خەمی ڕۆژانە، تشرینی دووهەم ٢٠١٤


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ١١ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی
بيستم

كوردێكى ژیری خەڵكى شارى كەركووک وتى: گەر داعش نەبوايه ئامادەبووين بچین بۆ شەر نەک له شارۆچکەى كۆبانى بەڵكوو له هەر كوردستانێكى تر.

ئەو کەرێتییە ڕابگرن!!

ئەوەی لەم هەواڵەدا هاتووە عەبەسیەت و گێلێتی و کەرێتییەکی گەورەیە، چوونکە خوارووی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی گەورە بۆتەوە، ئەوەی بەشێک لە خەڵکی ئەو دوو شارە ئیتر بەهەر بیانوویەکەوە بێت لە بەرامبەر یەکتردا دەینوێنن، هیچ مانایەکی نییە؟ بۆیە بووینەتە مایەی تانە و تەشەری کوردی پارچەکانی تر..


هەژاری نەعلەتێکە بنبڕکردنی ئاسان نییە
٢٠١٤.١١.٢٨

نامەیەکی جوانی پڕ هەست و سۆزی بڕای شەهید فەرهاد فەرج هاوڕێی لەمێژینەم کە بەداخەوە لەبەر ماڵەکەی خۆیدا تووی مەلیک ژمارەیەک لە داعشییە کوردەکانی ئەو سەردەمە نامەردانە شەهیدیان کرد.. ئەو لەبەر ئەوەی مناڵی خەڵکی هەژار بوو وەک زۆر شەهیدی تر، ناوی بزر و ونە.. ئای هەژاری چەند بێرەحمی.. چەند ڕقم لێتە...

ئەمەریکا ئێرانی لەگەرمیان کردووە بە کەلەگا!
٢٠١٤.١١.٢٥

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتوویەتی قاسم سلیمانی کوردستانی پاراست.
دوێنێ ئێوارە لەدەنگی ئەمەریکاوە مەحموود سەنگاوی دەیووت: کێ پێویستی بە ئەمەریکا نییە؟ بەڵام منیش دەڵێم خەتا لەو ئەمەریکایەوەیە کە کورد وەک فریادڕەس سەیری دەکات، ئێرانی لەو ناوە بەتایبەتی لە گەرمیان کردۆتە ئەو لایەنەی گونی گوندار دەربهێنێت و بڕیاردەر بێت. لە شەڕی گرتنەوە جەلەولا و شارەبان(سەعدییە) یەک فرۆکەی جەنگی هەڵنەساندووە و قەسفی هێزەکانی داعشیان نەکردووە.

هەرچی فینلاندی وتی ئۆکەی نییە!
٢٠١٤.١١.٢٥

پێم وایە ئەو زانیاریانە کەم و کورتە، کوردستانی سووریا گولەیەکیان نەناوە بە ڕژێمی داگیرکەری سووریاوە ناویان هاتووە بەڵام کوردستانی خواروو کە ڕووبارێک خوێنی لە دژایەتی کردنی داگیرکەری عەرەبی داوە، زیاتر لە ٢٠ ساڵە حوکمی خۆی دەکات، بۆتە ژمارەیەکی حساب بۆ کراو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەچی ناوی بزرە!! پێم وایە زانیاری وا هەر پیشانی فینلاندیان نەدرێت باشترە.. دیارە ئەوەی تێکستەکەی نووسیوە کەسێکی بێئاگا لە دۆخی کوردەکان بەگشتییە، هەموو شتێک کە فینلاندییەکان دەیڵێن و دەینووسن بڵێن ئامین..

هزرێکی مەترسیداری جیهانداگر!!
٢٠١٤.١١.١٦

زۆرن ئەو کوردانەی کەسێکی وەک سەلاحەدین ئەیوبی بەکورد دەزانن، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە، دیاردەی مۆرلێدانی کورد بوونی فڵان و فیسار کەسایەتی و تەنانەت فڵان شوێنیش سەریهەڵداوە، ئەمە وەک هەستانەوەی نەتەوەیی بەئەژمار دێت.
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆزینەوەی کیشوەری ئەمەریکاوە وتوویەتی گوایە پێش ڕۆژئاواییەکان موسڵمانان چوون و دۆزیویانەتەوە، درۆ بەدەم کۆڵمبسەوە دەکات کە مزگەوتی بینیوە.. ئەوەی ئۆردوگان دەیڵێت و لە پلەیەکی بەرزی دەوڵەتیدا، جۆرێک لەسادەلەوحی دەردەخات و پێدەچێت بەتاڵ بێت لە مەعریفە... بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە دەچێتە خانەی هەستانەوەی هزری ئایین، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریا خەلافەتێکی ئیسلامی سەریهەڵداوە و تووندوتیژییەکی سەرسووڕهێنەریان خولقاندووە، هەموو دنیایان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. ئەوانە بەو خەریکی هەستانەوەی ئایینین، کەسێکی وەک ئۆردگانیش لەپلەوپایەیەکی بەرزدا بە گومان دروست کردن لەسەر هەموو دۆزینەوەیەکی ڕۆژئاوایییەکان خەریکە.. هەر وەک چۆن گومانیان لەسەر جینوسایدکردنی جووڵەکە دروست کردووە، هۆلۆکۆس بە درۆ دەزانن.
ئەم شەڕانە دەچێتە خانەی ململانێ و کێبڕکێی ئاینی و ئایینی هەروەها کێبڕکێی نێوان ئاینی و نەتەوەیی و سکۆلاریزم..
---------
تەواوی هەواڵەکە لە ماڵپەڕی سبەیدایە

مەهزەلەی مەزبەلەیە ئەم دنیایە!!!
٢٠١٤.١١.١٥

ئەم کوردی کوردستانی خوارووە چاک بوون بە کوێخای کوردەکانی تر و لە ورد و درشتی کێشەکانیان دەستوەردەدەن، حکومەتەکەی مەسغود و نێچێر و قوباد و وەزیری پێشمەرگە، سەرباز ناسراو بە پێشمەرگە دەنێرێت بۆ کوردستانی سووریا (پارچە و بەشی دوو)، ئەم مەلا بەڕێزەیش ڕەخنە لە بڕیارێک دەگرێت کە حیزبێکی ئەو کوردستانە لە بەرژەوەندی ژن دەری کردووە، نە ئەم لوت ژەنینەی ئەو مەلایە، نە ئەو بڕیارە مناڵانە و غەشیمانەیەی ئەو حیزبەیش... مەهزلەیەی مەزبەلەیە ئەم دنیایە...
لە پەراوێزی ئەو تێکستەدا
ئەو حیزب و گرووپە جاهلەی کوردستانی سووریا (پارچە و بەشی دوو) بە دەرکردنی بڕیارێکی لەو چەشنە کە لەمەبدەئدا خراپ نییە، بەڵام لە کەی و چ ساتێکدا ئەوە ڕێک وەک ئەو بەشە لە تەجرووبەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی خواروو وایە کە گرووپی چەپە ڕادیکالەکان دروشمی حکومەتی کرێکاری و ٣٥ کاتژمێر کار لە هەفتەیان لەو فەوزایەدا بەرز کردبووە..
من بۆ خۆم لەو سەردەمەدا یەکێک بووم لە لایەنگران و چالاکی ئەو تەوژمە مناڵانەیە، بەڵام سەرئەنجام بینیمان کە چیمان بەسەر هات و چی ڕوویدا.. هاهاهاها جا مێژوو دووبارە دەبێتەوە ئەما بە کەرێتی، بەڵام لە شوێنێکی تری دنیا...

ئایین موقناتیسە
٢٠١١٤.١١.١٤

ئايين كاريگەرى هێنده لەناو خەڵكى ڕەشۆكى بەرز و گەورەيه، وەک دۆخى ئێستاى كوردەكان (گێچەڵیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش) لێهاتووه، کە بۆتە هۆی ئاوارەبوون و شەڕ و کوشت و کوشتاری باوەڕدارانی ئایینی ئیسلام، لەم دەرگا دەريان دەكات، کەچی لەو دەرگاوه و لە شوێنێکی ترەوە دووبارە خۆىانی پێدا دەکەنەوە، وەک موقناتیس گرتوونی.. پارادۆکسێکی کۆمیدییە.

هەر بژی کورد و عەرەب ڕەمزی نزال!
٢٠١٤.١١.٩

ژنە پەرلەمانتارێکی کورد وتوویەتی: ئێمە پێشوازی لە هاوڕێ عەرەبەکانمان دەکەین. بۆیە ناڵێم براکانمان، چوونکە ئەوان هەرگیز لە تەنگانە و ناخۆشییەکانماندا بەتەنگمانەوە و لەگەڵماندا نەبوون.
-------
لە وتاری نووسەری عەرەبی عەگال بەسەر محەمەد ئەلرمحی لە ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت/ ڕۆژی هەینی ٢٠١٤.١١.٨ بڵاوبۆتەوە، وەرمگێڕاوە.
بەشی زۆری پیاوان هزری پیاوانە هێندە لایان تۆخە مزمەعیلی کردوون وێڕای بەغالەتیان، تەنانەت نزیکترین کەسی خۆی نابینێت گەر هاتوو ژن و خوشک و دایک و کچیشی بێت نابینن، چوونکە لەوە دەترسێت ئەو لە کار و ژیان سەرکەوتووتر دەربچێت .. ئەو هەموو کێشانەی کە لە ئەورووپا لە نێوان خێزانەکاندا ڕوو دەدەن هۆکاری ئەوەیە ژنان کۆت و بەندی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی موتوربەکراو بە ئایین و هزری عەشایەری فڕی دەدەن و دەرگای رەحمەتیان لەسەر دەکرێتەوە. جا پارادۆکسەکە لەوەدایە ڕەگەزی نێر زیاتر لە کوردستانی خواروو ڕادەکەن!

ڕۆژی کۆبانی و هاڵۆوین دایان بەیەکدا؟!
٢٠١٤.١١.٤

کوردەکان چوونکە هەمیشە لەپەراویزدا بوون، دوای ئەوەی لە عێراق جۆرێک لە ئازادیان بەدەست هێنا. ئیتر بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان و زۆر کەیفیان بەوە دێت ناوی زل و قەبە لە دێی وێرانی خۆیان بنێن، لە زۆر بواردا فوو بکەنە خۆیان، گەورە خۆیان پیشان بدەن، لەکاتێکدا نازانن کە لە دنیادا گەورە و گەورە تر هەیە.
نموونە فرۆکەخانەکانی ئەو هەرێمەیان ناو ناوە نێودەوڵەتی سلەیمانی و هەولێر و ماوەیەکی تر دهۆکی و کەلاریشی دێتە سەر، بەڵام ئەو فرۆکەخانانە هەر وەک فرۆکەخانەی شارێکی لاچەپەکی یەکێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان وان.
لە سیاسەتیشدا باشترین و نوێترین نموونە ڕۆژی بە جیهانی کردنی کۆبانی بوو. کە هەر لە هەڵبژاردنی ڕۆژەکەیەوە سەقەت بوو تا....تر.  ڕۆژی١ی ١١ بەر بۆنەی هاڵۆوین کەوت کە زووربەی خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ماڵن لەسەر قەبرانن چوونکە ڕۆژی ماتەم و سەردانی قوربانیان و شەهیدان و مردوانە، کەچی کوردەکان شەقام و مەیدانەکانیان پڕ کرد بوو لە قیژە شیرەیان لەو بێدەنگییەدا دەگەیشتە عەرشی عەزیم.
بە حساب جیهانییە و خەڵکی ئەو وڵاتانە هەموو بەتەک کوردەکان کەوتوون، بەڵام هەموو چ لە میدیای کۆمەڵایەتی چ لەمیدیای خۆماڵی و تەنانە جیهانیش بینرا کە غەیری خۆ نمایش کردنی خودی کوردەکان زیاتر هیچی تر نەبوو، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک فینلاند هیچ میدیایەکی فەرمی ڕووداوەکەیان نەکرد بەهەواڵ.
بەڵام خوا هەڵناگرێت ڕۆژی حیزبایەتی پارتە گەورە بێ مۆراڵەکان بوون، ئەوانەی هزری تۆتیاتالیاریان هێندە بەرزە کە مزمەعیلی کردوون، هیچ ڕێزێک بۆ ئیحساسی خەڵکی دی دانانێن، هەردەم وێنەی حیزب و سەرکردەکانیان کردووە بە قورئان پیشانی خەڵکی دەدەن، کەچی دژی داعشیشن و دەڵێن داعش وا دڕند و هۆڤییە و داوای یەک ڕەنگیمان لێدەکات. بەم کارە پەیتا پەیتایانەی ئەو حیزبانە بۆمان دەردەکەوێت ئەو شەڕەی کە دەگوزەرێت شەڕی ژمارەیەک هۆڤییە لەناو خۆیاندا کەوتوونەتە گیانی یەکتر.
‌-------
هەمان تێکست لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا بڵاوکراوەتەوە