سەرەقەلەمەکانم لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2009 دا


....هاتن كاندیدێكی هاوردەیان خسته ناو كێبركێیەكەوه، كه فڕی بەسەر واقیعی كوردستانەوه نەبوو، وەك ئەوەی موعارەزه كەسایەتییەكی نەزیەی تێدا نەبێت كەشایانی خۆكاندیدكردن بێت... خۆشحاڵی خۆم دەرئەبڕم كه سەرەڕای پشتیوانی لیستی گۆڕان و هەرچوار حیزبەكەش بۆ ئەو كاندیده، هەر كاك مەسعود براوه بوو، خۆ هیچ نەبێت دوو دڵۆپ خوێنی ڕشتووه بۆ كورد و ڕەگ و ڕیشەی هەیه لە مێژووی‌ ئه‌م وولاَته‌دا...
ئەوە چەند بەشێکە لەبەیاننامەی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد کاندیدی سەرۆکای هەرێم لەهەڵبژاردنی 2009 دا، لەماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاوبۆتەوە

ئەو پەیڤانە شەرم هاوەرن، گوزارشت لەحەقد و نادانایی ئەو کاندیدەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات!
یەکێ لەکەموکوڕی و سەقەتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بەتایبەتی هی سەرۆکی هەرێم، ئەوە بوو: چەند کاندید هەبوو، لەنێو خۆیاندا ڕێکنەکەوتن وەک لە هەڵبژاردنی وڵاتانی ئەوروووپا و ئەمەریکا، بەدی دەکرێت؛ لەدوا ساتەکاندا تەنازول بۆ دوانی بەهێز دەکرێت. پێدەچێت ئەوەیش دەسیسەی بارزانی بێت، تا دەنگدەڕان لەو نێوەدا بزر بن و نەزانن دەنگ بۆ کێ بدەن! یان دەنگەکان دابەش بن بەسەر چەند کەسدا! دیارە لەم نێوەدا هاوکێشەی هێز و ئۆتۆریتە دەور دەبینێت، بەهۆی دەستڕۆیشتووی بارزانی و پشتیوانی دوو حیزب، هەر ئەو براوە دەبێت!

کاتێ ئەم دیدە بەڕاست دەردەچێت دەبینن هەڵۆی برایم ئەحمەد بەو شێوەیە لەبەرامبەر دکتۆر کەمال میراودەڵی دەپەیڤێت و دەستی خۆی کەشف دەکات و بەئاشکرا پشتیوانی لە بارزانی دەکات، گوایە ئەو خوێنی لەو پێناوەدا ڕشتووە! ئاخر ئەوە چ لۆجیکێکە، لیستی گۆڕان و پشتیوانانی لەو پێناوەدا لەپارتی و یەکێتی ڕاستبوونەوە، ئامانجیان بنبڕکردنی ئەو جۆرە هزرە ناتەندروستەیە، هەموو ئەو کەسانە کە کوردستانی گەیاندۆتە ئەم ئاستە ناشیرینەی کە هەر مرۆڤێکی بەئاگا قبووڵی نەبووە، نییە. 2009.7.26

لەماڵپەڕی دەنگووباسدا، ڕیبین هەردی نووسەر و ڕووناکبیر، لەنووسێنێکیدا بەناونیشانی سەرۆکی هەرێم و دەستوور بڵاوبۆتەوە، ئاوا دەنووسێت: ... سەرۆك هیچ یەك لەو دەسەڵاتانەی بەشێوەیەكی خراپ بەكارنەهێنا. لەم چوار ساڵەی پێشوشدا سەرۆك دەیتوانی دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلهمان، بۆ جاڕدانی باری نائاسایی، بۆ بەرزكردنەوه پلەو پایەی سەربازی هێزه حیزبیەكەی خۆی بەكاریهێنێت، بەڵام نەك لەم چوار ساڵەی رابردودا كه سەرۆكی هەرێم بوو، هیچ یەك لەم دەسەڵاتانەی بەكار نەهێنا...

ئاخر وانییە لە 4 ساڵی ڕابردوودا، کەس بەوردی ئاگای لە فەرمانەکان و کاروکردەوەکانی بارزانی نەبووە، چی کردووە و چی نەکردووە؟ باش یان خراپ دەسەڵاتەکەی بەکارهێناوە! دوای ئەوە هیچ مەترسییەکی گەورە ڕووی نەداوە، گەر ڕووی بدایە ئەوا بێگومان بارزانی بەپێی ئەو دەسەڵاتە دکتاتۆرییەی لەدەستووردا پێی دراوە، دەیکرد.
هەر ئەو نەبوو مەترسی بۆ سەر حیز ب و بنەماڵەکەی لەلایە ن یەکێتییەوە بۆ دروست بوو، کفری گەورەی کرد، 31ی ئابی 1996 ی خولقاند؟ پەنای بۆ لەشکری داگیرکەری عەرەبی عێراق برد. ئاخر خۆش باوەڕی دروست کردن لەپای؟ 2009.7.25

"هەردەم و هەموو کاتێک، پەرلەمانی کوردستان له هەر کەس و پارتێک شەرعییەتی زیاتره و من داوا له پەرلەمان دەکەم، که ئەو بڕگەیەی که تایبەته به سەرۆکی هەرێم دەربهێنرێت، چونکه من هەبوونی دەستوورم زۆر پێ گرنگتره له هەبوونی سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان" پەیڤەکانی مەسعود بارزانی، ڕۆژی 09.7.19 لە یاریگای باژێڕی سلەیمانی، لەماڵپەڕی پەیامنێر ڕۆژی 2009.7.19 دا بڵاوبۆتەوە.

ئەو پەیڤانە یان ئەو داوا فەرمانئامێزە، ناچیتە گیرفانەوە، چوونکە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، بە چەواشەکاری دەژمێررێت، هاوکات دانپیانان بە شکستیدایە، دەچێتە ریزی ئەو دوو پاشەکشیەیەی کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بەو سەرۆکە و بە لیستەکەیان کرا! 2009.7.20

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئێمه هەر بێلایەنین، بەڵام بۆ ئەمڕۆ و لەم دەمه حەساسەدا، بەبڕوای شەخسیی خۆم وای دەبینم ژ بۆ سەرۆکایەتیێ هەرێمی بەڕێز مەسعود بارزانی دکاریت سەرۆکایەتیێ بکات!!!
چاوپێکەوتنی موراد قەرەیلان ی ڕۆژی 09.7.18 ی لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دا

لەم کاتەدا وێرای ئەوەی مەسعود بارزانی و هاوشێوەکانی دەوریان هەبوو لەوەی پیاوەکانی PKK لەهەرێمی کوردستان کە لەژێر ناوی پارتی چارەسەریدا و لیستی هیوا کاردەکەن و نەیانهێشت بەشدار بن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و دەگەیەکی گەورەیان لێدان، کەچی و سەرەڕای ئەوە دێت پشتیوانی لەکەسێک دەکات کە زۆربەی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان بێزار و ناڕازین لەدەستی، ئەم بەشیاوی دەزانێt بۆ سەرۆکایەتی هەرێم! لایەنگرییە لەنووکەدا بەرتیلێکی باشە, بەڵام بۆ داهاتووی گۆڕانکارییەکان، بەزەرەریان دەکەوێتەوە. 2009.7.18
لەماڵپەڕی کوردستان پۆستدا بەم شێوەیە بەناڕاست پیشاندنی قسەکە بڵاودەبێتەوە:
ماڵپەڕی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، قەرەیلان گووتی، من لێدوانێکی بەوشێوەیەم نەداوە، ئەوەی من گووتوومە ئەوەیە؛ لەو کاندیدانەی بۆ سەرۆکی هەرێم بارزانی دەرفەتی سەرکەوتنی لەهەموویان زیاترە لەبەر ئەو هەموو ئیمکانەی چ لەلایەنی رێکخستنی و چ لەلایەنی راگەیاندنی کەلەبەردەستی دایە. 2009.7.22

گۆرِان و موسته‌شار و به‌ختیار عه‌لی و قورئان و شیَخه‌كانی؟ ناونیشانی باسێکی بەڕێز سەلام عەبدولڵایە، لەیەکدوو ماڵپەڕدا بڵاوبووە. رەخنە لەو کارانە دەگرێت کە لیستی گۆڕان لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، پەنا بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا دەبات، پێی وایە لەگەڵ پەیامی ڕاستەقینەی گۆڕان نایەتەوە.

دەرخستنی کەموکوڕییەکانی فڵان و فیسار لیست جێی خۆشحاڵییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆش بۆ خۆت لەلیستێکدا بەشداری، کەواتە ئەمە دەچێتە خانەی کێبرکێی هەڵبژاردنەوە! دوای ئەوە بۆ نووکی پێنووست کردۆتە لیستی گۆڕان؟ تۆبڵێی ئەو شەیتانی گەورە و لیستەکانی تر بەتایبەتی لیستی کوردستانی فریشەتە بن! ئەمە لەکاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرێت لەم پرۆسەیەدا بە تەزویری شاراوە تەقلە بەلیستەکانی تر لێبدەن!؟

دوای ئەوە لیستی گۆڕان عاجباتییەکی سەیروسەمەرە نییە، هەڵقووڵاوی ئەو کۆمەڵگایە کە پڕە لە ناشیرینی، بەپاڕانەوە نەبێت، چیبکات، چۆتە پرۆسەیەکەوە خۆ دەبێت لایەنی کەم بەئەنجامێکی باشەوە بێتە دەر، کەواتە ئاساییە لەو هەڵمەتەدا وەک هێزە باوەکان پەنا بۆ چەند لایەنی تاریکی کۆمەڵگا بەرێت، بەڵام لە نێو ئەوانەشدا ناڕەزایەتی هەیە، بەشخوراو هەیە. گرنگ ئەوەیە لەدوای ئەنجامەکان ئەم لیستە درێژە بەو کارە نەدات. 2009.7.19

ناتوانم لەئاست پڕۆژەی دەستور بێدەنگ بم، كه بەزۆر و به پاڵەپەستۆ، به نیوەناچڵ تێیپەڕێنرێت، لەڕێی پەرلەمانێكی واده بەسەرچوی ناشەرعییەوه، شەرعیەتی پێ بدرێت، دەستی بۆ هەڵبڕم! نا ئەوه ناكەم. تەنانەت ئەگەر سبەینێش زۆرینەی خەڵك دەنگی بۆ بدات، لەگەڵ رێزم بۆ دەنگانیان، بەڵام تا گۆڕانی تەواوی بەسەردا نەیەت، به دەستوری خۆمی نازانم.
نووسینێکی شێرکۆ بێکەس، بەناونیشانی: ئێمە چقڵ نیین..کلین کە لەڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوبۆتەوە.
بەڕێزێک لێم هاتە وەڵام و چەند دێڕێکی وەک کۆمێنت بەردوو زمانی کوردی بەپیتی لاتینی و ئینگلیزی لەشێوەی پرسیار بۆ نووسیبووم. منیش ئاوا وەڵامم دایەوە:

ئەوە بەدەست کەس نییە، کاری ناجاڵتمانانەی خودی پەرلەمانە، کە خۆیان کردە مەخسەرە، و لەیاسا لایاندا، درێژەیان بە ژیانی پەرلەماندا! ئەوەیش لەئەنجامی فشاری هەردو زلهێزەوەکەوە بوو! کەواتە دەکرێت لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو کە من دەنگم پێداوە، خەسڵەتی ناشەرعی بوونیان بەسەردا بدەین. هیچ تەبریرێکیان بەدەستەوە نەبوو، وەک رەوشی جەنگ و ... بۆ ئەو درێژکردنەوەیە! هاتن گرنگترین بەڵگەنامەیان پەسەند کرد!

هەروەها لەبەرانبەر پەیڤی خانمێکدا کە ئاوای نووسیبوو : بۆ ئەوەی لە جیهان ناسراو بیت و شانازی بەسەرۆکی وڵاتەکەت بکەی، دەنگ بە سەرۆک بارزانی ژمارە 12.
دەڵێم:
نا ئاخر ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە سەرۆکی هەرێمە، ئەوەی کردوویەتی تەنها بەهێزکردنی پایەی بنەماڵە و عەشیرەت و دەڤەر و ناوچەی نفوزی خۆی و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر بووە. گەر ڕاستگۆ بوایە خۆی کاندید نەدەکردەوە، وازی دەهێنا، جێی چۆڵ دەکرد بۆ خەڵکی شایستەی تر، تا ئەو بەرپرسیارێتییەی بگرتایەتە ئەستۆ، بەڵام ئەو تامەزرۆ و شەیدای پلەوپایە، وا دەزانێت لەو باشتر نییە بۆ ئەو پۆستە! بۆیە دەیەوێت بیکات بەهەشت ساڵ! بەو هۆیەوە گەر سەروەرییەک کە لەباوکییەوە بۆی ماوەتەوە و ئەوە چەندەها ساڵە خێری بۆی داوەتەوە، لەدەستی دەدات، کۆتاییەکەی نەک بە ناشیرین بوون بۆ خۆی بەڵکوو بۆ گشت مێژووی بنەماڵەکەی دەکەوێتەوە. 09.7.8

ئیتر وایە، کۆمەڵگاکەمان دواکەوتووە، بەڵام ئەوانەی هەمان کردەوە بکەن و خزمەت بەگیرفان و عەشیرەت و بنەماڵەی خۆ بکات و گەندەڵ بێت، بێگومان لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەدەردی پارتی و یەکێتی دەچێت. ئەوە بیانوویەکی بێمانایە هەر لە ئێستاوە دوودڵی و گومان لەبەرانبەریاندا بچێنرێت! گوایە هەمان کاری پارتی و یەکێتی دەکەن و لەسەر حسابی خەڵک دەوڵەمەند دەبن! ئەبێت ئالیەتێک، دامودەزگایەک چێ بکرێت، چاودێری نەک بەتەنها سیاسەتمەداران بەڵکوو هەموو کۆمەڵگا بکات.
بەو پێیە بێت نابێت هیچ بکەین لەبەر ئەوەی ئەوانی کە تازە دێن نایانناسین، ئەمە ڕێک هزری کۆنەپارێزیی بەهێز دەکات، دژی گۆرانخوازییە! بەپێچەوانەوە لەژیانی مۆدێرندا تاقیکردنەوە و ئەزموون کردن، دینامییەت دەدات بەژیان، نەک ڕایوەستێنێت. 09.7.6

ئەم دوو رکەبەرەی سەرۆکایەتی هەرێم (دکتۆر کەمال میراودەلی و هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد ) پێباشترە، بەڵام لەوڵاتێکی دواکەوتووی وەک هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا نەک دەزگا حکومییەکان بەهێز نیین، بەڵکوو دەزگاکانی دیکەی مەدەنیش نییە و بێهێزن.! بۆ نموونە گەر منازەرە بکرێت لەنێوان لیستەکاندا کام کەناڵی سەربەخۆی تەلەفیزیۆنی وەک CNN بەو ئەرکە هەڵسێت؟
کێشەکە لەدەستووردایە، گەر وەک ئەمەریکا دەستنیشانی ماوەیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردبێت، هەر کەسێک تەنها دوو دەورە بۆی هەبێت خۆی کاندید بکات، ئەوا تەمەنی درێژی مەسعود بارزانی هەر چوار ساڵی دیکەیە. 09.7.6

ئەوەی لەوێدایە، دیدی من نییە، بەڵام بۆچوونێکی جوانە، هێندە بزانم، تۆ کارمەندی لەدەزگایەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت کە بەپارە و پووڵی مەسعود بارزانی و پارتی دەردەچێت و پشتیوانی لێدەکرێت! کەواتە مووچەکەت لەوەوە وەردەگریت، ئاساییە بەرگری لێبکەیت. دوای ئەوە بەڕێزتان خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن، لەوانەیە بێئاگابن لەوەی کە ئەو کەسە و پارتەکەی چییان بەخەڵکی باشوور کردووە؟ ئێمە دەرد و قەهرخواردن بەدەست ئەوانەوە بینیوە و دەچێژین.

دەمەوێت زیادەیەک بخەمە سەر ئەوەی نووسەر، ئەو کەسە، بەهەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەو پلەوپایەیە نەگەیشتووە، وەک خەلافەت بۆی ماوەتەوە، بۆیە جێی قبووڵ نییە. گەر تا ئێستا هێنابێتی و چاوپۆشی لێکرابێت لەمەودوا، هەرگیز. بەداخەوە لەم هەڵبژاردنەدا ڕکەبەرێکی بەهێزی لەبەرانبەردا قوت نەبۆتەوە!
گریمان من بێبنەما قسە فڕێ دەدەم، ئەی چی لەو هەزارەها کەسە دەکەیت بەتایبەت ڕووناکبیران و نوخبەی بەئاگای کۆمەڵگا لەدژی دەستوور دەنگیان هەڵبڕیوە و پێیان قبووڵ نییە؟

کام خزمەت؟ ئەوەی هەژدە ساڵە وڵاتیان بۆ عەشیرەت و بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان قورغ کردووە؟ وەک دەڵێن تەنها هەوا ماوە قورغی بکەن! بەداخەوە مایەی شەرمە بەرگری و پاکانە لەوانە بکرێت! 09.7.5

بە بەرگری نەبێت لە ئەو لیستانەی داوای گۆڕان دەکەن، سەیرم لێدێت مەترسی ئەوە دەخەنە ڕوو کە گەر ئەوانە سەرکەوتن، ترس و تۆقاندن سەرهەڵدەدات! لەئێستادا، ئەو ئەگەرە زۆر دوورە، چوونکە ئەو سەردەمە بەسەرچووە، فڵان و فسار حیزب بتوانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، ڕێژەی رەها بەدەست بهێنن، مەگەر بەپارە و ساختە، ئەگینا موستەحیلە، دواتر چیان بوێت بیکەن! کۆمەڵگا هەمەچیزەیە، هەمەرەنگە. ئەو دەربڕینانە شەڕێکی دەروونییە، زۆر بڕ ناکات! 09.6.26

دەیبینینەوە، پێشداوەری لەوانەیە لەم کاتەدا نادروست بێت، کەس چاوەڕوانی موعجزە ناکات، گرنگ ئەوەیە، ئەمە هەنگاوە بۆ پاشەکشە پێکردنی ئەو دووپارەتە، ڕێژەی جارانیان لەناو پەرلەمان و حکومەتدا نامێنێت.

با واز لە کێسی ڕابەرایەتی ئەو بزووتنەوەیەی گۆڕان بهێنین، چین و چی نیین؟ لەوانەیە لەچاو کاربەدەستانی دوو پارتەکەدا دڵۆپێک بیت لەدەریایەک! نازانم ئەو بیانوانە بۆ دەهێنرێتەوە!؟ ئایا ئەوە پشتیوانی کردن نییە لەو هزرەی کە دەیەوێت ڕەوشی ئاسایی کۆن تا ئێستا وەک خۆی بمێنێتەوە و نەگۆڕێت؟!

کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە، هەنگاوێکە بەرەو پێش و گۆڕانیکی باشە و لەخزمەت کۆمەڵگا دەبێت.

ئەو گۆڕانە فرە ڕاستەقینەیەی ئێوەیش بیانوویەکە، لەهیچ شوێنێکی ئەم گۆی زەوییەدا نەک بەرقەرار نەبووە و هەرگیزیش نابێت، بەوە بێت خەڵکە دانیشێت تا زەمینەی گۆڕان دەرەخسێت. ئەوە خۆشخەیاڵییەکی بێ تامە 09.6.26

ئاخر بڕیار نییە، هێزی بزووێنەر هەرچییەکی کرد، چاوی لێدابخەیت و بڕیاری پێشوەختەی لەسەر بدەیت! ژیان وەک ڕووبار وایە، بەردەوام لەگۆڕاندایە، مرۆڤی ژیر و دانا، هەوڵ نادات بزووتنەوەیەک بەڕێبخات، بەرئەنجامەکەی هەتاهەتایی بێت، بۆ هەر سەردەمە و ڕۆژە قسەی خۆی هەیە. بزووتنەوەکە ئەو شتە قەبەیەی ناوێت، دەیەوێت ئەو هاوکێشەیەی هەیە بگۆڕێت، پەرلەمان و حکومەت. ئەگینا ئەوان نە بزووتنەوەیەکی چەپی ڕادیکاڵن، نە ڕابەرەکەی مارکس و جیڤارایە، نەشتێکی تری لەو بابەتە! ئیتر لەوانەیە ببێتە هۆی لێدان و نانبڕانی چەندان یان بەپێچەوانەوە. 09.6.27
-----------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا

هەمان بابەت بەپیتی لاتینی

حەمەکەریم عارف، بۆ منیش وایە!



حەمەکەریم عارف، نووسەر و وەرگێرێکی چابووک، ئەو کاتەی گۆڤاری ئەدەبی کرێکاریم 1991 - 1996 دەردەکرد، زۆر جار وەک ڕاوێژکاری زمانەوانی هاوکاری دەکردم، پەیوەندییەکی تۆکمەمان پێکەوە هەبوو.

ماڵیان لەقەزازەکان بوو، بۆ ڕۆیشتن و هاتنەوە دەبوایە بەشەقامی سابوونکەراندا تێپەڕێت، ڕۆژانە سەریلێنەدامایە، ئەوا نیگایەک یان سڵاوێکی تێدەگرتم. زۆر خاڵ منی ئۆپۆزسیۆن و منی ئەهلی نووسین و کتێب و عاشق بەئەدەبیاتی فارسی، زۆر منی تر لەگەڵ ئەودا کۆکردبووە. هەرداوایەکم لێبکردایە مەگەر چۆنها ڕەتیبکردایەتەوە، گەلێک لەئەدەبیاتی چەپی جیهانی و فارسیم دەدایە، بۆی وەردەگێڕام، بێئەوەی ناوی بهێنم، یەکێک لەوانە کتێبەکەی بلخانۆف بوو, بەناوی هونەر و ژیانی کۆمەڵایەتی بە زنجیرە بڵاومکردەوە، قبووڵکردنی بۆ موعجیب بوونی بەنووسەرەکەوەیەوە.

پاش چەند ساڵ هەمان تێکستی چ وەک کتێب چ لەبڵاوکراوەکانی تردا، بێئەوەی ئاماژە بەوە بدات کە یەکەم جار لەفڵان گۆڤاردا بڵاوبۆتەوە!
جارجاریش لەسەر هەڵوێست وەرگرتنی گۆڤار لەسەر زۆر ڕووداوی ئەدەبی و هونەری و سیاسی ناکۆکی و دڵیەشان دەکەوتە نێوانمانەوە.

سەرەڕای ئەوە، بۆ من ئەو نووسەرێک و پێنووسێکی ماندوونەناس و گەورە بوو، قابیل بەلێخۆشبوون و فەرامۆشکردنی ئەو کەموکوڕیانە بوو. لەلام ڕەش نەدەبوو، هەمیشە جێی ڕێز و حورمەتی زۆر بوو لەلام.
ئەوەی تێبینیم لەکەسایەتی ئەودا دەکرد دانی خێری نەدەنا بە کەسدا و ڕەگێکی عەبەسی و بێهودەییم لەدەماریدا دەدی! کە دەتووت وانییە، بەخۆیدا دەچووە و لەسەر هەمان کەس داوەرییەکەی دەگۆڕی!

ڕۆژان ڕۆیشت تێپەڕی، چ من چ ئەو گۆڕانکاری لەژیانماندا بەهۆی هەلومەرجی خراپی ئەوساوە، هەر یەکە کەوتینە لایەکەوە، من لەئەورووپا ئەویش لەبەری پارتی دیموکراتی کوردستان گیرسایەوە. دواهەمین جار لەساڵی 2005 دا لەنێوان کەرکوک سلەیمانیدا لەچاخانەیەکی سەر ئەو ڕێگایە بەڕێکەوت یەکترمان بینییەوە.

لەگەشتنامەکەمدا ئاوام نووسیوە:
050720 چووم بۆ هەولێر، بەمەبەستی سەردانی خوشکه بچوکەکەم که قاچی شکا بوو، نەمزانی بەچی وای لێهاتووه؟! لەچیمەن بەڕێکەوت حەمەکەریم عارفی نوسەر و وەرگێرم بینی، بەرەو کەرکوک دەچوو. وتم لەتیف هەڵمەتیش لەوێیه یەکسەر بەئیستفزازەوه وتی: جەلالییه! لەو چەند خولەکەدا چەند جار ئەو وشەیەی دووباره کردەوه! منیش بەتوانجەوه لە دێڕێکمدا وتم: وەک تۆ دەڵێی جەلالی فلان شت وایه! ئیتر نازانم لەمەبەستم گەیشت؟

لەسەر ڕەوشی کەرکووک پرسیارم لێکرد زۆر ڕەشبینانه وەڵامی دایەوه. هەرچەنده وەڵامم دایەوه که بەو شێوەیه نییه. لەدڵی خۆمدا وتم: تۆ سەیری ئەم جۆره کەسانه بکه چەند دڵڕەشن لەبەرامبەر یەکتر و شتەکاندا! کۆنیش هەروا ڕەشبین بوو.

پەشیمان بوم، شەلڵا نەمبینیایه. سەیرم لێدێت کەسێکی خوێنەواری وا بەزمانی ئەندامێکی نەخوێنەواری پارتی دەپەیڤێت !؟ دیاره ئەم جۆره پێنووسانه نانێک هەبووبێت لەدووبەرکیدا خواردوویانه، بۆیه هەر بەو ئاوازەوه لێدەخوڕن!!!

سەرەڕای ئەوەی هەر تاکیکی کۆمەڵگا بگریت بەشی خۆی لە جوانی و ناشیرینی بەهرەمەندە، بۆیە ئاساییە بڵێین: حەمەکەریم عارف، کوری سەردەمی خۆیەتی و کۆمەڵگاکە مۆری خۆی لێداوە، کەسیش ناتوانێت لێی دەرباز بێت. بەڵام جیاوازی ئەم لەوەدایە کەبە کار و بەرهەم و هەوڵی بێوچانی ئەو خاڵە نێگەتیفەنەی هەیەتی، کاڵ کردۆتەوە، دەکرێت بڵێم لەچاوی زۆر کەسی تردا لەنرخی نەبوانە.2009.7.24
-------
کتێبی ئاماژە بۆ کراوە

ئەو تێکستەی شێرکۆ بێکەس، بەناونیشانی: حه‌مەكەریم عارف، پیاوێك له‌ بارانی وشەی بەردەوام! کەهانی دام ئەم چەند دێڕە بنووسم


تێکستی گەشتنامەکەی ساڵی 2005

هەمان بابەت لە هەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی؛دا

هەمان تێکست بەپیتی لاتینی


سیستەمی سەرۆکایەتی و دووفاقی دەسەڵاتدارانی هەرێم!


فەرید ئەسەسەرد، یەکێ لە ڕاوێژکاڕانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە مێژەوە سەرۆکایەتی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دەکات، لەنووسینێکیدا بە ناونیشانی؛ ئاماژەکانی پشت وەڵامەکانی سەرۆک وەزیران، کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی ڕۆژی 13ی 7ی 2009 دا بڵاوی کردۆتەوە، وەک دیارە وەڵامی مالکی دەداتەوە. ئەو خاڵانەی بەپلەی یەکەم پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، یەکێ لەوانە ئەو ناوچانەی ململانێیان لەسەرە، ئاوا دەڵێ:

... كاربەدەستێكی گەورەی عیراق لەئاستی سەرۆك وەزیران نكۆڵی لەبوونی ناوچەكانی ململانێ بكات و دژی دەستەواژەكە بوەستێتەوه ...

هێندە پڕە لێی، تەشبیهی لەم جۆرەی دەکات:

... هونەری دیپلۆماسیەتی تێدا نییە كەدەگاته ئاستی دەبەنگی...

لایەنێکی گشتی تر، کە مالکی وروژاندوویەتی و دوور و نزیک هەر سەروچاوی کورد دەگرێتەوە و لەدژی ئەو بەکاردەهێنرێت، گوایە لە عراقدا زۆرینە عەرەبی شیعیە، بۆیە هەقی فەرزکردنی بەسەر ئەوانی تردا هەیە! هاوکات لەقکردن و وەستانەوە لەدژ مەبدەئی تەوافق!

ئەوەی جێی باسی ئێستایە، خاڵی کۆتایی نووسینەکەیە، نووسەر لەدژی وەستاوەتەوە، لەبەرانبەر عەرەبە بێگانەکاندا هەڵوێستی پۆزەتیف پیشاندەدات! کەچی بۆ ناوخۆ، شتێکی ترە! ئەویش سستەمی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیە و بابەتێکە لەناوخۆی هەرێم بەگەرمی قسەی لەسەر دەکرێت:

... سیستمی سەرۆكایەتی بۆ ولاتێكی وەكو عیراق لەدوو لاوه بێكەڵك بێ، لەلایەك لەبەرئەوەی سیستمی سەرۆكایەتی لەهەموو ئەو ولاتانەدا كەپێشینەیەكی دوورودرێژیان لەدیموكراسیدا نییه، هەمیشه سەرەنجامەكەی بەدیكتاتۆریی دەگات، ئەوەی ئەمەش ساغدەكاتەوه ئەوەیه كەیەكێ لەهۆكانی كزیی دیموكراسی لەناوچەی رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بۆ پیادەكردنی سیستمی سەرۆكایەتی دەگەڕێتەوەو ئەمەش وایكردووه تەنها لەدوو ولاتی ناوچەكەدا كەتوركیاو ئیسرائیله سیستمەكەیان پەرلەمانییه، دیموكراسی سەقامگیریی بەخۆوه ببینێ...

ئەم بۆچوونە لەکاتێکدا جێی پەسەندی هەر هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەوەی چۆن داوا لەعەرەبەکان دەکرێت ڕعایەتی خاڵە بنەڕەتییەکانی دیموکراسی بکەن و مەبدەئی تەوافقیان قبووڵ بێت، بەتایبەتی سیستەمی سەرۆکایەتی، هاوکات دەبێت بۆ ناوخۆی هەرێمیش داوا بکرێت و هەمان شت بێت، بانێک و دوو هەوا نەبێت!

وەک دەبینین هەر ئێستا لەم هەڵبژاردنەدا، پێچەوانەی ئەو دیدە پراتیک دەکرێت، هاوکات لە تێکستی ڕەشنووسی دەستووریدا دەسەڵاتێکی زۆر بەسەرۆکی هەرێم دراوە! ئەو پلەوپاییە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە نەک میللەت هەڵیبژێرێت و دەستنیشان بکرێت! ئەوەی دەگوزەرێت زەمینە خۆشکردنە بۆ سەرۆکێکی دکتاتۆر ، کە لەبەرژەوەندی هیچ لایەک نییە! وەک چۆن لە عێراقدا دەسەڵاتەکان دابەش کراوە، دەبێ لە هەرێمی کوردستانیش ، گەر چاکتر نەبێت ئەوا دەبێت لایەنی کەم وەک ئەو بێت. 2009.7.14
--------
هەمان بابەت بە پیتی لاتینی
هەمان بابەت لەهەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی؛دا

لیستی گۆڕان، لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟


سیاسەت لەوە دەرچووە بەتایبەتی لەکۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، بەتەنها ڕێکخراوەیەکی بەدسپلین بیبا بەڕێوە، یان کاری بێت. ئەو ڕێکخراوەیە ئیتر بەهرەمەد دەبێت لە پەیرە و پرۆگرام، کۆت و بەندی جۆراوجۆر.

دەکرێت هەر ئەو کارە بەدسپلینە بەبێ ئەوەی لەسەر پەیرەوپرۆگرام بڕوا، خۆرسکیانە، یان لایەنی کەم لەسەر چەند خاڵی هاوپەش بێت و پێک بێت. زۆر جاریش لەوانەیە گروپێکی هەڵسووڕاوی خەڵک یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن ( وەک ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە و.. ) ئەنجامی بدەن. ببێتە هۆی هەڵخراندنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا و سەرئەنجام گۆڕانکاری بخولقێنن. کەواتە وەک هەر دیاردەیەکی تر ئەوەی ناوی پارت یان حیزب گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە و لەجێی خۆیدا نەماوە.

لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دیارەدەی حیزبایەتی لەچاو وڵاتینی ئەورووپا ناشیرین تر و دزێوتر خۆ دەنوێنێت، بەگشتی لەبەر ئەوەی ئەو ئامرازە، وەک هەر شتێکی تر بە خراپ و سەقەت بەکاردەهێنرێت، بۆتە ئامرازی دەستی خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە! وای لێدەکرێت ببێتە بەڵای سەر خەڵک! ئامرازێکە لە بناغەدا بۆ خزمەت و ڕێکخستنی خەڵک دروست بووە، کەچی بەپێچەوانەوە لەدژی خەڵک بەکاردەهێنرێت! بۆیە ناهەقی خەڵک ناگیرێت بەهەموو سیاسەتێک بڵێن درۆ و سیاسییەکانی ناو حیزبەکانیش بەیەکەم درۆزن سەیر بکەن، گومانیان لەڕاستگۆییان هەبێت.

کەواتە بیر لەوە کراوەتەوە کە بەدەر لەو ئامرازە، خەڵک یان ژمارەیەک هەڵسووڕاوی بوارێک لە بوارەکان، دەست بۆ سیاسەت لەدەرەوەی ئەو بازنەیەی ناشیرین کراوە، بەرن، کە پێی دەڵێن حیزب. لەو نموونانە لە میسری عەرەبی بزووتنەوەی بەسە یان دەئیتر بەسە بەرجەستەتریانە.

لەهەرێمی کوردستانیش پاش ساڵەهای ساڵ چەند هەوڵێکی پەرتەوازەی وا چێبووە، و خەملیوە، بەڵام زۆر بەهێز نەبووە، و ژیانی نەکردووە! دیارە هۆی بەسەرئەنجام نەگەیشتنی ئەو هەوڵانە زۆرە، کە جێی باسی هەنووکەی ئێمە نییە.

ئەوەی ئێستا لەهەرێمدا دەگوزەرێت، ئەوەی گروپێ یان بزافێک بەناوی گۆڕانەوە، بەهێز و وزەیەکی زۆرەوە هاتۆتە مەیدان، درێژکراوەی ئەو هەوڵانەی پێشووە، کە ئاماژەمان بۆکرد. بۆتە هەراسانکردنی هێزە تەقلیدییەکان هەرێم، بزووتنەوەکە بەهرەمەندە لە چەند خاڵی درەوشاوە؛ لەوانە:

١- کاریزامایی کەسێک و ڕوویەکی ناسراو و لەمێژینەی بزووتنەوەی سیاسی وەک نەوشیروان مستەفایە.
خاڵی درەوشاوەی کەسایەتی ڕابەرایەتی بزووتنەوەکە، دوای ئەوەی لەناوخۆی کۆنە حیزبەکەیدا نەیتوانی بزووتنەوەی چاکسازی بەسەرکەوتن بگەیەنێت، هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراوی نا، و سەپرایسی خولقاند، کە لەنێو سیاستمەدارانی کورددا نوێ بوو، وەک چۆن سیاسەتمەدار، وەزیر، سەرەک وەزیرانێکی ئەورووپی دوای شکست لەهەڵبژاردن، دەرکەوتنی کاری گەندەڵی،... واز دەهێنن و ئیستیقالە دەکەن، هەمان گاڤی هەڵهنا، و لە هەموو پەلە و پایەی حیزبی و ماندوو بوون و مێژووی درێژخایەنی خۆی خۆش بوو، هاتە دەرەوە.

٢- گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ناکارایی بکەرانی سیاسی ئێستا و بێباکی لەئاست ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵکی، تا ئەو ئاستەی کە قابیلی ئەوەیە لەهەر کاتێکدا بتەقێتەوە و زەرەر لەکۆی ئەزموونەکە بدات.

٣- دەست بردن بۆ ئامرازێکی نوێ کە لە هزری ئەورووپییەوە سەرچاوە دەگرێت. قابیلی پشتیوانی خەڵک و تەنانەت نوخبە - دەستبژێری کۆمەڵگا بە تایبەتی ڕووناکبیران و نووسەر و ئەدیبان بوو. ئەو توێژەی کە بەگرانی خۆ دەدەەن بەدەستەوە.

٤- لەنێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا دوو هێزی تەقلیدی زۆر لەمێژەوە، ململانێیانە، هەر یەکەیان بەستایلێک کاریان کردووە و دەیکەن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، درێژکراوەی هزرێکی جیاواز و هاوکات هەجین و ناکامل، بەماتریاڵی و وزەی کوڕوکاڵانی شارە و خاوەن شەهادەکان، پێکهاتووە. تایبەتمەندی و خەسلەتی شارنشینان ئەوەیە؛ گروپی جیاواز پێکەوە دەست لەدەست دەتوانن کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.

ئەم ڕێکخراوە سکۆلار و ناسکۆلارە لەچەند خەسڵەت بەهرەمەندە؛ لەوانە هەر یەکەیان بەجیا لەنێو چینو توێژەکان کار دەکەن، دوورونزیک هەلومەرجی کۆمەڵگا لەسەریان کاریگەری دروست دەکات. بۆیە هەردەم لەنێوخۆی ئەو ڕێکخراوەیەدا ململانێی بەردەم هەست پێکراوە و قابیل بەشاردنەوە و پەردەپۆشکردن نەبووە. ئەم ستایلە نوێیە لە شۆڕشی نوێی چەکداریدا، جەماوەرێکی زۆری لەدەور خۆ کۆکردەوە، بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بووە یەکەم کایەکەر و پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی ئەو کات.

لەقۆناغی ڕاپەڕین، و دەسەڵاتدا، ئەمیش گۆڕا، لەجیاتی ئەوەی هێڵی بەیانی ڕوو لەسەر بچێت، وردەوردە لەهەموو ئەو خاڵە پۆزەتیفانەی تێیدا بوو پەشیمان بووە و سڕییەوە، بەشێوەی جۆراوجۆر کەوتە لاسایکردنەوەی باڵی ڕاستی بزووتنەوەی کوردایەتی بەڵام بەشێوەیە کۆمیدییەکەی!

بەر لە چەند ساڵ، ئەو نادادپەروەرییە و فەوزایەی لەکۆمەڵگادا بوونی هەبوو، لەئاستی خۆی چووە دەرێ، بێتام و بێلەزەت بوو، تەحەمول نەدەکرا، لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیدا بەشێوەی جۆراو جۆر و تا ڕادەیەک درێژماوە رەنگی دایەوە، و گێنگڵی خوارد، سەرئەنجام تەقییەوە.
مێژوو ئەوە بەخاڵێکی پۆزەتیڤ بۆ ئەو حیزبە و نموونەی وەک ئەو تۆمار دەکات.

بەپێچەوانەی باڵی ڕاستی بزووتنەوەی سیاسی کورد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات. هیچ جۆرە کاریگەرییەک لەنێو ڕیزەکانیدا ڕەنگیان نەدایەوە، وەک ئەوە وایە مێشیش میوانی نەبێت و گرفت و کێشە چارەنەسەرکراوەکانی خەڵکی بەلاوە هیچ و پەشمەک بێت!

٥ - لەهاوکێشەی سیاسیدا، باڵی ناسۆنالیستی ترسی خۆی لە تەوژمی ئیسلامی نەشاردۆتەوە، هەمێشە وەک هێزێکی نەیار و ترسناک بینیویەتی، بەڕێگای جۆراوجۆر لە هەوڵی بەرپێگرتنیدا بووە، بە پشتیوانی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان و دەوڵەتانی زلهێزی دنیا و هێزە سکۆلارە جۆراوجۆرەکان.

ناکرێت لەکایەیەکدا کە بەرهەمی دنیای مۆدێرنەیە، هێزە گەلێکی نەیار لەدژی خۆی بەکاریبهێنێت، بۆ نموونە یەکێک لەپایەکانی سیستەمی دیموکراسی کە هەڵبژاردنە، لەو ڕێگایەوە و لەڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە دەسەڵات بگرنە دەست، دواتر زۆر بەگران بەقوربانییەکەی زۆرەوە لادەبرێن. کەواتە دروست بوونی لیستی گۆڕان وێڕای چەند خاڵی پۆزەتیف، دەتوانرێت وا دابنرێت کە بۆ مژینی دەنگی هەموو ئەو ناڕازیانەیە کە ئیحتماڵە لە داخی ناشیرینییەکانی دەسەڵات دەنگ بەوان بدەن. 2009.7.9
--------
ئەم بابەتە لەسیمینارێکدا کە لەڕۆژی 09.7.9 پێشکەش کرا.
هەمان تێکست بەپیتی لاتینی
هەمان تێکست لە ماڵپەڕی سبەی؛دا

دەستوورە فەیکەکە!


کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیان پێکهێنا، وترا پێدەچێت هاوڕێیان ژیر(مەبەست لەسیاسەتی ژیرانەیە) بووبێتن، ئەو بۆچوونە هەڵە دەرچوو، ئەم چاوپێکەوتنەی عوسمانی حاجی مارف ئەوە دەسەلمێنێت. لەسەر هەمان ئاوازی کۆن بەخەڵکی دەڵێن؛ مەچن بۆ دەنگدان! ئاخر ئەوە چ لۆجیکێکە مرۆڤێک ڕۆبۆت ئاسا پەیڤی دەساڵ لەمەوبەر بڵێتەوە! بێ زیادکردنی شتیکی نوێ! لەوانەیە خەڵکیش بە دۆگما بزانن و بشوبهێنن! سەیرم لێدێت بە کۆمۆنیستی لەدایک بیت و بە کۆمۆنیستی بمریت!

ئەوە پەیڤانەی دەرهەق بە لیستی گۆڕان کردوویەتی، جۆرێکە لەبەرتیلدان بەلیستی کوردستانی، گەر واش نەبێت بەقازانجی ئەوان دەشکێتەوە. هەواڵەکان وا دەڵین کە مەلا بەختیار لەپشت ئەو دنەدانانەوە بێت! ئیتر لەبەرانبەردا، کۆمۆنیستی کرێکاری چی بەدەست دەهینێت، جارێ رۆشن نییە!

تەناقوزی سەیر لەو چاوپێکەوتنەدا بەدی دەکرێت، لەلایەکەوە باس لەسەربەخۆیی عەیارە بیستوچوار دەکات، لەلایەکەوە گاڵتەی بەدەستووری هەرێم دێت، پێیوایە تەنها خاوەن کیانی سیاسی هەقی دانانی دەستووری هەیە و دەبێت هەیبێت! هەموو کەس ئەوەی دەربڕیایە نەدەبوو عوسمانی حاجی مارف بیڵێت، چوونکە لەبەر ئەوەی دەرچووی کولیجی یاسایە! بەڵام دەڵیی چی، سیاسەت سەری لەزۆر کەس تێکداوە!09.7.1
تێکستی چاوپێکەوتنەکە

بۆ قوباد تالەبانی، لەدەستوورە فەیکەکەدا وا هاتووە کە هەر یاسایەک بەپێچەوانەی ئیسلامەوە بێت قبووڵ نییە! ئایا ئەو ئازادییە ئاینیە بۆ کەسانی بێ ئاینیش هەیە؟ ئێمە هەڵقوڵاوی ئەو کۆمەڵگا ناشیرینەین، بۆ خۆمان بخەڵەتێنین! چ کەسێک بەئاشکرا دەوێرێت دژی خوا و پێغەمبەر و ئاین بێت؟ بەس تەنها ئازادی بۆ ئایینی ئیسلام زۆر زۆرترە وەک لەئایینەکانی تری وەک کریستیان و یەزیدی و کاکەیی و زەردەشتی و 09.6.30

بۆ نورەدین وەیسی، ئەمەش جۆرێکە لە گفتوگۆ لەسەر دەستوور، هاوکات دانپیانانی ئەو دەستوورەیە، کە جەنجاڵێکی گەورەی خوڵقاندووە، پەرڵەمانێک ڕایکردووە و ڕازی بووە لەسەری، کاتی یاساییان بەسەر چووە، ئیعتباری دانانی هیچ یاسایەکیان نەماوە، هەرەشەکان گەیشتۆتە ئەوەی لەدادگای فیدراڵی شکات بکرێت، کەچی ئێوە بەپێچەوانەی زووربەی خوێنەوار و ڕووناکبیرانی جدی هەرێمەوە، ئەو پەسەندکردنەت پێ قبووڵە!! 09.6.29
تێکستی نووسینەکە بەزمانی ئینگلیزی

بۆ قادر عەزیز، ڕازیبوونتان لەسەر دەستوور، چ مانایەکی هەیە، لەم کاتەدا بۆ ئەوەتان کرد؟
بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵەی ڕۆژنامەی خەبات، گوایە وەڵامە بۆ ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵتان، ئێوە لەگەڵ ڕایککردنی دەستووردا نەبوون؟
ئاخر ئێوە لەڕیزی لیستی خزمەتگوزاريی و چاكسازی ژماره (59) دان، هەر کارێک بکرێت ڕوو ئێوەیش دەگرێتەوە، چۆن ڕازی دەبن لایەنێکی وەک کۆمەڵی ئیسلامی یان یەکگرتوو، ئەندام پەرلەمانەکانیان دەنگ بەدەستوور بدەن، یان بێ پرسی ئێوە سەوداومامەڵەی ژێربەژێر بکەن؟ 09.6.24

ئەوەی جێی قسەی ئێستایە، دەستوور ڕفراندۆمی لەسەر دەکرێت لە هەڵبژادنەکاندا! ئەوانەی بەمە ناڕازین، چۆن دەتوانن، بەر بەوە بگرن؟ گەر نەتوانرا، ئەی چار چییە؟ تۆ بڵێێ دەستوور هێندە قەبەبکرێت بەدەردی قورئانەکەی محەمەدی مسلمانانی لێبێت، قابیلی گفتوگۆ و هەموارکردن نەبێت. بێگومان وا نییە، ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراو، دەتوانن کەم تا زۆر گۆڕانکاری تێدا بکەن 09.6.22
----------
هەمان تێکست بەپیتی لاتینی
هەمان تێکست لە ماڵپەڕی کوردستانپۆست؛دا