خەمی ڕۆژانە، ئاب ٢٠١١


چوارشەممە
٢٠١١.٨.٣١ کەمێک دەست داگرن!!
کەمال میراودەلی، لەم وتارەی(‌ بڕیارو به‌خشنده‌یی بارزانی له‌ یادی ٣١ ی ئابدا)دا ئەوەندەی لە ئۆپۆزسیۆن دەخوێنێت نیو هێندە باس لە پارتی و سەرۆکەکەی و ٣١ی ئاب ناکات!! تەنها ئەم پەرەگرافەم بەدروستزانی:... مەسعود بارزانی، سه‌روه‌ت و سامانی خۆی و بنه‌ماله‌ی و حیزبه‌که‌یمان بۆ ئاشکرا بکا و پێمان ىڵێ چه‌نده‌ و له‌ کوێوه‌ دێ؟ پێمان بڵێ ئایا کۆشک و ته‌لاره‌که‌ی ئه‌ویش له‌ سه‌ری ره‌ش وه‌ک بابولعه‌زیزیه‌ی قه‌زافی وایه‌؟

چوارشەممە ٢٠١١.٨.٣١ بۆنەیەکی قزەوەن!!
لەم بۆنە شەرمهاوەرەی گرووپێکی گەلی کورد لە کوردستانی باشوور دەڵێم و نووسیوومە: هیچم نییە بۆ ئەم ڕۆژە (٣١ی ئابی ١٩٩٦) بیڵێم، چوونکە زۆرم لەو بارەیەوە وتووە، لەیەک دێڕدا خیانەتێکی زەبەلاح کە تەنها قابیل بە شانوشەوکەتی نەوەکانی مەلا مستەفا بارزانییە، ئەو کەسەی هەر خەریکی تەقوتۆق و ڕاکەڕاک و پشتکردنە خەڵک بوو. پیرۆزیان نەبێت..
کام لەو بنەماڵە عەشایەرییانەی لەناو گەلی کورددا هەن بەجۆرێک لە جۆرەکان خیانەتیان نەکردووە؟ هەموو کردوویانە کاتێک کار یان فشار گەیشتبێتە سەر لێدانی بەرژەوەندییەکانیان. مێژووی کورد و مرۆڤایەتی پڕە لەو جۆرە نموونانە. کتێبەکەی میکافیلی باشترین بەڵگەیە، ئەوکات دەزانرێت چی کراوە و چی نەکراوە!!؟؟


دووشەممە ٢٠١١.٨.٢٩ دوو زانیاری جیاواز، بۆ کاتبەسەربردن
لەفەیسبووک یەکەم دێڕم درکاند، سەرئەنجام بەم شێوەیە لەگەڵ هاوڕێیاندا کەوتەوە:
جاڵجاڵۆکە ٣ دڵی هەیە، پشیلە حەوت ڕۆحی هەیە!!!
نێرەی جاڵجاڵۆکە لە کاتی زاوزێدا ئەمرێت .
مێشولە ٧ دەمی ھەیە .
هه‌نگ ٧ حه‌ووت چاوی هه‌یه‌ ،... دووانیان ئاساییه‌، دووانیان بۆ تاریکی، دووان بۆ دووری حه‌وته‌میشی تایبه‌ته‌ به‌ناوو کووره‌که‌یان.
دووپشک چاوی نیە. دووپشک لەپشتی دایکیان دێنە دەرێ.
قه‌ل واته‌ عه‌له‌ شیش هه‌مو شتێک به‌ ره‌ش و سپی ده‌بینێت . هیچ ره‌نگێکی ره‌نگاو ره‌نگ نابینێت.
وشتر وەک مرۆڤ سێکس لەگەڵ بنەماڵەی خۆیدا ناکات.
سەگ وەک مرۆڤ پرۆستاتی هەیە.
بارزانیش دوو حیزبی هه‌یه‌ یه‌كێتی و پارتی.
-------------
لە کوردستانی باشوور ناوی ١٢ جێگە بە ژمارە دەست پێ ئەکات، ھەڵبەتە زۆر ترە. لە ژمارە ١  تا ١٢ و بەرەوژوو، بەم شێوەیە:
یەک ماڵە، دووکان، سی ده‌کان، سێ تاقان، چوارتا، چوارقوڕنە، پێنجووێن،  شەشۆ، حەوتەغار، ھەشتەزین، نۆدێ، دەمرکان، دەباشان، یانزەئیمام
،... 

یەکشەممە
٢٠١١.٨.٢٨ دیدی نادرووستی بەشێک لە کوردانی ڕۆژهەڵات!!
خالیدی‌ عه‌زیزی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ حیزبی‌ دیموكراتنی‌ كوردستانی ڕۆژهەڵات، دەستی خۆی لەبەرانبەر ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شووباتدا، بێ بیر لێکردنەوە لە دواڕۆژ و دووربینی سیاسی ڕاشکاوانە ئاشکرا کردووە. ئەو کەسە بەحساب سکرتێری پارتێکی سیاسییە، وەک پارتی+یەکێتی بیردەکەنەوە و نەزەرەکانی ئەوان تبەنی دەکەن لەبەرانبەر بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان کە ئۆپۆزسیۆنە!
وەک لەم چاوپێکەوتنەی ماڵپەڕی ئاوینەدا دەردەکەوێت
پێنجشەممە ٢٠١١.٨.٢٥ ئەو نووسینەی کە وەڵامی هەبوو!!
عارف قوربانی، کە نووسەرێکی سەر بە دەسەڵاتە (یەکێتی) لە وتارێکیدا بەناونیشانی (نامه‌یه‌ك بۆ بارزانی‌ سه‌رۆك بڕیارێكمان ده‌وێ‌) کە هاوکات داخوازیینامەیە بۆ مەسعود بارزانی، باس لە کەسێک دەکات کە تاوانێکی وەک تۆڵە ئەنجام داوە.. داوای ئازادکردنی دەکات. بەلای منەوە ئەمە مەحاڵ بوو بۆیە وام نووسی:
بەڵام ئەم نووسەرە خۆی دەزانێت کە م. بارزانی لە سلەیمانی دەستی ناڕوات. ئیتر بۆ داوا لەو دەکات!؟ کۆمیدیایە!
وەک لەم لینکەدا دیارە، سەپرایس ڕوویدا و کابرای تاوانبار لە زیندان ئازاد کرا.
تکایە بڕوانە ئەم لینکە بۆ بڕیارەکە لەماڵپەڕی خەنداندا

پێنجشەممە ٢٠١١.٨.٢٥ ئایین مرۆڤ پیر دەکات!!
لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی کومپانیای نالیا بەرنامەیەک هەبوو بۆ شەوی قەدر. سەیر لەوەدا بوو کیژۆڵەیەکی نەونەمام تەمەن دە دوانزە ساڵ خۆی بەتاوانبار دەزانی وەک پیرێژنێک بیری دەکردەوە، گوایە بۆیە هاتۆتە مزگەوت لەو بۆنەیەدا بەشدارە تا خوا لەگوناهەکانی خۆش بێت!!

چوارشەممە ٢٠١١.٨.٢٤ ڕووخان و نەمانی دیکتاتۆرە دوورە دەستەکان زۆر گرنگ نیین بۆ کورد
لەڕاستیدا سەرکەوتنی خەڵکی ناڕازی بەسەر حکومەتی لیبیادا، بۆ ناڕازیانی کوردی هەرێمی کوردستان مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام زۆر گرنگ نییە. چوونکە دوورە دەستەو رەنگدانەوەی زۆری نابێت لە سەر. ئەوانەی نزیک بە هەرێم وەک سووریا تورکیا ئێران و سعودی و کوێت و ئۆردن هەر گۆرانکارییەک لەوێ ڕووبدات کاریگەری دەبێت بۆی. جا کاریگەرییەکان بەباش یان خراپ ئەوە مرۆڤ ناتوانێت ڕمڵی بۆ لێبدات. نها گەر ناڕازیانی سووری سەربکەون ئەوە نەخشەی ناوچەگە بەر لێدانێکی گەورە دەکەوێت. و لە قازانجی کوردا بەپلەی یەکەم دەکەوێتەوە.

چوارشەممە ٢٠١١.٨.٢٤ هەڵوێست و تۆپبارانی ئێران و تورکیا و پێ کە کە
کوردی باشوور دارێکی بەدەستەوە هەمووی پیسە. چارەسەر کردنی ڕیشەیی نییە، بۆیە ئەو دۆخە سەپاوە تا چەندەها ساڵی تر سەردبارە دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر تینی زیاتر بۆ باشوور بێت ئەوا پێشبینی دەکەم چۆن پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتیان لەسەوداو مامەڵەیەک کڕ کردووە ئەوا پێ کە کە یش کڕ بکەن. ئیتر نازانم وردەکارییەکانی چۆن دەبێت... وەک لەهەواڵەکاندا هاتووە، سەرئەنجام مەسعود بارزانی هەرچەندە موخالیفیم لە زووربەی شتەکاندا، هاتە دوان دواوی دوورکەوتنەوەی گێچەڵی پێ کە کە دەکات لەنێو خاکی هەرێم ( ڕۆژانه‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ هه‌رێم ده‌بنه‌ قوربانی‌‌ و له‌م ڕووه‌یشه‌وه‌ هیچ حسابێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ هه‌رێم ناكرێت.. ئەوان شەڕی خۆیان لەنێو پەرلەمانی تورکیادا بکەن.)

زیندوو بوونەوەی حکومەت مانای چی؟! گریمان وا دەرچوو لەگۆڕ هاتە دەرەوە؟ دەتوانێ لەبەرامبەر کێشەیەکی سەرەتانی وادا چی بکات؟ ئەو پەڕی ئیدانەی کرد. دەبێت دان بەوەدا بنێن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە لاوازترە کە چاوەڕوانی زۆری لێبکرێت. دەوڵەتانی ناوچەکە لەو بەهێزترە، ئەم کارانەش کە دەکرێت ئەوەندەی تر بێهێزی دەکات. چارەنووسی ئەم جۆرە حکومەتانە لەمە بآشتر نابێت کە هەیە. فینلاند بە نموونە بهێنینەوە کە زوو زوو فرۆکەی ڕووی ئاسمانی وڵاتەکەی دەبەزێنێت و ناشتوانێت هیچ بکات بەمەرجێک ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، و لە ئەورووپای یەکگرتوودایە.

هەر پارچەیە شینی خۆیەتی، ئەوەیش دۆخی کورد شازتر کردووە، ئایا بەشەکانی تر بەتایبەتی ئەوانی باکوور لەبەر خاتری خۆیان دەیانەوێت پارچەکانی تر بکەن بەقوربانی.
تاکەکان لایەنگر بین یان دژ ئەو دۆخە سەپاوە و هەیە.
بە ڕەهاییە نییە، جۆرێکە لە ڕێز نەگرتن لە تایبەتمەندی هەر پارچەیەک. لەم نێوەدا شەریان هێناوەتە ناو باشوورەوە، کێ ئامادە شیرازەی ماڵی لەبەر نەک کورە مام بەڵکوو براکەیشی تێک بدات و فزەت لێوە نەیەت؟
مەرج نییە پیلانەکە تەنها لە دراوسێکانەوە بێت، زۆر جار لە میژوودا هێندەی کوردەکە خۆی دەگەی داوە نیو هێندە بێگانە و داگیرکەرەکان نەیانداوە! ئەو دۆخە قابیلی تەحەمول نییە لە سێلاوە پەشیوی هەبێت.

لەبارەی پێ کە کە؛وە، زۆر فریشتە نییە، نەک لەلایەن هێزە ناوخۆییەکانی ناو تورکیا بەڵکوو لەم لاولەلاویشەوە دەجووڵێنرێت!


دووشەممە ٢٠١١.٨.٢٢ درۆزنی درۆزنان! (کورتە چیرۆک)
باوکێک رۆبۆتی ئاشکراکردنی دڕۆ دەباتەوە ماڵ، هەر کەس دۆر بکات لێی دەدات! لەسەر مێزی نانخواردن کۆدەبنەوە.
باوک لەکوڕەکەی دەپرسێت: ئەمڕۆ لە کوێ بوویت و چیت کرد؟
وەڵام : خوێندنگا.
ڕۆبۆتەکە دەستێکی پیا دەکێشێت!
کوڕەکە زمان دەگۆڕێت و دەڵێت: سەیری فلیمم لەگەڵ هاوڕیکانمدا دەکرد.
باوک: چ جۆر فلیمێک بوو؟
کوڕ: کارتۆن! ڕۆبۆتەکە دووبارە پیا دەکێشێتەوە!
کوڕەکە هەمدیس قسەی دەگۆڕێت و دەڵێت: نا فلیمی سێکسی بوو!
باوکەکە بەسەرسوورمانەوە: چی؟! ممن لەتەمەنی تۆدا بووم شتی وام نەدەزانی! ئەمجارە ڕۆبۆتەکە بە باوکەکەدا دەکێشێت.
دایکەکە زەردەخەنەیەکی بۆ دەکات و دەڵێت: کورەکە لە تۆ دەچیت و چۆتەوە سەر خۆت. ڕۆبۆتەکە بە دایکەکەشدا دەکێشێت.
کەواتە چی؟
----------------
ئەم چیرۆکە بە کەمێک دەسکارییەوە لە زمانی فینلاندییەوە کراوە بەکوردی. لەواڵی هەڵاڵە شاهییەوە تێکستە فینلاندییەکەی وەرگیراوە.

یەکشەممە ٢٠١١.٨.٢١ فەیسبووک گۆرەپانی پیشاندانی پارچەی لەشی مرۆڤ نییە!
فەیسبووکەدا ژمارەیەک وێنەی وەحشەتناکی کوژراوان و قوربانیانی ئەمڕۆی (یەکشەممە ٢١ی ئاب) فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەنجامیداوە، بڵاوکراوەتەوە. لە کەناڵە فەرمییەکان و سەربەخۆکان و تەنانەت ئۆپۆزسیۆین لەبەر هەستی بینەرانیان ئەم کارەیان نەکرد. ئیتر تێناگەم بۆ ئەوانەی ئێرە هەست بەلێپرسینەوە ناکەن و ئەو وێنانە بڵاو دەکەنەوە!! زۆر سەیرە و جێی داخە!!!! بۆ ئیدانەکردنی تورکیا و هەر دەوڵەتێکی تری داگیرکەری پارچەکانی کوردستان شێوازی تر هەیە.
ئەوانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانن قابیلە بێ ئحساس نیین، یاساوڕێساکانی بڵاوکردنەوە ڕێ بەوە نادەن کە وێنەی قێزوەنی پارچە گۆشتی مرۆڤەکان و شتی جۆراوجۆری دی بڵاوببێتەوە.

پێنجشەممە ٢٠١١.٨.١٨ دەربڕینە ناسیۆنالیستییەکان(ئەلتەرناتیڤ)
 نوسەری بەڕێز کاک ڕێبور کەریمی لە دەربڕینی یەک دوو وشە بەهەڵەدا چووە. گەلی کورد لە باشوور باکوور ڕۆژهەڵات، نەک نەتەوەی کورد لە عێراق ئێران تورکیا.. چوونکە ناسیۆناڵستە کوردەکان بەو شێوەیە دەربڕینەکانیان ناخەنە ڕوو...دەربڕینی کوردی ڕۆژهەڵات یان کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەرانبەر کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیا و سووریایە، وەک ئەلتەرناتیڤ گونجاوتر و باشترە و قووتکراوەتەوە. لەم نێوەدا گرنگ ئەوەیە کورد خۆی ئەو دەربڕینانەی هێناوەتە کایەوە و داناوە نەک داگیرکەرانی کوردستان، یان بەجۆرێکی تر لە بێئاگایی نەتەوەییەوە بووە، بەشێک لە پارت و کەسایەتییە سیاسییە قەدیمییەکانی کورد دەربڕینی ئەوانیان وەک تووتی دووبارە کردۆتەوە.
وتاری نووسەری ناوبراو لە ماڵپەڕی سبەیدا بڵاوبۆتەوە

پێنجشەممە
٢٠١١.٨.١٨ زاڵم(پۆلیس) زەواڵی(هەواڵگری) بۆ دەبێت
- : هه‌موو كه‌س له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانه‌، به‌ڵام له‌به‌رده‌م پۆلیسدا یه‌كسان نییه‌...
ئەوە پۆلیسی وڵاتێکی دیموکراتی وەک بەریتانیا وابێت؟ جا بزانە لە وڵاتی خۆمان پۆلیس دەبێت چۆن بێت...؟ بەڵام مرۆڤ قسەیەکیش بۆ دز بکات، لە عێراقی سەدام حسەینەوە تا حکومی کوردی خۆماڵی کە پارتی و یەکێتی کۆنترۆڵیان کردووە، پۆلیسی ناوخۆ و هاتووچۆ بێدەسەڵاتترین هێزن! دەزگاکانی وەک ئاسایش و هەواڵگری و ئەنتی بەناو تیرۆریشی هاتۆتە سەر کە گونی گوندار دەردەهێنن، ئێستا کومپانیای بۆدیگاردەکانیشی هاتۆتە سەر!!

چوارشەممە
٢٠١١.٨.١٧ پاکانەی مەلایەک!
بەڕاستی ئەو قسانەی کە ئێستا لەم ڕوونکردنەوەیەد هاتووە، ئەو مەلایە (ئیسماعیل سوسه‌یی) خۆی لێبەبەری دەکات قسە بوون باقییەکەی بایی پولێکە، یارەبی داوەشێ ئەوە لەژێر فشاری حیزبەکەی مەسعوددا ئەو پاکانەیەی نووسیوە.. دڵمان خۆش بوو لەناو پیاوە ئاینییەکاندا خەڵکانی بەغیرەت و چاونەترس خەریکە زۆر دەبن و دروست بوون، کەچی دەفەرموو..
تێکستی ڕوونکردنەوەی مەلا لە ماڵپەڕی کۆمەڵ نیویز
ڕاگەیاندن بەتایبەتی ئەوانەی کە لەژێر چەنەی فڵان و فیسار حیزبدا نییە، نەک لای ئێمە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە هەموو دنیادا خیتابێکی جیاوازیان هەیە. بۆیە تۆ و زۆر بەڕێزی تر لەبەر ئەوەی لەمێژ ساڵەوە لەدەرەوەن لەهەموو کەس باشتر تێی بگەن و نیگەرانتان نەکات.
حیکەمەت لەوەدا چییە کە ژمارەیەکی زۆر (سەتا ٤٠) خەڵکی هەرێم لەو کەسە و لەو حیزبە بنەماڵەییە دەخوێنن؟ ئەو بەرخوردە لەخۆڕایی نییە. ئەوان بەداخەوە نموومەی هاوشێوەی حکومەتی سەدامی عەرەبی و ئەوانی کەنداوی فارسی عەرەبی دووبارە دەکەنەوە. ئەی نابینی لەزۆنی ئەو حیزبەدا وێنەی مەلامستەفا (هاوشێوەی تورکیا کە لەهەموو شوێنێکدا ئەتاتورکێک هەیە) چاوی خەڵک کوێر دەکات.. هەموو دامودەزگا گرنگەکان بەدەست خودی کەسانی بنەماڵەکەوەیە. لە هەولێردا سقەیان بەکەس نییە بۆ هاوسەنگی باهدینیبێژانیان هێناوە تەنانەت سوود لە کرمانجەکانی باکوور و ڕۆژئاوا دەبیین، گونی گوندار دەردەهێنن.
نا ئازیز تۆ و زۆرێک لەکوردانی پارچەکانی تر لەوە ناگەن کە باشوورییەکان پێوەی دەناڵن، بۆیە بەداخەوە لە ناکۆکییەکاندا ئۆتۆماتیک بوونەتە هێزی یەدەکی ئەوان!

چوارشەممە ٢٠١١.٨.١٧ بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی تێنا!(کورتەچیرۆک)
مرۆڤێک دەناسم لە شارێکی ئەم فینلاندە دەژی، لەسەردانێکی سێ مانگیدا بۆ هەرێمی کوردستان، کچێکیان بۆ دۆزییەوە، پارەیەکی زۆری لەو پێناوەدا سەرف کرد. کە لێیان دەپرسی بۆ ژن دەهێنی، وەڵامی ئەوە بوو: لەپیزەری دوانزە کاتژمێر کار دەکەم، بۆ ئەوەی کە هاتمەوە خزمەتم بکات، چێشتێکی گەرم، زەردەخەنەیەک و دوو قسەی خۆش و … بەڵام کە ژنە گەیشت پێچەوانە کەوتەوە. کابرا لە کار دەهاتەوە یان لەکاتی میوان هاتنێکدا ژنەکە نەک هیچی نەدەکرد بەڵکوو وا خۆی پیشاندەدا کە ماندووە، پیاوەکە ناچار دەبوو خۆی ئیدارەی میوانەکان بکات و خواردن دروست بکات.

دووشەممە
٢٠١١.٨.١٥ تەئمینی ئایینی! (چیرۆکی زۆر کورت)
خێزانێک بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێل دەکڕن، ژنەکە دوو مەڕی بۆ دەکات بەخێر!

یەکشەممە ٢٠١١.٨.١٤ پەنابردن بۆ کۆمیدیا
فشقیات، کۆمیدیا، نوکتە، قسەی خۆش، کامێرای شاراوە مرۆڤ دەهێنێتە پێکەنیین، ئامرازێکە بۆ جوانکردنی ژیان و لێکتێگەیشتنی زیاتر، هەر بۆیە زۆر کەس پەنای بۆ دەبات تەنانەت پیاوە ئایینییەکان تا ئەو بابەتە وشک و برنگانەی هەیانە لەگوێگرانیان بگەیەنن.
جا چۆنە یەکێک بتبینێت و پێت بڵی ئاخرین نووکەتەت لەسەر خوا بۆ بگێرمەوە؟ تۆ دەڵیت چی سەرتسووڕنامێنێت؟ یان بەلاتەوە ئاسایی دەبێت؟ یان زەردەخەنەیەکی بۆ دەکەیت؟ یان چی؟

شەممە ٢٠١١.٨.١٣ ئاخ حەیف!(کورتەچیرۆک)
لەبەردەم ستیۆدیۆی وێنەگرتندا، بووکەکە لە ژوورەوە بوو، زاوا جگەرەی دەکێشا و دووکەڵی بەبا دەکرد. دوو کیژۆڵە بەبەردەمیدا تێپەڕین، نیگایەکی مشتەریئامێزانەی تێگرتن، بەحەسرەتەوە، وتی: ئاخ حەیفێ چاک خۆم تووش کرد و ژنم هێنا!

هەینی ٢٠١١.٨.١٢ گەنج و ئازادی تاک!
لەم جۆرە کەسانە کە لە گرتە ڤیدیۆییەدا هاتووە (لە تووکی سەریدا ژمارەی تەلەفوونی خۆی نەخشاندووە) لە وڵاتە ئەورووپییەکان زۆرن و لەوەش شازترن و هەموو بینیومانن، خۆ کورد شازی ناو شازان نییە نەفەری وای تیا هەڵنەکەوێت؟.. ئێوەی گەنج دەبێت زۆر لەوە کراوەتر بن کە کارێکی وا جێی ئیهانەتان بێت.. ئەوە زەرەری لە کەس نەداوە ئەی ئازادی تاک چ مانایەکی هەیە؟ ئایا ئێوە بەشی زۆرتان لەوە ڕاتان نەکردووە کە نەتانتوانیوە وەک مرۆڤ و گەنج هەڵسووکەوت بکەن و هەمیشە لەژێر چاودێریدابوون؟
ئەگەر بۆ ئەو مەبەستەیش بێت خۆ خراپ نییە و تا ببێتە جێی سەرنج.. ئەی خۆت گەنجیت یەکێک لە خەم و مەرەقەکان لەو قۆناغەی ژیان هەر کچان و و عشق و دڵدارییە، زۆر ڕەوایە.. بەتایبەتی لە کوردستانێکدا کە بۆ گەنجان زیندانێکی گەورەیە.

هەینی ٢٠١١.٨.١٢ سلق کۆممان دەکاتەوە! (تەنز)
کومپانیای خزمەتگوزاری هێڵی تەلەفوونی بەناوبانگ ئاسیا سێل کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقی عەرەبیدا کار دەکات، ڕێکلامێکی هەیە دەڵێت: ئاسیا سێڵ کۆمان دەکاتەوە. لە فینلاند بەتایبەت شاری لاهتی، هیچ کەس و لایەن و گروپێک خەڵکی زۆری پێ کۆ ناکرێتەوە، سڵق و سەوزە و .. نەبێت. ئەویش کاتێک هەفتانە خاوەن دوکانی ڕۆژهەڵاتی لە سووید بە بارەوە دەگەڕێتەوە. کەواتە وەک عادل ئیمام دەبێت بڵێن بژی سلق کە کۆمان دەکاتەوە.

 پێنجشەممە ٢٠١١.٨.١١ بزووتنەوەی ئیسلامی گەری چی دەکات!
لەکەناڵی تەلەفیزیۆنی نالیا چاوپێکەوتنی کوڕێکی مەلا عەلی(محەمەد) بزووتنەوەی ئیسلامی بڵاوکرایەوە. لەبەشێک لەقسەکانی ئەو کابرایە دوو خاڵ بوو لەبەرانبەر کۆمەڵی ئیسلامی دووبارەی دەکردەوە، ئەویش بەعسی بوونی ئەمیری کۆمەڵ و کلکایەتی کردنی بۆ ئێران. قسە ئەوەیە کۆمەڵ چۆن وەڵامی هاوئایینەکانی خۆیان دەدەنەوە؟ ئەمە نە پارتی و نەیەکێتین؟بەمەیش پێداگری لەسەر پاکێتی خۆیان دەکەن. هاوکات باس لە بودجەی پارتی و نێچیر دەکەن کە وەریان گرتووە!؟ بانێکە و دوو هەوا!!! بەو شێوەیە بەها بۆ سیاسەت ناگەڕێتەوە.

 چوارشەممە ٢٠١١.٨.١٠ تۆپبارانی ئێران هەڵ بۆ خۆ نمایشکردن!
لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەموو ساڵێک چەند جار تۆپباران دووبارە دەبێتەوە، ئەمەیش وەک رەگێکی سەرەتانی لێهاتووە! چارەسەرکردنی کەمێک وەک مەحاڵی لێهاتووە! گریمان PKK و گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات نەمێنێت گروپێکی تر هەڵدەتۆقێنرێت و لەو کێوانە دەمێننەوە! هەڵیسانی جارجاری ئەم تۆپباران و نوقرچ لە یەکترگرتنە ئیتر لەهەر لایەنێک لەلایەنە ڕکەبەرەکان گۆرەپانەکەوە بێت، بە قازانجی فڵان گرووپ یان پارتی سیاسی و تەنانەت کەسایەتی و خەڵکانی تر دەکەوێتەوە، مەجاڵیک دەبێت تا سەرقاڵ بن و خۆیانی پێوە با بدەن و دەربخەن!! بۆیە لەگەڵ هەموو ئەو لقوپۆپلێکردنەوەیەی ئەم تۆپبارانەی دوایی کە کەمێک درێژترە لەوانی پێشوو، باسی لێوە دەکرێت هیچ نییە و تێدەپەڕێت.
داواکردنێکی لەم جۆرە (هەڵویستی هەبێت و حەدێک دابنێت) لە حکومەتی هەرێم نا دروستە، ئەم جۆرە حکومەتانە نەک لەم ناوچەیە بەڵکوو لە سەرجەم دنیا لەچاو هیزە زەبەلاحەکان هیچی بۆ ناکرێت، ئەوپەرەکەی ئیدانەی دەکات. چاوەڕوانییەکی وا قسە دۆڕاندنە. گریمان ئیدانەی کرد بووە هۆی ڕاگرتنی، لەبەر ئەوەی کێشەکان لەوە قووڵترە، گرێنتی دووبارەکردنەوەی نییە. کەواتە بیر لەوە بکرێتەوە چۆن چۆنی ئەم کێشەیە لە رەگەوە چارە بکرێت یان هەنگاوی بۆ دەنرێت لایەنی کەم هێرشەکان کەم دەکرێتەوە.

 سێشەممە ٢٠١١.٨.٩ کەناڵی تەلەفیزیۆنی KNN هاوسەنگی!
ئەمشەو سێشەممە لە کەناڵی سەربەرزی کەی ئێن ئێن KNN دا شەوی پارتی بوو. لە سێ بەرنامەی جیاوازدا سێ کەسم بینی میوان و قسەیان دەکرد هەموویان بەرپرس و مووچەخۆرانی ڕاگەیاندنی پارتی بوون.. پەکوو لە حەلامەتەی بەڕاستی عەیبە، ئەو بێ تەوازنییە!!! خوا قبووڵی نەکات، دەبڵین ئامین یا ڕەبولعالەمین...

 سێشەممە ٢٠١١.٨.٩ کورد لە سووریا دەبێتە ژمارەیەکی حساب بۆ کراو!
ڕۆژنامەی تورکی میللیەت بەراورد کردنی نێوان ئەسەد و سەدامی کردووە! گوایە وەختی خۆی تورکەکان تەمێی سەدامیان کردووە بۆ خۆ چاککردن، پێشبینی ئەوە دەکرێت بەشار ئەسەدی سووریا هەمان چارەنووسی سەدامی تووش بێت.
قسە ئەوەیە تورکەکان بۆ حاڵیان لەخۆیان هێناوە دەمێک هەرەشە دەکەن دەمێک پەیامنێرن و دەڵاڵن و دەمێکیش ڕێنماییەکەر!! لەم نێوەدا کورد لە ڕۆیشتنی ئەسەد قازانج دەکات و بەهێزتر لەنها دەبێت.
باڵێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەشکێت، بۆیە دەبینی دەوڵەتۆچکەکانی کەنداو و سعودییە هاتوونەتە سەر هێڵ دژ بەو دۆخەی سووریا، پێشبینی کەوتنی دەکەم.
تورکیا زۆر لە کورد ناترسێت بەڵام وەک پێشبینی دەکرێت، کوردی ڕۆژئاواش دێنە ناو هاوکێشەکەوە دەبنە ژمارەیەکی حساب بۆکراو لە سووریا، ئەوە بۆ خۆی قازانجە ...

 سێشەممە ٢٠١١.٨.٩ گەندەڵی جوان!
دیدێک هەیە کە دەڵێت گەندەڵی وەک زۆر شتی تری نێو ژیان سوودی دەبێت و هەیە. بۆ نموونە دەڵێت گەر ژیانی کەسێکی ڕفێنراو بە پێدانی بڕێک پارە ڕزگار دەکرێت، پێویستە بێسڵەمیەوە بکرێت، یان بۆ کەشفکردنی تاوانی تری لەو جۆرە. ئەورووپییەکان لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین لەم جۆرە گەندەڵییەیان سەداها جار کردووە و ئەنجامداوە و تاقیکردۆتەوە...

 یەکشەممە ٢٠١١.٨.٧ مەرگ و منداڵ پاداشتی باوان!
مناڵ خستنەوە، غەریزەیەکە، قابیل بەوەیە لەبەری ئەو بێستانەی کە خۆت چاندووتە بخۆیت؟ ئایا ئەوە شموولی ئەو دایک و باوکانە دەکات کە بە خۆشەویستی بەیەک نەگەیشتوون، منداڵەکانیشیان بە خۆشەویستی پەروەردە نابن، هەر زوو بەجێیان دەهێڵن..
کەواتە پێویست بەگریان ناکات، ڕێگای خانەی پیر و پەککەوتەکان چارەسەرێکی گونجاوە. یان بەختەوەرترین مەرگ لە قۆناغی وادا مرۆڤ خۆی دیاری بکات وەک سەعی گەوهەر کردی...ناهەقی مرۆڤە بەتەمەنەکان ناگیرێت کە باس لەمەرگ بکەن و لێی بترسن.. بەڵام گەنجان بۆ خۆیان پیر کردووە و باس لەو مەسەلەیە دەکەن؟

 شەممە ٢٠١١.٨.٦ سینەما بە زمانی عەرەبی دەفرۆشرێت بە کورد!
سینەما سیتی لە باژێڕی سەلەیمانی ئەو فیلیمانەی پیشانی دەدات بە وەرگێرانی زمانی عەرەبییە!! ئەمە لە قتووی چ عەتارێکدایە؟ مەگەر تەنها لە هەرێمی بێسەروبەرەی کوردستاندا بێت...
ئاخر ئەو هەموو فلیمە لەکەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانەوە بە وەرگێڕانی کوردییەوە دەکرێت بۆ بۆ هۆڵی سینەماکان بە زمانی عەرەبییە کە شوێنێکی تەفریحی و کات بەسەربردنە. ئایا کوردستان وڵاتیکی عەرەبییە؟
کوردییە سەقەتەکە بە باشتر دەزانم وەک لە زمانێکی تر.. ئەوەیش دەکەوێتە سەر شارەزایی ئەو کومپانیایانەی کە هەڵدەستن بەکاری وەرگێڕان.. دیارە دەزانم بێسەروبەرەییەکە لەهەموو بوارەکاندایە.
ئەندامێکی خێزانمان لەوێ بووە و خۆی چۆتە سەیری فلیمێک کە بەزمانی عەرەبیی بووە، هیچ سوودی لەوەرگێرانەکە وەرنەگرتووە، بە زمانی ئۆرژیناڵی فلیمەکە لە چیرۆکەکە و دایلۆگەکان گەیشتووە.. مەهزەلەیە مەهزەلە!
ئەوە خۆ بەکەمزانینە بۆ زمانەکەی خۆمان هەمانە، نا با بەو شێوەیە بەردەوام بێت و هەموو کونوکەلەبەر بکرێت بەکوردی، لەپرۆسەیەکی دوور و درێژدا چارەسەر دەبێت.
ئەوەندەی ئەو دکتۆر و پسپۆرانە خەریکی کاری وەزیفی خۆیانن، نیو هێندە خەریکی کاری لەو جۆرە نیین و نابن. لەبەر ئەوەی داخوازی زۆرە لەسەر کاڵاکان کە فلیم و وەرگێرانیش کاڵایە، بۆیە خەڵکی تر هەڵپەی کار و کاسبییانە و دەیکەن، لەدەستی ئەوانەی تۆ باسیان دەکەیت نامێنێتەوە. کارەکە شەعبی بۆتەوە. ئیتر ئەوانە پرۆفیشناڵ نیین کوردییەکەیان پێرفێکت و زۆر بەهێز نییە.

 پێنجشەممە ٢٠١١.٨.٤ ئازادی تاک!
شۆرشگێڕەكان (ئەگەر ئەفرادانی یەکێتی+پارتی ئەو خەسلەتەیان هەبێت، کە نەیان بووە) تەنیا دەیانەوێ‌ ئاغایەكی تازە بخەنە شوێن ئاغای پێشوو..بەرگری لە (من)ی خۆتان بكەن.. ئازادی بەر لەوەی ماف بێ، ئەركە...
لە دۆستێکەوە بە دەسکارییەوە وەرگیراوە

 چوارشەممە ٢٠١١.٨.٣ ئەلتەرناتیڤێکی تر!
بەدەر لەوەی کابرا(حوسنی موبارەک) دیکتاتۆر و هەر ناویکی تر، هێنانی لەسەر نەقاڵەی خەستەخانە بۆ ناو هۆڵی دادگا نیشانەی ناشیرینی ئەو کۆمەڵگایە دەردەخات.. !!
نانانا بەبەراورد بە دادگای تاوانی لاهای نیودەوڵەتی کە خەڵکانی وای تێدایە جینۆسایدیان کردووە و لەو تاوانبارترن بەڵام موعەزەزموکەرەم دادگایی دەکرێتن و ...

 دووشەممە ٢٠١١.٨.١ پێکەنینی بەگرێ و گۆڵ!
ئەی خۆ ناگرین، قابیلە دوو کەس لە هەر ئاستێک یەکتر ببینن و دوو قسە بکەن، پێناکەنن؟ دەزانی ئەوە جۆرێک موعەقەدی پێدەڵین.
دنیاش بەو شێوەیە نییە!! لە بنتێکدا شتەکان چڕکردنەوە، دید فراوانتری باشترە، ڕوانینە ڕووداوەکانی داهاتوو ئەو کات دەردەکەوێت ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان چ مێتاڵێکن؟

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق