهێنێت ئەوە جۆرێک لەیەکلایی نەبووە و فەرزا دەگەیەنێت وەک چۆن لەزۆر بواری تردا دەبینرێت.
ئەی تۆ بۆ باس لەهەولێر و ئەربیل ناکەیت؟ هەولێریان کوردی بەڵام لەئاستی جیهانیدا ئەربیلە و ناوە کۆنەکەیەتی و کوردیش نییە. ئەم باسە وردکردنەوەی زیاتری گەرەگە. بەڵام هەقی هەر گەل و نەتەوەیەکە چۆن ناو لەشتەکانی دەنێت. ئەوە دروست ترە.
لەفینلاند وەختی زەمانی داگیرکاری پایتەخت شاری تورکو بووە، دوای ئازادی لە مانگی دوانزەی ١٩١٧ دەسەڵاتدارانی فینلاندی پایتەختیان گۆڕی و هاتنە هێلسنکی. ئەمە بڕیارێکە گەر هەڵەش بێت قابیلی پشتیوانییە.
هەروەک ئەوە وایە بەر لەچەند ساڵ باس لەپایتەختی کوردستانی باشوور دەکرایەوە کوێ بێت، لەبەر ئەوەی هەولێر کۆن و لەسەردەمی داگیرکاریدا کراوە بەپایتەختی هەرێمی حوکمی زاتی، بەڵای دەسەڵاتدارانی کوردەوە نەگونجاو بوو بۆیە پێسنیاری شاری کەرکووک کرا. بەڵام یاخوا بەدەردی بن عەلی بچن ئەویان لەبیر خۆ بردەوە. ئەگینا بڕیارێکی کوردانە بوو.

شەممە ٢٠١١.١.١٥
بەهەولێر و دهۆک تێر ناخۆن، کەرکووکیشیان گەرەکە!!

برادەرێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر کۆنگرەی ١٣ی پارتی کە مەسعود بارزانی باس لەکەرکووک دەکات، کولاج کردووە.
کۆمێنتی من:
مەبەستی ڕزگارکردنی کەرکووک، داگیرکردنییەتی لەلایەن بنەماڵە و حیزبەکەیانەوە بۆ خودی خۆیانە نەک خەڵکی کوردستان بەگشتی. هەروەک چۆن شاری هەولێر و دهۆکیان بەسەربنەوە بۆ خۆیان لووشداوە.

شەممە ٢٠١١.١.١٥
نا بۆ دیاردەی...

پێشڕەو حەمد؛ی ڕۆژنامەنووس بۆ وێنەی کابرایەکی لانەواز ئەمەی نووسیوە: كى به‌خته‌وه‌ره‌ ؟ ئه‌م مرۆڤه‌ یان ئه‌وانه‌ى پاسه‌وانیان زۆره‌و به‌ئاواته‌وه‌ن بى پاسه‌وان له‌چایخانه‌یه‌كدا چایه‌ك بخۆنه‌وه‌ ؟
کۆمێنتی من:
نە ئەوە نە ئەم کابرا لانەوازە...ئاخر کام بەختەوەری، بۆ کابرایەکی وا؟ پیرۆزکردنی دیاردەیەکی ناشیرینی وا کە گوزارشت لەهەژاری دەکات، قابیلی پشتیوانی نییە.

شەممە ٢٠١١.١.١٥
دیکتاتۆرەکان هەر دەمێنن!!

هەڵگورد سەمەد؛ی ڕۆژنامەنووس، دەنووسێت: تۆ بڵێی ئەم دەیەیە، دەیەی بێ دیکتاتۆریەت بێ؟ تۆ بڵێی لە کوردستانیش تەنگ بە ستەمکاری هەڵچنرێ؟
کۆمێنتی من:
بێگومان، ئەی نابینی پارتی بنەماڵە چۆن پاشەکشەی پێکرا.. بەڵام دیکتاتۆرەکان هەردەمێنێن بەڕەنگوڕووی جیاوازەوە.

هەینی ٢٠١١.١.١٤
بۆ کوردە موسڵمانەکان زۆر شەریفن؟!

برادەرێک بۆ وێنەیەک ئەمەی نووسیووە:كورده‌كانی ئیسرائیل چاومانن. . ئه‌وان عه‌رب وایكرد له‌ كوردستان دووربكه‌ونه‌وه‌.
کۆمێنتی من:
کەی وایە، ئەی ئەو هەموو گۆرە جوولەکەیە چییە؟ بۆ کورد کە بەشێکی زۆری مسڵمانە زۆر شەریفترن لەعەرەبەکان. مێژووی هاوچەرخ بخوێنەوە بزانە کوردە موسڵمانەکان ماڵو موڵکی جوولەکەکانیان چۆن چۆنی داگیر کردووە.

پێنجشەممە ٢٠١١.١.١٣
نەوەی نوێی تاراوگە و پەیڤین!؟

زمان وەک هەردیاردەیەکی ژیان لەئاڵوگۆڕدایە، جا زۆر ئاساییە گەلێک لەوشەی بێگانە کە هاوتای نییە لەزمانی خۆماندا وەربگیرێت. بەڵام ئەوەی ئەو کیژە دەپەیڤێت، ناکرێت بخرێتە خانەی زمانێکی تایبەتەوە، هەموو دەزانیین زمانی نووسین و ئاخافتن زۆر جیاوازیان هەیە، یەکەمیان هزر دەیجووڵێنێت و ئەوی تریان کەمترین کۆنترۆڵی بەسەرەوە هەیە بۆیە پڕە لە ئەوەی کە دەیبینی. بەڕاستی نموونەی لەو جۆرەمان زۆرە و شایەنی لەسەر ڕاوەستان نییە و تیور و نەسەرزسەنجی قوڵی نەگەرەکە. کوردە خانەقینییەکانی لای باشوور گوێیان لێبگرە وەک ئەو خانمە دەپەیڤن. بەڵام تێکەڵێک لەعەرەبی کوردی فارسی و تورکمانی...
مقەست بەکار هێنانەکەیشت لێپیرۆز بێت... شایەنی وەبیر هێنانەوەیە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا قوباد تالەبانی زۆر ئیبراز کرابوە و کامێرە بەدوای ئەوەوەیە. بەڵام لەوەڵام بەرەخنەی مندا دەڵێت ئەوەی مەبەستە بەپلەی یەکەم کچەکەیە کە بەکوردییەکی تێکەڵ دەدوێت. نەک شتێکی تر.

چوارشەممە ٢٠١١.١.١٢
پێشمەرگەش مرۆڤ بووە

برادەرێک ناونیشانی وتارێکی بەم شێوەیە لەگەڵ وێنەیەکی مەسعود بارزانی هێناوە و داناوە: ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی کردبێت له‌ ڕه‌خنه‌ ناترسێت!
کۆمێنتی من:
بۆ پێشمەرگە چییە؟ خۆمان پێشمەرگە بووین دەزانیین ئەویش مرۆڤە و بەزۆر شت قەلس دەبوو.. رەخنەکە دەکرێت بەجۆرێکی تر بگیرێت لەو نەفەرە.. دوای ئەوە پێشمەرگە کەی ماوە؟ دوای قۆناغی شاخ و هاتنەوەیان بۆ شار پێشمەرگە بوونی نەما. قۆناغی غەدری دەسەڵاتیان... زیاتر و زیاتر بوو یان دەستی پێکرد، ئەوانەی ئەوان پێیان دەڵێن پێشمەرگە وەک قوەخاسە و مغاویر و ئەمن و ئیستخبارات و کۆماندۆکان وان و مووچە خۆری پیشەیین. ئاخر ناکرێت ئۆپۆزسیۆن بەهەموو رەنگەکانییەوە بچێتە پای دەربڕینێک کە هەردوو حیزبی دەسەڵات شەوڕۆژ بێ بۆنە و بەبۆنەوە دەیدەن بەگوێی خەڵکیدا. تا هێندەی تر هەڵوێست فرۆشی بکەن..

چوارشەممە ٢٠١١.١.١٢
دەستخستنە سەر خاڵ!

ئاسۆس هه‌ردی لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بەناونیشانی: قسه‌یـه‌ك به‌ هێمنی، دەنووسێت:.. ره‌نگه‌ زۆربه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بین كه‌ ئه‌مڕۆ حیزبی بنەماڵە پارتی باڵاده‌سترین هێزی بەشێک لەهەرێمی كوردستانه‌، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌ی له‌بیربچێت كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازبوونی ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی، نه‌ك به‌هێزبوونی خۆی..
کۆمێنتی من:
نووسەر ئەوەی بیر چووە، کە لەهەڵبژاردنی شەخسی مەسعود بارزانیش هەمان لاوازی هەبوو، بەوەی ڕکەبەرەکانی لاواز و کەمدەرامەت بوون. خودی ئەو رکەبەرەی لاوازەی کە ناوی نەهێناوە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دەنگیان بە مەسعود بارزانی دا، هەموو مام جەلالمان بینی چی بۆ کرد.

چوارشەممە ٢٠١١.١.١٢
هەموو ئۆپۆزسیۆنەکان گەرەکیان نییە!

عارف قوربانی، لەوتارێکیدا بەناونیشانی: مه‌غزای‌ خۆپیشاندانه‌كان دژی‌ بارزانی‌، کە لەماڵپەڕی خەنداندا بڵاوبۆتەوە.
کۆمێنتی من:
بەتەنها بزووتنەوەی گۆڕان نییە لەو یاسا سەقەتە هاتۆتە دەنگ، زووربەی ڕووناکبران و نووسەرانی دەرەوەی دەسەڵات و میدیای ئازاد و بەشێکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتیشە. تەنانەت ژمارەیەک نووسەری سەر بەیەکێتی نیشتمانی شەرمنانە دژی ئەو یاسایەن.
لەلایەکی ترەوە، چاوخافڵ کردنی کاربەدەستانی ناوچەی زۆنی یەکێتی (هەرچەندە دەربڕینێکی دروست نییە) کە زووربەی خۆپیشاندانەکانی تێدا بەرپا دەبێت و بووە، جۆرێکە لەپشتیوانی بۆ ئەو ناڕەزایەتیانە، موخالیفە بەڕێکەوتنە ستراتیجییەکەی نێوانیان. پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ پارتی کە دەکرێت دوو سەرە کێشەت بۆ دروست بکرێت، گەر لووت بەرزیت کەم نەکەیتەوە. ئەمەیش بەقازانجی بەرەی نارەزایانی ئەسڵییە، کە بزووتنەوەی گۆڕان باڵی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانی تر...
گرنگ ئەوەیە لەم هاوکێشەیەدا خەریکە کەپووی زلی سەرۆکی بەشێک لەهەرێم و حیزبەکەی دەدرێت لەزەوی.

سێشەممە ٢٠١١.١.١١
بەو شۆڕشەی مەسعود بارزانی تەقەی تیا نەکردووە

سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی ئاواش پێشمەرگایەتی کردووە بۆیە وا شارەزایە له بەکارهێنانی دووربینا!! کۆمێنتی برادەرێک لەسەر وێنەیەکی ناوبراو.
کۆمێنتی من:
برایەکم هەیە، وەک زۆر خەڵکی تر قسە خۆشە، کابرایەکی بێوەی و کاسبی ماڵی خۆی، بەداخەوە نها بەهۆی تەمەنەوە تەندروستی باش نییە، بۆ یەک ڕۆژیش پێشمەرگایەتی نەکردووە، بەڵام کوردێکی ساغە، هەموو جارێک بۆ فشقیان دەیووت: بەو شۆرشەی کە تەقەم تیا نەکردوو...ە.
جا سوێندتان لەسەرم نییە، گەر مەسعود بارزانی و ئەوانی دەوروبەری تەقەیان کردبێت بۆ نیشانە نانەوە و ڕاوکردن بووە.. بۆیە نابینین یەک کەسی پلە یەکی ئەو بنەماڵەیە کوژرابێتن؟

سێشەممە ٢٠١١.١.١١
عەرەبی عێراقی یان...؟

کەمال چۆمانی، دەنووسێت: لەبەر خاتری سەرۆک کۆمار و هەمو ئەو کوردانەی لە بەغدان، ئینشاڵا عێڕاق لەیاری تۆپی پێدا ئەیباتەوە..
کۆمێنتی من:
نازانم لەگەڵ کام تیپی وڵات یاری دەکات، هەرچەندە لەوانەیە یەکدوو یاریزانی کوردیشی تێدا بێت بەڵام زووربە عەرەبن. ئەگەر دژایەتی عەرەب بکەین، بەپلەی یەکەم دەبێت عەرەبی عێراقی بێت، چوونکە ئەوانە بوون کە جینۆسایتی کوردی باشووریان کردووە. یان ملیان حیز کردووە و بێدەنگیان لەبەرانبەر تاوانێکی گەورەی وادا هەڵبژاردووە. بۆیە بەئێستاشەوە هەرگیز ئارەزووی سەرکەوتنیان بۆ ناخوازم.
عەرەبی عێراقی، پێم دروست نییە هەموو عەرەب بەیەک چاو سەیر بکرێن. بەڵام ئەم دیدە لەگەڵ دەسەڵاتدا جووت دەبێتەوە. چوونکە ئەوان دەڵین ئێمە حکومەتی سەدام جینۆسایدی کردووین نەک عەرەب. بەڵام هەر ئەو عەرەبە عێراقیانە بوون کە سەدامیان گەیاندە ئەو وەحشییەتە.

یەکشەممە ٢٠١١.١.٩
ئۆپۆزسیۆن لەدژی ئۆپۆزسیۆن!!

ماڵپەڕی کۆمەڵنیوز لەهەواڵێکیدا دەڵێت: بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان یه‌كێتی و گۆڕان به‌ لیستێكی هاوبه‌ش داده‌به‌زن
کۆمێنتی من:
جاران کە هەواڵێک بڵاو دەبووە جۆرێک لەنامەعقلییەتی تێدا بووایە، دەوترا ئیدعایەی شیوعییەکانە، دواتر گۆڕا بوو بە؛ ئیدعایەی شیوعییەکانە بەڵام بەعسییەک گێڕایەوە، لەدوای ڕاپەڕین بووە بەدرۆی ڕاگەیاندنی سێبەر و دەسەڵات. ئەی کۆمەڵی ئیسلامی ئێوە بۆ؟ بەحساب نها ئۆپۆزسیۆنن کەچی لەئۆپۆزسیۆن دەخوێنن و درۆ پەخشدەکەنەوە؟ ئەگەریش ئەو دەنگۆیە ڕاست بێت ئەوا خۆکوژی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕانە، دڵنیام شتی وا ڕوو نادات.

یەکشەممە ٢٠١١.١.٩
کۆنە کۆن!!

ره‌زا جه‌بار، لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا وتارێکی بەناوونیشانی: ده‌رباره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چه‌ند قسه‌یه‌كی‌ ره‌ق، به‌ڵام حه‌ق. بڵاوکردۆتەوە/
کۆمێنتی من:
ئەوەی ئەم کاک ڕەزا جەبارە دەریبریوە، وێراوی ئەوەی زۆر کۆنە و چەند کەسی دی لێی دواون و ئاشکرایان کردووە. ئیتر نازانم بۆ ناوی ناوە رەق و حەق!! لەو بڕوایەدام نە رەقە نە نەرمە و نە شلەتێنە!!!هاوکات خۆی بەهەڵە بردووە، مۆری شکستی ناوە بەکار و هەڵوێستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان!! پێدەچێت کێشەی مادی هەبێت بەڵام سیاسەتی وەک ترشوخوێ بەکارهێناوە، تا خوێنەر باوەڕی پێبکات و دەربکەوێت...

یەکشەممە ٢٠١١.١.٩
هاواری بێسوود

شوان داودی، لەوتارێکیدا بەناونیشانی: یه‌كێتی .. وه‌همی شه‌راكه‌ت و سیاسه‌تی خۆده‌مكوتكردن، دەنووسێت:..پارتی حیزبی بنەماڵە بڕوای به‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات نییه‌ ، به‌ڵكو نوقڵانه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ گوێماندا دا كه‌ كوڕی كوڕه‌كه‌یشی هه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت !.. سێبه‌ری پارتی حیزبی بنەماڵە زۆر سوتێنه‌رتره‌ له‌ هه‌تاوی خه‌ڵك و كادیرانی.. سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ به‌ ده‌ستی یه‌كێتییه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ جێگری پێشووی سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ هه‌ر یه‌كێتی بوو ، ئه‌گه‌ر كه‌متر نه‌بێ‌ زیاتر نییه‌..
کۆمێنتی من:
ئەوەی شوان داودی و ژمارەیەکی تری نووسەرانی یەکێتی هاوارێکە لەبۆشایی، تازە کارلەکارترازاوە. ئەی بۆ ژمارەیەک لەبەرچاوترین کەسەکانی ناو یەکێتی پایدۆزیان کرد و بزووتنەوەی گۆڕانیان پێکهێنا؟ نها پارتی بەقەدەر خوا لەگۆڕان دەترسێت. ئەو ترسەی کۆنی کە لەیەکێتی هەیبوو زیندوو بۆتەوە، گۆران وەک مۆتەکە دەبینیت...

هەینی ٢٠١١.١.٧
بەگوڵێک بەهار نایەت!

سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاوێنە: كشانەوەی سكاڵاكەی پارتی لە دژی مەریوان قانع و ئاراس فەتاح لە خزمەتی ئەزموونی دیموكراسیی كوردستاندایە.
کۆمێنتی من:
نازانم تا چەند ئەو دەربڕینە تەواوە یان نا!! دیموکراسی چی؟؟! بۆ هەر شتێکی وا ڕوو بدات لەلایەن نووسەرانی ناڕازی بکەونە دەهۆڵ لێدان بۆ جوانکردنی ناشیرینییەکان! خۆ بەگوڵێک بەهار نایەت.. مەسەلەکە لەکۆتاییدا بەقازانجی ئەو حیزبە و سەرەۆکەکەی دەکەوێتەوە.. ئەوە هەڵەی فەزیعە... ئەوانە نابێت لەلایەن خەڵکی ناڕازییەوە وەسفی باشە بکرێن

شەممە ٢٠١١.١.١
با ڕزگاریان بێت، ئەوسا دادپەروەری کۆمەڵایەتی

ئیبراهیم مەلازادە، دەنووسێت: ..پێم وایە سەربەخۆیی ئامرازە نەک ئامانج. ئەگەر سەربەخۆیی نەبێتە هۆی بەختەوەری مرۆڤەکان مەترسیدارە، بەڵام ئەوەندە دەزانم هیچ دەستەڵاتێکی خۆجێی بەهی بێگانە بەراورد ناکرێت. هیوادارم باشووریەکانی سوودان بتوانن دەستەڵاتێکی دیموکراسی دادپەروەر پیادەبکەن.
کۆمێنیتی من:
بەپێچەوانەی تۆوە ئەو ئەگەر و هیوایە ناخوازم بۆیان، تەشویقیان دەکەم بۆ جیابوونەوە، ئەوەشی بەهەر بیانوویەکەوە لەبەرانبەر ئەو خواستەدا بوەستێتەوە، بەنادروستی دەزانم. با ئازاد بن، ئەوسا پرسی دادپەروەری لەحوکمی خۆماڵیدا شتێکی ترە.
لێرە(فەیسبووک) عەرەبە ...میسرییەکان گۆڤارێکیان بەناوی مافی مرۆڤەوە داناوە، یەکدوو ڕۆژ لەمەوبەر وەک نەتەوەپەرستەکان بەرگرییان لەیەکپارچەیی سوودان دەکرد، بۆم نووسین ئێوە مافی مرۆڤ نیین.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق