خەمی ڕۆژانە، نیسان ٢٠١٥


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٤ی  ٢٠١٥دا
بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

لەشەوێکی وەک ئەمشەودا، لەیادی شەهیدکرنی عەلی چەلەبیدا
٢٠١٥.٤.٣٠

ئیتر ئاوا بوو لە شەوێکی ئەنگوسەتەچاوی وەک ئێستا بەر لە ٣٦ ساڵ لەمەوبەر پشت و پەنایەکی بەهێزی خێزان و بنەماڵەکەمان لە بەرەی بەرگری گیانی لەدەست دا.. دوای ئەو هەموو ساڵە زۆر جار خەڵکانێکی هاوشێوەی ئەو چ لە ناوخۆی کوردستانی خواروو چ لە فینلاند دەبینم و دڵم دادەخورپێت.. سێبەر و تارمایی ئەو پێدەچێت تا مردن نەڕەوێتەوە..

گوێم لێ بوو
٢٠١٥.٤.٢٨

کورد نەتەوەيەكى هيندۆئەورووپییه, بەڵام خۆزگه کوردستانی خواروو دراوسێی عەرەب و تورك و فارس نەدەبوو, ئاخر نەدەكرا دراوسێى وڵاتێكى وەک قەتەر و دوبەى بوايه .. هاها هاها پچرام...هاها

هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند و پاڵیوراوانی کورد
٢٠١٥.٤.٢٧

ڕۆژی ١٩ی نیسان هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە فینلاند ڕوویدا، ژمارەیەک خەڵکی بە ڕەچەڵک کورد خۆیان پاڵاوتبوو، یەکێکیان بەبنەماڵە نەک ناسیاو بەڵکوو لە ژنیشەوە بۆرە خزمەیەتییەکامان هەیە، ئەوانە ٤ کورد دوانیان کوردستانی خۆمان و دوانەکەی تر کوردستانی ئێران بوون. وەک بیروباوەڕ لەگەڵ نەک ئەو دوانەی کوردستانی ئەودیو بەڵکوو لەگەڵ ئەوانی خۆشمان نەدەهاتمەوە نایەمەوە، بەتایبەتی دانەیەکیان لە کوردەکانی ئێران سەر بە حیزبێکی حکومی بوو، کە لە خولی ڕابردوودا وەک حیزبی دووهەم دەوری لە خراپ کردنی دۆخی ئابووری وڵاتەکەدا گێڕاوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش دەریخست کە خەڵکی سزایان دا لە پارتی دووهەمەوە دابەزی بۆ ٤هەم پارت، ئەویش پارتی سۆسیالدیموکراتەکان بوو. ناومان نابوون پارتی و یەکێتییەکەی فینلاند.
ڕۆڵی من وەک سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەیەکی دیگیتاڵی لەو پرۆسەیەدا هەڵخرانی کوردانی دانیشتووی فینلاند بوو بۆ ناسین و ئاشناکردنی پاڵێوراوان بەخەڵکی هاوکات هاندانیان بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدەن. دیارە لەم ڕێگایەوە ناساندی پارت و بەرنامەی هەڵبژاردنی پاڵێوراوان و پارتەکانیان.
ئەو کەسانەی خۆیان لەسەر لیستی پارتەکان پاڵاوتبوو، نەک خۆیان بەڵکوو تەنانەت پارتەکانیشیان لای خەڵکی دەنگدەر نەناسراو بوون، پاڵێوراوان هەرچەندە لەگەڵ یەکدوویەکیان خەریک بووین مێژووی خۆیان و پارتەکانیان و هەڵوێستیان لەمەر کێشەی کورد بەگشتی و مەسەلەی کۆچ و کۆچبەری و دەوریان لە باشکردن و خراپکردنی دۆخی وڵاتەکە و زۆر پرسیاری تر، بەڵام هیچیان نەیانتوانی ئەوە بکەن، تەنانەت دانەیەکیان وەڵامی نامەشی نەدەدایەوە..
ئێمە دەمانزانی کە لەم بارودۆخە خراپەی فینلاند هیچ کام لە پاڵێوراوان دەرناچن، بەڵام تا دواهەمین چرکەکان کۆڵمان نەدا لە گرنگی پێدانیان، وێڕای ئەوەی دەیەها هەواڵمان لەسەریان بڵاوکردەوە، لە ڕێگای شەخسی خۆمانەوە پەیوەندیمان کردووە بە کەسە دیار و پلە یەکەکانی ٣ پارتە سەرەکییەکەی کوردستانی خواروو(عێراق) کە لەوانەیە زۆر لەگەڵیاندا نەیەینەوە تا لایەنگرانی خۆیان هان بدەن دەنگ بە پاڵێوراوان بدەن گەر هاتوو لەگەڵ فڵان کەسیاندا جۆرێک ناکۆکی حیزبایەتی هەبێت، بەڵام مادام خەڵکی پارچەی کوردستانی عێراقە و ئەولەویەت بۆ ئەو پارچەیە لەبەر خاتری پاراستنی شکۆمەندی دەبێت فۆکس بخرێتە سەریان.
هەوڵی دەرەکیش لە ڕێگای تایبەتی و شەخسی خۆمانەوە پەیوەندیمان بە کەسی پەلە یەکی میدیاکانی کوردستانی عێراقەوە کردووە، تا ئەوانیش بە بەسەرکردنەوەیان و تیشک خستنە سەریان دەوری پۆزەتیڤ بگێڕن و بە دەردی هەڵبژاردنەکانی تر نەچێت.. بەڵام لەو بوارەدا هەوڵەکانمان وەڵامی بەسەمەری نەبوو.. بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانی و پەرلەمانی ڕابردوودا ئەمجارە کەمێک باشتر بوو.
پرسیار ئەوەیە بۆ ئەو پاڵێوراوانە هیچیان بەهیچ نەکرد؟ ئاشکرایە ڕەوەندی کوردی لە فینلاند بەهرەمەند نییە لە دامودەزگاکانی کە بووبێتە هۆی یەکگرتوویی تەنانەت لە یەک پارچەدا جۆرێک فەوزا بە کارو هەڵسوڕاویانەوە دیارە، کوردەکان خۆیان جیا نەکردۆتەوە، خاوەن بەرنامە و ئامانج خۆیان نین. لەئاستی میللیدا دەنگدەری کوردی عێراق دەنگ نادەن بە پاڵێوراوی کوردی ئێران و تورکیا ئەوانیش هەمان شت دەکەن بێجگە لە خەڵکانی ژیر و وریایان..

٥ کۆمێنتی مانگی نیسان

ئەفسانەی دارەزەردەکەی قەرەداخ
٢٠١٥.٤.٢٥
گەر بە هەڵەدا نەچووبم لە ڕشتەی مرواریشدا حیکایەتی ئەو دارە هاتووە.. من لە کەسوکاری دایکم وام بیستووە، کە ئەوە بوک بووە، ژمارەیەک سواری لەگەڵدا بووە، ئیتر نازانرێت لە کوێوە چوون بۆ کوێ، لەو شوێنەدا ڕێگایان پێدەگیرێت، سوارە یاوەرەکانی دەکوژرێن هەر لەولای دارەکەوە شەخسێک هەیە و ژمارەیەک داری زۆر بەتەمەنی لێیە گوایە ئەوانە مەیتی ئەوانن، بووکەکەیش بۆ ئەوەی دەست ئەوان نەکەوێت دوعای کردووە ببێت بەدارێک، دوعاکەی گیرا بووە و بۆتە ئەو دارە زەردە،.. جا ئەو دارە زۆر زۆر کۆنە بۆیە دەستەواژەیەک هەیە، دەڵێت: ببی بەدارەزەردەکەی قەرەداخ، مەبەست تەمەن درێژیی خواستنە بۆ کەسەکە وەک دەربڕینە ئاینییەکە کە دەڵێت عەمری نۆحت بۆ بنووسرێت.. ئیتر لەوانەیە هەر ئەم چیرۆکە ئەفسانەییە بەجۆرێکی تر گێڕرابێتەوە...

کوردی کوردستانی عێراق خۆی ڕۆژنامەی نییە، بۆیە هی کوردستانێکی تر بەهی خۆیان دادەنێن!!
٢٠١١٥.٤.٢٣
کاک بەڵێن ساڵح تۆش دوای زۆر بۆر کەوتوویت، ئەو غەزەتەیەی ئەو کوردەی کوردستانی تورکیا لە قاهیرە بەناوی کوردستانەوە دەریکردووە بۆ ئێمە کوردانی کورستانی عێراق بەهی خۆمانی بزانیین...؟ پێم ناڵێیت یەکەم ڕۆژنامە لە کوردستانی عێراق چی بووە؟ بۆ رۆژی دەرچوونی ئەوە ناکرێت بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی کوردستانی خۆمان..

گەندەڵی لە حکومەتدا کەم دەکرێتەوە، لە کۆمەڵگادا نەخێر
٢٠١٥.٤.١١
هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی لە دامودەزگا حکومییەکاندا ئەساسە، ئیتر باقیەکەی چارەسەری نییە و ناکرێت.. ئەوەی کە لە دەزگا چاودێرەکانی جیهان باس لە فڵان وڵاتی وەک فینلاند بۆ نموونە دەکرێت کە وا پاکە، مەبەستیان تەنها ئەو خاڵەیە چوونکە دامودەگاکانی خکومەت ماڵی گشتییە، دەستکاری کردنی ناپێرۆزییە.. بۆیە وا باشترە فۆکس بخەنە سەر ئەو خاڵە...

دیموکراتەکانی کوردستانی ئێران چاو لە حیزبەکانی کوردستانی عێراق ناکەن!
٢٠١٥.٤.١
کاک تاهیر سڵاو! ئەوە چەندهەمین جار ئەم مەلایی و جەلالیانەی کوردستانی خۆرهەڵات یەکیان گرت و هەڵوەشانەوە.. بەڕاستی ئەوانە زۆر رەخنەی لە حیزبەکانی کوردستانی خواروو دەگرن، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان وریاترن مێژووی پارتی و یەکێتی و ئێستای گۆڕان کە زنجیرەک لێکجیابوونەوە بوون و هەرکەسە بە ڕێگای جیاوازی خۆیاندا ڕۆیشتوون و سەرکەوتوو بوون.. چاوێک لەوانە بکەن واز لەیەکگرتنەوە بهێنن هەر یەکە بەناوێکەوە.. لەو مەیدانەدا ئەسپی خۆیان بەجیا و لە ژێر ناوێکدا تاو بدەن، ئەو کات لە ئەرزی واقیعدا دەردەکەوێت کامیان ئازان و کامیان ترسنۆک کامیان کوردپەروەر کامیان خائین.. زۆر لە ئەفرادانی ئەو دوو حیبە چوونە لا زەرە حیزبێکی وەک ئەوەی کە پێ کە کە دروستی کردوون و بەئاشکرا و نهێنی پەیوەندیان لەگەڵ دوژمنی سەرەکیتان هەیە.. جا با ئەو تۆزە لایەنگرەیش نەڕۆن...

نەخشەی کوردستانی گەورە، درۆی نیسان
٢٠١٥.٤.١
کاک شەماڵ ئەوە درۆی نیسانە؟ ئەو پرسیارە بۆ وێنەیەکی کوردستانی گەورە نوسراوە...
لە ئێستادا و لەم رۆژەدا لە واقیعدا درۆی نیسان نەبێت هیچی تر نییە، ئەوانەی ئەو بیرۆکەیە جەڕی کردوون کەمترین کەسانێکن، گەر حیزبێک یان گرووپێکی سیاسی بۆ ماوەیەک ئەو ئیدەیان هەبوو بێت، ئەوا بۆ ئیسغلال کردنی خەڵکی ساویلکە بووە.

لەبیرکردنەوەیەکمدا: کلتووری عەرەبی ئیسلامی بەسەقەتی!
٢٠١٥.٤.٢٦

تارقی بن زیاد (٦٧٠- ٧٢٠) بەسەربازەکانی وتوویەتی کاتێک دەپەڕنەوە بۆ ئسپانیا: دەریا لەدواتانەوە دوژمن لە پێشتانەوە.. ئەم کلتوورە عەرەبییە ئیسلامییە بێ بیرکردنەوە جێی سەرسوورمانی زۆر بوو، جۆرێکیش لە ئازایەتی بوو، بەڵام گەر ورد بیتەوە لەو قسەیە جۆرێک لە درۆ و تا ڕادەیەکیش دروستکراوو بۆ شەخسی ناوبراو دەژمێردرێت. دەزانن بۆ چوونکە، ئەو لەشکرە گەورەیە بەچی پەڕیونەتەوە بۆ بەری ئیسپانیا؟ خۆ بە مەلە نەبووە، بەڵکوو بە پاپۆڕ و بەلەمی ئەوسا بووە؟ گریمان ئەوە قسەیە ڕاستە، پێدەچێت ئەو تاریقە بەلەم و پاپۆڕەکانی سووتاندبێت، تا بتوانێت قسەیەکی وا بکات، سەربازەکانی ناچار بکات تا شەڕی مان و نەمان بکەن. جا خۆش ئەوەیە ئەم جەنابە بەڕەچەڵک عەرەب نەبووە وەک سەلاحەدینی ئەیوبی(١١٣٧- ١١٩٣) و زۆری تر، خۆبەخشانە جاش و بەکرێگیراوی عەرەبە ئیسلامەکان بوون. با قسەیەکیش بۆ دز بکەین خۆ ئەو کات و سەردەمە کورد هیچ نەبووە، هزری نەتەوەپەرستی لاواز بووە...

دادوەرەکان بە فلتەری حیزبیدا تێدەپەڕن!
٢٠١٥.٤.١٣

ڕۆژی ١شەممە ١٢ی نیسانی ٢٠١٥ سیمینارێک بۆ دادوەر ئاسۆ محەمەد سۆفی(ئاسۆی حەمەلەی کەبابچی شاری هەڵەبجە) ساز کرا، ئێمەیش لەوێ بووین..

لە دایلۆگی نێوان ئامادەبواندا بەڕێزی باسی حەبە سەوزەکەی کرد کە دەربڕینێکی کۆنی سەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بوو، بۆ ئەو کوردانە بەکار دەهات کە بەهەر هۆیەکەوە بوون، بووبوون بە بەعسی، کاک ئاسۆ وتی: من هیچ حەبێکی سەوز و زەرد و مۆر و سوورم نەخواردووە.. بەو هۆیەوە پرسیارێکم لادروست بوو، بەم شێوەیە بەرەوڕوویم کردەوە: کۆن لەسەردەمی جووت حیزبی نێوان پارتی و یەکێتی دا هەموو پلەوپۆستەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد بوو، هەموو دەزانیین دادوەر ڕزگار لەسەر پشکی یەکێتی لەو شوێنە (دادگای تاوانەکانی باڵا بۆ سەرانی بەعس) و دادوەر ڕەئوفیش لەسەر پشکی پارتی دانرا بوون، پرسیم ئەی ئێوە لەلایەن کام لەو دوو لایەنەوە دانرا بوون، لەوەڵامدا وتی هیچیان.
ئێمە بۆ ڕێزلێنان و بەخێرهاتن لە دادوەری میوان چەپکە گوڵمان پێشکەش کرد.
لەبارەی ئەوەی لە کۆڕەکەدا چی گوزەرا، وا باشترە سەردانی ئەم لینکە بکرێت

سەرۆکایەتی هەرێم لەدەستی پارتی ڕزگار بکەن
٢٠١٥.٤.١١

لە مەسەلەی دروستکردنی حەشدی شەعبی(بەسیجی کۆماری ئیسلامی ئێران) لەناو خاکی کوردستانی خواروو بەسەرکردایەتی ئەفرادانی فڵان و پارت و فیسار، هەڵای ناوەتەوە ئەوەی لەم خاڵەدا جێی مەهزەلەیە سەرۆکایەتی هەرێم کە پارتی بکوژوببڕن تێیدا، دوو جار هاتۆتە دوان ئەمە بێجگە لە وەڵامی خودی شەخسی سەرۆکی هەرێم، وەک ئەوە وایە ئەو دەزگا هەستیارەی کوردستان مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ی مەسعود بارزانی بێت..
وەڵامی دووهەمی سەرۆکایەتی هەرێم لە ماڵپەڕی سبەیدا
وەڵامی دووهەمی سەرۆکایەتی هەرێم لە ماڵپەڕی سپێدەدا
وەڵامی مەسعود بارزانی لە ماڵپەڕی سبەیدا

هەواڵی ناخۆش
٢٠١٥.٤.٩

بەداخەوە ئەم ئێوارەیە هەواڵی مەرگی مامۆستا و چیرۆکنووس و کەسایەتی ناسراوی شاری سلەیمانی سەلام مەنمی بڵاوبووە، بەو هەواڵە گەلێک غەمبار بووم.... هاوین مانگی ٦ ی ٢٠١٢ کە لە کوردستان بووم بەخۆشحاڵییەوە چەند جار یەکترمان بینی، بەتایبەتی لە ئۆفیسی یەکێتی نوسەرانی کورد بۆ ماوەی کاتژمێرێک زیاتر پێکەوە بووین و قسە و یادگاری زۆرمان دەمەزەرد کردەوە و ئەم وێنەیەمان گیراوە.. ئەو کات بەسەر و سیمایدا دیار بوو کە تەندروستی باش نییە.. ئەستێرەیەک کشا، یادی بەخێر و ڕۆحی شاد
پەیامی پشتیوانی بۆ پاڵێوراوان
٢٠١٥.٤.٨


ئەمڕۆ ٤شەممە ٢٠١٥.٤.٨ پرۆسەی دەنگدانی پێشوەختی پەرلەمانی فینلاند دەستی پێکرد، هەڵبژاردنی سەرەکی و کۆتایی ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە دەبێت. لەم هەڵبژاردنەدا دوو کوردی کوردستانی خواروو(عێراق) لە شاری هێلسنکی و ڕاسێپۆری پاڵێوراون، ئەوانیش بەڕێزان بنار مستەفا ژمارە ٣٩ (پارتی یەکێتی چەپ) و میدیا زاهیر حاتەم، ژمارە ٢٢٣ (پارتی گەلی سوویدی)یە. پێم باشە و لە پێناو شکۆمەندی وڵاتەک(کوردستانی عێراق)ەمان کە هەمیشە پێشڕە و پێشقەدەم بووە، داوا لە کوردانی کوردستانەکەمان دانیشتووی ئەو دوو شارە دەکەم بەتایبەتی ئەوانەی ڕەگەزنامەی فینلاندیان هەیە، بێسڵەمینەوە و دردۆنگی دەنگ بدەن بەو دوو بەڕێزە..