خەمی ڕۆژانە، ئایار ٢٠١٤



کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٥ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی ئێرە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی وڵاتی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

سلەیمانی ئەورووپا نییە و ناشێت بە ئەورووپا!
٢٠١٤.٥.٢٨

پێدەچێت پیاوەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دۆخیان لە سلەیمانیدا باش نییە، بەتەماش نەبن واز بێنن، بەشێوەی جۆراوجۆر بەرتیل دەدەن بە شاری شاران سلەیمانی، گروپێکیان هەڵخراندووە گوایە خۆبەخشانەیە چوون بە شاخی گۆیژەوە ناوی سلەیمانییان بە پیتی لاتینی نووسیوە. ئەوە کاری هەموو کەس نییە، دەبێت ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای سلەیمانی بڕیار بدات و کارکە ئەنجام بدات.
لەلایەکی ترەوە بەشێک لە خەڵکی سلەیمانی هەمیشە خەریکی خۆخەڵەتاندن وا خۆ پیشان دەدەن کە نەک ئەورووپیین بەڵکوو لە ئەورووپی ئەورووپی ترن، بەڵام توتی ئاسا بێ بیرکردنەوە بە هزری خۆیان، هەر خەریکی لاسایی کردنەوەن، بۆیە ناوی سلەیمانیان بە پیت و ڕێنووسی کوردی نەنووسیوە. ئێمە دەبێت بە تێکست و نووسینی کوردی خەڵکی بێگانە بجووڵێنین و بهێنینە پرسیار.. نەک شتەکانیان وەک هێلکەی پاککراو بخەینە بەردەست..
خەڵکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو درۆکردنە لەگەڵ خۆدا کە دەیانەوێت وا خۆپیشان بدەن کە ئەورووپین، بۆیە نەبوونەتە و نابنە جێی سەرنجی خەڵکی جیهان..
------
هاوپێچ:
- : هاوڕا نیم لەگەڵ ئەوەی کە ناوی سلەیمانی بە پیتی لاتینی بنووسرێت.. سەرچاوەی ڕەخنەکەشم ئەوەیە..
ئینجا دژی ئەو فرە کوێخاییەم، جاران کە هەڵبژاردن نەکرابوو سلەیمانی بێ ساحێب بوو.. کە گەڕایەوە دەست خاوەنە ئەسڵییەکانی خۆی، مانای وایە بەسە و دەبێت ورد و درشتی کارەکانی لەدەست ئەنجوومەنی پارێزگا و بە موافەقەتی ئەو بێت، خۆم من بە باش یان خراپ نەمووتووە ئەوە کارێکی ناشرینە، جوانتر دەبوو گەر ناوەکە بە کوردی بوایە نەک لاتینی... بەداخەوە وەک لە تێکستی سەرەوە باسم کردووە هۆکەی بۆ باگراوەند و هزری غەربگەرایی دەگەڕێتەوە، خۆیان بیر چۆتەوە.
- : مەسەلەی بە کوردی نوسین و بەلاتینی نووسین، هەژموونی غەرب و ئەنتی ڕۆژهەڵاتییەوە سەرچاوەی گرتووە، خێری مستەفا کەمالی تورکیا نەنووسێت کە ئەو ئاوەی ڕشت، چەند دانە لە کورد لەو چڵپاوە سێجرتەکی هەڵدەپەڕن.. ئەوەتا بەدەستییەوە دەناڵێنین و فەوزای بۆ خولقاندووین.. لە لایەکی ترەوە کوردی نووسین کۆنترە لە لاتینی نووسین.. گریمان وا نییە، بەڵام لە کوردستانی خواروو زیاتر لەسەد ساڵە پێی دەنووسرێت، مێژوویەکی هەیە..
لەبارەی ئەو حیکایەتەی کاک فاروقەوە، ئێوە منداڵی شار و ئێمەیش هەروەها.. کفر نییە لەسەر بابەتێکی پەیوەند بەشارەکەوە هەبێت قسە نەکرێت؟ ئیتر بۆ نانوپیاز خواردنە پێوەی؟ دەکرێت تۆ وانەکەیت بەڵام خەیاڵ نەکەیت بۆ ئەوەی جوان بێت شەڕی لەسەر دەکەین.... پاسیڤ و لاکەنار ناگرین.
- : دژی فرە کوێخایی ناو سلەیمانیم، بۆیە بە کوردی دەینووسم نەک بەعەرەبی، غەڵەتی وا ناکەم ئەوە کاری ئەنجوومەنە نوێی هەڵبژێردراوەکەیە، تەنها پێشنیار و ڕەخنەمان لەسەر تا شارەکە جوانتر بێت.. سەیرم لێدێت هزری بێگانەپەرستی بەسەر زۆر کەسدا زاڵە، ئەو ڕینووسەی کوردەکانی کوردستانی خواروو و خۆرهەڵات پێی دەنووسن، لە بنەرەتدا هی عەرەبەکان نییە و ئارامییە، ئەگەر عەرەبەکان بە هی خۆیان بزانن فارسەکانیش هەروەها، کورد هاتووە هەمان ڕێنووسی دەستکاری کردووە و لەگەڵ دەنگەکانی خۆیدا گونجانوویەتی. لە هی عەرەب و فارسەکان جیاوزترە ئیتر بۆ خراپە، گرنگ دەقاودەق وەک ئەوانە نییە، کەواتە بۆ خۆمان بە سووک بزانیین، ڕێنووسە و پیتەکان بە هی خۆمانی کوردیی نەزانین؟!!! ئەو بیرکردنەوەیەیش وەک بیرکردنەوەی بەکارهێنانی ڕێنووسە لاتیینییەکە مستەورەدە دەچێتە هەمان خۆ نەناسینەوە
- : بەشێک لە کوردەکان جەر بوون بە هزری خەڵکییەوە، هەژموونی ئەوان کۆنترۆڵیان کردوون، خەریکە هەموو شتێکی تایبەتمەندی خۆیان بەدەستی خۆیان مەعب دەکەنەوە.
- : هەموو کات لەوێم، لەوانەیە ئێمەمان نەتوانیین شتی گەورە بۆ شارەکە بکەین، مەگەر نەوەکانمان.. بەڵام دەتوانیین ئەوەی بەباشی دەزانیین دەریبڕین بۆ جوانتر کردنی شارەکە... یان ڕەخنە بگرین.. بابەتەکە هەرچەندە بە پلەی یەکەم لەسەر بەکوردی نووسینە وەک لەوەی شتیکی تر بێت..

شاعیر پێشمەرگەی خۆکوژ نییە!
٢٠١٤.٥.٢٣

شاعیری ئیتاڵی (چیزاری بافیزی) و (سیلڤیا بلاس)ی ئەمریكی و (سێرگی یەسەنین)ی ڕوسی و (ئەلفونسیا ستۆرنی) ئەرژەنتینی و (رینێیە كریڤێل)ی فەرەنسی ئەو کەسانەن کە بەدەستی خۆیان مەرگیان هێناوە بۆ خۆیان و خواستووە.
ئەوە شاعیرانی ڕۆژئاوایی، ئەی شاعیرانی کورد بەتایبەتی ئەوانی کوردستانی خوارو و خۆرهەڵات چی؟
لەم پرسیارەوە مرۆڤ بيرى دەچێته سەر خودى دنياى خۆمان، بۆ كەمترين حاڵەتى خۆكوژى لەناو شاعيراندا هەیە؟ ئەم خاڵی بوونە دەمانبات بۆ پرسیارێکی تر، ئایا ئێمە بەڕاست چەند شاعیرمان هەیە؟ ژمارەیەک پێیان وایە ئەوەی زۆرە شاعیرە، بەڵام بیریان چووە کام جۆر شاعیر زۆرە؟ هەر بەڕاست دەکرێت خەسلەتی شاعیر بسپێردرێت بە زۆر کەس؟ ئایا زۆروبۆری شاعیران پەیوەندی بە دۆخی ناوچە و وڵاتەکەوە هەیە کە هێشتا شاعیر و ماعیر لەیەک جیاناکەنەوە؟ یان ئەوەتا ئێمە نەگەێشتووینەتە دۆخی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، تا جۆرەها شاعیرمان هەبێت، لەنێو ئەوانەدا شاعیری دەروون نەخۆش و مەرگدۆستی تێاهەڵکەوێت و دەستی بچێتە خۆی؟
بۆ خۆم لە دۆخی کوردستانی خواروودا هەر لە زووەوە پێشبینی ئەوەم دەکرد حەمەعومەر عوسمان دوای دیوان ناوازەی پایز خۆی بکوژێت، بەڵام پێشبینییەکەم بەباچوو، تا ئێستا زرتوزیندووە ( دیارە خۆزگە بەمەرگی کەس ناخۆم، بەهیوام حەمەعومەر عەمری نۆحی بۆ نووسرابێت)؟
لە ئەورووپا و بەتایبەتی لە فینلاند گەنجێک بەناوی وریا مەزهەر(لەدایکبووی ١٩٧٥)ەوە، دەستی شیعر نووسین و ئەدەبی هەبوو، تووشی دۆخی بەدمەستی و کێشانی مادەهۆشبەرەکان هات و سەرئەنجام لە یەکێک لەدارستانەکانی فینلاند خۆی (کۆتایی مانگی ٤ی ٢٠١١) کوشت. ئیتر کەسی تر خۆی نەکوشتووە یان هەوڵیان نەداوە بۆ خۆیان لەناوبردن.. بەڵام کە دەڕوانیتە مەرگ و شەهیدکردنی بەکر عەلی شاعیر دۆستی گیانی بەگیانی حەمەعومەر عوسمان، هەست دەکەین مەرگدۆست بووە، هەر بە نای ناهەق خۆی دا بەکوشت و وێڕای ئەوەی زۆریان پێووت.. بەڵام ئەو مەرگە پیرۆز و شکۆمەندی پێبەخشی و ڕزگاری کرد لەوەی دواجار و لەکاتێک لەکاتەکاندا وەک کەسێکی لانەواز و بەدمەست لەلاکۆڵانێکی سلەیمانیدا گیان لەدەست بدات..
-------
هەمان تێکست لە ماڵپەڕی گۆڤاری شار
هاوپێچ:
بەڵام مەرگدۆستی و خۆکوژی نێوان توێژاڵی شاعیران زۆر بەکەمی بینراوە، لە زار و وتەدا لەوانەیە وابێت، کەچی بە پراتیک شتێکی ترە.. ئەو زۆر شاعیرییە ئێستا بەهۆی ئامرازەکانی پەیوەندییەوە بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەستی پێ دەکرێت، ئایا ئەوانە دەکرێت ناویان لێ بنرێت بەشاعیر؟ بەشێکی زۆریان قسەی جوان دەنووسن بەڵام لەملاویان وەرگرتووە و قەرزە یان وەرگێڕانە.. وەلحاسڵ بەڕاستی خۆکوژی شاعیران و دەستچوونە خۆکوشتن ئازایەتییەکە هەموو کەس پێی ناوێرێت، نموونە زۆرن وەک ئەو پێشمەرگانەی کە ئێستا بوونەتە دێرین و ئەوانەشی شەهید بوون؟
پلیس بەسە، بەرماوەی خەڵکی!!!
٢٠١٤.٥.١٨

ژمارەیەک لە هاوڕێیان بەتایبەتی ئەوانی نەوەی کۆن و بەشێک لە برادەرانی چەب کە هەستی جیهانی و ئەنتەرناسیۆنالستیان وەک چۆن شیعەکان هەستی ئایینیان بەرزترە لە هەستی نەتەوەییان بەردەوام وتەزای جوان و پڕ سوودی کەسایەتییە جیهانییەکان دادەنێنن، بڵاوکردنەوەی باشتر وەک لەوەی مت بێت و هەر سەیری خەڵک بکات چی دەکەن، بەڵام ئەوانە وا دەزانن خەڵکی وەک خۆیان شارەزای ئەو زمانە خۆرهەڵاتیانەی کیشوەری ئاسیان، بەدەردی سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستان چوون لەبەر خاتری قازانج، بێ ئەوەی ئەرک بکێشن کاڵاکانیان لەدەستی دووەوە و لە وڵاتانی دراوسێوە دێنن و فڕێ دەدەنە بازارەوە، بەڵام ئەم برادەرانەی فەیسبووک قازانج ناکەن و بەبەلاش کاتی خۆیان بەفیرۆ دەدەن و ماندوو دەکەن، ریکلام بۆ زمانی تر دەکەن، باشتر وایە بە زمانی شیرینی کوردی ئەو لینک و وتەزایانە بخەنە بەرچاو و خۆیان یەک تۆز بەکوردی کردنیانەوە ماندوو بکەن... جا بەمەرجێک هی وایان تێدایە چەندەها ساڵە لە ئەورووپان، کەچی گڕگڕ بە زمانی عەرەب و فارس و تورکەکانەوە دەنیشنەوە.. یارییکە کاتێک ناخۆشتر دەبێت خەڵکیان تێدایە پڕ ئەزموونن، هزڕ و مێشکیان پڕ لە بیروڕا و یرەوەری جوان و ناوازەن، کەچی پاسیڤن و نانووسن، خەریکی بەرماوەی خەڵکن، دەرخواردی ئێمەی دەدەن!! وەک ئنگلیزەکان دەڵێن پلیس.. پلیس بەسە..

کونسڵخانە ئێران و درۆی وڕووداو؟
٢٠١٤.٥.١٢

دوای بڵاوبوونەوەی وتارێکی ئیستفزازی لە ماڵپەڕی کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سێدارە، کە بووە هۆی توڕەیی خەڵکی کوردی هەردوو کوردستانی باشوور و خۆرهەڵات. میدیای نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەواڵێکیان بە ناونیشانی: دوای هەواڵێكی رووداو كۆنسوڵخانەی ئێران بابەتێك دەسڕێتەوە، بڵاکردۆتەوە، ئەمەیش لینکەکەیەتی:
بەڵام هەواڵێکی ناڕاستە، بەڵگەش بۆ ئەوە، بێزەحمەت ئەرک بکێشن و کلیک بکەنە سەر هەمان بابەت لە هەمان شوێن و پێگە، ئەوکات بۆتان دەردەکەوێت کە هەواڵەکەی ڕووداو سەرلەبەری درۆیە، بابەتەکە لا نەبراوە.. ئەمەیش لینکەکەیەتی:

ئێران دەڕشێتەوە! 
٢٠١٤.٥.١١

کونسڵخانەی کۆماری سێدارەی ئێڕان لە سلەیمانی(بۆ لە پایتەختی هەرێمەوە نەڕشاوەتەوە؟) وەک لە لینکەدا دیارە، فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان دەستی بە وەڕین و حەپە حەپ کردووە دەڵێت: كۆماری كوردستان حكومەتێكی چەند رۆژەی كۆمۆنیستی مەهاباد بوو.. كوردی زمان نییە و زاراوەیەكی زمانەكانی ئێرانییە.. دوای ئەم گووخواردنە پۆز لێدەدات دەڵێت: دوو كۆنسوڵخانەی لە هەولێر و سلێمانی كردوونەتەوە...
تەواوی لینکەکە گوایە ماڵپەڕی کونسڵخانە بڵاویکردۆتەوە:
ماڵپەڕی کونسڵخانەی ئێران لە سلەیمانی و بابەتی ئااماژە بۆکراو بەڵام بەزمانی فارسی:

تا ئێستا هەڵوێستی حکومەت و پارتەکانی هەرێم ڕوون نییە، بەڵام پێم وایە بێدەنگەی لێدەکەن، چوونکە ناوێرن نەقیزە لەو فیلە بدەن نەک لوتێکیان لێ بدات، تیرۆریستانیان بۆ بنێرێن.. ئەو حوکمەت و حیزبانەی لەوێن تەنها ئەوەیان لەسەرە دراوسێ زەبەلاح و دڕەکانیان ڕازی بکەن و نەوروژێنن تا بەر غەزەبیان نەکەون.. بەڵام دەکرێت جوڵەی جەماوەری لەدژی بەڕێ بخەن.

ڕۆژی دایکان پیرۆز بێت
٢٠١٤.٥.١١

لەم ڕۆژەدا من زۆر کەمتەرخەم بووم لە ئاستدا، هەمیشە هەست بە زەنب دەکەم، کە لە نزیکەوە ئاگام لێت نەبووە.. بەڵام تۆ هەموو خۆشی ژیانت کرد بە قوربانی من و کوڕ و کچەکانی ترت.. هاوکات چەترێکیش بوویت بۆ براکانت.. بەڵام نەگبەتی و نوشستی ئێمە لە مەرگی مێردە گەنجەکەتەوە دەستی پێکرد، گەر وا نەبوایە چارەنووسێکی گەشترمان دەبوو.. قسە زۆرە گۆڕت پڕ نوور.. خۆزگە خوشک و برا گەورەکەمان لەم ڕڕۆژەدا سەردانی گڵکۆکەیان دەکردیت..
مێژووی وێنەکە: گەرەکی سەرشەقام، خانووە بێتاپۆکانی مەلاکەمالی پارێزەر.. ساڵ ١٩٧٨
-------
بابەتی پەیوەندیدار
لە ڕۆژی دایک ساڵی ٢٠١٢ 

گوێم لێ بوو
٢٠١٤.٥.١٠

کرێکارێکی بیناسازی حوکمەتی بە کەڕ و کوێر و لاڵ وەسف کرد..
هاوپێچ:
کات و دۆخ و قۆناغی بیناکردنەوەیە بۆیە لەو کەرت و بوارەدا کرێکاران گیان لەدەستتدان زۆرترە.. بەڵام بە فشاری گەورە لەلایەن کرێکاران و لایەنگرانی دادپەروەری و بەسیستەمەتیک کردنی کۆمەڵگا وردە وردە چاک دەبێت.
تەنها هۆیەک نییە بۆ ئەو دۆخەی کە کرێکاران و خەڵکی هاو پیشەی تریان تووشی بوونەتەوە، پێم وایە هۆیەکی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانانی ئەو چینە کە زۆر لاوازن و لە نرخی نەبواندان.. ڕاستە گەر ڕۆژنامەنووسێک بوایە دەبوو بەفەرتەنە لەبەر ئەوەی میدیا هێزێکی کاریگەرە لە کۆمەڵگادا و ناکۆکییەسیاسییە حیزبییەکان تەحەکومی پێوە دەکەن ئەگینا ژیانی هەر مرۆڤێک لە هەر پلە و پایەی و پیشەیەکدا بێت گرنگە و هێڵی سوورە

جوانناسی - ستاتیکا: جارێکی تر شاری شاران سلەیمانی
٢٠١٤.٥.٩

هونەر کاتێک دەبێتە هونەر بەجۆرێک لە جۆرەکان هەستت بجووڵێنێت و یاداوەریت بجووڵێنێت و بگەشێنێتەوە، کۆنترۆڵت بکات، بتخاتە سەما و زۆر جاریش لە بێدەسەڵاتیدا بتگرییەنێت، واش بێت کە نەجارێک و دوو جار لێی تێر نەبیت...ئەو سۆزەی لەم گۆرانییەدا هەیە کەمتر خەڵکی ناوخۆی وڵات دەجووڵێنێت...
------
لینکی گۆرانییەکە لێرەدایە

فشە هەستانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!!
٢٠١٤.٥.٨

ئەنجامە نافەرمییەکان هەڵبژاردنی عێراق و پارێزگاکان وا دەڵێن کە بڕێک دەنگی یەکێتی نیشتمانی بەرزبۆتەوە، ئیتر ئەمە وەک لە گۆڕدەرهێنانەوەی کەسێکی مردوو حسابی بۆ دەکەن و لە خۆشییا شاگەشکە بوون، تۆزێکی ماوە بدەنە شاخ و کێوان.. بەڵام ئەوە نەک هەستانەوە نییە، بەڵکوو داچوونی زیاترە؟ کەچی خەریکە بوغرا دەبن و دەست دەکەن بە گێچەڵ و قسەی قەبارە گەورە..
ئەم حیزبە مێژووی خۆی دووبارە دەکاتەوە و وانە لە نوشستییەکانی وەرناگرێت، هەموو بیرمانە لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای ڕاپەڕین پارتی کە بایی پوولە سوورەیەکی بێقیمەت دەوری لە بزووتنەوەی چەکداری دا نەبوو، کەچی لە هەڵبژاردندا لێیان بردنەوە و دەنگی زیاتریان هێنا.. هەر ئەم بوغراییە بووە هۆی شەری ناخۆ، کۆتاییەکەیمان بینی قەلفڕیان کرد..
لەم یارییەشدا کە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانی دەکات، دۆڕان بەشی دەبێت بەتایبەتی ئێستا مام جەلالیشیان لە ناودا نەماوە، حاڵیان شڕ ترە، جا بڕوانن چ شکستی گەرەتر چاوەڕوانیان دەکات. چوونکە ئەوەندە دواکەوتوون وا دەزانن خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ڕاپەڕیندان و بەعس و سەدام حسین هێشتا ماوە و مایەی هەڕەشەن، بینیمان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیاندا بەئاوازی ئەو سەردەمە دەیانخوێند، بۆیە بەفڵان و فیساریان دەووت کۆنە بەعسی.. بەڵام پێچەوانە کەوتەوە بینیشمان خەڵکی هەرێم بەتایبەتی سەنتەری شاری سلەیمانی نەک بەعسیان بیرچۆتەوە، بەڵکوو تەنانەت خیانەتی ٣١ ئابی پارتیشیان فەرامۆش کردووە، بۆیە بەدەهۆڵوزوڕنای یەکێتی نیشتمانی هەڵنەپەڕین، چوونکە خەڵکەکە هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایەی کە دەڵێت: ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خانە، ناکرێت حیزبی پاشەڵ پیسان هەڵوێست بفرۆشن...

ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور و کام ڕۆژنامەنووسی کورد؟
٢٠١٤.٥.٦

بە پێی ئەم هەواڵە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی بێسنوورەوە سەد کەسی میدیایی کە ئاوەڵناوی پاڵەوانیان پێ بەخشراوە بڵاوکردۆتەوە. لەو ژمارەیە ٢ کوردی کوردستانەکانی(باشوور و خۆرهەڵات) تێدایە. جێی خۆشحاڵییە کە ئەو پشکی کوردی تێدایە، دەکرێت بپرسین لەسەر چ بناغەیەک ئەوە ئاوەڵناوە بەو کەسانە دراوە؟ ڕێکخراوەکە ئاوا وەڵام بەو پرسیارە دەداتەوە:
ئازایەتی بێوێنە و کاری چاونەترسانە و تێکۆشانی بەردەوام. ئەوەیش لەپێناوی چەسپاندن و بەبناغەیکردنی ئازادی و بەرژەوەندی گشی دێتەوە. کاریان تەبایە لەگەڵ بەندەکانی مافی مرۆڤ. وەک خەڵکانی نموونەی پێویستە چاولێ بکرێن.
بەڵام هەست دەکرێت ڕێکخراوی ناوبراو خاڵی تر هەبوو، دەبوایە بۆ دیاریکردنەکەیان باسیان بکرایە و چاویان لێبکردایە. بۆ نموونە کاری بوێر تەنها لەو خاڵانەدا چڕ نابێتەوە، کە تەنها ڕۆژنامەنووس لە ئۆفیسێکدا دەیکات، ئەگەر وابێت نەک سەد بەڵکوو هەزارەها هەیە موستەهەقی ئەو ئاوەڵناوە بن. دەبوایە ئەوە لەبەرچاو بگیرایە ئایا ئەو ڕۆژنامەنووسانە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی چوونەتە شوێنە گەرم و پڕ کێشەکانی وەک سووریا و ئەفغانساتن و ئۆکرانیا و عێراقی عەرەبی؟ ئایا ئەوانە لەکاریاندا بریندار کراون، ڕفێندراون؟ بەرەوڕووی هەڕەشە جۆراوجۆرەکانی تر بوونەتەوە؟ شەقی پۆلیسی خۆجێیان خواردوە و زیندانی کراوە؟
--------
بۆ زانیاری زیاتر تکایە سەیری ئەم لینکە بکە
هەمان لینک کە بۆ سەد بوێرە ڕۆژنامەنووس کراوە سەرنووسەری ئاوێنە

بیرەوەری: سەنگام و فلیمی هندی
٢٠١٤.٥.٥

پێشکەشە بە کاک ڕەفیقی سمایلی بەقاڵ

ناوەڕاستی شەستەکان و سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەسەردەمی ڕێکەوتنەکەی مەلا مستەفای بارزانەوە، بەدواوە، دەروازەیەک کرایەوە بەڕووی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی ناوەندی شاری سلەیمانی، یەکێک لەو کاڵایانەی کە بۆ سەرگەرمی و کاتبەسەربردن بوو، فلیمی سینەماکان بوو، ئیتر هەر سەردەمە و باوی جۆرێکیان بوو لە کاوبۆی کە پێیان دەووت عەسابە، عەمیل سڕی و کەسایەتی مێژووی وەک هەرقل و ماجستی و سپارتاکۆس.. خۆش ئەوەبوو، تێگەیشتمان بۆ فلیمەکە مەلایانە بوو، نە لەزمانی فلیم نە لەوەرگێرانە عەرەبییەکەش دەگەیشتین.
من عاشقێکی سەرسەختی سینەمابووم دەکرێت رۆژ نەبوو سەیری فلیمێک نەکەم، یان فلیمێکم چەند جار نەدیبێت، ئەویش بەهۆی هاوڕێیەکمەوە کە ناوی عەبدولڵا ئەحمەد بوو، باوکی شاگردی سینەمای سیروان بوو، بیتاقەی لە خەڵک وەردەگرت بۆ چوونە ژوورەوە، ئێمەش هەردووکمان دوای کاتی خوێندن خۆمان بە بەلاش پیا دەکرد.. جا ماوەیەک مۆدێلی فلیمی هندی وای لە خەڵکی کردبوو کە ماڵەکانیشیان ببێت بە ستیۆدیۆی ئەکتەرە هندییەکان، براکانم بە تایبەتی شەهید عەلی چەلەبی وێنەکانیانی لە جام و چوار چێوەی دەگرتن و لەسەر ڕەفەی سەردیواری ماڵمان دایدەنا.
-------
سەنگام یەکێک لە بەناوباگترین فلیمە هندییەکانی ئەو سەردەمە سەنگام بوو، کە لەساڵی ١٩٦٤ بەرهەم هاتووە، ئەمە لینکی گۆرانییەکانی کە بەسەر زاری خەڵکییەوە بوون:


چەپی ڕادیكاڵ لە فینلاند چەكەرە دەكاتەوە
٢٠١٤.٥.١

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی ٥ ی ٢٠١٤ لە فینلاند و لەو شاری نیشتەجێم یەکدوو پارتی سیاسی و ژمارەیەک سەندیکا گردبوونەوەیەکیان بەبۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکارەوە ڕێکخست، بەو هەموو سەد کەسیان بۆ کۆنەکرابووە! ئەوانەشی هاتبوون پیر و بەتەمەنەکان بوون. بیرم بۆ ئەوە چوو، ئەگەر ئەم کەسانە بمرن کەس تر هەیە تا جێیان بگرێتەوە، کەواتە باڵی چەپی کۆمەڵگا ئەوەندەی تر دەچتە ئاو و وەک دێناسوور مەعبدەبنەوە.
بەڵام لە وڵاتێکی خۆشگوزەرانی وەک فینلاند، سەیرە و هاوکات گرنگیشە کە ئەو تۆزە خەڵکە چەپڕەوە ماون، ئەگەر ئەم خۆشگوزەرانییە لە وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان هەبووایە، بێگومان چەپەکان تۆزیان بە ئاسمانەوە نەدەما.
هەر ئەمڕۆ ڕووداوی شەڕوپێکدادانی گروپێکی گەنجی چەپ و تووڕە و ئاناریشیست لەگەڵ پۆلیسدا ڕوویدا، ژمارەیەکیان لێگرتن، ئەو ڕووداوە بیرمی بۆ لای ئەوە برد، هۆی مانەوەیان ئەو بەشە لە چەپی خۆنمایشکەر لە چیدایە؟ ئەمانە چەپێکی خۆپارێزی پەرگیر، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ لایەنگرانی حیزبە دەوڵەتییەکاندا نییە، ئیتر بۆ دژایەتی دەکرێت و بەربەست دەخرێتە بەردەمیان و یان دەگیرێن، دەمەوەری ئاوەڵناوێکە لە زۆر کەسدا هەیە، بۆ دەسەڵاتداران جێی نیگەڕانیی نییە، بۆیە ماونەتەوە و لەوە ناچێت و بڕوا ناکرێت یەکێکیان شەقێکی خواردبێت یان لەسەر نابەرابەرییەکانی ناو کۆمەڵگا بەتایبەتی کە دەرهەق بە چینی کرێکار کراوە و دەکرێت شەڕێکیان لەگەڵ پۆلیس و سەربازدا کردبێت. شەوێکیان لە زینداندا بەسەر بردبێت. ئەو گرووپە لە چەپ سوورییەکەیان کاڵ بۆتەوە جێی هیوای دواڕۆژێکی گەشیان لێ ناکرێت و نیین.
-------
هەمان تێکست لە ماڵپەڕی گۆڤاری شار

چەند کۆمێت کە هەر لەم مانگەدا نووسیوومن:

کوردی بیرچوو!!

مرۆڤێکی ئەهلی قەڵەم و هاوڕێی دێرین کە ئەزموونێکی زۆری لە ژیان و کاری ئەدەبدا هەیە، دوای چەندەها ساڵ لە دەرەوەی وڵات، زمانی نووسینی تەقەی تێدەکەوێت بۆ بەرهەمێکی بە زمانی بێگانە ئەم دەربڕینەت دەنووسێت (...یه‌که‌مین هه‌وڵێکه‌ به‌ سویدی سووک..) وشەی سووک سەرنجی ڕاکێشام، دیارە مەبەستی وشەی ئاسانە کە عەرەبەکان پێی دەڵێن بەسیت. وەک چۆن چیرۆک و شیعر کە بۆ منال دەنووسرێت، پێویستە لەسەر نووسەر ڕیعایەتی زمانێکی سادە و  ئاسان بۆ تێکستکەی بکات.. کۆچبەریش وەک مناڵ وایە و لەسفرەوە دەست پێدەکات، بۆیە لەم سووید و فینلاندە نووسین و قسەکردنی سووک و ئاسانیان داهێناوە، بە فینلاندی پێی دەوترێت سێلکۆ.

بەتوورەی ئاوڕ بدەرەوە

ئەوە حەنیین بۆ سەردەمی کۆن و بەسەرچوو، بەجۆرێک لە جۆررەکان خۆزگە خواستنە بە سەردەمی ڕژێمی داگیرکەری وڵات، ئەو گەڕانەوەیەە و ئەو تەمییە دەچێتە خانەی پیاهەڵدان و وەسف نەک سەرەکۆنە، بەڵام هاوکات ناڕەزایەتییە بەرانبەر دۆخی ئێستا.. سەرچاوەی ئەم هزرە دوورە لە ڕەگی ناسیۆنالیستی و ئەنتی دیکتاتۆرییەوە.. گەڕانەوەیەکی توڕانە و پڕ لە غەزەب نییە بۆ ڕابردووی ڕەش و بەسەرچوو.
بۆ وێنەیەکی سەدام حسێن کەسایەتییەکی کورد ئەمەی نووسیوە:
لە بیرتە!!! لە ساڵێ (١٩٨٤) پیاوە پیرەکەی ژێر خیوەتەکەی نزیک مەخمور چی پێ گوتی؟ بۆ بە قسەت نەکرد؟ مێژوو خەونە.... وەلێ خەونێکی پڕ عیبرەت!!!!

گارەگار مەکە لەتۆ خراپتر هەیە!!

ئەو دایلۆگەی خوارەوە بەحساب دوو کەسی هەژارن، بەڵام ئەوەندەی قابیلی لێتێگەیشتن بێت یەکێکیان دەوڵەمەند ئەوی تریان هەژارە، دەوڵەمەندەکە زۆڵ و ساختەچییە، کابرای هەژار دەبات بۆ خەستەخانەیەک، تا لە ناشکور و ناڕازیت وازی پێ لێبهێنێت، بەوەی لە تۆ خراپتر هەیە و کە هەرگیز خۆزگەیان پێ ناخوازیت؟ کەواتە بە ناڕاستەخۆ پێی وتووە جا کڕ بە و گارەگار مەکە.

دوو هەژار بەیەکەوە بوون،،یەکێکیان بە هاوڕێکەی وت:
باشە ئێمە لە کوێ بووین کاتێک خوا ئەو هەموو پارە و کۆشک و تەلارەی دابەشکرد ؟
هاوڕێکەشی دەستی گرت و بردییە نەخۆشخانەیەک و پێی وت:
ئەی ئێمە لە کوێ بووین،کاتێ ئەو هەموو نەخۆشییە دابەشکرا؟...

سەرۆكى نەتەوەيى!!!!

دۆستێک بۆ وێنەیەک ئەمە نووسیبوو:
ببينن هاوڕێيان سەرۆک ئاپۆ (عەبدولڵا ئۆجەلان) چۆن وەسفى سلێمانى ئەكات،
بەڕاستى شايەنى ئەوەيه سەرۆكى نەتەوەيى كورد بێت.

دەربڕینێکی عاتفییە، دەستداگرە!!! لەبەر خاتری قسەیەک و وەسفێک کەڵەگایەکی تر مەکە بە کۆڵمانەوە، زەلالەتمانە بەدەست ئەو دوانەی خۆمانەوە نۆرەی ئەوە!!!!!
مةبةست لە دەربرينى سەرۆكى نەتەوەييه، ئةوە هى پارتيیەکانیشه و بۆ کۆچکردوو مەلا مستەفای بارزان بەکاریدەهێنن، ئەگەر ئەوەى كوردستانى خوارووی خؤمان پێ قبووڵ نەبێت، بێگومان هى كوردى كوردستانةكانى تريش نابێت قبوول بکەین، ئەو جۆره دەربرينانه سەدام حسةينمان بير دەخاتەوه.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق