خەمی ڕۆژانە، ئازار ٢٠١٤


عەباس شوانAbas Shiwan
کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٣ی  ٢٠١٤دا

٧٠ هەواڵ

مانگێکی ترمان بەڕێ کرد، ئەوە بوو مانگی یەک ٤٦ هەواڵ، مانگی دوو ٥٢ هەواڵ، بەڵام مانگی ٣ هەواڵەکان فڕی بۆ ٧٠ دانە. ئەوەی جێی سەرنجە لەم مانگەدا هەواڵمان هەبووە، بینەر خۆی داوە لە چەند هەزار کەسێک. هەر ئەم مانگەدا کە بە مانگی بۆنەکان ناسراوە، بۆیە چالاکی کوردان پشکی شێری بەرکەوتووە.
لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی تەواوی هەواڵەکان وەک ئەرشیفخانەیەک پارێزراوە.

بەشێک لە کوردانی خۆرئاوا بە گورگانخواردوو چوون!!
٢٠١٤.٣.٢٧

لە هەواڵەکاندا بیسرا بەشێک لە کوردانی کوردستان خۆرئاوا بەتایبەتی ئەوانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حیزبەکەی ئۆجەلاندان و سیاسەتی ئەوان پیادە دەکەن، بانگەوازیان بۆ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە بەدەنگیانەوە بچن، چوونکە لە ژێر هەڕەشەی جدی گرووپە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ڕژیمی ئەسەد دان..
لە تورکیاشەوە بیستمان کە چەکدارانی پێ کە کە ئێستا بەشێکی زۆریان چوون بۆ هیمدادی ئەو کوردانە، لە کاتێکدا دەزانرێت ئەو چەکدارانە ئەزموونی شەڕ و بەرەنگارییان لەگەڵ لەشکری حکومەتی تورکیا زۆرە ، ئیتر ئەم داوایە لە پای چی؟ یان هەر دەیانەوێت ئیحراجی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن؟ هەموو دەزانیین ئێستا بەشێکی زۆری حیزبە سیاسییەکانی هەرێم لەو تاکڕەوییەی دەسەڵات کە لایەنگرانی پێ کە کە لەو پارچەیەدا دەیکەن، هەڵوێستیان گۆڕاوە و وەک جاران نەماون، بە حەماسەوە ناچن بەدەنگیانەوە، نابێت ئەوەیش لە یاد بکرێت هاوکێشەی ئاڵوگۆڕ بە دەسەڵاتی ئەسەد گۆڕانی بەسەردا هاتووە، حیزبەکانی هەرێم ڕیسکێ ناکەن دواڕۆژ کێشە و سەریەشانی زیاتریان بۆ بخولقێنێت.

جاش و خۆفرۆشانی زیاتر بهێنە دوان؟
٢٠١٤.٣.٢٣

چەند دەنگێکی ناڕازی لەسەر پەخشکردنی چاوپێکەوتنی کۆنە ڕاوێژکاریکی سوپای خەفیفەی سەردەمی بەعس لەلایەن کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێن ئاڕ تی بەناوی (قاسم ئاغاى کۆیە)یەوە کێچ کەوتۆتە کەوڵیانەوە، بابەت نەماوە گەڕی پێنەکرێت، کەناڵی ناوبراو نەبێت، خەریکن تاوانی کابرا دەسوون بەشانی ئەودا، لەکاتێکدا ئەوە یەکێکە لە کارە باشەکانی بە سەبقی ڕۆژنامەوانی دادەنرێت، کە ئەو کابرایەیان هێناوەتە دواندن.
لەلایەکی ترەوە زۆرن ئەو دەنگانەی کە نەک مێژووی کۆن بەڵکوو مێژووی دوای ڕاپەڕینیشیان لە بیر نییە، ئەمەی کە ئێن ئاڕ تی کردوویەتی یەکەمین و دواهەمین نییە، کێ هەیە دۆسییەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە بیر نەبێت کە هەڵایەکی گەورەی نایەوە و دەستی خەڵکانێکی زۆر کە کۆن لە شاخ بوون ئاشکرا کرد، پەیوەندیان لەگەڵ بەعسدا هەبووە، خستنە ڕووی مێژووی ئەو سەردەمە لەزاری کەسانی دەستڕۆیشتووی واوە زۆر گرنگە بزانرێت و ئاشکرا بێت..
دوای ئەوە لەسەر کەناڵی ڕووداو ناسراو بە کەناڵی نەوتەکە بۆ نەکرا بەهەڵا کە شێخ جەعفەری کۆنە پارێزگای شاری سلەیمانیان لە مەسەلەی کوشتنی دڵشاد مەریوانیدا هێنایە دواندن؟
هەرچۆن بێت بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە نەک باشە بەڵکوو زۆر پێویستن و لاپەڕەیەکە ئیتر جوان بێت یان ناشیرین بەشێکە لە مێژووی میللەتەکە و دەبێت ئاشکرا بکرێن.

بیستم
٢٠١٤.٣.٢٢

ژنێکی خاوەن قوربانی و کیمیالێدراوێکی هەڵەبجە:
چاوم وەک دەنگە هەنار هاتە دەرەوە.
گەشتیارێکی نەورۆز:
وەزیری گەشتوگوزار با دایبی دابەش بکەن لە جیاتی عەلاگەی ڕەشی خۆڵوخاشاک.
ژنێکی بەتەمەن:
يەک دەورەى دەنكەکانى تەسبيح ڕۆژانە حەپ دەخۆم.

کاوە گەرمیانی وەک کاڵایەک!!
٢٠١٤.٣.١٨

لە میدیاکانەوە بینیمان کە کەسوکارە نزیک و پلەیەکەکانی کاوە گەرمیانی چووبوونە سەردانی سەرۆکی ئیکسپایەربووی هەرێم مەسعود بارزانی.. هەر بینیمان گوایە بەر لەوە سەردانی باڵی بەهێزی هێڵی سێهەم هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستان نەوشیروان مستەفا کردووە.. بۆ داپۆشینی عەیبەیەک کە کەسوکارەکەی کاوە گەرمیانی کردوویانە و لێیان وەشاوەتەوە..
ئەم ڕووداوە بە مێژووی کۆمەڵگاکەمان نامۆ نییە، زووربە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمی داگیرکەر قوربانییان داوە، لەسەردەمی ڕاپەڕین و ئازادیدا بەناوی خاوەنی شەهید و قوربانییەکانەوە شەڕ و دڵیەشانیان کردووە نەک لە نێوان تاک تاکی خێزان بەڵکوو لەگەڵ حیزب و حیزب لەسەر ئەوەی کام زۆرترین پشک وەردەگرێت لەوی تر..
گریمان ئەم کارەی بنەماڵەی کاوە گەرمیانی بۆ پارە و خانوو زەوی و شتی هاوشێوەی وا نییە، بەڵام دەچێتە خانەی تۆڵەوە بەڵام چۆن تۆڵە و هەق سەندنێک؟ دیارە بە دەستێکی پیستر! هاوکات سەنگەر گرتن لە پارت و لایەنێکی تر کە دەستی تاوانیان بۆ درێژ دەکرێت.. بەو کارەیش بەشێک لە خەڵک کە پشتیوان و هاوسۆزبوون لەگەڵیان، بێ ئومێد کرد و لەدەستدا..

لەپەراوێزی هەڵبژاردنی ژنی نموونەی پەناهەندەی ساڵی فینلاند
٢٠١٤.٣.١٧

بەر لە ڕاگەیاندنی ناوی ژنی براوەی ساڵ، پێشبینی دەکرا خەڵاتەکە بەر گرووپی کوردی بکەوێت، بەڵام نەدەزانرا کام لە کوردەکان خۆرهەڵاتییەکان یان باشوورییەکان کە لێرە بەفەرمی وەک ئێرانی و عێراقی دەناسرێن. بەڵام سەپرایس دروست بوو کاتێک ژنێکی کوردی باشوور دەرچوو، پێدەچێت پێگەی ئابووری و سیاسی بەهێزی هەرێمی کوردستان دەوری گێڕابێت لەو دیاریکردنە، لە کاتێکدا ٣ کچە گەنجی خوێندەوار بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات کە بە نەوەی دووهەمی بێگانەکان دەناسرێن بە پشتیوانی چەند ڕێکخراوە چووبوونە کێبڕکێکەوە، تەنانەت دانەیەکیان لەلایەن میدیای فینلاندییشەوە ناسراو بوو، بەڵام لای دامەزراوەی خاوەن خەڵات (پاکۆلایسئاپو) ئەو خاڵە پۆزەتیفانە نەخوێندرابێتەوە. کەسێکی ماندوویان کە موستەقە، بە تەمەنێکی گەورەوە لە کلتوورێکی داخراوەوە هاتووە، خۆی پێگەیاندوو، جێی خۆی کردۆتەوە، نەک گەنجانێکی کوردی پەروەردەی کلتووری فینلاند بێت.
بەداخەوە ئەو کچە گەنجانە پێگەی گرنگی خۆیان نازانن و نابینن و هەڵنەسەنگاندووە، بە هزری مرۆڤە بەتەمەنەکان و لایەن و کەسە سیاسییەکان وەک داشی دامە دەجووڵێنەوە و دەجووڵێنرێن. کە سەدەها هەڵی جێکەوتنیان لەبەردەستدایە کە ببنە کەسانی دەرکەوتوو وەک هەر هاوڵاتییەکی ڕەسەنی فینلاند.
لەلایەکی ترەوە دەبێت قسە لەوە بکرێت کە کەسی براوە خاتوو کەژاڵ عەلی برایم ئایا دەتوانێت ئەو چانسەی پێی دراوە بیقۆزێتەوە بە پلەی یەکەم بۆ قازانجی خۆی و دواتر بۆ گرووپی کوردانی فینلاند و گەلەکەی، وەک کەسایەتییەکی ناسیما ڕازمیای ئەفغانی پێدەکرێت؟ دەبێتە باڵوێزێزێکی نافەرمی کوردەکان بەتایبەتی ئەوانی کوردستانی باشوور؟ بۆچوونێک لەسەر خاتوو کەژاڵ عەلی هەیە بەوەی نزیکە لە تەوژمێکی سیاسی چەپی هەرێمی کوردستانەوە، کە گرنگی بە نیشتمان و خاک نادەن، ئایا ژنی نموونەیی خاتوو کەژاڵ عەلی دەتوانێت ئەو بۆچوون و دەنگۆیانە بەدرۆ بخاتەوە و رەت بکاتەوە؟
شایەنی بیرهێنانەوەیە ڕۆژی ٦ ی ٣ لەلایەن دامەزراوەی پاکۆلایسئاپووە ڕاگەیەندرا کە خاتوو کەژاڵ عەلی برایم وەک ژنی نموونەیی پەناهەندەی ساڵی ٢٠١٤ دیاریکرا. ئەمساڵ ٣ کچە کوردی دیکەیش بەناوەکانی زارا تەیمووری و ڕێناس ئیبراھیمی و شەیدا سوھرابی خۆیان کاندید کردبوو.
-------
ئەم تێکستە لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا بڵاوبووە

شلی مەکە، با دەیبات!!!
٢٠١٤.٣.١٠

پێم وایە بەڕێزتان شێرکۆ کرمانج بە هزری ئەو ئارامی و بێکێشەییەی کە لە دەرەوەی وڵات هەستی پێدەکەیت ئەم بیرەکەت داڕشتووە. ئەو ئیدەیە کاتێک جوانتر دەبوو وەک پێشنیار ئەوەت دەربڕیایە کە ڕۆژێکیش بێجگە لەمە بۆ جلوبەرگی میللی دابنرێت، نەک بێت و بخوازی ئەمەی کە هەیە نەمێنێت! لەم هەستانەوەیەی خەڵکی کورد لەو بارچە بچووکەدا کە پڕ پڕ لە ململانێیە، نەرمی پیشاندان لە بەرانبەر ناحەزانی کورد و کلتوورەکەی ئەوەندەەی تر لێدان و شکست و نائومێدی دروست دەکات و دەبێت، چوونکە هەرێمەکە وەک وڵاتانی خاوەن کیان سەربەخۆ نییە، بە پێچەوانەوە تەنها بە پێداگری لەسەر کلتووری خۆماڵی و بەهێز کردنی لە قازانجە ئەگینا دەخوورێن، هەر گروپێکی بچووک هەیە نموونە وەک بەرەی تورکمانی، بە دنەدانی دراوسێکان نەک ڕێزت لە کلتوورت ناگرن بەڵکوو بێڕێزیش دەکەن. نموونەی زۆری تر هەیە.
-------
ئەم تێکستەی سەرەوە بەدواداچوونێک بوو بۆ دیدی کەسی ناوبراو کە پێی باش بووە ئەم ڕۆژی جلوبەرگی کوردییە بکرێت بە ڕۆژی جلوبەرگی میللی، لەبەر خاتری کەمەنەتەوەییەکانی ناو هەرێمی کوردستان.

ڕاپەڕینی شاری شاران (سلەیمانی) پیرۆزە
٢٠١٤.٣.٧

ڕۆژی (١٩٩١.٣.٧ - ٢٠١٤.٣.٧) ڕاپەڕینی شاری گەورە و گران و یەکلاکەرەوە سلەیمانی/هەرێمی کوردستان پیرۆزە. لەو مێژووە نەوەی ئێمە گەر درۆ لەگەڵ خۆماندا نەکەین، شکۆفەمان کرد، ئیتر هەر یەکەمان بەجۆرێک، سەرەڕای ئەو هەموو کەموکوڕییەی لە دوای ئەو مێژووەوە هەیە و دروست کراوە و پەیدا بووە، ڕێ بە خۆ نادەم بە خراپ بە ناشرین بیبینم و دردۆنگ بم لێ و پەشیمان بم لێی. ڕێنیسان لەو کاتەوە دەستی پێکردووە و درێژەی هەیە، تا ئێستاش چرکە ساتەکانی ئەم ڕۆژە پیرۆزە و جوان و پرشنگدار، بە یەکێک لە خۆشترین رۆژەکانی ژیانم دەزانم. جارێکی تر یادی ڕاپەڕینی شار و کوردستانەکەم پیرۆز دەکەم.

بیرەوەری: حیلەیەکی شەرعی لە ساڵی ١٩٦٩-١٩٧٠دا
٢٠١٤.٣.٤

لەتیف عەلی، ئەو مامۆستا باڵا کورتە بوو کە بە ئایین عیسایی بوو، لە تەلەفیزیۆن بینیم قسەی لەبارەی گەرەکی گاورانی شاری سلەیمانی لەهەرێمی کوردستانەوە دەکرد، ئەو مرۆڤە هاوکارییەکی گەورەی منی لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆری پۆلی شەشی سەرەتایی کرد، نازانم بۆ ماتماتیک کە ئەوسا پێی دەوترا حساب بۆم وەک ئیزرائیل وابوو، هێندە لەو وانەیەدا خراپ بووم نەبێتەوە، لالۆیەکم هەبوو بە ناوی عومەری حەمەرەشەوە، ئێستاش لە ژیان ماوە، ئەویش مامۆستای سەرەتایی بوو، نازانم خۆم پێم وت یان دایکم، کە چۆن چۆنی دەتوانێت لەو کێشەیە ڕزگارم بکات، ڤیتامین واوێکم بۆ پەیدا بکات، سەیرەکە لەوەدا بوو، ئەویش لە ئامادەیی سلەیمانی شوێنی تاقیکردنەوەکە بوو چاودێر بوو، بەڵام لە هۆڵێکی تر بوو، بەیانی ڕۆژی تاقی کردنەوە لالۆم بینی هات لەگەڵ مامۆستا لەتیف عەلی قسەی کرد. ئیتر زانیم کارم مەیسەرە، سەرەتا وەڵامی پرسیارەکانی وانەی جوغرافیام دایەوە، کە هاتە سەر وانەی حساب، ئەوەی زانیم وەڵامم دایەوە، بەڵام لە یەک دوو پرسیار عاسی بووم، ناچار مامۆستا لەتیف کە لەسەر ئەو ڕیزەی ئێمە بوو، بەناوی پرسیار کردنەوە بانگم کرد، وتم ئەوە چۆن چۆن نییە و نایزانم، ئەو لەسەر ڕاسپاردەکەی لالۆم یەکسەر حەلەکانی پێ وتمەوە. ماڵی ئاوا بێت کە ئەنجامەکان دەرچوو سەیر دەکەم نمرەی وانەی حساب زۆر تر بوو لە وانەی جوگرافیاکە.
هاوپێچ
-------
ماتماتیک و کیمیا و فیزیایش خۆش نەبوو، چوونکە وردەکاری پێویستی دەویست، مرۆڤیش لەو قۆناغەی تەمەنیدا پەرتە، بەتایبەتی گەر کۆمەڵگا و خێزانی وەک پێویست نەبێت. بەڵام لە مێژوو و بایلۆجی و بەشی زۆری وانەکانی تردا باش بووم.. ڕاستە مامۆستاش دەوری هەیە لە تەوەڵابوونی خوێندکار لەو وانەیە، ئێمە مامۆستایەکیمان هەبوو خالیدی ناو بوو، وابزانم لە پۆلی ٥ی سەرەتایی بووم، لە تاقیکردنەوەی حسابدا یەکم هێنابوو، لەناوو پۆلەکەدا ٤٩ داری لێدام تا ببێت بە ٥٠، جا تەسەور بکە چەند خوێڕی و غەدار بوو.
لەم لاپەڕەیەدا لەسەر هەمان ڕووداو تۆزێک زیاتر بیرەوەرییەکانی ئەوکاتەم گێڕاوەتەوە
https://sites.google.com/site/abasshiwan2/dergezen



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق