خەمی ڕۆژانە، ئایاری ٢٠١٥

عەباس شوانAbas Shiwan


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٥ی  ٢٠١٥دا
بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

خەڵکی کوردستانی خواروو عەیب و شوورەییە! 
٢٠١٥.٥.٢٩

ئاخر چی؟ لەم ڕۆژانەی ڕابردوو، بەدەستی کوردەکانی تورکیا لەو کەژ و کێوانەی سەر سنوور نێوان هەرێم و کوردستانی ئێران پێشمەرگەیەک شەهید کرا و چەندی تری ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی ئێران بریندار کرا... بێجگە لە چەند دانە لە نووسەر و رۆژنامەنووس و ڕووناکبیر و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستانی عێراق هیچ هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان لەبەرامبەر ئەو غەدرەی کوردەکانی تورکیا دەنگی ناڕەزایەتی بەرز نەکرایەوە و نەبیسترا... وەڵا شوورەییە کوردەکانی کوردستانی ئێران ئاوا بە گورگان خوارد بچێت و کەس فزەی لێوە نەیەت..


هەڵوێست: ئێمە ئێوە (کوردی ئییران) ناگۆڕینەوە بەوان(کوردی تورکیا)
٢٠١٥.٥.٢٦

کوردەکانی کوردستانی ئێران لەم تەنگانەیەیاندا نووری چاومانن، ئەوانە بەچەپ و ڕاستیانەوە، لەگەڵ بەشی زۆری شارەکانی سلەیمانی و کەرکوک و هەولێر نەک کۆنتاکی بەردەوامیان هەیە بەڵکوو خزم و خزمایەتی و ژن و ژنخوازییان لەگەڵماندا هەیە، ڕاستە لە چەند خاڵ ئێمە تووڕەین لێیان، بەڵام هەرگیز ئەوان ناگۆڕینەوە بە کوردەکانی تورکیا.. بەتایبەتی حیزبە ستالینییەکەیان کە ناوی خۆی ناوە پارتی کرێکارانی کوردستان.. ئەوانە لە زۆر بواردا نامۆن بە زۆنی ئێمە و زمان و کلتووری ئێمە.. بۆیە هەرگیز ناتوانن خۆشەویست بن.. ئۆپۆزسیۆنی کوردەکانی ئێران دواڕۆژ هی ئێوەیە، ئەوانە و کلکەکانیان دەڕۆنەوە، چاوەڕوانی فیکەیەکی تری حکومەتەکەیانن. لەسەر پێداگری خۆتان شێلگیر بن، ئەو میوانە ناحەزانە چارەنوسیان شکست و مل دانە..
----
- / بڕوا بکە ئاگام لەو کەناڵە نییە، لەوانەشە بزانیت زۆر خۆشم لەو کەناڵە نایەت...بەڵام کوردەکانی ئێران بە حیزب و خەڵکەکەیەوە قابیلی پشتیوانیین.. ناشمەوێت درۆ لەگەڵ خۆمدا بکەم، لە ژێر بیانوی ئایدۆلۆجی و پانکوردستانیزم و هەموو ئەو بیر شمولیانەی تر..
- / پێم وایە ئەو وێنەیەت بۆ شەڕی نێوان ئێمە لەناوخۆماندا دەبێت وەک لەوەی شەڕی نێوان کوردی کوردستانەکانی تر.. واز لەو شموولییەتە بێنە، لایەنگری زوڵم لێکروان بە باشترە. دوای ئەوە شەڕ لە بێئیشی باشترە، بۆیە پێم وایە ئەوەی لەژێر بیانووی جۆراوجۆریدا واز لە خۆی بهێنێت کەس حسابی بۆ ناکات، ڕادیکالەکان جێی نەزەری دۆست و دوژمن دەبن و بوون.
ئەوەی کوردەکانی ئێران ستراتیجیان گۆریوە، لەبەرانبەر ئەو عەقلییەتە شموولییە ڕێگری بۆ دەکرێت، وەک ئێمە هەموو کوردین و شتی تری هاوشێوەی وا، بەپێچەوانەوە دەبێت هان بدرێن پێداگر بن لەسەر پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان.. ئەو کارەی جەماعەتی پێ کە کە قابیلی قبووڵ نییە. بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ ئێمە نزیکترن وەک لە کوردەکانی تورکیا، هەر عەیب و شوورەییە لە کێشەیەکی وادا پشتیوانیان نەبین.
- / کوردەکان جیان و هەریەکەی لە وڵاتێکن بەرژەوەندیان جیایە و چارەنووسیان هەروەها.

بەخەیاڵمدا هات، بۆ پێ کە کە بەهێز بووە
٢٠١٥.٥.٢٦

ئەوەی کە پارتەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان؛ی تا ئێستا بەهێز و گوڕ تین کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ زۆری نەیارانی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیایە.. ئێوە دیقەت بدەن، یۆنان و ئەرمنستان و ئێڕان و .. بەڵام لەو کاتەوەی کەوتوونەتە دانوسان لەگەڵ حکومەتەکی خۆیاندا، نانیان لە چەند لایەکەوە بڕاوە، تەنها ئێران ماوە، بەڵام دەروازەی حکومەتی عەرەبی ئاینزای شیعەی عێراقی لە بەغداد بۆ کراوەتەوە...

شووکر شەڕی کوردی ئێران و تورکیا دەستی پێکرد
٢٠١٥.٥.٢٤

ماوەیەک لەمەوبەر بابەتێکم لەسەر شەری کوردستانەکان نووسی، خۆشبەختانە پێشبینییەکەم هاتە دی، سەرەتای شەری کوردی کوردستانی ئێران و تورکیا دەستی پێکرد.. جا ئەو ئاوازە زۆر غەشیمانەیە کە دەڵێت ئەوەی ڕوو دەدات شەڕی براکوژییە، لەبنەرەتدا دەربرێنێکی بنەماڵەیانەی دواکەوتوانەیە. گریمان ئەو دەربڕینە ڕاست بێت، بەڵام بۆ شەڕی نێوان وڵاتێک و نەتەوەیەک و گروپێکی ئاینزاییەک گونجاوە. نەک بۆ شەڕی خەڵکی دوو وڵات.. لەلایەکی ترەوە کوردەکانی تورکیا کەمترین کێشەیان لەگەڵ حکومەتەکەیاندا ماوە، ئیتر لە شاخ و کێوەکانی قەندیل و سەرسنوورەکانی ئێران چی دەکەن چ کارەن؟ ئەوە شوێنی ئەسڵی کوردە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێرانە.. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەو مافە بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ئەسڵییەکەی، بەتایبەتی کوردەکانی ئێران ستراتیجیان گۆڕیوە و .. نابێت ئەوەیش لەیاد بکرێت ئەوانەی ئێستا دەستیان داوەتە یەخەی یەکتر بەکوردی کوردستانی خواروو (باکوری عێراق) زۆر پێکەنیین و خۆشحاڵبوون.. دەبا بیخۆن.. ڕۆژان ڕۆژی لەدوایە..
-----
- / ئەی دەتەوێت وەک خەڵکی ئاسایی بنووسم و بیر بکەمەوە، ئێوە دەمێکە من دەناسن، بەپێچەوانە نووسیوومە، ئەم دیدە لەم کاتەدا هەقیقەتی بەندەیە، ئیتر چۆنی لێ تێدەگەیت بگەن.. بەڵام ئەوەیش باش بزانە هاودیدم زۆرە و بەتەنها نەکەوتوومەتەوە.
- / ئەوەی من دەیڵێم هەمیشە لەو دۆخەدا ئەگەرێکی کراوەیە و بەدەستی من و تۆ و کەس نییە چوونکە بەرژەوەندییەکان و دووژمنەکان و چارەنووسەکان جیاوازە.
ئەزموونی عەرەبەکان و دەوڵيتەکانیات بیر دەهێنمەوە.. قابیلە کوردەکان لەوان شەریف تر بن.. هەر عەیبە بە گشتگیری و شموولیانە بڕوانرێتە کوردەکان. ئەوان وازیان لەوە هێناوە هەر یەکە خەریکی خۆیەتی بەشێک لە خۆشخەیاڵانی پان کوردستنیزم ی لای خۆمان واز ناهێنن..کوا پشتیوانی کوردی کوردستانی خۆمان لەبەرامبەر ئەو غەدرە غەورەیەی کوردەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتییەکانیان کردووە..؟

جوانناسی ستاتیکا: پیلان و بەرگری
٢٠١٥.٥.١٩

کە دەستکاری یان کولاجی ئەم کارتۆنەم کرد ئەو ترسە هەراسانی کردبووم کە دەستی ناوخۆیی(کوردی خۆمان و کوردی کوردستانەکانی تر) پیلان لە دژی کیانی ئازادی کوردی دەگێڕن.. بەڵام هزری ناسیۆنالیستی لە یەکپارچەدا بەهێزە بۆیە ڕۆژەکە دەورە دراوە بە چەندەها ئاڵا وەک ناسنامەی فەرمی کوردستانی خواروو، کەواتە ترس و بەرگری پێکەوە خۆیان بەیان دەکەن.. لەوانەیە هەڵە بم ئێوە دەڵێن چی؟


کوردستانی خواروو هێلکەدانی سەرۆک عەشیرەتەکان!!
٢٠١٥.٥.١٤

لەو بەرنامەیەی کە بڕیارە ڕۆژانی داهاتوودا لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی؛دا بڵاوببێتەوە، ئەو پرسیارە جێی سەرنجە کە ڕووبەڕووی میوانەکە دەکرێتەوە و دەڵێت بەتەما نیت خۆت بپاڵێویت بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم... ئەوە چەند ساڵی زۆرە بنەماڵەیەک و عەشیترتێک و شێخزادە و مەلازادەکان کۆنترۆڵی ئەو پۆستەیان کردووە، گەر خوانەخواستە حەمەی حاجی مەحمود ببێتە سەرۆکی هەرێم داهاتووی کوردستانی خواروو، دەبێ بووترێت لە عەشیترتێکەوە بۆ یەکێکی تر سەرچۆپییانە.. شار و کەسی شاری لە کوردستانی خواروودا قڕیان تێکەوتووە، تا ئەو سەرۆک عەشیرەتانە حوکمی بکەن..؟
- / گەر وا بروات دەبێتە دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی.. کە عەشایەر کۆنترۆڵی حکمداری لە وڵاتانەدا کردووە و دەکەن.. بەڵام قسە لەوەیە بۆ نموونە خەڵکانێک دروست ببن و هەبن بە پشتیوانی عەشیرەت و شێخایەتی و .. بە پلە و پۆست نەگەن. خۆشبەختانە ئێستا لە ناو دەزگا هەستاارەکانی پەرلەمان و حکومەتدا خەڵکانی هاوشێوەی وا هەن.. جا ئیدەی بنەرەتی لەوەدایە گەرهزری شار و شارستانی بەهێز بێت، ئەو بەگزادە و شێخزادە و مەلازادە و خێڵزادانە دەبێت پاشەکشەیان پی بکرێت.. بەڵام بەداخەوە هێشتا شارەکان بەمانای وشە شار نیین، بۆیە ئەوانە حوکمی دەکەن.
- / دەرکەوت شتێکی وای نەووت، نوێ بێت، کاوێژی دیدی و بۆچوونی ئەو پارتیانەی دووبارە کردەوە، کە ڕاستەخۆ دەبێت ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت.. و جارێکی تریش بۆ سەرۆکەکەی درێژ بکرێتەوە، دەمێکە وتوومە کە لالە حەمە بۆتە پارتی.


فلیمی مناڵان لە نیوەشەودا!!
٢٠١٥.٥.١٠

لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێن ئاڕ تی فلیمی کارتۆنی open seasin II وەرزی ڕاوی کراوە ٢ دەستی پێکرد..
جا بۆم پرسیارە مەگەر لە قتووی عەتاری کوردستانی خواروودا بێت لە کاتژمێر ١٢ی شەو فلیمی مناڵان پیشان بدرێت.. بەڕاست کەناڵی ئێن ئاڕتی ٢ بۆ مناڵان یان بۆ گەورەکانی پەخش دەکات..؟ بەڵام پێدەچێت لەسەر ستایلی سەردەمی داگیرکاری حکومەتی عەرەبان کە دوای کاتژمێر ١٠ی شەو فلیمیان لێدەدا.
کارێکی وا لەگەڵ پەروەردە و کلتووری پێشکەوتوو نایەتەوە و لە فینلاند کاتەکانی فلیمی مناڵان ڕۆژانی پشووی هەفتەیە (شەممە و یەکشەممە) نەک شەوەکەی.. بەرنامەکانی مناڵانیش بەتایبەتی لە کەناڵی فەرمی شوبهە حکومییەوە ڕۆژانە لە ٥ی ئێوارەوە پەخش دەکرێت.. مناڵان بەگشتی لەو کاتانەدا لە دایانگا و خوێندنگا سەرەتاییەکان هاتوونەتەوە  وچانێکیان داوە.
ئەو جۆرە فلیمانە بۆ مناڵان(تەمەن ٤ بۆ ٧) بێت لە فینلاند دۆبلاجی دەنگیان بۆ دەکرێت نەک وەرگێران بە تێکست.. چوونکە مناڵان لەو تەمەندا کۆنترۆڵ و خوێندەوارییەکەی بەهێز نییە و فریای خوێندنەوەی تێکستەکان ناکەون..


مەم و زین لە زنجیرە درامای حەریمی سوڵتانی تورکان چی دەکات؟
٢٠١٥.٥.٤

ئێوارەی ڕۆژی ١شەممە ٢٠١٥.٥.٣ لە هەلقەی(ژمارە ٣٨٥)ەکی زنجیرەیی دۆبلاجکراوی حەریمی سوڵتان کە لە کەناڵی گێمکورد؛دا ڕۆژانە پەخش دەکرێت، لە دیمەنێکی نێوان کوڕە قەمور(جیهانگیر)ەکەی سوڵتان سلەیمان و کچی ئیبرایم پاشا کۆچکردوو دەستەڕاستی سوڵتان ڕوودەدات، کوڕەکەی سوڵتان دەستدەداتە کتێبێکی قەبارە گەورە لەناو کتێبخانەیەکدا بە کچەکە دەڵێت:
گەر دەتەوێت کتێب بخوێنیتەوە ئەم کتێبە بخوێنەرەوە ناوی مەموزینە و چیرۆکێکی عاشقانە جوانە...
بەڵام پرسیار و بەدگومانییەک دروست بووە، ئیتر نازانم ئایا ئەمە لە دەقە تورکییەکەیشدا وا هاتووە یان نا؟ ئایا ئەوانەی وەریانگێڕاوە خیانەتیان لە دەقە تورکییەکە نەکردووە؟ پێدەچێت ناوی مەم و زینیان تێرانجاندۆتە هەلقەکەوە!؟... چوونکە سوڵتان سلیمان لەنێوان ساڵانی ١٤٩٤ بۆ ١٥٦٦ ژیاوە، هەمووش دەزانیین ئەو داستانەی ئەحمەدی خانی (١٦٥١ - ١٧٠٧) شاعیری کوردی کوردستانی باکوور لە ساڵی ١٦٩٢ نووسراوە و داینراوە.