خەمی ڕۆژانە، ئایار ٢٠١١


٣١ ئایار ٢٠١١ پارتی پۆرتی کۆسەرەت دەشکێنێت!!؟؟
کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی مام جەلال لەبازگەی چوونە هەولێر ڕاگیراوە و نەیانهێشتووە تێپەڕێت!!
سەرچاوەی هەواڵ: ماڵپەڕی ڕادیۆ نەوا
وەختی خۆی لەڕاگەیاندنی عەرەبی بەهۆی هەر ئەو بازگانەوەی کە دروستیان کردبوو گوایە بۆ ئەوەی تیرۆریستی عەرەبی نەیەنە هەرێمەوە، کەس ئەو کاتە فزەی لێوە نەهات، زەمان دەوران دەورانە لەتەنگەژەکاندا بزانن هەر ئەو چەکە دژی هاوڵاتی خۆ بەکار دەهێنرێت.
ئەم هەڵسووکەوتەی پارتی سەرەتا لەسەر خەڵکی نۆرماڵی شاری سلەیمانی پراتیک کرا، لە ترسی ئەوەی گوایە خەڵکی سلەیمانی بەمەبەستی خۆپیشاندان خۆیان دەکەن بە هەولێردا.
ترسەکەی پارتی لەوکاتەوە نەڕەویوەتەوە،  درێژەی هەیە بەڵکوو تۆخ بۆتەوە، لەوەدا کە سەروچاوی سەرانی حیزبی هاوپەیمانی ستراتیجیشی گرتەوە!
دەلیلی بێسقەیی دەگەیەنێت بەتایبەتی لە کەسێکی وەک کۆسرەت کە خەڵکی شارەکەیە، هاوکات ئیهانەتێکی ترە بۆ شاری هەولێر.. ئەم ئستفزا و هەڵسووکەتانەی پارتی بەکوێ دەگات؟ بێگومان لەدوور ماوەدا زۆر بەزەرەری دەکەوێتەوە، چاوەڕوانیین.

٣١ ئایار ٢٠١١ پێڕاکێشان لە قەبارەی خۆ!!؟؟
عه‌لی باپیر، ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی لە وتوێژێکیدا له‌گه‌ڵ رادیۆی دەنگی ئەمه‌ریکا:.. یه‌کێتی و پارتی نابێت ئه‌و خه‌یاڵ پڵاوییه‌‌ بکه‌ن که‌ وه‌کو پێش ١٧ی شوبات بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر، گه‌ر واقیع بینینانه‌ش سه‌یری دونیا بکه‌ن، ده‌بێت واقیعێکی وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ یه‌مه‌ن و سوریا و به‌حره‌ین ده‌بینرێت، بهێننه‌ پێش چاوی خۆیان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا.
لەماڵپەڕی کۆمەڵەی ئیسلامییەوە وەرگیراوە
کۆمێنتی من:
قەناعەتم بەو قسەیەی عەلی باپیر نییە، مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە گەر کردیشی نەک هەزەڵی بەڵکوو گاڵتەجاری دەردەچێت، بەتایبەتی هێزیکی وەک کۆمەڵی ئیسلامی کە گوایە نفوزیان لەشاری هەولێردا هەیە، لە دەورەی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا هیچیان پێنەکرا، بێگومان گەر خوانەخواستە (هاهاهاهاها) ئەم جارە قلیشایەوە هیچیان پێناکرێت، لە سلەیمانی ئاسانە گرنگ هەولێرە.


٣١ ئایار ٢٠١١ فەیککردنی کاریکاتێرێک!!؟؟
نانا وا نییە ئەوەی ئەو کاریکاتێرەی کردووە و یا کولاج کردووە سەر بە دەسەڵاتە.. ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆران لەهەوڵی ئەوەدایە کە هەژاران و خەڵکی بێبەشی تر بگەن بە حاتەتێکی مرۆڤانەی باشتر، نەک وەک ئەو کەسە هەردوولای خستۆتە تای تەرازوویەکەوە گوایە شەریانە و ئاگایان لەهەژاران نییە. بەپێچەوانەوە شەری ئۆپۆزسیۆن شەری دەوڵەمەندکردنی هەژاران و دادپەروەی کۆمەڵایەتییە و تا نها وەفادار بوون.

٣٠ ئایار ٢٠١١ کاکیلە (چیرۆکی زۆر کورت)
دەیەشا، خۆی لەمێژەوە ناتەواو بوو، ئەم بەیانیییە چیلەکەم تێوەیا، سەیر بوو، هەستم بەجووڵەی کرد، کە ماشینی پاکردنەوەم بەکار دەهێنا لەو شوێنەدا دەنگەکە نائاسایی دەبوو. ئەم عەسرە هەر کە پاڵکەوتم و چزەیان لێهەستانم، بێ ئازار هەستم بەدەرهێنانی کرد، بێ هیچ دوعاخوازی ڕۆیشت، بێ ئەوەی جارێکی تر بیبنمەوە، ئەندامێکی خزمەتگوزاری جەستەم هەڵکێشرا، ئەویش یەکێک لە کاکیلەییەکانی ناو دەمم بوو.

٢٩ ئایار ٢٠١١ ڕێگای گۆڕانکاری بەگوڵ نەڕازاوەتەوە!!؟؟
وەک چۆن ونستۆن چەرچڵ Winston Churchill (١٨٧٤- ١٩٦٥)، لە کاتی جەنگی جیهانی دووهەمدا بە هاوڵاتیانی وت: پێویستمان بەهەوڵ و تێکۆشانی زۆر، بە خوێن و فرمێسک دەبێت، چوونکە رێگای ئازادی و دیموکراسی جادەیەکی تەختی بەگوڵ و گوڵزار ڕازاوە نییە.
بۆیە ئێمەیش لە هەریمی کوردستان لە ١٧ی شوبات دەستمان بەخۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کرد، لەو پێناوەدا قوربانی زۆرماندا و هاوکات حەقیقەتی حکومەتی یەکێتی+ پارتیمان بۆ خەڵک ئاشکرا کرد، بێگومانیین لەدرێژەی ئەو ڕووبەڕووبوونەیەمانەوە دەبێت چاوەڕوانی هەموو جۆرەکانی فشاری بکەین، بەڵام سەرئەنجام دیموکراسی ڕاستەقینە و کۆمەڵگایەکی ئازادتر بەدەست دەهێنین.

٢٦ ئایار ٢٠١١ برجی بابل لە ئەرجەنتین چی دەکات!!؟؟
باخچە هەڵواسراوەکانی بابل لە کتێب، خانمە هونەرمەندی ئەرجەنتینی (Marta Minujin) کە تا ئێستا کارە هونەرییەکانی بەمادەی بلاستیک ئەنجام داوە، ئەمجارەیان بە ٣٠ هەزار کتێب و ٥٠ زمانی جیاواز برجی بابلی بەبەرزی ٢٥مەتر لەناوەندی شاری بۆینس ئایرس دروست کردووە. ئەمسال یۆنسکۆ ئەو پایتەختەی بەشاری کتێب دیاری کردووە. وەک پێشانگایەک بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
برجەکە لە ٦ قات پێکهاتووە، دوانیان بۆ کتێبەکانی ئەمەریکای لاتین، ٣ و ٤ بۆ ئەورووپا، قاتی ٥ بۆ ئەفەریقا، شەشیش بۆ ئاسیا. مەبەست و مانای سومبولکی ئەو کارە ناوازەیە کۆکردنەوەی هەموو رەگەز و هزرەکان لە بۆتەیەکی وادا کە دەکرێت کێشەکانی نێوانیان لەڕێگای دایلۆگەوە چارەسەر بکەن.
ئەو خانمە هونەرمەندە بۆ ناوی کار و بەرهەمەکەی بەباخچەهەڵواسراوەکان یان برجی بابلەوە ناو ناوە، زیاتر لە مەلوییەکەی سامەڕا دەچێت.
-----------
هەمان تێکست لەماڵپەڕی سبەی؛دا


٢٢ ئایار ٢٠١١ شەپۆلی گۆڕانکارییەکان ئەورووپاشی گرتەوە!

بەپێی ئەو هەواڵەکانی ڕۆژی شەممە ٢١ی ئایار دەیەها هەزار خەڵکی ئیسپانیا لە پایتەختی وڵاتە مەدرد هاتوونەتە سەرجادەکە و بە سیاسییەکانیان فەرمووە ئێوە نوێنەری ئێمە نیین.
ماوەیەک لەمەوبەر لە ڕۆژنامەنووسێکی ئەورووپی نووسیبووی کە پێشبینی ئەوە دەکات حاڵەتێکی هاوشێوەی وەک شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی باکوری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتانی ئەورووپیش بگرێتەوەی، فیعەلن ئەوە ڕوو دەدات.. بەڵام لەو وڵاتە ئەورووپیانە ڕوو دەدات کە هەر بەناو ئەورووپین، جیاوازییەکی ئەو تۆیان لەگەڵ وڵاتە رۆژهەڵاتی و تورکیادا نییە. ئیتر وەک دەزانیین دیموکراتییەت جۆری زۆرترە، دەکرێت ئەو خۆپیشاندانانەی ئسپانیا وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا بشوبهێنیین، مەبەستی سەرەکی تێیدا دیموکراتی و کرانەوەی زیاترە. لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە ئیسپانیا بەراورد ناکرێت، بێگومان جیاوازی زۆریان لەنێواندا هەیە. بەداخەوە هەرێم زۆر بەربادە بەڵام ئەوە لەوە کەم ناکاتەوە کە لە هەردوو وڵات خەڵکی یەک داوای هاوبەشیان هەیە، تەنها لەوەدا لەیەک دەچن.
سەرچاوەی هەواڵ لەڕۆژنامەی هێلسنکی سانۆمات:
Kymmenettuhannet vaativat "todellista demokratiaa" Espanjassa - HS.fi - Ulkomaat

٢١ ئایار ٢٠١١ پەرلەمانتار فەوزادروستکەرە؟!
ئەوە یەکدوو ڕۆژە دەنگۆیەکی وا بڵاوە کە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەنیازن دەست لەکاری پەرلەمان بەربدەن! تەنانەت ناوی چەند دانەیەک هاتووە بەڵام هەر لەڕاگەیاندندا یەکێک لەوانەی بزووتنەوەی گۆڕان پلە و ئەرکێکی کەی وەرگرتووە لەوە ناچێت ئەو هەواڵە ڕاست بێت، هەموو قسەیەک و دەنگۆیەک و داوایەکی وا مەرج نییە دروست بێت. ئەی ئەلتەرناتیڤ چییە؟ هەندێک شت خەریکە دەبێت گاڵتەی مناڵان!!
ئەمە نە ئیعترازە نە شتێکی لەو جۆرەیە کە ژمارەیەک لەڕاگەیاندنی نزیک بەئۆپۆزسیۆنی وەک ماڵپەری ستاندار بڵاوی دەکاتەوە و باسی دەکەن.
ئەم جۆرە هەواڵانە، لەباری لۆجیکییەوە نادروستە، یان ئەگەر دروست بێت دەچێتە بازنەی ئەو هەرجومەرجەی بەربینی بە کەشی سیاسی وڵاتەکە گرتووە، سەروچاوی ئۆپۆزسیۆنیش دەگرێتەوە! ئەگینا پەرلەمانتارێک چۆن بەهەر بیانووی سیاسییەوە بێت واز دەهێنێت لە ئەرک و کارێک کە خەڵکی پێیان سپاردووە؟ ئەو نوێنەرایەتییان دەکات لەدەزگای گرنگی وەک پەرلەمان!؟
لەکاتێکدا ڕاست دەبێت کە لیستەکە وەک چۆن بایکۆتی چەند دانە لەدانیشتنەکانیان کردووە، بێنە دەرەوە بەتەواوی، نەک فڵان دانە و فیساردانەیان، لەوانەیە لێکدانەوەی خراپی بۆ بکرێت.

١٦ ئایار ٢٠١١ ئایینەکان هیچیان لەوی تریان باشتر نیین!
بە پێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ڕووداو وا هاتووە: ساڵانه‌ ٥ هه‌زار به‌ریتانی ده‌بنه‌ موسڵمان لەبەر ئەوەی ئایینەکە بەباش دەزانن!

ئەم جۆرە هەواڵانە زیاتر لە میدیای پارت و تەوژمە سیاسییە ئیسلامی و عەرەبەکانەوە دەردەچێت و گرنگی پێدەدەن کە مەبەستەکەیان ئاشکرایە.
ئەی ئەو ڕاپۆرتە باسی ئەوەی نەکردووە چەندیش واز لەئایینی ئیسلام دەهێنن و دەبن بەکریستیان و ئاینەکانی تر؟ یان ئەوانەی هەر بەتەواوەتی واز لەئایین دێننو دەبنە ئاتائیست؟ ڕێژەی ئایین گۆڕینی لەلای کامیان زیاترە؟
پرسیار ئەوەیە کام لەئایینەکانی دنیا لەوی دیان باشترە؟ بێگومان لای بڕوادارانی فڵان هی خۆیان بەباشتر دەزانن لە فڵانی تر. سێ لە ئایینە گەورەکانی دنیا لەناوچە گەرمەکاندا سەریان هەڵداوە، کەچی لەنێو دەقە پیرۆزەکاندا محەبەت و بەخشندەیی و زۆر شتی جوان تر دەدۆزیتەوە. لەکاتێکدا چ کەشوهەوای گەرم یان سارد مرۆڤ دەهری و تووڕە دەکات، سەڕەڕای ئەوەیش خاڵی هاوبەش کۆیکردوونەتەوە ئەویان محەبەتی زیاتر لێدەتکێت و ئەویان پچێک کەمتر، وە هەروەها لە خاڵی شەرەنگێزیشدا. ئەو دیدە تووندە کە فەزڵی ئایینێک دەدات بەسەر ئاینێکی تردا، ژیرانەتر ئەوەیە؛ هەموو جوانن هەر یەکەیان بەشێوەیەک.
جێی پرسیارە بۆ لە باکووری گۆی زەوی ئایین پەیدا نەبووە، خۆ لەچەند ناوچەی ئەوێ ساردییەکەی لەڕادەبەدەر وەک گەرمییەکەی میسر و ئیسرائیل و سعودییە بەهێز و کاریگەرە!!؟؟

١٦ ئایار ٢٠١١ سەرمایەدارەکانیشیان هەڵفریواندووە!
لە هەواڵێکی ماڵپەڕی خەندان هاتووە: فاروق مه‌لا مسته‌فا: سلێمانی ده‌كه‌ینه‌ جێگه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا.
ورد بنەوە لەم قسە و دەربڕینانەی سەرمایەدارێکی گەورەی کوردی باشوور، کە هاوشێوەی دەربڕینەکەی سەرۆکی پارتی(مەسعود مستەفا بارزانی)یە. وتوویەتی کوردستان دەکەین بەدوبەی! جارێکیش گۆرانیبێژە تورکە بەرەگەز کوردەکی باکوور، شتێکی وای دەربریبوو. جا قسە لەوەیە ئایا ئەو کارە هی بزنسمان یان هی سیاستەمەدارەکان؟ بێگومان نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەسابەکە دروست ترە. بەڵام ئەمانە بۆ منافەسە دەکەن لەسەر ئەوەی کامیان باشتر لاسایی عەرەبەکان بکاتەوە!! ئەوە نازانن وەرگرتنی هەر شتێک لەعەرەبەکان وەک کرینی دەستی دوو دەردەچێت، ئەمە لەکاتێکدا کاڵا و بەرهەم و ... ئۆرژیناڵەکە بەهۆی دەرگا کراوەییەوە فەراهەمە. جێی داخە هەموو بەسیاسی و بزنسمانەکانەوە وڵاتەکە وەک بەشێک لە وڵاتی عەرەبی پیشان دەدەن و خۆیان وا دادەنێن!

ئەمە لەکاتێکدا لەدوای ڕاپەڕینەوە کورد بەگشتی لەهەوڵی ئەوەدایە ناسنامەی عەرەبی لەعێراق بکاتەوە، هەوڵەکەشی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و لەدەستووردا نووسراوە. بەڵام سیاسییەکان و بزنسمانەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و بازارێکی گەورەتر بۆ ساغکردنەوەی کاڵایان خەریکن پێچ کردنەوە و بەگدانان بۆ دواوە!  هەرچەندە کەسێکی وەک فاروقی مەلا مستەفا لەکۆنەوە بەوە ناسراوە کە سەرمایەدارێکی نیشتمانییە. بەڵام هیچ شتێک قابیل بەمانەوە نییە پێ دەچێت ئەویش بای دابێتەوە!!

٢ ئایار ٢٠١١ کوشتنی بن لادن، لەرەگ هەڵکێشانی تووندڕەوی!
بن لادن، ئەو ڕووە ناشرینەی تووندڕەوی ئیسلامی سیاسی، ئەولاتر چوو، بێگومان نموونەکانی لەو جۆرە زۆرە چ لەناوخۆی هەرێم و چ لەدەرەوە، هەر بەو چارەنووسە دەکەن، ئیتر درەنگوزووی کەوتووە. بەنەمانی ئەو مرۆڤە لێدان بوو لە کەللەیەکی زل، پاشاکشەیەکی تر بۆ ئەو تەوژمە توندەی کە سەرکردایەتی دەکرد. دیارە لەوکاتەوە پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی تووندڕەو دەستی پێکرد کە هەمەلایەنە لەدوای ڕوودانی تاوانی ١١ی سێپتەمبەری ئەمەریکا کەوتە بەر هەڵمەت، ئەنجامەکەیمان زۆر بەجوانی لەم خرۆشانە جەماوەریانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکووری ئەفەریقا و  هەرێمی کوردستان هەست پێکرد کە ئەو تەوژمە ئەو وزەوتوانایەیان نەماوە کە یاریکەری ئەسڵی و یەکەمی گۆڕەپانەکە بن بەڵکوو لە پلە سێ و بەرەوخواردان و تەوژمەکانی تر دەیانجووڵێنێت. بەم شێوەیە بۆ دەورەیەک دنیا ئارامییەک بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام هەمیشە زەمینە لەبارە بۆ چەکەرە کردنەوەی ئیسلامی سیاسی توندڕەو کوێ و تەوژمە هاوشێوەکانی تر لەئایدۆلۆجی دی..

٢ ئایار ٢٠١١ چاکسازی یەکسانە بەڕووخان!
بەڵگەنەویستە کە سیستەمی دیکتاتۆری توانای چاکسازی و گۆڕانی تیا نییە و مردووە، گەر نێتی زیندوو کردنەوەی هەبێت یان بییەوێت گۆڕانکاری بکات خۆی دەمرێت.

٢ ئایار ٢٠١١ لەبارەی زیندانی کردنی دکتۆر فاروق ڕەفیق؛ەوە
دەکرێت بەجۆرێکی تر چوون بەرەوپیری زیندان لێکبدرێتەوە، ئەوە زەمێکی گێلانە و هەڵەیە دکتۆر دەیکات گوایە لەیاسا ڕاناکات. ئەو خۆی لەقسەکانیدا ئەو یاسایەی بەیاسا داناودەنا و ملیۆنێک ڕەخنەی لێی هەبوو، کەچی دەچێتە پای سێدارە و بەرەوڕووی دەچێت!!!!!

١ ئایار ٢٠١١ مەلا کرێکار و کەناڵی نالیا سەرچیغچوون!!
ورووژاندنی پرسیارێکی وەک ئەوەی کە کەناڵی نالیا لە مەلا کرێکاری کردووە، دەربارەی کۆنە فتوای کوشتنی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس، یەکێکە لەو خاڵانەیە کە بەهەڵە و زیادە و کاتی نەبوو دادەنرێت. چوونکە بەقازانجی دەسەڵات دەشکێتەوە، هەڵخراندنی زیاتر لەدژی باڵێکی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە خۆیان بەسەرکەوتوو دادەنێن و سەرای ئازادییان بەهێزی سەربازی داگیرکرد...
ئەگیان ئەو قسەیەی مەلا کرێکار شەکر شکاندنێکی بێتام و بۆیە، ئەویش وەک ڕۆژنامەنووسەکە سەرچیغ چووە!! هەستی بەبەرپرسیارێتی و هەستیاری قۆناغەکە نەکردووە!!!!