28‏/07‏/2009

سەرەقەلەمەکانم لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2009 دا


....هاتن كاندیدێكی هاوردەیان خسته ناو كێبركێیەكەوه، كه فڕی بەسەر واقیعی كوردستانەوه نەبوو، وەك ئەوەی موعارەزه كەسایەتییەكی نەزیەی تێدا نەبێت كەشایانی خۆكاندیدكردن بێت... خۆشحاڵی خۆم دەرئەبڕم كه سەرەڕای پشتیوانی لیستی گۆڕان و هەرچوار حیزبەكەش بۆ ئەو كاندیده، هەر كاك مەسعود براوه بوو، خۆ هیچ نەبێت دوو دڵۆپ خوێنی ڕشتووه بۆ كورد و ڕەگ و ڕیشەی هەیه لە مێژووی‌ ئه‌م وولاَته‌دا...
ئەوە چەند بەشێکە لەبەیاننامەی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد کاندیدی سەرۆکای هەرێم لەهەڵبژاردنی 2009 دا، لەماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاوبۆتەوە

ئەو پەیڤانە شەرم هاوەرن، گوزارشت لەحەقد و نادانایی ئەو کاندیدەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات!
یەکێ لەکەموکوڕی و سەقەتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بەتایبەتی هی سەرۆکی هەرێم، ئەوە بوو: چەند کاندید هەبوو، لەنێو خۆیاندا ڕێکنەکەوتن وەک لە هەڵبژاردنی وڵاتانی ئەوروووپا و ئەمەریکا، بەدی دەکرێت؛ لەدوا ساتەکاندا تەنازول بۆ دوانی بەهێز دەکرێت. پێدەچێت ئەوەیش دەسیسەی بارزانی بێت، تا دەنگدەڕان لەو نێوەدا بزر بن و نەزانن دەنگ بۆ کێ بدەن! یان دەنگەکان دابەش بن بەسەر چەند کەسدا! دیارە لەم نێوەدا هاوکێشەی هێز و ئۆتۆریتە دەور دەبینێت، بەهۆی دەستڕۆیشتووی بارزانی و پشتیوانی دوو حیزب، هەر ئەو براوە دەبێت!

کاتێ ئەم دیدە بەڕاست دەردەچێت دەبینن هەڵۆی برایم ئەحمەد بەو شێوەیە لەبەرامبەر دکتۆر کەمال میراودەڵی دەپەیڤێت و دەستی خۆی کەشف دەکات و بەئاشکرا پشتیوانی لە بارزانی دەکات، گوایە ئەو خوێنی لەو پێناوەدا ڕشتووە! ئاخر ئەوە چ لۆجیکێکە، لیستی گۆڕان و پشتیوانانی لەو پێناوەدا لەپارتی و یەکێتی ڕاستبوونەوە، ئامانجیان بنبڕکردنی ئەو جۆرە هزرە ناتەندروستەیە، هەموو ئەو کەسانە کە کوردستانی گەیاندۆتە ئەم ئاستە ناشیرینەی کە هەر مرۆڤێکی بەئاگا قبووڵی نەبووە، نییە. 2009.7.26

لەماڵپەڕی دەنگووباسدا، ڕیبین هەردی نووسەر و ڕووناکبیر، لەنووسێنێکیدا بەناونیشانی سەرۆکی هەرێم و دەستوور بڵاوبۆتەوە، ئاوا دەنووسێت: ... سەرۆك هیچ یەك لەو دەسەڵاتانەی بەشێوەیەكی خراپ بەكارنەهێنا. لەم چوار ساڵەی پێشوشدا سەرۆك دەیتوانی دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلهمان، بۆ جاڕدانی باری نائاسایی، بۆ بەرزكردنەوه پلەو پایەی سەربازی هێزه حیزبیەكەی خۆی بەكاریهێنێت، بەڵام نەك لەم چوار ساڵەی رابردودا كه سەرۆكی هەرێم بوو، هیچ یەك لەم دەسەڵاتانەی بەكار نەهێنا...

ئاخر وانییە لە 4 ساڵی ڕابردوودا، کەس بەوردی ئاگای لە فەرمانەکان و کاروکردەوەکانی بارزانی نەبووە، چی کردووە و چی نەکردووە؟ باش یان خراپ دەسەڵاتەکەی بەکارهێناوە! دوای ئەوە هیچ مەترسییەکی گەورە ڕووی نەداوە، گەر ڕووی بدایە ئەوا بێگومان بارزانی بەپێی ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆرییەی لەدەستووردا پێی دراوە، دەیکرد.
هەر ئەو نەبوو مەترسی بۆ سەر حیز ب و بنەماڵەکەی لەلایە ن یەکێتییەوە بۆ دروست بوو، کفری گەورەی کرد، 31ی ئابی 1996 ی خولقاند؟ پەنای بۆ لەشکری داگیرکەری عەرەبی عێراق برد. ئاخر خۆش باوەڕی دروست کردن لەپای؟ 2009.7.25

"هەردەم و هەموو کاتێک، پەرلەمانی کوردستان له هەر کەس و پارتێک شەرعییەتی زیاتره و من داوا له پەرلەمان دەکەم، که ئەو بڕگەیەی که تایبەته به سەرۆکی هەرێم دەربهێنرێت، چونکه من هەبوونی دەستوورم زۆر پێ گرنگتره له هەبوونی سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان" پەیڤەکانی مەسعود بارزانی، ڕۆژی 09.7.19 لە یاریگای باژێڕی سلەیمانی، لەماڵپەڕی پەیامنێر ڕۆژی 2009.7.19 دا بڵاوبۆتەوە.

ئەو پەیڤانە یان ئەو داوا فەرمانئامێزە، ناچیتە گیرفانەوە، چوونکە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، بە چەواشەکاری دەژمێررێت، هاوکات دانپیانان بە شکستیدایە، دەچێتە ریزی ئەو دوو پاشەکشیەیەی کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بەو سەرۆکە و بە لیستەکەیان کرا! 2009.7.20

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئێمه هەر بێلایەنین، بەڵام بۆ ئەمڕۆ و لەم دەمه حەساسەدا، بەبڕوای شەخسیی خۆم وای دەبینم ژ بۆ سەرۆکایەتیێ هەرێمی بەڕێز مەسعود بارزانی دکاریت سەرۆکایەتیێ بکات!!!
چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان ی ڕۆژی 09.7.18 ی لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دا

لەم کاتەدا وێرای ئەوەی مەسعود بارزانی و هاوشێوەکانی دەوریان هەبوو لەوەی پیاوەکانی PKK لەهەرێمی کوردستان کە لەژێر ناوی پارتی چارەسەریدا و لیستی هیوا کاردەکەن و نەیانهێشت بەشدار بن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و دەگەیەکی گەورەیان لێدان، کەچی و سەرەڕای ئەوە دێت پشتیوانی لەکەسێک دەکات کە زۆربەی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان بێزار و ناڕازین لەدەستی، ئەم بەشیاوی دەزانێt بۆ سەرۆکایەتی هەرێم! لایەنگرییە لەنووکەدا بەرتیلێکی باشە, بەڵام بۆ داهاتووی گۆڕانکارییەکان، بەزەرەریان دەکەوێتەوە. 2009.7.18
لەماڵپەڕی کوردستان پۆستدا بەم شێوەیە بەناڕاست پیشاندنی قسەکە بڵاودەبێتەوە:
ماڵپەڕی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، قەرەیلان گووتی، من لێدوانێکی بەوشێوەیەم نەداوە، ئەوەی من گووتوومە ئەوەیە؛ لەو کاندیدانەی بۆ سەرۆکی هەرێم بارزانی دەرفەتی سەرکەوتنی لەهەموویان زیاترە لەبەر ئەو هەموو ئیمکانەی چ لەلایەنی رێکخستنی و چ لەلایەنی راگەیاندنی کەلەبەردەستی دایە. 2009.7.22

گۆرِان و موسته‌شار و به‌ختیار عه‌لی و قورئان و شیَخه‌كانی؟ ناونیشانی باسێکی بەڕێز سەلام عەبدولڵایە، لەیەکدوو ماڵپەڕدا بڵاوبووە. رەخنە لەو کارانە دەگرێت کە لیستی گۆڕان لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، پەنا بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا دەبات، پێی وایە لەگەڵ پەیامی ڕاستەقینەی گۆڕان نایەتەوە.

دەرخستنی کەموکوڕییەکانی فڵان و فیسار لیست جێی خۆشحاڵییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆش بۆ خۆت لەلیستێکدا بەشداری، کەواتە ئەمە دەچێتە خانەی کێبرکێی هەڵبژاردنەوە! دوای ئەوە بۆ نووکی پێنووست کردۆتە لیستی گۆڕان؟ تۆبڵێی ئەو شەیتانی گەورە و لیستەکانی تر بەتایبەتی لیستی کوردستانی فریشەتە بن! ئەمە لەکاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرێت لەم پرۆسەیەدا بە تەزویری شاراوە تەقلە بەلیستەکانی تر لێبدەن!؟

دوای ئەوە لیستی گۆڕان عاجباتییەکی سەیروسەمەرە نییە، هەڵقووڵاوی ئەو کۆمەڵگایە کە پڕە لە ناشیرینی، بەپاڕانەوە نەبێت، چیبکات، چۆتە پرۆسەیەکەوە خۆ دەبێت لایەنی کەم بەئەنجامێکی باشەوە بێتە دەر، کەواتە ئاساییە لەو هەڵمەتەدا وەک هێزە باوەکان پەنا بۆ چەند لایەنی تاریکی کۆمەڵگا بەرێت، بەڵام لە نێو ئەوانەشدا ناڕەزایەتی هەیە، بەشخوراو هەیە. گرنگ ئەوەیە لەدوای ئەنجامەکان ئەم لیستە درێژە بەو کارە نەدات. 2009.7.19

ناتوانم لەئاست پڕۆژەی دەستور بێدەنگ بم، كه بەزۆر و به پاڵەپەستۆ، به نیوەناچڵ تێیپەڕێنرێت، لەڕێی پەرلەمانێكی واده بەسەرچوی ناشەرعییەوه، شەرعیەتی پێ بدرێت، دەستی بۆ هەڵبڕم! نا ئەوه ناكەم. تەنانەت ئەگەر سبەینێش زۆرینەی خەڵك دەنگی بۆ بدات، لەگەڵ رێزم بۆ دەنگانیان، بەڵام تا گۆڕانی تەواوی بەسەردا نەیەت، به دەستوری خۆمی نازانم.
نووسینێکی شێرکۆ بێکەس، بەناونیشانی: ئێمە چقڵ نیین..کلین کە لەڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوبۆتەوە.
بەڕێزێک لێم هاتە وەڵام و چەند دێڕێکی وەک کۆمێنت بەردوو زمانی کوردی بەپیتی لاتینی و ئینگلیزی لەشێوەی پرسیار بۆ نووسیبووم. منیش ئاوا وەڵامم دایەوە:

ئەوە بەدەست کەس نییە، کاری ناجاڵتمانانەی خودی پەرلەمانە، کە خۆیان کردە مەخسەرە، و لەیاسا لایاندا، درێژەیان بە ژیانی پەرلەماندا! ئەوەیش لەئەنجامی فشاری هەردو زلهێزەوەکەوە بوو! کەواتە دەکرێت لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو کە من دەنگم پێداوە، خەسڵەتی ناشەرعی بوونیان بەسەردا بدەین. هیچ تەبریرێکیان بەدەستەوە نەبوو، وەک رەوشی جەنگ و ... بۆ ئەو درێژکردنەوەیە! هاتن گرنگترین بەڵگەنامەیان پەسەند کرد!

هەروەها لەبەرانبەر پەیڤی خانمێکدا کە ئاوای نووسیبوو : بۆ ئەوەی لە جیهان ناسراو بیت و شانازی بەسەرۆکی وڵاتەکەت بکەی، دەنگ بە سەرۆک بارزانی ژمارە 12.
دەڵێم:
نا ئاخر ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە سەرۆکی هەرێمە، ئەوەی کردوویەتی تەنها بەهێزکردنی پایەی بنەماڵە و عەشیرەت و دەڤەر و ناوچەی نفوزی خۆی و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر بووە. گەر ڕاستگۆ بوایە خۆی کاندید نەدەکردەوە، وازی دەهێنا، جێی چۆڵ دەکرد بۆ خەڵکی شایستەی تر، تا ئەو بەرپرسیارێتییەی بگرتایەتە ئەستۆ، بەڵام ئەو تامەزرۆ و شەیدای پلەوپایە، وا دەزانێت لەو باشتر نییە بۆ ئەو پۆستە! بۆیە دەیەوێت بیکات بەهەشت ساڵ! بەو هۆیەوە گەر سەروەرییەک کە لەباوکییەوە بۆی ماوەتەوە و ئەوە چەندەها ساڵە خێری بۆی داوەتەوە، لەدەستی دەدات، کۆتاییەکەی نەک بە ناشیرین بوون بۆ خۆی بەڵکوو بۆ گشت مێژووی بنەماڵەکەی دەکەوێتەوە. 09.7.8

ئیتر وایە، کۆمەڵگاکەمان دواکەوتووە، بەڵام ئەوانەی هەمان کردەوە بکەن و خزمەت بەگیرفان و عەشیرەت و بنەماڵەی خۆ بکات و گەندەڵ بێت، بێگومان لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەدەردی پارتی و یەکێتی دەچێت. ئەوە بیانوویەکی بێمانایە هەر لە ئێستاوە دوودڵی و گومان لەبەرانبەریاندا بچێنرێت! گوایە هەمان کاری پارتی و یەکێتی دەکەن و لەسەر حسابی خەڵک دەوڵەمەند دەبن! ئەبێت ئالیەتێک، دامودەزگایەک چێ بکرێت، چاودێری نەک بەتەنها سیاسەتمەداران بەڵکوو هەموو کۆمەڵگا بکات.
بەو پێیە بێت نابێت هیچ بکەین لەبەر ئەوەی ئەوانی کە تازە دێن نایانناسین، ئەمە ڕێک هزری کۆنەپارێزیی بەهێز دەکات، دژی گۆرانخوازییە! بەپێچەوانەوە لەژیانی مۆدێرندا تاقیکردنەوە و ئەزموون کردن، دینامییەت دەدات بەژیان، نەک ڕایوەستێنێت. 09.7.6

ئەم دوو رکەبەرەی سەرۆکایەتی هەرێم (دکتۆر کەمال میراودەلی و هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد ) پێباشترە، بەڵام لەوڵاتێکی دواکەوتووی وەک هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا نەک دەزگا حکومییەکان بەهێز نیین، بەڵکوو دەزگاکانی دیکەی مەدەنیش نییە و بێهێزن.! بۆ نموونە گەر منازەرە بکرێت لەنێوان لیستەکاندا کام کەناڵی سەربەخۆی تەلەفیزیۆنی وەک CNN بەو ئەرکە هەڵسێت؟
کێشەکە لەدەستووردایە، گەر وەک ئەمەریکا دەستنیشانی ماوەیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردبێت، هەر کەسێک تەنها دوو دەورە بۆی هەبێت خۆی کاندید بکات، ئەوا تەمەنی درێژی مەسعود بارزانی هەر چوار ساڵی دیکەیە. 09.7.6

ئەوەی لەوێدایە، دیدی من نییە، بەڵام بۆچوونێکی جوانە، هێندە بزانم، تۆ کارمەندی لەدەزگایەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت کە بەپارە و پووڵی مەسعود بارزانی و پارتی دەردەچێت و پشتیوانی لێدەکرێت! کەواتە مووچەکەت لەوەوە وەردەگریت، ئاساییە بەرگری لێبکەیت. دوای ئەوە بەڕێزتان خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن، لەوانەیە بێئاگابن لەوەی کە ئەو کەسە و پارتەکەی چییان بەخەڵکی باشوور کردووە؟ ئێمە دەرد و قەهرخواردن بەدەست ئەوانەوە بینیوە و دەچێژین.

دەمەوێت زیادەیەک بخەمە سەر ئەوەی نووسەر، ئەو کەسە، بەهەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەو پلەوپایەیە نەگەیشتووە، وەک خەلافەت بۆی ماوەتەوە، بۆیە جێی قبووڵ نییە. گەر تا ئێستا هێنابێتی و چاوپۆشی لێکرابێت لەمەودوا، هەرگیز. بەداخەوە لەم هەڵبژاردنەدا ڕکەبەرێکی بەهێزی لەبەرانبەردا قوت نەبۆتەوە!
گریمان من بێبنەما قسە فڕێ دەدەم، ئەی چی لەو هەزارەها کەسە دەکەیت بەتایبەت ڕووناکبیران و نوخبەی بەئاگای کۆمەڵگا لەدژی دەستوور دەنگیان هەڵبڕیوە و پێیان قبووڵ نییە؟

کام خزمەت؟ ئەوەی هەژدە ساڵە وڵاتیان بۆ عەشیرەت و بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان قورغ کردووە؟ وەک دەڵێن تەنها هەوا ماوە قورغی بکەن! بەداخەوە مایەی شەرمە بەرگری و پاکانە لەوانە بکرێت! 09.7.5

بە بەرگری نەبێت لە ئەو لیستانەی داوای گۆڕان دەکەن، سەیرم لێدێت مەترسی ئەوە دەخەنە ڕوو کە گەر ئەوانە سەرکەوتن، ترس و تۆقاندن سەرهەڵدەدات! لەئێستادا، ئەو ئەگەرە زۆر دوورە، چوونکە ئەو سەردەمە بەسەرچووە، فڵان و فسار حیزب بتوانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، ڕێژەی رەها بەدەست بهێنن، مەگەر بەپارە و ساختە، ئەگینا موستەحیلە، دواتر چیان بوێت بیکەن! کۆمەڵگا هەمەچیزەیە، هەمەرەنگە. ئەو دەربڕینانە شەڕێکی دەروونییە، زۆر بڕ ناکات! 09.6.26

دەیبینینەوە، پێشداوەری لەوانەیە لەم کاتەدا نادروست بێت، کەس چاوەڕوانی موعجزە ناکات، گرنگ ئەوەیە، ئەمە هەنگاوە بۆ پاشەکشە پێکردنی ئەو دووپارەتە، ڕێژەی جارانیان لەناو پەرلەمان و حکومەتدا نامێنێت.

با واز لە کێسی ڕابەرایەتی ئەو بزووتنەوەیەی گۆڕان بهێنین، چین و چی نیین؟ لەوانەیە لەچاو کاربەدەستانی دوو پارتەکەدا دڵۆپێک بیت لەدەریایەک! نازانم ئەو بیانوانە بۆ دەهێنرێتەوە!؟ ئایا ئەوە پشتیوانی کردن نییە لەو هزرەی کە دەیەوێت ڕەوشی ئاسایی کۆن تا ئێستا وەک خۆی بمێنێتەوە و نەگۆڕێت؟!

کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە، هەنگاوێکە بەرەو پێش و گۆڕانیکی باشە و لەخزمەت کۆمەڵگا دەبێت.

ئەو گۆڕانە فرە ڕاستەقینەیەی ئێوەیش بیانوویەکە، لەهیچ شوێنێکی ئەم گۆی زەوییەدا نەک بەرقەرار نەبووە و هەرگیزیش نابێت، بەوە بێت خەڵکە دانیشێت تا زەمینەی گۆڕان دەرەخسێت. ئەوە خۆشخەیاڵییەکی بێ تامە 09.6.26

ئاخر بڕیار نییە، هێزی بزووێنەر هەرچییەکی کرد، چاوی لێدابخەیت و بڕیاری پێشوەختەی لەسەر بدەیت! ژیان وەک ڕووبار وایە، بەردەوام لەگۆڕاندایە، مرۆڤی ژیر و دانا، هەوڵ نادات بزووتنەوەیەک بەڕێبخات، بەرئەنجامەکەی هەتاهەتایی بێت، بۆ هەر سەردەمە و ڕۆژە قسەی خۆی هەیە. بزووتنەوەکە ئەو شتە قەبەیەی ناوێت، دەیەوێت ئەو هاوکێشەیەی هەیە بگۆڕێت، پەرلەمان و حکومەت. ئەگینا ئەوان نە بزووتنەوەیەکی چەپی ڕادیکاڵن، نە ڕابەرەکەی مارکس و جیڤارایە، نەشتێکی تری لەو بابەتە! ئیتر لەوانەیە ببێتە هۆی لێدان و نانبڕانی چەندان یان بەپێچەوانەوە. 09.6.27
-----------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

هەمان بابەت بەپیتی لاتینی

سەرەقەلەمەکانم لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2009 دا

....هاتن كاندیدێكی هاوردەیان خسته ناو كێبركێیەكەوه، كه فڕی بەسەر واقیعی كوردستانەوه نەبوو، وەك ئەوەی موعارەزه كەسایەتییەكی نەزیەی تێدا نەب...