خەمی ڕۆژانە، حوزەیران ٢٠١١


٢٥حوزەیران ٢٠١١ خۆ بەکەمزانیین!!
گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارێکی کوردانی باکوور لەکاتی قسە کردندا لێرەدایە دەڵێت:
باشە ئەبێت کورد چی بکەن؟ ... بەرد هاویشتن قەدەغەیە ... دروشم بەرزکردنەوە قەدەغەیە ... هێلکە هاویشتن قەدەغەیە ... چوونە چیا قەدەغەیە ... ئێ چی بکەین با ئەو ژیرانە بێن و پێمان بڵێن ؟ ئەوە بووە مایەی خوڵقاندنی ئەم  تێکستەی خوارەوە:

بەڵام هێشتا بە پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە کوردستانی باشوور ناگەن. بەسەرۆکی پەرلەمان دەڵێن خۆ و حیزبەکەت دیکتاتۆرن و بتلە ئاوی تێدەگرن ... مەبەستم ئەوەیە زۆر جاریش خۆشم دەکەومە ئەو هەڵەیەوە کە زیاتر کاروکردەوەکانی دەرەوەی بازنەی خۆمان و بەگرنگتر دەزانانین و موعجبین وەک لەوەی ناوخۆ و خۆ هەمیشە بەکەمتر دەبینین.. کە پێچەوانەکەی ڕاستە، نا من بتڵە ئاوەکەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان بە گرنگتر دەزانم و ئازایانە ترە..
بەپێچەوانەوە ئەو تووندییەی گۆڕانییەکان دەبوایە لەوانی باکووردا بەرجەستە بوایە. نا ئەوە پێناسەیەی بۆ پەرلەمان زۆر میکانیکییە، جۆرێکە لەقاڵبدان، ئەی لێکدانەوەت بۆ ئەو هەمو پەلاماردانانەی لە نێوان پەرلەمانتارانی فڵان و فیسار وڵات بە ئەورووپییەکانیشەوە ڕوودەدات ناو لێ دەنرێت چی؟ ئەوان مرۆڤن و بەڕاستی نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە دەکەن و شەڕی تەشریع و شەری بۆکسێن و تەنانەت ئیهانەت کردنی سومبوڵەکانی حیزبە فەرمانڕەواکانیش وارد و پێویستە، بۆ ناپرسی ئەو کاردانەوەیەی گۆڕانییەکان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئەو کاتە بەراورد ڕاستە کە ئەزموونی پەرلەمانتارانی باشووریش ببینرێت، بەڵام پێدەچێت ئەو فەزڵەی دەیدەیت بە باکورییەکان سەرچاوەکەی شتی تر بگەڕێتەوە!!

٢٥حوزەیران ٢٠١١ ناسیۆنالزم و ئەجری چاکە!
ئەوە پیاوە شێتە عەرەبە موعەمەر قەزافی، لەو پەڕی نیشتمانی عەرەب و ئەفەریقاوە باسی کوردی دەکرد. شتێکە و دیکتاتۆرییەتی ئەوسا و ڕسوایی ئێستای شتێکی ترە.. بەدەر لە هەر لێکدانەوەیەک، بەڵام وەک ئەرک و مەهام ناسیۆنالیزم کاری چییە؟ بەتایبەتی ناسیۆنالزمێکی تازەکورەی وەک ئەوەی لە کوردستانی باشوور خەریکی پێرەوکەیە؟ هەر کەسێک باسی بکات بەتایبەتی لە نەتەوەی سەردەست (عەرەب) بێت، پێی باش و زۆرە. ئەمە هەموو ناسیۆنالیستێک و تەنانەت خودی هەر تاکێک بگریت لە شوێنێکدا بەباشە باس بکرێت لە دڵەوە پێت خۆش دەبێت، ئیتر ئەو کەسە هەر بارگراوەندێکی هەبێت.
دوای ئەوە خەڵکانی عەرەبی زۆر هەبوون لە نووسەر و هونەرمەندان لایەنگری کێشەی کورد بوون، هەر کەس لە دەسەڵات بە ئۆپۆزسیۆن تەنانەت بە(گۆران)یشەوە، لا لەوانە دەکەنەوە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان دۆستی کێشەی کوردی باشوور بوون، ئیتر لەوانەیە جێبەجێ کردنی کارەکە وەک ئەوە نەبێت کە تا نها کراوە.

٢٥حوزەیران ٢٠١١ کفتە بارین!! (چیرۆکی زۆر کورت)

یان بە مانگ و دوو مانگ و سێ مانگ نایخۆیت و چاوت پێ ناکوێت یان وەک ئەم هەفتەیە حەپولکت نادات. شەممە کفتەی بڕوێشمان هەبوو. یەکشەممە لە ماڵی خانمێکی هاوڕێمان میوان بووین، دڵم خەبەریدا کە خواردنەکە مچەدووبارەیە، هاوڕێکەم وتی بڕوا ناکەم.
-: ئێ دەیبینی سەرم لەبەر هەتاو سپی نەکردووە.
فیعلەن کفتەی لێنابوو. هاهاها
کە ئەمەم بۆ هاوڕێکەم باس کرد، وتی ئەوە ژنان چییان بیستووە ماڵی ئێمەیش کفتەیان لێنابوو و یەک دوو دانەم خوارد. بەر لە چوون بۆ سەرکار دەبوایە سەردانی ماڵی هاوڕێیەکم بکردایە، سەیر بوو، ئەوانیش کفتەیان هەبوو، بەزۆر کفتەیەکیان دەرخواد دام. کە گەیشتمە دوکان یەکێک لە کڕێکارەکان مەنجەڵێک کفتەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، لەبەر عەیبە کفتەیەکی ترم خوارد. بۆیە دوای قرقێنەیەکی عەنابی کە وەک مۆری موختار وابوو، وتم: ئەمڕۆ ساڵی کفتە بارینەکەی سلەیمانی وابوو. هاهاهاها

٢٢حوزەیران ٢٠١١ ژن شەڕ بێت و نەبێت هەر غەدرلێکراوە!!؟
ژن و پیاوێکی ناسیاو، تا لە ناوخۆی وڵات بوون باری داراییان باش بوو، لەهەمە هەمەی چوونە دەرەوەدا کە ماوەیەک بە ئێستاشەوە مۆدێڵ بوو، پیاوەکە نزیکی چواردە ساڵ دەبێت هاتۆتە دەرەوە و ١٠ ساڵ دەبێت لە وڵاتێکی ئەسکەندەنافی بەرهەمهێنی نەوت گیرساوەتەوە، ژنێک و ٥ منداڵ لەچاوەڕوانی ڕاکێشان بەجێهێشت. بەڵام هەی هوو شەمەنەفەرەکە نەگەیشت. سێ لە مناڵەکانی تەحەمولیان پچڕا و تێیان تەقاند و هاتنە دەرەوە، و هەر یەکە لە وڵاتێک نیشتەجێ بوون.
باوکەیش هەر بەمۆلەقی مایەوە، تا لە سەپرایسێکدا و لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١١ معامەلەی چاوەڕوانکراو دەرچوو، سەرئەنجام ژنە لەگەڵ منداڵێکیدا گەیشتە لای پیاوەکە.
لەسەر خەمساردی پیاوەکە کە بۆ معامەلەی چوونیان هەر جێبەجێنەکرا و دوادەکەوێت، لەگەڵ ژنەکەدا دەبێتە شەڕیان. پیاوەکە زۆر ڕوو قایمانە بە ژنەکەی دەڵێت: گەر زۆر لەسەری بڕۆی ئەوا دێمەوە کوردستان و لە بەرامبەر ماڵەکەت خانوویەک دەگرم و ژنێکی تیا دەهێنم.
دەنگۆی ئەوە بەدوای پیاوەکەوە بوو کە لەباری سێکسییەوە لە وڵاتی میوان کێشەی نەبووە و پڕوپیرێژنی ڕووسی زۆر دەستدەکەون، ئیتر ژنی بۆچییە؟ یان بەگشتی پەشیمانە لەو مێژووە بەمەرجێک کاتی خۆی بە حەز و حەزکاری بەیەکتر گەیشتوون! ژن ئەگەر شەڕ بێت و شەڕ نەبێت ئەو هەر زوڵم لێکراوە! پرسیار ئەوەیە چۆن ئەو ژنە بە چ دڵێک و ڕوویەکەوە ئامادە بووە دووبارە و دوای ئەو دابڕانە گەورە و بەسوێیە بچێتەوە لای مێردەکەی؟ دەوترێت ئەگەر ئازابوایە زۆر لەمێژەوە تەلاقی خۆی لێدەسەند.
ئەی پیاوەکە چی؟ تۆ بڵێی ڕووی لە چەرم قایمتر نەبێت، یان ئەویش حیکایەتی و تەبریر و بڕوبیانوی خۆی هەیە، لەوانەشە ئەم چوون و بەیەکتر شادوشوکربوونەوەیە سەرەتای لێکجیابوونەوەی ڕیشەیی بێت. لەم چیرۆکەدا ئەگەر و پرسیاری تر بەکراوەیی دەمێننەوە؟

٢٠حوزەیران ٢٠١١ کاتێک دەسەڵات رەنگی دەگۆڕێت!!
ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان بۆ ئەوەیە کە پشکێک زیاتر لە مافەکان بەدەست بهێنرێت و یان بگەڕێتەوە بۆ جەماوەر. جا دەسەڵات هەر جۆرێکی بێت توورە دەبێت، ئەو تووڕەبوونە بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەکوتکردنە، هەر کە دەستیش برا بۆ ئەوە و هێز جوڵێنرا ڕووی سەوز و زەردی دەسەڵات وەک حەربا دەگۆڕێت بۆ پرتەقاڵی و لەکۆتاییدا دەبێت سوور..
ئەو بۆرەپیاوانەی (مام جەلال+مەسعود بارزانی) ئازادی کوردستانی باشووریان کاول و خاپوركرد ..
بەڵام ئایا دەبێت بەنەفرەت کرێن یان سوپاس؟ کە بەو کارەیان بوونە مایەی دووبارە زیندوو کردنەوەی یاخیبوون و شۆڕش و بەرخۆدان بەشێوە مۆدێرنەکەی؟؟؟
لەم ماوەیەدا بۆیانباخیان بەجامانەی سوور کردبوو، پێشبینی دەکرێت ماوەیەکی تر سەرۆکی هەرێمی هەولێر دهۆک وەک کەلەپووتەکانی ئاینزای شیعەی دەسەڵاتداری فارس لە ئێران کە لە شاری قومی ئایینی عەمەمەی سەر، بەسەر خوێندکارانی دەرچووی حەوزە دابەش دەکەن، ئەمیش جامانەی سوور بەسەر قەرەقۆزەکانی دەوروبەری خۆی لە ڕێوڕەسمێکی ناشکۆدار دابەش بکات.. چوونکە بچووک ئاو دەڕیژێ و زلحۆرتە خۆ تێفڕێ دەدات..

١٨حوزەیران ٢٠١١ ژنە گۆرانیبێژەکان و گوزارشت لە ژنبوون!
مەرج نییە، ژمارەیەک گۆرانیبێژی ژن لە مێژوەوە هەوڵ ئەدەن ژنانە گۆرانی بڵێن و گوزارشت لە خۆیان بکەن، بەڵام زۆر نیین. ئەوەیش مەرج نییە گوزارشت لە کۆی کۆمەڵاگا بکات و خاڵێک بێت بۆ پێشکەوتنی بەتایبەتی ژنان، خۆ گەر عەرەبەکان ببینی وا دەزانی ئەمانە زۆر پێشکەوتوون کەچی ئەوانە بژاردەیەکی فرە کەمن.
بەڵام گرنگ و مەبەستم ئەوەیە لەلای خۆشمان جووڵەیەک هەیە بەئاراستەی خۆناسین و گوزارشتکردن لەخۆ وەک مێ. زۆر بەهێز نییە. لە هێنانەوەی نموونەی عەرەبەکان ئەوەیە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانە لەو خاڵەدا کە باسی ئێستای ئێمەیە بەرەو پێشچوونی موعجزە ئاسا سەختە. جۆرێک لەتەناقوز دەبینم ئەگینا لەو وڵاتە عەرەبیانەدا گەر بەراوردی بەکەیت بەهەرێمی کوردستان هاوسەنگن بەمەرجێک لەچاو ئەواندا ئێمە تازە سەربەخۆبووین و چاومان بەدنیادا کراوەتەوە. نوخبە،بژاردەیەکی کراوە مەرجی پێشکەوتنی کۆمەڵگا نییە و بەراورد بکرێت بە ئەورووپا.

١٥حوزەیران ٢٠١١ پەرلەمانتارانی یەکێتی+پارتی ناوێرن سرودی ئەیڕەقیب بگۆڕن!
(...كورد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیسه‌لمێنێ‌ له‌وان جیاوازه‌ كه‌ ته‌نها به‌ جیاوازبوونیشمان ده‌یبه‌ینه‌وه‌، ... ده‌بێ‌ نه‌وه‌كانی‌ داهاتوومان به‌ ڕوحیه‌تی‌ قبوڵكردن و لێبورده‌یی‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌ین...)

لەو بڕوایەدام نیم وەک تۆ (عارف قوربانی) بۆی چوویت دنیا و چواردەورمان شامی شەریف بێت، ئیتر بڵێن تەواو هەموو شتێک ئۆکەیە! گەر بشمانەوێت نەوەکانمان بە گیانی لێبووردەیی پەروەرەدە بکەین و خەڵکی تر بخوێنێتەوە، ئەوا لەکۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ئەورووپا هێشتا ئەوە لەسەدا پەنجانش تەواو نییە و نەسەلمێندراوە، هاوکات لەگەڵ هەمەچیزەیی کۆمەڵگاکاندا نایەتەوە، هەمیشە وەک بیروڕای کۆمۆنیستی بیری لێبووردەییش کەمایەتی بوون و دەمێننەوە.
کورد چی لەو کەمایەتییە بکات کە ناتوانێت لەململانێکاندا تەرازووی هێز بگۆڕیت، کۆن لەسەردەمی حوکمی عەرەبیدا جینۆساید دەکراین و هەزارەها ڕۆڵەی عەرەبی عێراقی لەبەرەکانی شەڕی کوردستان دەکوژرا، ئەو کەمایەتییەی کە لەکۆمۆنیست و یەکدوو گرووپی شیعە توانیان ڕایبگرن و چی بکەن؟! دەکرێت وەک ئەورووپا هەموو کایەکانی ژیان ڕێکخرێت و بەیاساوڕێسا بێت لەناو خۆمان و لەگەڵ دەروجیران، ئەگینا ئەو خۆشخەیاڵی و دنیای ئایدیاڵە تەنها تەقلە پێڵێدانی لەدوایە.
کە ناوچەکە لەگەرمەوە بوو بەسارد وەک ئەورووپییەکان بەناوچەی ڕۆژهەڵات دەڵێن، ئەو کاتە لەوانەیە قسەیەک لەو لێبووردەییە بکرێت.
(.. ئه‌م سروده‌ له‌ سرودی‌ نیشتمانیه‌وه‌ بگۆڕین به‌ سرودی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد و سرودێكی‌ تری‌ نیشتمانیی‌ دابنێین كه‌ له‌گه‌ڵ‌ واقیعی‌ كوردستان..)
ئەو پێشنیارە بۆ کام کورد مەبەستە؟ بەپێچەوانەوە چۆن ناتوانی بەعەرەب بڵێی میللەت ئەوا بەکوردیش ناتوانرێت بڵێت میللەت، وشەی گەل دروستترە، کەواتە گەلانی عەرەبی و گەلانی کورد بوونی هەیە، بۆیە هەریەکەیان تەکلیفی خۆی و تایبەتمەندی خۆی جیایە، بەوەی سروودێکی نیشتمانی بۆ کوردی باشوور لەلایەن پەرلەمانەوە دیاری بکرێت وەک ئەوەی تۆ دەیڵێت گوزارشت لەهەموو پێکهاتەکانی ئەو پارچەیە بکات، لەشوێنی خۆیدایە.
هیچ شتێک پیرۆز نییە، بۆیە هەموو شتێک قابیل بەگۆڕانە، وەک چۆن کورد خۆی گۆڕاوە.. دانانی سروودیکی نیشتمانی بۆ هەر یەک لە پارچەکان، کە زۆر پێویستە، ئۆتۆماتیک خستنە پشت سەری ئەو سروودە کۆنەکەیە.
ئەمە دەمانباتە سەر کێشەی ئاڵای کوردستانیش، کە ناڕۆشنی زۆری تێدایە و جۆرێک سەرلێشیواوی دروست کردووە. دەکرێت تەجووربەی عەرەبەکان لە مەسەلەی ئاڵا لەبەرچاو بگیرێت. سووریا و عێراق و فڵانی تر ئاڵاکانیان لە زۆری و کەمی ئەستێرەکاندایە، یان وەک ئەوانی سوید و فینلاند و نەرویج تەنها لە ڕەنگدا جیاوازییان هەیە. دەکرێت ئەم ئاڵایەش کە ئێستا لە زۆر وڵات و کەناڵی فەرمی جیهانی بۆتە ئاڵای کوردی باشوور و حکومەتەکەی، گۆڕانکاری تیا بکرێت. دیارە لەسەر بناغەی ئەم ئاڵایە هەرچەندە ئەویش لەڕەسەنایەتیدا قسەی لەسەرە و کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەو ئاڵایەی نازانن کە لە کۆماری مهاباددا هەڵکراوە و ئەوەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان کردوویانە.
بەڵام ئەمە سەریەشن زیاتری هیچمان پێنادفات، ئەم پێکهاتە پەرلەمانییەی هەرێمی کوردستان کە پارتی + یەکێتی نوزەیان لێبڕیوە و زۆر داخراوە، ئەو جەرائەتەیان تێدا نابینرێت و  بوێرن دەسکاری ئەو سروودە بکەن، تەنها بڕیاری بۆ دەردەکەن و دەیکەن بەفەرمی بەبێ دەسکاری و هیچی تر.
---------
-: ئەو دێڕانەی نێو کەوانەکان لە تێکستی وتاری نووسەر عارف قوربانیبه‌وه‌ وەرگیراوە. لە واڵی فەیسبووک و ماڵپەڕی خەندان دابەزیوە بەناونیشانی: له‌ باره‌ی‌ سرودی‌ ئه‌ی‌ ڕه‌قیبه‌وه‌
-: هەمان وتار لەماڵپەڕی سبەی:دا

١٣ حوزەیران ٢٠١١ سووپەر دواکەوتوو!
گەلی دواکەوتوو ئەو گەلەیە کە بەرهەمدار نەبێت بۆ مرۆڤایەتی و جیهان.. گەلی سوپەر دواکەوتوویش ئەو گەلەیە کە پەرە بەدواکەوتوو دەدات، بەنرخی زانست دەفرۆشێتەوە. نووسەرێکی عەرەب
دەربڕینی سوپەر دواکەوتوو دەکرێت وا لێکبدرێتەوە: بۆ نموونە کۆن لە سەردەمی دەسەڵاتی عەرەبەکاندا لە هەرێمی کوردستاندا تەنها زانکۆیەک هەبوو. لە دوای ڕاپەڕینەوە وای لێهاتووە زانکۆ و پەیمانگای باڵا لە شار و شارۆچکەیەک ئەوەندە زۆر بووە هەر مەپرسە. بەو زۆرییە بوایە دەبوایە شانمان لەشانی وڵاتێکی وەک فینلاند بدایە، پێچەوانەکەی ڕاستە لە جیاتی بەرهەم هێنانی زانست و زانیاری و پێشکەوتنی هزری پێگەیاندنی کەسانی شارەزا و لێزان، دەبینین لەدواکەوتوویدا نوقم بووین، کەچی دەبێژین لە خوا بەزیاد بێت عەیبمان نییە!

١٠ حوزەیران ٢٠١١ جەنگی کۆیلەکان!
ئەو(حەمەسەعید حەسەن) گەر خۆی بە مرۆڤ دەزانێت با هەجووی بارزانی بکات، ئەو کۆیلەی ئەو بنەماڵەیەیە. لەم شیعرەدا وەک فریاد ڕەس و کەسێکی پاک مەسعود بارزانی شوبهاندووە... ئەم نەفەرە کۆیلەیە هەجووی کۆیلەکانی وەک خۆی دەکات..ئەم کارەیش بۆ ئەو بنەماڵەیە باشە، کۆیلەکانیان لەیەکتر بەربن و لاقی یەکتر بگرن. کاری ئەمان مەیسەرە و هەر لەسەرەوە وەک دادوەرێک دەبن بەسەریانەوە..
تێکستی ناوبراو:
جه‌نگه‌ڵێک له‌ حه‌رف ... حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

٦ حوزەیران ٢٠١١ ڕۆژهەڵاتییەکان لە پێشەوا قازی محەمەد هەڵدەگەڕێنەوە!
لایەنی خودی یان زاتی لەم کێشەیەدا دەبینم، چوونکە هێز و گرووپە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر خۆیان کردووە بەقوربانی ئەوانی دی بۆیە ئەوانە لەدرێژ ماوەدا بەو شێوەیە تەوهینیان پێ دەکەن! بەرژەوەندی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران لەپارچەپارچەکردنیاندا بووە، پارتی+یەکێتی بەهەمان شێوە کایەیان لەبەرانبەردا کردوون تا یەکگرتوو نەبن دیمکوراتێک بوو بە دوو، کۆمەڵەیەک بوو بەچوار! ئەمە وێڕای بەکرێگێراوانی خۆیان کە دروستیان کردوون، مەبەستیش لێی ئەو هێزانەی ئەودیوو قسەیان بەسەریاندا نەڕوات و زاڵ نەبێت! بەداخەوە ڕۆژهەڵاتییەکان قوربانی دەستی هزری ناسیۆناڵستین، لەژێر ئەو پەردەیەدا یەکێتی+پارتی غەدریان لێدەکەن!
لەلایەکی ترەوە ئەوە گەورەترین شەرمەزارییە بۆدەسەڵات لە حکومەتی هەرێمدا بەتایبەتی حیزبەکەی بارزانی، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات داوا بکەن ناوی هۆڵێک (هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر) یان هەر شوێنێکی دی بگۆڕن بە ناوێکی تر چوونکە لەوێدا هەموو ساڵێک کۆماری ئیسلامی سێدارەی ئێران بەدەستی ئەنقەست لەو هۆڵەدا بۆنەکانی خۆی بەرگوزار دەکات! ئەم داوایە هاوشێوەی ڕووداوی سووتاندنی یادگاری قوربانیانی شارۆچکەی هەڵەبجەیە لەلایەن هەڵەبجەییەکان خۆیانەوە ئەنجام درا. دیمەنێکی تراجیدی ڕەش زیاتر هیچی تر نییە!!


٤ حوزەیران ٢٠١١
بەتوڕەییەوە ئاوڕ بۆ دواوە
كه خانووەگڵەكان نەمان، دڵەكان بوون ......بە....بەرد. دەربڕینی مرۆڤێک.
کۆمێنتی من:
نا هەرگیز نا مەرج نییە لەداخی ناشیرینییەکانی نها بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، لەو پێناوەدا پەنا بۆ بەراوردکردن بەرین و هەموو جوانییەکانی ئێستامان زەرب بەسفر بکەینەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت بەتووڕەییەوە ئاوڕ بۆ دواوە بدەینەوە. هەر سەردەمە و جوانی و ناشیرینی خۆی هەیە و هەبووە.

٤ حوزەیران ٢٠١١
هەژموونی کلتووری تورکی زاڵ بۆ؟
خودایە، گۆڕانی تورکی بۆ هێندە پڕ سۆز و پڕ خەم و پر مەراق و پڕڕرر...ن!!
کوردبوون جۆری زۆرە. زەوقبینین لە گۆڕانی بێگانە ئیتر تورکی و فارسی و فینلاندی یان هەر زمانێکی تر پەیوەندی بە زەوق و چێژی هونەری و باگراوەندی هزری کەسەکەوە هەیە.
لەم کێشەیەدا لایەنی مێژوویی و هەژموونی کولتووری دەوردەبینن. گرفتەکە ئەوەیە هونەری کوردی گەر لە بواری مۆسیقا و ئاواز بە تورکەکان بەراورد بکرێت بێگومان ئەوان خزمەتیان کردووە و گەشەکردووترە لە ئێمە. ئەو لایەنی بەسۆزییەی کە لەبەشێک گۆرانی و ئاوازی تورکیدا هەیە، کۆنترۆڵی کردووە بۆ ئەو قەهرە گەورەیەیە دەگەڕێتەوە کە بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەوەیە، ئیتر کورد بێت یان تورک یان عەرەب و..
هەر لەگەنجێتییەوە، ئاشنایەتیم لەگەڵ ئاواز و گۆرانی تورکیدا پەیدا کردووە، کە بەیانییان زوو بەهۆی خواردنەوەی عارەقی زۆرەوە خەبەرم (خەوزڕان) دەبووە، میلی ئامێری ڕادیۆکەم دەجووڵاند هیچ نەبوو غەیری تورکییەکان نەبێت، ئەوانیش تەنها لەو کاتانەدا گۆرانییان لێدەدا. کە لە هەرێمی کوردستانیش هەڵیان ڕفاندم ساڵ و نیویک لە تورکیا بووم، زیاتر ئاشنا بووم بەئاواز و گۆرانی تورکی.

٢ حوزەیران ٢٠١١ حیکایەتی ئادەم و حەوا، ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک
جوانناسی - ستاتیکا، بڕواننە حیکایەتی ئەفسانەی ئایینی بۆ دروستبوونی مرۆڤ (ئادەم و حەوا)، ئەوەی دەنگۆیە بەدرۆ دەخاتەوە کە گوایە ژن فێڵاوی بووە، سێوەکەی خواردووە! ئەمەیش تەبریرێکی داوەتە دەست ڕەگەزی نێر (پیاو) کە وەک سەرچاوەی خراپییەکان ببینن و بەکەمتری بزانن و توندوتیژییان بەرانبەر بنوێنن. کەچی لەڕاستیدا وەک فلیمەکە پێمان دەڵێت ئەوە سیناریۆی خوا خۆیەتی نەک مرۆڤ.

١ حوزەیران ٢٠١١ لەیادی دامەزراندنی یەکێتی قسەی هەڵیت و پەڵیت!!
مام جه‌لال لەیادی دامەزراندنی یەکێتیدا لە شاری سلەیمانی دەڵێت:... یه‌كێتی لایه‌نگری دیالۆگ و گفتوگۆیه‌، یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئه‌گه‌رچی ده‌نگی زۆرینه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام نایانه‌وێت هیچ لایه‌نێكی‌ تر بێبه‌ش ببن.. نازانم بە چ ڕوویەکەوە خەرەکی زۆرینە و کەمینە و دیموکراسی لەدوای ١٧ ی شوباتەوە بەکار دەهێنن!!؟؟ چەند بێچاوڕوون، ئەگەر دەسەڵآتدارێکی ژیر دەبوون حوکمیان بەجێ دەهێشت، بەڵام پێناچێت! هەر دەبێت توندوتیژیان لەگەڵدا بەکار بهێنرێت!! هاوکات پێدەچێت پەیامی هێورکردنەوە بێت بۆ هەڕەشەکانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن کە گەر هاتوو ئەنجامی گفتوگۆ چاوەڕوان کراوەکەیان نەبوو ئەوا قیامەت هەڵدەستێت. سەرچاوە: ماڵپەڕی خەندان
كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌، لە هەولێر دوای ئەو شەرمەزارییەی کە پارتی بەسەریهێناو نەیانهێشت لەبازگەوە بچێتە ناو شارەکەی خۆی، بەزمانی ئستیعلا و براگەورەیی و خاوەن بڕیار دەڵێت:..هه‌موو (مەبەستی ئۆپۆزسیۆنە) لایه‌ك به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیی هه‌رێمی‌ كوردستاندا‌ و ئێمه‌ وه‌ك برا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا ده‌كه‌ین!!! جا دیقەت بدەنە گوزارشتی (وەک برا)، هێشتا لە نۆسەدو هیچدا دەژی! کەی سیاسەتکردن بنەماڵییە؟ سەرچاوە: ماڵپەڕی خەندان







ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق