خەمی ڕۆژانە، نیسان ٢٠١٤

کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٤ی  ٢٠١٤دا

لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی تەواوی هەواڵەکان وەک ئەرشیفخانەیەک پارێزراوە.

خۆبەخشانە دەیگۆڕین
٢٠١٤.٤.٣٠

ڕۆژانی ٢٧ و ٢٧ ی ٤ ی ٢٠١٤ لە شاری هێلسنکی ناو باڵوێزخانەی عێراقی ناوەندێکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرایەوە، بۆ چاودێری کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان وەک چاودێرێکی خۆبەخش لەگەڵ ٣ کەسی تر بەناوەکانی سەباح عەباس دلاوەر جەبار محەمەد و حەیدەر شەمسەدین شەوکەت دەستبەکاربووم. ئەو دوو ڕۆژە لە شاری لاهتییەوە دەچووم بۆ هێلسنکی بە دووری ١٠٠کم.
----------
لەسەر ئەو ڕووداوە لە لاپەڕەی لاهدێنکوردیت کە تایبەتە بە هەواڵی فینلاند چەند هەواڵ و زانیاریم بڵاوکردۆتەوە:
عێراقییەکانی فینلاند دەنگیان بۆ نیشتمانی یەکەمدا
دووهەم ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق/هێلسنکی
یەکەم ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق/هێلسنکی
بەرەو سندوقەکانی دەنگدان 
دەنگدانی کوردەکانی کوردستانی باشوور لە هێلسنکی دەبێت (٢)
دەنگدانی کوردەکانی کوردستانی باشوور لە هێلسنکی دەبێت (١)
باڵوێزخانەی عێراقی کڵاوی نایە سەر کێ؟
باڵوێزخانەی عێراق سەر لەدەنگدەر دەشێوێنێت!
دەنگ بدەن بە پالێوراوانی ژن
٢٠١٤.٤.٣٠

ئەمڕۆ ڕۆژی هیمەتی دەنگدانە، پێم باشە هەموو هاوڕێ و دۆستان و کەسوکارە نزیک و دوورەکانم کە منیان خۆش دەوێت بە شوور و شەوقەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەنگ بدەن بە هێزی نوێ ئەو هێزەی هەیبەتی پارتی و یەکێتی شکاند، ئەویش بزووتنەوەی گۆڕان بوو. گەر ئەو سەر بخەین ئەوا دەروازەیەکی نوێ بۆ ئەزمونێکی نوێی حوکمڕانی بەدی دێت و دێتە کایەوە، پێویست دەکات تاقیان بکەینەوە و بزانیین چ مەعدەنێکن..
وەک چۆن تا ئێستا بەدەنگتان سزای پارتی و یەکێتیتان داوە، ئەمجارەیش سزای پیاوان و هزری پیاوانە بدەن و دەنگ بدەن بە پالێوراوانی ڕەگەزی مێی ئەو لیستە.. تا ئەزموونی حوکمڕانی ژنانیش وەک فینلاندییەکان تاقی بکەینەوە کە بێگومان کۆمەڵگاکەمان باشتر و بەرەحم تر و نەرمونیان تر دەبێت..
ژنانی بەڕێز ئێوەیش خیانەت لە خۆتان مەکەن و دەنگ بدەن بە هاوڕەگەزە ژنەکانتان...

غەمبارم، لەیادی ٣٥ ساڵەی عەلی چەلەبیدا
٢٠١٤.٤.٢٩

لە یادی ٣٥ ساڵەی شەهید کردنی عەلی چەلەبی برام. ئەو شەوی ڕابردوو لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی تری ئەو کاتی یەکێتی نیشتمانی، جاشەکانی زەڕایەن لە بۆسەیەکدا شەهیدیان کردن، تا ئەم چرکە ساتە گۆڕ ونن، حیزبە خوێڕییەکەی یەکێتی نیشتمانی هیچ کارێکیان نەکرد بۆ ئەوەی ئێسکوپروسکەکانیان بدۆزنەوە و بهێننەوە. یان لایەنی کەم گۆرێکی یادگاری وەک قوربانیانی ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجەیان بۆ بکەن.. ساڵی پار لەناچاریدا چوومە لای هاوڕێیەکی خۆم کە بەرپرسێکی گەورەی ئەو حیزبەیە، هەموو قسەی ئەوەبوو کە ئێمە کەسوکارە پلە یەکەکانی خەتا لە خۆمانەوەیە دوورین لە یەکێتییەوە.. مەهزەلەکە لەوەدایە ئەو وەک فەرماندەی کەرت مووچەیان بۆ بڕیوەتەوە کە ٥٧ هەزار ٥سەد دینارە، چەند هەوڵدرا پلەکەی بگۆڕدرێت سوودی نەبووە..
---------
بابەتی پەیوەندیدار لەسەر شەهید:
لە یادی ٣٤ ساڵەی شەهیدبوونی عەلی چەلەبیدا
بابەتی تر لەسەر شەهید عەلی چەلەبی:


باش بوو سالار عەزیز لەکۆڵ گۆڕان بووە!!
٢٠١٤.٤.٢٦

ئەو زاتە کۆن هەرچییەکی کردبێت، بەلای خەڵکییەوە بەقەدەر زەرەیەکی کاری سەردەمی حوکمڕانی نابێت، ئەو هەرچییەکی کردبێت تاوانبارە بە کوشتنی بەکر عەلی شاعیر، بۆیە لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە خەڵکێکی زۆر ناڕازی بوون لەوەی کە ئەو یەکێکە لە پێکهێنەرانی بزووتنەوەیەکە، ئەوەی دەیڵێت گوایە ئەم لە گۆڕان ڕادیکالتر و ریفۆرمخوازترە لەبەرامبەر پارتی زەمێکی بێتام و بۆیە. بەم کارەی و لەم کاتە هەستیارەدا دەبێت بووترێت حەوت بەردی بەدوادا هەڵدەن. گۆڕان پاکتر بووە.. ماڵی قەڵب سەربەساحێبێتی.. بشچێتەوە ناو یەکێتی حسابی بۆ ناکرێت.. ژیرانەتر دەبوو وەک چۆن لە مێژوەوە بێدەنگ بووە، هەر وا بمایەتەوە.. بەڵام زەفەری بەخۆی هێنا خۆی هەڵدایە ناوچەمەوە..
----------
تەواوی ڕوونکردنەوەکەی لەم لینکەدا دەبینرێت

بە شور و شەوقەوە دەنگ دەدەین
٢٠١٤.٤.٢١

دۆستانێک باش و ئازیز دەبینرێت کە دەنوسن: خوا بم گرێ کە ئەمجارە دەنگیان پێ بدەم، یان وێنەی ئاودەست و سندوقی دەنگدان بەیەکتر دەشوبهێنن یان زۆر قسە و کۆمینتی تر...
لەگەڵ بەشی زۆری ئەو دیدانەم و ناهەقیان ناگرم کەوا رەشبینن، بەڵام ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی لەبەرانبەر دۆخێکی پڕ قەیرانی هەرێمی کوردستان پێویست دەکات دورتر بڕوانرێت، خەڵک لەوە زیاتر بێ ئومێد تر نەکرێت، بەپێچەوانەوە نەک دەبێت بچین بۆ دەنگدان بەڵکو خەڵکیش هانبدرێت بۆئەوەی بەلێشاو بەرەو سندوقەکانی دەنگ بچن.
بەڵام چۆن دەنگدانێک؟ دەنگدان بە کێ و بە چ هێزێک؟ وا باشترە دەنگ نەدرێت بەوانەی کە دروستکەری دۆخە نەخوازراو و خاوەن قەیرانەکانن، هەر داناساکێن بە ئێستاشەوە بەردەوامن لەسەر لاساری هەمەجۆریان... نایانەوێت کۆمەڵگا بچێتە سەر سکەی خۆی... کۆمەڵگاکەمان لەوەی ئێستا باشتر و دامەزاروتر بێت...
شاراوە نییە و وەک رۆژی روناک رۆشن و دیارە کە هێزگەلێک هەیە کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو داخوازییە و دەیانەوێت لەو قەیرانە داسەپاوانە دەرباز بن، مێژویان وەک هێزە تەقلیدییەکان غەرقبوی ناشرینی نیین، کەواتە با گەر بۆ تاقی کردنەوەیش بێت دەنگیان پێ بدرێت، ئەزمونی حوکمی ئەوانیش ببینرێت، بێ ئەوەی زیان بکەن، بۆ خۆی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان، دەنگدانە بە داهاتوییەکی گەشتر، هاوکات ئاوڕدانەوەیەکی توڕانەیە بە مێژو کارکردنی ئەوانی پێشو، بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت...
---------
هەمان وتار لە ماڵپەڕی سبەی بڵاوبۆتەوە

خان بۆ ژنان و خان بۆ شوێن
٢٠١٤.٤.١٨

عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ لەبارەی دەربڕینەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دەدوێت، بەڵام پەلی هاویشتووە بۆ شتی تر. جا ئەو بیری چووە کە ئاوەڵباوی خان دوور لە ڕووی ژنان بۆ گەوریش بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە لە کۆندا چەندها خان هەبوو کە گوندنشینان باریان دەهێنا بۆ شار، کەر و ئێستر و ئەسپەکانیان لەوێ مۆڵ دەدا لەبری بڕی پارە. بەڵام ئێستا بەشێک لە خەڵک بۆ ژنان وەک ڕێزێک بەکاردەهێنرێت، دەڵێن کاریستینا خان و ... هتد.
تەواوی وتارەکەی عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ

لەسەر وەزنی فشقیاتەکانی دکتۆر شێرکۆ
٢٠١٤.٤.١٦

بێژەری کەناڵێک بە میوانە نابینەکەی وت: چاوت گەشتر بێت...

باوک نیین باوەپیارەن؟
٢٠١٤.٤.١٠

لەسەر وەزنی نازم حیکمەت کە وتوویەتی مستەفا كەمال کە نازناوی ئەتاتوورکیان پێبەخشی بوو، باوکی من و عەزیز نەسین نییە، ئەو سەردەمە و لەو کاتەدا ئەوە دەربڕاوە کەچی تازە بەتازە لە کوردستانی باکوور و کوردستانی باشوور، ژمارەیەک لە کۆیلەی حیزبەکان دەیانەوێت سەرۆکێکی کۆچکردوو یان سەرۆکێکی زیندانیکراو بکەن بە باوکی کوردی هەموو کوردستانەکان.. منیش دەڵێم هەموو ئەوانە باوک نیین بەڵکوو باوەپیارەن.
بەشێک لە تێکستەکەی دکتۆر عێزەدین:
(ئەتاتورك) مانای (باوكی تورك).
نازم حیكەمەت دەیووت:
باوكی من نییە.
باوكی (میسباحەدین عەلی) نییە
باوكی (عەزیز نەسین) نییە.
باوكی توركە فاشیستەكانە.
لەبەر ئەوە پێی مەڵێن (ئەتاتۆرك).
----
سوپاس بۆ دکتۆر عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ کە ئەم دێڕەی پێ نووسیم. تەواوی وتارەکەی لە ماڵپەڕی کوردستانی نوێدایە

حەیا بتانگرێت چاو لە سیاسییەکانی فیننلاند بکەن
٢٠١٤.٤.٦

پلە و پایە هەر باڵاکانی حکومەتی فینلاندی وەک هەرێمی کوردستان وایە، پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی (کۆکۆموس) کە بە پارتی دەوڵەمەندان و ڕاستڕەوان ناسراوە. سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیان داگیر کردووە. بەڵام وەک مەسعود بارزانی و نێچیر بارزانی نیین کە لە یەک بنەماڵە بن، بە دەنگدانی بێ غەلوغەش هاتوون و خاوەن شەهادەی بەرزن و قاڵبووی دنیای سیاسی و خاوەند باگراوەند باشیان و بەهەوڵی بێوچانیان ئەو پلانەیان بەدەست هێناوە.
سەرەڕای ئەوە لە حوکمی ئەم دوو سەرۆک و حیزبەکەیاندا دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمڵایەتی بەرەو خراپتر چووە، ڕێژەی بێکاری زیادی کردووە، کارگە و کومپانیاناک بەرەو کۆنکۆرس دەچن، پارتی یەکێتی چەپەکان بە دوو وەزیرەوە کشایەوە، بەو هۆیانەوە بە پێی ڕاپرسییەکان حیزبەکەیان جەماوەری لە دابەزیندایە .. بەڵام وەک دەڵێن دنیا تا سەر بۆ کەس نییە، قڵشتێکی گەورە کەوتە نێوانیان، بۆیە شەوی شەممە ٢٠١٤.٤.٥ سەرۆکوەزیران یورکی کاتاینێن پەتی تەحەمولی پچڕا  سەپرایسی خولقاند، ڕایگەیاند لە مانگی ٦ دا دەستبەردای پۆستەکەی دەبێت.
بەڵام لە هەرێمی کوردستانی ئازاد مەسعود بارزانی و برازاکەی بەوان بێت حوکمیان هەتا هەتایی دەبێت و لەسەر کورسی دەسەڵات لار دەبنەوە، وەک بینیشمان حیلەی شەرعییان کرد و ماوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمیان بۆ ٢ ساڵ نوێ کردەوە.
--------
یورکی کاتاینێن کێیە؟

یوركی كاتاینێن (له‌دایكبووی١٩٧١) شه‌ستوچوارهه‌مین سه‌رۆكوه‌زیران له‌ حه‌تفاودووهه‌مین حكومه‌تی فینلاندایه‌، كه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١١ ده‌ستبه‌كاربووه‌. ئه‌و به‌ پیشه‌ مامۆستا بووه‌ و ماسته‌ری له‌ زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌. ساڵی ١٩٩٩ ده‌بێته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان، ساڵی ٢٠٠١ ده‌بێته‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی كۆكۆمووس و له‌ ٢٠٠٤ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی پارته‌كه‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ٢٠٠٧ توانی پارته‌كه‌ی له‌دوای سۆسیالدیموكراته‌كان بگه‌یه‌نێته‌ پله‌ی دووهه‌م له‌ ئاستی فینلاند، بووه‌ جێگیری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری دارایی. له‌ ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕۆژنامه‌ی فایناشناڵ تایمز وه‌ك باشترین وه‌زیری دارایی ئه‌ورووپی ده‌ستنیشان كرد. له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیدا پارته‌كه‌ی یوركی كاتاینێن بووه‌ گه‌وره‌ترین پارتی وڵاته‌كه‌ و به‌ پارتی چین و توێژی ده‌وڵه‌مه‌ندان ناسراوه‌. سه‌رۆكوه‌زیران خێزانداره‌ و كچ و كوڕێكی هه‌یه‌. بێجگه‌ له‌ فینلاندی زمانه‌ ئنگلیزییه‌كه‌ی فووله‌.

ڕۆژی لەدایکبوونم لێکەوتووە!
٢٠١٤.٤.٦

بەدەگمەن لێرەوە پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوونی هاوڕێ و دۆستە ئازیزەکانیانم لیکردوون، هۆکەی بۆ بزربوونی رۆژی لەدایکبوونی خۆم دەگەڕێتەوە. جا بۆیە شاردوومەتەوە و تا ئێستا کەس پیرۆزبایی لێنەکردوو و بەو بۆنەیەوە کە لێرە دامناوە. جا خۆش لەوەدا بوو ئەمشەو دۆستێکی بەڕێزم کە ئەویش لە فینلاند نیشتەجێیە نامەی پیرۆزبایی بۆ ناردم، کەمیک پێکەنیم و کەمێکیش غەم دایگرتم. ئاوا وەڵامی ئەو بەڕێزەم دایەوە:
زۆر سوپاس کاک عەلی گیان، ئەوە تۆ یەکەم کەسیت لە ژیانمدا کە پیرۆزباییم بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونمەوە لێ دەکەیت.. چوونکە ئێمە نەوەی کۆن بەداخەوە نازانیین لە چ رۆژ و چ مانگێکدا لەدایک بووین، ئەوەی لە فەیسبووکدا تەخمین و قەبڵاندنی خودی خۆمە گوایە لە ساڵی لافاوەکەی ١٩٥٧ ی سلەیمانی مناڵێکی قنجەنشین بووم، بۆیە ئەو ڕۆژ و ئەو مانگە دروست و ڕاست نییە. من و زۆر لە هاوتەمەنانیم لە پێناس کە پێیان دەوت تەسکەرە ڕۆژی ١ی ٧ نووسراوە لەگەڵ ساڵەکە.. ئیتر خێری باوکم نەنووسێت کۆلکە خوێنەواری هەبووە، کەچی ڕۆژ و مانگ و ساڵی لەدایکبوونیان نەنووسیوم بە دروستی...
٧ ی ٤ ڕۆژی لەدایکبوونە درۆینەکەمە، خۆزگەم بەوانەی وەک من نیین.

غەدر لە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات دەکرێت؟!
٢٠١٤.٤.٤

لەم هەڵبژاردنەشدا زۆر لە ڕەوەندی کوردی بێبەش دەکرێن لە بەشداری پرۆسەی دەنگدان. چوونکە لە خاڵێکدا باس لەوە دەکەن کە دەنگدەر پێویستە دوو پێناسی وڵاتی نیشتەجێبوون و پێناسی نیشتمانی یەکەمی پێبێت و نیشان بدات. پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ یەک پێناس نییە؟ ژمارەیەکی زۆر لە نەوەی کۆن کە بەر لە ١٠ ساڵ هاتوونەتە دەرەوەی وڵات بە ناو و پەساپۆرتی خەڵکانی ترەوە لەم وڵاتانە ناویان تۆمار کراون و ناوەکانیان نەگەڕێناونەتەوە سەر ئەسڵییەکانیان بۆیە دوو ناوی دەبێتە مەحرووم کردنی کەسەکە کە وەک یەک نیین.. دیارە لە هەڵبژاردنی پێشوودا هەر لە سووید تەنها بەڵگەنامەی ئەسڵی عێراقی پێویس بوو. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ کوردانی وڵاتانی دەوروبەری سوویدی وەک فینلاند و نەرویج کە دەچنە ئەوێ بۆ دەنگدان.
--------
تەواوی زانیارییەکان لە ماڵپەڕی تەلەفیزیۆنی کەی ئێن ئێن دەبینرێت.
دواتر لە ماڵپەڕی سبەیشدا ڕێنمایی تر بڵاوکرانەوە.
ناونیشانی بنکەکانی دەنگدان لە سووید.

لە مەرگی پەخشان حەمەغەریبدا
٢٠١٤.٤.٤

ساڵێک تێپەڕی سێبەر و دیمەنت هێشتا کاڵ نەبۆتەوە، بەڕاستی خۆت بەرەوپیری کارێک چووی هاتنەوەی نەبوو، خۆشخەیاڵ بەوەی لە پێناو ژیانێکی تەندروست تردا وا دەکەیت، خێری ئەوانە نەنووسێت ئیتر بەهەر هۆیەکەوە بوو لە پێناو هەرچییەکدا بوو بێت ئاسانکارییان بۆ ئەو چارەنووسە بۆ کردی. لەو بڕوایەدام هەتا هەتایە بە ئازاری ویژدانەوە دەتلێنەوە.
لە نێوان مەرگ و ژیان بێگومان دووهەم باشترە گەر هاتوو بەسەقەتی و کەم ئەندامێتیش بوایە.. داخ و ئەسەفەکە لەوەدا بوو کە یەخەی خەستەخانە و پزیشکیان لەسەر ئەو تاوانی کوشتنە نەگرت.. دوا داخ ئەو گلکۆیەت بوو کە دەبوایە زۆر لەوە جوانتر و ڕێکوپێک تر و ڕازاوە تر بوایە. هەرچۆن بێت مەرگی تۆ گۆڕانێکی لە خێزانەکەتدا هێنایە کایەوە، بەپلەی یەکەم هاوژینەکەت تاکتر و بێ نەوا تر کرد.
------
پەخشان حەمەغەریب، نەخۆشییەکی هەبوو کە دەگمەن بوو، گەر هەر نەشتەرگەرییەکی بۆ بکرایە دەیکوشت، سەرەتا ویستی لەلای دکتۆری دنیمارکی بیکات بەڵام پەشیمان کرایەوە هاوکات زۆر گرانیش بوو، دواتر برایەکی کە لە بواری خەستەخانە و پزیشکی کار دەکات لە خەستەخانەی حکومی دەبری کرد، ڕاستە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام دوای ئەوە لە خەستەخانە بە مردوویی سەرلەبەیانی کات: ١٢:٣٠ ڕۆژی ٥ی ٤ ی ٢٠١٣ هێنایانە دەرەوە، نەخۆشییەکەی پێی دەوترا بەهجەت. ئەم خانمە زۆر بە منداڵی شووی کرد بە وەستا یاسینی کوڕی پوری لە لادیییەکی ناحییەی قەرەداخەوە هێنایان، لەماوەی ژیاندا دوو کووڕ و ٣ کچی بووە، هەموو گەورە و تەنها دانەیەکیان نەبێت ئەوانی تریان لە دەرەوەی وڵات دەژین.

بە شوور و شەوقەوە دەنگ دەدەین
٢٠١٤.٤.٤

دۆستانێک باش و ئازیز دەبینرێت کە دەنووسن: خوا بم گرێ کە ئەمجارە دەنگیان پێ بدەن، یان وێنەی ئاودەست و سندوقی دەنگدان بەیەکتر دەشوبهێنن یان وەک بەشدارانی بە دروەزەکەر دادەنێن و زۆر قسە و کۆمینتی کۆمیدی و تاڵی تر..
لەگەڵ بەشی زۆری ئەو دیدانەم و ناهەقیان ناگرم کەوا ڕەشبینن، بەڵام ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی لەبەرانبەر دۆخێکی پڕ قەیرانی هەرێمی کوردستان پێویست دەکات دوورتر بڕوانرێت، خەڵک لەوە زیاتر بێ ئومێد تر نەکرێت، بەپێچەوانەوە نەک دەبێت بچین بۆ دەنگدان بەڵکوو خەڵکیش هانبدرێت بۆ ئەوەی بە لێشاو بەرەو سندوقەکانی دەنگ بچن. چوونکە هەوڵدان بۆ تەشقەڵە پێکردنی پرۆسەکە و بەشداربووانی جۆرەکە لە هاندان بۆ بایکۆت کردن کە ئەلتەرناتیڤێکی باش نییە.
بەڵام چۆن دەگدانێک؟ دەنگدان بە کێ و بە چ هێزێک؟ وا باشترە دەنگ نەدرێت بەوانەی کە دروستکەری دۆخە نەخوازراو و خاوەن قەیرانەکانن، هەر داناساکێن بە ئێستاشەوە بەردەوامن لەسەر لاساری هەمەجۆریان.. نایانەوێت کۆمەڵگا بچێتە سەر سکەی خۆی.. کۆمەڵگاکەمان لەوەی ئێستا باشتر و دامەزاروتر بێت..
شاراوە نییە و وەک ڕۆژی ڕووناک ڕۆشن و دیارە کە هێزگەلێک هەیە کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو داخوازییە و دەیانەوێت لەو قەیرانە داسەپاوانە دەرباز بن، مێژوویان وەک هێزە تەقلیدییەکان غەرقبووی ناشرینی نیین، کەواتە با گەر بۆ تاقی کردنەوەیش بێت دەنگیان پێ بدرێت، ئەزموونی حوکمی ئەوانیش ببینرێت، بێ ئەوەی زیان بکەن، بۆ خۆی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان، دەنگدانە بەداهاتووییەکی گەشتر، هاوکات ئاوردانەوەیەکی توڕانەیە بە مێژوو کارکردی ئەوانی پێشوو، بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت..
-----
هەمان تێکست بەکەمیک دەستکارییەوە لە ماڵپەڕی سبەی دا