بزووتنەوەی گۆڕان، چۆن ڕێکبخرێت؟!


سەراحەت، دەمانگەیەنێتە، پردی ئەمان!

لە ڕۆژی 2009.6.23 کۆمیتە یان دەستەی فینلاندی لیستی گۆڕان ڕاگەیاندرا، لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هاتە بوون، وەک چۆن لیستی گۆڕان لەناوخۆی وڵات گەرموگوڕانە لە مەیداندا بوو، تا کۆتایی هەروا مایەوە، ئەم کۆمیتەیەش چاوی لەو کرد و ئەکتیڤ بوو، لاپەڕەکانی ماڵپەڕی سبەی گەواهیدەری ئەو قسەیەیە، لەو ماوە کەمەدا لەچوار شار کۆبوونەوە و سیمیناری ساز کرد و دەیەها کەس، ئەمە وێرای کەسایەتی ئەدەبی ناسرا وەک عەبدوڵڵا سەراج و ئەنوەری ڕەشی ئەوڵا بەشدار بوون تییدا.

دیارە لەو کارەنەدا کەموکوڕی هەبووە، بەڵام بەڕێژەیەکی کەم، ئەوەیش دیاریدەیەکی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە سەرەتا و دەستپێک بەهەموو کەموکووڕییەکەوە، ئەو ژمارەکەمە لەهەڵسووڕاوان توانییان بەهەوڵ و تێکۆشان و لەسەر کات و گیرفانی خۆیان، لەسەر دەستی ئەوان ئاڵای لیستی گۆڕان بشەکێتەوە و بناسرێت.

شاراوە نییە، لەو کارانەدا ناتەقلیدیانە نیو بەنیو لەگەڵ ئامادەبوواندا کارەکان بەڕێوە چووە، ژمارەیەک کەس تریبوونەکەیان بۆ نەک رەخنەگرتن بەڵکوو بۆ تەبلیغ کردن بۆ یەکێ لەحیزبە ڕکەبەراکانی لیستی گۆڕان بەکارهێناوە! ئەمەیش بەخاتری ئەوەی کۆمیتە بەپراتیک بیسەلمێنێت کە شێوازی کارکردنی لەوانی تر جیاواز ترە. لایەنی کەم نەویستراوە، گەرماوگەرم وەڵام بەڕەخنەکان بدرێتەوە و دواتر لابەلا و ناڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا ناڕۆشنییەکان ڕوونکراوەتەوە، یان پەیماندراوە لەکاری دواتردا دووبارە نەبێتەوە، وەفاداریش بوون بەو قسەیە.

لەو ماوەیەدا ژمارەی هەڵسووڕاوان و لایەنگران ڕوو لەسەر بوو، پەیوەندی کراوەوە بەدەیەها کەسەوە و هاوکات دەیەها کەس پەیوەندیان بەتەلەفوون و مایل بەکۆمیتەوە کردووە و ژمارەیەکیان هاوکاری ماددییان بەخشیوە. ژمارەیەکیش نەهاتوونەتە پێشەوە بەخاتری ئەوەی تێبینیان لەسەر باگراوەند و بێلیاقەتی و نەگونجاوی، فڵان و فیسارهەڵسووڕاوی ناو کۆمیتەکە هەیە! ژمارەیەک لەئالییەتی کارکردنی کۆمیتەکە نیگەران بوون، گوایە وەک حیزب کار دەکات! چەندی تر وەک ئاوازی لیستی کوردستانی دەیانخوێند، کە گۆڕان نابێت لەشکڵ دا بێت، ئەوانەی ئاڵاهەڵگری گۆرانن لەو ئاستەدا نیین! گۆڕانییان پێناکرێت! با لەپێشدا خۆیان دەست پێبکەن، هاوکات خوازیاری گۆڕانکاری هەمە لایەنە بوون!

ئیتر زۆر بوون ئەوانەی دەترسان و نەداهاتنە پێشەوە، لەوانەیە لیستی گۆڕان لەپرۆسەی هەڵبژاردندا شکست بهێنێت، بەشێک لەوانە سوودمەندبوون لەلیستی کوردستان، نەیاندەویست بەو کوردەی لەهەردوو جەژنەکە بووە بچن، ئیتر جۆرەها ڕاوڕێویان دەهێنایەوە! هەشبوو وەک لایەنگر ئامادەی هاوکاری بوو بە مەرجی ئەوەی لە پشت پەرەدەوە بە نەناسراوی بمێنێتەوە، لە هیچ جۆرە کارێکی ڕووبەدەرەوە بەشداری نەکات!

ژمارەیەکیش لە هەڵسووڕاوان بەپێی ئەوەی کە لە حیزبەکانی ترەوە هاتوون، لە کۆندا لەگەڵ ئەم کەس و ئەو کەس بەهەر بیانویەکەوە بوو بێت، ناکۆک و ناتەبان دەروازەی لیستی گۆڕان بۆیان بۆتە شوێنی هەق لێکردنەوە، دژایەتی کردنی شەخسی! ئیسپانکردنی توانای خۆیان، بەڵام ئەم کەسانە لەبەشخوراوانی لیستی کوردستانی و ئەو ڕێکخستنە بوون، تا ڕادەیەک هەق بەلای ئەمانەوە، ئەگەر بێئینسافی نەبێت.

هەمیشە وا تەسەور دەکەن کە ئەو برادەرە کۆنانەیان لەهەوڵی گیروگرفت دروستکردندان تا لەم ئەرکەیاندا سەرکەوتوو نەبن، بەجۆرێک لەموئامەرە و فێڵ و فەرەج، رەخنە و گلەیی فڵان و فیسار کە بەئاشکرا دەریان دەبڕی، لێکدەدانەوە! یان وەک کەسانی خەتمایل حسابیان بۆ دەکرێت، لەهەوڵی دوورەپەرێزکردنی ئەو کەسانەدا بوون، هاوکات شاردنەوە و چوونەوە قۆزاخی خۆوە!

لە هەر کرانەوە و بەرفراوانکردنێک هەڵوێست وەدەگیرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەم کۆمیتەیە دایکە و هەر گۆڕانخوازێک بێتە پێشەوە، لایەنی کەم ئەمان دەبێت تەزکییەی بکەن، ئەوەیش لەهزری سەنتراڵی حیزبی هاتووە! جا گەر وا دەرنەچوو ئەوا ئەمە جۆرێکە لەموئامەرە و دەستی نەیاران! لەکاتی دروست بوونی هەر گروپ و دەستەیەکی تردا دەبێت لایەنی کەم گەر نەیەنە ژێر ڕکێف ئەوا یان ئیحتوا بکرێن یان هەوڵ بدڕێت بەفشاری جۆراجۆر گیروگرفتیان بۆ دروست بکرێت! ئەم جۆرە بەرخوردە دەگەڕێتەوە بۆ ترس و هزری لە دەستدانی دەسەڵات! لە کاتێکدا لیستی گۆڕان بۆ دوورماوەش لەوانەیە نەتوانێت لایەنی کەم ئەجری کاری چاکەیان بداتەوە.

هەڵسووڕاوان هەر لەدەست بەکاربوونیانەوە فشاریان بەسەرەوە بووە، لەقۆناغی دوای بەسەرکەوتن گەیشتنی لیستی گۆڕان، لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی وڵات، جۆرێک لەخاوبوونەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو رووویدا. بەڵام پێدەچوو بزووتنەوەیەک لە دەرەوەی کۆمیتەکە بەشێوەیەکی تر هەبێت! بەڵێ ئێستا جادەکە تەختە، ئەوانەی بەهەر بیانووەکەوە خۆی بەدوور گرتبێت، ئێستا کاتییەتی چ بەتاک چ بەکۆ دێنە پێشەوە!

لەزنجیرەی وازهێنانی ئەندامانی * کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژمارەیەک لەگەنجان دوای هەوڵێکی زۆر بەڕاگەیەندراوێک پەیوەندبوونی خۆیان بەبزووتنەوەی گۆڕانەوە، لەماڵپەڕی سبەی ڕۆژی 2009.8.22 بڵاوکردەوە. لەوەدا بێ ئەوەی حسابێکیان بۆ کۆمیتەکە کردبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردستاندا پەیوەندیان دروست کردووە! سەپرایسەکە لەوەدایە کوردستان پرسیاری ئەوەیان لێنەکردوون: ئایا ئاگاتان لە کۆمیتەی ئەوێ هەیە؟ پرسیارتان پێکردوون؟ یان لایەنی کەم دەیانناسن و تەنسیق و ڕاوێژتان پێکردوون؟

گریمان ئەوە قەیناکات، ئەی بۆ کوردستان پڕ کێشی ئەوەیان نەکردووە، بێن پەیوەندی بەهەڵسووڕاوانی کۆمیتەی ئێرەوە بکەن، کە گروپێکی گەنجی وا هەیە و دەیانەوێت بێنە ناو بزووتنەوەکەوە،، ئێوە دەیانناسن یان سووکە پەیوەندیتان پییانەوە هەیە؟ یەکسەر ڕاگەیاندنەکەیان بۆ بڵاوکردوونەتەوە! بەلای هەڵسووڕاوانی کۆمیتەکەوە تێپەڕاندنی ئەو ڕاگەیاندنە ئاسایی بوو، بۆیە هەر دوای ڕۆژێک لەگەڵ ئەو گرووپە گەنجە کە چوار کەس بوون دانیشتنێک بۆ لێکتێگەیشتن و ناسین و هاوکاریکردنی یەکترسازکرا. بەڵام گەنجان وەفادار نەبوون، لەماڵپەڕی سبەیدا پێکهێننانی کۆمەڵەیەکی گەنجانەیان ڕاگەیاند و بڵاوکردنەوە!

ئیتر کێشەکە چووە فازێکی ترەوە، پەیوەندی بە کوردستانەوە کرا، بۆ سەروسۆراغی ئەو کەسانەی ڕێگەخۆشکەرن بۆیان، کوردستان و چەند کەسی دی لەوڵاتانی ترەوە، لەبەر ئەوەی باش نەتوانراوە ئەسڵی مەسەلەکەیان تێبگەیەنرێت، بۆیە دیدیان بەم شێوەیە دەربریوە: گروپە جۆراوجۆرەکان نابێت هزری کۆنترۆڵکردنی یەکتریان لا دروست ببێت. هیچ لایەک رەفزی لاکەی دی پێناکرێت. هەموو پێکەوە جوانن... تا ئێستا ئەرک و کارەکان دابەشنەکراوە، بزووتنەوەکە خۆرسکە، پێویستی بە مشتوماڵ کردن هەیە.

ژمارەیەک لەهەڵسووڕاوانی کۆمیتە، پێیان باشە بۆ ئەمەودوا، گەر گروپ و کەسی لەو جۆرە بێگەڕانەوە بۆ کۆمیتە و ڕاستەخۆ پەیوەندیان بەکوردستانەوە کرد، با بەر لەوەی هیچیان بۆ بڵاوبکرێتەوە، پرسیاری ئەوەیان لێبکرێت، کە ئایا کۆمیتەی فینلاند دەناسن؟ ئەوان ئاگایان لەئێوە هەیە؟ بۆ لەلای ئەوانەوە تەزکییە نەکراون؟ تا ئێمە گومانمان نەمێنێت! نامانەوێت کێشە و گرفتی لابەلایان بۆ بخولقێنین.

هەروەها پێیان باشە، هەڵسووڕاوانی گەورە و بچووکی گردەکە، ئیتر بەهۆی هاوڕێیەتی و ناسیاوی و خزمخزمێنەوە یان هەر شتیکی ترەوە بێت خۆیان نەکەن بەکویخا، تا نەچنە بنجوبناوانی مەسەلەکەوە، تەسکییەی تێپەڕبوون بەهیچ کەس و گروپێک نەدەن. چوونکە کۆمیتەی وڵاتەکان دەزانن ئەو کەسانە کێن و چین و چی نیین. 2009.8.26
--------
* ئەوە بوو ڕۆژی 2009.7.6 بەپرسی کۆمیتە و کەسێکی دی ناو کۆمیتەی یەکیتی بە فەرمی وازهێنانیان لەماڵپەڕی سبەیدا ڕاگەیاند، بەڵام پێدەچێت ئەو کارە جۆرە .... بێت! یان چێبوونی لیستی گۆڕانیان بە فرسەتێک زانی بێت تا بەتەواوی واز لە کاری سیاسی بهێنن! هەر ئەو کەسە، لەشاری تامپرێ و لەبەرچاوی جەماوەری ئامادەبووی ڕۆژی 2009.7.24 سیمنیاری کۆمیتەی پشتیوانی لیستی گۆڕان وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند بەم شێوەیە: لەمەودوا نە یەکێتی و نە گۆڕانم!

هەمان بابەت بە پیتی لاتینی

سوێندخواردن بەچی و چۆن؟!


سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە 09.8.20 وەک بڕیار بوو، لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا لەوێدا بێجگە لە چەند کەسێک زووربەی زۆری کاندیدکراوەکان سوێندیان خوارد، و پەلەوپایەکانیان دیاریکرد. گەرماوگەرم چەند خاڵم تۆمارکرد، بەم شێوەیە:

ئەو سوێندخواردنە کە دەڵێ: سوێند بێ بەیەزدانی مەزن، پارێزگاری لەیەکێتی گەل و خاکی کوردستان عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی دەکەم. ئەو وشەییـ (...دەکەم...)ە لەنگە و نادروستە، دەبێت لەبری بڵێن: (... بکەم...). چوونکە لەدوای سوێند خواردنەوەکەوە ئەو سوێندە جێبەجێ دەکەن. شایەنی ئاماژەیە ژمارەەک لەوانە وشەی (... بکەم ...) بەکار هێنا.

لایەنێکی تری ئەو سوێندخواردنە، قالبیکی ئاینی پێوە دیار بوو، دەکرێت بڵیم لەگەڵ کۆمەڵی کراوە و ئازاد و دیموکرات نایەتەوە و نوقسانە، بەوەی لە نێو هەرێمدا، تەنها ئاینی ئیسلام نییە، ئاین و ئاینزا و بیروباوەری نائایینی زۆری تریش هەیە. یان نەدەبوایە کتیبی ئاینێکی دیاریکراو دابنرایە، کەسەکان دەستیان نەخستبایە سەر، باشتر بوو سوێندیکی وا دابنرایە کە لەو نێوەدا کەس مەغدوور نەکات.

یەکێک لە لیستی گۆڕان سەپرایسی خولقاند، وێرای سوێندە تەقلیدییەکە، سوێندی بەپارێزگاریکردن لەسیستەمی دیموکراتیش خوارد.

باشە بۆ کەمەنەتەوەییەکانی دی هەرێمی کوردستان لەو سوێندخواردنانە، بەزمانی خۆیان تێکستەکەیان نەدەخوێندەوە؟! تەنها یەک لەتورکمانەکان چەند وشەیەکی زیادی دوای سوێندەکە، بەزمانی خۆی بۆ زیاد کرد.

لەپێشی پێشەوە، یەکێک لەدانیشتووەکان بەبەرگی سەربازی دیار بوو! پێدەچێت وا بزانێت کە لە ناو سەربازگاکەی خۆیدایە! قسە لەوەیە بۆ ئەو کەسە بەو شێوەیە ئامادە بووە و هاتووە؟ کە دیارە پلەوپایەیەکی گەورەی هەیە، بۆ بەرگی تەشریفاتی لەبەر نەکردووە! کە وەک ئسوڵ بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمێکی شکۆدار و فەرمی وادا، دەبێت ڕعایەتی ئەو خاڵەی بکردایە، وەک چۆن لەوڵاتی خۆیاندا دەیکەن!!!! 09.8.20
--------------
هەمان بابەت بە پیتی لاتینی
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی سبەی؛دا


شێخ ڕەزای تاڵەبانی تۆ لەکوێیت؟!


جا شێخ ڕەزای تالەبانی (گلکۆی پڕ نوور بێت) کە بەخوای هەجو و جنێوفرۆش و ... ناسراوە، لەهەولێر بوایە، و شیعرەکانی بەو شێوەیەیی لەدیوانەکەیدا هەیە، دووبارە لەیەکێ لەڕۆژنامەکانی ئەوێدا بڵاوبکرێتەوە، بێگومانم، پۆلیسە نەخوێندەوارەکانیان دەناردە چەمچەماڵ بۆ هێنانی ئێسکوپروسکەکەی، یان گەر ئەوە دەست نەکەوتایە، ئەوا بەسلنگ و لۆری و گەڵابە، پەیکەرەکەیان ڕاپێچی دادگا دەکرد!!!! ئەو ناشیرینیانەی لەم سەردەمەدا ڕوودەدات، نەک یەک شێخ ڕەزا، بەڵکوو سەدەهای وەکو ئەوی گەرەکە.

یاشێخ گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، موعجزە بخولقێنە و هەستەوە، تەپووتۆزی زەمانە لەخۆت بتەکێنە و وەرە بیناشۆ و بەهەجووە ڕووهەڵماڵراوەکانت برینداریان بکە، تا ڕاچڵەکن و نەوێرن، سووکایەتی بەهاوقەلەمەکانت و هاووڵاتیانی دیکە بکەن. دەهەستەوە، بۆ هەڵناسیتەوە، دڵمان شەقی برد. 2009.8.19
-------
- : لەڕۆژنامەی ڕووداوی ژمارە ٤٩ لاپەڕە ١٦ دا، د.مەغدید سەپان شیعرێکی بەناونیشانی(سووكنەبوون) بڵاوکردۆتەوە. بەو هۆیەوە، وەک لەهەواڵەکاندا هات، ئاکۆ محەمەدی سەرنووسەر و نورەدین وەیسی خاوەنی ئیمتیازیان دا بەدادگا!
- : بەستەری شیعرەکە
- : هەمان بابەت بە پیتی لاتینی
- : هەمان بابەت لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕووداو؛دا
- : هەمان بابەت لەهەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی؛دا


فاوڵەکە جوانەکەی ئەرسەلان بایز!



ئەرسەلان بایز، لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە ٤٩٤٥ ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٠٩.٨.٩ ، لە گۆشەی پەنجەدا، هاتووە تیشکی خستۆتە سەر چەند خاڵی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان. گوایە هەستی بەکەموکوڕی کردووە و لەژێرلێوەوە دەریبڕیوە و نەیشاردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی بەلیستەکەی خۆیداوە.
ئەوەی لەو ستونەدا جێی سەرنجە ئیسپاتی ئەو دیدە دەکات کە پرۆسەکە پڕ بووە لەکاری ناشەرعی و نایاسایی، لەسەرزاری یەکێک لەسەرانی لیستی کوردستانییەوە دەردەبڕدرێت ئەم پەرەگرافەیە:

... نابێت ئێمه‌ وه‌كو هه‌ندێك له‌ولاتانی دواكه‌وتوو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ینه‌ یاری میزاج و چه‌واشه‌كردنی میلله‌ته‌كه‌ی خۆمان و به‌دڵی خۆمان سندوقه‌كان پڕبكه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی (75-80%)ی ده‌نگی ده‌نگده‌ر كه‌متر نه‌هێنین، به‌مه‌ش خۆمان بكه‌ینه‌ جێی ره‌خنه‌و گاڵته‌جاڕی رای گشتیی دنیا، چونكه‌ گه‌لێكجار له‌ولاتانی شارستانی و پێشكه‌وتووی دنیادا (51%)یش به‌ئاسانی مسۆگه‌ر ناكرێت...

ئەمە ڕێک وەک ئەو قسەیە وایە کە دەڵێ بە کورد بڵێ چیت؟ شەرعی خۆیت بۆ دەکات. کەواتە ئەو ڕێژەی ٧٠% سەرۆکی هەرێم م . بارزانی لە پرۆسەی دەنگداندا بەدەستی هێناوە، تەزویرێکی شارەوە و ناڕاست و درۆ و گاڵتەجارییە. بەدوورە لە پرۆسەیەکی ئازاد، لە کۆمەڵگای پێشکەوتوودا قابیلی قبووڵ نییە بەڵام ئەوا لای ئێمە ڕوویدا! تەشبیه نەبێت تۆزێک لەخوار ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی کۆنی عێراقەوەیە!

ئەو پەرەگرافەی ئەرسەلان بایز فاوڵە یان ڕاستگۆیی؟ تۆ بڵێی ئەو لەخەت لادانە موحتەرەمە، نەبێتە هۆی سەرەکۆنەکردنی ناوبراو؟ یان سەرکەوتنی بێوێنەی ئۆپۆزسیۆنە فەرخەکەی موعجیزە خولقێن، وا لێکردوون لاشعورانە شایەتمان بەدیار قسەکانی نەیارانی خۆیاندا بهنن. هاوکاتیش دەکرێت بە جۆرێک لەبادانەوە بەلای ئۆپۆزسیۆندا بژمێررێت؟ ٢٠٠٩.٨.٩
--------
بابەتی ئاماژە بۆ کراو، لێرەدایە
هەمان بابەت بە پیتی لاتینی
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی کوردستان پۆست؛دا


فەرهاد پیرباڵ، حەرباکەی چیخۆفە!



بێژەرێکی ڕادیۆیی بەڕێزی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دانیشتووی سوید، لەگەڵ ئەم بەستەرێکدا، کە بەیاننامەی پشتیوانی لە فەرهاد پیرباڵی لەخۆگرتووە، خستۆتەڕوو، کۆمێنتێکی ئاوای بۆ دەنووسێت: چاو ئەو بەزمەی! وەڵڵا نەمزانی شتی واش دەتوانێ ڕوو بدات!
هاوکات نووسەرێکی گەرمیانی لەم بەستەرەدا، تیشک دەخاتە سەر چۆنییەتی ڕوودان و خۆ ئامادەکردن بۆ سووتاندنی کتێبەکانی فەرهاد پیرباڵ.

لەسەر ئەو مەسەلەیە گفوگۆیەکم دامەزرا، بەم شێوەیە:

لەو کۆمێنتە مەبەستت چییە! بۆ جێی سەرسووڕمانە؟ ئەوە گوزارشت لە ئەوپەڕی تووڕەیی ئەو گەنجانە و ئەو نووسەرە دەکات. زۆر ئاساییە کاری وا ڕوو بدات! دەزانی لەدواهەمین ساتەکاندا زۆر بەداخەوە، فەرهاد پیرباڵ وەک خۆی دەڵێت دەنگی بە مەسعود بارزانی دا و بانگەشەی بۆ کرد! ئەو بۆڵەبۆڵەی لەمەوپێشی لەچی؟ ئەو پێدەەچێت ئۆپۆزسیۆنێکی جەعلی بوو بێت! دوای ئەوە بۆ دوای پەیڤی ژمارەیەک نووسەر بکەوین کە هەر هەموویان سەر بەدەسەڵاتن؟ بە هاندان و دنەدانی دەسەڵاتی کوردی دوای ئەوەی لەهەڵبژاردنەکاندا دۆڕاندویانە، دەیانەوێت هێزی براوە لەکەدار بکەن، و خاڵێکی ناشیرینی بدەنە پاڵ، گوایە ئەوەی ئەو کارەی ئەنجام داوە سەر بەبزووتنەوەی گۆڕانە! کاری ئەو گەنجانە و نووسەر یاسین بانیخێڵانی خۆرسکییە و بەتەنهاش کومپانیای وشە ئۆپۆزسیۆن نییە!

مەسەلە لایەنگری و نالایەنگری نییە. ئەو کردەوە ناژیرانەیەی فەرهاد، سەپرایسە و شۆکی دروست کردووە! لەهەموو کەس چاوەڕوان دەکرا ئەو نەبێت، خیانەتێکی گەورەی بە خوێنەران و بیسەرانی خۆی کردووە، خۆ ئەو تەنها کتێب و وشەی هەیە، بۆیە ئاساییە وەک ناڕەزایەتییەک کتێبەکانی بسووتێنرێت، ئاخر ناکرێت، وا بەپیرۆزی سەیری کتێب بەگشتی و کتێبی ئەو کەسە بکرێت، دەبوایە بێدەنگی هەڵبژاردایە.

بەڵام ئەو کەسێکی جەنجاڵ ئامێز و شازە، کەواتە دەبێت چاوەڕوانی کاردانەوەی توند و شازی وا بێت. قسە لەوەیە ئەو کەوتۆتە پاڵ هزری سائید و سوونەتییەوە، دەسەڵات و سەرۆکی هەرێم دەیەوێت حوکم هەر لەدەستی خۆیدا بێت و نەگۆڕیت! کێشەکە هێندەی مەسعود بارزانییە نیو هێندە فەرهاد نییە.

مەرج نییە! ئیتر هەر وڵاتە خاوەن کەلتووری خۆیەتی، بەشێوەیەک جیاواز بەرخورد دەکات. لەو بڕوایەدام گەر ڕووداوێکی هاوشێوەی وا لەکوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوو بدات، هەرگیز وەک ئەوەی فارسەکان نابێت.
ناکرێت بەو بیانوانەوە پشتیوانی لە نووسەرێک بکرێت کە لە ئۆپۆزسیۆن ئۆپۆزسیۆن تر بوو، ئیتر بەهەر بیانوویەکەوە بێت لە پڕ گێر بگۆڕێت و دەنگ بدات بە دەسەڵاتی شوبهە دیکتاتۆری و خەلافەتی لەباوانەوە، کە بوونەتە بەڵا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، زۆربەی زۆری خەڵکی هاوچەرخ و مۆدێرن واوەیلایەنە بەدەستیانەوە، و لێیان ناڕازین. ئاخر ناکرێت بەچەند داخویانی پفداری کوردانە و ناسینالیستیانە مرۆڤ بخەڵەتێت و دەنگی پێبدات! 09.7.31

ئەم پەرەگرافە، لەپەیامی گرووپی ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە، کە لەبارەی سووتاندنی کتێبەککانی فەرهاد پیرباڵەوە وەرگیراوە، وەک هەڵویست دەریان کردووە:
ئێمه لەکاتێكدا بەرلەهەڵبژاردنەكان لەلایەن چەندین لیست و كەسانى بەشداربووى هەڵبژاردنەكانەوه داواى ئەوەمان لێكرا لایەنگریان بكەین و داوا لەئەندامانمان بكەین كە لەبەرژەوەندى فڵان لیسته دەنگ بدەن بەڵام رِێگەمان بەخۆمان نەدا داواى لەمشێوەیه لەئەندامانى خۆ مان بكەین، ئەوەش هۆكارەكەى هەرشتێك بێت لاى خۆمانه و پێویست ناكات ئاشكراى بكەین.

نەدەبوایە لەمەشدا هیچتان بووتایە، بێدەنگیتان هەڵبژاردووە، ئەم هاتنە دەنگەتان بەڕاستەوخۆ پشتیوانی کردنتانە لە لیستی دەسەڵاتدارانی کوردستان، دەزانن بۆ چوونکە کێشەکە کێشەیەکی سیاسییە و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، دەچیتە خانەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە! ئەگینا خۆ ئەو گەنجە گەرمیانانە هار نەبوون لەخۆیانەوە کتێبی نووسەران بسووتێنن!
ڕێکخراوی ئاخر زەمان، هەروا دەبێت! ئەو قسانە مایەی ناڕەزایەتی گەورەیە، پرۆتیستۆی کتێب سووتاندن دەکەن، خۆیان نەچوون بۆ دەنگدان، ئەوە چ لۆجیکێکە!؟
بۆ بە ئاقارێکی تردا دەبرێت و دوای قسەی دەسەڵات دەکەون؟! ڕێزم بۆ هەموو هەیە بە تەوهین نەبێت بۆ مرۆڤ خۆی غەشم بکات؟! ئەوە کێشەیەکی سیاسییە نەشتێکی تر، ئەو گەنجانە لەخۆڕایی هەڵنەساون بەو کارە، لە باگراوەندێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆ قەڵای شیروانەیان هەڵبژاردووە؟
فەرهاد پیرباڵ دوای ڕووداوەکە، ئەوەندەی تر گوی کردە ئیشەکە و وشە بازاڕییەکانی لەبەرانبەر سلەیمانی و لیستی گۆڕان ( گردە حیزەکە و گردە مژە) ناشیرین تری کرد! ئاخر ئەوە قابیلی پشتیوانی نییە! 09.8.5
*******

(.. بزووتنەوەی گۆڕان بووە مایەی: ١- بەدەنگهاتنی ئەو بەشانەی کۆمەڵگا کە لەدونیای دوای راپەڕیندا بێدەنگ و بیرکراو و پەراوێزخرابوون، لادێ و شارۆچکە،بەشە هەژار و گەنج و پەراوێزخراوەکەی ناو شارە گەورەکان. ٢- وایکرد گەورەترین بەربەست لەبەردەم خۆناسین و بەقسەهاتنی کۆمەڵگای ئێمە لەناوبچێت، مەبەست لەو بەربەستە، ترسە. ٣- گەڕاندنەوەی ململانێ بۆ ناو کایەی سیاسی کوردی...)

ئەو پەرەگرافە کورتکراوەی دیدی مەریوانی وریا قانعە، کە لەماڵپەڕی ئاوێنە بەناونیشانی: حەماسەت چییە؟ بڵاوبۆتەوە، وەرگرتووە.

هاوڕێیەکی کۆنم کە کاریکاتێرستە و میولی چەپی هەیە، دوو کۆمێنتی لەسەر ئەو پەرەگرافە نووسی بوو، کورتە گفتوگۆیەکم لەگەڵیدا دامەزراند، بەم شێوەیە:
بەحوکمی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ناشیریینییەکانی پارتی و یەکێتی بنیات نراوە، و هەستاوە، پشتی بەناڕەزایەتییەکانی جەماوەر بەستووە، باڵێکی دەسەڵاتە و هاتۆتە وەڵام، گەر ناکارا بێت بێگومان لەدەورەی داهاتودا دەنگی پێنادرێت. ئەوەی تۆ ( ... جووجەڵه له ئاخیری پایزدا دەژمێردرێت ...) دەیڵێت پرسیارێکی گونجاوە، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەمدایە.

بزووتنەوەی شووراکانی سەرەتای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ، ئەم بزووتنەوەی گۆڕانە لەوانەیە لە یەکدووخاڵدا لێک بچن، بەڵام ناگەن بەیەک لەبەر ئەوەی لەدوو سەردەمی جیاواز سەریان هەڵداوە. هۆی زاتی و مەوزوعی زۆر بوون بۆ شکستی شووراکان.
ئەی بۆ ئەم بزووتنەوە نوێیە بەسەرئەنجام گەیشت؟ لەوە نییە خەڵک بەپێوەری عەشیرەت و کەسایەتی و ناوچەیی بەسەرکەوتن گەیشت، سلەیمانی لەوەتەی هەیە سەرباشقە بووە، لەسەردەمی زەعیم سدیق و لە شەستەکانی چەرخی ڕابردوودا پێیان دەووت سەری مارەکە!
ئۆتۆریتەی سەرکردەکانیش وەک نەوشیروان مستەفا بۆ خۆی لەو سەرکەوتنەدا ناکرێت فەرامۆش بکرێت، جیاوازیی بزووتنەوەی کۆن و نوێ لەوەدایە ئەمیان بەهرەمەندە لە خاڵێکی وا بەڵام ئەوی کۆن نەیبوو.

خاڵی عەشیرەتی دەکرێت بڵێن هەبووە، بەڵام زۆری وا نەبووە کە ببێتە عەیب و عار، ئەم بزووتنەوەیە بەوە ناسراوە کە هێزی بزوێنەری کوڕوکاڵی شارە، و هزری شار تەحەکومی پێوەکردووە، تەنانەت نەیارانی تۆمەتی سلەیمانیچێتی دەدەنە پاڵ! کام هزری سلەیمانی ؟ بێگومان هزری سکۆلار و مۆدێرن، نەک شتێکی تر.09.7.31

*******

لەماڵپەڕی سبەیدا ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین بابەتێکی بەناونیشانی : شەقامی سەهۆڵەكه‌، شوێنێك بۆ خەوبینین، شوێنێك بۆ بیركردنەوه‌.. بڵاوکردۆتەوە.

وەک بیرەوەی باس لە سەردەم و کاتێک دەکات و بەبیردا دەهێنێتەوە کە خۆی کارەکتەرێکی بووە، بۆیە وا لای پیرۆز بووە، چوونکە سەرچاوەی تەوژمیکی ڕادیکاڵ بووە، دەیبەستێتەوە بەم ساتەوەختەوە، سەرئەنجام بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵنەی وەک گۆڕانی پێگەیاند و خەریکە بەسەرکەوتن دەگات.

ئەو شوێنانەی وەک شەقامی سەهۆڵەکە وا بوون، لە نێو شار و لە کات و قۆناغە جۆراجۆرەکاندا زۆر بوون، کەواتە تاقانە نییە مادام ژیان وەک ڕووبار نەوەستاوە، چەندەها ناوەندی وا چێدەبێت، لەوانەیە هەر ئەم شوێنە چۆن بۆتە ڕووگەی گۆڕانخوازان، ماوەیەکی دی بەویش دانەساکێ و لێی هەڵگەڕێتەوە.

قسە لەوەدایە خاڵێک کە کوێخا (ناوی دووەمی خاوەن باسە) پەیپێنەبردووە، ئەویش دیدی ناوەند و شەقام و شوێنەکانی دی ناوشارە، چۆن دەڕواننە سەهۆڵەکە؟ بزووتنەکەوەکە بەتەنها لەو شوێنەوە سەریهەڵنەداوە، بەسەرکەوتن نەدەگەیشت گەر بەشداری ناوەندەکانی تری لەگەڵدا نەبوو بێت!
مەبەست لەتێڕوانێنی شوێنەکانی تر بۆ سەهۆڵەکە لە دیدی چینایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک لەوەی شتیکی تر بێت، چوونکە سەهۆڵەکە و دەوروبەری، بەگەرەکە خۆشگوزەرانەکانی سلەیمانی ناسراون. ئەوەی کە گاڵتە بەگەنجانی کراوە و دەکرێت، لەكۆنزە‌فاتیڤ وكۆنەخوازییەوە نەهاتووە! 09.7.29
-------
هەمان تێکست لەماڵپەڕی کوردستان پۆست؛ دا
هەمان بەبەت بەپیتی لاتینی