خەمی ڕۆژانە، تشرینی یەکەم ٢٠١١

AbasShiwan-عەباس شوان

شەممە ٢٠١١.١٠.٢٩ لە ئایینی ئیسلامدا بۆ پۆلاریزم بگەڕێن!
ئایا بەڕاست ئایینەکان بەتایبەتی ئایینی ئیسلام رەگ و لایەنی زۆری بۆلاریزمی (تەعەدودییە) تێدایە؟ یان دیکتاتۆری؟ گەر درۆ لەگەڵ خۆماندا نەکەین هەردووکیان بوونی هەیە. بەڵام کام لایەنی زۆرتر و زاڵترە؟ بۆ نموونە ئایا ئەم ئایەتە نیشانەی تەعەدودیەتە: «ولو شاء الله لجعلكم أمة واحدة» ؟ تایبەتمەندی و مەترسی ئایین ئیسڵام لەوەدایە، یەکێک دێت بەهەمان قورئان شەڕی تەعەدودیەت دەکات، نەک ئایەتێک بەڵکوو چەند نموونە دەهێنێتەوە کە دژی ئەو لایەنە جوانەیە کە پێویستە زیاتر دەربکەون تا دوور بخرێتەوە لە داخران و دابڕان. کەچی بەپێچەوانەوە گوێگری ئەم دەستەیە زۆرتریشن!!!

هەینی ٢٠١١.١٠.٢٨ هەڵوێستی کۆمۆنیستی و ناسیۆناالیستی یەکدەگرنەوە!
لەلایەکەوە ئەو ڕاگەیاندنەی یەک لایەنەی پارێزگای تکریت و خۆکردن بە هەرێم، زەرەری کوردە، لەلایەکی ترەوە قازنج. بەڵام ئەم هەڵوێستە دژەی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری بەجۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە تەمامییەتی زەوی عێراق دەکات. کە هەموو ناسیۆنالیستە کۆن و نوێکان وایان پێ باشە!!!! ئەمە چ تەناقوزێکە!! مادام هەر ناوچەیەک کە فڵان ئانزا یان فڵان نەتەوە تێیدا زووربەیە، حوکمی خۆیان بکەن باشترە وەک لەوەی مایەی نائارامی بەردەوام بن بۆ گشت و بۆ یەکتر. لە ڕاستیدا وڵاتێک بەشێوە ستاندارەکەی نەماوە کە ناوی عێراق بێت.. ئیتر ئەم عێراقچێتی و ئاسنی سارد کوتاننە لە پای چی؟؟؟!!! لێی گەڕێن با تەفروتوونا بێت..

تەواوی تێکستی بەیاننامەی حیزبی ناوبراو لێرەدایە

هەینی ٢٠١١.١٠.٢٨ لەمەسەلەی ژناندا پێغەمبەران قەباعەتبارن!
گەر باس لە مێژووی پەیامبەرەکان بکرێت، بەتایبەتی لە مەسەلەی ژندا هەر زۆر قەباعەتبارن. با ئەم جۆرە مەلایانە و یان ئەو بانگەوازخوازە ئیسلامیانە بروبیانوو نەهێننەوە بڵێن ئێ خۆ قەیچێکا هەر پەیامبەرەکەی ئێمە وای نەکردووە یان هەر کتێبەکەی ئێمە وای نەووتووە، ئەوانی تریش وەک ئێمە کردوویانە و وەک کتێبی ئێمە ڕێگایان بە فرە ژنیداوە... ئەو مێژووە چیلکەی تێوە نەدرێت چوونکە مێژوویەکی بۆگەنە بە دیدی مۆدێرنی ئێستا.

تکایە بۆ بینینی قسەوباسی ئەو کابرا ئایینییە کلیکی ئەم گرتە ڤیدیۆیە بکە

هەینی ٢٠١١.١٠.٢٨ کومپانیا تورکییەکان دوو جار غەشمان لێدەکەن!
نها قسەوباسی جۆراوجۆر لەبارەی ئەوەی لە شاری وانی کوردستانی باکوور ڕوویدا دەکرێت. لەوانەیش مەسەلەی غەشی کومپانیاکانی بیناسازی ئەو وڵاتەیە. ئەم غەشەیش هەموو هۆکان نییە بەڵکوو یەکێکە. ئێمە ئەم یەکە بگرین، وەک دەزانیین، هەر ئەو کومپانیا غەشاشانەیە کە لە وڵاتەکەماندا (هەرێمی کوردستان) خەریکی کارن و تا ئاستێک کۆنترۆڵی ئەو بوارەیان لەدەستدایە. جا ئەو خاوەن کومپانیا غەشاشانە خیانەت لە هاوڵاتی خۆیان لەبەر خاتری گیرفان و قازانجی خۆیان بکەن، ئەبێ لە وڵاتێکی دراوسێ کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بە دوژمنی دەزانن گەر لەلای خۆیان جارێک ئەو کارە بکەن، بێگومان لە هەرێمدا دووجار غەش دەکەن، خوانەکردە گەر بوومەلەرزەیەکی بچووک ڕوو بدات بێگومان داری ئەو ئاپارتمانەنە بەسەر بەردییەوە نامێنت، وەک دەڵین بە فوویەک دەروخێن. کەواتە کاتی چاوخشاندنەوە بەکاری ئەو کومپانیا تورکیانە نەهاتووە؟ نەبێتە قسەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا کە وتبووی چاو بە غەشی و کاری ئەو کومپانیانەدا دەخشێنینەوە، لێپرسینەوەی تووندیان لەگەڵدا دەکەین، ئەگەر هاتوو ببێتە هۆی دۆراندنم لە هەڵبژاردنەکاندا. ئیتر نازانم سیاسییەکانی هەرێم ئازایەتییەکی لەو شێوەیە لە خۆ نیشان دەدەن؟

هەینی ٢٠١١.١٠.٢٨ چیرۆکی زۆر کورت!
-: نۆێژ دەکەیت؟
-: دەمێکە نەمکردووە. چوونکە خاڵە کەریم  بەهانامەوە نەهاتووە، بۆیە وازم لێهێناوە. لەم وڵاتە مەلا و ئایەتووڵا و سیاسییە تاوانبارە جۆراوجۆرەکان کە فرە زۆرن، یەکسانن.
-: خەون دەبینی و هیواو ئاواتت هەیە؟ بیرت لە دواڕۆژت کردۆتەوە؟
-: نەخێر! ئەی تۆ؟
-: دواڕۆژ، ئەوەیە لەگەڵ کەسێکدا بژیم کە مردم، بێتە سەرگۆڕم و گوڵێک بەحوزنەوە دابنێت.

دووشەممە ٢٠١١.١٠.٢٤ کورد ژێردەست لاسایی نەتەوەی سەردەست دەکاتەوە!
بەشی زۆری قسەکانی ئەو بەرپرسە حیزبییە (نێچیرەوان: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نزيكترين ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری PKK و ئۆجالانه‌ و ده‌بێ له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا ڕێك بكه‌ون و جگه‌ له‌مه‌ هيچ ڕێگه‌يه‌كی تر بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ركه‌وتوو نابێت. ) بەرگریکردنە لە باڵی تووندڕەوی کوردانی باکوور کە موتەمەسیلە بە پێ کە کە و عەبدوڵا ئۆجەلان. ئەگەر سەرۆک شارەوانی و ئەندام پەرلەمانەکان بە باڵی سیاسی ناو ببەین و دەربڕینێکی گونجاو بێت، ئەوا کوردی باشوور دەبێت بە حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە پشتیوانی ئەو باڵە فەرمییەی ناو خۆی وڵاتەکە بکەن، نەک لە هەوڵی لاوازکردنیدا بن!
دیقەت بدە چاودێر و سیاسییەکان بەگشتی لایەنگری پرۆسەی چاکسازی ئۆردۆگانن بەتایبەتی کرانەوەی بە ڕووی کورددا، بەڵام لایەنگری ئەو حیزبە تووندڕەو و لەشکر و جەنەڕاڵەکان نیین. ئەم هاوکێشەیەی نەتەوەی باڵادەستی تورک سەیر دەکەیت لە نێو نەتەوەی ژێردەستی کورد هەمان هاوکێشە ڕەنگیداوەتەوە. لە زۆر خاڵدا سیاسییەکانی کورد لەناوخۆ کارێک دەکەن، خێرا باڵە سەربازییەکە وەک لەشکری تورکیا ڕێسێکە دەکانەوە بەخوری یان گرێوگۆڵیان بۆ دروست دەکەن! بۆیە لە ململانێیەکی وادا وەک چۆن کوردی باشوور بەشێوەی جۆراوجۆر دژ جەنەڕاڵ و حیزبە تووندڕەوەکان نەیاری پیشان دەدەن، بەهەمان شێوە باشترە هەمان هەڵوێست لەبەرانبەر جەنەڕاڵە کوردەکان هەبێت، هەر لایەنگری و پشتیوانییەک لێیان، کفری سیاسی گەورەیە.

سەرچاوی هەواڵ: ماڵپەڕی پەیام نیوز

یەکشەممە ٢٠١١.١٠.٢٣ کوشتنی قەزافی و هەڵوێستی نابەجێ!
کوشتنی ئەو کابرا دیکتاتۆرە (موعەمەر قەزافی) بەو شێوەیە جوان نەبوو وەک چۆن هێنانی حوسنی موبارەک لەسەر نەقالەی خەستەخانە بۆ ناو هۆڵی دادگا، بەڵام لەم وردە هەڵوێستانەدا ڕووی ڕاستی فڵان فیسار مرۆڤی خۆ بەئۆپۆزسیۆنزان ئیتر چەپ یان ڕاست بێت دەردەکەوێت! کە دەمیان دەکەیتەوە دانی خێر بەکەسدا نانێن غەیری خۆیان نەبێت، شتێکی واش ڕوو دەدات دەکەونە پاڕانەوە, گوایە ڕووی مرۆڤدۆستییان دەردەخەن! دەکرێت بە شێوەیەکی تر ئەو ڕووداوە بخوێندرێتەوە کە ئەو کووشتنە پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان دەستیان بەدەسەڵاتەوە گرتووە، بە ئامان و زەمان لێی نابنەوە و لەبەرانبەریدا هیچ خزمەتگوزارییەکیش پێشکەش ناکەن و بەئاگر و ئاسن وەڵامی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان دەدەنەوە..
ئەو کارە مانای وا نییە کە ڕاستوچەپ بەسەر هەوڵی ملیۆنەها مرۆڤی لیبی بۆ ئازادی و ڕزگاری بهێنن و ڕمڵ بۆ ئایندەیان لێبدەین بە ڕەش و ناشرین و دزێو بیان بینین. هەر لە ئێستاوە لەبەرچاومان بکەوێت، بە دیکتاتۆری هاوشێوەی قەزافیان دابنێن. پارانەوە بۆ دیکتاتۆرەکان لەپای چی؟ ژیان هەرگیز ڕاستە ڕێ نەبووە؟ هەمیشە کارە جوان و ناشیرنەکان نەقیزەکەی خۆی لەهەناویدا هەڵگرتووە. کەواتە با هیچ نەکرێت و ئەو دیکتاتۆرانە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن!!


چوارجشەممە ٢٠١١.١٠.١٩ کورد و مێژووی تاریکی ئیسلام!
بە بەرگرکردن لە مەلا بەختیار نەبێت، وەڵامدانەوەی ئەبوبەکر جێی پەسەند نییە، لەو سەردەمەدا کورد لەنێوان بەرداشێکی نەخوازراودا بووە، بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرییەتی ساسانی کە داگیرکەری کوردستان بوون، ئەگەر لەشکری داگیرکەری عەرەبە دەشتەکییە ئیسلامییەکانیان گۆڕیبێتەوە بە ساسانییەکان، لەو مەبدەئەوە بووە کە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە. هاوکات باجدەرێکیان گۆریوەتەوە بە باجدەرێکی دی. کەواتە هەردووکیان نەفرەتی بوون بەنیسبەت کوردەوە، نەک ئەویان خۆشەویست ئەویان فریشتە و هەڵپەی ئەوەیان کردبێت بە سەرمەقولات بەرەو لای ئەو ئاینە بڕۆن.
بەداخەوە لەو خاڵەدا ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌ (ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌ كوردستان) ئایدۆلۆجیای ئایینی ئیسلام بەرچاوی لێڵکردووە. ئەو، لە دەڵاقەی داگیرکەرە ئیسلامییەکانەوە بۆ مێژوو دەچێت!! بەشێک لە تەوژمی ئیسلامی سیاسی هەوڵ ئەدەن مێژووی ئیسلام بە ناشیرنییەکانیشیەوە لە خەڵک بە جوان پیشان بدەن!!

پێنجشەممە ٢٠١١.١٠.١٣ کوردبوون عەزابە عەزاب!
پ/ ئەگەر شانازی بە کوردبوونتەوە دەکەی، هۆکەی چییە؟
و/ وەڵامدانەوە قورسە،، کوردبوون لە زۆر خاڵدا مایەی سەرئێشە بووە، کێشەی درووستکەر بووە، خودایە نەدەکرا کورد نەبوومایە، یادگارەکانم هەر لە منداڵییەوە بۆ نموونە هونەر و مۆسیقا هێندەی عەرەبی و تورکی و فارسی بووە، نیو هێندە کوردی نەبووە، لە دەرەوەی زێدی لەدایکبوونش کە لەڕاستیدا دەرەوەی وڵاتیش نییە و نامۆ بووین، بێ پێناس وەک قەرەج واین، دەبێت بڵیم عێراقین وەک لەوەی کوردستانی خۆ بناسێنین.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە لەعنەت و نەفرەتی مێژووە بەدوامانەوە، هەرچی بکەین لێمان نابێتەوە، خۆ ناکرێت نەهی بونی بکەین بۆیە دەبێت بڵێن کوردین و بەکوردی دەژین و بەکوردی دەدەین وەڵامی قەبرمان.

کەسانێک هەن هەر زۆر شوڵی لێهەڵدەکێشن، بە زمانی کۆمۆنیستە ڕادیکاڵەکان دەپەیڤن دەفەرموون: ( بۆ دەبێ مرۆڤ شانازی بە نەتەکەیەوە بکات. لەکاتێکدا ئەو نەتەوەیە بۆ مرۆڤایەتی دارێکی نەخستۆتە سەر بەردێک) سادەترین وەڵام بۆ هێشتوویانە سەر دەربهێنێت تا بەرد بخاتەسەر بەرد؟ سەرەتای بێ شەخسیەتبوونی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆجییەکی شموولی وەک ئایینی ئیسلام، بۆیە ئەو ئایینە و نموونەی هاوشێوەی ئەو، مایەی نەفرەتە... نا کورد وەک مرۆڤ و هەر گەل و میلەتێکی تر دەتوانێت بەهەوڵەکانی گەر دەرفەتی شایستەی بۆ برەخسێت مرۆڤایەتی جوانتر بکات. کەلی مرۆڤایەتی لەوەدا دەردەکەوێت کە گەلانی هاوشێوەی کورد نەهێلراوە بەهەر بیانوویەکەوە بێت، دەوری شایستەی خۆیان لە بوار و کایە جیاوازەکاندا ببینن.

دووشەممە ٢٠١١.١٠.١٠ نموونەی ناسیۆنالستێکی تێکشکاوی خۆ بە فریشتەزان!
ڕۆتردام. لەیلا زانا، وتی:جاری وایە بیر لەوە دەکەمەوە، ئەگەر دەرفەت بوایە لە نێوان دوو ڕێگادا یەکیان هەڵبژێرین، باشتر بوو داگیرکراو و زۆرلێکراوبین، یان داگیرکەر و زۆردار؟ من ڕازیم بەوەی خاکی کەسمان داگیر نەکرد، وڵاتی کەسمان نەسووتاند و، ژن و منداڵی خەڵکی دیکەمان قڕ نەکرد. مندالەکانمان سبەینێ، دەتوانن سەریان بەرز ڕابگرن و بڵێن دایک و باوکمان، ڕەگەزپەرست و داگیرکار نەبوون و خەباتکاری ئازادی بوون.

نا ئەو دەربڕینانەی لەیلا زانا بیانووی ناسیۆنالستێکی تێکشکاوە، ئەگیان کام ناسیۆنالیست کە بەهێز بووە، زەبری لە نەتەوەی ژێردەستی خۆی نەداوە؟ یان کام ناسیۆنالیست هەیە کە ڕقی لە دراوسێکەی نەبێت کە لە نەتەوە و ڕەگەزێکی ترە؟ لەرۆژهەڵاتدا ناسیۆنالستەکان زۆر دڕترن لە ناوچەکانی دی دنیا. هێشتا لە دەسەڵاتدا نین، هەڵسووکەوتی ناسۆنالیستێکی بەدەسەڵات گەیشتوو دەنوێنن!! هاوکات ئەو جۆرە لە پەیڤین گوزارشت لە دوو ڕووی و دەجەلێک دەکات کە لەبەرانبەر ئەورووپاییەکاندا دەیکەن و دەینوێنن.
ئەوەیان شتێکی ترە، لەیلا زانا قابیلە لەبەرانبەر ئەو جەماوەرەی کوردستانی باکووردا خۆی وا پیشان بدات، نا ئەوە ئەوانن دەنگی پێدەدەن و ئەوە نانی ئەوانە دەیخوات. ئەمەیش بۆ خۆی دووڕووییەکە. ئەوە زەمێکی بێتامە و سیاسەتێکی دەرەکییە و زۆر جێی بڕوا نییە، ناسیۆنالستەکانی ئێستا و بەر لەویش پەنای بۆ دەبەن و بردووە. قابیلە لەشوێنی گشتیدا داخویانی توندوتێژ دەرببڕێت؟ ناسیۆنالستە ژێردەستەکان هەمیشە وەک مەر خۆ پیشان دەدەن.

یەکشەممە ٢٠١١.١٠.٩ کەی دەگۆڕێت؟
-: ئایا ئەو هەرێمی کوردستان چەند ساڵی دەوێت تا وەک میسر و تونس و لیبیا و.. لەژێر چەکمەی یەکێتی+پارتی ڕزگاری بێت؟
-: پەیوەندی بە شێلگیری ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە، گۆڕاوە و گۆڕانێک ڕوویداوە، بەڵام ئەوە نییە زۆر جێی دڵخۆشی بێت. ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش نەبێت ئەوان (یەکێتی+پارتی) بەهۆی ڕووداوەکانی دەورووبەر و ناوچەکەوە، لە ترسی کورسییەکانیان دەجووڵێن..ئیتر بابزانیین چۆن دەبێت و چۆن دەڕوات....

هەینی ٢٠١١.١٠.٧ شەهیدکردنی مشعه‌ل ته‌ممۆ!!
کوردەکانی ڕۆژئاوا خەریکەن بەدەردی کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەچن و سەرکردە دیارەکانیان تیرۆر دەکرێت. دەسەڵاتی سووریای عەرەبی و ئێرانی فارسی هاوپەیمانن، پێدەچێت لە دژایەتی کردنی ئۆپۆزسیۆنی کورد هەمان ڕێچکە و هەمان تاکتیکیان گرتبێتە بەر!!!! بۆیە کوردانی رۆژئاوا ئەم دەگە نامەردانەیە دەبێت لەبەرچاو بگرن، نەهێڵن سەرکردەکانی تریان شەهید بکرێت.. جێی داخی گەورەیە...

هەینی ٢٠١١.١٠.٧
لاپەرەی دزێوی بنەماڵە ناودارەکانی کورد
بۆ داکۆکیکردن له‌ جووتیارانی عه‌ربه‌ت، شیوعییه‌کان له‌ سلێمانی خۆپیشاندان ده‌که‌ن! شێخ له‌تیفی شێخ مەحموودی حەفید ته‌قه‌یان لێ ده‌کات، نووسه‌رێکی ناوداری سلەیمانی کە ئێستا لەژیان ماوە، هەڵگری بڕوانایەکەی گەورەیە. داکۆکی له‌و هه‌ڵویسته‌ی شێخ ده‌کات، گوایە شێخ نیوه‌مه‌ست بووە! بۆ گاڵته‌ ته‌قه‌ی به‌ ئاسماندا کردووه‌. بەدەسکارییەوە لە وتاری نووسەرێکی دەرباری زۆنی زەردەوە وەرگیراوە.
ئەوەی کە بەپێچەوانەی گوایە شێخ لەتیف لایەنگری لە شوعییەکان کردووە شتێکی وام بیستووە کە موتەعاتف بووە، جا نازانم شێخ لەتیف یان شێخ کاوەی کوڕی بووە؟ چوونکە باش بیرم نییە، کەسە شیوعییەکان دەچونە ماڵیان. ئەم نووسەرەی کە من بابەتەیەکم لێوەرگرتووە، خۆی کۆنە تەحریفی بووە، ئێستا لەباوەشی بنەماڵەی بارزانیدایە، ئەوەیشی (د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ) کە ئەو ڕووداوەی گێڕاوەتەوە، وەک ئاماژەم پێکردووە، نزیکبوون لەو جەماعەتە تەحریفییەوە، شەهادەکەی لە ڕووسیا بەدەستهێناوە، من بۆیە نووسیوومە نووسەری دەرباری زۆنی زەرد لەبەر ئەوەی گۆمانم لە قسەکانی هەیە، ئەو بەدەگمەن بەباشە باسی نووسەر و کەسایەتیەکانی سەنتەری سلەیمانی دەکات، خۆشی خەڵکی پارێزگای سلەیمانییە و شوهرەتی ناوچەیەکی وەک پاشگر هەڵگرتووە.
د.عێزەدین، کتێبێکی وەک بیرەوەری دەرکردووە، مێژوونووس نییە، زیاتر ئەهلی ئەدەبە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە و ماوەیەکی زۆرە لە ڕۆژنامەی ئاسۆ ستوونێکی زمانەوانی هەیە.
مێژوونوسیش جۆری زۆرە، بەداخەوە، دکتۆر کەمال مەزهەر لەدوای ڕاپەڕینەوە و تێکەڵبوون و نزیکایەتی لەگەڵ حیزبە فەرمانڕەواکان، زۆر بەرباد بووە!! جێی بەزەییە. هەوڵ و کتێبە باشەکانی کۆنیشم لەبەرچاو کەوتووە..

سێشەممە ٢٠١١.١٠.٤ ئۆپۆزسیۆن بۆ کورسی حکم هەوڵ نەدا چی بکات؟!
ئۆپۆزیسیۆن بەدوای کورسیەوەیە بەتەنها و بەس، نەوەک بەرگری لە خەڵک.
دیدێکی لەم جۆرە ئاڵا هەڵگرانی لەناو کۆمەڵگادا زۆرە. خۆ لە ڕاستیدا بەشێکی لە شوێنی خۆیدایە، خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەکات تا ژیانی باش بێت ژیان باش بوون ئەو کورسییەیە یان یەکسانە بەو کورسییە، کە ئەو بەشە خۆ بەئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆزسیۆنە دەڵێن ئۆپۆزسیۆن بەدوایەوەیەتی. دەربرینی ڕەشبینانەی وا دەمانگەیەنێتە چی؟ ئۆپۆزسیۆنی نها چەند تەوژم و ئاراستەیەکن لە کێبڕکێیەکی سەختان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر (یەکێتی+پارتی) بۆ بێئەهەمییەت کردنی داواکانیان هەمیشە لەم جۆرە تۆمەتانە و ئاوازانەیان ئاڕاستە دەکات.

سێشەممە ٢٠١١.١٠.٤ بەتاڵکردنەوەی سحر!
نا نا ئەو ڕاپرسییە ئەنجامەکانی جێی گومانە، دەزانن بۆ چوونکە لە دێڕێکدا نووسراوە (كه‌ناڵی‌ NRT تێچووی دارایی ئه‌نجامدانه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆگرتوه‌) ئەمە بۆیە کەناڵەکە لەو ڕاپرسییەدا یەکەمی هێناوە. ئەم مەسرەف کردنە بۆ؟!! من بۆ خۆم یەکێکم لە بینەرانی کەناڵەکە، بەڵام هەست دەکەم خەلەلێک و فێڵێک لەو ڕاپرسییەدا هەیە.. ئیتر چۆن کراوە، پێویست بە ڕوونکردنەوە دەکات. مەترسی کارێکی وا لەوەدایە کە ئەم کەنالە ئیعتبارێکی باشی هەیە و ڕاستگۆیی و بێلایەنی پێوە دیارە و قایلی پشتیوانییە، نابێت لەبەر ئەوەی خۆی پارەی داوە و مەسرەفی کردووە ئەنجامەکانی بەلای خۆیدا دابشکێنرێت.
لە ناو ئەو ڕاپۆرتەکەدا کە ماڵپەڕی کەناڵی NRT خۆی بڵاویکردۆتەوە، یەک دێڕ وەرگیراوە، هەموو داوەرییەکە یەکسان دەکاتەوە بەسفر، سحری ئەو دەزگایەی کە هەڵساوە بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە بەتاڵکردۆتەوە.
تێکستی ڕاپۆرتەکە لێرەدایە

دووشەممە ٢٠١١.١٠.٣ سروودی ئەیرەقیب وەک قورئان ناگۆڕدرێت!
ئەو داوایە زۆر ڕوون و ئاشکرایە، هێرش نییە، سروودی ئەیرەقیب وەک قورئانی موسڵمانانی لێهاتووە کەس جەرائەت ناکات بیگۆڕێت! خۆ زۆر باشە سرودێکی ناوچەیی بەتەنیشت ئەیرەقیبەوە دابنرێت. کەواتە پێویست دەکات نەک ئەوە بگۆڕدرێت، بەڵکوو ئاڵای هەر پارچەیەکی کوردستان جیاواز بێت. بەمەرجێک لەسەر بنەمای ئاڵا کۆنەکە هەستابێت. لە ڕاستیدا و لە ئاستی فەرمیدا وەک دەبینرێت ئەو ئاڵایەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەڵکراوە، بۆتە موڵکی هەرێم و باشوور لە ئاستی دنیا دانپیانراوە، کەواتە ئەم داوایە زیاتر سەروچاوی کوردی پارچەکانی تر دەگرێتەوە. نابێت ئەوە فەرامۆش بکرێت سروودی ئەی رەقیب، تێکست و ئاوازەکەیشی هی خەڵکی باشوورە، مەعقول نییە دەستبەرداری بن. کەواتە لەمەشدا پارچەکانی دی دەبێت مشوری سروودێکی نوێ بۆ خۆیان بخۆن.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ستاندار. یاداشتی ٢٢ پەرلەمانتار لەبارەی گۆڕینی سروودی ئەیرەقیبەوە

دووشەممە ٢٠١١.١٠.٣ وازهێنانی تاکتاکی پەرلەمانتار، بێسەمەرە!
تاک تاک دەست لە کارکێشانەوە سوودی نییە، کاردانەوە و جەنجاڵ دەخولقێنێت، بەڵام کاریگەری ئەوتۆی نابێت، ئەوە یەکێتی دووهەمین پەرلەمانتارییەتی لەدوای دادوەر ڕزگار وازدەهێنن. بۆ خۆی هەڵوێستی مەردانەیە، دەستبەرداربوونە لە کارێکی مووچە گەورە و درێژماوە. گەر فراکسیۆنێک یان بەکۆ فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان بێنەدەر ئەوا فەرتەنە ڕوو دەدات، بەڵکوو لەوانەیە ببێتە هۆی کەوتنی حکومەت و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان.
تێکستی هەواڵەکە لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا

دووشەممە ٢٠١١.١٠.٣ نهێنییەکانی سەردەمی سۆڤییەت!
ئەو کارەی ماڵپەڕی ویکلیکس کردی لە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دبلۆماسکاران وەک بۆمێک وابوو لە گۆمێکی لیخندا، بووە سەرباشقە تا خەڵکانی تر بەو ڕێچکەیەدا بڕۆن، وەک لەم لینکەدا دەبینرێت، ڕووسەکان ڕاپۆرتە نهێنییەکانی سەردەمی حوکمی بەناو حوکمی سۆسیالیستی لە سۆڤییەتی کۆندا هەڵدەدەنەوە، کە چی تیا گوزەراوە. مشتێک لەخەروارێک ئەوەیە: لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، بۆ دروستکردنی هێڵێکی شەمەندەفەر، دیلەکانی جەنگیان بەکارهێناوە، لە ئەنجامدانی ئەو کارەدا نزیکی ١٥٠ هەزار دیل مردوون!!
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئیڵتا سانۆماتی فینلاندی

یەکشەممە ٢٠١١.١٠.٢
مالکی بەتەمایە هەمووی لووش بدات!
ئەو مالکییە کەری کوێیە؟؟!! کورد دارێکی بەدەستەوەیە هەردوو سەرەکەی پیسە، بەڵام ئەو نامەیەی مالکی ئەگەر ڕاست بێت(..بەرژەوەندی‌ عێراق بخرێتەسەرو بەرژەوەندییە شەخسی‌‌ و نەتەوەییەكانەوە..) قسەیەکی بێمانایە بەرژەوەندی عێراق بخرێتە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی.. !!! عێراق بە نەتەوەکانی عەرەب و کورد و تورکمانەوە عێراقە.. دیارە ئەو لەبەر ئەوەی نوێنەری حیزبێکی شیعییە زیاتر مەبەستی عێراقی شیعییە نەک شتێکی تر، بەو بیانووە دەیانەوێت هەموو لوش بدەن!!
تێکستی هەواڵەکە لە ماڵپەڕی ڕادیۆ نەوای کوردی

شەممە ٢٠١١.١٠.١
ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی ئاخر زەمان!
ئەم ماڵپەڕەی (کۆمەڵنیووز) ئەو ڕاپۆرتە وێنەییەی سەردانی مەسعود بارزانی بۆ نەمسا داناوە و بڵاوکردۆتەوە، ڕۆژنامەی خەبات و گۆڤاری گوڵان و کوردستان تیڤی نییە کە ڕاگەیاندنی حیزبەکەی ئەو بەناو سەرۆکی هەرێمەیە. ئەمە یەکێکە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بەناوی کۆمەڵەی ئیسلامییەوە.. زوو تەسلیم بوونەوە یان ئەوەتا پیاوانی پارتی لەنێو ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیدا خۆیان حەشار و مەڵاسداوە!! هاهاهاهاها
ئایا ئەوە ئەرکی ئۆپۆزسیۆنە دەهۆڵی وا لێبدات بۆ موخالفینی؟! ناکرێت ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن وەک رکەبەرەکەی کە لە دەسەڵاتدایە هەڵسووکەت بکات و وێنەیەکی تەبقلئەسڵی ئەو پیشانی خەڵکی بدات؟.. خۆدوورگرتن لەهەڵەی وا هەیبەت و ئیعتباری زیاتر دەدات نابێتە هۆی دروستکردنی گومان لە ڕاستگۆیی ئۆپۆزسیۆن.
هەڵەی لەم جۆرە نەک عەیب بەڵکوو بە قەولی موسڵمانان کفرە، بەتایبەتی بۆ ڕاگەیاندنی دەرەوەی حیزبە فەرمانڕەواکان بڵاوی بکەنەوە... لەجیاتی ئەوە دەبێت بەر رەخنەی بدەن یان گومان لەسەر ئەو کارانەی پیاوانی حکومەت دروست بکەن. لە فینلاند بۆ خوێی چێشت هەواڵێک لەسەر سەرۆککۆمار نادۆزیتەوە، مەگەر زۆر شاز بێت، ئەو جۆرە هەواڵانە تەنها لە ڕاگەیاندنی فەرمی حکومەتدا دەبینرێت...
لەوانەیە بڵێن بۆیە بڵاومان کردۆتەوە تا پیشانی بدەن، کە لە سەردانێکی تایبەتی دەچێت وەک لە سەردانی فەرمی، و ئەوە لایق بە سەرۆکەکان نییە. بەڵام ئەم بانووە وەک ئەوە سەردانەی وواشنتۆن نییە کە نێچیری برازای لەگەڵ خۆیدا بردبوو، کۆن و سواوە و ناگونجێت.. پێدەچێت ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ئیسلامی لێی تێکچوو بێت و وابزانێت ئەوان لەسەر حوکمن و وێنەی سەرۆکی حیزب و وڵاتەکەیان بڵاودەکەنەوە.. هاهاها
تکایە بفەرموون بۆ بینینی ڕاپۆرتە وێنەییەکە لەم لینکەدا
ئەم تێکستە لەماڵپەڕی کوردستان پۆست بڵاوبۆتەوە