خەمی ڕۆژانە، کانوونی دووهەم ٢٠١٥



کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ١ی  ٢٠١٥دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی.



ناسیۆنالیزم کوردی کوردستانی خواروو بێفەلسەفەیە!

٢٠١٥.١.٢٩
سەرۆکوەزیرانی تورکیا: هەموو بیر و کێڵەگە نەوتییەکانی کەنداوی عەرەبی/فارسی ناگۆڕینەوە بە ئەستەمبووڵ.
کوردی خۆمان دەمێکە لە ئەدەبیاتیدا قسەی وای کردووە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە، ئەو فەلسەفەیە کاڵ بووە.. ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی بۆ ڕزگار نەکرا، سپاردی بە توونی بابای یاسای و ڕێسا و دەستوور، کەچی لەدوای هاتنی داعشەوە بایداوەتەوە بۆ بەردێکی قورس تر، خۆی بەجۆرێکی تر دەخەڵەتێنێت، هزری پانکوردوستانیزم کۆنترۆڵی کردووە، لەشکر دەنێرێت بۆ شارێکی دوورە دەستی کوردنشینی وەک کۆبانی ناسراو بە عەین عەرەب لە وڵاتێکی تر... ئاخر کوردە ترەی هەرێمی کوردستان تۆ بوویت بە چی و چیت؟ ئەمەریکایت؟ یان فەرنسایت یان...؟ تا بەفریای کوردی پارچەکانی تر بکەویت؟ بۆشیان ڕزگار نەکرا وەک سەرچاوە ئەمەریکییەکان دەڵێن تا داعش بەحوسن و ڕەزی خۆی لە ناوچەکە پاشەکشە و چۆڵیان کردووە...کەچی شایولۆغانی ڕزگارکردنی بۆ دەگێرن!


بەرەکانی شەڕی لەبری زۆرە!
٢٠١٥.١.٢٤
ئەم چەند دێڕە بەبۆنەی مەرگی نووسەرێکی کوردی ئاینزای شیعەوە نووسراوە کە ماوەیەک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد:
 بەداخەوە بۆ مەرگی ئەو مرۆڤە، بەڵام بەپێی زانیاری ئەو شیعە بوو، جا نووسین یان وەرگێرانی کتێبێکی وا بۆ کەسێکی سەر بەو گرووپە ئایینییە ئاساییە، بەپێچەوانەوە گەر سوونییەک بینووسیایە و ئامادەی بکردایە ئەوا لەوانەبوو بووترێت ئێ بەڵێ بێغەرەسە و بێغەلوغەشە... عادەتە گروپە ناکۆکەکان هەمیشە لە هەوڵی ئیبرازکردنی هەر شتێک بن کە ببێتە هۆی ناشیرین کردن بەرامەرەکەیان. 
 ئەو جۆرە نووسەرانە لە ژێر کاریگەر و خڵتەی ململانێیەکی خوێناوی و درێژخایەن لەنێوان ئەو دوو ئاینزایە بە ئێستاسەوە ناتوانن دەربچن، هاوکات دنەی دەوڵەتێکی وەک ئێران کە نوێنەرایەتی ئەو ئاینزایە دەکات، ئەو جۆرە کارانە ئەنجام بدرێت، بۆیە دەبێت حسابی لایەنگری بۆ بکرێت و بەگومانەوە وەربگیرێت...چوونکە باگراوەند و پشتیی نووسەران و دافعەکان نابێت فەرامۆس بکرێت..
 دەمێکە بۆ من و زۆری تر جێی پرسیارە پارتێکی سیاسی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەرگری زۆر لەو کەسانە دەکات کە وەک کارەکتەری ئەنتی ئیسلامی سیاسی (تایبەت بە ئەلقائیدە و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و ئەناسر ئەلئیسلام و داعش و...وەهابییەت) دەرکەوتوون و ناسراون، پرسیار ئەوەیە ئایا ئیسلامی سیاسی و تووندڕەوی بۆ تەنها سوونەکانە؟ ئەی شیعەکان چی؟ ئاشکرایە بە دنەی ئێرانە و بۆ ئەو کارەکتەرە بەهێزانەی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە سەر بەئاینزای شیعەن دەگەڕێتەوە، ئەو خاڵەیش شاراوە نییە کە خودی ئەو حیزبە هەر لە دروستبوونییەوە دەوڵەتێکی وەک سووریا و دواتر ئێران پشتوپەنای بووە، بۆیە ئەو شەڕە شاراوە قێزەونە لە بری دەکرێت. قابیلی پشتیوانی نییە و ناپیرۆزە.
- : لە ڕێگای ئەوەوە من پشتی فڵان جووڵەی یەکێتیم باس کردووە(پارتی بۆ وا ناکات؟) هەر بۆیە ناویم نەهێناوە... بۆ خۆت دەزانی بە خۆشەمەوە کە وەختی خۆی دژی تووندڕەوی حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی بووین، یەکێتی هەوڵی تیرۆرکردمانی ئاشکرا کرد، دواتر بووە هۆی هاتنم بۆ دەرەوە، دوای منیش چەند کەسی تر کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەنتی ئیسلامی سیاسی بوون هەڕەشەی تیرۆریان لەسەر دروست ببوو، خودی یەکێتی لەسەر مەسرەفی خۆیان ڕەوانەی دەرەوەی کردوون... ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵەی نێوان یەکێتی و ئێران ئۆتۆماتیک هەیمەنەی لایەنی بەهێز کە ئێرانە کۆنترۆڵی لایەنی بێهێز کە یەکێتییە کردووە، هەر بۆ بیر هێنانەوە ئێران پشتیوانی هەموو هێزە ئیسلامییە سوونییەکان دەکرد و دەکات، وەختی خۆی بزووتنەوە و کۆمەڵی ئیسلامی نموونەیەکی لۆکاڵی خۆمانن و دەستیان ئاشکرا بوو، ئاخر حیکمەت لەوەدا چییە کە حکومەتێکی سرفەن شیعی پشتیوانی لە گرووپەکانی سوونە بکات؟ 
شیعەکان لەبەر ئەوەی هەردەم لە دەرەوەی دەسەڵات بوون ڕەگێکی یەکسانیخوازییان تێدا بووە، وەک کورد وابوون، هاوسۆزبوون لەگەل زوڵم لێکراواندا، هاوکات بە ئێستاشەوە پۆپۆلیستن، دیقەت بدەرە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە ٣٠ ساڵە حوکم دەکات. کام حوکمی ئیسلامی هێندە ماوەتەوە؟ ئەوە بۆ ئەو خەڵکگەرایی(پۆپۆلیزم)ەکەی دەگەڕێتەوە.
ئەم تێکستە لە ماڵپەڕی گۆڤاری شار بڵاوکراوەتەوە.


بێ سقەیی و نەمانی متمانە کە لە ناو هەریەکەماندا هەیە وای لەم گەنجە کردووە ئەم بیرۆکەیە دابهێنێت.. بیرۆکەکە سادە بەڵام پڕ لە ئستاتیکایە، وەک ئەو جوانییە وایە کە لە گۆرانی هەپیی گۆرانیبێژ Pharrell Williams دا هەیە، هەموو یەک گۆرانی دەڵێن سەمای لەگەڵدا دەکەن و دڵیان خۆشە...کات و ساتی بۆ نییە و لەهەموو کوچەو کۆڵان و شەقامێک و ...دایە. جا بۆ پاکبوونەوە لە بوغز و کینە و دردۆنگی ئەم جۆرە کارانە پێویستە، ئەمەیش لینکی گۆرانی هەپی کە وەک ڕووبار بەردەوام دەڕژێتە ناو دەریاوە و کۆتایی نایەت:
حیزبەکەی ئۆجەلان لەسەر حسابی کوردستانی خواروو بەرتیل بە تورکیا دەدات!
٢٠١٥.١.١٧
هێزی مرۆیی کوردستانی خواروو، بەهۆی سیاسەتی پارتی و یەکێتییەوە پارەپارە بووە، هەستی یەکگرتوویی وەک پارچەیەکی سەربەخۆ و تەبا کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە خەریکی دەوڵەتدارییە، کەچی ئیعتماد بە خۆکردن فرە لاوازە، بۆیە نەک دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتانی تری جیهان بەڵکوو برا کوردەکانی تریش تەراتێنیانە، هەر یەکە لەسەر بەزم و بەڕژەوەندییەکی تایبەتی خۆیان کار دەکەن، بۆیە ئاساییە گرووپێک بێ حساب بۆ بەرژەوەندی هاوبەش و یەکگرتووی وڵاتەکە بەلایەکدا بڕوات. نموونە ئیزیدییەکان ماوەیەک لەمەوبەر دوای کارەساتی شەنگاڵ موفاجەئەیان خولقاند، زۆر ڕوو هەڵماراوانە وتیان ئێمە جیاین و عەرەبین و کورد نیین، کەچی پارتەکەی عەبدولڵا ئۆجەلانی کوردستانی باکوور(تورکیا) کانتۆنیان بۆ ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا حکومەتی تورکی کە گوایە ناحەزی یەکگرتوویی و سەربەخۆیی کوردستانی خوارووە، ئەلتەرناتیڤی وای پێشنیار نەکردووە.. بەڵام پێدەچێت ئەم کارە بەرتیل بێت بۆ حکومەتی تورکی بەخاتری خێرا بەردانی سەرۆکی حیزبەکەیان، چوونکە ئەو حیزبە سیاسەتیان وایە هەموو کوردی پارچەکانی تر دەکەن بەقوربانی بەرژەوەندی خۆیان، بۆیە لە هەر کوردستانێک وەک حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی حیزبۆکەکەیەکی قوت کردۆتەوە.
سیاسەتی هەر تاکێکی کوردی وەفادار و ناسیۆنالیست لە کوردستانی خواروو دەبێت ئەوە بێت : خراپترین تاک و حیزبی کوردستانی خواروو، لە هەر کەسێکی تر بەڕێزتر و لەپێشترە..
ناسیۆنالستانی کوردستانی خواروو لەبەرانبەر هەر پەرتکردنێکدا دەوەستنەوە.. ئەو تەرحەی پێ کە کە لوت ژەندنێکی بێ مانایە، قابیلی قبووڵ نییە، زەرەر دەکەن و ئەو تۆزە سۆزەی کە لەلایەن بەشێک لە خەڵکی کوردستانی خۆمانەوە هەیانە لە دەستی دەدەن. ئەوانە فۆکس بخەنە سەر کوردستانەکەی خۆیان کەس لە گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت.

٢٠١٥.١.١٦
زۆرن ئەو کەسانەی لە ڕووداوێکی وەک ئەوەی لە پاریس قەوما بیری عەجیب و غەریبی بۆ دێت، ١٢٠ پلە گێڕ دەگۆڕن، بەمەرجێک خاوەن ئەو دیدانە خۆیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بەفینلاندیشەوە دادەنیشن، بەردەوام بۆڵەبۆڵیانە و گازندەی لە فشارەکانی ڕەگەزپەرستانیان دەکەن و لێ بەرزدەبێتەوە، گوایە ئەو هێرشەی کرایە سەر گۆڤاری شارلی ئابیدۆ بەرئەنجامی کاری گەنی خودی ئەورووپییەکانە، پەرەپێدەری ئیدەی فرەکلتوورین، کە بە پایەیەکی سیستەمی دیموکراتی دادەنرێت. 
ڕەخنەگران پێیان وایە بەهۆی ئەو کراوەییەیانەوە زەفەریان پێبراوە، نەک دەستوەشانی ١١ی سپتەمبەری ئەمەریکا و ئەمەی لە پاریس ڕوویدا بەڵکوو دەبێت چاوەڕوانی لەوە خراپتریش بن و بکەن. 
ڕەخنەگران کە شین و فیغانیانە بۆ ئەورووپا و سیسەمە دیموکراتییەکانیان، گوایە لە خەمخۆری بوونیانەوەیە، بەڵام بە ڕوویەکی تر ئەم ڕەخنەگرانە ئەلتەرناتیڤی لەوەی ئێستا پێشنیار ناکەن، کەواتە بەرگرییەکەیان پێچەوانەوە دەکەوێتەوە، بەوەی جۆرێکە لە ڕێنمایی و ڕاوێژکردن بۆ داخران و گەڕانەوە بۆ سیستەمی دیکتاتۆری و وازهێنان لە دیموکراتی و فرە کەلتووری و پێکەوە ژیان. 
کەواتە ئەو جۆره دەربڕينانەی ئەو رەخنەگرانە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاو بەئاشى ليخى تەوژمی تووندڕەوی و داخران دەکەن، کە دەبێتە هۆی داخران و قورپیادانی ئەو دەرووە ڕووناکەی کە بۆتە پەناگەی ئازادیخوازە هەمەڕەنگەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفەریقا. بۆیە واباشترە ئەو رەخنەگرانە گارەگار نەکەن، پشتیوانی بیرۆکە پێکەوە ژیان و هەمەرەنگی بن وەک لە داخران و دیکتاتۆرییەت.

٢٠١٥.١.١٠
یاخێتییەکەی ئەلبرت کامۆ (١٩١٣- ١٩٦٠) میمڵی بۆ بوو، نەوەی ئەو عەرەبانەی ئەو لە جەزائیر بەرگری لێدەکردن نێرەکەرانە نەک نمەک بەحەرام دەرچوون بەڵکوو لە کۆتاییدا لووتی هاوڕێبازانی کامۆیان شاکاند.. جا ئەمە ئەوەیە دەڵێن زاڵم زەواڵی بۆ دەبێت، گڕ لە گڕ بەردەبێت.. بەڵام کەی و دوای چەند ساڵ، قەرز کۆن دەبێت بەڵام نافەوتێت...
ئەو ڕووداوە ناخۆشەی فەرەنسا سەرلەبەری دۆخی وڵاتانی ئەورووپا دەگۆڕێت کە وەک شوێنی ئامین وا بووە. 

٢٠١٥.١.٥
بارکردنی بەرپرسە حکومەییەکان بەجێبەجێ کردنی فڵان داوای هزری زەمانی حکومەتی سۆسیالیستییە و کۆنی سەردەمی بەعسەمان بیردەخاتەوە، بۆ نموونە لەدوای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای سلەیمانی دەنگێک بەرز دەبێتەوە کە گەر فڵان و فیسار کار نەکات با چاەڕوانی شتی خراپ بێت لە خەڵکی شارەکەوە...بەڵام ئەمە وێڕای ئەوەی جۆرێکە لەهاندان بۆ تووندوتیژی هاوکات هەڵەیەکی گەورەشە ئەی ئەوە نییە فاروقی مەلا مستەفا خەریکی کارێکە ئەویش ڕاکێشانی هێڵی شەمەنەفەری نێوان کەرکوک سلەیمانییە کە لە ٦٠ەکانەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی عەرەبی سونە و شیعە دەیان وت دەیهێنین، نەیانهێنا بووە بە پەند و دەستەوازە کە کارێک ئەنجام نەدرێت و زۆر دوا بکەوێت دەڵین ئەڵێی شەمەنەفەرەکەی سلەیمانییە هەر نەگەیشت. کەواتە ئەو جۆرە کارانە هی حکومەت نییە، کاری کومپانیاکانە، جا داواییەکی وا بۆ خۆی گەورەکردنی حکومەتە تا وەک کۆن گونی گوندار دەربهێنێت و یاری بە موقەدەراتی خەڵکییەوە بکات... حکومەت مانای ئەوە نییە دەستی لە هەموو کونوکەلەبەرێکدا هەبێت.

٢٠١٥.١.٤ 
هیوا جەمال زوو زوو زەغتەکەی بەرز دەکەنەوە، ئەویش بەهۆی پرسیارە موحریجەکانیەوەیەتی، بەو هۆیەوە هەموو لێی دەترسێن، جا ئەوانەی دەبنە میوانی هەوڵ ئەدەن کونوکەلەبەرەکانی ئاشکرا بکەن. لەوانە پەرلەمانتارێکی بزێوی بزووتنەوەی گۆران لەبەرنامەیەکدا باسی لە بەرزی موچەی هیوا جەمال کردووە، بۆیە ناچار بووە ڕوونکردنەوە بدات، کە مووچەکەی ٣ هەزار دۆلارە.. کێشە نییە چەند وەردەگرێت بەڵام لە دوو شوێندا باس لە کەمی و نزمی مووچەی دەزگای میدیای ڕووداو دەکات، بەمەیش دەیەوێت بڵێت بابە ئەوەی لەناو خەڵکیدا باوە کە لە ڕووداو پارە ڕژاوە وا نییە. پرسیار ئەوەیە کێ شایەتمان بەدیار قسەیەکی وادا دەهێنێت؟ 
لەم لینکەدا تەواوی ڕوونکردنەوەی ناوبراو دەبینرێت

٢٠١٥.١.٣ 
داعش خوا و حاکم و پاشای عەرشی کەلاوە و وێرانەیە، ناونیشانێکی جوانە، وەختی خۆی حەمەسەعید حەسەن بە پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی ئەوسای دەووت پاشای عەرشی کەلاوەن، کەچی دنیا دەوران دەورانە، پاشماوەیەک بینمان لەسەر دەستی ئەو سیاسیانە ئاوەدانی کەوتەوە و حەمەسەعیدیش بوو بە دانیشتووی ئەو کەلاوە ئاوەدانە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق