خەمی ڕۆژانە، شوبات ٢٠١٤

عەباس شوانAbas Shiwan
کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٢ی  ٢٠١٤دا

٥٢ هەواڵ

یەکەم مانگی ئەمساڵ توانرا ٤٦ هەواڵ بڵاوبکرێتەوە، بەڵام وەک دەبینرێت ئەم مانگە شوبات ژمارەی هەواڵەکان بەرزبۆتەوە، چەندیان بینەری خۆی داوە لە هەزار و ٧٥٠ کەس، وەک لە وێنەکدا دیارە بەگشتی جەماوەری لاپەڕەکە لە هەفتەیەکدا بەرزبۆتەوە، خۆی داوە لە ٥ هەزار و ٣٦٠ بینەر و خوێنەر.
هەروەها جیاوازی ئەم مانگە لەوەشدایە کە لە ٢٣ی ٢ەوە دایلۆگێکمان لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیاری کوردستانی باشووڕ و ڕۆژهەڵات لەسەر پێکهێنانی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان دامەزراندووە، تا ئەم چرکە ساتە ٨ یان وەڵامیان دابەزێندراوە.

تەواوی هەواڵەکانی ئەو مانگە لە وێببلاگی فینلاند بەکوردی

ئوکرانیا لە بری سووریا!!
٢٠١٤.٢.٢٣

دیارە ڕووداوەکان خێرا تێدەپەڕن، من بۆ خۆم لەو ململانێیەی نێوان ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لەبەرانبەر بلۆکی ڕووس و چین و.. پێشبینیم بۆ ئەو کرانەوەیە بە ڕووی ئێران وا بوو کە قوربانییەکەی سووریا دەبێت، بەڵام وا دەرنەچوو بزیسکە لە ئەوروپا، لە خاڵێکی لاوازی وەک ئۆکرانیا گۆڕان ڕوویدا و پاشەکشەیان بە بلوکی ڕووسی کرد! دیارە ئەوەی گرنگە و لە پێشە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست بەتایبەتی هەرێمی کوردستان نەمانی سووریا و کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران مایەی دڵخۆشییە و قازانجە، مەینەتییکانی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژ دەبێتەوە...
هاوپێچ
-------

- : بەڵام ئەوە کێشەی ناوخۆیی و کێشەی بەڕێوەبردنە، قورسایی خۆی هەیە. ئەو ڕووداوانەیش لە چواردەورمان ڕوو دەدات و ڕوو بدات وەک ڕووخانی سووریا و نەمانی ئێرانی ئیسلامی کاریگەری لەسەرمان دروست دەکات، ئیتر مرۆڤ ناکرێت بڵێت بە باش دەکەوێت یان بە خراپ؟ بەڵام لەهەموو حالەتەکاندا ئەو دیکتاتۆرانە بڕۆن خۆشە و کارێکی باش و پۆزەتیفە.

بەرچنەی بارە ترێکە لاسەنگە! 
٢٠١٤.٢.٢٠

وەک لەو هاوپێچەی خوارەوەدا دیارە تێکستێکم بەناونیشانی: بۆریە پیترۆڵەکەی بەندەر عەباس کوا؟ لە ڕۆژی ٢٠١٤.١.١٧ نووسی. ئەوم پێشبینیی کردبوو، کە  حکومەتی هەرێم کاری حەکیمانەی نەکردووە، تەنها لایان لە تورکیا کردۆتەوە و بۆری نەوتی هەرێمیان بەو وڵاتەوە بەستۆتەوە و ئێرانیان بێبەش و فەرامۆش کردووە! دەبوایە وەک وتوومە حسابی بەرژەوەندی دراوسێی ڕۆژهەڵاتیشیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بکرایە! دروستکردنی قەیرانی گورچکبڕی وەک دەبینرێت بۆ هەرێم بەناڕاستەخۆ لە ڕێگای دۆست و بەکرێگیراوانەوە دەخولقێنرێت.
کاردانەوەی ئێران سەرەتا بە بانگکردنی پارتی و یەکێتی بە مەبەست  گوێڕاکێشان بوو، بەڵام میدیا و ئۆپۆزسیۆن لە خەیاڵێکی تر! نەمانی پارەی بانک و موچەی فەرمانبەران و چەندەها کێشەی تر لە ڕێی حکومەتی عێراقی عەرەبی ژێر هەژموونی ئێران هەنگاوی دووهەم بوو. کەچی تازە بەتازە چەند ساسەتمەدارێک و دەستەبژێری هەرێمی کوردستان بەو خاڵە دەزانن و باسی دەکەن. ئێستا قسە لەوەیە چۆن چارەسەری ئەم قەیرانە نێردراوە و فشارەکانی تر کە بەڕێوەیە دەبنەوە؟
هاوپێچەکە: 
بۆریە پیترۆڵەکەی بەندەر عەباس کوا؟
٢٠١٤.١.١٧
چوونی هەردوو شاندی یەکێتی+پارتی بۆ ئێران، بە ڕووکەش بۆ مەسەلەی ڕاوێژکردن لەسەر مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام میدیا و ئۆپۆزسیۆنی کۆن لێیان کردن بەهەڵا، بەڵام ئەوەی ڕەخنەگران لەبیریان چوو بوو، کە چۆن دەبێت پێکهێنەرانی شاندەکە تەنها بۆ مەبەستێک سەردانێکی وا ئەنجام بدەن، گەر وردتر لە دۆخی هەرێم بڕوانرێت دوای ناردنی پێترۆڵ بە ڕێگای بۆری لە خاکی تورکیاوە، قابیلە ئێران دەستەوەستان ڕابوەستێت، کێچ کەوتبووە کەوڵی گونجاو نییە لە خێروبەرەکەتی هەرێم بێبەش بێت و تورکیا هەمووی لووشی بدات، هەژموونی تورکیا لەناو هەرێم زۆر زاڵتر بێت بەسەر ئێران، کەواتە ئەمە لایەنێکی تری سەردانەکەیە، ئەی چار چییە بێگومان یەکێک لەو مەسەلە گرنگانەی دراوە بە گوێی شاندەکە مەسەلەی نەوتی ناوچەی کۆنی زۆنی سەوزە کە بۆریی گواستنەوەی پیترۆڵە لەوێوە بۆ یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران کە نزیکترینیان بەندەر عەباسە.. ئەم کارە دەبێتە هۆی بوژانەوەی زیاتری ناوچەی کۆنی سەوز و کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیا و پارتی و قازانجی هەموو لایەکی تێدایە..
گەر ئەو پرۆژە ئابوورییە زەبەلاحە جێبەجێ بێت، گردوکۆییەک لە بەرهەمەکانی پیترۆڵ روو دەدەن، لە ناردنی نەوتی قاچاغ بە تەنکەر ڕزگار دەبێت، کە بۆتە هۆی ڕووداوی نەخوازراو و گیان لەدەستدانی خەڵکێکی زۆر و پیسبوونی ژینگە.
------
ئەم تێکستە لەماڵپەڕی گۆڤاری شاردا بڵاوبۆتەوە

پێ بەئاسمانەوە جۆلانە دەکات!
٢٠١٤.٢.١٨

دایکێکی باش، لە سەد مامۆستا و زانکۆ باشترە. وتەزایەکی نەوزاد شێردڵە.
پێم وایە ئەو دەربڕینە زۆر لە جێی خۆیدا نەبێت، وەک چۆن دەڵێن ژن هەیە و ژانیش هەیە، دایکەکانیش پۆلین دەکرێن.. ئینجا لە کۆمەڵگاکاندا مانا کردنی دایک و دایکایەتی جیاوازە، فەرموو هەر لە وڵاتە ئەورووپییەکان بڕوانە، بزانە چی دەگوزەرێت؟ ئینجا دایک دەورێک دەبینێت مامۆستا و زانکۆ هەریەکەیان کایەیەکی جیاوازیان لە نێو کۆمەڵگا هەیە، مەگەر تەنها لەوەدا یەکبگرنەوە کە پەروەرەدەکارن، گونجاو نابێت دەوریان تێکەڵ بکرێت و فەرزی ئەویان بەسەری ئەوی تردا بدرێت و نادیدە بگیرێت.. ئەو دیدە پێی بەئاسمانەوە جۆلانەیەتی.
دایکان و دایکایەتی دەوریان بە پلەی کۆمەڵایەتیانەوە بەندە، هاوکات پلەی خوێندەواریان... تێڕوانینی ئەو کاک نەوزادە سۆزدارییە، یەک لایەنەیە چوونکە باوکیش دەوری لە پەروەردەی مناڵاکاندا هەیە، زۆرن ئەو کەسانەی کە چەند دایکی خۆش دەوێت بەڵام زیاتر لە ژێر هەژموونی باوکاندان و دەرناچن.

ئێن ئاڕ تی لەگەڵ تۆمە، ئەوانی تر گوێبگرن!
٢٠١٤.٢.١٧

لە نێوان ململانێی تۆڕی جالجاڵۆکەیی حیزبە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان، دەستوەشێنرا لەو کەناڵە، بەڵام بە قازانجی کەوتەوە، ئەوەندەی تر لایەنگری بۆ پەیدا بوو. ئێستا لە ناو میدیادا ژمارەیەکی سەنگینە، تا ئەو کاتەی کەناڵی ڕووداو پەیدا نەبوو، ئەم گوژمی دووبارەی بە خۆی نەدایەوە.
لێرەوە دەکرێت باس لە چەند کەموکوڕی تەکنیکی نەک ئەم کەناڵە بەڵکوو بەشی زۆری میدیای بینرا و بیستراو بکرێت.. کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بنیاتنانەوەدایە، ئەمەیش وای کردووە جۆرێک لە فەوزا و ناجێگیری و ناستانداری لە کۆی گشتی کایەکانی کۆمەڵگا بە میدیاشەوە هەبێت. ئێوە دیقەت بدەنە مۆنیتەری ئێن ئاڕ تی، هێڵێک بەردەوام لە بەشی جوارەوەیدا بە جووڵەی جێی سەرنجە، ئەویش تێکستی کورتە هەواڵەکانە.
ئەم خزمەتگوزارییە لە کوێدا باشە و لە کوێدا خراپە؟ دیارە لە کاتی پەخشی هەواڵەکاندا گونجاوە بەمەرجێک تەنها ئەو هەواڵانە بێت کە لەو کاتەدا دەخوێنرێنەوە. ئەمە وا دەکات تەرکیزی بینەر چڕ بکرێتەوە لەسەر ئەو چەند هەواڵەی کە بێژەرەکە دەیخوێنێتەوە و نەینبات بەملاوبەوڵادا. لەمەوە پێویست ناکات ٢٤ کاژێر هێڵ و شریتی هەواڵەکان بسووڕێتەوە. هاوکاتیش لاسیکردنەوەی کوێرانەی چەند کەناڵی عەرەبی کەنداوە!
لەلایەکی ترەوە گەر مرۆڤێک تەنها لە تەلەفیزیۆنەوە سەیری هەواڵەکان بکات، وا دەزانێت جیهان بەو گەورەوگرانییەی پڕ شەڕوشۆڕە، شوێنێکی ئارام نەماوە و نادۆزیتەوە، ئەمە وەک تاک بەڵام گەر ئەو دۆخە ناتەندروستە بپەڕێتەوە بۆ ئەوەی ٢٤ کاتژێر هەواڵ لە چەند لاوە دەرخواردی خەڵکی بدرێت، هەڵوێستەی جدی دەوێت.
ئەو کارەی کەناڵەکان بە شریتە هەواڵییەی دەیکەن نەک بەسیاسیکردنی کۆمەڵگایە، بەڵکوو تێکدانی باری دەروونی بینەرانیشە، ئاخر لە بەرژەوەندی کێدایە کۆمەڵگا بەرەو کایەیەکی ناتەندروستی لوغماوی وا بکرێت لە کاتێکدا ئارامی لەهەموو شت پێویست ترە.
زووربەی بەرنامەکان بێ خاوەنن، ئەمە چۆن؟ گەر وا نییە، بۆ قسە گرنگەکانی میوان لەسەر مۆنیتەر زەق ناکرێتەوە و نانووسرێت؟ جا سەیرەکە لەوەدایە، تەنها ئەو چاوپێکەوتن و بەرنامانە دەکرێتە هەواڵ، کە سیاسەتمەداران تیایدا بەشدارن! بەڵام ئەو بەرنامانەی کە بۆ نووسەر و خەڵکانی تر فەرامۆش دەکرێن.
پرسیار ئەوەیە لەو بەرنامانەدا پێویستە شریتی کورتە هەواڵەکان بجووڵێت و هەبێت؟بێگومان نەخێر چوونکە بینەر نابێت خەریک بکرێت بە شتێکی ترەوە، سەرنجی بە دوولادا بڕوات. گەر ئەوە کرا بێ بەها کردنی بابەتی بەرنامەکە و میوانەکانیەتی.
میدیای تەندروست نەک خولقێنەری ئارامییە بەڵکوو ئەنتی فەوزایە.. ئەم دیدانە بەرئەنجامی بەراوردکاری نێوان میدیای بینراو و بستراوی فینلاندی و کوردییە.

نوخشە بێت لە هەرێمی کوردستانیش
٢٠١٤.٢.١٦

لەم هەواڵەدا ئەگەر جێی بڕوا و ڕاست بێت، برگەی ئایین لە پێناسەی تایبەتی هاوڵاتیان لادەبرێت و نامێنێت. ئەوەیش هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی جوانتر بوونی کۆمەڵگا.

لەپەراوێزی ئەو هەواڵەدا:
من بۆ خۆم لەو بڕوایەدا نیم لە ئایندەیەکی نزیکدا کاربەدەستانی کۆن و ئەوانەشی کە لە داهاتوودا حکومەت دەبەن بەڕێوە، ئازایەتی وا لە خۆ پیشان بدەن و ئەو بڕگەیە بگۆڕن..ئێوە دیقەت بدەنە چەند دیاردەی ڕوکەشی وەک تەلەفیزیۆنەکان، هەتا بێت بێژەری سەرپۆش بەسەر زیاد دەبن.. بەرنامە ئایینییەکان زیاتر دەبن.. بە پێچەوانەی ئەورووپا و وڵاتیکی وەک فینلاند، کە تەنها لە ڕۆژانی یەکشەممە کەناڵی فەرمی حکومەت بۆ چەند کاژێرێک لا لە ئایین دەکەنەوە و دەگوێزنەوە.. ئەمەیش لەو سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە حکومەت نوێنەرایەتی گشت کۆمەڵگا دەکات.. لای خۆمان هەرێمی کوردستان کەناڵی تەلەفیزیۆنی کەی ئێن ئێن و ڕووداو کە فڕیان بە حکومەتەوە نییە هەموو ڕۆژانێکی هەینی بەرنامەی ئایینی پێشکەش دەکەن!! کە ئەرکی ئەوان نییە دیارە ئەمە بێجگە لە حیزبەکانی تر ئەو دیاردەیە دەچێتە خانەی ئەو فەوزایەوە کە بەربینی بە کۆمەڵگا گرتووە، تا کەی درێژە دەکێشێت کە شتەکان لە شوێنی خۆیاندا بێت ئەوە وەک موسڵمانان دەڵین خوا دەیزانێت.
---------
دەقی هەواڵەکە 

لە ڕۆژی هاوڕێیەتیدا کۆمۆنیستە عەبەسییەکان!!
٢٠١٤.٢.١٤
ماوەیەکە دیقەت دەدەم هاوڕێیانی چەپ بەتایبەتی خۆ بەڕادیکاڵزانەکانیان گەر هەر کەسێک بە ئیسلامییەکانیشەوە قسەیەک بە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێن، لەلای خۆیان شێری دەکەن و دەرخواردی خەڵکی دەدەنەوە وەک ئەوەی رۆن قەرچەک لە قەڵبیان بدەن. جا زۆریان بیسی ساڵە لە ئەورووپان یەک زەڕە لە هزەرەی کۆنی هەرێمی کوردستانیان لایان نەداوە، بەهەمان ئاوازی ئەوێ دەخوێنن.
لە مەسەلەی بێڕێزی کردنی چەند کەسایەتییەکی ئیسلامی سیاسی بۆ سروودی نیشتمانی ئەیرەقیبش هاتوونەتە سەر هێڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرگری لە هەڵوێست و کارەیان دەکەن، گوایە ئەوە مافی تاکەکانە کە لەبەر سروودی نیشتمانی هەڵنەستن!! لەمەوە دەکرێت بووترێت ئەو دوو بەرە دژ بەیەکە وەک وجودی و عەبەسییەکان وان لە چەند خاڵدا هاوبەشن و ئاو بەیەک ئاشدا دەکەن.. ئەم جۆرە لە کۆمۆنیستەکان لەم خاڵی ئازادی تاکەدا دەیانەوێت لاسایی ئیسلامیە نەیارەکانیان بکەنەوە، گەر ڕۆژێک لە رۆژان دەستتان ڕۆیشت و وەک ئەوان حساببۆکراو بوون، لەو جۆرە بۆنانەدا بەشدار بوون.. تەنانەت وەک ئەتەکیەت لەبەر سروودی نیشتمانیەکە بەرزەپێ هەڵنەستن.. تا ببنە جێی سەرنجی خەڵکی... بەشێک لەو دوو گرووپە ئیسلامی و کۆمۆنیست کایەی سیاسەتکردن وەک هیوایەت و حەزی تاکە کەسی سەیر دەکەن و دەبینن، بۆیە نەبوونەتە هێزی کاریگەری ناو کۆمەڵگا.

وەحش مانای هۆڤی!!
٢٠١٤.٢.٩
- : خاوەنکار و دەسەڵاتدارەکان و دەستڕۆیشتوان بەخواردنت ڕازی نابن، یەک سەلەفە لووش و قووتت دەدەن.
- : بۆ ئەوەی تەزویر لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نەکرێت، هەرچی دەنگی دا، لە هاتنە دەرەوەدا پەنجە مۆربووەکەی ببڕیت..
-------
هاوپێچ:
- : نە ئەوەی تۆ نە ئەوەی تریش هەرچەندە ئەوەی تۆ کەمێک نەرمترە.. ئاخر ناکرێت کەسێک داوای چاکسازی لەبوارێکی دیاریکراوی وەک هەڵبژاردن بکات و پێشنیاری پەنجە قرتاندنی دەنگدەر بەرز بکاتەوە!! گوایە بەوەدا دەزانرێت کە دەنگی داوە، گەر بێت دووبارە بێتەوە دەنگ بداتەوە کەسەکە دەناسرێتەوە..
مەترسی ئەم جۆرە قسەوباسانەی کە لە میدیاکانەوە خەڵکی ئاسایی دەیکات ئەوپەڕی تووندوتیژییە و جێی مەترسییەکی گەورەیە، بەپێچەوانەوە لە جیاتی لەسێدارەدان و ڕەمیکردن و مەرگ ئەلتەرناتیڤی حوکمی هەتا هەتایی باشترە.
جا تۆ دیقەت بدە ئەم جۆرە پێشنیارانە لەبەرانبەر کاری دەستڕۆیشتوانی تری کۆمەڵگا هۆڤیانەیە، و تەواوکەری یەکترن. کە جێ داخە خەڵکی ئاسایی ئەو دیدە وەحشیانەیەی هەبێت.

کێ ئاتائیستە(ئایینسزە) پەنجە هەڵبڕێت؟
٢٠١٤.٢.٧
دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتێکی وەرگێڕدراوی ماڵپەڕی ڕووداو کە باس لە دیاردەی ئاتائیستی مرۆڤەکان دەکات، ئەوانەی لێرە دانراون بە کەمێک دەستکارییەوە قسەی سەرنجڕاکێشی چەند کەسێکی کورد و عەرەبن لە چەند شوێنی جیاواز.. ناونیشانەکە هی بەندەی موخلیستانە:
- : كێشەكانی عێراق زۆربەیان بەهۆی تووندوتیژی ئایینیەوەن .. ئەگەر كەسێكیش بێباوەڕی خۆی ئاشكرا بكات، ئەوا چاونەترسییە.
- : بەهۆی ئایینەوە رێگای زۆرشتم لێگیرابوو، بەڵام ئێستا، كە بێباوەڕم، بناترسم و توشی خەمۆكی نابم.
- : بەر لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر و بە پێی ئامارە فەرمییەكانی ئەو کات ٩٥% عێراقییەكان مسوڵمانن، ئێستا رێژەیەکی ناتەواوە.
- : ئایینی ئیسلام دەڵێت، كە هەموو شتێكی راستە، بەڵام وانییە و كتێبی هیندۆسە كۆنەكان زیاتر لە قورئان راستی زانستییان تێدایە.
- : تەنیا ئیسلام ئایین نییە، بەڵكو ١١٠٠ ئایینی دیكەش لە دونیادا هەن، كە هەریەكەیان خۆی پێ لە ئەویدیكە باشتر دەزانێت.
---------
هاوپێچ:
- : بەداخەوە، زۆرن لەم کۆمەڵگای فەیسبووکەدا ناوێرن پەنجە هەڵبڕن، لەکاتێکدا دەمیان بکەنەوە دژی ئایین و پارتە ئیسلامییەکان دەەپەیڤن بەتایبەتی لایەنگرانی حیزبە حکومییەکان.. پەنجە هەڵبڕین کە ئایینسزی مانای و لێدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، من بۆ خۆم لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەم قبووڵ نییە کە خەڵکی بە بێباوەڕ بناسرێت، هەر یەکە لە ئێمە باوەڕ و مەبدەئمان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئاییندا ناتەبایین و لەو خاڵەشدا زیاتر کە ببێتە هۆی گێلاندن و توندوتیژی نابەجێ.. ئەلتەرناتیڤ بۆ من بەندەکانی مافی مرۆڤە کە دەکرێت وەک ئایینی هاوچەرخ بۆ خۆمان دیاری بکەین،
دیارە بەهۆی مێژووییەوە ئێمەی کوردی کوردستانی باشوور ئەو ئایینەمان بە خواستی خۆمان نەبووە، لە ژێر فشاردا قبووڵمان کردووە.. بۆیە پێم وایە دەبوایە لەناو ئێمەدا زۆرترین ئایینسز هەبوایە، بەڵام وەک دەبینی جێی دڵخۆشی نییە.. بەڵام من بۆ خۆم خۆشحاڵم ئەو تاکوتەرایە لە خەڵک هەیە. هەمیشەش خەڵکە یاخییەکان کەم و کەمایەتی بوون لەناو کۆمەڵگادا.
- : چەپەکان بە ڕادیکاڵ و ناڕادیکاڵیانەوە لە کوێن کە لە ناو کۆمەڵگادا بە ئاینسزەکان ناویان ڕۆیشتووە؟

حیزبی باوک مردوو!
٢٠١٤.٢.٢
ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم، ئەو هەڵوێستەی دوێنێی دکتۆر بەرهەم ساڵح (تاکتێک نەبێت) کە دەوری خۆی نیمچە سڕ کرد لەناو حیزبەکەیدا، بەرئەنجامی ململانێنێی نهینی و ناوخۆییەکانی چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی ناو حیزبە باوک مردووەکەیانە، کە هەموو دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن. لەم نێوەدا ئەوەی دەدۆڕێت بەرهەم ساڵحە، گەر ئەو زاتە بە باڵی خوێندەوار سیاسی و ژیر و دانای ناویان دابنرێت، چوونکە لە کۆمەڵگادا هەمیشە ئەو توێژاڵە دۆڕاو بووە، وەک چۆن کۆنتر نەوشیروان مستەفا لەهەمان گۆڕەپاندا لەبەرامبەریان دۆڕاندی و بەئەدەبانە هاتە دەرەوە. لەم نێوەدا یارییەکە ئاشکرایە براوەی سەرەکی بنەماڵەی خاوەن مردووەکە ئەویش هێرۆ ئیبراهیم و کورەکانییەتی.
نوخشە بێت لە باوکی حیزبەکانی تر...

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق