خەمی رۆژانە، مانگی کانوونی یەکەم - دێسەمبەر


قسە لەموعەمەرقەزافی یان منا...!
٢٠٠.١٢.٢٩

ئەم دەربڕینانە لەناتەواوێکی وەک موعەمەر قەزافییەوە دەرچووە:
پارتی سیاسی مافی ئەوەی نییە بەناوی ئاینەوە بپەیڤێت.. چەرخ چەرخی ئایین نییە، گەر ئایین بهێنینە ناوەوە لە زانست و لێکۆڵینەوی زانستی و مێژوویی و فەلسەفە سەرکەوتوو نابین،چوونکە چەرخی ئەتۆم و ئەلەکترۆنات و ئاسمانەزانییە..


بنبڕکردنی گەندەڵی بێزەمانەت، سوودی نابێت؟

٢٠٠٩.١٢.٢٩

حکومەتی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە کە هەر کەسێک گەندەڵییەک ئاشکرا بکات، ئەوا %5 وەرئەگرێ ئەگەر پارە بێ. بڕی 500 هەزاریش ئەدرێتە ئەو کەسانەی کە ساختەکاریی نوسراوی رەسمی ئاشکرا ئەکەن.

وەک هەنگاو بەدەر لەوەی بۆ چ ئامانجێکە، ئەگەر هاتوو تەنها و تەنها بۆ ڕاگەیاندنیش بێت، خراپ نییە. هەموو داوا دەکەین با گەندەڵی نەمێنێت ئەوە حکومەت بەری پێگرتووین بیانووی بڕیووین، دەبێت چی بکرێت؟ چی لەسەرمانە؟ زۆرن ئەوانەی جۆرێک ترسی و خۆدزینەوە و گومان نیشان دەدەن! لەوانەشە ناهەقیان نەگیرێت، کاتێک کارێک خۆشە کە چەرمەسەری کۆمەڵایەتی بەدوادا نەیەت، هەر لەدوورەوە بۆڵەبۆڵ بێئەوەی لەسەرت بکەوێت، بیکەیت. کێشەی گەندەڵی لەخوارەوە تا سەر گەر مرۆڤ درۆ لەگەڵ خۆیدا نەکات هەیە و هەر تاکێکی کۆمەڵگا گەورە بێت یان بچووک دەیکات و کردوویەتی، یان فەرزیان کردووە بەسەریدا!

بڕیارێکی وا دوور و نزیک سەروچاوی ئۆپۆزسیۆن و هەموو تاکێکی کۆمەڵاگا دەگرێتەوە، حکومەت بەمە بەرەی لەژێر پێیان دەرهێناوە. مرۆڤ دەبێت لەوە بگات بۆ نموونە کەسێک گەندەڵی کەسێکی دی ئاشکرا دەکات، بزانە کەسی لێدراوی گەندەڵکار بەسەد ڕێگا هەوڵ ئەدات هەقەی خۆی لەئاشکراکەرەکە بکاتەوە، بۆیە ئەم بڕوبیانووانە لەلایەن کەسانێک دەهێنرێتەوە کە بەدگومانی دەنوێنن و دەهێننەوە، نەچنە پای بڕیارەکە و جێبەجێی بکەن، گوایە ئەم مەملەکەتە وڵاتی دەرکردنی بڕیار و یاساکانە کە لەئەرزی واقیعدا جێبەجێ ناکرێت! باشیان وتووە دەستی لێمەدە با خراپتر نەبێت.
بۆ بەرگرتن لەو سڵەمینەوەیە، خەڵکی کوردستان ئەزموونی ئاسایشییان هەیە، بەوەی چۆن دەزگاکانی ئاسایش موخبرە جۆراوجۆرەکانیان ئاشکرا ناکەن، کە نازانیت کێ کێیە و کی کێ نییە، بەو هاوکارییەی پێشکەشی دەکەن، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نابێت. لەبەرنگاربوونەوەی ئەم هەنگاوەشدا دەبێت حکومەت ئالیەتێکی وا دابنێت کە ئاشکراکەرانی گەندەڵی لەئەنجامی کارەکانیان نەکەونە ژێر فشاری جۆراوجۆر.

ئەم هەنگاوە ڕووسپیکردنەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانە، کە تاوانبارن بەگەندەڵی، ئەویش بەڕاوێژی ژیرانی دەرەوە ئەم هەنگاوەی ناوە و لەو بڕوایەدام کەسانێکی زۆر پێوە دەبن. جا بۆ ئەوەی کەسانی ڕۆژنامەنووس و دەیەهای تر بچنە پای مەسەلەیەکی گرنگی لەم شێوەیە، وا پێویست دەکات جوان وردی بکەنەوە، زەمانەتی ئەوە بکرێت، مەترسی بەرەوڕووی ئاشکراکەرانی گەندەڵی نەبێتەوە و ڕوو نەدات. ئەوکات بێگومان هەنگاوێک دەبێت بەئاراستەیەکی باش....
---------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی سبەی و کوردستان پۆست و کوردستانیوز؛دا
دایلۆگ لەسەر بابەتەکە:
عەبدوڵڵا سیمەنی:
هەرچەنده تێنەگەیشتم کاک عەباس لەوتارەکەیدا مەبەستی چییه به وردی، یاخود "گەندەڵیی بێزەمانەت" یانی چی (تۆ بڵێی گەندەڵیی زەمانەتداریش هەبێ؟)، بەڵام وای بۆ ئەچم که ئەویش ناڕەزایی خۆی دەرئەبڕێت دەربارەی ئەو گەندەڵاوایەی جووته براکه بۆیان قوتکردوینەتەوه. هەر پێشنیارێ بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی که لەلایەن گەندەڵەکان خۆیانەوه جاڕی بۆ بدرێ نوکەتەیەکی بێپێزه که من پێکەنینم پێی نایەت. دزیو بەرتیلخواردن دەمێکه ئەو ئاستەی بەجێهێشتوه که تەنها پیشەی ئاغای بەرسێبەر بێت، بەڵکو بۆته کاری رۆژانەی شوان و گاوان و نۆکەر و بەردەستەکانیش. چارەسەر ئاسانه: گۆڕینی سیستەمەکه لەرەگوڕیشەوه، توندکردنی گەندەڵەکان لەزینداندا و، خاوێنکردنەوەی ئەو پلەوپایەیەی که بەدەستیان بوه به دیدیتی و ئەسپەنیک. هەچ هەقایەتێکی مێشیش گەندەڵەکان به مەبەستی چاوخستنەخەومان بۆمان بگێڕنەوه، جگه له فڕوفیشاڵ هیچی تر نییه.

عەباس شوان:
سێشەممە ٢٠١٠.١.٥ کات ١:٥٣
چاوەکەم کاک عەبدڵڵا، بۆ خۆی وەک فلیمی عەسابەکانی ساڵانی حەفتاکان دێتە بەرچاو، حکومەتی هەرێم لەبڕیارێکیدا کە یەکدوو هەفتە دەبێت دەرچووە، خەڵات دەداتە هەر کەسێک گەندەڵی ئاشکرا بکات. منیش گفتوگۆی ئەوەیان لەگەڵدا دەکەم گەر زەمانەت نەبێت کەس لەبری پارەیەکی کەم خۆی تووشی گێچەڵ و سەریەشەی کۆمەڵایەتی ناکات، بۆیە حکومەت دەبێت زەمانەتی پاراستنی ناوی موخبرەکان بکات، بەنهێنی بمێنێتەوە، گەر وا نەکات ئەو بڕیارە نەک چەواشەکارانەیە بەڵکوو وەکو بەمەرەکەبی سەر پەرە دەبێت و دەمێنێتەوە.

هزر
٢٠٠٩.١٢.٢٧

تەریقەتەکانی سۆفی لەنێو کوردا زۆرن، بەپێناسێکی میللی دەروێشەکان ئەوانەن بۆ خوای خۆیان تەرخان دەکەن ، زۆر سادانە ژیان دەکەن و دوور دەکەونەوە لەژیانی نۆرماڵی خەڵکی کە پڕە لەناشیرینی، مەشهورن بە کەسانی ڕاستگۆ و پاک و دەمدوو شیرین و زۆر خەسڵەتی جوانی تری مرۆڤانە. بەڵام لەئێستادا خەریکە ئەمەیش لەگرێژەنە دەچێت و خودی تەریقەت...ەکە بەرەو کۆمەڵگا دەگێڕنەوە و وەک زۆر شتی تر تێکەڵی سیاستی دەکەن.
نموونەی بەرجەستە نەقشبەندییەکانە، زۆر بەتووندی ناویان پیس کردووە، بەوەی گروپی تیرۆریستییان بەو ناوەوە دروستکردووە!
مرۆڤدۆستی یان خۆتەقاندنەوە؟
٢٠٠٩.١٢.٢٧

عرين شعيبات, ئەو خانمە تیرۆرستە خۆکوژەیە کە زەردەخەنەی مناڵێک لەمەرگ و پارچەپارچەبوون ڕزگاری دەکات،بەڵام ٧ ساڵ زیندانی بۆ دەبڕێتەوە! بڕیار بوو ڕۆژی ٢٢ی مایۆی ٢٠٠٢ ، لەناوچەیەکی باکوڕی تەلئەبیب لەگەڵ تیرۆریستێکی تەمەن ١٦ ساڵی تردا خۆیان بەچەند سەربازی ئیسرائیلیدا بتەقێننەوە، بەڵام ئەو خانمە بەر لەچەند خولەکێک، مناڵێک دەبینی و زەردەخەنەیەکی بۆ دەکات، ئەمیش بەزەردەخەنەیە وەڵامی دەداتەوە، بڕیار دەدات دەستنەنێت بەدووگمەی تەقانەوەدا و نەبێتە هۆی کوشتینی مناڵێکی بێتاوان. دواتر کورەکەی تر خۆی دەتەقێنێتەوە، ئیسرائیلییەکان لەگەڕان بەدوای بەرپرسانی کارەکەدا، ئیعتراف لەسەر عرين شعيبات دەکرێت، دادگا ٧ ساڵ زیندانی ئەدا بەتەنگەیدا!

ئیسلام لەپاشەکشەدایە!
٢٠٠٩.١٢.٢٥


ئیسلامییەكان ناسێۆنالن و لەبەرگریكردن لەمافەكانی كوردا، هیچیان لەوانی دی كەمتر نییه. هەر ڕەخنەیەكیش بەم ئاراستەیه لەئیسلامی سیاسی بگیرێت، نەجێگەی خۆی دەگرێت و نەبەئاسانیش قبووڵ دەكرێت. (ڕێبین ئەحمەد هەردی)

ڕێبین، ئەوەی لەیاد چووە کە ئیسلامییەکان لەژێر مەنگەنەی دوو فشاردان، یەکەمیان دوای ١١ی سێپتەمبەر لەلایەن هزی ڕۆژئاواییەوە دەکرێتە سەریان و بەپراتیک لەجیهاندا جوانجوان پاشەکشەیان هەست پێدەکرێت.
دووهەم؛ فشاری خودی هێزە ناسیۆنالیستە ناوخۆییەکانە، وا خۆ پیشاندەدەن کە کوردایەتی دەکەن! تەنانەت لەهەرێمی کوردستاندا زەم بەسەر هێزە ناسیۆنالیستە تەقلیدییەکانەوە دەکەن، هەروەک لەپەرلەمانی عێراقدا لەم دواییەدا بینیمان. ئەوە دیوجامەیە، هەموو کەسێکی پێ هەڵناخەڵەتێت.
دوای ئەوە بزووتنەوە کوردایەتی کە مەلا و پیاوانی ئاینی بەشدارییان کردووە وەک ئەوەی ئێستا نییە کە ڕێکخراوە و سیاستە دەکەن، و مەرجەعیان ئێران و بن لادن و سعودییە...

فیدڕاڵی چی؟!
٢٠٠٩.١٢.٢٥

سكرتێری گشتیش، داوای لەنەوشیروان كرد، لەگەل هەڤالانی سەركردایەتی و پارتیش دراسەی بكەن و وەلامی ب...دەنەوه. ئەویش وا وەلامی سكرتێری گشتی دایەوه: كه ئەوه پەسەند نییه، چونكه سەدام هەر بەخۆشی لەكوێت دەكشێتەوە و شەڕەكەش تووشی ئێمه دەبێت. بەم هەڵوێسته هەڵەیه هەڵێكی مێژوویی لەكیس كورد دا، ئەگینا دوای رزگاری كوێت، بەتایبەتی كە زۆربەی زۆری كوردستانمان رزگاركردبوو، فیدراڵمان بۆ دەچەسپا.
پەرگرافێک لەڕاپۆرتی مام جەلال کە پێشکەشی پلنیۆمی یەکێتی کردووە.

کای کۆن بەباکردن لەلایەن مام جەلالەوە، زۆرجار سوودی هەیە، لەزمانی خۆیەوە دەبێتە بەڵگە بۆ سیاسەتی نادروست و ئاشکرابوونی چەواشەکاری! هەروەک دەبینن، لەڕاگەیاندن و گوایە لەدەستووردا فیدراڵی سەپێنراوە! هێنانەوەی ئەم خاڵە وەک کەموکوڕی لەسەر نەوشیروان مستەفا حسێب دەکرێت! کەواتە ئێمە ئێستا نەفیدراڵیمان هەیە نەشتێکی لەو جۆرەو! ئەی کەواتە ئەم زەموزەمکارییە لەپای چی؟!

مام عەیبی ناسینالستی تەقلیدی دەرخستووە، لەم هاوکێشەیەدا نەوشیروان مستەفا قازانجییەتی و براوەی یەکەمە، هەرچۆن بێت جێگرەوەی مامەیە بەڕێگایەکی تر، مام زۆری نەماوە، نەوشیروان لەژێر تابلۆیەکی تردا ئامبازی پارتی دەبێت کە سەرسەختترە. پێشبینی دەکرێت، بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بچنە ناو پارتییەوە، بەشێکیشی دێنە لای نەوشیروان مستەفا، کەمیشی لەدەوری بنەماڵی مام دەمێنێتەوە. بەم شێوەیە پارتی کەسێکی نەرموشلی وەک مامیان لەدەست دەردەچیت.

نها، لەم گۆڕانکارییەی لەنەخشەی سیاسی هەرێم بەتایبەتی یەکێتی ڕوویدا جۆرێک لەدووبارە بوونەوەی مێژوو کورد لەناوەڕاستی شەستەکانی چەرخی ڕابردوو، دەگەیەنێت، بەڵام ئەمجارەیان بەشێوەیەکی مۆدێرن و دوو لە توندوتیژی و خوێنڕێژان. ئەو ئینشاق و لێکترازانەی ئەو کات لەپارتێکی تردا، داشی شەتەرەنجەکە بەم شێوەیەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە:
مەلا مستەفا بارزانی گۆراوە بە مام جەلال و نەوشیران مستەفا لێی جیا دەبێتەوە، کەواتە دەتوانیین بڵێن نەوشیروان باڵەکەی کۆنی برایم ئەحمەد و مام جەلالە.
ئەمە بەپێچەوانەی ئەو دەربڕینەوەیە کە دەڵێت مێژوو گەر دووبارە بێتەوە بەکۆمیدی دەبێت. مێژوویەکی جیاواز ئەو تیویر و دەربڕینانە بەسەردا پراتیک ناکرێت..

ناوی مناڵ
٢٠٠٩.١٢.٢٦

تێناگەم ئەم گەنجانە بۆ ناوەکانیان عەرەبییە، گەر تاوان هی گەورەکان بێت کە ناویان بەسەردا بڕیون، خۆ بەشێک لەتاوانەکە بۆ خودی گەنجەکان دەگەڕێتەوە کاتی فام دەکەنەوە، ناوەکانیان بۆ زمانەکەی خۆیان ناگۆڕن!
ئەوە نیشانەی زۆر بەهێز نەبوونی هزری کوردایەتی و ناسیۆنالیزمبوونمانە، کەسوکارەکانمان زۆر ئاگا نەبوون، کەمتر تاوانیانە، بەڵام نەوەی نوێ بۆ؟! بەکفری دەزانم مناڵ بەناوی ئیسلامی و عەرەبییەوە بێت. هیچ بیانوویەکیش م قبووڵ نییە. تا ئێستاش چاکەی باوکم ناڵێم کەناوی منی بەناوی باپیرەیەوە ناوناوە. هەر کەگەیشتمە ئەورووپا ناوەکەم گۆڕێ.
چیرۆکی زۆر کورت
٢٠٠٩.١٢.٢٥

لەڕێڕۆیشتندابووم، قاقایەکی تیژڕەو، خۆشی و شادی و کامەرانی لێدەتکا و دەباری، سەرنجمی بۆ ئاسمانی ساماڵ ڕاکێشا، زیاتر لێی وردبوومەوە؛ مانگی چواردەی کوردستانی باشوورم بینی..!

هزر
٢٠٠٩.١٢.٢٥

کانت دەفەرمووێت: ئاینێک جەنگ لەدژی هزر ڕابگەیەنێت، لەگەڵ تێپەڕپەڕبوونی کات، ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، بەرگری بکات..ئایین، شتێکی عەجیب و غەریب نییە، لەسنووری هزر تێپەر ناکات.
مرۆڤ وەک کانت دەڵێ: من بیردەکەمەوە، کەواتە هەم. بەبێ ئەوەی ئایین و پیاوە زۆر وزەبەندەکانی ڕەشمەی بکەن، بۆ کوێیان بوێت لێی بخوڕن!
کێشەکە لەوەدایە خەڵکی سادە لەم خاڵەدا هەست بەبوونی بیر و هزری خۆیان ناکەون، ناتوانن ئازایانە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوانە مێشکیان بخەنەگەر، بۆیە بەداروبەرددا دەدرێن! ئەمەش لە بێعەقڵیانەوە سەرچاوەی نەگرتووە و نییە. بەڵکوو هەڵبژادنەکەیان گونجا و لەشوێنی خۆیدا نییە!

چیرۆکی زۆر کورت
٢٠٠٩.١٢.٢٤

خانمێکی وردیلە و لووتنقلی بوو، کارمەندەکە پلەی خوێندنی لێپرسی، وتی: کولێژی ئاداب بەشی زمانی ئنگلیزی. خەڵکی ئەورووپا هەر کە سەرڕەشێک دەبینین ئۆتۆماتیک گێڕی زمانەکە دەگۆڕن بۆ ئنگلیزی، بۆیە پرسیارەکەی دووبار کردەوە، دەمی بوو بەتەلەی تەقیوو، ڕوویتکردم و پرسی: ئەوە دەڵێ چی؟ بەزەردەخەنەوە وتم: چووزانم، ئەی تۆ ناڵێی دەرچووی کولێژی زمانی ئینگلیزیم!

سریالی تورکی
٢٠٠٩.١٢.٢٣

ماوەیەکە لەیەکێ لەکەناڵە تەلەفیزیۆنییە عەرەبییەکانی کەنداو، زنجیرە سریالێکی تورکی بەناونیشانی جەواهر بەتورکی Ezo Gelin دەستی پێکردووە. بەدیمەنەکان بۆت دەردەکەوێت کە شوێن کوردستانی باکورە، سیمای ئەکتەرەکان کوردانەیە، کەواتە ڕووداوەکەش کوردی بەڵام حەیف و مەخابن بەتورکی و عەرەبی گوێبیستی دەبین!
مۆسیقا و گۆرانییەکانی پڕسۆزن. بیرم بۆ ئەوە دەچێت بۆ کوردەکانی باکووڕ سەریخۆیان هەڵدەگرن و بەرەوە شارەکانی تری تورکیا و یان ئەورووپادەچن؟! ئەو هەموو قەهرە و مەراقە چییە ئەو کەسانە بەدەستییەوە دەیخۆن و گیرۆدەن. کەواتە ناهەقیان نییە.
ئەو سریالە، بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٦ ، نازانم عەرەبەکان بۆ کردوویانە بەجەواهر لەکاتێکدا مانای تورکییەکەی بووکی ئێزۆ دەگرێتەوە! Nurgül Yeşilçay - ١٩٦٧ ڕۆڵی کچە ئازا و عاشقەکە دەبینێت. حەزی لەکەسێک دەکات دەچێتە سەربازی گوایە لەهەرێمی کوردستان بەدەستی گەرێلاکانی پێ کە کە دەکوژرێت.

مۆدێرنبوون!
٢٠٠٩.١٢.١٨

بۆ ئەوەی وەک کەسێکی شارستان و مۆدێرن حسابت بۆ بکرێت، چ پێویستە بیکەیت؟ لەشوێنە گشتییەکاندا لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکارت نەکەی بخەڵەتێیت بەزمانی دایک و بەدەنگی بەرز قسە بکەیت، بەزمانی ئەو وڵاتە بپەیڤە! تا بەچاوی سووک و گوماناوی تێت نەڕوانن و کارت باش بڕوات، ڕێزت لێبگرن!!
یان گەر کەشفبووی وانییە و پرسیاری ئەوەیان لێکردی خەڵکی چ وڵاتێکی درۆیان لەگەڵدا بکە، بڵێی ئیتالیم، یان ئیسرائیلیم!
بیروباوەری ئاینیان لێپرسیت: نەڵێی ئیسلامم بڵێ: کریستانی عێراق ،ئێران، تورکیام. بۆیان باس بکە، چەند پەیرەوانی ئەو ئایینە و جوولەکە و ئێزیدی لەو وڵاتانە غەدریان لێدەکرێت!
زۆجیان بکەن، و بڵێن ئێوە گۆشت بەراز بە کوڵاوی و برژاوی دەخۆن، ئێمە بەکاڵی، بۆیە لەئێوە بەئایینترین.

هزر
٢٠٠٩.١٢.١٥

دەڵێن دەرمانی دەردی تیرۆر خۆشەویستی و حوبحوبێنە! بەپێچەوانەوە تیرۆر مانای ڕق و کینە دوژمنایەتی دەگەیەنێت! ئاخر هی کێ و چۆن چۆنی؟ بۆ نازانن! یەکەم بوونەوەر ژنان و کچان بەگشتی مێینەکانە کە بەرەورووی دەبنەوە. جا چار چییە؟! گوایە بۆیە لەڕۆژئاوادا لەچاو ڕۆژەڵاتدا تیرۆر کەمترە، لەبەر ئەوەی بەربەستەکانی نێوان نێر و مێ کەمبۆتە...وە، لەمێژەوە دنەدەر و هاندەری کەلتووری خۆشەویستی لێکنزیکبوونەوەی نێوانیان بوون!
دەڵێن گەر تیرۆریستێک ئاشقەکەی چاوەڕوانی بکردایە، بێگومان کاری توندوتیژی وەک خۆ تەقاندنەوە و کوشتوبڕی دی نەدەکرد و ئەنجام نەدەدا!
ئەم خاڵە جێی هەڵوێستە! تیرۆریستان کە زۆربەیان گەنجن، بەحەماسەوە خۆی دەتەقێنێتەوە تا بگات بەچل فریشتەکەی ناو بەهەشتی خەیاڵی ئایین، کەواتە ئەوانە کەسانی خەیاڵی و خۆشباوەڕن، هەتا مرۆڤایەتی بمێنێت لەم جۆرە بوونەوەرانەمان تووش دەبێت.

سریال
٢٠٠٩.١٢.١٤

سەرئەنجام سریالی تورکی دەقات قەلب - ترپەکانی دڵ - Dudaktan kalpe بە کۆتاییەکی ناخۆشەوە, بەجێی هێشتین. پاڵەوانی عاشق پاش تێکشکانی لەدڵداریدا، خۆی دەکوژێت، نۆتەی پارچەیەک موسیقا بۆ کچەکەی بەجێدەهێڵێت، بۆ داری بێبەری ئەو کەسە، بۆ ئەو ترادیجیایە دڵم سووتا..!

نەفرەت لەهەردوو
٢٠٠٩.١٢.١٣

دوو سومبولی ئاینی لەیەک ئاڵاون، دەڵێی ئاشقە و ماشقەن! تۆ بڵێی لەخۆشەویستیدا بێت یان لەڕق و کینە و بوغز؟! بیگومان لەوەتی هەن هەر ناکۆک بوون، ئەوە لەجەنگدان جەنگ، ڕۆژانە لەم گۆشە و ئەو گۆشەی دنیا گوێبیستی دەبین، نەفرەت لەهەردوو...

منارە!!
٢٠٠٩.١٢.٩

لەفەرەنسا سارکۆزی، فەرموویەتی دروستکردنی مزگەوت و منارە قەدەغە ناکات، ئەم دەربرینە بەدواداچوونێکە بۆ ئەو ڕاپرسییەی لەسویسرا کرا و دەنگیان بە قەدەغەکردنی منارە دا. هەر لەم بارەیەوە لەئەڵەمانیا ئنگێلا مێرکل لەسەر هەمان مەسەلە وتوویەتی؛ دروستکردنی منارەم پێقبووڵە بەمەرجێک کوتتر بێت لە برجی کەنیسەکان.
بەڵام پێدەچێت ئەورووپا بڕیاری دابێت هزری ئیسلامی بەگشتی بەدەردی ئایدۆلۆجی سۆسیالیستی بەرێت، تا وای لێبکات لەتوندوتیژی دایبماڵێت، هەرچەندە تەشبیهێکی زۆر گونجاو نییە!

مەرجەکانی دیموکراتی؟
٢٠٠٩.١٢.٨

دیموکراتی بوون مەرج قبووڵ دەکات؟ یان مەرجی سیستەمی دیموکراتی ئەبێت چی بێت؟ کەس و لایەن و حکومەتەکان بەچیدا دەتوانرێێت خەسلەتی دیموکراتیبوونیان پێببەخشرێت؟ ئایا دیموکراتی جۆری هەیە؟ یان پێناسێکی ستاندار دەتوانرێت بەقەد باڵای پێببڕدرێت؟
چەمکی هاوڵاتیبوون بناغەی سەرەکی هەر سستەمێکی دیموکراتییە، ئەوەیش بەمانای هەر جۆرە هەڵاواردنێک بوونی هەبێت وەک ئەوەی فەرزی ئایین یان ئاینزا، ڕەگەزو خێڵێ، و ... بەسەر ئەوی تردا. ئەوەیش زەمینەخۆشکردنە بۆ هاوسەنگی و هەڵی ژیانی باشتر بۆ ئەندامانی کۆمەڵگا.
بۆ کۆنترۆڵ کردن و چاودێری هەمیشەیی، بێلایەنی دەزگای دادوەری بەمانای ڕاستەقینەی خۆی، هاوکات لەئاستی میللی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤێلی پێویستن.
هاوکات ئاگایی و هوشیاری بەکەلتووری دیموکراتی و هەوڵدان بۆ جێگیر و پراتیکەکردنی لەژیانی هەر تاکێکی کۆمەڵگا..

نەتەوە، زمان!
٢٠٠٩.١٢.٧

ئیشتشهاد، یان هێنانەوەی سەرچاوەی باس بۆ وتارێکی ڕۆژنامەی هەفتانە، دروستە، بەڵام ئیجباری نییە، نووسەر ئازادە لەئاماژەدان پێی یان نا.
مەریوان وریا قانیع وەک لەم پەرەگرافەدا دەیبینی ئاماژەی بەناوی نووسەرەکەی داوە و لەنێو کەوانەدا دایناوە:
لێرەدا راستیی ئەو تێزەی ئەرنیست گیڵنەرمان بۆ دەردەکەوێت کە دەڵێت "ئەوە نەتەوە نییە کە ناسیۆنالیزم دروستدەکات، بەڵکو ناسیۆنالیزمە کە نەتەوە دروستدەکات"، ناسیۆنالیزمە "نەتەوە لەو شوێنانەدا دروستدەکات کە نەتەوەی تێدانییە"
ئاخر بەکام تەلەفوزی کوردی! ئەوی دیوی ڕۆژهەڵات کە کاریگەری فارسی بەسەرەوەیە یان ئەوی دیوی باشوور کە کاریگەری عەرەبی ئەوی باکووریش ئاشکرایە. بۆ خۆشت دەزانی خوێندنەوە و گۆ کردن فڵان وشە تەنانەت لە زمانە ئەورووپییەکانیشدا گۆڕانی بەسەر دێت! کێشە لەوەدایە کورد بەحوکمی دابەشبوونی کەلتووری دەوڵەمەندە، لەو نێوەدا تایبەتمەندییەکی خالس کە کورد هەیبێت بزرە!!گەر هەوڵ بدرێت لایەنی کەم بۆ چیبکرێت ئەویش لەمەی تا نها بۆی کراوە بەتایبەتی لەباشوور، کاتی زۆرتری گەرەکە..

ڕاسیزم لەفلیمێکدا
٢٠٠٩.١٢.٦

ئەم فلیمە وەک دەبیین باس لەدیاردەی هزری ڕاسستی دەکات کە لەنێو بەشێک لەخەڵکی ئەورووپا بڵاوە. لێرەدا باش ئاشکرا نییە کەسە عەرەبەکە خەڵکی کام وڵاتە! گەر فەلەستینی بێت، ئەوا بەگشتی موعجبن بەهێتلەر و دیدەکەی! لەبەر ئەوەی گوایە جوولەکە وڵاتەکەیانی داگیرکردووە! ئەمە لەکاتێکدا کەسێکی جوولەکەی ئیسرائیلی لەپەلاماری فاشستەکان ڕزگ...اری دەکات. دەرهێنەرەکە ژیرانە پەیامێک دەدات بەفەلەستیینییەکان کە بەهزری شۆڤێنییەتی عەرەبی و ئایینی دەجووڵێتەوە، کە فریادرەس، یان سەرئەنجام جوولەکە ئەو شەیتانە نییە کە لەلای خۆتان وێناتان کردووە. دەکرێت هاوکاری یەکتر بن بۆ ژیانێکی باشتر لەوەی کە هەیە. سوپاس بۆ شلێر محەمەدی کە ئەم فلیمەی دانابوو.
بەستەری فلیمە کورتەکە:
http://www.youtube.com/watch?v=RpjHSiQLPmA

چوار پارچەکە!
٢٠٠٩.١٢.٥

گوێبیستی چەند بەرنامەی تەلەفیزیۆنی دەبم، خەڵک بەگشتی کە سڵاو دەنێرن، بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دەنێرن، گوایە ئەم بەرنامانەی کە لەهەرێمەوە پەخشدەکرێن، هەموو سەیری دەکەن! ئەوە نەگونجاوە، و باشتر بڵێن دوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵات، یان هەر هیج نەڵین، چوونکە بەڕاستی کوردانی ڕۆژئاواو و باکوور لەشێوەزاری سۆرانی باش ناگەن. لەو بڕوایەدام سەیری ڕۆژتیڤی و کەناڵەتورکییەکان زیاتر دەکەن وەک لەوانی هەرێم.

گومان لەعەقلانییەت!
٢٠٠٩.١٢.٥

گومانێکی گونجاو دەبوو، گەر بزانرایە عەقلانییەت بەپێوەری ئەورووپی و ڕۆژئاوای بەسەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک ئەوەی خۆماندا نەسەپێنرێت!! کۆمەڵگاکەمان لەم قۆناغەدا پێویستی بەو عەقلانییەتە لەهەموو کات زیاترە. لەم وڵاتانەدا خەڵک لەیاسای بێڕۆح و گیانە بێزارە، بەڵام لەکۆمەڵگای خۆمان بەپێچەوانەوەیە، پێویستمان بەیاسا هەیە بۆ نەهێشتنی فەوزایەی کە کۆمەڵگاکەی تێکداوە...
وایە، عەقلانییەتیش لەکۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە، بەڵام چ جۆرەێک؟ بەپێچەوانەوە گەر ڕابەرانی کۆمەڵگا هەمەلایەنانە ژیر بوونایە، کێشەکان بەم ئاستەی ئێستا دەگەیشت؟!

ئینهازی!

ئیبراهیم تاتلەس، ئەو ساڵە بانگهێشتکرا بۆ هەرێمی کوردستان تەنها لەبەر کوردبوونی بوو. بەڵام ئەو داخوانییەکی شەرمهێنەری دا، خۆی ناشیرین کرد، ئەوەبوو ئەم شەکرەی شکاند: تورکی کوڕی تورکم! کەچی فشاری بزووتنەوەی کوردایەتی و فشاری ئەورووپا لەسەر حکومەتی تورکیا، هەنگاونان بۆ کرانەوە، ئەم ئینتهازییە گۆرانی کوردی دەڵێت....!

پێڵاو بەقۆندەرە!

مونتەزر زەیدی، ئەو عەرەبە عێراقییەی کە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆکی کۆنی ئەمەریکا جۆرج بۆشی بەر پێڵاودا، سەپرایسیان بۆ دروست کرد، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٠٩.١٢.١ لەپاریس لەکاتی بەستنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، بەر پێڵاویاندایاندایەوە. ها هاهاهاهاها ٢٠٠٩.١٢.١

کۆمۆنیستی کرێکاریش مووچەخۆری حوکومەت بوون!

کۆمۆنیستی کرێکاری، بەپێی ئەو یاداشتانەی نەوشیروان مستەفا کە لەوەڵام بە مام جەلال داویەتەوە. چەند نهێنی سەیر ئاشکرا دەکات کە نوێیە. لەوانە کۆمەکی دارایی حکومەتی یەکێتییە، وەک گرووپ و حیزبەکانی تر، بۆ ئەو حیزبە، کە مانگانە ٥٠ هەزار بووە، وەرگرتووە!

دەتوانن ئەو هاوڕێ فرە ڕادیکالانە پێمان بڵین، ئەی بڕی ئەو پارەیەی کە لەپارتی وەرگیراوە چەند بووە؟ وا باشترە لەدەمی خۆتانەوە بێت، چوونکە درەنگ و زوو یەکێکی وەک نەوشیروان دەبێت ئەو نهێنیانە ئاشکرا بکات.
ئاشکراکردنی زانیارییەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. دوای ئەوە لەوانەیە ئەو دێڕە بەلای منەوە گرنگ بێت بەڵام بەڵای زووربەی خەڵکییەوە، بێبایەخ بێت، جیاوازییەکە لەوەدایە، من بەدوای هەواڵی کۆن و نوێتانەوەم.
ئەو ساڵ و مێژووەی باسی دەکەیت، بەندەی موخلیستان لەدەرەوەی وڵات بووم، لەهیچ سەرچاوەیەکی دی ئەو زانیاریانەی کە تاهیر حەسەن ئاشکرای کردووە، نها نەوشیروان مستەفا باسی دەکات، نەمبیستووە!

پاکی و ناپاکی فڵان دەستە و گرووپ و حیزب پەیوەندی بەئەکتیڤبوون و زۆری جەماوەر و دەسەڵاتەوە هەیە، زۆر ئاساییە حیزبەکەتان لەچاو پارتی و یەکێتیدا بەحەو ئاوشۆرابێتەوە، هۆکەشی هەموومان دەیزانیین، لەهاوکێشەی سیاسی گۆڕەپانەکەدا چۆن و چۆن نیین!
هەرچۆنێک بێت؟ دەمەزەردکردنەوە و وروژاندنی مەسەلەیەکی وا کە نەوشیروان مستەفا لەدژی کۆمۆنیستی کرێکاری بەکاری نەهێناوە، لۆچێکە و کراوەتەوە. ئەو حیزبەی کۆن بەداخەوە ئێستا چەند پارچەیە، وەڵامی چی دەبێت؟
٢٠٠٩.١٢.١

منارە، ئیتر بەسە!


یەکشەممە ٢٢ی ١١ لەسویسرا ڕاپرسیی لەسەر قەدەغەکردن و نەکردنی یاسایی مزگەوت و منارە سازدەکرێت.
ئۆردۆگان کاتێ سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ بوو، لەکۆبوونەوەیەکدا وتبووی: مزگەوت سەربازگامانە، منارەکەی ڕمەکانمانە، قوببەکە کڵاوەکانمانە، باوەڕکردوانیش سەربازەکانمانە.
جا ئەوە پەیڤی بەحساب میانەڕەوێکی تەفگەری ئیسلامی بێت! زۆر ئاساییە قبووڵی زیادکردنی منارە نەکەن و نەهێڵن ئاوەدان بکرێتەوە. هەرواش دەرچوو، لەسەدا ٥٧،٥ دەنگیان بە قەدەغەکردنەکەدا. ٢٠٠٩.١١.٢٩
ئەو دەربڕینەی ئۆردۆگانم لەسەر بابەتێکی ماڵپەڕی ستاندار وەک کۆمێنت دانا، برادەرێک بەناوی: تێبین دارا؛وە کۆمێنتیکی نووسیبوو. ئاوا وەڵامم دایەوە:
لەڕاستیدا، ئەوەی لەسویسرا و چەند وڵاتی تری ئەورووپا ڕوودەدات، کاردانەوەی ئەو توندڕەوییەیە کەسەرچاوەکەی چەند بەشێک لەتەوژمی ئیسلامی، دروستی کردووە! بەو هۆیەوە تەڕ و وشکی پێدەسووتێنرێت. ئەم هەنگاوە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبێت ژیرانە بخوێنرێتەوە نەک داخوانی مناڵانە بدرێت. هەموو دەزانیین کێ لەپشتی توندڕەوە ئیسلامییەکانەوەیە، ئەمە پەیامێکە... مشاهدة المزيد بۆ ئەو دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیانە کە ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ دانیان بۆ ڕۆدەکەن و داڵدەیان دەدەن و پشتیوانیان لێدەکەن!
ئیسلام لەلایەنە ئینسانی و مۆراڵییەکەی دەرچووە، خۆش یا ترشی بوێت، دەبێت لە خڵتەوخەوێڵ و ناشیریینەکانی داتەکێنرێت، تا زوو بکرێت و هەنگاوی بۆ بنرێت، درەنگە. دەبێت بچێتەوە ماڵ و لەژیانی گشتی بکرێتە دەرەوە.
فشارە دەرەکییەکان وەکو ئەمەی سویسرا، وا بکات ئەو بزافتە لەسەر دەستی بیرمەندانی خۆیی خێراتر بکرێت. ٢٠٠٩.١٢.١

گەشبیر ئەحمەد، چەتری شیعری بەدەستەوەیە!


عەباس شوان - AbasShiwan

گوڵەکانی ژێر پێی باران، ناونیشانی دیوانێکی شیعر گەشبیر ئەحمەدە(لەدایکبووی ١٩٨٣ سلەیمانی). ئەم بەرهەمە لەدووتوێیدا ١١ شیعر و ٢٧ تێکستی لەخۆ گرتووە. هی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩ یە، ١١٤ لاپەرەیە.

بەهەوڵ و تێکۆشانی ئەم بەرێزانە، کتێبەکە پێگەیشتووە: لەتیف هەڵمەت پێشەکی بۆ نووسیوە. شێوەکار ڕێبوار سەعید، تابلۆی بەرگی کێشاوە. هونەرمەند سیروان شەریف، مونتاج و پیاداچوونەی بۆ کردووە. سەرکەوت مەحمود، دیزاین. عەتا عومەر ساڵح پێشەکی بەزمانی ئینگلیزی بۆ نووسیوە.
شاعیر، لەئنگلستان دەژی، بۆیە چەند د
انە لەشیعرەکانی لەپەرەکانی کۆتایی بەو زمانە وەرگێڕاوە، بەڵام نازانرێت خودی خۆی کردوونی بەئنگلیزی یان ئەو کەسەی کە پێشەکییەکەی بۆ نووسیوە؟

شاعیر، دوو پێشەکی نووسیوە، لەیەکێکیاندا بەرهەمەکەی پێشکەش؛ بەفرمێسکەکانی دایکی و ئازارەکانی باوکی و .....لەدووەمیاندا بەکورتی هۆی لەدایک بوونی سەرجەم بەرهەمەکەمان بۆباس دەکات.
هەر لەیەکەم سەرنجەوە، هەست بەجۆرێک تەناقوز دەکرێت! ئەم بەرهەمە وەک دیوانی شیعر پێناسکردووە، هەر خۆی لەکۆی ٣٨ پارچە تەنها ١١ی شیعرە و باقییەکەی تێکستە! لەچەند شوێندا لێیتێکچووە پارچەکان لەبەشی تێکستەدایە، کەچی لەپەراوێزیاندا، نووسیویەتی ئەم هۆنراوەیە!
خەمەکانی شاعیر، یان ناوەرۆکی پارچەکان لە مەسەلەکانی غووربەت و نامۆیی، ناسیۆنالیستی و چینایەتی، خۆشەویستی و لێکدابڕان، مرۆڤدۆستی و جارجاریش ڕەشبینی و.... دەدوێن و دەسووڕێنەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ژمارەیەک لەبەرهەمەکان بەگۆڕانیبێژ تارا جاف، دووعا، ئەو کچە ئێزیدییەی کە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بەناڕەوا بەردباران کرا و شەهید بوو، لەئاستی جیهانی دەنگوسەدای دایەوە. بەشەماڵ سابیر. بە ئارامیش و هاوڕێ؛ی پێشکەش کردوون. هەروەها ژمارەیەکش وەک لەپەراوێزدا نووسراوە بەتایبەت بۆ گۆرانی نووسیوونی. تەنها دانەیەکیان بۆتە گۆرانی، ئەوانی دی، ئاماژەی پێنەداوە ئایا بوونەتە گۆرانی یان نا؟

لە لاپەڕە ١٠٤دا و لە تێکستی ئەوپەڕی گەشبینی، دەنووسێت:
وا نۆ ساڵە لەغەریبی

دەریا ڕۆحم شەپۆل نادا

کەشتییەکی تێکشکاوم

بەجێماوم لەمەنفادا

لە شوێنێکی تر و لەپارچەی جانتای پڕلەهیچ؛دا، لاپەڕە ٥٦ تابلۆکە تەواو دەکات:
بەهەڵە.. هاتوومەتە ئێرە
من جانتایەکم.. پڕ لەهیچ

++++++

ستاتیکا:
لێرەدا وێنە و تابلۆی جوان دەبینرێت:

نازانم! تۆ مۆنالیزای؟؟
یان ئەو شێوەی لەتۆ دەکا

******
ئیدی بۆ دەهێڵیت ئاوا بمرم
کە من (دەریا تا سەر لێوی تۆ بهێنم)

******

هەی سێوە کچ
هەی لەڕۆیشتنی ئاو جوانتر

******
گیانەکەم گوڵ کە دەتبینێت
شەرمە(با)یەک دەیوەرێنێت

******
خۆشەویستی تۆ ماڵێکە

لەژێر باڵی هەوردایە
کە بارانێ تەڕم دەکات

هەستی تۆشی لەگەڵدایە؛
******
لە شیعری پاڕانەوە لە(ئاو) لاپەڕە ٣٥ کۆپلەی ٤ دا دەڵێت:
....هەناسەشم وا گڕەگرێ! بۆ ماچی هەناری لێوێ؛
لەدێڕی دووهەم وشەی هەناری... گەر مەبەست لەسووری بێت کە ژنان بەبۆیە ڕەنگی دەکەن دروستە. هاوکات دەکرێت بووترێت هەنار شێوەی خرە، جا کەی لێو وایە!؟ یان تام بێت، ئەویش جۆری زۆرە ترش و شیرین و مێخۆش و...


گەشبیر، لەسەرەتادایە، گەر ئەو بەهرەیەی پەروەردە و مشوماڵ نەکات، کاروانچییەکی بێبارو بارخانە دەبێت. بەهیوام لەداهاتوویەکی نزیکدا چاومان بەبەرهەمی جوانتر و زەڵاڵتر گەشبکاتەوە. ٢٠٠٩.١٢.١