خەمی ڕۆژانە، ئازار ٢٠١٢


AbasShiwan-عەباس شوان

هەینی ٢٠١٢.٣.٣١ باڵوێزخانەی عێراقی لە فینلاند کێشە بۆ خەڵک دەخولقێنێت؟؟
 ماڵپەڕی بالوێزخانەی عێراقی فیدراڵی لە فینلاند، لە بابەتێکیدا کە مێژووی ڕۆژی ٢٠١٢.٣.٢٠ پێوەیە، چەند ڕێنمایی دەرکردووە بۆ ئەو عێراقیانەی دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ ناوخۆی وڵات. ئەمەیش گوایە لە دڵسۆزییەوەیە، بەڵام ڕەوەندی عێراقی بەتایبەتی کوردەکان، ئەمەیان بە جۆرێک لە ڕێگری دانا، بۆیە لە ڕێگای تایبەت و حیزبی بەتایبەت حیزبە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە باڵوێزخانەوە کردووە، هەڕەشەی خۆپیشاندانیان کردووە.
     باڵوێزخانە ترسی ئەوەیان لێنشتبوو کە ئەوانە کێن و کێ نیین؟ کە زانیبوویان هەموو ڕەوەندی کوردییە بۆیە ڕۆژی ٢٨ ی ئازار بەنافەرمی و شەفەهی لە ڕێگای تەلەفوونەوە وەڵامیان داوەتەوە، کە ئەو بڕیار و ڕێنماییانە لەبەرچاو ناگرن و پاشگەزبوونەوتەوە.    بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە باڵوێزخانە لە ماڵپەڕەکەیدا نەک ئەو بابەتەی لا نەبردووە بەڵکوو ڕوونکردنەوەی نەداوە لەسەر چۆنییەتی پاشگەزبوونەوەکە.

     ئەم بڕیاڕە کام لە هاوڵاتیانی کورد و عەرەب و تورکمان دەگرێتەوە؟
زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە، کە هاوڵاتی فینلاندی نیین و ڕەگەزنامەیان نییە، مۆڵەتی مانەوەیان هەیە، کە بەشێکی زۆری خەڵک پێکدەهێنن. ئەم ئیجرائاتە جۆرێک ڕێگری و ڕۆتینیاتیان بۆ دەخولقێنێت، بەشێکی زۆریان بەهۆی هەلومەرجی تایبەتەوە دوو ناو زیاتریان هەیە. سەلماندن و ساغکردنەوەی زەحمەت دەبێت.

     هۆی هەنگاوێکی وا لەلایەن باڵوێزخانەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
ئایا دەوێت ڕێگا لەو خەڵکانە بگرن کە وەک عێراقی خۆیان ناونوس کردووە، بەڵام یا ئەوەتا کوردی پارچەکانی ترە و لەلایەن دەوڵەتانی دروسێی عێراقەوە بە ئۆپۆسیۆن دەناسرێن و جێی مەترسین. یان ڕێگا گرتن و ناسینەوەی ئەو کەسانەیە کە موخالفی حکومەتی ئێستای عێراقن و سەر بە گرووپە تووندڕەوەکانن کە کاری تەقینەوە دەکەن. پێش دەچێت بۆ ئەو کریز و قەیڕانە سیاسییەی نێوان کورد و شیعە و سوونە ماوەیەکە لەناوخۆی وڵاتەکەدا لە نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا هەیە و دروست بووە. باڵوێزخانە دەبێتە تەرەفێک بەو شێوەیە هەق لە لایەنێک و دوو لایەن دەکاتەوە.
     هاوتا ڕێی تێدەچێت مەسەلەیەکی ئابووری بێت، لەمەشدا باڵوێزخانە تێوەگلابێت، لەگەڵ کومپانیاکانی فرۆکەوانییەکان و منافەسەی نێوانیان، چوونکە بەشێکی زۆری ڕەوەندی کوردی لە ڕێگای کومپانیا کوردی و عێراقییەکانی ناو سوویدەوە گەشتەکانیان دەکەن، دیارە لە وەرزی هاویندا زۆرتر دەبێت، دەیانەوێت ڕەوەندی کوردی لە وڵاتەکەی خۆیانەوە نەڕۆنەوە، بازاڕیان دانەبەزێت و بەرەوڕووی کۆنکۆرس نەبنەوە، چوونکە زوو زوو ئەو کومپانیا لاکۆڵانانەی سووید کۆنکۆرس دەکەن و پارەی خەڵک دەخۆن و عەزێت دەخەنە بەر گەشتیارانیان.

     گەر لە دیدی بەشێک لە کوردەکانەوە بڕوانرێت کە تئیوری پیلانگێڕی دەوڵەتانی دراوسێ کۆنترۆڵی کردووە، ئەمە لەوانەیە لە ژێر فشاری کومپانیای تورکیش ئێرلایندا کرابێت، چوونکە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
هەرچۆن بێت ڕەوەندی کوردی و عێراقی کەوتوونەتە نێوان بەرداشەکانەوە، زەحمەتی زیاتریان بۆ دەخولقێنرێت، بەڵام هەواڵەکان وا دەڵێن کەوتوونەتە خۆیان و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بە دوای وردەکاری ئەو مەسەلەیە کەوتوون ، دەیانەوێت بەڵگە و دیکۆمێنت بدۆزنەوە و بسەلمێنن کە چ هۆکارێک لەپشت هەنگاوێکی واوەیە.
     شایەنی وەبیرهێنانەوەیە گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان هەمیشە پڕ گرێ و گۆڵ بووە، وەک بیستراوە ڕێگری ناخۆش نەخوازراو بۆ گەشتیاران لە وڵاتە دراوسێکان و کومپانیاکانەوە و تەنانەت ناوخۆی وڵاتیش دروست کراوە و دەکرێت.
-----------
بۆ بەرچاوڕۆشنی زیاتر تکایە بڕواننە ئەم بەستەرانەی خوارەوە:
- : ئەو ڕێنمایی و مەرجانەی باڵوێزخانەی عێراقی بە زمانی عەرەبی:
http://www.mofamission.gov.iq/fin/ab/articledisplay.aspx?gid=1&id=6061
- : فینلەندا؛ رەوەندی کوردی نیگەرانن لە بڕیارێکی باڵوێزخانەی عێراق
http://kurdish.sbeiy.com/Detail.aspx?id=5462&LinkID=4
-: فینلەندا؛ رەوەندی کوردی بڕیارێکی باڵیۆزخانەی عێراق پوچەڵدەکاتەوە
http://kurdish.sbeiy.com/Detail.aspx?id=5567&LinkID=4


چوارشەممە ٢٠١٢.٣.٢٨ دەستوورێکی بێئایین
 پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، تەجرووبەیەی وڵاتی توونس قابیلی بەتەحەفوزەوە لەبەرچاو گرتنە، وەک چارەسەرێکی مامناوەندی و ناچاری، ئەگینا نابێت بەهیچ جۆرێک لە نووسینەوەی دەستووردا ئایین بەباش یان خراپ دەور ببینێت و بوونی هەبێت.
     حەرەکەی نەهزەی ئیسلامی لە تونسی، ١٩٧٢ دامەزراوە، ئێستا حکومەتی ئیتلافی سەرۆکایەتی دەکات. لەسەربەندی دانانی دەستوورێکی نوێن بۆ وڵاتەکە. ڕاشد ئەلغەنوشی لەدایکبووی ١٩٤١ سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە، حەدێکی بۆ ئەو کێشەیە دانا کە ماوەیەکە دایلۆگێکی گەرمی لە نێوان موخالف و ڕازی بەدوای خۆیدا هێناوە. بەوەی کە ئایا ئایینی ئیسلام سەرچاوەی بنەڕەتی یاسادانان بێت یان نەبێت، لە نووسینەوەی ئەو دەستوورەدا. تەنها ئەوە بەسە کە بووتریت تونسی دەوڵەتێکی ئیسلامییە.

هاوکێشەکان ناجێگیرەکان
هەروەک لە ڕاگەیاندنیشدا ئاماژەی پێکراوە، دەورەیەکی نۆی لە ژیانی سیاسی و هاوکێشە سیاسییەکان دەست پێدەکات، ئەوە ئیسلامییەکان لە پەرلەماندا خەریکن خۆیان جیا دەکەنەوە، و پشتیوانی لە مەلا کرێکار دەکەن! ئەم ڕووداوەیش شەق کردنی ئۆپۆزسیۆنی عیلمانی و لیبرالی وەک بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو دوو پارتە ئیسلامییە.. بەڕاستی بزووتنەوەی گۆڕان لەم یارییەی تا ئێستا لەگەڵ ئەو گروپە کردوویەتی گرەو بووە لەسەر ئەسپی تۆیو . ئەوانە پیاوی ئەو ئەرکە قورسە نیین کە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی شێلگیر بناسرێن.
لەسەر بێ کەسایەتیبوونی کورد
خەریکە هاوکێشەکە دەگۆڕێت، ڕاپەڕینی ١٩٩١ سەرەتای ڕێنیساسێکی گەورە بوو، گۆڕینەکەیش پرۆسەیەکی دوورودرێژە لەوانەیە فریای ئەنجامە ڕۆشنەکانی نەکەوین.

چوارشەممە ٢٠١٢.٣.٢٨ بەهاری هزری یان سیاسی؟
 ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبی ئاسیا و ئەفەریقا دەگوزەرێت، لە چەندیان گۆڕانکاری ڕوویدا، ئەنجامی زۆریان پەشیمانی و دڵساری لەدوایە و بەدوای خۆیدا هێناوە، بەهۆی ئەوەی گروپێکی دیکتاتۆر گۆڕاوە بۆ دانەیەکی تر کە پۆشاکی ئایینی لەبەردایە. ئەمە وای کردووە بیر لەوە بکرێتەوە بەڕاست وەک بزووتنەوەکە ناونراوە بە بەهاری عەرەبی ناولێنانێکی دروستە؟ ئەکرێت بووترێت گۆڕانێکە و بەهارێکی سیاسییە، نەک شتێکی تر.. زۆرن ئەوانەی هیوایان بەوە بەستووە کە ئەم گۆڕانانە، سەرەتا و دەروازەیەکە بۆ جەنگێکی هزری وا نەک ئەو وڵاتانە ڕۆشن دەکاتەوە بەڵکوو تیشکیش بۆ چواردەوری دەداتەوە.

دووشەممە ٢٠١٢.٣.٢٦ وشەی کوردستان لەسەر زاری سوڵتانی عوسمانی
 لە هەڵقەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠١٢.٣.٢٦ ، دەهەمین خەلیفە و سوڵتانی عوسمانی سلیمان قانوونی (١٤٩٤ - ١٥٦٦) لە دیمەنێکیدا نامە دەینێرێت یەکێک لە حاکمەکانی ئەو کاتی ئەورووپا لە باسی خۆی و ئیمپراتۆرەکەیدا ناوی شوێنی جۆراوجۆر، لەو  دوای شاری دیاربەکر ئینجا ناوی کوردستان دەهێنێت کە هەر هەمووی لە ژێر دەستی ئەودان.. ئیتر نازانرێت لەو کاتەدا کوردستان مەبەستی کوێ بووە و کوێ نەبووە؟ ئەوە ئەرکی مێژوونووسانە لەو خاڵە بکۆڵنەوە.
بەهۆی ئەم سریالەوە دەردەکەوێت ئەو تورکانە بەتاڵ و حەتاڵ بوون، سەروبنی بیر و شارستانییەتیان  وەک عەرەبەکانی کەنداو هیچی هی خۆیان نییە و نەبووە کەلەپووت بوون، هەر هەمووی هی گەلان و میللەتانی تری ژێر چەپۆکەیان، بەتایبەتی ئەورووپیەکانە!! بێ ئەوەی گەلانی تری موسڵمان لەکولەکەی تەڕیشدا ناویان بێت، بیگومان ئەوانیش دەوری کاریگەریان لە دروستکردنی ئەو عەقلە و ئەو نعمەتەدا هەبووەو گێڕاوە.
ماوەیەکە کەناڵی تەلەفیزیۆنی وڵاتێکی کەنداوی عەرەب بە ناوی دوبەیەوە، سریالی مێژوویی تورکی دۆبلاجکراو بە زمانی عەرەبی بەناونیشانی چەرخی مەزن یان حەریمی سوڵتان پەخش دەکات.

شەممە ٢٠١٢.٣.٢٤ هەڵوێست لەسەر پارتە شمولییەکان
 هەموو هەوڵم خستۆتە گەر بۆ دژایەتی کردندی هەژموونی پارتی و یەکێتی، ئاواش دژی هەموو ئەو دید و ئایدۆلۆجییە شموڵیانەم، کەواتە ناتەبام لەگەڵ پێ کە کە و پارتەکانی تەوژمی ئیسلامی سیاسی و کۆمۆنیستەکان و...
     لەلایەکی ترەوە نموونەی ئەم جۆرە پارتانە (پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان) عەقلییەتی شیوعی یان کۆمۆنیستە ڕادیکالەکانیان هەیە ئەما بە شێوە ناسیۆنالیستەکەی، بە عەقلییەتی شمولی هەر کورد کوردیانە بێ ئەوەی جیاوازی و تایبەتمەندێتی هەر پارچەیەک لەبەرچاو بگیرن! جیاوازییەکەی ئەم پارتە لەوەدایە کە عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە خۆیان کردووە بە فەیلەسووف و شتی قەبەی تر!
     لە ئەسڵیشدا مەبەست لە دروستکردنی ئەم جۆرە پارتانە بۆ کوردستانەکانی تر، دەڵاڵی و ڕایکردنی کاری خۆیانە! ئیتر ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم پارتانە لە دڵسافی یان گێلێتییەوە، چەندیشیان بۆ بزنس و خۆ ژیاندن هاوکات خۆدەرخستن و .. پەیوەستبوون پێیانەوە.
     ناسیۆنالیزمی کورد لە باشوور لەوە دەرچووە کە قبووڵی هەژموونی ناسیۆنالیزمی پارچەکانی تر بەتایبەتی کوردەکانی کوردستانی باکوور بکات.

شەممە ٢٠١٢.٣.٢٤ مەلا مستەفا مرۆڤکوژترین ئەفسەری جاسووی بینیوە!
 لەم چاوپێکەوتنەی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕووسیایی ئەمڕۆ کە بەزمانی عەرەبی پەخش و بڵاوکردنەوە بۆ ڕژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کۆنە ڕۆژنامەنووسێکی فەرەنسی بەناوی ئێريک ڕۆوڵێاو Eric Rouleau لەدایکبووی ١٩٢٦ کە بۆ ڕۆژنامەی (Le Monde ١٩٤٤) فەرەنسی کاری کردووە. لەسەر پەیوەندییەکانی مەلا مستەفا بارزانی و پەیوەندی بە حکومەتی ئەوسای سۆڤێتییەوە دەیدوێنن. ئەوانەی دەیڵێت بەلای خەڵکی کوردەوە زۆر گرنگ نییە و زانراوە.
     ئەوەی جێی سەرنجە ئەفسەرێکی پلەداری سەر بە دەزگای جاسووسی کەی جی پی ڕووسیای سۆڤێتی بە ناوی Pavel Sudoplatov بافيل سودوبلاتوف (١٩٠٧-١٩٩٦) چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەلا مستەفادا کردووە. ئەم ئەفسەرە ئەو کەسە بووە کە نەخشەی تیرۆری یەکێک لە ڕابەرانی ناسراوی شۆڕشی سۆڤێتی سەردەمی لینین، لیۆن ترۆتسکی ( ١٨٧٩ – ١٩٤٠) لە مەکسیک داناوە.
لەبەشێکی کۆمیدی چاوپێکەوتنەکەدا کابرای ڕۆژنامەنووسی لێی تێک دەچێت لەسەر سنوور چاوی بە پێشمەرگەیەکی کورد کەوتووە کە پێشوازی لێکردووە و تا ڕێبەدێی بکات بۆ ناو شوێنە شاخاوییەکانی کوردستانی باشوور دەڵێت: چاوم بە کوێتییەک کەوت، ڕۆژنامەنووسەکە بۆی ڕاست دەکاتەوە دەڵێت مەبەست ئەوەیە چاوت بە کوردیەک کەوت دەڵێ بەڵێ، هاهاهاهاهاها.

     هەر لەم پەیوەندەدا کەمالی سەید قادر بەزمانی عەرەبی لەنوسینێکیدا کە بە ٣ بەش بڵاوبۆتەوە، بەتایبەتی لەبەشی دووهەمیدا وەک ڕۆژنامەنووسی ناوبراوی فەرەنسی باس لەو پەیوەندییە جاسووسییەی مەلا مستەفا دەکات.

تکایە بڕوانە بەستەرەدایە:
 http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=75338

پێنجشەممە ٢٠١٢.٣.٢٢ دەمەبۆڵەی نێوان مالکی و بارزانی بەرەو کوێ؟
 پێم وایە شیعە بە دەرس وەرگرتن لە ڕابردوو، دەورەی خۆقیم کردنی خومەینی، لەدژی نەیارانی بەکاردەهێنێت، دەیەوێت هەمان کایە دووبارە بکاتەوە، جا قسە لەوەیە دەتوانن ئەوە بکەن و هەموولایەنەکان دەرکەنە دەرەوە و خۆیان بەتاک حوکم بکەن؟
     ئەوەندەی تێگەیشتم لەنێوان دیدی ئەو سێ کەسایەتییەی هەرێمی کوردستان، وتارەکە لایەنگری لە دیدی مام جەلال و نەوشیروان مستەفای پێوە دیارە. ئیتر وەک نووسەرێکی فەرهەنگ کراوە، هەڵوێستی وا لەشوێنی خۆیدایە.
     لەبارەی ئەوەی ئەمەی ئەو کەسایەتیانە لە بۆنەی نەورۆزداا پەیام دەدەن، جێی پەسەندی و چاولێکردنێکی سەرکردە ڕۆژئاواییەکان کە لە سەری ساڵانی زاینیدا پەیام دەدەن. بەڵام وەک ئەمان نا کە هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن، ئەوان زیاتر بەرەسی کاروکردەوەی ساڵەکە و پرۆژەی ئایندەیان دەخەنە ڕوو، بۆ خەڵک باس دەکەن.
     نەوشیروان مستەفا، بەشێکی گرنگی بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو دەنگۆیە بوو کە لەلایەن پارتییەوە بڵاوکرایەوە، کە گوایە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕادەگەیەنێت، ئێوە ئەو پیاوە نیین کە کارێکی وا گەورە ئەنجام بدەن و لێبوەشێتەوە.
مەسعود بارزانی، وەک کاری هەمیشەیی کە دەرەقەتی کێشە ناوخۆییەکان نایەن و قورس دەبن، ترسی دەرەکی قوت دەکەنەوە، بەوەیش دەیەوێت  کات درێژ بکاتەوە هاوکات ڕووی خەڵکی بەلای مەسەلەی تردا وەربگێڕێت!
----------
بەدواداچوونێکە بۆ وتارێکی بەڵین ساڵح بە ناونیشانی: یه‌ک نه‌ورۆز و سێ په‌یام

پێنجشەممە ٢٠١٢.٣.٢٢  شەڕەدەنووکی دیکتاتۆرەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
 ئەم دایلۆگەی نێوان لایەنێکی کوردی فەرمانڕەوا و لایەنێکی شیعەی فەرمانڕەوا لەسەر کەسایەتییەکی سوونە کە تاوانبارە بە مادەی ٤ ی تیرۆر، سوودی بۆ خەڵک و ئۆپۆزسیۆن هەیە ئەوەی ژێر بەڕە دەخەنە ڕوو هێندەی کە خۆیان فەزح و ناشیرین دەکەن:
بارزانی: عێراق بەرەو دروستبونی دیکتاتۆرییەت دەچێت.
     حسێن ئەسەدی، پەرلەمانتاری لیستی‌ ده‌وڵه‌تی یاسا: لە هەرێمی کوردستانیش دیکتاتۆرییەتی راستەقینە بونی هەیە... ئەگەر جۆرێک لە دیکتاتۆریەت لە عێراقدا هەبێت، ئەوا هەموان بەشدارن، چوونکە حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت دروست بووە... ئەمە قسەی ئێمە نییە، ئۆپۆزسیۆنی کوردی بەردەوام باسی دەکەن، کە هەردو حیزبی فەرمانڕەوا دەستیان بەسەر سەرجەم کایەکانی هەرێمدا گرتوە.
     ئەمجارە لە نێوان لایەنێکی کوردی و شیعیدایە، مانای وایە شەڕەکە لەگەڵ بێگانەدایە، مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە سۆزی خەڵکی کورد بەلای بنەمەڵەی دەسەڵاتداری بارزانی زیاتر بکات.

--------------
سەرچاوەی هەواڵ ماڵپەڕی سبەی

دووشەممە ٢٠١٢.٣.١٩ لەعنەتی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ بەسەوزی
 یاسین مه‌جید سه‌ر به‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسای نوری مالکی، لەبەرانبەر داڵدەدانی تارق هاشمی کە تاوانبارە بە مادەی ٤ی تیرۆر، وەک سەردەمی کۆنی یەکێتی نیشتمانی ئاوا بە مەسعود بارزانی دەڵێت:
ئه‌و ئه‌خلاقه‌ كوردییه‌ نه‌بوو كه‌ رێگه‌ی‌ پێدایت له‌ساڵی‌ ١٩٩٦ سوپا و هه‌واڵگری‌ عێراق ببه‌یته‌ هه‌ولێر.
     ئەم وەڵامە وای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان زۆنی پارتی کردووە وەڵام بداتەوە، گوایە قبوڵی ناکەن! بیکەن یان نەیکەن چییە؟ خیانەتی کردووە عەیب نییە؟؟ بەلام لەلایەن خەڵکی ترەوە باسکردنی بە عەیبە دەزانن!! حیزبەکەی بارزانی پارتەکانی هەرێمی کوردستانیان، بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەو خیانەتە بێدەنگ کردوون گوایە کای کۆن بە با باش نییە.        
     بەڵام ئەوە بۆ بێگانەکان دەبێتە خەیاڵێکی خاوە، چوونکە لە هەر تەنگەشەیەکدا ئیتر لەگەڵ ئەوانی ناوخۆ یان دەرەوە ئەو دەهۆڵەیان بۆ لێدەدرێتەوە و برینی بنەماڵە و حیزبەکەی بارزانی سەد بارە دەکولێنرێتەوە.
سەرچاوەی هەواڵ ماڵپەڕی هاوڵاتی

دووشەممە ٢٠١٢.٣.١٩ ئەو بەتاڵانبردنەی خۆمان نازانیین چۆنە!
 دزی و فزی و خواردنی ماڵی میللەت کە هەموو نامەردێکی گەورە و بچووک لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان پێی دەوێرێت، درەنگ یان زوو ئاشکرا دەبێت.. کاربەدەستانی ئەفغانی خۆیان پیسترین خەڵکانی سەرزەوین، کەچی سڕی مافیا دەسەڵاتدارەکانی کورد ئاشکرا دەکەن. دەفەرموو ببینن هاهاها:
.    .. جێگری سەرۆک کۆماری ئەفغانستان پێش چەند مانگێک هاتبوە بەغدا، بە نوری مالیکی وتبو سوپاسی کورد دەکەین، ئیشەڵا ئەم زستانەیش کێشەی سوتەمەنیمان نابێت، مالیکی وتبوی یاعنی چی، جێگری سەرۆکی ئەفغانستان وتبوی، نەوتەکەمان زۆر بە هەرزان بۆ دەنێرن.
سەرچاوەی هەواڵ ماڵپەڕی سبەی

یەکشەممە ٢٠١٢.٣.١٨ چاوەڕوانی زیاتر لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت
 ئەم دەربڕینەی سەرۆکی فراکسیۆنی کوردستانی خاتووسۆزان شەهاب کە دەڵێت: .. تێبینی سەرەکی من... ئەوەیە، کە دەبێت دەستور عەلمانی بکرێت و دین و دەوڵەت لەیەکتر جیابکرێتەوە...زیاتر زەمکردنە بەسەر ئۆپۆزسیۆنی لیبرالی و سکۆلاری موتەمەسیل بە بزووتەنەوەی گۆڕاندا. کە ماوەیەکە تاکتییکییەن هاوپەیمانی سیاسی دوو پارتە ئیسلامی سیاسیی (یەکگرتوو+کۆمەڵ)ە.     
     هاوکات دەکرێت بەجۆرێکی تر لێکبدرێتەوە بەوەی  پەیامێکیش بێت بۆ پارتەکەی مەسعود بارزانی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن دەکات. دەلیلی ناڕازیبوونە لەو دەستوورەی کە لەسەردەمێکدا بە هاوکاری خۆیان تێیانپەراند و چاککردنەوەی هەڵەیەک وەختی خۆی کردوویانە.     بەڵام جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت یەکێکە لە خاڵەکان، کە ئۆپۆزسیۆن پێدادەگرێت لەسەر گۆڕینی دەکات، نابێت ئەوەیش فەرامۆش بکرێت کە گۆڕینی دەستووری هەرێم بەتایبەتی لەم خاڵەدا ناگونجێت ناتەبا بێت لەگەڵ دەستووریعێراقی فیدراڵی کە ئایینی جیا نەکردۆتەوە.     
     سەرهەڵدانی مەسەلەی چاکسازی لە پرۆژەی دەستووریهەرێمی کوردستان خەڵکانی ناڕازی هان دەدات تا بڵێن ئایا کامیان پێویسترە جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت یان جیا کردنەوەی ئاین لە دەوڵەت؟ 
     بزووتنەوەی گۆڕان خۆی یەکلایی کردۆتەوە، بەهەوڵی تێکۆشانی ئەو وایلێ هاتووە کە فشار دروست ببێت تەنانەت لەسەر باڵێکی گەورەی دەسەڵات، بێنە سەر خەت و موخالەفەت بنوێنێت. بزووتنەوەی گۆڕان لە چەند ئاستدا خەریکە، بەئاسانی تەسلیم نابێت بەتایبەتی بۆ پارتە ئیسلامییەکان، بەپێچەوانەوە بۆتە هۆی زیندووبوونەوەیان و جەرائەت پێبەخشینیان.
     بەڵام هاوکێشەکان بەردەوام لە گۆڕاندان، گەربزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو ئاستەکاندا وریا نەبێت، ئیسلامییەکان دەگەی خۆیانی لێدەوەشێنن، چوونکە باگراوەندی کۆی ئەو تەوژمانە، باشترین دەلیلە، بۆیە هیچ گرێنتییەک نییە بۆ ڕاستگۆی هەتا سەرییان. نابێت ئەوە بشارێتەوە کە لێرە و لەوێ بەتایبەتی لەناو جەماوەر و لایەنگرانی بەشێک لەو پارتانە کەوتوونەتە تەقەکردن لە بزووتنەوەی گۆڕان بەبیانووی جۆراوجۆر!!     
     هاوکات لە خاڵی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتە ئیسلامییەکان، ترس و گومان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان دروست بووە. بەخاتری دژایەتی کردنی دەسەڵاتی پارتی+یەکێتی، پشت بکاتە بنەماکانی کۆمەڵگای سکولار و فەرامۆشی بکات.
پاشکۆ:

     گوایە بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت مەسەلەی جیایی ئایین لە دەوڵەت بە جدی وەبگرێت. نا هاوکێشەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە.. ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم یەکەم کەسم کە بە ئاشکرا لە ماڵپەڕی خودی بزووتنەوەی گۆڕان وەک گۆڕانخوازێک زەنگی وریابوونەوە و بەئاگاهێنانەوەم لێداوە، لە مەترسی هاوپەیمانە تەکتییکییەکانی ئاگادارم داوە.
     هەمیشە پارتە ئیسلامییەکان جێی گومانن، کە دەیانەوێت هەژموونی ئیسلامی ئێرانی و تورکی بسەپێنن، بەڵام ناسیۆنالیزم گەر بە هەڵەدا نەچووبم لە کوردستانی باشوور لەوە بەهێزترە کە ڕابماڵرێت لەلایەن ئەوانەوە، بەهاوکاری خەڵک و ئۆپۆزسیۆنی عیلمانی عاملی فشارن بۆ خۆ چاککردن و شەڕی بەدیلی حوکم کردنە. 
     ئەگەر یەکێکی وەک یەکگرتوو کەمێک پێداگری دەکات، خۆی بە مەزڵوم دەزانێت بەجۆرێکیش لەجۆرەکان بەهۆی ئەنجامەکانی بەهاری عەرەبییەوەیە بوغرا بوون، وا دەزانن دۆخی هەرێمی کوردستان دەقاودەق لەوانە دەچێت.
     فشارە دەرەکییەکان بەردەوام دەبن بەشێوەی جۆراوجۆر، باشووریش ناچارە دەستوپەنجە لەگەڵ دۆخەکان و پێشهاتەکاندا نەرم بکات، چوونکە نایەوێت ئەو دۆخەی کە هەیە لەدەست بچێت. بۆیە گەورەترین تەنازوول بۆ دەوڵەتانی وەک ئێران و تورکیا دەکات. نەیکات چی دەکات؟ 
---------
تێکستی هەواڵەکە
لێرەدایە
هەمان وتار لە ماڵپەڕی
سبەی؛دا
هەینی  ٢٠١٢.٣.٩ گۆڕینی سەرۆکی پارتەکان گەر بە یاسا و ڕێسا نەبێت هیچ تامێکی نییە
 ئەوەی سەلاحەدین بەهادین دەیکات و بەتەمایە واز لە سەرۆکایەتی حیزبەکەی بهێنێت، وەک مەبدەئـ هەنگاوێکی پۆزەتیفانەیە. بەڵام تیشک زیاد لە پێویست ئەو هەنگاوە قەبە بکرێت و پیشانبدرێت، لە نێت پاکی دەردەچێت، شک و گومان پەیدا دەبێت، یەکگرتوو دەیەوێت و بەتەمای دروستکردنی گەڵەگایەکی تری وەک مام جەلال و مەسعود بارزانییە!
     هەموو دەزانیین لە ئاستی حیزبە بێ نفوز و لاکوتەکاندا کارێکی نوێ نییە. ئیتر ئەم زەمە بێتامە چییە لەلایەن ڕاگەیاند و لایەنگرانی ئەو پارتەوە دەکرێت و بە خەڵک دەفرۆشرێت.
     یەکگرتوو خۆشی بکوژێت هەر وەک هێزە بچووک و بێ نفوزە کە کۆیلەی عەقلییەتێکی دۆگمای ئیسلامی دەمێنێتەوە، واباشترە بوغرا نەبێت بەوەی دوای ڕووداوەکانی دەڤەری بادینان وابزانێت جەماوەری فرە تر بووە و سۆزی خەڵکی بەدەستهێناوە، هاوکات بییەوێت بەپشت بەستن بە بزووتنەوەی گۆڕان کە غیرەتی داوەتە بەر و بۆتە ئۆپۆزسیۆن و زمانی کەمێک گەرم بووە، و دڵیش بە پایزی چەند وڵاتی عەرەبی و تورکیا خۆش نەکات و نەبەستێت. شێر بە گوێ بگرێت هەر ڕێویە لەڕەکەی جارانە.

چوارشەممە ٢٠١٢.٣.٧ کێ دەڵێت سلەیمانی پەراوێز خراوە؟!
 بۆ لێدانی شکۆمەندی شاری سلەیمانی کە ناحەزی زۆری بۆ پەیدابووە، بە غەرەز شاروشارۆچکەکانی کوردستانیان قووتکردۆتەوە، گوایە ڕاپەڕین لەوانەوە دەستی پێکردووە. بێگومان ئەوە بەڵگەنەویستە و ئینکاری ناکرێت، بەڵام لێرەدا قسەکردنە لە ئەنجامی ڕووداوەکە.
     دەکرێت بەجۆرێکی تر بڕوانیینە هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکانی ڕاپەڕین، لە مێژووی کوردستانی باشووردا هەرگیز شار و شارۆچکەکان نەبوونەتە یەکلاکەرەوەی ناڕەزایەتییەکان و زۆر ڕووداو بینراوە کە لەو شوێنانە خولقاوە، ئەنجامەکانیشی بینراوە کە شکست و ئارامبوونەوە زیاتر هیچی تر نەبووە، گۆڕانکاری ڕێشەییان دروست نەکردووە..
     بەڵام کە سلەیمانی وەک شارێکی گەورە لەو کات و سەردەمەدا ڕاپەڕی چارەنووسی ڕاپەڕینی یەکلایی کردەوە، ورەی خستەبەر شارە گەورەکانی تر و یەک بەدوای یەکدا ئەوانیش هەڵستان و ڕابوون.
     هۆی ئەوەی کە لەو سەردەمە شاری سلەیمانی ڕاپەڕینی یەکلاکەرەوە ئەنجاامدا بە حوکمی سەنتەربوونی وەک شارێکی گەورە بوو، هەڵومەجی ئەو کاتی عێراق و ناوچەکە کە پێی دەنایە قۆناغێکی هەستیارەوە، یارمەتیدەر بوو سەرکەوتنی زیاتری بۆ مسۆگەر کرد. ئیتر کە بینرا سەنتەرێکی گەورەی وا ڕابووە و ڕزگارکراوە، ترس و بیم و  دڵەڕاوکێی نەهێشت و جورئەتی دایە بەر شارە گەورەکانی تری وەک هەولێر و دهۆک و دواتر کەرکووک.. 
     
مەبەست شاروشارۆچکەکان نییە، هێندەی قوتکردنەوەی ئەو ناوانەیە کە غەرەزێک لە پشتەوەی ئەو کارەوەیە، بۆ کەم بایەخکردنی سەنتەرێکی گەورەی وەک شاری سلەیمانی بە تایبەتی لەو خاڵەدا.. ئەگینا بەڵگە نەویستە سەرەتا لە شارۆچکەیەوەکەوە دەستی پیێکرد ئینجا سلەیمانی بەڵام کە سلەیمانی قسەی کرد، کارەکە یەکلایی بوەوە، بە حوکمی مەوقعییەتی بەهێزی، ئەوانی تر دەبێت لاسایی بکەنەوە، مێژووی شارەکە شاهیدە، ناتوانرێت بۆی دابتاشرێت و ناشکرێت هیچ شوێنێک پەراوێز بخرێت و لە بایەخیان کەم بکرێێەوە، بەڵام واباشترە شتەکان وەک خۆیان ببینرێت و لە جێی خۆیان دابنرێت.
     لایەنێکی تری مەسەلەکە بۆ خودی خەڵکی سلەیمانی دەگەڕێتەوە، سەنتەری سلەیمانی (هەرچەندە لە ئێستادا سەنتەری بڕیارەکان لە کوردستانی باشوور ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە) وەک شارێکی گەورە بۆتە دێیەکی گەورە، بەهۆی هەلومەرجی سیاسی داسەپاو، سکۆلاریزمی شار بە ئیعترافی خەڵکانێکی زۆر لە مێژەوە پاشەکشەی پێکراوە، لە خاڵی ڕاپەڕینیشدا بەهەمان شێوە. کەسانی ڕادیکاڵی شارەکە لەبەر هەر هۆیەک بێت، قسەیان نەکردووە. کەواتە دەوروبەر تەحەکم دەکەن و هەژمونی خۆیان دەسەپێنن. پرسیار ئەوەیە ئایا بۆ ئەمەودوا کەسە ڕادیکالەکانی سەنتەری سلەیمانی بێدەنگ دەبن؟ 
     گەر وردتر بڕوانینە ئاسیا و ئەفەریقا و ڕووداوە هاوشێوەکانی وەک ڕاپەڕینی ٧ی ٣ ی ١٩٩١ ی سلەیمانی، سەنتەری شارە گەورەکان و بەتایبەتی پایتەختی وڵاتەکان کۆتاییان هێناوە بە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان، بوونەتە خاڵی وەرچەرخان و چارەنووس ساز و دەسەڵاتی ئەو حکومەتانە ئیتر دیکتاتۆری یان هەرچییەکی تر بوو بێت، دیاری کردوە.
     دیارە هەلومەرجی سەردەم و قۆناغەکان جیاوازە، ئەگەر لە نوێترین ڕووداوی کوردستانی باشوور بڕوانرێت کە بە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ ناسراوە وەک نموونە بهێنینەوە، دەبینین دوای دوو مانگ لە ناڕەزایەتی لەبەر ئەوەی نەتوانرا بگوێزرێتەوە سەنتەری هەرێمەکە کە هەولێرە، چارەنووسی حکومەتی هەرێم تووشی لەتمە نەبوو و گۆڕانکاری ئەوتۆ ڕووی نەدا. 
     کەواتە ئەوە سەنتەرەکانە وەک ٢١ ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا چارەنووسی کوردستانی باشوور و وڵاتانی دی دەگۆڕێت و یەکلادەکاتەوە، بەئاراستەیەکی تردا بردووە و دەبات.
     بۆیە جێی خۆیەتی لەم یادەدا دەنگ بۆ گەڕانەوەی مافی ڕەوای شاری سلەیمانی بەرزبکرێتەوە، تا لەوە زیاتر پەراوێز نەخرێت.. چوونکە مۆری سلەیمانی نەبوایە هیچ بەهیچ نەدەکرا.
--------------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی سبەی؛دا

دووشەممە ٢٠١٢.٣.٥ نازانم مام جەلال بۆ لە مەلامستەفا جیابووە؟!!
 جەلال تالەبانی لە دوا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت:... یه‌كێتی‌‌ و گۆڕان له‌ رووی‌ مه‌وزوعییه‌وه‌ زۆر لێكنزیكن‌ و هیچ ناكۆكییه‌ك نییه‌ له‌نێوانماندا، زۆر شتمان موشته‌ره‌كه‌، چل ساڵ خه‌باتی‌ یه‌كێتی‌ زۆرێك له‌و براده‌رانه‌مان له‌گه‌ڵ بووه‌، له‌ چاك‌ و خراپ موشته‌ره‌كین، شه‌هیدمان موشته‌ره‌كه‌، ده‌ستكه‌وته‌كان‌ و شكسته‌كانمان موشته‌ره‌كه‌، شه‌ڕه‌كانمان‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانمان موشته‌ره‌کە.. 
     مام جەلال، لەباری مێژووییەوە ئەو قسانەی بۆ ژمارەیەکی دیاریکراوی و دەستەبژێری ناو بزووتنەوەی گۆڕان لەوانەیە ڕاست و دروست بێت..
     بەڵام خۆ ئەو بزووتنەوەیە کە خاوەن جەماوەرێکی بەرینی ملیۆنییە، هەزارەها خەڵکانی نا یەکێتی لەگەڵدایە و پێوەی پەیوەست بووە لەبەر خاتری مێژووی ئەو چەند نەفەرەی کە کۆن یەکێتی بوون نییە و نەبووە، کە جێی داخە بەشێک لە ناشیریینەیەکانی ئەو قۆناغەیان بەردەکەوێت.
     لە ئێستادا ئەوانەی کە یەکێتی نەبوون زۆرترن لەوانەی یەکێتی بوون، لە هەموو بارێکەوە ئەو مێژووە هاوبەشە بە هی خۆیان و بزووتنەوەکەیان نازانن.
     گۆرانخواز و نەوەی نوێ چی لە مێژووی بەخوێن نووسراوی سەردەمێکی تووند و گەرم بکەن؟ ئەگەر دانە دانەی هەڵسووڕاوانی ناو ئەم بزووتنەوەیە شانازی بەو خەباتە هاوبەشەوە دەکەن ئەوە دەچێتە خانەی مەسائیلی تایبەتی خۆیانەوە، ناکرێت بەگشتی بکرێت وەک مام جەلال دەیەوەێت چەواشەکاری بکات.
     بۆ مام جەلال ناچێت بەتەواوەتی تەسلیم بە بنەماڵەی بارزانی ببێت باشترە خۆ ماوەیەکی زۆر لە یەک حیزبدا بوون و خەباتی هاوبەشیان هەیە. بۆ پرسیار لە خۆی ناکات لە سەرەتای شەستەکاندا لە پارتی و مەلامستەفا جیا بووە؟ بۆ خۆی وای کرد؟ ئەو مێژووەی بیرچۆتەوە، ئێستا مەسەلەیەکی وا دەوروژێنێت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران.. ئەمە ئاسنی ساردکوتاندنە...
------------
تەواوی بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنی ناوبراو لە ماڵپەڕی رۆژنامەی هاوڵاتیدا، لێرەدایە.

یەکشەممە ٢٠١٢.٣.٤ خۆنمایشکردنی ئیسلامییەکان بە بیانووی قورئان سووتاندنەوە!!
 رۆژی هەینی ٢٠١٢.٣.٢ ژمارەیەک خەڵکی کوردی دانیشتووی فینلاند کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەردەم باڵوێزخانەی نەرویجدا ساز کرد. مەبەست لێی یان بە بیانوی ئەوەی لە ماڵپەڕی یوتوب یەکدوو کوردی هەرێمی کوردستان کتێبی پیرۆزکراوی موسڵمانانیان سووتاندووە.
     ژمارەیەک لەو بەشدارانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بوون هەرگیز نەبینراون لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کوردانی دانیشتووی فینلاند، ئەمە جێی پرسیارە؟
     لەلایەکی ترەوە ئەو دروشمانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا دەوترێتەوە، مرۆڤ دەترسێنێت چوونکە بۆنی تووندوتیژی لێ دێت؟! ڕێک بە پێچەوانەی ئەوە مەبدەئەوە دەکەوێتەوە کە پێی وایە هەموو لایەنەکان ڕێز لە بیروڕا و عەقیدەی ئاسمانی و نائاسمانی یەکتر بگرن.
بۆ زۆر کەس پرسیارە ئەمە دەستێکی (!!!!) تێدا بێت؟ گریمان وا نییە، بەڵام ئایا ئەم نمایشە، گوایە لە ماڵپەڕێکدا یەکدوو کەسی کورد کتێبی ناوبراویان سووناندووە، ئەوە دەهێنێت؟ ئەمە بەدوای ڕوودانی سووتاندنی کتێبی ناوبراو دێت کە بە پێی هەواڵەکان سەربازانی ئەمەریکی لە ئەفغانستان ئەنجامیانداوە و ناڕەزایەتی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.
     سووتاندنی چەند ئایەتێک لە کتێبی ناوبراو، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە لایەنگرانی پارتە ئیسلامییەکان لە زۆر سەردەمانێکدا چییان دەکرد بە ژنانی سفور، چییان دەکرد بە خەڵکانی سۆکلار و مەدەنی؟ چەندەها تیڕۆریان ئەنجامداوە کە لە دەسەڵاتیشدا نەبوون! ئەو سەردەمە بەسەرچوو ئەوان تووندڕەو بن و خەڵکی تر نا، ئەو ئاوە ئەوان ڕشتویانە ئێستا خەڵکی تر پێی تێدەخەن، بەڕەوڕووی خۆیان دەبێتەوە کە کارێکی تووندی وا بە پێغەمبەرەکەیان و کتێبەکەیان دەکرێت کەچی باعەیان لێ هەدەستێت.
پرسیار ئەوەیە باشترین ڕێگا بۆ ئارامی کۆمەڵگا بەلای ئیسلامییەکان و تەنانەت خەڵکی موسڵمانی ئاسایی چییە؟

پاشکۆ:
دۆخەکە لەوە دەرچووە کە بەتەنها تەوژمێکی سیاسی سەر بە بیروڕای کۆمۆنیستی دژی بیروڕای ئیسلامی بێت.
     لەم ڕووداوەدا ئەگەر مەبەستی تری شەخسی لەپشتەوە نەبێت کە زۆر جار بینراوە لە کەمپەکانی چاوەڕوانی قبوڵی پەناهەندەکان، بەدەستی ئەنقەست خەڵکانێک هەبوون کاری هاوشێوەی وایان ئەنجام داوە وو نیشانیان پێکاوە.
     هەر لە پەراوێزی ئەم ڕووداوەدا بە ناڕاستەخۆ باس لەوە کراوە و دەستی تاوان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان درێژ کراوە، گوایە ئەنجامدەرانی کارەکە سەر بەو کیانە سیاسییەن.
     ئەو دیدە زۆر جوان و لەجێی خۆیەتی کۆمۆنیستەکان بەو شێوەیە بیربکەنەوە کە بیروباوەڕی کۆمۆنیستی تەنها ئەنتی ئایین نییە، لە مێژوەوە ئەو بیروڕایە لەلای ڕوناکبیران باس کراوە و دایلۆگی لەسەرکراوە، کە بیروباوەڕێکە دژی ناعەدالەتییە، بێگومان ئایینەکان بە حوکمی کۆنییان پرن لە کەموکووڕی، کە ناگونجێن لەگەڵ ئەم سەردەمەدا.
     یەکێک لەو چەند کەسانەی ئەو کتێبەیان سووتاندووە نزیکە بە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە ئیسلامییەکان گڕیان گرتوو بوو، گۆڕان هێزێک نییە حسابی بۆ نەکرێت تەنانەت هاوپەیمانە سیاسی و تاکتییکییەکانی ئێستای کە پێکەوە کاری هاوبەشی سیاسی دەکەن.
     ئێ خۆ منیش نزیکم بە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام دانووم لەگەڵ ئاییندا ناکوڵێت. بزووتنەوەی گۆڕان بەلایەنی کەمەوە ملیۆن زیاتر لایەنگری هەیە، خەڵکانێکی زۆر خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرزی لەگەڵدایە، ئاساییە خەڵکانی ئەنتی ئایینی زۆریشی تێدا بێت.
ئەبێت ئەوەیش جیا بکرێتەوە بزووتنەوەی گۆڕان وەک کیانێکی سیاسی جیایە لەگەڵ دیدی تاک تاکی لایەنگرانی، ئەو لەوانەیە نەتوانێت لەگەڵ تووندڕەوی فڵان لایەنگری بێتەوە.

-----------
پارچە ڤیدیۆیەکی خۆپیشاندانەکەی هێلسنکی، لێرەدا دەبینن.

هەینی ٢٠١٢.٣.٢ خوا لەلای منداڵان
 پرسیاری مناڵێکی سویدی ٨ ساڵانە:
- : خوایە گیان تۆ هەیت؟ هەیە بڕوای بە بوونت نییە، ئەگەر هەیت واباشترە کارێکی بەپەلەی وا بکەیت، بیسەلمێنت کە هەیت.
مناڵێکی شەش ساڵی دیکەی سویدی:
- : خوا گیان، بەدەستی ئەنقەست بەو شێوەیە زەرافەت خولقاندووە، یان ئەوە هەڵەیەک بووە، ڕوویداوە؟
     ئەمە وەک ئەو دەربڕینە لای خۆمان (هەرێمی کوردستان) وایە کە مرۆڤێک دەبینی هەڵسووکەوتی ناسروشتییە دەنگی پیاوانەیە یان ژنانە دەجووڵێتەوە، بۆیە دەڵێن ئەوە خوا لێی تێکچووە، دەبوایە پیاو بوایە نەک ژن! یان بە پێچەوانەوە...
     هەر لەو بازنەیەدا لەسەردەمی بزووتنەوەی چەکداری مەلا مستەفادا، جارێک پێشمەرگەیەک لە یەکێک لەبەرەکاندا فرۆکە دەکەوێتە دوای، و ڕاوی دەنێت. برادەریکی ئاگای لێی دەبێت پێی دەڵی: هاورکە خوا هاورکە خوا.. ئەویش دەڵێ کورە خوای چی؟ بەری خوای لێگرتووم!
----------
     بیستم کە ئازاد بەرزنجی نامیلکە یان کتێبێکی لەو قسەوباسانەی منداڵانی جیهان لە هەرێمی کوردستان وەرگێڕاوە و بەچاپگەیاندووە، بەڵام ئەم دوو دانەیە فەهمی کاکەیی کردوونی بە عەرەبی و بەستەری ماڵپەڕە سوویدییەکەیشی لەگەڵدا دانابوو.

هەینی ٢٠١٢.٣.٢ لە پەراوێزی کوشتنی مامۆستا ئەمەریکییەدا
 ڕوودانی تەقە و کوشتوبڕی ناو خوێندنگەی میدیای نموونەیی (٢٠١٢.٣.١) کاردانەوەی جۆراوجۆری لەلایەن خەڵک و میدیاکانەوە لێکەوتەوە، خاڵێکیان زیاد لە پێویست دووبارە دەکرێتەوە، گوایە ئەو مامۆستا ئەمەریکییەی کە مێردمنداڵێکی خوێندکاری خۆی کوشتوویەتی دەبێتە هۆی سومعەی دەبەزین و ناشیرین کردنی هەرێمی کوردستان لەلای دەرەوە. گوایە نموونەی وەک ئەوانە هاتوون بۆ خزمەتی کورد کەچی دەیانکوژن. کاری وا دەبێتە هۆی سڵەمینەوەی خەڵکانی بێگانەی تر کە نەیەنە هەرێمەکەوە.
     بە بەرگری کردن نەبێت لە هەرکارێکی تووندوتیژی، بۆ هەموو ئەو بیانوانە و زۆری تر با ورد تر بڕاونینە دۆخی هەرێم کە بە سەردەمی ئاوەدانکردنەوە دادەنرێت، لای زۆر وا ڕۆیشتووە کە دۆلاری تیا دەبارێت، کەواتە ئەو شوێنە دەبێتە ڕووگە و شوێنی کار بۆ زۆر کەس بەمەبەستی کاردۆزینەوە، بۆ پەیداکردنی پارە و پول، کۆکردنەوەی سەرمایە، بەتایبەتی خەڵکانێکی زۆر گەر بێهونەر و بێ پیشەش بن کە هاتنە وڵاتەکەوە، خۆیان بە گەورە و پسپۆڕیش دانەنێن، هاوکات لە عەقلییەتی بێگانەپەرستییەوە خەڵکەکەی خۆمان لە خۆڕا گەورەیان دەکەن و سیفەتی پاڵەوان و لەخۆبردوویان دەدەنە پاڵ و زیاد لە پێویست گرنگیان پێدەدەن، موچەی زۆریان بۆ دەبڕنەوە.
     کەواتە ئەو ڕووداوە و زۆری تر ڕوو دەدەن و ڕوویانداوە، بەداخەوە وەک ئەم مامۆستایە تیشکی نەخراوەتە سەر!! دەچێتە خانەی شەهیدانی ڕێگای ژیان و کاروکاسبییەوە. قابیل بە فەرامۆشکردنە و ناشێت تئیوری بۆ دابتاشرێت...
--------------
تکایە بڕوانە ئەم بەستەرەی ماڵپەڕی گۆڤاری لڤین


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق