خەمی ڕۆژانە، ئازار ٢٠١٥

عەباس شوانAbas Shiwan



کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٣ی  ٢٠١٥دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

وەحشەکان هەڵپژان بەیەکدا!
٢٠١٥.٣.٢٨

سەرئەنجام شانشینی عەرەبی سعودی پەتی تەحەموولی پچڕا بەوەی خەریکە ئەوەندەی تر بازنەی هیلالی شیعی تەسکتر دەبێتەوە.. ئەوەبوو لەسەر ستایلی ئەمەریکی پەلاماری ئاسمانی لەدژی حوسییەکانی یەمەن دەست پێکرد، ئەو حوسیانەی کە بەهەژارانی وڵاتەکە ناسراون و لەتاودا پەنایان بۆ شەیتانی ئێرانی بردووە، تا ئێستا بەرئەنجامی باشی هەبووە و بەشێکی زۆری یەمەنیان بەدەستەوەیە، بەڵام هەر کاریک بە پشتیوانی دەرەکی بێت، گەر مەسەلەکەشیان زۆر ڕەوا بێت بە سەرکەوتنی نیوداشت دادەنرێت.
لەم ڕووداوە و ئەوەی لە عێراق و سووریا دەگوزەرێت، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم شەڕانە هۆکاری ناوخۆیییە نەک دەرەکی، بەوەی، شەڕی تووندڕەوانی دەسەڵاتداری وڵاتەکانە بەڵام بە زەخیرەی خۆشباوەڕی خەڵک دەکرێت، مۆرکی پۆپۆلیزمی پێ دراوە. ئەمەیش چ ئێران چ سعودییە بەکاریدەهێنن.. ئیتر هەریەکەیان بەجۆرێک.. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم ڕووداوە سەرەتای شەڕی ڕاستەخۆی سەرە زلەکانی ناوچەکە نییە؟ پێدەچێت بێزار ببووبن لە شەرکردن و بەگژیەکترکردنی بەدیل و سێبەەرەکانی وەک داعش و حیزبوڵا.
ئایا تیویری پلانگێری و خولقاندنی ئەم شەڕ و کێشانە بە دنە و هاندانی وڵاتە گەورەکانی وەک ڕووس و ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا دەکرێت تا چەند ڕاستە؟.. ئایا ئەوە ئەوانن خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکردووە یان خودی حکومەت ناوچەییەکان و خەڵکەکەیەتی ئەمەریکا و ڕووس و یەکێتی ئەورووپایان بەشێوەیەک لە شێوەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە؟
-------
کاریکاتێرەکان هی کاریکاتێرستێکی عەرەبیە، کولاج و دەستکارییانم کردووە..مەبەست لێی رۆشنترکردنەوەی دیمەنی ڕووداوەکانە.

عەبدولڵا ئۆجەلان ڕاستگۆ تر بۆتەوە
٢٠١٥.٣.٢٢


دەبێژن عەبدولڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەی دوێنێدا باسی پێشمەرگەی نەکردووە.. ئەو قسانە زمارەیەک هەرزەی سیاسی نیگەران کردووە، بەڵام دەبێت بڵێن باشتر کە باسی پێشمەرگەی نەکردووە، هەقیقەتی خۆی و بەشێک لە کوردەکانی تورکیا دەردەخات کە ئیدەی کوردستانی گەورەی بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنا، ئێستا بەهۆی بوونی دانوسان و بەرقەراری ئارامی لەبەشێکی تورکیا دافعەکە نەماوە و کاڵبۆتەوە، بۆیە هەر پارچەیە خۆی دەبینێت و لەهەوڵی خۆدایە نەک ئەوان(کوردستانەکان)ی تر.. لە مێژووی سیاسی جیهاندا زۆر گروپ و کەسایەتی وا بینراوە هەبووە کە قۆناغێک جەربوون بە ئیدەیەکەوە دواتر پایدۆزیان لێکردووە... جا لەم نێوەدا تا زوو کوردەکانی تورکیا بەتەواوی ئاشت ببنەوە لەگەل حکومەتەکەیان لە قازانجی کوردی پارچەکانی تردایە. کێشەیەک بۆ ئەوان(کوردستانەکان)ی تر کەم دەبێتەوە...
- : جا چ ئیجاب دەکات ناوی کەسی تر بهێنێت، خەڵکی پارجەکانی تر گەر ژیر وو دانابن ناوی ئەوان و گەرێلاکان بە هیچ جۆرێک ناهێنن، ئیهماڵیان بکەن .. پانکوردستانیزم و عەرەبزم و تورکیزم هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت ئیفلاسی زیاتر هیچی تر بەدواوە نییە، دیوجامەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و خەڵەتێنەرە.
پەیامی نەورۆزی
٢٠١٥.٣.٢١

هاوڕێ و دۆستان خزم و کەسوکارە بەڕێزەکانم بەبۆنەی جەژنی نەوروز و هاتنی بەهار و ساڵی نوێی کوردی پیرۆزبایی گەرم لە یەکە بەیەکەتان دەکەم هیوام وایە ساڵێکی خۆش و شاد و بێکێشە بەسەر بەرن.. کوردستانی خۆمان بەقۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت زۆرن ئەو دەنگانەی کە دەیانەوێت بایکۆتی جەژنەکە بکەن، بەڵام بە ئاوردانەوەیەک لە مێژوو هاوکات موزایکی کۆمەڵگاکەمان هەمە رەنگە وامان پێدەڵێت کە جەژنی نەورۆز لە خۆشی و ناخۆشی سەردەمی داگیرکاری عەرەبەکان و دوای ڕاپەرینیش ئاگر کراوەتەوە، ئیتر لە ناو کۆمەڵگاکەشماندا لایەک شینە لایەکی تر کەیف و سەفا.. ژیان ڕاناوەسێت و بەری سەوزە.. دووبارە نەورۆزتان پیرۆزە بەلەشی ساغ و تەمەندرێژی و گەردن ئازادی بۆ هەموولایەک...

نەوشیروان مستەفا و سلەیمانی مەستەهەقن
٢٠١٥.٣.٢٠

نەوشیروان مستەفا پاڵێوراوی هەر بەهێزە... بە دیموکراسی تەوافقیش بێت دەبێت دووهەم پارتی کوردستانی خواروو کە بزووتنەوەی گۆڕانە ئەو پۆست و پلەیە ببات، تا ئێستا گریمان ئەوە ڕووینەدا کەواتە دەبێت کەسێک ببێتە سەرۆکی هەرێم لە خەڵکی گەورەشاری هەرێمی وەک سلەیمانیدا بێت...

کەی شەڕی نێوان کوردستانەکان دەست پێدەکات؟
٢٠١٥.٣.١٧

لەبارەی ئەوەی کام تەلەفیزیۆن چۆتە ئیسرائیل یان نەچووە کێشەیەکی گەورەی وا نییە، بەڵام زمارەیەک کوردی کوردستانی خواروو کە ماوەیەک کرێکاری کوردەکانی تورکیا بوون، پاش چەندەها ساڵ دوور کەوتنەوە لێیان، هێشتا دڵیان بۆیان لێدەدات، ڕقیان لە کوردستانەکەی خۆیانە بۆیە پێیان قەڵسە کە تەلەفیزیۆنێکی کوردی کوردستانی خواروو سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت. گوایە ئەوە میدیای حیزبی کوردەکانی تورکیا بووە نەک کوردەکانی خواروو کە یەکەمجار چوونەتە ئیسرائیل.. سەیر کردنی کورد بەیەک چاو تەلەیەکی زەبەلاحە زۆر خەڵکی بەهەڵەدا بردووە و .. کەی ئەو بەشە لە کوردی کوردستانی خواروو هۆشیان دێتەوە بەرخۆ؟
- : دەکرێت شەڕ ڕوو نەدات بەڵام هەر کوردستانە خەریکی کێشەکانی خۆی بێت ئیعتماد بکاتە سەر هێزی مرۆیی خۆی، بێ ئەوەی فڵانیان لە ژێر هەر ناوێکدا بێت فەزڵفرۆشی بەسەر ئەو تریان بکات، وەک ئەوەی ئێستا کوردەکانی تورکیا و سووریا دەیکەن خۆیان بەسەر کوردانی خواروودا بادەدەن.

٢٠١٥.٣.١٥

چەکی ڕووسی و ئەمەریکی و ئەورووپی مرۆڤخۆر.. گرنگ ئەوەیە دوای دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، کوردستانی خواروومان تووشی شێرپەنجەیەکی تری وا نەبێتەوە تا بنیاتنان و ئاوەداکردنەوە پەکی نەکەوێت و ڕانەگیرێت..
----
نووسینی سەر کارتۆنەکە بەندەی موخلیستان بۆ زیاد کردووە، ناوی کاریکاتێرستەکە دیار و ئاشکرایە..



٢٠١٥.٣.١١

مانگی ئادار(مالیسکو) لە دیرۆکی کوردی کوردستانی خواروو پڕ بۆنەی خۆش و ناخۆشە، لە ساڵانی ڕابردوو لەم فینلاندەدا بۆنەیەک یان دوانیان لە چەند شار تەنانەت یەک شار ساز کراوە و ڕێزی لێگیراوە.. بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گروپگروپێنە لەنێوان فیدراسیۆن و ڕەوەنددا کەهەردووکیان لە شاری هێلسنکیدا کار و چالاکیان هەیە، جەنگێکی مەغلوبە هەڵایساوە.. کەوتوونەتە پیلانگێران لەیەکتر، تەنانەت گەیشتۆتە سەنگەر گۆڕینەوە..
ئەی چار چییە؟ کورد هەمەرەنگ و هەمەچیزەیە، کەواتە بۆنەکانیشی لەدیدی جۆراجۆرەوە دەخوێنرێتەوە و کاری بۆ دەکرێت.. کۆچبەرە کوردەکانیش دابەشبووی خۆرهەڵات و باشوور بوون، ئەوانیش چەند جاری تر دابەشبوونەتەوە لەناوخۆیاندا بەسەر پارت و شار و شارۆچکە و.. تەنانەت عەشیرەتیشیەوە.. لەسەر ئەو بناغەیەوە کەواتە دیاردەیەکی نێگەتیف نییە گەر بۆ نموونە یادی هەڵەبجە و نەورۆز و کۆڕەو و ڕاپەڕین لە هێلسنکی و ڤانتا و ئێسپۆ لەیەک ڕۆژێک یان لە چەند ڕۆژێکی جیاوزادا ساز بکرێن، بۆ شارەکانی تر هەروەها.. گرنگ ئەوەیە یادەکە بەرز ڕابگیرێت، خەڵکی سەرقاڵ بن پێوەی، هەر گرووپە بۆ خۆی.. دیارە بۆ شارەکانی تریش هەروەها.. ئەمە بێ ئەوەی کەس ببێتە قارەمان و ئەوی تر هیچ لەبارەنەبوو.
چالاکوانانی کورد با چاو لە گرووپی سۆماڵی نەکەن و لاساییان نەکەوە، سەیری خودی کۆمەڵگای فینلاندی بکەن و کراسێک لەوان دابدرن چەند ناکۆک، بۆیە دەبینین بۆ مناڵ و ژنان و مافی مرۆڤ و.... چەندەها گرووپ و ڕێکخراوی جیاجیان هەیە.. گرژی دروست کردن لە نێوان گرووپە ناکۆکەکاندا بێهیوایی زیاتر لەنێو کۆمەڵگای کوردی دروست دەکات.. هزری تۆتیالیتاری لە ژێر هەر ناوێک ئیتر کوردایەتی یان چەپایەتی یان ئیسلامەتیدا بێت کە ئەوانە هەموو شتێک نییین بۆ مرۆڤەکان، قابیلی قبووڵ نیین...

٢٠١٥.٣.٨

بەشداری بەندەی موخلیستان لە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ ئادار مارسی ئەمساڵدا...
-------
کاریکاتێرەکە خاوەنەکەی دیارە، تەنها زمانی کوردی و فینلاندییەکەم بۆ زیاد کردووە...
٢٠١٥.٣.٥

ئەمە لەکەیەوە؟ ناونیشانێکی ئیزتفزازییە، خەڵکانی چەپی پێقوشقی دەبێت، چوونکە بەگاڵتە و پێڕابواردن بۆ کارل مارکس(١٨١٨-١٨٨٣)ی دەزانن، ئەوە وتوویەتی: ئایین ئەفیونی گەلانە.. هاوکات برادەرانی ئیسلامی سیاسیش پێی قارس دەبن.. بەڵام سەپرایسەکە لەوەدایە کە ئەوە تەنها ناونیشانە و یاریکردن بە وشە، گوایە زانایەکی ئەڵەمانی لە گولی یاسەمین بۆنێکی دۆزیوەتەوە، مەفعولی تلیاکی هەیە، یەکسەر لەوەتەر و مێشکی هەر کەسێک دەدات کە بۆنی بکات، دەست بەجێ خپی دەکات.

٢٠١٥.٣.١

کورد هاوپەیمانی خەتەری وەک ئەمەریکای هەبێت هەرگیز نابێت بەدەوڵەت.. ئەو ئەمەریکا ناموبارەکە چی بە ئێران نەکرد، ئەوەتا لەمەسەلەی ئەتۆمی و زۆر مەسەلەی تر و موو بەبەینیاندا ناچێت!
ئەم کاریکاتێرە لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی عەرەبی زمان ئەلشەرق ئەلئەوسەت بڵاوبۆتەوە، بەندەی موخلیستان کردوویەتی بە کوردی و کۆمێتنتم بۆ زیاد کردووە.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق