خەمی ڕۆژانە، تەمووز ٢٠١١


چوارشەممە ٢٠١١.٧.٢٧ بۆ تا نها زیاد نەکراوە؟؟!!
موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە٣٠ هەزار دینارەوە بۆ ١٥٠ هەزار دینار زیادکرا.. جا بڕواننە ئەو زیادکردنە سەرسووڕهێنەرە، ئەمە چاکسازییە لەئەنجامی فشاری خەڵک و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە. ئەی باشە تا ئێستا ئەو بڕەپارەیە بۆ زیاد نەکراوە، ئەوەندە پارەیان زۆرە گەر بیانەوێت وڵاتەکە کەمترین کێشەی دەبێت. بەڵام مرۆڤی ئەو نیین، دەبێت هەموو شتێک لەژێر زەغت و زۆر و شەقدا بکەن و ئەنجام بدەن.. ئەم زیادکردنە زۆرە نیشانەی ئەوەیە کە پارەیەکی زۆر هەیە و تا ئیستا شاردوویانەتەوە یان بۆ خۆیان لاداوە.
سەرچاوەی هەواڵ، ماڵپەڕێ ڕۆژنامەی هاوڵاتی

چوارشەممە ٢٠١١.٧.٢٧ کوردستانی باشوور یان عێراق!!!
دکتۆر عیزه‌دین مستەفا رەسووڵ، لە گۆشەی ئەمجارەیدا باس لەکوردستانەکان دەکات، ئەو لەباری زمانەوانییەوە مەسەلەکە شیدەکاتەوە پێی وایە نادروستە بووترێت کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور، گوایە کوردستان یەکێکە و پارچەپارچە نییە. بەڵام ئەو خاڵێکی لەبیر چووە و ئاماژەی پێنەداوە ئەوەیە کە ناسینالیستە کوردەکان بۆیە وا دەڵێن و دەنووسن بەخاتری ئەوەی لە دەربڕینی کوردستانی عێراق و ئێران و تورکیا سووریا باش و گونجاوترە و لە داهێنانی خۆیانە، گەر باس لەسەقەتییەکان بکرێت ئەوا ملیۆنێک وشە و دەربڕین هەیە و تێپەڕیوە و جێگیر بووە بەئاسانی ناسڕێتەوە.
سەرچاوەی هەواڵ، ماڵپەڕی خەندان

چوارشەممە ٢٠١١.٧.٢٧ پارێزگار تەنها باج و خەراج کۆکەرەوەیە!
پارێزگاری سلەیمانی کە یەکێتی لەداخ ئەنجوومەنی شارەوانی نزیک بە بزووتنەوەی گۆڕان هێنایی و دایمەزراند، کۆنە ئەندازیار و کۆن پارە کۆکەرەوە و پەیداکەر و وەرگری کومپانییای نۆکان بووە. لەوەتی ئەو پۆستەیان پێداوە دەستی نووقاندووە، چوونکە فێر نەبووە بیدات!! جا گەر کەسێک کۆن ئەوە کاری بێت چۆن خێر بۆ شارێکی وەک سلەیمانی دەداتەوە و پارەی لەدەست دەبێتەوە و پرۆژە و ئاوەدانی دەهێنێت؟

کاسبی زیادی هەبێت کەمی نەکردووە!
لەکاتی خۆپیشاندانەکانی سلەیمانیدا دوو برا دەچنە هەولێر، لە ڕاگەیاندنی پارتی وایان بڵاودەکردەوە کە بەو هۆیەوە بازاڕی خەڵکی تووشی قەیران هاتووە، لە دوکانێک ئەمە دەدەن بەگوێیاندا. ئەوی سلەیمانی دەڵی هیچ وانییە، کار و ژیان و باڕاز وەک خۆیەتی، ئەگەر زیاد نەکردبێت کەمی نەکردووە.

دووشەممە  ٢٠١١.٧.٢٥ بەپارە تەعزیبم بدە! (کورتە چیرۆک)
بەر لە سێ چوار ساڵ چووبوومە لای سستەری ددانپاککردنەوە بۆ سەیرکردن و لێوردبوونەوە، تا کلس و ڕەشی و .. لابەرێت. لەماوەی نیو کاتژمێر کە بەساڵێک لێم ڕۆیشت، خانم (خێری نەنووسێت و پەنجەکانی ورد بێت و ئەو ٣٥ ئێرۆیەی پێ حەرام بێت) ژانی کردە دڵمەوە و کوشتمی جا ئەوەندە ئازارم چەشت هەستم دەکرد لە یەکێک لەژوورەکانی تەعزیبی بەعسدام! ئەو دنیام بەچاوی خۆ بینی! کە هاتمەدەر سستەرەکە داوای لێبووردنی لێکردم زانی چەند ئازارم چەشتووە. بەتەمابوو کاتێکی ترم بداتێ. وتم نانا بەقوربانە تۆبە. هاوکات لەدڵی خۆدا وتم: نا هێشتا پێم ماوە و بەرگەی تەعزیب دەگرم و باکم نییە، دەرۆمەوە بۆ هەرێمی کوردستان...

شەممە  ٢٠١١.٧.٢٣ فازل نەجیب و ماسی گرتن بەبێ قوڵ تەڕ بوون!
لەخاڵی پێنجەمدا ئەوانی تری پێش خۆی زەرب سفر کردۆتەوە لەبەر خاتری فیفتی فیفتییەکە.. جیاکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنە لەخەڵکی تەشبیه نەبێت هەمان قسەی چەند دانە لە نووسەرانی سەر بەدەسەڵاتە.
لە کەناڵی ئۆپۆزسیۆنی وەک کەی ئێن ئێن و سبەیەوە پەڕیویتەوە بۆ دەزگا و کەناڵێک کە مەشبووهن و لە زمنی ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتی یەکێک لە باڵی دواکەوتوی بزووتنەوەی کوردایەتییە (پارتی). وا دەکات بەجۆرێک لە جۆرەکان قسە بکرێت و باس لە سروشتی نیسکی مرۆڤەکان بکرێت.
سەرچاوەی هەواڵ ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕووداو

شەممە  ٢٠١١.٧.٢٣ پارتە کوردییەکان جاش بەکرێگیراون؟
بەڕێز عەزیز شێخانی پەی بەخاڵێک نەبراوە ئەویش هۆی دەرەکییە. پێ کە کە و لق و پۆپەکانی یان کورد بەگشتی وەک فەلەستیینەیەکان جاش و بەکرێ گیروان. ئەوانی تر دەیان دەجووڵێنێت. لە بەهێزکردنی( PKK) ەی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەمەریکا دەوردەگێرێت، حساباتی تایبەت هەیە! ئەگەر قسەش لە ئێستا بکەین بەهەر بەکرێگیراوییەکی ئەو هێزە بۆ( PKK) باکوور و بۆ ئەمەریکا زۆر کارێکی بەد نییە.
سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووکی نووسەر
ناونیشانی وتار: رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ژێر گه‌مه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان و پارته‌ ده‌ستكرده‌كه‌یدا

هەینی ٢٠١١.٧.٢٢ گەشتێکی کورد بۆ سووید
لە ڕۆژی سێشەممە ١٢ ی تەمووز تا ڕۆژی سێشەممە ١٩ ی تەمووز، گەشتێکم بۆ شاری (Linköping) لینشۆپینگ، پێنجەم شاری گەورەی سووید کرد. ئەو شارە کارگە و کومپانیای بەناوبانگی سابی لێیە، وێڕای دروستکردنی ئۆتۆمبێل، فرۆکەی جۆراوجۆریش بەرهەم دەهێنێنت. لەڕێگای ئۆتۆبان و چوون بۆ شارەکە، لە چەند شوێنی جۆراوجۆر فرۆکە نمایشکراوە.
بەفرۆکەی کومپانیایەکی نەرویجی فڕین بۆ ستۆکهۆڵم، لەوێشەوە( فرۆکەخانەی ئارلاند) بۆ شارەکە ٢٤٥ کیلۆمەتر بوو، دوو کاتژمێر پەنجا خولەکی خایاند. دیارە لە هاتنەوەشماندا هەمان ماوە و ڕێگامان بڕی. عەزێتێکی زۆری پیاوی ماڵەکەماندا، درەنگ زانیم کە نەک لە شارەکەیان فرۆکەخانە هەیە، بەڵکوو لە شارێکی نزیکیشیان فرۆکەخانەیەکی گەورەتر هەیە.

خانەخوێکەم لەوانەیە کە ئارەزووی فلیمی زۆرە، بۆیە هەمیشە نوێترین فلیم لەئەنتەرنێتەوە دادەگرێت.. لەو چەند ڕۆژەدا زیاتر لە حەوت هەشت فلیمم سەیرکردووە کە یەکدوو دانەیان لەهۆڵەکانی سینەما پیشان دەدرێن، سەرمۆر بوون.
هەروەها تالبی مادە ئەلکحولیەکانە هەموو ئێوارەیەک پێکەوە زیاتر لەسەر داوای من دەبوو سێ چوار بیرەمان دەخواردەوە کە ڕیژەی ئەکحولەکەی سەروو نۆرماڵ بوون، لە بێ دایک و باوکە ئەڵەمانییەکان قاچاغ بوون. دیارە چەند جار ویستی خواردنەوەی قورس بخۆینەوە، نەمدەهێشت چوونکە لەبەر ئەوەی ویسکی و ...بەخواردنەوەی زستانەیان دەزانم.

ڕۆژی شەممە ٢٠١١.٧.١٦ چووینە (کەناڵی گۆتا Gotakanal)، شوێنێکی گەشتوگوزاری و سەرنجڕاکێش و نموونەییە. بەلەمی جۆراوجۆر دەبێت بەو کەناڵەدا تێپەڕێت کە وەک قادرمە وایە هەر دانەیەکی بەئیسراحەت چوار بەلەمی مامناوەندی تیا جێ دەبێتەوە، چاوەڕوان دەکەن تا شوێنەکە پڕ دەبێت لەئاو تا لەگەڵ ئەوی سەرووی خۆی دەگاتە یەک ئاست ئینجا دەرگا بەردەم دەکرێتەوە بۆ تەپەربوون. ئەو شوێنەی بۆی چوون گردێک بوو بە حەوت دانە وچان تەواو دەبوو. ئەکرێت پێی بووترێت پێپلیکانەی ئاوی.. تەنها کەناڵێکی هاوشێوەی وا لە یەکێک لە شارۆچکەکانی نزیک شاری لاهتی لە فینلاند هەیە ، بەناوی (فاکسوو Vääksy)ەوە.

لە دوورەوە لەنێو دەریا وەک مقەبا بەهۆی کونکونبوونییەوە تەنک و شەفاف دیارە لەوحە پەیکەری پیاوێکی باریک و بەژنزراف بە بەرزی حەوت پێ لە دۆخی هەنگاونان و ڕۆیشتندا بەنێو دەریاکە دیارە.. لەهەر لایەکەوە سەیری بکەیت هەر یەک دیمەنەت دەداتێ.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠١١.٧.١٧ چووینە باخی ئاژەڵان (کۆلماردێن Kolmarden)، کە لە شارەکەوە نزیکی یەک کاتژمێر دوور بوو. ئەم شوێنە ٧٥٠ گیانلەبەری جۆروجۆری دەریایی و وشکایی و سەحراوی لە گشت کیشوەرەکانی گۆی زەوی لەخۆگرتووە. بەشی سفارییەکەی، کە ئازەڵانی کێوی ئەفەریقای لە خۆ گرتووە، گەشت کردن بەناویدا  لە ئاسمانەوە بەهۆی  پردی کارەباییەوەیە. بەشی نمایشی یاری دۆلفینەکانیشی جێی سەرنج بوو، ماسییە دۆلفینەکان وا ڕاهێنراون جۆرەها جووڵەی جۆرواجۆری هونەریان پێدەکرێت، بەو هۆیەوە جەماوەری زۆرە و ڕۆژانە حەوتجار نمایش دەکرێت. نزیکی چوار کاتژمێر بەناویدا سووڕاینەوە فریای هەمووی نەکەوتین.
تا ساڵی ڕابردوو ئەم جەنگەڵەی ئەفەریقا، وا بووە کە خەڵکی بە ئۆتۆمبێلی خۆی بۆ سەیرکردن پییایدا گەڕاون و لەنزیکترەوە گیانلەبەرەکانیان بینیوە و تەنانەت توانراوە دەست لەپشتی چەند دانەش لەو گیان لەبەرانە بدرێت.. بەڵام ئەمساڵ هەمووی کرابوو بە پردی کارەبایی لە ئاسمانەوە. پێدەچێت ڕووداوی ناخۆش ڕوویدابێت، بۆیە بۆ سەلامەتی خەڵکەکە وایان لێکردووە.

ڕۆژی  شەممە ٢٠١١.٧.١٨ چوومە کتێبخانەی شار، لە بەشی مناڵان کتێبە کوردییەکانم سەیر کرد، لەچاو کتێبی فارس و عەرەبەکاندا ژمارەی کتێب کەم بوون، هەمان شت لەبەشی گەورەساڵاندا فارسەکان هەر زۆر زۆر بوو، پلەی دوو عەرەب ئینجا کوردییەکان. ئەوەی جێی سەرنج بوو، لایەکی کتێبخانەکە دەڕوانێت بەسەر پاخ و باخاتێکدا، تەنها جامی گەورەی شووشەیان لەنێواندا هەیە، پیتە لاتینییەکان ئا بێ سێ و دێ و تێ وەهەرەوەها بە پەرژینی سەوزی  قەبارەی گەورە گەورە لەنێو چیمەنی سەوزدا دروستکراوە و دانراوە.

هەر لەولایەوە بەچەند سەد مەترێک کادێدرائییەکی کۆنی ئایینی کریستیان بە گومەزی بڵندییەوە چووە بەئاسماندا، ئەمە لە سەدەی ١٢ی زاینیدا بیناکراوە، زۆر شوێنی لەناوەوە و دەرەوە زەرکەفتە دەڵین هەر هەمووی ئاڵتوونە!

خانەخوێکەمان تەنها منداڵێکی کوڕی ٥ ساڵیانەیان هەبوو، زۆر ناسک و قسە شرین بوو، زوو زوو لێی تێکدەچوو گێڕی دەگۆڕی و دەیکرد بە سوویدی ئێمەش واماندەزانی گوێزمان بۆ دەژمێرێت.

لە یەکێک لە بازارەکاندا لەلای دوکاندارێک ئامێرێکمان کڕی بەناوی (Ip Mediabox ) کە قەرەبووی سەتەرلایت دەکاتەوە، بێ دانانی سەحن و تەرتیباتەکانی، لەڕێگای ئەنتەرنێتەوە ڕێکخراوە و کەناڵەکان دەهێنێت، دیارە بەکوردییەکانیشەوە.
------------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی ماڵمۆ کورد؛دا

پێنجشەممە  ٢٠١١.٧.٢١ ئەو شێرەی دواڕۆژی ئازادی دەبێتە گورگ!
وێڕای ئافەرین.. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم پەرلەمانتارە باکوورییە ناوی شێرە لەوانەیە کە هاتە سەردەسەڵات ئەو بیست میلۆنەی کە ئێستا بەرگری لێدەکات بەر چەپۆک بدات و هێواش هێواش لوش بدات و بیخوان، وەک ئەوانەی یەکێتی+پارتی دەیکەن خۆ ئەوانیش سەردەمی شاخ ئازا و بەغیرەت بوون و کون لەجەرگیاندا نەبوو لەبەرامبەر دوژمنی داگیرکەری عەرەبی.. کەواتە با زوو بێژین وەی وەی شێرە!!!! اهاهاهاهاهاها
ترسم لەوانی باکوور زیاترە وەک لەوانی خۆمان، چوونکە هێشتا ململانێ و کێبڕکێیەک لەنێوان ئەوان و حکومەتی تورکەکاندا هەیە، با بگەنە دەسەڵات گەر ماین مەرحەبایەکی یەکتر دەکەین.. بۆ خۆم بزووتنەوەی چەکداری بەناو شۆڕشی نوێ لەکۆنەوە کە یەکێکم لەبەشدارانی نە بەشۆڕشم زانیوە نەتەرەماش، دیارە شۆڕش بەمان بەرفراوان و هەمەلایەنەکەی، ئەگەر شۆڕشی بوایە ئەمە ئەنجامەکەی نەدەبوو، کە دەیبینین. بۆیە هەمان پێشبینیم بۆ ئەوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتیش بەهەمان دید و هەمان شێوە هەیە.. هەر چۆن بێت سوپاسی بەدواداچوونت دەکەم بەڵام لەبەر چەوتییەکانی دەسەڵاتدارانی باشوور و حیزبەکانی با خۆمان بیر نەچێتەوە و زۆر عاتفی نەبین، ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان هێندە ناحەز نەبووە تا جێی قبووڵامان نەبێت، دوای دەنگۆکەوتنی ڕاگەیاندنی دەسەڵات بەهەڵەماندا دەبات و داوەری نادروست دەکەین.
بۆ بینینی ڤیدیۆ فلیمەکە تکایە کلیکی ئیرە بکە

پێنجشەممە  ٢٠١١.٧.٢١ سووک کردنی دیموکراسی
لە نێو خۆی وڵات (هەرێمی کوردستان) بەتایبەتی ژن و پیاوەکانی سەر بە یەکێتی+پارتی، وشەی دیموکراتییان سووک کردووە، بێ بۆنە و بەبۆنە ئەوەندە بەکاری دەهێنن سوواوە و ستۆک بووە، خەریکە خەڵکەکە ڕقی لێیان دەبێتەوە! چوونکە لە ئەرزی واقیعدا وا نییە و بەقەدەر چارەکی ئەو بەکارهێنانە دیموکراتی نیین، بەم شێوەیە دەیانەوێت خەڵکی لەخشتە دەبەن بەوەی وا خۆپیشان بدەن وڵات شامی شەریفە و دیموکراتی بەرقەرارە.

سێشەممە  ٢٠١١.٧.١٢ ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک هەروا دەبێت
لە هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا دوو تەرەف هەیە یەکێکیان دوو پارتە فەرمانڕەواکەیە، تەرەفی دووهەم هەرسێ ئۆپۆزسیۆن و بەرەی خەڵک و وردە حیزبۆکەی دی. بەم هەنگاوە (هەڵپەساردنی گفتوگۆکان) جیاوازی نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەرکەوت کە بەرەی ئۆپۆزسیۆن باشتر لە داواکانی خەڵک دەگات خێرا و زوو وەڵامدەداتەوە، بەڵام ئەو دووانە کەرەی شەربەتن.. واش بۆیان ناچێتە سەر..
جا دوای ئەو هەنگاوە، ئیتر نۆرەی وردودرشتی تەوژمە سیاسییەکانە ڕێچکەی ئۆپۆزسیۆندا دەگرن و هەڵوێست دەنوێنن. لەوانەیە چەند دانەیەکیشیان لە دەربڕینەکانیاندا زەمیان بەسەردا بکەن و ناوناتۆڕەی جۆراجۆریشیان دوا بخەن! ئۆپۆزسیۆن دیارە باڵی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەندە بەهێزە تەنانەت پارتی و یەکێتیش لاسایی دەکەنەوە..

سێشەممە  ٢٠١١.٧.١٢ پلار و زانیاری هەڵە!!
ئەم برادەرە کە بەناوی مام ئاواتەوە ئەو وتارەی نووسیوە، چۆن بیر دەکاتەوە و دژی کێ دەبێتەوە و دژی کێی تر نابێتەوە، ئازادە، لەم نێوەدا لۆچێکی وەک ئەمە بۆ من کردۆتەوە: (هەر نەووەدەکان، حەمەسەعید حەسەن بابەتی ئەوتۆی بڵاودەکردەوە لەسەر دەسەلاتداران کە پیاوی وەک عەباس شوان لجوئیی پێوەرگرت) کە زانیارییەکەی هەڵەیە، من بەهۆی ئەو نووسەرەوە کە ئێستا خۆی نەفی کردووە و لەژێر دەواری بنەماڵەی بارزانیدا ژیان دەکات، مافی پەناهەندەییم وەرنەگرتووە، بەپلەیی یەکەم ئەو مافە لە ئەنجامی ململانێم لەگەڵ گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی ئەو کات بەدەست هێناوە.
لەو جۆرە وتارنووسانە زۆرن! ئەو دەمناسێت من ئەو ناناسم لەوانیەیە دۆسێک بێت، ئێستا لەتەرەفی دەسەڵاتە و دەزانێت ئێمەمانان هەڵسووڕاوی بزووتنەوەیەکی ناڕازین، بیرهاتۆتەوە پلارێکی هەڵە بگرێتە ئێمەش و ناومان بخاتە ناوناوانەوە وەک چەند ساڵ لەمەوبەر فازیل عومەرێک هەبوو بەحساب ماستەرەکەی لەسەر ئەو نووسەرانە بوو کە بەشداربوون لەشەری ناوخۆدا و ناوی منیشی تێهەڵکێش کردبوو. دوایی دەرکەوت کە ئەم نەفەرە فەیکە و یەکێکە لەپیاوەکانی بنەماڵەی بارزانی!
ناونیشانی وتارەکە: حەمە سەعید حەسەن، نەوشیروان و بورهان هەژار
نووسەر: مام ئاوات

شەممە ٢٠١١.٧.٩ ڕاپەڕینی سووریا+ ئێران گۆڕینی هاوکێشەکان!
تا بەدەسەڵات نەگەیشتنی عەرەبە شیعەکانی خوارووی عێراق ئێران تەنها سووریا پشتیوان و هاوپەیمانی ئێران بوو. لەو کاتەوە دوو هاوپەیمانی هەیە، بەلەدەستدانی سووریا پشت و باڵێکی دەشێت و هەژموونی کەم دەبێتەوە، پەیوەندی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئێرانیش دەپچڕێت. جا قسە لەوەیە سووریا گرنگ ترە بۆ ئێران یان عێراق؟ بێگومان لەم نێوەدا لەبەر هاوسنووری عێراقی عەرەبی شیعە. بۆیە پێدەچێت لەم ململانێیەدا گەر فشارەکان زۆر بوون لەسەر ئەسەد ئێران دەستبەرداری بێت.

شەممە ٢٠١١.٧.٩ کەرتبوونی سوودانی عەرەبی!
هەرچەند لەم گرگنە بە زۆر سیاسی کراوانەی هەرێمی کوردستان ورد دەبمەوە بڕوا ناکەم، دواهەمین ژمارە کوردی باشووری بێت بووبێت دەوڵەت و ئاڵای فەرمی دانپیانراو لەئاستی نێونەتەوەیدا.. بۆیە لە ڕۆژ و بۆنە هاوشێوانەی وادا دەبێت ئەو سەرکردە بەناو سیاسیانەی باشوور بەر نەفرەت درێن..
کێ ئەو خەونەی بزر کردووە، قابیلە من و تۆ و ئەوانی وەک ئێمە وان یان کەرەگەورەکانی ئێستا کوردستانی باشوورە؟ هەموو شتێکیان داگیر کردووە و هاوکات بزر کردووە.. من وەک باشوورییەک هەرگیز لێیان خۆش نابم

هەینی ٢٠١١.٧.٨ ئایین لایەنی ڕەشی ژیان تۆخ دەکاتەوە!
وە سەیریش دونیایە
بەلام لەویش سەیرتر ئەوەیە
لەگەل دونیادا تێوەگلابیت وخۆشت بوێت

جا ئەم دەربڕینەی عەلی کوری ئەبو تالب تا چەند ڕاستە؟ زووربەی خەڵک دنیا و ژیانیان خۆش دەوێت، ئەگەر خۆشیان نەویستایە ئەم هەموو ئامرازەیان دانەدەهێنا، کە ژیانی ئاسان کردووە بۆیان.. بەگشتی ئایین و قسەی ئەو کابرایە لایەنی ڕەشبینی ناو ژیان تۆخ دەکاتەوە!!

پێنجشەممە  ٢٠١١.٧.٧ هەرچی ریشی سوور بوو هەمزاغا نییە!
ناونیشانەکەی سەرنجڕاکێشە، ناوەرۆکەکەیشی جۆرێک بەراورد کردنە لە نێوان کوردستانی باکور و باشوور، کە ئەویش دیاردەی نێوان کرێکاری خۆماڵی و بیانییە. بەڵام هەر ئەم دیاردەیە نووسەرە کوردەکان لەم کابرا ئەجنەبییە (دەیڤد رۆمانۆ) باشتر شیان کردۆتەوە.. هەر چۆن بێت شایەنی خوێندنەوەیە. خۆتان سەرپشک بن..
تێکستی وتارەکە لە ماڵپەڕی خەندان
بێگانە هەیە لەم وڵاتەی ئێمە (فینلاند) نووسەرە لە پلە خوارەوەکان لەزانکۆی سلەیمانی و ماوەیەک لەکەلار وەک مامۆستا وانەی دەوتەوە. ئەوەی لایەنی کەم وانە بە خوێندکاری زانکۆ بڵێتەوە دەبێت سەرو شەهادەی ماستەری هەبێت... ئەوانە پارەیەکی مۆڵ ڕژاوە لەلای خۆمان هاتوون بۆ کاسبی کردن!
مەبەستی سەرەکی لەو هزرە سەقەتەیە کە بەشێکی زۆرمان جەڕبووین پێوەی، وا دەزانیین هەموو بێگانەیەک (بەدەربڕینە ناشیرینەکەی) لە خۆمان پیاوتر و زاناترە، خۆمان لا سووکە. خزمەتکار و دەرگاوانین! دەکرێت ئەوانە بەشێکیان وەک هێزی کاری هونەری بەکاربهێنرێت و ڕەشمەی عەقلی خۆی نەدرێتە دەست و هەرچییە ئەو وتی بڵێین ئۆکەی. ئەمە جۆرێکیشە لە خۆبادان و خۆ فەرزکردنی بەشێک لەخەڵکی کوردستان بەسەر بەشەکەی تریدا. بۆتە ململانێ لەنێوانیاندا و پارەیەکی زۆر سەرفدەکرێت لەو پێناوەدا. ئەورووپییەکان کەروگای (دوور لەڕووی هاوڕێیان) وایان تێدایە هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەوانی خۆماندا، بەڵام نوخبەیەک زانای دانا و دوور بینیان وایان کردووە مرۆڤ دۆست و کراوە و زۆر سیفەتی جوانی تریان هەبێت و ببێتە مۆرکی گشتیان. ئەمەیش بۆتە ئمتیازێک بۆ خۆ فەرزکردن بەسەر خەڵکە ڕۆژهەڵآتییەکە بەتایبەتی کورد کە نەگبەتترینیانە. ئەگینا بۆ نموونە بەدەست خەڵکی سەرجادەیان بێت ئەوا هەرچی بێگانە هەیە لە وڵاتەکانیان دەریدەکەن.

پێنجشەممە  ٢٠١١.٧.٧ باری نائاسایی وڵات دۆخەکەی ئاڵۆزکردووە!
شەڕی مووچە وێڕای ئەوەی نرخ بەرزکردنەوەی کاڵاکانە بەڵام دەکرێت بەیاسا و ڕێسایەکی وا ڕێکخرێت کە وەک زەمانی عەرەبە پاپەتییەکان سەربازێک بکوژ و ببڕ نەبێت و نەتوانرێت بەکار بهێنرێت لەکاتی تەنگەشەکاندا دژ بە خەڵکی ناڕازی هەروەک لە دوای ١٧ی شووبات بینرا. یەکێک لەهۆیەکانی گونشۆرکردنەوەی ئەم حیزبە خوێڕیییە فەرمانڕەوایانەی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەو بارە نائاساییە کە لە دوای هاتینی ئەمەریکاوە دروست کراوە و پارەیەکی زۆریان ڕژاندووە بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر. تا ئەو بارە درێژەی هەبێت، دۆخکە ئاسایی نابێتەوە و لەزەرەری خەڵکییە و ناڕەزایەتییەکان سەرکوت دەکرێن..

چواشەممە ٢٠١١.٧.٦ بەراوردێکی ناتەواو!
ئەو کایەیەی ژمارەیەک لە ڕووناکبیران کردیان، وەک خاڵێکی نێگەتیف تێی دەڕوانیت، هاو تەریب بوو لەگەڵ ئاوازی گشتی هەڵسووڕێنەرانی نارەزایەتی ١٧ ی شووبات، بە هێزە ئۆپۆزسیۆن تەنانەت بەگۆڕانیشەوە، ناو نرابوو شۆڕشی سپی و نێرگز و ... ئەو بەراوردە لەنێوان ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و شووباتی ٢٠١١ لەوانەیە زۆر لەشوێنی خۆیدا نەبێت. لەمەیاندا حەماسی گیانفیدایی بەگشتی کەمتر بوو، دوژمنەکەیش جۆرێکی تر بوو، کوردستانیش دوو پارچە نەبوو، خەڵکیش لەزۆر ڕووەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئارامتر بۆتەوە. ئەوەیش لەبەرچاو بگرە هۆکار و کاریگەری دەرەکی لەهەردووکیاندا بزوێنەر بووە، ئەویان ئەمەریکا بوو ئەمیان ڕاپەڕینەکانی جیهانی عەرەب بوو. کەواتە ناتوانرێت بووترێت ڕاپەڕینی تەواو و کەمال و خالیس بووە. ئەنجام ئەوان ڕووناکبیران شەیتانی گەورە نەبوون، بەڵکوو یارمەتی دەر بوون، مێژوویەکی جوانیان بۆ خۆیان تۆمار کرد و زۆر بە گەرمی بەشدارییان لەو جووڵەیەدا کرد.

سێشەممە ٢٠١١.٧.٥ کورد دەرەقەتی شەری چەند بەرەی نایەت!
بۆ پەیرەوانی عەلی کە ناسراون بە شیعە ڕایان کردووە و هاتوونەتە عێراقی کۆن و وڵاتی فارس و کورد؟ بەتایبەتی فارسەکان کردوویانە بە ئاینزای تایبەتی خۆیان، جۆرێک لە هزری ناسیۆنالیستی ئەو نەتەوانەی کە لەو ناوچانەدا ژیاون. کوردیش لەڕێگای تەریقەتەکانەوە هەڵی خۆ جیاکردنەوەی داوە بەڵام ململانێی چەند سەرەی پێنەکراوە، لەگەڵ دوژمنی دەرەکی عەرەب و دواتر دوژمنی فارس و ئازەری و ... وەک ئێستا کە هەمیشە شتی بەسەردا فەرز دەکەن نەک فەرزکەر بێت..

دووشەممە ٢٠١١.٧.٤ سێجار خانەنشین!!!(کورتە چیرۆک)
مرۆڤێک دەناسم، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر پارەی خانەنشینی هەیە، یەکێکیان لەشی ساغ بێت بەری ڕەنجی کارکردنی خۆیەتی، حکومییە. ئەوی تریان هی یەکێک لە حیزبە فەرمانڕەواکانە بەناوی پارەی شەهیدانەوەیە. لەسەردەمی دەسەڵاتی عەرەبەکاندا، ژنەکەی زیندانی کراووە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە و گۆڕ ونە. ئەوە چەند ساڵێکیشە لە دەرەوەی وڵاتە چاوەڕوانی ئەوەیە خانەنشین بکرێت تا بگەڕێتەوە کوردستان. هەردوو مووچەکەی ئەوێی وەچەکانی بۆی دەخۆن!!

دووشەممە ٢٠١١.٧.٤ شێرکۆ بێکەس
ئیتر ئەویش (شێرکۆ بێکەس) گەیشتۆتە قۆناغێک لەتەمەن دەیەوێت کە ڕۆیشت بەئەستۆ پاکییەوە بڕوات.. لەڕاستیدا من شاهیدی ئەو ڕووداوانەم بەتایبەتی لەمەسەلەی پێ کە کە و ڕۆژنامەی وڵات. ئەو کریستیانە تاقانەیەی کە مەسینە هەڵگری بنەماڵەی بارزانی بوو (فرانسوا حەریری)، باس نەکردووە، چوونکە ئەو بوو بەتۆپزی چووە سەر بارەگای ڕۆژنامەکە و ئەوەیش ئیهانەتێکی گەورە بوو بۆ شێرکۆ..!!
وەک مایکۆفسکی شاعیری گەورەی ڕووسی دەڵین کاتێک شیعر دەبێتە شیعر کە بخوێنرێتەوە.جا دوای شێرکۆ چی بکەین و گوێ لەکێی تر بگرین تا شیعرمان بەو تەرزە بۆ بخوێنێتەوە؟ ترسێکی گەورە وڵاتی داگیر کردووە..

شەممە ٢٠١١.٧.٢
دروشمی خەڵەتێنەر!
نا بۆ ئازادی بۆ ئەوانەی دژی ئازادین.. ئەم دروشمە ماوەیەکە بەمەبەست یان بێمەبەست لێرە و لەوێ نمایش دەکرێت، زیاتر مەبەستیان گرووپە سیاسییە ئیسلامییەکانە؟ ئایا ئەوە هزرێکی توند لەبەرامبەر توندییەکی تردا نییە؟ ئایا لەنێوان ئەو دوو تەوژمەدا چی تر...؟ ئایا ئەم دروشمە تا چەند لەگەڵ کۆمەڵگای کراوە و لیبرال و پێکەوە ژیان کە یاسا و ڕێساکان ڕێکیان خستبێت دێتەوە؟؟؟

هەینی ٢٠١١.٧.١ ئایین درۆمان فێر دەکات!
گالیلۆ گالیلی زانای گەردوونناس (١٥٦٤- ١٦٤٢) دەڵێت: کتێبە پیرۆزەکانی کریستیان و جوولەکە و ئیسلامەکان و ... فێرمان دەکات چۆن بچین بۆ ئاسمان، بەڵام پێمان ناڵێت ئاسمان چۆن دروست کراوە و لە چی پێکهاتووە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق