خەمی ڕۆژانە، حوزەیران ٢٠١٤


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٦ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

بەدواداچوونی سەرپێی ٣
٢٠١٤.٦.٢٩

چاوەڕوانی گورزی داعش بن!

لەوانەیە لەم دۆخە شەڕاوییەی ناوچەکانی ناوەڕاست عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، ئەو پەرلەمانتارانەی چوونەتە بەغداد بکەونە بەر رق و تووڕەیی شیعەکان کە ئەو شارەیان داگیر کردووە.. چوونکە هەر ماوەیەک لەمەوبەر بوو میدیاکان هەواڵی هەڕەشە و گوڕەشەیان لە کوردەکانی دانیشتووی ئەو شارە کردبوو چەندیان لێ دەستگیر کردبوون بە تاوانی سوونە بوون،
لەلایەکی ترەوە چوونی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بەغداد چوونە پاڵ شیعەکان دەگەیەنێت، تەرەفداری بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بۆ لایەنێک و تەرەفەکانی شەڕەکە، لەوانەیە ببێتە هۆی کاردانەوەی داعشە دڕەکان و دەستی پیس و گورچکبڕ لە کوردستانی باشوور دەوەشێنن.. جا با چاوەڕوان بین...
دەبوایە لایەنی کەم هەڵوێستیان وەک ئەوەی عەلاوی و حیزبەکەی بوایە، بایکۆتی ئەو کۆبوونەوە و دانیشتنەیان ڕابگەیاندایە..

باڵوێزخانەی عێراقی لە هێلسنکی حوسەنییە!!
٢٠١٤.٦.٢٧

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٢٠١٤.٦.٢٧ باڵوێزخانەی عێراقی لە شاری هێلسنکی بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە ئێوارەخوانێکی بۆ نزیکی سەرو ١٠٠ کەس ئامادە کردووە. پێدەچێت بەو بۆنەیەوە قسەوباسی سیاسی لەبارەی ڕووداوەکانی عێراقەوە بکرێت.. جا ئەم باڵوێزخانەیە تەنها کوردێکی تێدایە، کە هیچ نییە ماوەیەکیش لەمەوبەر قونسڵێکی کوردی بێدەسەڵاتی کە سەر بەخێزانێکی ناسراوی و خوێندەواری پارێزگای سلەیمانی لێ بوو.. کۆتایی بە خزمەتی هێنراوە، بڕیارە خانمێکی کورد بنێرنە شوێنەکەی بەڵام پێدەچێت باڵوێزخانە ڕازی نەبوو بێت..
خودی باڵوێزیش نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە.. بەگشتی باڵوێزخانەی عێراق لەسەدا ٩٩،٥ خەڵکی عەرەبی شیعە کۆنترۆڵیان کردووە، زیاتر لە حوسەینییە دەچێت.
بۆ ئەو ئێوارە خوانە بێگومان لایەنە سیاسییەکان کوردییەکانیش بانگهێشت کراون..
ئایا لەدوای ئەو گۆرانکارییەنەی ناو عێراق و هەرێمی کوردستان و بەهێزتربوونی پێگەی کورد، ئەو نوێنەرە حیزبیانە بەتەمان چی بڵێن و چی نەڵێن؟ ئایا دەکرێت باڵوێزخانەیەکی گەورەوگران وەک جاران تەنها گروپێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی بکات؟ کارمەند و بەرپرسی خاوەن دەسەڵات و پێگە کە نوێنەرایەتی کورد بکەن تیا نەبێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە فشار بکرێت بۆ کردنەوەی نووسینگەی حکومەتی هەرێم لەناو باڵیوێزخانەدا کە دەسەڵاتی لە دەسەڵاتی باڵوێزدا کەمتر نەبێت. ئەگەر هەنگاوی بە پراتیک بۆ ئەو کارانە نەکرێت و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بایکۆتی بکرێت یان فشاری زۆرتر بکرێت..
بەڵام ئایا بەشداری کردنی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کورد لە خوانێکی وا و لە باڵوێزخانەیەکی شیعی وادا، ناچێتە خانەی لایەنگری لە لایەنێکی کێشەکەی ئێستای نێوان سوونە و شیعە؟ بەمەرجێک بڕیارە کورد بێلایەن بمێنێتەوە. ئەم بەشداریانە هانی گروپی سوونە نادات کە دژی کورد بوەستنەوە و وەک چۆن دەست لە شیعە وەشاند کوردیش بەهەمان دەرد بەرن. بۆیە باشتر وایە زۆر هەستیارانە بجووڵێنەوە و خۆی بپارێزێت لەو کۆڕ و کۆبوونەوانە...

بەدواداچوونی سەرپێی ٢
٢٠١٤.٦.٢٥
داعش و کورد هاودیدن!

لە ڕاپۆرتێکی تەلەفیزیۆنی فینلاندی سەبارەت بە دۆخی قەیراناوی عێراق و هەرێمی کوردستان.. گوێم لە میلیتانتێکی داعش بوو لەدژی ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ قسەی دەکرد، دەیوت کاتی هەڵوەشانەوەی هاتووە، ئەو ڕێکەوتننامەیەی بۆتە هۆی دابەش بوونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا.. لەم خاڵەدا و لە چەند خاڵی تردا کوردی کوردستانی خواروو هاو دیدن لەگەڵ ئەو هێزە تووندڕەوەی کە بۆتە سەرەڕم بەدەست سوونەکانی عێراقەوە..

بەدواچوونی سەرپێی ١
٢٠١٤.٦.٢٤
ئەمەریکا مزەڵاندی سەربەخۆیی!

وەزیری دەڕەوەی ئەمەریکا بەدەرزی سنجاقەوە هاتە هەرێمی کوردستان میزەڵانی سەربەخۆیی و ئازادی پێ تەقاند و فشکردەوە...سەدەقەڵاهول عەزیم.. ئیتر بۆ دەوڵەتی کوردی قولهووەڵا بخوێنن..
هاوپێچ:
دیارە مەبەست لەو کورتە تێکستە، یاریکردنە بە عەقلی خەڵکی سادە.. کە مێشکی سەر ئەو عالەمەیان پێ کاس کردووە.. ئەوانە جێی بڕوا نیین و پیاوی ئەو ئەرکە نیین. گەر بۆ یەکدوو ڕۆژ لەمەوبەر بگەڕێینەوە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ دیاریکردنی سنووری تەقلیدی کوردستانی خواروو نییە، وەک سەرۆکی حکومەتی کورەکەی ئدریس مەلا مستەفا وتی بۆ پڕ کردنەوەی بۆ شایی ئیدارییە. بۆ خۆم تەمان دەکەم هەڵە بم و ئەو سیناریۆی سەربەخۆی و دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاست بێت.

دوو کۆڕەوەی پێچەوانە!
٢٠١٤.٦.٢٠

ئەو کارتۆنە بەرهەمی کاریکاتێرستی ئیتاڵی Paolo Lombardi یە، بەڵام من کولاجم کردووە، کەللە سەری دیکتاتۆری کۆنی عەرەبی عێراقی سونەم بۆ زیاد کردووە، دیارە کاریکاتێرست کارەکەی بۆ ڕاکردن یان کۆڕەوی خەڵکی عەرەبی سونەی دووهەم گەورە شاری عێراق - موسڵ کردووە.
بەڵام لەوانەیە نەزانێت کە لەو خاکەی کە پێی دەڵێن عێراق، کۆڕەوێکی لەوە گەورەتر ڕوویداوە، هەردووکیان لە ترسی کوشت بڕ بووە، بەڵام جیاوازی لەوەدایە یەکێکیان لەلایەن گەلی عێراقی عەرەبی بە سونە و شیعەوە بۆ سەر نەتەوەیەکی تا سەر ئێسک ناڕازی وەک کورد بووە، بەڵام ئەوی تریان هێرشی گروپێک و ئاینزای هەمان گەل بۆ قڕ کردنی گروپێکی ئاینزای ترە.. ئیتر دنیا ئاوایە ئەو گەلەی کە بووە هۆی کۆڕەوی کوردەکان، ئێستا کەوتوونەتە وێزەی یەکتر، ڕۆژان رۆژی لەدوایە.

داعش کۆماندۆی سوونەکانە!
٢٠١٤.٦.١٥

نازانم ئێوە ئەم پارچە ڤیدیۆیەتان دیووە؟ ئەمە کەسێکی عەرەبی شیعە کە ئۆتۆماتیک دژی سونە و داعشن، لە فینلاند دادەنیشێت بۆی ناردووم... دیقەتم دا کەس داینەنابوو، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر دژی گروپە ئیسلامییەکانن... دیارە من هیچ مەبەستێکم لە دانانی ئەم پارچە ڤیدیۆیە نییە، ئەگەر بەم قسانەی ناو ڤیدیۆکە بێت داعش مەترسن بۆ لەسەر هەرێمی کوردستان... ئیتر نازانرێت یارییەکە بە کوێ دەگات؟ و کێ قازانج دەکات و کێ زیان و کێ بە نیوداشت لێی دەردەچێت؟
ئەم پارچە ڤیدیۆیە بیرهێنانەوەیە کە ئەوانە (داعش) ماری بێ ئیجازەن... لەوانەیە و لە هەر خولەکێکدا هەڵبگەڕێنەوە و دەست بوەشێنن...
خۆشبەختانە لەدوای دروستبوونی تەوژمی حیزبی نا ئایدۆلۆجی وەک بزووتنەوەی گۆڕان و فشاری هزری دەرەوە (ڕەوەندی کوردی) و ڕووناکبیران ئەو دۆخەی کۆنی پارتی و یەکێتی دروستیان کرد بوو کاڵ بۆتەوە.. بەڵام نابێت ئەوەیش لەیاد بکەین بەشداری پێکردنی هێزە ئیسلامییەکان لە کایەی سیاسیدا خاڵێکی تری ئەو کاڵبوونەوەیە، کە لە کوردستانی خواروو هەیە و دروست بووە. بەس شەواز هەر دەمێنێت.. گرنگ ئەوەیە ناتوانن لە کوردستانی خواروو هێزی یەکلاکەرەوە بن..
شیعە و هەم سوونەکان لەهەوڵی دۆست بۆ خۆ پەیداکردنن، زۆر بەخەستی کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئێمەیش بکەن بە گژ داعش دا یان بەجۆرێک لە جۆرەکان دژ بە شیعە بوەستینەوە، تێوە بگلێنن، حیکمەتی سیاسی لەوەدایە لەم مەتەڵخانەیەدا چی بکرێت و چۆن هەڵسووکەت بکرێت.. هەرچۆن لێی دەڕوانی ئاماژەکان وامان پێدەڵێت سەرئەنجام و لە کۆتاییدا کێشەی گەورە تری لێ دەکەوێتەوە و ئێمەیش لەو نێوەدا خۆشمان بوێت یان ترش پریشکمان بەر بکەوێت.
--------
تەواوی ڤیدیۆکە لەم لینکەدایە:

پشتیوانی لە کوردستان
٢٠١٤.٦.١٢

لەم دۆخەی کە دەوروبەری هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و تێی کەوتووە، ئەم وێنەیە وەک ناسنامە خراپ نییە، پێداگری لەسەر کورد بوون، هێز و توانامان پێ دەبەخشێت...
-------
وێنەکە وەک کڵێشە وایە بە زمانی جۆراوجۆر هەبوو، وتم بۆ کوردی تێدا نەبێت، دنیا بە ئێمەوە جوانتر دەبێت، بۆیە ئەو ٢ وشەیەم بۆ زیاد کرد...

بیرەوەری: بۆ کاڵێ
٢٠١٤.٦.٩

وەک لە وێنەی یاداشتنامەکەدا دیارە باس لەو هەلومەرجە دەکەم کە کاڵێ؛ی تێدا لەدایکبووە.. ئێمە لە گەرەکی باخی شێخ لەتیف بەتەنیشت گەرەکی دۆمان، کرێچی بووین لە ماڵێکدا لەبەری گەرەکی قەرەجاوا، دەیڕوانی بەسەر چەمێکدا و کانی دۆمان لێوەدیار بوو. من بۆ خۆم هەموو مناڵی و گەنجێتیم لە گەرەکی جوولەکان و شیوی قازی و زەوییە بێتاپۆکانی مەلاکەمالی پارێزەر و باخی شێخلەتیف و... بەسەربردووە، ناوچەکە دابەش ببوو بە چەند گەرەک و هەریەکەیان ناوێکی هەبوو، بەڵام هەموویان لەسەر گەرەکی سەرشەقام ئەژمار دەکران، لەم یادەدا چەند پەرە لەو یاداشتنامەیەی پێشکەشی دەکەم بەهیوام تەمەندرێژ بێت، ژیانێکی شایستەی بۆ بەدی بێت. دیارە ئەو دەفتەرۆچکەیە چەند لاپەڕەی زۆرە هەوڵ ئەدەم لەکاتەکانی تردا بیخەمە ڕوو... پیرۆزە و بەدڵی خۆش و لەشی ساغ و تەندروست...

گۆڕانییەکان تایمیان تێکدان!
٢٠١٤.٦.٥

جارێ هەر شوورەیی باس لە مانەوە و نەمانەوەی مالکی دەکەن، چوونکە خودی سەرۆکی ئێکسپایەربووی حکومەتی هەرێم چەند خوڵە لەو پۆستەدایە، بەم خولەی ئێستاوە، پێدەچێت ٤ ساڵی تریش هەر سەرۆکی حکومەت بێت، چوونکە لە ناو سیاسییەکانی کورددا پیاوی ئیداری تێدا نییە.
دوێنێ گەر وەزیرە هەورامییەکە نەبوایە نێچیر ئدریس بارزانی توورە نەدەبوو، بۆ داکۆکی کردن لەو ئەو غەڵەتە فەزیع و حەیابەرەی لێوەشایەوە.. میدیا و خەڵکی نارازی دەتوانن کار لەسەر ئەو خاڵە بکەن، بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتای ئەم خولەوە ئەوەندەی تر نێچیر ئدریس بارزانی ناشیرین تر بکرێت.. ئینجا با قسەیەکیش بۆ دز بکەین، من لە جیاتی ڕابوون مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بوومایە، وەک چۆن بە قسەکانی تووڕەی کرد پۆرتی ئەو سەرۆکی حکومەتەم زیاتر دەشکاندو، لە شوێنی دانیشتنەکە دەهاتمە دەرەوە...

سەیرە و سەیریش نییە
٢٠١٤.٦.١

ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەم بۆنەیەدا تەنها ئەوانە موستەهەقی پیرۆزبایین کە لەسەرەتای شۆرشەوە بوونە پێشمەرگە و لە سەنگەردا بەرامبەر دوژمنی داگیرکەر شەهید بوون و گیانیان لەدەست داوە.. یان هەموو ئەو قارەمانانەی کە لە زیندانەکانی ڕژێمی داگیرکەری کوردستانی خواروو لە سێدارە دراون و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کردووە.. بەڵام ئەوانە نا کە لە شەرە ناوخۆییەکان چ لە شاخ چ لەسەردەمی ڕاپەڕیندا تیاچوون،.. دەبێت بڵێن یاڕەبی ئەوانەی لە ڕەنجی قارەمانانی گیانفیداکردوانی شاخ و شار و زیندان دەخۆن بەقوزەڵقورتیان بێت... کەواتە پیرۆزبایی چی؟ لە کێ؟ پیرۆزبایی لە مردوو دەکرێت؟! سەیرە...
--------
واژوو: عەباس شوان برای عەلی چەلەبی/ شەهیدی سەنگەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان ٣٠/٢٩ی ٤ی ١٩٧٩ شارەزوور- گوندی زێرنجۆ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق