خەمی ڕۆژانە، ئەیلوول ٢٠١٤


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٩ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

هەموو بوونەتە سەرباز و جەنەڕاڵی شەڕ!!
٢٠١٤.٩.٣٠

لەسەر زاری سیاسییە پلەیەکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەوانی ترەوە دەوترێت شەر لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) درێژخایەن دەبێت... کەواتە خوێنی زیاتری تیا دەڕێژرێت و ماڵوێرانی زیاتر بۆ ئەو بەشەی خەڵکی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بەناوچەوانەوە دەبێت.. تەنانەت ڕەنگدانەوەی نێگەتیفیشی خوڵقاندووە بۆ خەڵکی ئەورووپا وو ئەمەریکا بە بیانووی ڕێگری لە چوونی شەرکەران حکومەتان یاسای و ڕێسای نوێ دەردەکەن و دیموکراتی و تایبەتمەندی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.
لەم دۆخەدا بە پێچەوانەی هەڵگیرسانی شەڕەکانی پێشووتری هەمان ناوچە، لەناو ئەورووپا و ئەمەریکا جووڵانەوەی ئەنتی شەر زۆر لاوازە.. مەهزەلەکە لەوەدایە هێزە چەپی و کۆمۆنیستیییەکان و... کە بەشێکی کاریگەر بوون لەو جووڵانەدا، لەمەیاندا لە پاڵ ئیمپریالیستەکان وەک سەرباز و جەنەڕاڵەکانی شەر دەبینرێن!! بۆیە هەڵسانەوەی هەموو ئەو هێزە ئاشتی و ئارامییخوازانە هەیە چ لە ئەورووپا و چ لەناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە شەڕەکەی تێدا دەگوزەرێت ئەپدات بکرێنەوە.. چۆن دەبێت خۆ بدرێتە دەست هێزە شێت و دڕەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، کە غەیر ماڵوێرانی هیچی تر بۆ خەڵک ناهێنن.. ڕسوایی بۆ هەموو ئەوانەی ئیتر بەهەر بیاانوویەکەوەیە بەنزین دەکەن بەسەر ئەو شەڕەدا.
----------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی گۆڤاری شار کە لە کوردستانی خواروو چاپ و بڵاودەبێتەوە
- : کە دوو کەس شەڕیان دەبێت لە کۆنەوە وا باوبووە کەسێک کەوتۆتە بەینەوە، بەڵام لەم فەقەرەیەدا ئەو خێرخوازە نەماوە، هەموو بوون بە جەنەڕاڵی شەڕ!!
پێم وایە ئەوە پەیامێکە بۆ بیرکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ماڵی خۆمان بەهەر نرخێک بووە.. هیچ شتێک موستەحیل نییە.
- : قسە لەوەیە وەک ئەمەریکی و سعودی و وڵاتانی تر، کوردی کوردستانی خۆمان بەهەر نرخێک بووە ئەو شەڕە دوور بخرێتەوە.
- : وەک مەبدەئی گشتی گەر ئێمە هاوڵاتی خۆمان خۆش بوویت، کێشەی بۆ دروست ناکەین.. گەر کێشەیەکیش یەخەی گرت، وەک چۆن ئێستا پریشکی بەرکەوتووە و تێوە گلاوە، دەکرێت ژیرانە ئەو شەڕە دوور بخرێتەوە..
- :

فەرهاد سەنگاوی مزایەدەی کۆبانی
٢٠١٤.٩.٣٠

فەرهاد سەنگاوی مزایەدەچییە، لای بزووتنەوەی گۆڕان هیچ پلەیەکی باڵای هەڵنەکڕان، بۆیە پایدۆزی کرد و خۆی کردەوە بە ماڵە تەسکەکەی یەکێتی؛دا، بەو هۆیەوە بوو بە پەرلەمانتار یان گەیاندیان بە نانی چەور... ئەسڵەن کوردی کوردستانی خواروو پێویست ناکات بچێت بۆ شەڕ لەو پارچەیە، خۆمان پێویستمان بەهێزی زیاتر هەیە تا ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.. ئەو ناوچەیە بەتایبەتی لە ژێر نفووزی پێ کە کە دایە، گوایە هێزەکانیان زۆر ئازان و کون لە جگەرەیاندا نییە، بۆ بەداعش ناوێرن یان ئەوانیش مزایەدە دەکەن بەسەر خەڵکی کوردستانی خواروودا. هەڵمەت و مەکینەیەکی میدیایان خستۆتە گەر دژ بە خەڵک و حکومەتی کوردستانی خواروو سووک بکەن.

خاکی ناپاک!!
٢٠١٤.٩.٢٩

ئەم گۆرانییە زیاتر پیرانەیە و لەگەڵ گەنجاندا نایەتەوە، بەڵام لە نێوان دێڕەکانی گۆرانییەکەدا چەند دەربڕینی تێدایە جێی هەڵوێست و ڕامانە وەک خاکی(نیشتمان) ناپاکی و بەستویەتییەوە بە کەسانی خاکییەوە.. لەوانەیە لە دۆخی ئێستای کوردستانی خواروودا، کە هیچیان لەو نیشتمانەدا نییە و داوای خۆ بەقوربانی کردنیشیان لێ دەکرێت ناتەبا بێت.. یان زۆر لەخەڵکانی تر هەیە نەک قوربانی بەڵکوو تەمەنی خۆی لەو پێناوەدا خەرج کردووە، کەچی ئێستا ئاوارەی وڵاتانە.. هەمیشە حەسرەتی بێوەفایی ئەو نیشتمانە هەڵدەکێشن... بەڵام ئایا وەک لە دێرێکی تریدا دەڵێت ئایا ئەوە نیشتمان و خاکی ناپاکە کە بەرپرسە یان مرۆڤە نامرۆڤەکانیەتی ئەوانەی لە مرۆڤبوون داماڵراون؟
----------
گۆرانییەکەی داریوش

گۆڕەپانی خوا! 
٢٠١٤.٩.٢٥

ئەم کاریکاتێرستە، یان گێلە یان زۆر ژیرە، چوونکە ئەوە خەڵکی ئەورووپی نییە عەقڵی خۆیان دابێتە دەست ئایین و پیاوانی ئایینی.. بەپێچەوانەوە گەر ئەو کەشیشە مەلایەک بوایە لەوانە بوو نیشانەی بپێکایە، ئەو کات دەکرا بووترایە بەتایبەتی لەم کات و هەلومەرجەدا کە شەڕیکی ئایینی و ئایینزایی لە عێراق و سووریا هەڵساوە و پێشبینی شەڕی گەورە تری لێدەکرێت، بەشێک لە خەڵکی بە کورد و عەرەب و فارس و تورکەوە تەسلیم بە هزری ئایینی بوون.. یان دەکرێت بووترێت هەژموونی ئایینی وای کردووە کە خۆیان بەخواهیشتی خۆیان عەقلیان بدەنە دەست ئایین و نوێنەرانی ئایینی... کاریکاتێرەکە پێمان دەڵێت: من ئایینتان پێدەدەم ئێوەیش عەقڵتانم پێببەخشن... بەڵام پرسیار ئەوەیە کێ ناڵێت دۆخێکی هاوشێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پیرۆیش بوونی نییە، بۆیە کاریکاتێرست بەو شێوەیە گوزارشتی لێکردووە؟
-------

تێکستەکە هی بەندەی موخلیستانە بەڵام کارتۆنەکە هی کاریکاتێرستی پیرۆیی Omar Zevallos ە. بەناونیشانی مەیدانی خوایە.


لە سکۆتلاند تەعزێیە!
٢٠١٤.٩.١٩

سکۆتلاند لەشەڕی سەربەخۆیدا دۆڕاندی. کوردی کوردستانی خواروو، کە بەتەمایە بچێتە شەڕێکی واوە، هەر لە ئێستاوە پێم وایە سەربەخۆخوازان دۆڕاوون.. چوونکە پارتی و یەکێتی ئاوێکی وایان نەڕشتووە، تا لایەنگرانی سەربەخۆیی بیبەنەوە، چوونکە لە ڕێفراندۆمی میللی ناڕاستەوخۆی سەردەمی مەجلیسی حوکم لەبەغداد، لە ٥ ملیۆن کورد ملیۆنێک دەنگی بەسەربەخۆیی دا، ئەو کات بەمەرجێک حەماسی کوردایەتی زۆر بەهێز تر بوو بەڵام ئێستا ئەو حەماسە نەماوە، چوونکە بەهەزار داوەوە هەرێمیان بە عێراقی عەرەبییەوە بەتایبەتی بەشە شیعەکەی بەستۆتەوە.. بەڵام ئەم باوک و دایک مردنەی سکۆتلاند نابێت وا لە سەربەخۆخوازان بکات، کەموکوڕییەکانی ئەو هەوڵەی ئەوان و هەرێمی کوردان لەبەرچاو بگیرێت و پڕ بکرێتەوە، نەبێتە هۆی پەشیمان بوون و دەستەوەستان لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە.. کە بەفەرمی بنەماکەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دانراوە...
--------
- : بەڵێ کاک عومەر، بەدەر لە دەربڕینە گشتییەکان، ئەگەر مەبەستت لە هەڵمەتی پێشوو بۆ سەربەخۆیی بێت، ئەسڵەن هەڵمەتێکی درۆینە بوو، پارتی و یەکێتی لەپشەتەوە بوو، چوونکە ئەوانەی ڕایان دەپەڕاند ئەندامانی پێشکەوتووی ئەوان بوون.. مەبەست لێی فشار دروست کردن بوو لەسەر عەرەبەکانی و حیزبەکانی دەسەڵاتی حوکمی بەغداد، تا زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنن و زۆرترین وەزارەت وەربگرن...
- : بەڵی کاک خەلیل ڕاست دەفەرموویت، دیارە لایەنی ئابووری من نەمویست بەدرێژی باسی بکەم تەنها ئاماژەم پێداوە وتوومە بەهەزارەها داوەوە بەستراوەتەوە بە عەرەبی عێراقییەوە. وەک دەڵین قسەیەکیش بۆ دز بکەین مەرج نییە شەیتانی گەورە لە مەسەلەی سەربەخۆیی تەنها پارتی و یەکێتی بن، بەڵکوو خودی خەڵکەکەیە کە نایانەوێت بەهەر بیانوویەکەوە بێت لە عێراق جیا ببنەوە، لە ماوەی ڕابردوو پێش هاتنی داعشیش کە خۆپیشاندان دەکرا، هەموو خەڵکە ناڕازییەکە قسەی یەکەم و کۆتاییان داوای بەرانبەر کردنی موچەیان لەگەڵ ئەوانی عێراقی بوو.. ئەمە وەک داخوازییەکی ئابووری ڕەوایە، بەڵام وەک مەسەلەی سەربەخۆیی و ئیستقلال تەلەبی دروست نییە، جۆرێک لە ئیزدواجی خەڵکەکە دەگەیەنێت.. بۆیە من خۆش بین نیم لەمەسەلەی ڕیفراندۆمدا.. چوونکە بێجگە لەو دۆخە ناوخۆییەی تاکی کورد، موخالفینی جۆراوجۆر دێنە مەیدان، هەوڵ ئەدەن ئەو ناڕۆشنییەی تاکی کورد هەیەتی قوڵتر بکەنەوە کاریگەری دابنێنن و ڕێژەی دەنگی سەربەخۆخوازی کەمتر بکەنەوە، بەدەردی سکتۆلاند خراپتر بچین و پەشیمانی لەدوا دەبێت.
- :  ئێمەیش باس لە ئەگەرێک دەکەین کە بەمەترسی دەزانیین لەوانەشە وا دەرنەچێت.. ئیتر با بزانیین ئایندە نیگەرانییەکانی سەربەخۆخوازان دەسەلمێنێت یان نا؟

گوێم لێ بوو
٢٠١٤.٩.١٦

سەباحەت تونجەلی شاندی ژنانی کوردەکانی کوردستانی باکوور، لە ناو پەرلەماندا لەلایەن پەیامنێریکی ژنەوەی تەلەفیزیۆنی ئێن ئاڕ تی؛یەوە چاوپێکەوتنی خێرای لەگەڵ کرا، پەیامنێرەکە بەکوردی پرسیاری لێ دەکرد .. ئەو پەیتا پەیتا بە زمانی تورکی وەڵامی دەدایەوە...
خوێندکارێکی یەکێک لە خوێندنگا نموونەییەکانی شاری هەولێر، کە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە لە نموونەییان بخات، ناڕازی بوو، لەسەر ئەوە نا کە خوێندنگاکەیان داخستووە، بەڵکوو ناڕازی بوو لەوەی ئیتر ناتوانێت وەک پۆلیسی نهێنی بمێنێتەوە و چاودێری هەردوو خووشکەی بکات کە لەهەمان خوێندنگان..

ئەدەب و سیاسەت
٢٠١٤.٩.١٤

کە ئەم شیعرەی شێرکۆ بێکەسم خوێندەوە، خەیاڵم بۆ کوڕ و مناڵەکانی چوو، لەوانەیە ڕۆژێک بێت وەک ئەو شیعرێکی وای لەوە جوانتری بۆ بنووسن.. هاوکات بیرم بۆ هەموو ئەو باوکانە دەچێت کە هاوشێوەی شێرکۆن و یان باوکی میهرەبان بوون، لەو دنیا چاوەڕوانی نەواکانیانن لە گۆڕ ئاو بەو شێوە جوانە بییان هێننەوە و زیندویان بکەنەوە...
سوپاس بۆ شێرکۆ و کاک بێستوون کە لەم دۆخەی کە شاری سلەیمانی پێیدا تێدەپەڕێت، نایەکێتی نانیشتمانی ناکوردستانی خولقاندوویەتی کێشە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکە سەڕەڕای دۆڕانی پێ قووت ناچێت، حەواڵە بەگەواڵە دەکات و کردووە، وەک بەشەر مل بە شکسی خۆیان نادەن!! ئەو شیعرە لەم کات و ساتەدا پەیامێکی تری تێدایە کە ئەمجارە ١٧ی شوباتێکی تووند تر بەڕەوڕوویان دەبێتەوە و پێشبینی کراوە...
 تێکستی شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس:
دەساڵ جارێ / بەر لە نەورۆز / باوكم مۆڵەتی دوو سێ رۆژ / لەخوای گەورە وەرئەگرێت و / ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵێ! / بۆنی باوكم وەكو بۆنی / ... خۆشی مۆرد و / بۆنی نێرگز / دوور دوور ئەڕوا / بۆیە ئیتر / وەختێ زانیمان وا ئەگا / هەموو ئەچینە بەردەرگا / دایكم پۆشاكە كوردییەكەی / لەبەر ئەكا / بەڵام شەرم و سەرپۆشەكەی / لەژوورەوە فڕێئەدا / هەموو ئەچینە بەردەرگا / خوشكەكانم وەكو ئەستێرەی سەوز و سوور / بەناو یەكدا دێن و دەچن و / ئەیكەن بەگۆرانی و سەما. لەسیلەی كۆڵانیشەوە / وەختێ باوكم دەرئەكەوێ / چاومان لێیە / قاتێكی سپی لەبەردا و / هەڵاڵەیەك بەدەستییەوە و / چەند بولبولێ لەسەر شانی / نیشتوونەوە و / شان بەشانیش ئەرخەوانێ / لەگەڵیایە و ورد ورد ئەڕوا / باوكم ئەگاتە بەردەرگا / لەخۆشیاندا / دایكم(هەل هەلە) لێئەدا / هەل هەلەكان زۆر درێژن و / تیا یاندایە تائەو پەڕی / گەڕەك ئەڕوا / دایكم لەڕەشە رێحانەی / ناوحەوشەكەی خۆمان / سێ چوار پەلكی پێشكەشئەكا. / ئێمەش بەماچ و بابەگیان / بەتریقە و بە قریوە دایئەپۆشین. / لەپاش تۆزێ / بەبولبول و ئەرخەوان و / بەهەل هەلە و بەشیعرەوە / هەموو ئەچینەژوورەوە. / باوكم لەسەر كورسییەكەی جارانی / دائەنیشێ / لەپشت سەریەوە ئەرخەوان /
وەكو بوبێ بەپاسەوان / ڕائەوەستێ. / دایكم ڕووی تێئەكا و ئەڵێ: / - فایەقەفەندی! لاوازبووی / - زۆر لاوازبووی! / وەكو توابیتەوە وایە! / باوكم ئاو ئەزێتە چاوی و / لەدواییدا بەگوڵێكی دار ئەرخەوان / چاوی ئەسڕێ و / ئینجا ئەڵێ: / - بۆ مەراقی كورد ئەهێڵێ؟! / شەفیق! لەوێش خەمی ئێوە / وەكو سەیوان لەگەڵمایە / شەفیق! لەوێش / لەمەملەكەتی خودایشدا / ئەم كوردستانە تەنیایە! / ئەو شەوانە، دوو قوربانیی / زۆر گەنج و قۆز / بوونە هاوسێم / لەنووكەوە، لەحەڤدەی دووی گوڵاڵەوە /
چی ڕوویدابوو، هەموویان بۆ گێڕامەوە! / شەفیق! من هەر بەناو وا لەوێم / بەڵام بەجەوهەر و بەڕوح. بەدەنگ / عەشق و شیعر و خەیاڵاتم / وا لەبەر دەركی سەرایە!. / باوكم تۆزێ بێدەنگ ئەبێ / لەدواییدا / دوای قەڵەم و كاغەز و / لاستیكی خەت كوژانەوە و / قەڵەم دادانمان لێئەكا / ئەوسا ئیتر/ من هەڵئەسم / ئەوەی داوای كرد ئەیهێنم / دایكم ئەڵێ: / فایەقەفەندی! بۆ ئێستاش / شیعر ئەنووسێ؟! / باوكم ئەڵێ / - ئەی چۆن شەفیق؟! بۆ نازانی / لەو دنیاش / خودایش بەبێ شیعر / ناژی؟! / باوكم دەست ئەكا بەنووسین / ناو بە ناوێ دارئەرخەوان / شتێكی بیر ئەخاتەوە. / هەر ئەنووسێت و ئەنووسێ / چوار پێنج پەڕە تەواو ئەكا / لەدواییدا قەدیان ئەكا و / ئەیانخاتە بەر باخەڵی. / لەپڕێكدا باوكم هەڵئەستێتە سەرپێیان / دایكم ئەڵێ: / - ئەوە بۆكوێ ؟! فایەقەفەندی! / ئەوەندە نابێ گەیشتی / ئاخر بۆكوێ؟ / شەفیق! ئەڕۆم! ئەبێ بڕۆم. / بۆ سەرای جارانی خۆم / بۆ ناو ئاپۆڕەی ئازادی. / دوای هەشتا ساڵ / دیسانەوە (وەتەن)ە كەم / شیعرێكی تازەی پێنووسیم! / ئاخر شەفیق! / ئەو بەر سەرای ئازادییە / بێ (فایەق بێكەس) چۆن ئەبێ؟ / ئەبێ بڕۆم .. / شیعرەكەی خۆم بخوێنمەوە. / ئاخر شەفیق ! تۆیش ئەبێ بێی / لەبیرت چوو؟! / (مەلیش بەباڵێك نافڕێ!) / ئەبێ بڕۆین. هەمووبڕۆین / بەمنداڵ و بەپەپولە و / بەشیعرەوە / هەر ئا ئێستا / بۆ بەر سەرا !.

جوانناسی - ستاتیکا
٢٠١٤.٩.١١

شەڕی گەورە، ئاشتی زەنگویانەیی

وڵاتی یەکەمم کە کوردستانی خوارووە بەهۆی سیاسییە گێل و ناشییەکانی و هەژموونی بلۆکبەندی جیهانییەوە، دەرگیری شەڕێک بووە دەرچوون لێی زەحمەتە، وردە وردە ئەوەی کە بە هەر شەق و شڕییەک بەرهەم هاتووە تێک دەچێت. ئەمەی دووهەمیشم کە فینلاندە سێبەری شەڕێکی گەورە خۆی داوە بەسەریدا، بەهۆی قەیرانی ئوکرانیاوە، وڵاتەکە لەنێوان دوو هێزی گەورە کەپس بووە، لەوە دەچێت بەدەردی وڵاتی یەکەمم بچێت. هەرچی دەکات ناتوانێت خۆی لە پریشکی ئەو شەڕە چاوەڕوان کراوە بپارێزێت.
جا لە دۆخێکی ئاوادا مرۆڤەکان دەبێت بیرکردنەوە و خەو و خەیاڵیان چۆن بێت.. ئەو سێ کارتۆنە وەڵامێکمان دەداتێ یان ئەوەندەی تر زندەقمان دەبات؟
--------
کارتۆنەکانم ڕێکخستووە بەڵام بەرهەمەکان هی کەسێکی فارس/ئێرانی و کۆستاریکایی و مەکسیکییەکە بەم ناوانە: Arcadio Esquivel ، Payam Boromand ، Guffo.

باراک ئۆباما بەتەواوی کەر بووە!!
٢٠١٤.٩.٨

لە دوای پێشڕەوی و نزیکبوونەوەی ئیسلامییە ڕادیکالەکان ناسراو بە داعش لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جووڵا و هێزی سەربازی بەتایبەتی ئاسمانی خستە گەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکەیان ئەویش بەهۆی گێلێتی سەرانی کوردەوە بوو، کە لایەنگریان لە پێکهێنانی حکومەتی شیعی لە بەغداد کرد و پیشاندا و چوون بۆ بەشداری.
بەڵام لەو ڕووداوانەدا گرنگ ئەوە بوو ئەمەریکا کارێکی پۆزەتیفی لێوەشایەوە بۆ بەرگری لە کوردەکان هاتنە سەر هێڵ، ئەم کارەیش بەجۆرێکی تر زیاتر بۆ ئەوە بوو کە بەتەواوەتی کورد تەسلیم بە شیعەکان ببن، بەردەوام ئۆباما خەریکی داخوانی تووندە لە دژی داعش و پەیمانی تێکشکاندنیان لەبۆنەی جۆراوجۆردا دووبارە دەکاتەوە و پێداگری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراقی شیعی دەکاتەوە. بەڵام ئەو جەنابە بیری چووە کە تووندڕەوی شیعەکان هیچی کەمتر نییە لە تووندڕەوی داعش، وەک دەڵێن گر لە گڕ بەربوو.
هاوکات ئەو ئیسرارەی سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەندەی تر شیعەکان شێلگیر و تووند تر و بوغرا تر دەکات تا کورد و سونەکان کەپس بکەن و لە یارییەکەدا کورد و چەند دانە لە سوونەکان کلکایەتی و لێبوکی زیاتر هیچیان پێ نەبڕێت..
بۆ کوردەکان ئەوانە (شیعە و داعش و سوونە) وەک یەکە ئەم یەکپارچەیی عێراقە بەو پینەوپەڕۆیە چارەسەر نابێت و لەحیم ناکرێتەوە و ئەمەریکا و کورد خۆیان ئەوەندەی تر لە گێلێتی دەدەن. پرسیاری گرنگ ئەوەیە کوردەکان کەی ئاقڵ دەبن؟ چۆن لە فشارەکانی ئەمەریکا و دەرو دراوسێ و پێکهاتەی شیعە بەکەمترین زیان خۆیان دەدزنەوە و دەرباز دەکەن؟
---------
هەمان وتار لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا کە لە هەرێمی کوردستان/ سلەیمانی چاپ و بڵاو دەبێتەوە
بابەتەکانی ترم لەسەر هەمان کێشە:
کورد، شەڕ بە وەکالەت!!
ڕمڵ لێدانێکی تر (کێ کەری ناوجۆگەیە؟)

بۆ شوان و گاوانی باشن
٢٠١٤.٩.٤

لە کەناڵێکی حیزبی ڕووپۆش بە سەربەخۆ ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بیرکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه(پارتی)، بازاڕیانە وەڵامی کەسێکی بازاڕی سەر بە عەرەبە شیعەکانی دەدایەوە.
ئەم پرسیارەم لادروست بوو، ئەو كەسه رەشۆكيانه بەكارى ئەوه نايەن بياندوێنى، چوونكه سەرەداو لە مێشكياندا نەماوه، خوابيان كات بەقوربانى مێژوويان و حيزبەكانيان و جووڵانەوەی چەکداری کوردانی کوردستانی خواروو, کە زۆر کەسی کردووە بە گەڵەگا و بەشت و لە شوێن و دەسەڵاتی خۆیان داکوتاوە، بە تۆپیش ناجووڵێن.. ئەگينا ئەوانە هەر بؤ شوان و گاوانی باشن و دەگونجێن..
بەڵام پرسیارێکی پێچەوانە خۆی قووت دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە بوونیان پێویست و باشترە لە نەبوونیانە، هەموو جۆرە کەسێکی هەبێت تا لە تەنگانەکاندا بکرێن بەگژ ناحەزانی کورد؟ بەزمان و کردەوەی پیسی خۆیان وەڵام بدرێنەوە.
بەڵام بەکوردی وتنی و لە کەناڵێکی کوردی ئەو سوودەی نا بێت و نابیسترێت ئەوە وەڵامدانەوانە بۆ پەرلەمانتارەکانی بەغداد بەزمانی عەرەبی باشە. ئەمە دەچێتە خانەی ریکلامکردنەوە بۆ بەرپرسێکی حیزبی.

ئێزیدییەکان کوردن یان نا؟
٢٠١٤.٩.٣

زۆر لە ئێزیدیان لە جیاتی جلوبەرگی کوردی عەگال و دزداشەی عەرەبی لەبەر ئەکەن!
بەڵام مەکەی ئێزیدییەکان لە خاکی کوردستانی خواروودایە و ساڵانە حەجی بۆ دەکەن.. ئایینی ئێزیدی وەک هەر ئاینێکی تر بیروباوەری گشگیر و شموولییە بۆیە ئاسایە هەموو جۆرە نەتەوەیەک لە خۆ بگرێت هەروەک ئاینەکانی وەک ئیسلام و کریستیان و زەردەشتی و... کردوویانە و دەیکەن، تەنانەت بیروباوەڕی کۆمۆنیستی کە وەک ئایینەکان ئایدۆلۆجییەکی شموولییە هەمان ڕێچکەیان هەیە، ئەوەی بۆیان گرنگ بێت زۆرکردنی لایەنگر و ئیماندارە، گوێ بە نەتەوەیەکی دیارکراو نادەن و مرۆڤیان بۆ گرنگە. هەرچەندە ئاینەکە لە ناوچەیەک سەریهەڵدابێت کە زەوییەکەیش هی گەلێکی دیاریکراوە بێت.
------
- : بەڵێ کاک خەلیل، ڕاست دەفەرموویت.. ئێزیدییەکان و ئاینەکەیان لێکۆڵینەوەی زیاتر هەڵدەگرێت.. ئەمەی کە پارتی بە قران کردنی دان، وەک کۆڕەوەکەی ١٩٩١ خێری پێوە بوو بۆیان و کەوتنە بەر تیشکی نەک ناوخۆیی بەڵکوو دیدی جیهانی.. جا نیگەرانی لەوەدایە ماوەیەکی تر ئەوانیش نەبنە کێشەیەکی تر بۆ خەڵک و حکومەتی کوردستانی خواروو.. وەک چۆن بەشێک لە کوردانی هەورامی دەڵێن ئێمە کورد نیین و زمانێکی سەربەخۆمان هەیە، یان وەک ناوچەی بادینی نشینی دهۆک خۆیان جیاکردۆتەوە و لەگەڵ کۆی گشتی وڵاتەکە نایەنەوە..

بەنزین گرانی، فەیکە نارەزایەتی
٢٠١٤.٩.٣

وەزیرە نازدارەکەی پارتی ئاشتی تۆرێنە! پەرلەمانتارە (عێزەت)کەی یەکێتیش لە دەجالیدا خومەینی بەقولەپێی ناگات.
ئەو وەزیرە هەورامییە ئاشتی لێنابارێت، بەو شێوەیە خۆی دەپەڕێنێتەوە گوایە خەڵک و پەرلەمانتار و حیزبەکان بە نێچیر بارزانی و قوبادی مام جەلال ناوێرن و بەم دەوێرن چوونکە فەقیرە و بێ پشت و پەنایە، ئەوە با بۆ حەلاوی باس بکات... ئەو جەنابەشی کە دختۆر عێزەتە و ئیستقالەی لە لیژنە داوە یەک دەجالە لە خومەینی تێپەڕاندووە..
خەڵک خۆزگە بە سەردەمی کۆن دەخوازێت کە ئۆپۆزسیۆونێکی بەهێزی دیاری بەرجەستە هەبوو، بەڵام ئێستا چەند ئۆپۆزسیۆنی خەتمایل پەیدا بوون، بەو زمانەی کۆنی ئەوان دەپەیڤن و هەموویش لە حکومەتدان!! نهێنییەکە لەوەدیە ناحەزن بەیەکتر و حەزیان بەسەرکەوتنی ئەوی تریان نییە، بۆیە خواخوایانە وەزیرێکی فڵان حیزب کەموکورتی لێدەربکەوێت بەهۆی میدیا کلکەکانیانەوە لەقاوی بدەن، ئەوانەی بۆ مەسەلەی گرانبوونی بەنزین هاتۆتە سەرجادە جەماوەری ئەسڵی و ناڕازی خەڵکەکە نیین، بەڵکوو هی فڵان حیزبە و قورمیش کراون.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق