ئیستقالە - وازهێنان لەهەڵسووڕانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان

AbasShiwan - عەباس شوان
کاتێ بزووتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیم لێکرد، لەفینلاندیش ژمارەیە کۆنە یەکێتی کەهەریەکەیان زۆر و کەم لەگەڵ حیزبەکەیان بەهۆی گەندەڵی و کاری ناشیرین، یان بەهۆی مەسەلەی شەخسی لەگەڵ ئەم تاک و ئەوتاک یان بەهۆی بێبەشییان لەم ئیمتیاز و لەو پارچە زەوییە، و شتی لەو جۆرە وازیان هێنابوو، سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، دەروازەیەک بوو بۆ ئەوانە تا لەم ڕێگایەوە هەقی خۆیان بەجۆرێک لەجۆرەکان بکەنەوە و عەرزی عەزەڵات پیشانبدەن! کەواتە گۆڕانی بوونی ئەوانە، بۆ شتێکی ترە نەک ئەوەی ئەمانە لەیەکێتی و پارتییەکان شۆڕشگیرتربن و بووبێتن! و باش لەچەمکی گۆڕان گەیشتبێتن! بەدوای بەرژەوەندی و دەستکەوتەوە نەبن!

سەرەڕای زانینی ئەو ڕاستییانە، بڕیاری جەنتلمانانەمدا و هەوڵم بۆ بەهێزکردنی ئەو گرووپەی فینلاند خستەگەر، بۆ ئەوەی لایەنی کەم لەسەر ستایلێکی نوێ و بنەمای ڕاستگۆیی و شەفافییەت و سەراحەت و جەرائەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوخۆ و دەرەوە ڕابێت و لەکارکردندا شێوە ناشیرینەکەی یەکێتی و پارتی بخەنە پشتسەر.
وێرای بەربەستە دەرەکییەکان کە ئەم تاک و ئەو تاک دروستیان دەکرد و دەیانویست کارەکە بەسەرکەوتن نەگات، تا ئێستا درێژە بەکاری خۆیداوە. بەڵام پێدەچێت لەبەر خاتری عەقلییەتی هی من و من دامەزراندووە، گوایە تاپۆی ڕەشەکەی عوسمانلی لەلای ئەم تاک و ئەو تاکی گرووپەکە هەیە! هەر ئەم تەسەرفە نابەرپرسانەیە بوو، ژمارەیەک کۆنە یەکێتی دوای وازهێنانیشیان، سڵەمینەوە و دوور کەوتنەوە، تەنانەت گۆڕانیشیان لەبەرچاوکەوتووە.

بێجگە لەوە، لەبەر بێلیاقەتی و بێـ .... و بێـ ....و سیفەتی زیگزاکی چەند دانەی تریش، ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک هەر لەدوورەوە دەڕوانن، ناوێرن ڕیشی خۆیان تەسلیم بکەن! وردەوردە کارەکەیش بەرەو جۆرێک لە پیسبوون و پاشقول لەیەکترگرتن و گرووپ گرووپێنەی ئەم شار و ئەو شار و یەکتر نەخوێندنەوە و پێشێلکردنی پرینسیبی کاری دەستەجەمعی دەچێت! بەڵام، لەو بڕوایەدام عنسرە گەنجەکان وەفادار بەگەنجێتی خۆیان دەبن و خڵتەوخاشاکی ناو بزووتنەوەی گۆڕان ڕادەماڵن، لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، ناهێڵن ئیستغلال بکرێن.

بۆیە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٠٩.١٠.١٤ دوای هەڵسەنگاندنێکی باشی ڕەوشەکە بۆ ئەوەی کێشەکە نەچێتە قۆناغێکی نە خوازراوی واوە، ببێتە ڕووشاندنی کەسایەتیەتی ئەم تاک و ئەوتاک، دیارە بەخۆشمەوە، و تا ڕێزێکی تێدابمێنێتەوە، بڕیاری وازهێنانم لەکاری ڕووبەدەرەوە، لەگروپی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانی لەفینلانددا.
بەو شێوەیە لەدایلۆگی بێزەنتی و کات بەفیڕۆدان ڕزگارم دەبێت، بەویژدانی ئاسودەوە، دەچمەوە خەلوەتگەی خۆم، پەشیمان نیم، فرەخۆم سەرقاڵ کرد و لەزەتم لێبینی و ماندووبوونێکی خۆشبوو..
هەوڵم ئەدا جیاوازییەکانی خۆم لەتێگەیشتن بۆ گۆڕان و بزووتنەوەکە بشارمەوە، و سەرکوت بکەم، بەڵام خۆشبەختانە زوو بێداربوومەوە، لەمەودوا بە ڕێگای تایبەتی خۆم وەک چۆن دەیەها ساڵە کردوومە، درێژە بە گۆڕان دەدەم..
ئێوەش شاد و سەرفراز بن ٢٠٠٩.١٠.١٥
تێبینی: کەسانێک هەن دژ و ناحەزی نەوشیروان مستەفای داهێنەر و رابەری بزووتنەوەکەن، کەچی هێندە ترسنۆکن ناوێرن بەئاشکرا دەریبڕن!
---------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستان نیوز بڵاوبۆتەوە، هاوکات لەماڵپەڕی کوردستان پۆستیشدا وەک لینک دانراوە
پاشکۆ:
ئەم بزووتنەوەیە بەئازایانە هاتە کایەوە، دەبێت ئازا و ڕاستگۆ بین لەبەرانبەر خۆمان و دەرەوەدا.. بەڵام ئەو بەناوهەڵسووڕاوانەی وڵاتی نەئازان نەڕاستگۆ و نەڕۆژێکیش ناڕازیبوون بەمانای وشەی ناڕەزایەتی...!
بزووتنەوەکە بەکار و هەڵسووڕانی بێوچانی من و یەکدوو کەسی تر بنیاتنرا، بەچوونەدەرەوەیم، پایەیەکی ڕووخا! نەهاتن لەسەر ئەو ڕووداوە کۆبوونەوەیەک بکەن! ئێستا خەڵکی لەدەور کۆبۆتەوە، لەخەم ڕەخساوە، بەهەڵنەسوورانی من بیگومان کاروان درێژەی دەبێت.

زۆرن ئەوانە کە تۆ کاری لەگەڵ دەکەیت بەجۆرێک سەیرت دەکات وا دەزانێت نانی ئەو دەخۆیت، بە پلەدوو حسابت بۆ دەکات، ئیتر نازانێ هێزو و توانات چەندە و چەند نییە، کە دوور دەکەویتەوە بۆی دەردەکەوێت زەرەری کردووە! بۆیە سەرابە لەگەڵ حەریفی خۆت کار نەکەیت..
برادەرێک، لەمەوبەر پەیوەندیمان لەڕێگای تەلەفوونەوە هەبوو. لەشاریکی ترەوە هاتبوو، ئێوارەکەی لەشوێنیکی گشتی لەگەڵ هاوشارییەکی تردا بەیەکگەیشتین..هەموو قسەوباسەکانمان لەسەر دەست لەکارکێشانەوەم لەهەڵسووڕاوی نێو بزووتنەوەی گۆڕاندا بوو، ئێ بەڵکوو پەشیمان ببمەوە لەو کارە.

سەرئەنجام نەیانتوانی ئیقناعم بکەن. پێم لەسەر ئەوە داگرت کە بەجۆریکی تر درێژە بەکارکردن لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان دەدەم، لەبەر ئەوەی لەم قۆناغەدا بێجگە لەو ئەلتەرناتیڤی تر نییە، گۆڕان، بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانییە، بۆ ئەوە هاتۆتە مەیدان تا سیستەمی فەرمانڕەوای و کارگێڕی بەئاڕاستەیەکی باش و مۆدێرندا ببات، بۆیە جێی سڵەمینەوە نییە کارکردن لەگەڵدا و قابیلی پشتیوانی لێ کردنە..


دیارە هەر دوێنێ شەو لەشاری هێلسنکی برادەرێکی تر بەپیشە پارێزەر، تەکلیفێکی لەو جۆرەی لێکردم. هەر دوێنێ شەو کەسێک لەهۆڵنداوە و هەڵسووڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ هەمان مەبەست زەنگی بۆ لێدام
.