خەمی ڕۆژانە، تشرینی دووهەم ٢٠١١

AbasShiwan-عەباس شوان
چوارشەممە ٢٠١١.١١.٣٠ خرۆشانە جەماوەرییەکان، فرە رەهەندی!
 ڕووداوەکانی باکووری کیشوەری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تا ئێستا بۆتە لابردنی ژمارەیەک لە دیکتاتۆرەکان، ناوی جۆراوجۆری لێنراوە، بەناوبانگترینیان بەهاری عەرەبییە، بەڵام لە تەنیشت ئەم ناوەوە ناوی تریش بەکار دەهێنرێت کە دەکرێت بووترێت ئەو ناوانەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان گونجاون و لەلایەک لەلاکانەوە پڕ بە پێستی ڕووداوە گەورەکەیە.
لەوانە بەهاری ئیخوان موسلمین و بەهاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و بەهاری شۆڕشەکان و ...
ئەرێ بەڕاست گەلۆ ئەم هەموو لەقەبە چییە؟ و چی دەگەیەنێت و چی پێ دەڵێن؟ دەلیلی چییە کە هەریەکە لەگۆشە نیگایەکەوە لێی دەڕوانێت و دەیخوێنێتەوە و ناوی بۆ دادەتاشێت؟
هەموو ئەو ناوانە سەرچاوەکەی بۆ لێکدانەوە چین و توێژە سیاسی و ڕوونکابیرییەکان وەک چەپە ڕادیکاڵەکان و دەسەڵاتخوازانی وەک حیزبە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان، و .... هەریەکەیان بیانووی خۆیان هەیە. ڕەشبینەکانیان دەڕواننە ئەنجامی یەکدوو دانە لەو خرۆشانە جەماوەریانە کە خەریکە بەرەو ئاراستەیەکی چاوەڕوان نەکرودا دەڕوات، گوایە خەڵک دەبێت کاڵەک بە ئەژنۆ بشکێنن، چوونکە خراپێکیان دەرپەڕاند لەو خراپتر جێی دەگرێتەوە!

هەینی ٢٠١١.١١.٢٥ گەورەیی لە چیدایە؟
 ڕۆژێک یاریزانی بەناوبانگی یاری گۆلفی ئەرجەنتینی (Roberto De Vicenzo ١٩٢٣) دوای وەرگرتنی چەکی پارەی یەکێک لە یارییە براوەکانی لەبەردەم زوومی کامێرای ڕاگەیاندنەکاندا، لە پارکی ئۆتۆمبێل تووشی خانمێک دەبێت، پیرۆزبایی لێدەکات، زۆر بە خەمبارییەوە ئەوە دەدا بە گوێیدا کە کورەکەی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە قابیل بەوەیە بمرێت، هیچ پارەش شک نابات بۆ چارەسەرکردنی.
یاریزان لەژێر کاریگەری قسەی ئەو خانمەدا چەکی پارەکە دەکاتە دەستییەوە، دەڵێت:
هیوای سەلامەتی چاکبوونەوە و خۆشی بۆ دەکەم.
هەفتەیەک دوای ئەو ڕووداوە دۆستێکی دەبینیت، پێی دەڵێت دەزانی ئەو خانمە فێڵی لێکردوویت، کەسێکی قۆڵبڕ بووە، ئەو شووی نەکردووە و ئیتر مناڵی لە کوێ بوو!؟
ئەویش دەڵێت: مەبەستت ئەوەیە هیچ مناڵێکی نەبووە کە ڕووبەڕووی مەرگ بووبێتەوە؟
-: بەڵی دەقیقەن وایە!
-: هاهاها کەواتە ئەمە باش و خۆشترین هەواڵی ئەم هەفتەیەم بوو.
-------------
بۆ ئامانەتی ئەدەبی، ئەم تێکستە وەرگێڕان و ئامادەکردنە لە زمانی فارسییەوە.

چوارشەممە ٢٠١١.١١.٢٢  فەوزا حەشر دەکات؟!
 گۆڤاری لڤین لەو ڕاپرسییەیدا پێدەچێت سەری لێتێکچوو بێت!!! لە خەیاڵی چەند دانەیەک لە بەڕێوەبەرانی وا دەزانن گەلانی کورد لە چوار پارچە یەکیان گرتووە و یەک حکومەتیان هەیە! بۆیە دەبینین ناوی کەسایەتی پارچەکانی تر بۆ خزاێنراوەتە ناوەوە؟؟!! ئایا گۆڤاری لڤین مەبەستی کەسایەتی کاریگەری کام لە کوردستانەکانە؟ دیارە لەبەر ئەوەی گۆڤارەکە لە کوردستانی باشووردا کار دەکات و دەردەچێت، بە پلەی یەکەم قسەی بۆ ئەو بەشە دیاریکراوەیە. لەوانەیە خەڵکانی پارچەکانی تر هەر بۆیان گرنگ نەبێت و بێئاگابن لە ڕاپرسییەکی وا و تێشنەگەن لە شێوەزار و ڕێنووسی کوردستانی باشوور. ئایا مەبەست لە وشەی کاریگەر چییە؟ ئاخر خواتان بێت لە چ بوارێکدا کاریگەری؟ سیاسەت کۆمەڵایەتی هونەری و ئەدەبی و ....؟؟!!!  وردبینی لەم ڕاپرسییەدا کەمە، چوونکە تەنها کەسایەتییە سیاسییەکان دیاریکراوە!!
خودایە ئەم هەموو فەوزایە چییە، بەربینی بە خەڵکی باشوور بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، گرتووە؟؟!!

چوارشەممە ٢٠١١.١١.٢٢  بۆ ڕیش چوو سمێڵی نایە بان؟!
 تۆزیک لەمەوبەر (ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠١١.١١.٢١) بەرنامەیەکی وتووێژ لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی پەیامی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستانەوە بەناوی دیوی دووەم هەبوو. شۆرش ئه‌نور پێشکەشی دەکات، لەسەر ئیسلامییەکان. میوانەکان نووسەرێکی ئیسلامی و کابرایەکی سەر بە پارتێکی فەرمان ڕەوا بوون. لە درێژەی دایلۆگدا باس لە کەسێ کرا کە چەند ساڵ لەمەوبەر هێزێکی یەکێتی لە بازگەی تاسلوجە لێیاندا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. بەرنامەکە بێکۆنترۆڵ و پڕ لەقیژە قیژ بوو. نووسەرە ئیسلامییەکە بەزمان و ئاوازی پارتی و یەکێتی هەوڵی دەدا وەک خانەخوێیەک گاڵتە بەوی بەرامبەری بکات و سووک وەک نەخوێندەوار و بێئاگایەک پیشانی بدات و تەنانەت وەک ئاسایش و پۆلیسی لێکۆلەرەوەی شوبهاند!! سەرئەنجام یەکێک لە مناڵەکانی کابرای ئیسلامی کە لە دایلۆگەکەدا ناوی هێنرا بوو، بەتەلەفوون هاتە سەر هێڵ و هەڕەشەی دادگاییکردنی لە کابرای سەر بە دەسەڵات کرد، گەر هاتوو داوای لێبووردن لە بنەماڵەکەی نەکات. بەڵام ئەو موسڕ بوو لەسەر قسەی خۆی و ملی نەدا. بەڵام نەیدەزانی بێئاگا لەوەی کە ئەو کەناڵە ئیسلامییە خستویانەتە ناو تەلەیەکەوە، کۆتاییەکە بە دادگا و داگاکاری دێت!!! چوو بۆ ڕیش سمێلیشی تێنا!!!!
خودی بەرنامەکە لە ماڵپەڕی یوتوبدا
ماڵپەڕی تەلەفیزیۆنی پەیام لاپەڕەی بەرنامەی ناوبراو

هەینی ٢٠١١.١١.١٨  پێ کە کە ئەنتی کوردی ڕۆژئاوا (سووریا)؟!
 پێ کە کە خۆی لە ژێر تۆمەتی پشتگیری کردن لە ڕژێمی سووریا دووردەخاتەوە و گوایە ئەوە بوختانی تورکیایە بۆ ئەوانی دەکەن. لەکاتێکدا ئەو تۆمەتبارکردنە زیاتر لەلایەن کوردانی سووریاوە بووە و دەکرێت. لە هاوکێشەیەکی جالجالۆکە ئاسای وەک کێشەی سووریا، زۆر واردە، کە مادام تورکیا بەئاشکرا دژی حکومەتی سووریا کار دەکات، ئۆپۆزسیۆنی کوردی باکوور لە دژی ئەو سیاسەتەی حکومەتی تورکیا پێچەوانە بوەستنەوە، ئەگەر هاتوو لە زەرەری هاوزمان و نەتەوەکەشیان بێت!! مێژووی ئەو پارتە و پەیوەندی لەمێژینەی وای کردووە لە قەیرانەکاندا حکومەتی سووریا تۆراوەکانی خۆی ئاشت بکاتەوە کە پێ کە کە یەکێکیانە.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر ئەو تۆمەتبارکردنە دەورە خراپکارییەی ئەو هێزەی باکوور دەینوێنێت و لەشوێنی خۆیدا بێت؟ جێ پرۆتیستۆی گەورەیە.
هاوکات هەر بۆ بیرهێنانەوە بۆچوونێک هەیە، پێی وایە تەنانەت پژاک کە باڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ئەو پارتەیە، بە دەسیسە و لە ژێر ڕێنمایی ئێران دروست کراوە، یەکێک لە هۆیەکان و دافیعەکان پشت ئەو قوتکردنەوەیە، هەرچی زیاتر بێنرخکردنی پارتەکانی وەک کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتە. بۆیە بینیمان لەم دواییەدا و لەمەسەلەی تۆپبارانی سنووری هەرێمی کوردستان، پێکەکە نەیشاردەوە کە پژاکی کڕ کردووە. جا لەهەر گۆرانکارییەکی گرنگ لە داهاتوو ڕووبدات، ئەو لیبۆکە بەهای نامێنێت. نازانم ماڵپەڕی وکیلیکس چۆنە تا ئێستا دیکۆمێنتەکانی ئەو مەسەلەیە ئاشکرا نەکردووە؟ یان ئەوەتا وەختی نەهاتووە جارێ ئەمەریکا ئیشی پێیانە.

چوارشەممە ٢٠١١.١١.١٦ کەمی رەگەزی مێ بەتەنها لەناو بزووتنەوەی گۆڕان هەیە؟!
 حەمەغەفوور، لەم وتارەیدا پەی پێبردنێکی باش و گونجاو کردووە، بەڵام وروژاندنی ئەو خاڵە، مەوقعییەتی ژنانە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان دا، کەمیێک کۆنە، لە دەرەوە و ناوەوەی ئەو تەوژمە باسکراوە، بەڵام هەردەم تازە دەبێتەوە، چوونکە وەک خۆی ماوەتەوە و بووە بەخاڵێک لاواز بۆ بزووتنەوەکە! هەرچەندە هەوڵدراوە چارەسەر بکرێت. ئەو کێشەیە بەتەنها سەروچاوی بزووتنەوەی گۆڕان ناگرێتەوە، یان ڕاستگۆتر و هەمەلایەنەتر بڕوانین بزووتنەوەی چەپ کە بەڕێزی خاوەن وتار یەکێکە لە هەڵسووڕاوانی لەمێژینەی، بەهەموو باڵەکانییەوە تەنانەت ڕادیکالەکانیشی بۆ باس ناکرێت، ئەگەر لە بزووتنەوە سیاسییەکانی تر خراپتر نەبێت بێگومان چاکتر نیین، هەرچەندە لافوگەزای زۆری پێوە لێدەدەن و هەمیشە لەدایلۆگیاندا بەرامبەر ئەوانی تر قووتی دەکەنەوە. کەواتە هۆی ئەسڵی پەراوێزخرانی ژنان تەوژمە سیاسییەکانە یان پێکهاتەی دواکەوتوانە و باوکسالاریانەی ئەو کۆمەڵگایانە؟

دووشەممە ٢٠١١.١١.١٤ پارتە ئیسلامییەکان، کەی دەستبەرداری ئێران دەبن؟
 پارادۆکسی پارتە ئیسلامییەکانی کوردستانی باشوور ئەوەیە، لەسەر ئایینزایی سوونین کەچی هاوکار و یارویاوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە سەر بەئاینزای دژ و نەیارە!! ئایا سوونە کوردەکانی هەرێم نەرمتر یان کراوەترن؟ تا بەو شێوەیە هەڵسووکەت دەکەن، جیاوازی لە نێوان سوونی و شیعەبووندا ناکەن؟ ئەگەر وا بێت و  ئەوە سیاسەتیان بێت، جۆرێک لە شازی و دەگمەنی تا  ئاستێکی باش ژیرێتی دەدات بە حیزبە ئیسلامییە کوردەکان!
بەڵام نەزەرەکان بەرەو ئەوە دەچن کە زیاتر خۆژیان و بازرگانیکردن بێت وەک لەوەی شتێکی تر!! بە جۆرێکی تر کە لێکدانەوەیەکی کۆن و کلاسیکە دەووترێت ئێران هەرێمی کوردستان لەو لیستە ڕەشەیدایە، بۆیە هەرچەندە لە زۆر بار و ڕووەوە قازانجی زۆر دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لەو قەوارەیە کردووە و دەکات، بەڵام هێشتا هەر بەڕەش و هەڕەشەی دەزانێت! بۆیە بەردەامە لە پشتیوانی کردنی ئەو تەوژمە ئیسلامیە سوونیانەی کورد! ئەمەیش لەو سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ نەیارەکانی خۆی لە ئێستا و داهاتوودا هەردەم لەبۆسەدایە، ئامادەی هاوکاری کردنی شەیتانیشە، وەک دەبینرێت ئێران لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە بەوە تاوانبار دەکرێت نەک یارمەتیدەری حیزبە سوونییە ئیسلامییەکانی هەرێم، بەڵکوو هاوکار و پشتیوانی تووندڕەوانی گرووپی ئەلقائیدەشە.

یەکشەممە ٢٠١١.١١.١٣ بەدواداچوونی هەواڵێک
 ئەو وەزیرە بەرەگەز کوردە (هوشیار زێباری- وەزیری دەرەوەی عێراق) نوێنەری عێراقی عەرەبی شیعە زیاترە وەک نوێنەری کورد!! هەرچی گیانی گۆڕانیش بێت لەو نەفەرەدا نییە، بۆیە هەڵوێستێکی وا چاوەڕوانکراو بوو. ئەگەر ئێران و عێراق لە پشتی سووریا نەبن؟ کێ دەبێت؟ دوو حکومەتی ئاینزای شیعە، هەر بۆیە ئەسەد و حکومەتەکەی تا ئێستا ماوەتەوە و بەرگری دەکەن.
بەڵام ئەو وتەبێژەی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی ڕاستر یەکێتی و پارتی؛یە، لە هاوکێشەی سیاسی و بنەماڵەییدا کێ گوێی لێدەگرێت و بەیدەقێکی زۆر سووکی وایە کەس حسابی بۆ ناکات. چوونکە لە بنەماڵەی فەرمانڕەوای زۆنی زەردی وەک مەسعود بارزانی نییە، ئەما جەنابی وەزیری کەتنکەر چەندی تریش قۆریان ئەنجامبدات و بنوێنێت، هەر لەسەرەوەیە و لە شوێنی خۆیدا دەبێت. بۆیە ئەم داخوانییەی جەنابی وتەبێژ خۆڵکردنە چاو زیاتر هیچی تر نییە.
سەرچاوەی هەواڵ ماڵپەڕی ڕۆژنامەی هاوڵاتی

هەینی ٢٠١١.١١.١١ جەناب فەسادی ئەخلاقی پێش و پاش ئەمەریکا هەبووە!
 عەلى باپیر (ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی) ماستاوسارددەکاتەوە، لە ڕاگەیاندنی حکومی کۆماری ئیسلامییەوە ئاوا دەفەرمووێت: ئەمریکا لەهەر وڵاتێک بێت فەسادى ئەخلاقى بڵاودەکاتەوە!
سەیرە کابرایەکی بە ناو سیاسی وا قسەیەکی ساویلکانە وا دەکات!!! لەهەموو سەردەم و کاتێکدا ئەو فەسادەی گوایە خێروبێری ئەمەریکایە و لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات، گەر یەک تۆز ڕاستگۆبێت هەر هەبووە و دەمێنێت، بەڵام لە هەر سەردەمەی بە جۆرێک بووە، بەرز و نزم بۆتەوە و کەم و زیادی کردووە بۆ هەر لەم جۆرە سیاسیانە نەبوو دەیانووت سەدام حسین سەرچاوەی هەموو جۆرە فەسادێکە. ئیتر خۆ گەر ئەمەریکا نەبوایە، ئەم بۆ دەیتوانی ئەو عەیش و نۆشەی کە ئێستا هەیەتی، بیکات. هەموو دەزانیین کێ هێناویەتی؟ ئەمەریکا نەبوو؟ دەبوایە لە جیاتی دەربرینی وا مەدح و سەنای بکردایە. ئەگینا دەبوایە هەتا هەزار ساڵی تر نەک عەلی باپیر بەڵکوو هاوسنفەکانی وەک مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی گۆرانی ئالیلیان لەو کێوانە بووتایە. بەڵام ئەم ئاوازە پێدەچیت لاسیایی کردنەوەی سیاسییە شیعە نمەک بەحەرامەکانی خوارووی عێراقی عەرەبی بکاتەوە، کە هیچیان لەبەرچاو نییە!
سەرچاوەی هەواڵ، ماڵپەڕی گۆڤاری لڤین

پێنجشەممە ٢٠١١.١١.١٠ ڕۆژێکی شاز!!!
 +: دەزانن بەیانی چ ڕۆژێکە؟
-: جا ئەوە پرسیارە؟ هەینییە! ئەو ڕۆژەیش بۆ موسڵمانان پیرۆزە و ڕۆژی جومعە و جەماعەت و پشوو و نانخواردن خۆش و بەتام و سەردانی سەرقەبران و خۆشەویستانە.
+: نا ئەوانە هیچی نییە، بیرهێنانەوەی زۆر ئاسان دەبێت گەر یەک تۆز لێی وردبیتەوە، بۆ نموونە، لەو ڕۆژەدا ڕووداوێکی خۆش و ناخۆش و ترش و شیرینت بەسەر بێت، یان بەتەمابیت و بتەوێت بیکەیت، سڵمەکە و لێی مەپرگێنەرەوە. وەک دەزانن گەر دیقەت بدەنە ساڵنامە/کاڵێنتری تەلەفوونەکانتان بۆتاندەردەکەوێت و دەبینن ژمارە یەک زۆر دووبارە بۆتەوە، تەنها سفرێک و دوویەک بۆنتە درکی مەوزین، لە هەشت ژمارە شەشیان وەک یەکە، بەم شێوەیە:٢٠١١.١١.١١ بەهیواین سبەینێ خۆش بێت بۆ هەر یەکەتان..
لە ١٩١٨.١١.١١ کاتژمێر ١١ ی بەیانی ڕاوەستانی شەڕی جیهانی یەکەم واژوو کرا.
برجەکانی کە لە ١١ ی سپتەمبەری ٢٠٠١ لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لێدرا، لە ژمارە ١١ دەچێت. گەشتی ئەو فرۆکەکەیشی کە خۆی کێشا بە بورجەکاندا، ژمارە ١١ بوو.

پێنجشەممە ٢٠١١.١١.١٠ کورتکردنەوەی دەستی هێزە چەکدارەکان
 بەهۆی ئەو بارە نائاساییەی لە هەرێم و عێراقی عەرەبی سونە و شیعە خوڵقاوە، پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان بەشی شێری بودجەی وڵاتیان هەڵلوشییوە و بەردەکەوێت! کەچی هێشتا داوای زیاتریان بۆ دەکرێت!!! ئایا ئەم داوایە نابێتە هۆی ئەوەی درێژە بدرێت بەو بارودۆخەی کە بەشێکی زۆری هاوڵاتیان لێی ناڕازین و بەنەفرەتی دەکەن. گەر وا بڕوات لە داهاتوودا تەشبیه نەبێت هەرێمی کوردستان دەبێتە وڵاتێکی وەک تورکیا کە سەرباز و جەندرمە تا هەنووکە گونی گوندار دەردەهێنن. کاری زۆری دەوێت تا لە شوێنی خۆیان دایاننیشێنرێتەوە. ئەم جۆرە داوایانە (مووچەیان کەمە) و ئەم بەراوردکردکارییە (لەچاو هێزە چەکدارەکانی عەرەبی سونە و شیعەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی عەرەبی) گەر هەقیش بێت، قابیلی پشتیوانییە نییە، چوونکە بەڕاست هێزی پێشمەرگە و لق و پۆپەکانی دەکرێت پێیان بووترێت هێزی نیشتمانی لە کاتێکدا هەموو دەزانیین دابەشی و کەرتبووی پارتە فەرمانڕەواکانە و ئەوانن کۆنترۆڵیان کردووە!! لەباری تەکنیکییەوە ئایا ئەو هێزانە دەکرێت سیفەتی پیشەیی بە سەریاندا بسەپێت؟ بێگومان نەخێر، زیاتر لە هێزێکی میلیشیایی زۆر دواکەوتوو دەچێت، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ئەو ڕاستییە دەزانیین، وەک سەردەمی کۆنی عەرەبە بەعسییەکان، دواکەوتووترین تۆژاڵی کۆمەڵگا دەچنە ئەو دەزگا هەستیارەوە! کۆمەڵگای مەدەنیش بەم شێوەیە و بەم تەرزە کە لایەک لەبەرانبەر لایەکی تردا بەهێز بکرێت تا بێت دواتر دەکەوێت، بۆیە باشتر وایە دەستی ئەوانە کورتتر بکرێتەوە نەک درێژتر بکرێت.

شەممە ٢٠١١.١١.٥ تێگەیشتن لە پەیامی هونەر
 وێنەیەکی ئەنەلۆگ نەک دیگیتاڵی جیڤارا ١٩٢٨- ١٩٦٧ (Che Guevara)، ئەو کەسەی پاش ئەو هەموو ساڵە، خۆشەویستی جەماوەرە! بە جۆرێکی تر پیشاندراوە .. هاهاهاها هەموو شتتێک دەبێت.. مادام ئەو کەسەی ئەو وێنەیەی بەو شێوەیە کێشاوە، کە وەک سروشتی ئۆرژیناڵکە نییە، کەواتە هونەر و داهێنانە، ئەگەر وا نەبێت مانای وایە ڕووت و وشک و برنگ لە خەیاڵ! بەوێنەی پۆرتۆریتی کەسێتی فۆتۆگرافی پێناس و پەساپۆرت دێتە بەرچاو و هیچی تر. جیایی و نهێنی ئەم وێنەیە لەوەدایە بینەر دەجووڵێنێت و دەیانهێنێتە قسە، هەر یەکە بەجۆرێک.. ئیتر تێگەیشتنەکان بۆ هونەر جیا و جیاواز جۆراوجۆرن، لەوانەیە ئەم وێنەیە و هاوشێوەی وا بەلای ژمارەیەک لە خەڵکەوە، ناحەز و ناشیرین، هاوکات بە تەوهین بۆ کەسایەتییەکان بێتە بەرچاو، بەڵام پێدەچێت ئەو بەرخوردە زیاتر سیاسی و ئایدۆلۆجی بێت نەک شتێکی تر..

هەینی ٢٠١١.١١.٤
ڕاگەیاندنی تورکی و کوردی باکوور
 ئەمڕۆ هەینی ٢٠١١.١١.٤ ڕۆژنامە تورکییەکانی ئەو وڵاتە وەک موعجزە ڕوویدا بێت و هەڵایەکیان ناوەتەوە! چەند دانەیان هەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە، گوایە لە پرسەی یەکێک لە شەهیدەکانی پێشمەرگەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردانی باکوور، ئاڵای تورکیا بینراوە و هەڵکراوە!! ئیبرازکردنی هەواڵێکی وا لێدانەوەی هەمە لایەنە هەڵدەگرێت. بەوەی لەو ڕاگەیاندنە دڕ و هارەیانەوە دەریدەخەن کە کوردەکانی باکوور چەند بە تووندی دژی ئاڵا و حکومەتی تورک و هەرچی شتێک پەیوەندی بەوانەوە هەیە نایخوازن. لەمەدا دەبێت کوردەکانی باکوور سوپاسی ئەو ڕاگەیاندنە بکەن. هاوکات لایەنێکی پۆزەتیفی بەشێک لەگەلی کورد پیشان دەدات. بەزەرەری تووک و حکومەتەکەیانە. بەڵام هەر ئەم لایەنە ئەوە دەردەخات کە گوایە حکومەت توانیویەتی پێدزکە بکاتە ناو کوردەکانەوە، یان ئەوەندە هەیمەنەی بەهێزە کە هەرچەندە خۆی دەیانکوژێت بەڵام دەستبەرداری ئاڵای تورک نەبوون، گوایە لەلای موخالفینیش پیرۆزە! ئەمەیش وەک سەردەمی سەدام حسین وایە پێشمەرگە و خەڵکانی ئۆپۆزسیۆنیان ڕەمی دەکرد و پارەی گوولەکانیان لە خاوەنی شەهیدەکە دەسەندەوە!

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق