خەمی ڕۆژانە، کانوونی یەکەم ٢٠١٠


سێشەممە ٢٠١٠.١٢.٢٨
ئۆپۆزسیۆنی سووری کاڵ!

حه‌مه‌ غه‌فور؛ی سەر بەکۆمۆنیستی کرێکاری، لەوتارێکیدا بەناونیشانی: عێراق؛ ململانێی تائیفی ‌و په‌راوێزکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان! کە لەماڵپەڕی گۆڤاری لڤین؛دا بڵاوبۆتەوە. قسەی نەیارانی خۆیان دەداتەوە بەڕووی بزووتنەوەی گۆڕاندا کە چەندە ساڵە بەگرووپێکی خەیاڵی و نالۆجیکی شوبهێنراون و هیچ دەورونەخشێکیان نییە و هیچیان پێنەکراوە. گوایە گۆڕان لەو هەلومەرجە ترشاوەی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆشباوەرە بەدیموکراسی و هیچی بۆ ناکرێت غەیر ئەوە نەبێت کە پاشقولی لێبگیرێت!!
کۆمۆنیستەکان جارجار لێرە و لەوێ باس لەبزووتنەوەی گۆڕان بەجۆریکی ناشیرین دەکەن!
ئاوای نووسیووە: (.. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ...ئه‌م نوخبه‌ داهێنه‌ره‌ی ئه‌ته‌کێتی سیاسی دیموکراسیانه‌، زیاتر له‌وه‌ی خه‌ون ببینن، خۆیان به‌ خه‌وبینین به‌ داهێنانی ماریفه‌ت‌ و ئه‌ته‌کێتی ململانێی پارله‌مانی‌ و دیموکراسیانه‌وه‌ مه‌ست ئه‌که‌ن له‌‌ نێو ته‌نووره‌ی ململانێی تائیفی‌ و قه‌ومی کوردستان‌ و عێراقدا! لەپرۆسه‌ی سیاسی عێراق، کابووسێکی واقعییە،و سه‌رده‌می پاشقولگرتن‌ و دیبلۆماسی نهێنی.. بۆیه‌ش هه‌ر جاره‌ و شه‌قازله‌یه‌ک له‌ حه‌ریفه‌کانیانه‌وه‌.. ڕایان ئه‌چڵه‌کێنێت..)
بەڵام کۆمۆنیستی کرێکاری و گۆڕان بەدەردی چارەنووسی شیوعییەکان لەگەڵ پارتی و یەکێتی چووە! هەتا بێت دەچنە ئاو و پەرتەوازەی چەند گرووپ بوون و دەبن، لەنێو هاوکێشەی سیاسی هەرێم و عێراقدا. سەنگ و قورساییان نەک نییە بەڵکوو لەنرخی نەبواندان!.... بەپێچەوانەوە گۆڕان خۆی فڕێداوەتە نێو جەرگەی ململانێکەوە، بەو هۆیەشەوە هەتا بێت باڵا دەکات و گەورەتر دەبێت!؟
مەگەر یەکێک داخلەدڵ و نابینا بێت دەورونەخشی گۆڕان نادیدە بگرێت.  گریمان گۆڕان هیچی لەئاست دەسەڵاتی عێراقی و کوردی پێناکرێت، بەڵام خۆ خەوی خۆشیانی لێزراندوون و کۆمەڵگای بەزیندوویی هێشتۆتەوە. ئۆپۆزسیۆنبوونی گۆڕان و کۆمۆنیستی کرێکاری لەبەراودکردن نایەت، باشترە بۆ هەردوو لا تواناکانیان پێکەوە بخەنە گەر و گرێ بدەن بۆ بەهێزبوونی هەرچی زیاتری باڵی ناڕازیانی نێو کۆمەڵگا، هەر لێتگەیشتنێک و بەرانبەرکێیەکی نێوانیان بەزیانی هەردوو لا دەکەوێتەوە..
ژمارەیەک لەکۆمۆنیستی کرێکاری لەوتارەکانیاندا هەر دەبێت لۆچێک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بکەنەوە، بەمەرجێک هەردوو لا ئۆپۆزسیۆنی سکۆلارن و جیاوزان. بەڵام پێدەچێت کۆمۆنیستی کرێکاری و حیزبە ئیسلامییەکان ئەو وردە شەڕ و هەڵوێستانەیان جۆرێک بێت لەبەغیلی سیاسیی!
بزووتنەوەی گۆڕان لەماوەیەکی کورتدا بەهەر باگراوەندێکەوە بێت هاوکێشەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان گۆڕی، بووە بەچقلی چاوی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی. بەڵام هێزە چەپەکان کە زۆر لەوان لەباری تئیوریی و مێژووییەوە لەپێشترن و پشت ئەستوور  بەباگراوەندی هزری جیهانی، کەچی نەک هیچیان نەکردووە بەهیچ بەڵکوو تا هاتوون بەئێستاشەوە ئەگەر بەرەودواوە نەڕۆیشتبێتن ئەوا لەشوێنی خۆیاندا ڕاوەستان و چەقیان بەستووە!!
هیچ بیانوویەک نییە بۆ کۆمۆنیستی کرێکاری کە ئەو عەیبە داپۆشێت، چوونکە خۆ ئەوە چەندەها ساڵە لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا، فەزایەکی ئاوەڵا بۆ کار و هەڵسووران زۆر باشتر فەراهەم بووە و هەیە، بۆ هیچیان بەهیچ نەکردووە؟ دەرد و ئاریشەکە لەچیدایە؟ وەڵام لەلای خۆیانە..
-------
هەمان وتار لەماڵپەڕی سبەی؛دا

دووشەممە ٢٠١٠.١٢.٢٧
ئۆپۆزسیۆنی ڕەش!

لەهەواڵێکی ماڵپەڕی ستانداردا هاتووە: بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ ده‌چێته‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌
بچێت یان نەچێت چ لەمەسەلەکە دەگۆڕێت؟!! بۆ دوانەکەی تریان (کۆمەڵ و یەکگرتوو) زۆر بەغیرەتن تا ئەمیان شتێکی جیاوز بێت!! ئەوانە بۆیە ئۆپۆزسیۆنن تا کۆمەڵگا بەرەو تاریکتر بەرن، قبووڵی هەموو جۆرە ئیهانەتێک دەکەن.. ئەم جۆرە لەئۆپۆزسیۆن، بوون و نەبوونیان هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت، پارتی و یەکێتی لێیان ناترسێن، بەیەکدوو دەستکەوت و چاوسوورکردنەوە شایەتمان بەدیاریاندا دەهێنن و دەچنە سەر ئاینیان!!

یەکشەممە ٢٠١٠.١٢.٢٦
ئۆپۆزسیۆنی خائین!

لەهەواڵێکی ماڵپەڕی خەندان وا هاتووە: یەكگرتووی‌ ئیسلامیی‌: مەسعود بارزانی‌ مەرجەعی‌ سیاسیی هەرێمی‌ كوردستانه‌.
ئەو جۆرە لەلووتژەندنی بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامی ماستاو سادرکردنەوەیە! هاوکات دروستکردنی دکتاتۆرێک لەبەشێکی هەرێمی کوردستاندا، و دوورکەوتنەوەیە لەبەدەزگاییکردنی کۆمەڵگای کوردی و دژ ڕاوەستانەوە، لەبری پارتی (حیزبی بنەماڵە) شەڕی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن..!!

شەممە ٢٠١٠.١٢.٢٥
کورد لەمەسەلەی ژندا لەعەرەب مۆدێرنتر نییە!

نه‌رمین عوسمان، خانمێکی ناسراوە لەوەسەتی سیاسیدا، لەسەر ئەوەی کە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی تەنها وەزیرێکی ژنیشی تیا نییە، دەفەرمووێت: ژن له‌حكومه‌تی نوێی عێراقدا پشتگوێخراوه‌. وێرای گلەیی بەڵکوو زەمیش بەسەر عەرەبەکاندا دەکات. هاوکات ژنێکی تریان بەناوی ئاڵا تاڵەبانییەوە گەرماوگەرم لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا لەسەر هەمان مەسەلە دژ وەستایەوە.
کورد بەتایبەتی لیستی پارتی و یەکێتی عەیب لەخۆیان ناکەن. وا خۆ پیشان دەدەن کە ئەوان مافی ژنانیان لەلا بەڕێزترە، ئەگەر چاودێرێکی بێگانەی بێ ئاگا لەڕەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق نەزانێت، دەڵێت چاوت لێیە پەکوو کە ئەم کوردانە مۆدێرنن! ئەم کڵاونانە سەرە یەک فلس ناکات، دەزانن بۆ؟ چوونکە ناپرسن لەحکومەتی هەرێمدا چەند وەزارەت بەژن دراوە و هەیە؟! وەڵام: یەک دانە ئەویش زۆر بێ خێرە!!! گوایە کوردەکان کەمێک کراوەترن! ترحێو.. ئەوە کۆمیدیایەکی زۆر بێمانایە، هەردوو حکومەت لەدژایەتی کردنی ژناندا دەچنەوە سەر هێڵێک..هاهاهاها

شەممە ٢٠١٠.١٢.٢٥
نووسەری خۆشباوەڕ

سه‌باح تاهیر لەماڵپەڕی کودستاننێتدا بەناونیشانی تیراسه‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسین. وتارێکی وەک بەدواداچوون بۆ ئەو دەربڕینەی سەرۆکی پارتی کە لەکۆنگرەی ١٣دا کردی و داوای مافی چارەی خۆ نووسی کرد. بەحسابی نووسەر خۆی وەڵامدانەوەیە بەهەڵمەتی ژمارەیەک لەنووسەرانی عەرەب کەدوای ئەو قسانە کوردیان داوەتە بەر هەڵمەتی بیری شۆڤێنی خۆیان!

ئەم نووسەرە خۆشباوەرە، بۆ باس لەو بەگدانانە ناکات کە رۆژێ دوای ئەوە لەسەرزاری نێچیری برازایەوە ڕایانگەیاند.. ئەو دێڕە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەچێتە خانەی زەمی بێتام بەسەر کەس و لایەنەکانی تری هەرێمی کوردستاندا، دەیەوێت وا پیشانبدات کە لەهەموو کورددانەتر هەڵسووکەوت دەکات و دەپەیڤێت!!
بەمەش نووسەر دوای هاشوهوشی ئەو جەنابە کەوتووە!! کە بەشێک لەخەڵکی باشوور بەفلسێک نایکڕن! بەتایبەتی کەرکووکییەکان هەر عەیبە بەدەهۆڵی وا هەڵپەڕن!گەلانی عەرەب و دەوڵەتی فڵان گەلی عەرەبی هەیە، نەک وەک ئەوەی نووسەر دەڵێێ؛ ..كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یین.. ئەوە هەڵەیە.. بۆ لەئۆرگانی فەرمی (ڕۆژنامەی خەبات) ئەو پارتە بڵاوی نەکردۆتەوە؟!
كۆنگره‌ی ١٣ی حیزبی بنەماڵە (پارتی) لای بەشێک لەخه‌ڵكی هەرێمی كوردستان بێ بایه‌خ‌ بوو. بۆیە بارزانی لەقسەکانیدا مەسەلەی مافی ‌چاره‌ی ‌خۆنوسینی هێنایە ئاراوە! تا ببێتە جێی نەزەری ژمارەیەک نووسەری گێلی ناسیۆنالیستی مشەخۆر و هاوکات گۆڕینی سەرنجی هاوڵاتیان بۆ مەسەلە لاوەکییەکان نەک کێشە هەنووکەییەکان کە رۆژانە دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەن!

هەینی ٢٠١٠.١٢.٢٤
مێژوونووسانی دەربار!

دکتۆر کەمال مەزهەری مێژوونووسی لەچاوپێکەوتنێکدا کە لەماڵپەڕی سبەی؛دا بڵاوبۆتەوە، دەڵێت:.. ماڵی‌ كورد، ماڵی‌ هه‌تیوه‌‌ و نابێت كه‌س ده‌ستی‌ تێی‌ بچێت..
ئەم پیاوە چاوبەرەژێری حیزبەکانی دەسەڵاتە، و لێبۆتەوە! بۆیە وا دەپەیڤێت!! ئەم جۆرە کەسانە بەدڵی دەسەڵات مێژوو دەنووسنەوە، هەروەک قانعی فەرد دەڵێت.
ئەگەر بێینە سەر ئەو دێرەی سەرەوە کە بەنموونە هێناومەتەوە. پارتی و یەکێتی و دەستەودائیرەکەیان لەهەتیوی کەوتوون، نها ئەوان وەک عەرەبی عێراقییان لێهاتووە و بوونەتە زۆردار و زاڵم کە بەڕاستی و لەژێر ناوی نەتەوەپەرستی و دیموکراسی تاڵانی ماڵی بەشێکی زۆری ئەو  هەتیوانە دەکەن کە دکتۆر بەیەک چاو سەیری هەموو کورد دەکات. ئەمەش ئەسڵی خیانەتی مێژوونووسێکی وایە!!

سێشەممە ٢٠١٠.١٢.٢١
هزر

ئایە دەکرێت ئایینی ئیسلام و کتێبە پیرۆزەکەی کە پێی دەڵێن قورئان، وەک ئایین و کتێبێکی ڕەش چاوی لێبکرێت؟ گریمان وایە، ئەی چار چییە؟ وەڵامی یەکەم، وازهێنان و هەڵگەڕانەوەیە لێی!... ئەگەر دەتەوێت بیسەلمێنی کە رەنگی قاز تەنها سپییە، پێویست بەوێنەگرتنی هەموو قازە سپییەکان ناکات بیگریت و بەدیوارەوە هەڵیبواسیت. لەم وتەیەی کارل پۆپر ١٩٠٢ - ١٩٩٤ (Karl Popper)ەوە دەردەکەوێت، ناکرێت بڕیاری پێشوەخت بدرێت کە هەموو موسڵمانەکان بەچاوێکەوە سەیربکرێت، گوایە موسڵمانی کراوە و میانەڕ نییە و نەماوە، گشتیان توندڕەون!!

چوارشەممە ٢٠١٠.١٢.١٥
هزر

ئەو جۆرە پارتانەی(بزووتنەوە، یەکگرتوو، کۆمەڵ) ئایینیان وەک ئایدۆلۆژیا وەرگرتووە، گەر داماڵڕێن لێی وەک ئەوە وایە کەوڵ بکرێن و شادەمار و رەگی ژیانیان بقرتێنرێت، کە هەرگیز ناچنە ژێر بارێکی واوە. نانێک هەبێت لەچاوی ئایینەوەیە دەیخۆن!
بەڵام ئایا ئایین دەکرێت بۆ خەلک و کۆمەڵگا و هەمووان بێت؟ یان بۆ دەوڵەت و حکومەت؟ ئەم پرسیارە لەسەر بناغەی ئەو ئیدەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئایین دەبێت جیا بێت لەدەوڵەت. لەڕاستیدا و لەسەردەمی داهێنانە سەرسووڕهێنەرە زانستییەکاندا بۆ هیچ کایەیەکی نێو ژیانی مرۆڤایەتی ناگونجێت، بێجگە لەمۆزەخانە.

چوارشەممە ٢٠١٠.١٢.١٥
وێنەی جوانی هەرێمی کوردستان لە % چەندە؟!

هێمن باقر، لەوتارێکیدا بەناونیشانی (وێنه‌ جوانه‌كه‌ له‌كوردستان) لەماڵپەڕی گۆڤاری لڤین؛دا وا دەنووسێت: ...ئه‌گه‌ر شۆڕش بكرێت مانای‌ وایه‌ له‌هه‌موو شتێك بێبه‌ش ده‌بین.. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می‌ شۆڕش‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی بێ ئاوی‌ و بێ كاره‌بایی‌ و بێ جاده‌یی‌ و بێ نانی‌‌ و بێ نه‌وتی‌‌ و بێ به‌نزینی‌ بێت، شۆڕش چ سودێكی‌ هه‌یه‌؟!
هەر ئەم وتارە لەماڵپەڕی خەنداندا دووبارە کراوەتەوە.

لەگەڵ بەشێکی ئەو دیدەدا ناکۆکم، دەزانن بۆ؟ دۆخی هەرێمی کوردستان هەموو دەزاانیین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەستنەوەی بەگەندەڵی بێسنووری کەمێک بابەتەکەی هەمەلایەنەتر دەکرد، هەموو ئەو کەسانەی کە دێنە وڵاتەکەوە گەر ڤیتامین واوێکیان نەبێت تەنانەت کرێکاریشیان دەست ناکەوێت..
ئەی بۆ باس لەکۆچی بەلێشاوی ئەو هەموو گەنج و خاوەن بەڵگەنامانە نەکردووە کە وڵات بەدۆزەخ دەزانن و کۆچ دەکەن بۆ دەرەوە؟ هەرخێزانێک بگریت بەلایەنی کەمەوە کەسێکی ئاوارەی وڵاتان بووە.. ئەورووپا ڕۆژبەڕۆژ ڕەگی ڕاسیستی تێدا بەرز دەبێتەوە، هاوکات ئەوانە سوور دەزانن لەوێ دەبن بەتۆزی ناو درک و مافی پەناهەندەیی وەرناگرن، مەگەر شانسیان هەبێت! یان ئەوەتا دەبێت خۆیان بکەن بەعەرەب و خەڵکانی دەرەوەی سنووری هەرێم تا قبووڵ ببن!!
ئەم جۆرە وتار و باس و خواستانە نزیکە لەدیدی ڕۆژنامەنووسانی حیزبەکانی دەسەڵاتەوە، هەر بۆیە و وەک دەبینین ماڵپەڕێکی نزیک لەیەکێتی (خەندان) تێکستی وتارەکە دووبارە دەکاتەوە!!!
نووسینێکی وا قابیلی پاساو و بیانوو هێنانەوە نییە! با تۆزێک ورد تر بڕوانین، لەڕاستیدا چۆن زۆر کار و کردەوە و هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنی ئازا و ئازاد و نووسەر و ڕووناکبیران دەیکەن. دەسەڵات و دارودەستەکەی گوێی خۆیانی لێدەخەوێنن و بەفەرامۆشی دەسپێرن و گەر بەر توانج نەدرێت ئەوا هێرشی دەکەنە سەریان!
دەکرێت ڕۆژنامەنووسانی ئازا و ئازاد ئەوە سیاسەتیان بێت، کە ئەو کەمە جوانییە هەیە، لەناوخۆ و لابەلا باس بکرێت نەک ڕابگەیەنرێت و بنووسرێت و گشتی بکرێتەوە. تا وەک هەڵ بۆ دەسەڵات نەرەخسێت و دڵیان خۆش نەکرێت، بڵێن ئەها دانمان پیادا دەنێن و وەک خاڵێکی بەهێز بۆ خۆیان بیژمێرن، و پاشەکشە و تەنازل بۆ ڕۆژنامەنووسە ئازا و ئازادەکان دابنێن و بەگۆڵ تۆمارکردنی بژمێرن! هاوکات دەبێتە بەدگومانی لەناو بەرەی دژ بەخۆیان! ئاخر ئەو چ لۆجیکێکی ناهاوسەنگە!
-------
هەمان وتار لەماڵپەڕی گۆڤاری لڤین؛دا

سێشەممە ٢٠١٠.١٢.١٤
جاری دۆڕاندنی زیاتری حیزبەکانی دەسەڵات ماویەتی؟
یاخی کێیە؟ ئەوە کەسەیە کە ئەڵێ؛ نا!  ئەلبێرت کامۆ ١٩١٣-١٩٦٠

ڕێکخراوە خوێندکاری و مامۆستایی و زۆری تری حیزبەکانی پارتی و یەکێتی و شیوعی و کۆمۆنیست بەڕێکخراوی سڤیلی دەژمێرێن و پۆڵین دەکرێن. لەدوای ئازادیش جۆرێکی تر لەڕێکخراو سەربەخۆیی سەریهەڵدا، لەبواری سیاسییەوە دووربوون، پشت و پەنایان یان بەجۆرێک لەجۆرەکان بەڕێکخراوە جیهانییەکان بەستبوو. ئەکرێت بووترێت ئەو ستایلە هاوردەی ڕۆژئاواییەکان بوو.

بەم جۆرە مێمڵ و دژێک بۆ پۆلی یەکەم و تەقلیدییەکان پەیدا بوو، لەدرێژ ماوەدا کەوتنە ململانێوە. کە حیزبە گەورەکان زانییان ئەم تەرزە لەڕێکخراو قابیلی مەترسین، پەیامێکی جوانتر و هاوکات وەفادارن بەئەرکێک کە لەپێناویدا دروست بوون، بۆ لەباربردن ڕاستەخۆ و نارەستەخۆ هانی پیاوە زویر و زیزبووەکانی خۆیاندا تا بخزێنە ئەو شوێنانەوە و تەنانەت ڕێگاخۆشکەریش بوون بۆیان، نەک بۆ دزینی زانیاری بەڵکوو تێکدانی بەرنامە و نەخشەی بەڕێوەبردنی کارەکانیان و بەلارێدابردن لەو ئامانجانەی هەوڵی بۆ دەدەن!

ئیتر ئەو ئەگێنتیانە کارکردن و هەڵسووڕان لەمانەوە بەهەر نرخێک بووە لەو ڕێکخراوە سڤیلییانەدا دەبینییەوە بۆ مەبەستی چاندنی ڤایرۆس و بەلارێدابردن هاوکات وەرگرتنی مووچەی بەرزو و موفت و هایلایف ژیان لەچاو زووربەی زۆری خەڵک، بەوەی بەردەوام لەجووڵەدان بۆ ئەم وڵات و شار، خەوتن لەئوتێڵە پلە بەرزەکاندا، ئەمە وێرای خۆبادان و خۆدەرخست و خۆنزیک پیشندان و بوون بەچاملغ و  خۆفشکردنەوە بەو  کەسە تاکوتەرا بێگانەنەی کە ڕێکخراوەکان بەڕێوەدەبەن.

بەڵام ئایا ئەو دۆخە چ بۆ ڕێکخراوە تەقلیدی و مۆدێرنەکان تا سەر دەبێت و بەکوێ دەگات؟ بێگومان نەخێر وا نامێنێتەوە. هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ڕێکخراوی مامۆستایان و پارێزەران پەیامێکی وای بۆ دەرخستین، بەڵێ وەک چۆن لەهەڵبژاردنی ٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩ پاشەکشەیەکی باش بەیەکێتی و پارتی کرا، لەمەشدا هەژموونی زاڵی نەخوازراویان پاشەکشەی پێکرا ڕەوشەکە بەرەو کاڵبوونەوەی زیاتر دەچێت. بەم پێیە بێت لەداهاتوودا لەڕێکخراوەکانی تریشدا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دێت و وڵات جوانتر و دیموکراتیتر خۆ دەنوێنێت. هاوکات دووبارە دەرکەوتنەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤیل* بەجۆرێک و بەستایلێکی ڕاستەقینە و لۆجێکی خۆی..

-------
* پێناسێکی کورت: ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای سڤیل، دەکرێت بەبەرهەمی گۆلبالیزەیشن دابنرێت. ڕۆژ بەڕۆژ دەورونەخشیان کاریگەرتر دەبێت  و زۆتر دەبن بۆ نموونە لەساڵی ١٩٩٠دانە بوون لەساڵی ٢٠٠٦ دا ئەو ژمارەیە خۆی لە ٥٠ هەزاردا. بەزۆری لەکیشوەری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتیندا بڵاوبوونەتەوە. ئەو ڕێکخراوانە ناحکومی و خۆبەخش و قازانجنەویستن. ئەرکیان یارمەتی و کۆمەکی ئابووری و فریاگوزاری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و ... بەو شوێنانەی کە دەستی حکومەتانی کەمتر دەیانگاتێ.
- : هەمان بابەت لەماڵپەڕی سبەی؛دا

دووشەممە ٢٠١٠.١٢.١٣
هزر



بۆ ئەوەی وەک تاکێک بگۆڕێت، خوێندنەوەی زۆری سەرچاوە جۆراوجۆرەکان یارمەتیدەر دەبێت کە نەنووسێت بە بیرێک ئیتر ئەو بیرە ئاینی ئان سکۆلاری یان هەر شتێکی تر... چوونکە بۆ نموونە ئایین بگریت، هەر شتێک لەسەر تێکستیکی تۆز لێنیشتووی بەر لەهەزار ساڵ ببێتە مایەی پرسیار و بەجۆرێک لەجۆرەکان لێکدانەوەی لەدیدێکی جیاوازەوە بۆ بکرێت، وەک مەحاڵی لێهاتووە!!


دووشەممە ٢٠١٠.١٢.١٣
چارەنووسیان هەر دادگایی کردنە!



بەشێک لەوڵاتەکە دەخۆن، هێشتا تێر نابن! تەماعیان کردۆتە سەر گیرفانی بەتاڵی فڵان ڕۆژنامە و گۆڤار!! تا ئێستا وەک پێشنیارێک دەمانووت وا باشترە ئەو بنەماڵەیە بڕۆنەوە بۆ ماڵ، موعەزەز موکەرەم دانیشن وەک هەر هاوڵاتییەک، بەڵام ئەوانە پێناچێت ئەو ژیرێتییەک پیشان بدەن، دەبێت بەرەوڕووی دادگا بکرێنەوە.


دووشەممە ٢٠١٠.١٢.١٣
لەقە لەکێ؟


نها، زۆر بەپەلە.. عومه‌ر كڵۆڵ‌ سەرۆکی حیزبی کەران، زۆر نێره‌كه‌رانه‌، لەجیاتی گوڵ و پیرۆزبایی، لەبەردەم هۆڵی کۆنگرەی پارتی، فرسەتی لەمەسعود مستەفا بارزانی هێناوە و داویەتە بەلەقە!!!
سەرچاوەی ئەم هەواڵدروستکردنە چاوپێکەوتنێکی سەرۆکی حیزبی کەرانە، لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنە



یەکشەممە ٢٠١٠.١٢.١٢
باکوورییەکان بەتورکی دەئاخافن!!


كوردەكانی باکوور بەخۆشیان نایانەوێ فێری زمانی خۆیان ببن.. زۆربەیان لە رێكخراو و دامەزراوەكانیانی تەنانەت سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستانیشدا زمانی توركی بەكاردێنن.
سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕووداو 


کێشەکە بەجۆرێکی ترە، ئەو حیزبەی کە خۆی ناوناوە پارتی کرێکارانی کوردستان، هەڵوێست فرۆشی بەسەر پارچەکانی ترەوە دەکەن. بەکوردی ڕەسەنیان نازانن! کەچی ئەوە دۆخیانە؟ خۆ زۆر خێزانی کوردی باکوور هەیە، هیچ فشاریکیان لەسەر نییە و لە...ئەورووپادان، لەناو ماڵی خۆیاندا بەتورکی دەئاخافن!!! ئەوە مەهزەلەی کوردایەتیی ئەوانەیە!! خودی پێ کە کە لە١٩٨٤ ەوە بڕیاریان داوە لەئۆردوگاکانیان زمانی کوردی بەکار بهێنن. زۆر جار لەو فلیمە دیکۆمنتانەی کە لێرەو لەوێ دەیانبینین، گوێبیستی قسەکردنین بەزمانی تورکی لەناو پێشمەرگەکانیان. ئەی ئەوە نییە تازە بەتازە خەریکن لەناوخۆی باکووری وڵات، هەڵمەتی کردنەوەی خوێندنگە کردنەوە و کوردی خوێندن و بەکوردی قسەکردنیان بەرێخستووە.ئەمەی نها دەیکەن زۆر باشە.


یەکشەممە ٢٠١٠.١٢.١٢
هزر


ترس، بێدادی دەکات، ئەملا دەکەیت حکومەت دەبینی گوایە تیرۆریستانی ئیسلامی و عەرەبی سوونە یان حکومەتانی دراوسێ حەزمان پێناکەن، هەیە، بەناوی پارێزگاری لەئارامی و ئاسایشەوە دەتترسێنێت! ئەولا دەکەیت مەلا و ئیمام و ئایەتوڵا و پیاو و ژنانی حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان بەناوی پارێزگاری لەئایین و بەدەستهێنانی ئەو دنیا دەتترسێنن! ...ئەولاتر دەکەیت بەشێکیش لەڕۆشنبیر و نووسەران بەناوی دژایەتی کردنی پاشکەوتووی دەتترسێنن! 
ئیتر تەنراوی بەداوی جالجالۆکەی ترسی جۆراوجۆر، بێدەنگکراوی و ناوێری زمان هەڵبهێنیتەوە، بەئسراحەتی خۆت قسە بکەیت و ئەوەی لەدڵتایە دەریبڕیت!!!


شەممە ٢٠١٠.١٢.١١
شۆڤێنزمی ئایین بەهێز دەکات!؟


ئەوە دیدی بەشێک لەچەپەکان و ئیسلامیەکان و ئەوانی ترە کە بەهەربیانووەکەوە حەزیان بەڕۆژئاواییەکان نییە! ئیسلامییە توندڕەوەکانی بن لادن، دەستپێشکەربوون لەهێرش بۆ سەر ئەمەریکا.. ئەم فیدیۆ فلیمە زیاتر لەبەرژەوەندی ئیسلامییە توندڕەوەکانە، ئەی بەشەکانی تری کوا؟ ئەوانە بەم دیدەوە هێندەی تر لەوڵاتەکانی خۆیاندا باسکیان بەهێز دەبێت، هزری شۆڤێنێتی ئایین بەهێز دەکات!


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٢.٩
گفتوگۆی دوو ناکۆک!!!
وەرگێڕان لەعەرەبییەوە بەدەسکارییەوە


لاستیکی هێڵکوژێنەوە: چۆنی؟
پێنووس: تۆ هەقت چییە؟
- : بۆ؟
- : رقم لێتە.
- : ئاخر بۆ چیم کردووە؟!
- : نووسینەکانم دەسڕیتەوە.
- : بەس هەڵەکانت.
- : جا چ پەیوەندی بەتۆوە هەیە؟!
- : با هەیەتی، ئەی بۆ پێم دەڵێن هێڵپاکەرەوە، کارمە.
- : کەی ئەوە کارە؟!
- : وەک ئەوەی تۆ کاری بەسوودە.
- : هەڵە و لەخۆباییت.
- : ئاخر چۆن چۆنی؟
- : ئەوەی دەنووسێت باشتر لەوەی دەیکوژێنێتەوە.
- : کوژانەوە هەڵەیش کارێکی باشە.
- : وەک مۆم دەتوێیتەوە؟
- : ئێ لەپێناو کوژانەوەی هەڵەکاندایە.
- : منیش هەتا بێت کورت دەبمەوە!
- : ئیتر ئەوە سوونەتی ژیانە، هەموو کارێک قوربانی گەرەکە.


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٢.٩
هەر دز و مفتەخۆربوون!!


مه‌ریوان وریا قانیع، لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا وا دەنووسێت:.. ئەزموونی تۆقێنەری بەعس ئەزموونی تێکەڵبوونی نەوت ‌و نەخوێندەواری‌ و توندوتیژی بوو بەیەکتری. لەکوێ نەوت‌ و حیزب‌ و نەخوێندەواری هەبوو لەوێ مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ئەزموونە هەیە...


منیش دەڵێم: لەبەشێکی کوردستانی باشوور بەتایبەتی زۆنی پارتی دەبێت دوو خاڵی تر بۆ ئەو سێ خاڵە زیاد بکرێت، ئەویش: حیزبی بنەماڵەی بارزانی، پارەی شۆڕشی مەلا مستەفایان برد، لەسەرەتای ڕاپەڕینیشەوە تا هاتنی تەواوی ئەمەریکییەکان و ڕاکردنی سەدام حسین پارەی گومرگی ئیبراهیم خەلیلیان دزی.


سێشەممە ٢٠١٠.١٢.٧
دیموکراتی پرد!


دیموکراتی، وەک ئەو کوێدرێژە وایە کە بەهۆیەوە دەکرێت هەر زاڵم و دیکتاتۆر و سەرەکخێڵ و مەلایەک گونی خۆی و بنەماڵەکەی بەسەر باقی خەڵکدا شۆر بکاتەوە، و بیانکات بەملیاردێر! وەک نها لەهەرێمی کوردستان دەبینرێت.


یەکشەممە ٢٠١٠.١٢.٥
هزر


حیکمەت لەوە چییە، زووربەی ئیسلامییە توندرەوەکان دەچنە ئەو کولیژ و پەیمانگا باڵاکانی وەک ئاییتی، تەکنەلۆجیا، پزیشکی و ئەندازیاری، فیزیا و کیمیا و ماتماتیک؟ بەڵگەنەویستە ئەو بوارە زانستیانە زیاتر لەهزری ڕۆبۆتئاسا نزیکە، کەواتە قابیل بەوەیە بیرکردنەوە ئەو خوێندکارانە جام یان سڕکراو بێت، بۆ کاری ناتەندروست و نابەجێ تەنانەت... دژی مرۆڤانە بەکاری بهێنن!. چوونکە ئەو جۆرە لەزانستە وشکەکان ناسراون، بێ هەست و ڕۆحن! ئەی چار؟


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٢.٢
سەرما جنۆکەیە!


برادەرێک وا دەنووسێت: سەرمای فینلاند وەکو جنۆکه وایه بچێته لەشی بەشەرەوه بەهیچ نایەته دەرەوه.


جنوکە دەربڕینێکی هەزەلییە!! تۆ سەرەتاتە لەم وڵاتەدا، بۆیە وا دەڵێت.. با کەمێک لێرە پیر بیت، تێدەگەیت چۆن چۆنی دێیتە دەر و چۆن خۆت دەپێچیتەوە و چۆن خۆت لەو سەرما کوشندەیە، وەک فینلاندییەکان دەپارێزیت.
ئێمە ڕۆژانە گەنجانی وەک تۆ دەبینین لەم شارەی خۆمان (لاهتی) پەلەی گەرما ناقس ٨ تا ١٠ و ١٥ یە بەبێ دەستکێش و جلێکی تەنکەوە دەسووڕێنەوە! بۆیە سەرماکە نەک لێتان دەبێت بەجنۆکە بەڵکوو دەبێتە ئەهرەمین و لەوەش خراپتر.. دەڵێن گڕ لەگڕ بەر بێت، فینلاندیش سەرماکەی بێ حەد بەهێزە، ئەگەر پێغەمبەری موسڵمانان بیزانیایە سەرمایەکی وا هەیە قەت خەتاکارانی بەئاگر دۆزەخ سزا نەدەدا، بەڵکوو سزای سەرمای باکووری گۆێ زەوی دەدان کە زۆر بەشیدەت ترە لەو ئاگرە.


چوارشەممە ٢٠١٠.١٢.١
کامیان گۆکردنیان ڕاستە؟


ڕێبەر فەریقی شاعیر، پێی وایە: ئێستێتیکا یانی جوانناسی، به‌س نازانم ستاتیکا یانی چی...
هێنده‌ی من بزانم، مه‌گه‌ر چۆن، ئه‌گه‌رنا هه‌مووکه‌س [ئه‌ڵبه‌ت کوردان ده‌ڵێم] له‌ بری ئێستێتیکا، ستاتیکا، یان ئێسته‌تیک ده‌نووسن، یاخۆ هه‌ردووکیان ده‌نووسن، که‌ هه‌ردووکیان غه‌ڵه‌تن...


وەڵام:
ستاتیکا بەئەڵمانی: Ästhetik و بەئنگلیزی: Aesthetics و بەعەرەبی الاستاطيقا و بەتورکی Estetik و بە فینلاندی Estetiikka وە هەروەها.
ئازیز تۆ لەفەرهەنگی عەرەبییەوە یان لە چۆنییەتی گۆکردنی وشە عەرەبییەکەوە هاتووی چاوت بەو وشەیەدا خشاندۆتەوە. ئەو دەربرێنەش بۆ زمانی کوردی قورس و گرانە، بۆیە هەموو جارێک هەردووکیان دەنووسم تا لەلای بینەر ڕوون بێت مەبەست چییە.
ئەو زمانانەی تر هەریەکە بەشێوەی خۆی وشەکە گۆ دەکات. وەک دەبینی وشەکەی ئێمە نزیکە لە تورکی و فینلاندییەکەوە.. 


چوارشەممە ٢٠١٠.١٢.١
هزر


بەشێک لە کەلەپووتانی ئیسلامی سیاسی دەڵین؛ ئێمە وەک ڕۆژئاواییەکان قاوە دەخۆینەوە، بەڵام جیاوازیمان لەوەدایە، کە قاوەکە بەتاڵی دەخۆینەوە! هاوکات ڕۆژئاواییەکانیش زووربەیان قاوە بێ شەکر دەخۆنەوە، چوونکە شەکر بۆ تەندرووستی مرۆڤ باش نییە. سەرچاوەی ئەو خۆ جیاکردنەوەیە بۆ ئەو دیدە توندرەوەییە دەگەڕێتەوە کە دەڵێ هەرچی نائیسلامە...کان دەیکەن و دایانهێنا، گەر باشیش بێت بۆمان نایکەین.
وەک کۆنی سەردەمی بەعسی گۆربەگۆڕ، کورد باشوور گەر حکومەت کارێکی باشیشی بکردایە (کاتگۆڕینی هاوینە و زستانە وەک نموونە) بەهەزار شێوە رەتمان دەکردەوە. هەر کاتەکۆنەکەمان بەکاردەهێنا. بەڵام جیاوزییەکەی کورد و ئیسلامییە سیاسیەکان لەوەدایە بەعس داگیرکەر بوو، بەربەریانە جینۆسایدی دەکرین، ناهەقمان نەبوو بەو شێوە تووند و کوێرانەیە لەبەرانبەریدا بوەستینەوە، ئەی ئیسلامییەکان لەبەرانبەر نائیسلامە داهێنەرەکاندا بۆ وا دەکەن؟


چوارشەممە ٢٠١٠.١٢.١
ئەوانە چۆن سەرکردەیەکن؟


عه‌لی كه‌ریمی، لەماڵپەڕی ڕۆژنامەی هاوڵاتی وا دەنووسێت:...خۆزگە ئه‌م سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ و به‌رپرس و نوێنه‌رانی هه‌ولێر و به‌غدام هه‌ر به‌ ناو ناسیبا و ئاوا به‌ وردی له‌ ده‌روون و كه‌سایه‌تیان نه‌گه‌یشتبام، ره‌نگبوو ئاسووده‌تر ژیا بام.. ناسینی ئه‌م مرۆڤه‌ موقه‌ده‌سانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌، ئاشنابوون به‌ هه‌ستان و دانیشتنیان، به‌ كرده‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتیان، له‌ نان خواردن و جلوبه‌رگیا...ن، ئه‌فكار و بۆچوونیان، ئیداره‌ی ناو ماڵیان و خو و خده‌ی ناپه‌سه‌ندیان هه‌ر له‌ به‌رچاوته‌نگی و ئۆقده‌یی بوونه‌وه‌ بگره‌ تاده‌گاته‌ به‌خیلی و حه‌ساده‌تی منداڵانه‌ و دڵ بچوكی و ره‌زیلی، سه‌رم سوڕ ده‌مێنێت كه‌ چلۆن ده‌كرێت ئه‌م مرۆڤانه‌ موقه‌ده‌س و له‌ خه‌ڵكی تر زیاتر بن! ئەوانە نه‌ته‌نیا شایانی ته‌قه‌دوس نیین‌، به‌ڵكو بگره‌ زۆر لەمرۆڤێكی ئاسایی و گومناو كه‌مترن‌، بەڵام بۆی لواوه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی ناشه‌رعی به‌ ده‌یان هۆی ناموسته‌حه‌قی پێ به‌خشراوه‌ و وایلێكردووه‌ قسه‌ پڕوپوچه‌كانی به‌ حیكمه‌ت و نه‌سته‌ق لێوه‌رگرن و ئه‌دا و ئه‌تواری ناشارستانیانه‌ی هه‌ر له‌ نان خواردن و خواردنه‌وه‌ و جلوبه‌رگییه‌وه‌ به‌ شازی شازان بۆ حیساب بكه‌ن. 


نووسەری بەڕێز، بەداخەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر فشارەوە، ناوی ئەو بەناو سەرکردانەی نەهێناوە! هاوکات ئەوە بۆ ئێمەی خوێنەر و هاوڵاتی پرسیارە کام لەو سەرکردانەی مەبەستە؟ خۆ ئەوانیش پلەبەندی کراون.
ئەوەی ئێمەی خوینەر و هاوڵاتی دەمانەوێت بیزانیین و...ەک چۆن بەڵگەنامەکانی ویکیلێکس ژێر دووگی سیاسەتی ئەمەریکی لەبەرانبەر چەند سەرۆکی وڵاتان هەڵماڵی. ئەوانە کێن؟ مام جەلال و مەسعود بارزانی و مالکی ... یان ئەوانی خوار ئەوانەوە کە بەڕاستی بجووکەکان جێی مەبەستمان نیین...

خەمی ڕۆژانە، تشرینی دووهەم ٢٠١٠

دووشەممە ٢٠١٠.١١.٢٩
ئەو کاتەی دیکۆمێنتەکانی ویکیلێکس ڕسوایی دەبەخشێتەوە!

دیکۆمێنتەکانی ماڵپەڕی ويكیلێكس، شتی خۆش هەزەلی تێدایە: سەرۆکی ئێرانی بەسەری مار و هێتلەرێکی تر وەسفکراوە..سەرەکوەزیرانی قەتەریش وتویەتی: ئێمە درۆیان لەگەڵدا دەکەین، ئەوانیش(ئێران) درۆمان لەگەڵ دەکەن.. پاشای سعودی لەبارەی مالکی سەرەۆکوەزیرانی عێراقی عەرەبیەوە: کەسێکی جێی بڕوا نییە، پێشوازی لێناکەم، ئەو ئەگێنتی ئێرانە.. حوسنی موبارەکیش زۆر زۆر رقی لەئێرانە و درۆزننیان دەزانێت..سەرۆکوەزیرانی تورکیا ژمارەیەکی زۆر ڕاوێژکاری لەدەور خۆ کۆکردۆتەوە مەدح و سەنای دەکەن هاوکات ڕقیان لێیەتی و بێتاقەتن لێی و حەزی پێناکەن.. بوله‌نت ئارینچ، جێگری سه‌رۆكی وه‌زیری تورکیا وەک"سه‌گی به‌ر ده‌رگای ئه‌ردۆغان" وایە.
ئەو سەری مارە دەبێت بپەڕێنرێت، پاشای سعودی لەبەرانبەر ئێران و ئەحمەدی نەژاددا وتوویەتی! وەک پەندە کوردییکەکی لێهاتووە؛ قەل بەقەل دەڵێت ڕووت ڕەش بێت! بۆ خۆی زۆر شەریفە؟

عەلی نوریزادە، نووسەر و ڕاگەیانکار و بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی عەرەبی ئێرانی، لەبەڵگەنامەکانی ویکیلێکس ناوی هاتووە. ئەگێنتییەکی ئێرانی کە خۆی بەکوردی سوونی پێشانداوە، وێرای زانیاری کۆکردنەوە لەسەری، ساڵی ٢٠٠٩ لەسەردانێکی بۆ واشنتۆن ویستویەتی تیرۆری بکات، بەڵام پۆلیسی ئەمەریکی کابرایان گرتووە و دواتر ئەمیان لێئاگادارکردۆتەوە کە هەوڵی تیرۆری دراوە، تا ئێستا لەبەر بەرپانەبوونی جەنجاڵی ڕاگەیاندن ئاشکرای نەکردووە.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو کێسەی عەلی نوریزادە تکایە کلیکی ئێرە بکە.

شەممە ٢٠١٠.١١.٢٧
عەشق لای مارکیز!!

گەر خودا شتێکم لە ژیانێکی نوێ بداتێ، ئەوا بۆ خەڵکی دەسەلمێنم چەند هەڵەن کە پیێان وایە کاتێک گەورە دەبن ناتوانن عاشق بن ، بە بێ ئەوەی بزانن پیریی کاتێک دێت کە مرۆڤ کۆڵ لە عاشقبوون دەدات.
دوا وەسێتی گابرێل گارسیا مارکیز

وانییە، مەرج نییە ئەو دەربڕینەی مارکیز بۆ هەموو مرۆڤێک دروست بێت، دەزانی بۆ ماکیز یەکێکە لەمرۆڤە شازەکان، هەموو دەزانیین بۆ؟ ئەو لەدیدی خۆیەوە دەڕوانێت بۆ ژیان، ئەو لەهەلومەرجێکدا ژیاوە مەرج نییە، من تۆ ئەو ئەوان ئێمە وابێت یان وابوو بێت.. تۆ بۆ دەفڕی بۆ ئەمەریکای لاتین بڕوانە کۆمەڵگاکەی خۆت، ورد بەرەوە بزانە هەموو ئەو مرۆڤە بەتەمەنانە تەنانەت ئەو نووسەرە شازانەی لای خۆمان وەک مارکیز دەڕواننە عەشق بەمانا تەجریدییەکەی.. بیگومان نەخێر..

شەممە ٢٠١٠.١١.٢٧
بزووتنەوەی گۆڕان خۆی قەبە پیشان نادات

ئێمه‌ پێمانوابوو پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار گرنگتره‌ له‌كه‌سه‌كه‌.. ئه‌و پۆسته‌ ئیستیحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردستانه‌‌.. بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ش ببێته‌ عورفێكی‌ ده‌ستووری‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ بۆ ئه‌و به‌ڕێزه‌ بێت، جاره‌كانی‌ داهاتووش هه‌ر بۆ كورد بمێنێتەوە.. پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار گرنگتره‌ له‌كه‌سه‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌ جێگیربێت بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان..
هەر لەم ماڵپەڕە بڕوانە ئەم بەستەرە

ئەوە دەربڕینی ناسراوترین پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانی پەرلەمانی عێراق، دادوەر شێخ له‌تیف مسته‌فایە..دوای ئەوە تێناگەم نووسەری بەڕێز بۆ خۆی لێگۆڕاوە و بەناوی خەڵکەوە دەپەیڤێت، وا باشترە ئەو عادەتە تەرک بکات بەناوی خۆیەوە قسە بکات!!!لەبارەی ئەهرەمین و فریشتەوە، ئەوە چەندەها جار هەڵسووڕاوانی گۆڕان دەریان بڕییوە کە ئێمە فریشتە نیین و ئامادەش نیین ببینە فریشە..
سەرچاوە، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنە

شەممە ٢٠١٠.١١.٢٧
موختارکوژەکانی ئیسلامییەک!!!

(..ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ نه‌زانێت واقیعه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌‌و سیاسات‌و مه‌شاریعی‌ خۆی‌ نه‌گونجێنێت، یان با بڵێین زه‌مینه‌سازی‌ نه‌كات بۆ پڕۆژه‌كانی‌ خۆی‌، هێزێكی‌ فاشیله‌ ئه‌وه‌ قسه‌ی‌ "هێنری‌ كیسنجه‌ر"ه‌..)
ئەم (سه‌میر سه‌لیم)ەی پەرلەمانتاری یەکگرتوو لێی تێک دەچێت و پارادۆکس دەدات بەدەستەوە، بۆیە لەقسەکانی دواتردا دەڵێت:
(.. خۆ ئێستا (گۆڕان)ی‌ ئه‌مڕۆ، یه‌كێتی‌ دوێنێن!، خوا ده‌زانێ‌ سبه‌ینێ‌ چی‌ ده‌بن؟ یه‌كگرتووی‌ ئه‌مڕۆ خوا ده‌زانێ‌ سبه‌ینێ‌ چی‌ ده‌بێت؟..)
لەکاتێکدا باس لەبەسیستەماتیک کردنی کار و هەڵسووڕانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات کە زیاتر مەبەستی بزووتنەوەی گۆڕانە، دوایی هەمان شت دەیداتە دەست خوا، کە فڵان هێز چی دەکات و چی ناکات؟! بەداخەوە سەمیر سەلیم بەئاوازێکی ناخۆش دەپەیڤێت، ئەم جۆرە لەئۆپۆزسیۆن بوونە وا لەمرۆڤ دەکات پێناسێکی تر بۆ جۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دابنرێت.
سەرچاوە، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنە

چوارشەممە ٢٠١٠.١١.٢٤
کام ئەلتەرناتیڤ؛ بایدەمیر یان عەبدوڵا ئۆجەلان؟


عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕۆحی لەبایدەمیر سەرۆکی شارەوانی گەورەترین باژێری کوردستانی باکوور دیار بەکر چووە بۆیە بەو شێوە ناشیرینە قسەی لەبەرانبەردا دەکات، و ڕێگای خیانەتی پێ پیشان دەدات..
سەرەتای شەرێکی ناوخۆ لەنێوان کوردانی باکوور خۆ دەنوێنێت، دوای ئەوەی بایدەمیر و ژمارەیەکی تر لەڕابەرانی سیاسی ئەو پارچەیە، بەئاشکرا داوای بێدەنگکردنی چەکەکان دەکەن. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەبەرانبەریاندا قسەی بەرزونزم دەکات و فتوای دەمشکاندنی بایدەمیر دەردەکات!!!
موراد قه‌ره‌ییلان؛یش دواتر دێتە سەر هێڵ، هەمان قسەی سەرۆکەکەی دەکاتەوە و خەریکی دانانی سنوور و سنوورکاریین!! قه‌ره‌ییلان هەوڵ ئەدا بەجۆرێک لەجۆرەکان شەڕەکە بخاتە گۆرەپانی تورکەکانەوە، گوایە میدیای تورکی هەوڵ ئەدەن گێرەشوێنی بکەن و مەسەلەکە بەئاقارێکی تر بەرن. بەڵام بۆ خۆی هەڵە دەکات؟ عەبدوڵا ئۆجەلان بەدەردی مام جەلال کە زۆر جار دەیترشێنێت چوو، مەسەلەکەی تێکدا، بۆ نەیدەتوانی وەڵامی ڕابەرە سیاسیەکانی ناوخۆی وڵات نەداتەوە؟ جا وەڵامەکەشی چۆن وەڵامێک بوو؟ هەرەشەئامێز و هاندانی گەنجان دەدات دەمیان بشکێنرێت!!
تکایە بۆ قسەکانی قه‌ره‌ییلان بڕوانە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕووداوو:

بەشێک لەقسەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەوەڵام بەپێشنیارەکانی بایدەمیر و ئەوانی تردا:

.. بایده‌میر به‌ چ هه‌قێك ئه‌و قسانه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر هێزی چه‌كداری كورد له‌ شاخه‌كاندا نه‌بن، ئه‌وا بایده‌میر ده‌توانێت دوو مانگ له‌ جێگه‌ی خۆی دانیشێت.. ئایسه‌ل تۆغڵوكیش دێته‌ لای من باسی دانانی چه‌ك ده‌كات، چی رووی داوه‌، یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ته‌نها من وه‌ك كه‌سی كاریگه‌ر ده‌بینن له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا و سه‌یری ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌م ئه‌م روونكردنه‌وانه‌ ده‌ده‌ن، خه‌ریكم ده‌ته‌قمه‌وه ‌‌و هیچم بۆ ناوترێت. یه‌كسه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی رابگه‌یه‌نێت و بچێته‌ ناو پارتی دادوگه‌شه‌پێدان، یان پارتێكی چه‌په‌وه ‌‌و درێژه‌ به‌ كاره‌كانی خۆی بدات، یان داوای لێبوردن بكات، یان بچێته‌وه‌ ناوماڵ و منداڵی خۆی دابنیشێت.
لەماڵپەڕی خەندان؛ەوە وەرگیراو، ئەمە بەستەرەکەیەتی:

ڕاگەیاندنەکانی ئەو حیزبە لەباشوور و ڕۆژهەڵات بەشێووەزاری کرمانجی ناوەند(ناسراو بەسۆرانی) بێدەنگیان لەڕووداوێکی وا گرنگ کردووە.. دەزانن کە عەبدوڵا ئۆجەلان قسەی باشی نەکردووە.

بایدەمیر لایەنی کەم بەهەوڵ و تێکۆشانی خۆی و لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە لای خەڵک خۆشەویست بووە و گەیشتووە بەو پلەوپایەیە، بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان هەلومەرجێک جیاواز کە جۆرێک لەخۆ فەرزکردن و ... دروستی کردووە.. ئەمە هێشتا هیچ نییە و زیندانە و هەڕەشە دەکات، جا وەک پارتی و یەکێتی بێنە سەر دەسەڵات ئەبێ چ دۆزەخێک دابنێت..

پێشبینی ئەوە دەکرێت، ئەو هێزە چەکدارەی پێ کە کە چەند دژی دەوڵەتی تورکیایە ئەوەندەیش دژی خودی کورد دەبێت و بەکار دەهێنرێت، کاتێک ئەدەبیاتی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر دەبینرێت، دەردەکەوێت چەند وەک پارتی و یەکێتی خاوەنی شەری ناوخۆ و براکوژین و تەخوینی یەکتر و تیرۆری جۆراجۆرە..

عەبدوڵا ئۆجەلان و حیزبەکەی شێر بەگوێ بگرن بێ سوودە، گەر ئەوەندە ناشیرین لەگەڵ هاوخەباتانی خۆی و هاوڵاتیان هەڵسووکەوت بکەن، وەک چۆن نها لەباشوور حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆ لەخەباتی شاخ کەمیان نەکرد بەڵام لەبەر ناشی بوونیان و هەڵسووکەوتی ناشیرینیان دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، دەبینیرێن چەند ناقۆڵا و پاشکەوتوون!
تەمەنادەکرێت بەزووترین کات ئازاد بن تا ببینرێت چ دەکەن؟ چ قارەمانێکی ئاوەدانکردنەوە و ئازادی دەبن؟ قابیلە لەپارتی و یەکێتی باشتر بن، چوونکە مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە!!

ئەو ژمارەیەی کورد کە لەباکوور دیاریکراوە بە ٢٠ ملیۆن، موبالەغەیە، ئەوە ناسیۆنالستانی فشەکەری کورد بێ هەبوونی داتایەکی ڕاستودروست لەگۆترە هەر لەخۆیانەوە ئەو ژمارەیەیان فڕێ داوە.. کوردی باشوور  سەرەڕای وەزع باشی و چەندەها ساڵ ئازادی هێشتا بەوردی نازانرێت چەند ملیۆنە، مەگەر دوای ئەم سەرژمێرە کە بریارە بەم نزیکانە ئەنجام بدرێت.

تێگەیشتنی سەختە، بۆ بەشێک لەخەڵکی باشوور تەنها لەکوردستانی باکوردا عەبدوڵا ئۆجەلان و حیزبەکەی دەبینن؟ ئەگەر بڕیارە ٢٠ ملیۆن بن، بۆ دەبێت تەنها حیزبێکیان هەبێت؟ هۆی چییە حیزبەکانی تر تیشکیان لەسەر نییە؟
بۆ باشوورییەک تەناقوزە - پارادۆکسە شەڕی پۆلۆراریزم - تەعەدودییەت بکات و سەرەکۆنەی پارتی و یەکێتی بکات کە دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردووە، کەچی بۆ باکوور تەنها یەک حیزب و یەک شەخس ببینین؟ چۆن لەو پارچەیە دژی پارتی و یەکێتی هەوڵێکی لەو جۆرە لەئارادا هەیە، هاوکات واباشتر و گونجاوترە بۆ باکور و پارچەکانی تر تەنانەت بۆ وڵاتانی تریش ئاڵای تەعەدودییەت بەرزبکرێتەوە.

لەبەرانبەر ئەو دیدەی کە پێی وایە عەبدوڵا ئۆجەلان و حیزبەکەی کوردیان لەو پارچەیە زیندوو کردۆتەوە و هەستی کوردایەتیان جووڵاندوون. بەڵی وایە بەڵام بەپلەی یەکەم فەرزەکەی بۆ ئەوە درندەیی و توندرەوی تورکەکانە دەگەڕێتەوە، گریمان ئەو دیدە ڕاست و دروستە، بەڵام ئەوە وەک پارتی و یەکێتی ئەوەندە قەبە کراوە، بێتام بووە، بووە بەمنەت و فەزل فرۆشی بەسەر خەڵکییەوە!

ئەم جۆرە چەواشەکارییانە بەسەر بەشێکی هوشیاری خەڵکی باشووردا  تێناپەڕێت، ناشیرینی و گەندەڵی و ناکارایی دەسەڵات کە وەک خۆڵ دەبارێت، وانەکات سەریخۆ بدرێت بەبەردا... دوای ئەوە تا دوێنێ گەر بیانوویەک هەبوو بێت بۆ ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن لەباشووردا نەبووە، بۆیە لەناچاریدا ڕووکراوەتە هێزە کوردییەکانی دەرەوەی کوردستانی باشوور، لەدوای ٢٠٠٩.٧.٢٥ هاوکێشەکان گۆڕا، ئۆپۆزسیۆنێکی ئازا و چاونەترس هاتۆتە مەیدان، تەرازووی هێز گۆڕاوە، لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، پێویست بەپەرینەوەی سنوور ناکات، تواناکان هەر لێرە بخرێتە گەر بێگومان وڵات جوانتر و گەشاوە تر، کۆمەڵگاش کراوەتر دەبێت و دەکرێت.
-----------
- : هەمان وتار بەکەمێک دەسکارییەوە لەماڵپەڕی سبەی؛دا
- : ئەم وتارە وەک کۆمێنت ژمارەیەکی باش قسەیان لەسەر کرد بەدژ و لایەنگرەوە. هەروەها لەلایەن بەڕێزێکەوە بەناوی جەماڵ سەیدسادقی؛یەوە لەهەمان ماڵپەڕ(سبەی) وتارێک بەناونیشانی ( 
كورته‌ وه‌ڵامێك بۆ كاك عه‌باس شوان) بڵاوبۆتەوە.

سێشەممە ٢٠١٠.١١.٢٣
دەسەڵات، خەڵکی فێرە گەندەڵی دەکات!

یەکێتی و پارتی لەهەرێمی کوردستان خەون بەدەسەڵاتی ڕەهای حکومەتێکی وەک سەدام حسەینەوە دەبینن، بەڵام تا نها باش و پێرفێکت بۆیان نەچووە سەر، بەقەولی عەشایەری ئەو پیاوە نیین. بەجۆرێکی تر دەسەڵاتی ڕەهایان پیادە دەکەن، هەریەکەیان لەزۆنێکی دیاریکراو! خەسلەتی پڕبەپێستی وشەی گەندەڵییان بەسەردا دەچەسپێت، چوونکە گەندەڵی و دەسەڵاتی ڕەهان جمکن.. دەسەڵاتی ڕەهایان جۆرێکە لەئستبداد، ئیستبداد مانای زوڵموزۆری تووند و جار جاریش نەرم لەبەر ئەوەی ئەوەندەیان سەروەتوسامان لەبەردەستدایە لەشێوەی بەخشیش و .. دابەشی دەکەن بۆ ئەوەی وا پیشان بدەن کە سەغی تەبیعەتن و کەرەمیان زۆرە! خەڵک لەترسی ڕۆح و ژیانی مەمرەومەژی ناچار دەبن پەنا بۆ درۆی شاخدار و فێڵ و فەرەج و چاوبەست و لەخشتەبردن و منجەمنج و زۆری تر.. ببەن!! وەک دەبینرێت ڕێژەی گەندەڵی بەرزتر لەئاستی خۆی دەبێت، بەم شێوەیە یەکێتی و پارتی کە سەرچاوەی گەندەڵین و تاوانباری سەرەکین خەڵکیش بەخۆیانەوە پیس دەکەن!

دووشەممە ٢٠.١١.٢٢
چاپخانە و توندڕەوی ئیسلامی

لەناوەڕاستی چەرخی پانزەدا پرێنت یان ئامێری چاپ لەسەر دەستی یۆهانس گۆتێنبێرگی ئەڵەمانی ١٣٩٨ - ١٤٦٨ داهێنرا، کاتێک کتێبی پیرۆزی کریستیانەکانی پێچاپ کرد بیری چوو ناوی خۆی لەسەردابنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی دەستکەوت و داهێنانێکی ئەورووپی و غەیرەئایین بوو، پاش چەند سەدە، ڕێک لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدا، موفتی ئیمپراتۆریەتی عەسمانییەکان، فتوای ئەوەیدا کە پیتەکانی قورئان بەو ئامێری چاپە پیس ناکەن.. تا نها ئەو حەقدە کوێرە لەبەرانبەر ئەو دەستکەوتە پر بەهایانەی مرۆڤایەتی، لەم گۆشە و ئەو گۆشەی جیهانی ئیسلامی هێشتا دەبینرێت، ئیتر لەشێوە و رەنگی جیاوزدا خۆ نمایش دەکات..

دووشەممە ٢٠.١١.٢٢
کلیپێک و کارکردنی هزری ژن!!

هەڵمەتیک لەلایەن ڕاگەیاندنی دەسەڵاتەوە، بەتایبەتی یەکێتی بۆ ناشیرین کردنی کچە گۆرانیبێژی رەچەشکێن مژدین یان مژدە سالح ماوەیەکە لەئارادایە. گەر ئەوە ڕاست بێت کە بڕیاریداوە بەشێوەیەکی کەمێک رووت، کلیپێک بۆ یەکێک لەگۆرانییەکانی بڵاوبکاتەوە، کارێکی ئاساییە، چوونکە ڕۆژانە لەکەناڵەکانەوە سەدەها جۆر کلیپی گۆرانیبێژانی خۆماڵی و بیگانە پەخشدەکرێت بەلامانەوە ئاساییە بەڵام بۆ گۆرانیبێژیکی کورد نائاساییە و بەوەیش بیانووی زیاتر دەدەرێتە دەست گرووپە تووندڕەوە جۆراوجۆرەکان، تا فشاری زیاتر دروست بکەن، کۆمەڵگا داخراوتر بکەن..

گۆرانییەکە

ئەو گۆڕانیبێژە، گەر گوێیستی ئەو گۆرانییەی ببی کە کچانە و ژنانەیە، بۆت دەردەکەوێت کە ئەو رەچەشکینە و ڕاستگۆیانە وەک کچێک باس لەخۆی دەکات، جا ئەوە سەرەتای بێت، بێگومان هەوڵ ئەدات جیاوازانە بەرهەم دی بەرهەم بهێنێت، هەر چوونە پاڵ ئەو دەنگانەی کە کوونەبەبوانە لەتاریکییەوە دەڕوانن بۆ دنیا، دژ وەستانەوەیە لەبەرانبەر ئازادییەکانی تاک، لەکۆمەڵگادا و دەیانەوێت لەسنووری کوردستان تێی پەڕێنن لەئەورووپاشدا ئازادییە فەردییەکان نەهێڵن و سانسۆر بکەن..

هەموو شتێکی یاساوڕیسای خۆی هەیە، لەوانەیە نەک لەکۆمەڵگا داخراوەکانی رۆژهەڵات بەڵکوو لەئەوورووپای موتەمەدینیشدا خۆڕووتکردنەوەی بێمانا جەزای لەسەر بێت، قابیلە ئەو خانمە ئەم ڕاستییە نەزانێت، کە چەند ساڵی زۆرە لەئەورووپا نیشتەجییە!؟ قسەی لەسەر هەڵاکەیە، نەک شتێکی تر
بڕوانە قسەوباسی ئەم خانمە گۆرانیبێژەیش دیدی چۆن نزیک لەخاتوو مژدین دەپەیڤێت

گۆرانیبێژ مژدین سالح، لەکۆتاییدا گۆرانییەکەی خستە ڕوو، ئەو ڕووتبوونەوەیە نەبوو کە جێی سەرنج بێت. بەداخەوە لەباری هونەرییەوە، ئەو گۆرانییەی سەرەوە باشترە، لێرەدا وەک دەنگی نووسابێت وایە...
گۆرانیە نوێکەی

ئەو خانمە، ژیرێتییەکەی لەوەدا بوو کە بەر لەدەرچوون و بڵاوبوونەوەی کلیپەکەی، هەڵایەکی نایەوە و بووە بنێشتە خۆشەی سەر زاران، هەزارەها لایەنگر و فانی و ئەنتی بۆ خۆی کەسب کرد .. هاوکات بەجۆرێک لەجۆرەکان دەچێتە خانەی ململانێی خانمە گۆرانیبێژەکانە، لەوەی ئەمیان لەوی تریان شازتر خۆ بنووێنێت! کە لەبەرهەمەکەشیان  لەباری هونەرییەوە ڕادەمێنی، دێیتەوە سەر سفر، ئەو جەنجاڵەی نەدەهێنا... بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە، کچان دەتوانن خەڵک بجووڵێنن و عەقڵیان کار دەکات...

هەینی ٢٠١٠.١١.١٩
سریالی هەیئە، کوو بوو؟

سریالی هەیئە، لەنووسینی سەلام عەبدولڵا و سیناریۆ و دەرهێنانی بەکر ڕەشید، کە لەسێ بەشدا لەکەناڵی کوردسساتەوە لەجەژنی ئایینی قورباندا پێشکەش کرا.. بەڕاستی زۆر بێمانا بوو، لەڕۆژانی کەیف و سەفا و خۆشی وەک بۆنەیەکی ئایینی وا خەڵک دەمانگێرنەوە بۆ زیندان و کوشتن و میژوو.. کات هەڵبژادنێکی سەقەت بۆ بەرهەمێکی بەرگری کە دەبوایە لەبۆنە نەتەوەییەکاندا پیشان بدرایە.. لەباری هونەریشەوە لەچاو بەرهەمەکانی تری دەرهێنەردا زۆر لەدواوە بوو.. پڕ بوو لەقسەی زیادە، پفدراو..


هەینی ٢٠١٠.١١.١٩
ڕاگەیاندنی پارتی خەڵەتاندنی کوردی ڕۆژهەڵات!؟

ڕاگەیاندنی پارتی لەتەلەفیزیۆنی زاگرۆز بەرنامەی من جیاوازم گوایە جیاوازی لەنێوان کورداندا ناکات، کوردانی ڕۆژهەڵات هەڵدەفریوێنن، دەیانهێنن تا هونەر و توانایی و بەهرەی خۆیان پیشان بدەن بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە .. سەرئەنجام لەفێڵ و تەلەکەیەکی وردی داڕێژراو زیاتر هیچیان بۆ نامێنێتەوە و بەدەستی بەتاڵ ڕەوانەیان دەکەنەوە..!!!!!!!!!!!!!!!!!!!

چوارشەممە ٢٠١٠.١١.١٧
هزر

ئەگەر دەرگا و پەنجەرەی ئیجتهاد داخراو بێت، هەر جۆرە دایلۆگێک قەدەغە بێت، لەولاشەوە ئەو تێکستە فەیک و دروستکراوانەی کە دژ بەژیری و دانایی و هزر و فەلسەفەیە، تەراتێنیان بێت؟ لەجیاتی ئەوەی زانستی پزیشکی و سروشتزانی و زیندەوەرزانی... باڵادەست و ڕێڕۆشنکەرەوە بن، بیروڕای تاریک و قەترانی بەناوی زانستی ئایین کە چەند مەلا و ئیمام و .. هێناوە و دەرخواردی مێشکی خەڵکی سادەی دەدەن! یان بەجۆرێکی تر گەر هونەرەجوانەکان و .. یاساغ بێت، بەخەیاڵی بێنرخ و بێبەها سەیر بکرێت، ئیتر چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئەفراندن بکات و دڵ بەو جۆرە بیرکردنەوە خۆش بکات کە ئیلهام لەو مێژوو تاریک و نەفرەتییە وەردەگرێت؟ ئەو مێژووە بەرەو کوێمان دەبات؟

دووشەممە ٢٠١٠.١١.١٥
فەرهاد پیرباڵی سەر بەگۆبەن و کوردی ڕۆژهەڵات!

لەم جۆرە نارەزایەتیانە (..فه‌رهاد پیرباڵ هۆڵی فیستیڤاڵی گه‌لاوێژی به‌جێهێشت.. لەبەر ئەوەی عه‌بدولجه‌بار كاكایی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سانسۆری‌ چاپه‌مه‌نی له‌ ئێران خه‌ڵاتی دابه‌ش كردووە..) زۆرە، بەڵام گەر ئەو ئازا بوایە، کابرای ( عه‌بدولجه‌بار كاكایی‌) بەر پێڵاو دەدا، پێدەچێت ئەو کاردانەوەیە بۆ هۆی ئەوە بێت کە خەڵات نەکراوە، بۆیە جەنجاڵ دەخولقێنێت!! مەبەست لێی بۆ تیشک خستنە سەری! هاوکات تا کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان دڵخۆش بکات، یان دەکرێت ئحراجکردنی یەکێتی بێت، لەکاتێکدا دەبیستین کە پارتی فشاری لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و خەڵکییەوە لەسەرە، هۆکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، ئەمە لەکاتێکدا پەیمانی ستراتیجی لەنێوانیاندا هەیە، هەموو دەزانیین فەرهاد پیرباڵ بەهەزار داوەوە بەستراوەتەوە بەپارتی و لەسەر ئەوان مەحسووبە! لایەنێکی تر، ئەی ئەو هەموو کوردە رۆژهەڵاتییەی کە لەهەرێم دەژین و سەر بەپارتە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنن چی دەکەن؟ بۆ یەکێکیان کارێکی هاوشێوەی وایان نەکرد؟ لەڕاستیدا ئەوە کاری ئەوانە نەک کەسێکی تر..

فەرهاد پیرباڵ کەسێکی جەنجاڵ ئامێزە، زۆر جێی بڕوا نییە، من نەلایەنگر و نە دژی بووم تەنها دەڵێم وای بکردایە پێڵاوی بهاویشتایە بۆ کابرای کۆماری ئیسلامی باشتر بوو..
فەرهاد پیرباڵ ئۆپۆزسبوونەکەی کاتێک بەتاڵ بووە کە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی و دیاریکردنی سەرۆکی هەرێم بەئاشکرا دەنگی بە مەسعود بارزانیدا.. ئیتر دەبێت کوردانی رۆژهەڵات چ دڵێکیان بەکەسێکی فەیکت وا خۆش بێت!؟ لای بەشێکی بەرچاوی خەڵکی باشوور شێر بەگوێ بگریت نرخی نییە..
لەبارەی بیانووی میوانی و خانەخوێی، گرانە قبووڵ بێت، چوونکە ئەوە گریمان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وا خۆیان حسێب دەکەن، ئەی ئەو هەموو خەڵکەی دی. چی دەکەن؟ بیرمانە لەفەرەنسا و چەند شوێنی تر پێڵاو گیراوەتە نەک بەرپرسی بچوک بەڵکوو هی گەورەیش.. لەوانەیە کارێکی زۆر گرنگ نەبێت بەڵام بەهای مەعنەوی هەیە.. دوای ئەوە ڕۆژهەڵاتییەکان دەبێت خۆیان سەری خۆیان بخورێنن نەک خەڵکی دی.. بەسە چی تر خۆ کردن بەقوربانی کەس دی...
سەرچاوەی هەواڵ ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنە

شەممە ٢٠١٠.١١.١٣
هزر

گوایە ئایینی ئیسلام زیاد لەئایینێکە! بەجۆرێکی تر لەئایینی تێپەڕاندووە، بەوەی کە بێمانا لووتی ژەندۆتە هەموو بوارەکانی ژیانی تایبەتی خەڵک هەر لەخەو هەڵسان و دەستودەم و چاوشۆردن و نانخواردن و ئاودەست و چوونە سەرکار و...تا ناو پێخەفی سێکسکردن.. نەک ئەوە تەنانەت زمانی ئاخافتین سەردەمیانەشی لەگرێژەنە بردووە، کە دەیاندوێنی وەڵام بە: بیسمیلا، ماشائەڵا ئینشاڵا، خواعافووت بکات، ئەلحەمدولیلا بەشیفات بێت بەخوا و بەپێغەمبەر و بەئیمام عەلی و ... ڕاگەیاندنی تەوژمە ئیسلامییە سیاسییەکان دەورێکی نێگەتیف کایە دەکەن و مەبەستیانە خەڵک لەقاڵب بدەن! ئەم داگیرکردنە خەستوخۆڵ و سەختە بۆتە مایەی گرفت هاوکات وەڵام بۆ ئەو دەنگانەی کە داوای ڕیفۆرم دەکەن و دەیانەوێت ئایین لەحکومەت و دەوڵەت و کاروباری سیاسی جیا بکرێتەوە و دووربخەنەوە..

پێنجشەممە ٢٠١٠.١١.١١
یەکێتی و پارتی، مانای شکست و پاشەکشەکردن دەگەیەنێت!


خۆشبەختانە، بەتایبەتی حیزبەکەی بارزانی، وەزارەتی دەرەوەی بۆ شۆڤێنێیەک بەجێهێشت، شۆڤێنییەکان کە لەلیستی ئەلعێراقییەدا گردبوونەتەوە، ئەو وەزارەتەی هەرچی پارتی و دەستەدائیرەیان نەبوایە تەنانەت باخەوانەکانەکانیش لەباڵویزخانەکان تەعینیان نەدەکرد!! ئەو شۆڤێنیانە سەرکەوتنی باشیان لەسەر حسابی کورد بەدەست هێنا.. جا حیزبەکانی دەسەڵات ئەوەندە بێشەرمن لەڕاگەیاندنەکانیاندا دەڵێن فشاری ئەمەریکامان قبووڵ نەبووە و نەکردووە!!! پێنەدانەوەی ئەو پۆستە بەکورد، ئەنجام و وەڵامی فشارەکەیە، ئیتر نازانم فشە بۆ کێ دەکەن؟! لەکوردبوونی ئەوانە گومان هەیە، ئەو خێڵ و شێخانە دیارە شێخە مسکینەکانم مەبەست نییە، کە قسە دێتە سەر بنەچە خۆیان بەنەوەی محەمەد قورەیشی پێێغەمبەری موسڵمانان و ئیمام عەلی و فڵان و فیسار ئەسحابە دەزانن..!!!
حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی کوردەکان، بێ بزووتنەوەی گۆڕان، داشی دامەن و بەدەست ئەم و ئەوەوە، جووڵەیان پێدەکرێت، گەر مرۆڤێک خۆی بەهەڵەدا نەبات دەزانیت، فڵان لیست بۆ نموونە گۆڕان دەنگییان بدایە یان نا، هەر مام جەلال دەردەچوو و دەکرایەوە بەسەرۆککۆمار، ڕێکەوتنی پێشوەختە لەنێوان لیستە براوە و ڕکەبەرەکاندا هەبووە، دیارە بەفشاری ئەمەریکا و وڵاتانی دەوروبەر. ئیتر ئەم زەمە بێتامە چییە بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا دەکرێت و دەڵێن (به‌بێ دەنگه‌کانی لیستی گۆران، مام جه‌لال بۆوه‌ بەسه‌رۆک کۆماری عیراق
گرنگ ئەوەیە لەم هاوکێشەیەدا گۆڕان وەفادار بووە بەقسەی خۆی، گریمان مەسعود بارزانی یان هەر کوردێکی تر بۆ ئەو پۆستە دیاریبکرایە و بوایە، هەر دەنگیان پێنەدەدا، ئەوە کاردانەوەیە پەیوەندی بەهەڵسووکەوتی نابەجێی و ناشایستە و نادیموکراسی ناوخۆی وڵات(هەرێم)ەوە هەیە..
ئەوانە گەر ئامادە نەبن کورسی قەرەبوو بەحیزبە هاوپەیمانە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکەی وەک حیزبی سۆسیالست و زەحمەتکێشان و... نەدەن، ئەبێ چ چاوەروانی خێرێکیان لێبکرێت، گۆڕان ئاگای لەوانە و زۆری تریش هەیە بۆیە سەختە بچێتە ژێر بار و خۆی ناکات بەفلیم. ئەوانە دەبێت وەک سەردەمی گۆربەگۆر سەدام حسین مامەلەیان لەگەڵ بکرێت، وەڵامی سڵاویان نەدرێتەوە، هەست بکەن لەبەرانبەر ڕکەبەرێکدان سازش نازانێت.
ئینجا با قسەیەکیش بۆ ئەوە ڕاستییە بکەین، لەم هاوکێشەیەدا دەرکەوت کە ئەوە گۆڕان نییە دەنگ بدات بەشۆڤێنییە ڕەنگاورەنگەکانی عەرەب ناو پەرلەمانی عێراقی، وەک ئەوانی تر (یەکێتی و پارتی) کردیان..
ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان شێلگیر و رەق و سەخت نەبێت، ئەوا جەماوەرەکەی جارێکی تر دەنگیان پێنادەنەوە و سقە لەدەست دەدەن.. فراکسیۆنی گۆران نوێنەرایەتی دەنگدەرانێکی توورە دەکەن، چاوەڕوانی هەڵوێستی نەرمیان لێناکرێت، ئەوە پەیوەندی بەهەرچی دیموکراتی تربوونی وڵات (هەرێم)ەوە و وەڵامدانەوەی تەرحە چاکسازییە سیاسییەکەوە هەیە..
------------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستانپۆست؛دا

دووشەممە ٢٠١٠.١١.٨
دەسەڵات یەکسان نییە بەئۆپۆزسیۆن؟

خه‌ڵک ته‌نیا له‌ پارتی بێزار نین، ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ زانین: له‌ یه‌کێتی و له‌ گۆڕان و له‌ یه‌کگرتوو و له‌ کۆمه‌ڵ و له‌ فڵان له‌ و فیساریش بێزارن
... شاعیرێک لەزۆنی پارتی

ئاخر چۆن چۆنی؟ بۆمان بسەلمێنە کە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان بەشدارە لەو مەهزەلەیەی کە لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی زۆنی پارتی خولقاوە..
گەر وەک خوێندەوارێکی ئاگا و ناڕازی بەتامای خوا بیت، فریات بکەوێت، کارێکی خراپ دەکەیت، لەنێوان هەڵبژاردەکاندا دەکرێت چارەسەرێکی مامناوەندی هەڵبژێریت و وەک زۆری تر کردوویانە و بچیتە دەرەوە بۆ ئەوەی ئەو خوایە مزدەوەجەت لەکۆڵ بێتەوە..
ئینجا وشەی خەڵک لاستیکییە، کام خەڵک؟ ئەوەی لەڤیدیۆکەدایە کە گەیشتۆتە تینی و بەو شێوازە بەرەنگا دەبێتەوە، یان ئەو خەڵکەی بەهەر بیانووەکەوە بێت سەریخۆی کزکردووە؟!
تێکەڵکردنی ئۆپۆزسیۆن بەدەسەڵات، جۆرێکە لەتێنەگەیشتن لەو دۆخەی کە لەهەرێمدا دەگوزەرێت، تا ڕادەیەک بەقزانجی دەسەڵاتە.. هاوکات تێکەڵکردنی ناوەکان نەبینینی ڕاستییەکانە، گرنگ ئەوەیە ئەو سێ ناوە تەنها یەکێکیان ئامادە نییە درێژە بەو دۆخە بدات کە خولقاوە، لێی هەلگەڕاوەتەوە، دەڵێت بەڵی دەکرێت لەکۆتایدا کەسێکی ڕیفۆرمخواز دەرچم..
گۆرانخوازان گەر بەمانای وشە هەو بن بۆ ناوخۆیان ڕاستگۆ بۆ دەرەوەی خۆیان ڕاسگۆترن.. واش نەبوونایە نەدەگەیشتەنە ئەم پلەییە ئێستا، کە خەویان لەگەورە و بچووکی دەسەڵات زراندووە.. هەرچەندە ئەمە ئەسڵی باسەکە نەبوو. بەداخەوە ترشاندت، ناوی گۆڕانت ترنجاندە باسەکەوە..
بەمۆدێرن کردنی کۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ ئەو مەبەستە لایەنگری نییە خۆ ساغکردنەوەیە... ویژدانیش ڕێژەییە، ئەو ویژدانەی بەلای دەسەڵاتێکی ناکارا و دژ بەخەڵک، ئەو وێژدانە نییە کە لای خەڵک و ناڕازیان هەیە.. زۆر باشە گەر زانیمان گۆڕانیش هەمان تاس و هەمان حەمامە، تەمەن باقی بێت، دژی ئەویش دەوەستینەوە، لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندنی ئازا و ئازاد هەیە، مەترسە و خەمت نەبێت دەستی شاراوە ئیتر لەهەر شوێنێکەوە بێت ئاشکرا دەکرێت..

یەکشەممە ٢٠١٠.١١.٧
ڕێنووسی کوردی یان لاتینی؟

لەقۆناغێک لەقۆناغەکاندا دیدم وابوو کە بۆ کوردی نووسین ئەو پیتە دروستە، بەڵام کە وردبوومەوە دروست بێت یان دروست نەبێت، ئەوە تەناقوزێکە لەژیانی تاکی کورددا، لەهەرێمی کوردستان خوێندن و نووسین و دامودەزگاکانی میری هەموو بەپیتی ئارامی بەکاردەهێنن، کە هەر نەتەوە بەناوی خۆیەوە ناوی ناوە ئێمەش پێی دەڵین کوردی یان ڕێنووسی کوردی، ئیتر بۆ لەسەر چات و کۆمپیوتەر بەلاتینی سەقەت دەنووسرێت؟
لەکاتێکدا گەر تۆ جەمال نەبەزیت، ئەو وتارانەی کە بۆ ڕۆژنامەکانی هەرێم دەینووسیت ،بۆ بەلاتینی بۆیان نانێریت؟ بۆ بەم شێوەیەی کە من پێی دەنووسم دەینێریت؟ ئاخر خۆت ڕاست بکەرەوە ئینجا ڕێنمایی کەسانی تر بکە لەم خاڵەدا.. ئەوە جۆرێکە لەئزدواجییەتی کەسایەتی کوردی!
گریمان نووسین بەو پیتەیش نازانم ئەوا لەنێتدا ئامێر و بەرنامە و ماڵپەڕێک هەیە بەیەک کلیک پیتە کوردییەکە دەیگۆڕێت بەلاتینی.. بەکارهێنانی پیتی لاتینی ڕۆژئاواپەرستەکان زیاتر هاندەرین، وا دەزانن گەر ئەو پیتەمان بەکارهێنا ئیتر تەواو چووینە ئاستی ئەوان، دواکەوتووی خۆمان بەوە دادەپۆشن!!

هەینی ٢٠١٠.١١.٥
یاسای خۆپیشان نەدان!

بابه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ردووشته‌ له‌سه‌ر مۆڵه‌ت و نامۆڵه‌ت، مۆڵه‌تیش وارێكخراوه‌ ئه‌گه‌ر له‌شوێنێكدا مۆڵه‌ت نه‌درا بۆخۆپیشاندان بکرێت ئه‌وا په‌ناده‌برێته‌ به‌رداداگا بۆیه‌ك لایكردنه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌یه‌.. گۆران ئازاد/ پەرلەمانتار (کوردستانی)

سەیری ئەو جەنابە بکە چەند غەشیمە، نا هیچ ناکەن ڕێکخەران و هەڵسووڕێنەرانی فڵان خۆپیشاندان، کە ڕێگایان پێنەدرا بچن شکات لەدادگا بکەن.. گریمان بۆ چەند جۆر لەخۆپیشاندان ئەوە گونجاوە، بەڵام بۆ خۆپیشاندانە خۆرسکی و کتوپڕ و لەناکاوەکان چی؟ کێشە و مولخالەفەتەکە لەم خاڵەدایە، بەکورتی و کردی دەڵین مەیکەن و ڕێگا نادەین...

هەینی ٢٠١٠.١١.٥
پاکی و پاسفی نووسەر


بەڵام گەر عەبدولڵا پەشێو لەکوردستان بوایە، وەک زۆری تر بەشێک لەو گەندەڵی و فەوزایەی بەردەکەوت، ژیرییەکەی ئەوەیە لەدەرەوە بووە و کەمێک پاکیتی بەنسب بووە، زۆر جار پاسیفی بۆ مرۆڤ پۆزەتیفە.
 من بۆ نووسەران و هەرمرۆڤێک پێم وانییە، ئێمە کوری هەلومەرجێکین، گەر زۆر سەرسەخت و بەئیرادەیش بین، لەکەشوهەوایەکی ناسازگاری وەک هەرێمی کوردستان، ئالودە دەبین، ڕێژەی پاکی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، دەبا فڵان و فیسار لەئەورووپا نەبوومایە بزانە لەو خاڵەدا دەیانتوانی دەنگیان نێر بێت؟
-----------
بەدواداچوونێکە بۆ وتارێکی ته‌ڵعه‌ت تاهیر بەناونیشانی عه‌بدوڵڵا په‌شێو قـوربـانیی مێـژووی ئــاوه‌ژوو لەماڵپەڕی هەواڵ


هەینی ٢٠١٠.١١.٥
هزر

وشەی بخوێنە کە بەزمانی عەرەبە قورەیشییەکان (إقرأ) دێت و گوایە وەک لەئەفسانەی ئایینی ئیسلامدا هاتووە، لەئەشکەوتی حەڕا بەدروستکەری ئایینەکە محەمەد یەکەم وشە بوو پێیان وتووە!! ئەمە وەک دەربڕینێکی فەزڵئامێز لەزۆر کات و ساتی جیاوزدا خەڵکانێک دەیڵین کە گوایە ئایین ئیسلام و پەیرەوانی زانستپەروەر و ڕووناکبیر و.. لەئایینەکانی دی خوێندەوارترن! جۆرێکە لەئاپارتاید لەبەرانبەر ئەوی دیدا لەکاتێکدا گەر بەچاوێکی وردتر بڕوانی لەکۆی ئایینەکە تەنها خەسلەتێک کە پێی ڕەوا ببینرێت، ئەوەیە بەئایینی نەخوێندەواران و تەنانەت ئەنتی خوێندن و نووسین و خەیاڵ و هونەر و.. زیاتر ناسراوە.. هاوکات زۆرتین ڕێژەی نەخوێندەواران سەر بەو ئایینەن، بەپێی ئەو دەنگۆیە بێت دەبوایە جیهانی ئێستا کە پڕە لەزانست و تەکنەلۆجیا داهێنەرەکانی هەموو موسڵمان بن، پێچەوانەکەی ڕاستە..
 

چوارشەممە ٢٠١٠.١١.٣
گۆڕان گڕی تێبەردان


چەند سەرەقەلەمێک وەک بەرگری و تێگەیشتن لەکشانەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لەفراکسیۆنی لیستەبراوەکانی هەرێمی کوردستان:

نووسەرەکانی دوور و نزیک و بەکرێگیراوە ڕاستەخۆکانی دەسەڵات هێندە گوناحن، لێکدانەوەیان بۆ کشانەوەی فراکسیۆنی گۆڕان بەکارتێکی ناوخۆیی و کاردانەوەی دادەنێن.. ئەوە جوینەوەیەکی بێتامە، دەربڕینەکان خودی گۆڕان خۆیەتی، کە دەڵیت: ناوخۆ با چاکبکرێت ناوخۆ با دیموکراسی بێت، ناوخۆ با کاڵ و کراوە بێت و کارەکان ڕێکبخرێت، ناوخۆ با... و گەر یەکێتی و پارتی خۆیان بکەن بەکەرەی شەربەت، ئەبێت چی لەگۆڕان چاوەڕێ بکرێت؟ بێگومان پەتی تەحەمولی دەپچرێت، بۆیە وەک ئۆپۆزسیۆنێک وەفادار بەپەیامی کە داویەتی بەدەنگدەرانی یەک نەخێر و بۆمبێکی وای گەورەی تەقاندەوە، نەک دەسەڵات تەنانەت حیزبە ئیسلامییەکان و لەبەردەم دەنگدەرانیاندا ئیحراج کرد..
+ + +
هه‌ڵوێستی بەشێکی شه‌قامی کوردی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ڕاشکاوانه‌ ده‌سه‌ڵات بە به‌رپرسی یه‌که‌م لەچێبوونی ئەم ناکۆکیانە دەزانێت، گەر مامه‌ڵه‌ی وردبینانه‌ی له‌گه‌ڵ داخوازییەکانی ئۆپۆزسیۆن بکردایە، بێگومان که‌لێن و درز نەدەکوتە ئەو دیوارەی کە چەندەها ساڵە زۆر بەخراپی هەڵیان چنیوە...
+ + +
خۆ کردن بەکوێخای خەڵک و هاوڵاتی، گوایە بزووتنەوەی گۆڕان بارگرانییە بۆیان و هەر ڕۆژە قسەیەک دەکەن!! بەپێچەوانە کەی ڕاستە، چوونکە هێڵی بەیانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوو لەسەرە، مەگەر یەکێک لەنای ناهەق بیەوێت زەم و هەڵوێستفرۆشی بکات، ئاخر پێمان ناڵێن بۆ لەم خاڵەدا ئۆپۆزسیۆن نیشتمان فرۆش دەرچوو؟! قسەیەک لەخیانەتی زۆروزەبەندی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم نییە!!
+ + +
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ هەولێر - دهۆک (مەسعود بارزانی) بانگه‌واز لایەنە ناکۆکەکانی عەرەبی سوونە و شیعە دەکات گرفتی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق چارەسەر بکەن. کەچی فراکسیۆنی گۆڕان كه‌ خاوه‌نی‌ ٨ كورسییه‌، لەناوخۆ ئه‌كشێته‌وه‌؟؟ بەوەش دەگەیەکی باش لەهەوڵی ئەو جەنابە خۆ بەفریادرەسە دەدات، گوایە كورد به‌شێكە له‌چاره‌سه‌ری‌ قه‌یران، دەرکەوت وا نییە بەڵکوو دەرکەوت ماڵی کوردی وەک عەرەبی عێراقی لێکترازاوە!!
+ + +
بەداخەوە یەکێک لەهەڵەکان ئەو بەشدارییە بوو، کە چووشن نەدەبوایە سادەدڵانە لەدانان و پەیرەوی ناوخۆی فراکسیۆنەکەدا هەڵسوکەوت بکەن، کارێکی وایان بکردایە گەر هاتوو دانەیەک لەپێکهێنەرانی کشانەوە فراکسیۆنەکە هەڵبوەشێتەوە، گرێنتی لەسەر هێزە ئیسلامییەکانیش ناکرێت، ئەوە نیین حسابی سیاسیان لەسەر بکرێت، بۆیە دەمێننەوە، فراکسیۆنەکە باقییە، کەواتە ئەو کارە بەقازانجی پارتی و یەکێتی شکایەوە.. تەنها بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەبنی هەمانەکەوە هاتەدەر و خوا خۆمان بگرێت!
---------------
هەمان بابەت لەماڵپەڕی کوردستانپۆست؛دا

سێشەممە ٢٠١٠.١١.٢
ئینتهازی حیزبی بچووک

هه‌ر له‌ دهۆكه‌وه‌ تا خانه‌قین، حكومه‌ت هه‌نگاوی‌ باش هه‌ڵده‌گرێت...پێویسته‌ په‌رله‌مان یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌حزبه‌كان دابڕێژێت كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بگرێته‌وه‌، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی‌ لەپه‌رله‌مان نه‌بوو ئیدی‌ بودجه‌ی‌ نه‌درێتێ‌، حزب هه‌یه‌ ناتوانێت بگاته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری‌ هه‌یه‌، مێژووی‌ ئه‌و حزبه‌ و خه‌باتی‌ سه‌رده‌می‌ شاخی لەبەرچاوبگیرێت یان له‌م قۆناغه‌ ناچێته‌ په‌رله‌مان بۆ داهاتوو ده‌ڕوات..(حەمەی حاجی مەحمود)
سەرچاوە. ماڵپەڕی خەندان، چاوپێکەوتن


سەیری ئەم کابرایە بکە، چەند ئینتهازییە، هەر ئەم بوو دەیفەرموو: لەزاخۆوە تا.... موڵکی پارتی و یەکێتییە، ئەوەی وەک ناڕەزایەتییەک دەردەبڕی!! لەبارەی بودجە بۆ حیزبەکانیش دەیەوێت قسە و تەرحی ئۆپۆزسیۆن بشکێنێت و وەزعەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، گوایە حیزبی بنەماڵەین و کۆنن و خەباتی شاخیان هەیە، دوو حیزبەدەسەڵاتدارەکە لەدزین و ڕاوڕووتی ماڵی گشتی میللەت خێر بەو حیزبە بچووکانە بکەن، دۆخەکە بەکەڵەگایی بهێڵنەوە و فەوزا بەرقەرا بێت!!

دووشەممە ٢٠١٠.١١.١
کامیان باشترە؟

بەبۆچونی تۆ كێ‌ لەبەرێوەبردنی دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سەركەوتووبوو؟ ١- نێچیرڤان بارزانی ٢- دكتۆر بەرهەم سالح

ئەوی کۆن ناوی بەکۆڵەکەی ئاشا بچێت گەر سەر بەبنەماڵەی بارزانی نەبوایە، خۆشی بکوشتایە ئەوپەرەکەی دەیتوانی ببێت بەبەڕێوەبەرێکی فەرمانگەیەک..

خەمی ڕۆژانە، تشرینی یەکەم ٢٠١٠


یەکشەممە ٢٠١٠.١٠.٣١
تورکیا و هەرێمی کوردستان


بەحساب مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمێکە، کەچی لەئاهەنگی قونسولییەتی شاری هەولێر ئامادە دەبێت!! ئەو ئاهەنگە دوای ٨٧ ساڵ تورکیا لەشارێکی کوردستانی باشوور سازی دەکات.. گەر باڵوێزخانە بیکردایە یان باڵوێز ئامادەبوایە، ئێ دەمانووت قەیدی چییە؟ کەمێک لەئاستێکی بەرزدایە، هەر بەمام جەلال فێرن!!؟؟
بەشی زۆری ڕەوەندی کوردی کە ناڵێم ملیۆنێکە دەنگی بەو سەرۆکە نەداوە، ئەوە دەڤەری سلەیمانی کەرکووک هەر هیچ، خێری یەکێتی نەنووسێت ئەگینا لەسەدا چلی دەهێنا.. ئەمە لەلایەک لەولاتر ئەو سەرۆکی هەرێمی دهۆک هەولێرە، هەموو بیرمانە داخویانی ئاگرینی دەدا، ئیستایش لەئاهەنگی قونسڵخانەیەکی بچووک بێ ئامادەبوونی بالوێز بەشدار دەکات، ستانداری نییە.. لەوانەیشە لەترسی ئێران بێت، ماوەیەکە لەڕاگەیاندنی حیزبەکەیدا دەهۆڵی ئەوە لێدەدەن گوایە ئەو هەڵمەتەی کە ماوەی زیاتر لەشەش مانگە بەهۆی پێشێلکارییە جۆراوجۆرەکانیانەوە لەلایەن ڕاگەیاندنی ئازا و ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و ڕوناکبیر و نووسەران دەکرێتە سەریان، بەقورمیش و نفووزی ئێرانە دەزانن.. مەسعود بارزانی فێرە چۆن یاری بکات هەر کە سەغڵەت دەکرێت، سڵ لەهیچ لادانێکی هێڵی سوور ناکاتەوە، داواویش لەخەڵک دەکات لەو هێڵە لانەدەن! بینیمان لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ چی کرد.. 
-: دەقی هەواڵەکە لەماڵپەڕی خەنداندا 


شەممە ٢٠١٠.١٠.٣٠
خالیدی خولەسوور و گۆڕان!!


بەبەرگری لە هیچ لایەک نەبێت، دەکرێت ڕووداویکی واش بچێتە خانەی ئەو ئاناریشیزمەی لەکۆمەڵگای هەرێمدا هەیە، بەڵام ئەو کۆنە جاشە، بۆ لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان حسابی بۆ دەکرێت؟ هیچ بەڵگەیەک هەیە کە بەفەرمی ئیسپاتی بکات کە بزووتنەوەی گۆڕان ئەوی بەیەکێک لەخۆی تەنانەت گۆرانخوازێک دانابێت.. کابرا بەهەر هۆیەکەوە بێت لەچاوپێکەوتنەکانیدا بزووتنەوەی گۆڕانی پی باش بووە، وەک لەیەکێتی و پارتی.. بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوانی وا، زۆر هەن خراپ و ئینتهازی و بەرژەوەندخواز خۆیان بەوەوە هەڵدەواسن.. قسە لەوەیە گۆران قبووڵیان دەکات یان نا؟ 
تووندو تیژی قابیلی قبووڵ نییە هەر کەس و لایەنیک بیکات.. بەڵام پێگەی ئەو نووسەرە و پابەندبوونی بەیەکێک لەحیزبەکانی دەسەڵاتەوە وا دەکات لەڕاستگۆیی ئەو هەرەشەیە بەگومان بین


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
پاشەکشەی گۆڕان، ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک


چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ پێشمه‌رجی یه‌كڕیزیی‌ و یه‌كده‌نگیی كوردە... بره‌ودان به‌پرۆسه‌ی دیموكراسی.. هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆو كاراكردنی په‌رله‌مان‌ و به‌دامه‌زراوه‌كردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان، له‌چه‌كداری حیزبه‌وه‌ بكرێنه‌ هێزی نیشتیمانی‌ و رێگرتن له‌كاری حیزبی تێیدا و ڕاگرتنی ده‌ستتێوه‌ردانی حیزب له‌داموده‌زگاكانی ئیداری و رێكخستنی‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان به‌پێی‌ یاسا و زامنكردنی ئازادی راده‌ربڕین‌ و زۆری دیكه‌ش.. هەموو هەوڵێک بۆ قۆرخكردنی هه‌تاهه‌تایی ده‌سه‌ڵات‌ و زه‌وتكردنی ئیراده‌ و مافـی هاوڵاتییانه‌ له‌ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌ره‌كانیان رەتدەکەینەوە.. بۆیە بڕیاری ناچاری کشانەوەمان لەو فراکسیۆنە دا...
-: سەرچاوە، ماڵپەڕی سبەی


 بەداخەوە یەکێک لەهەڵەکان ئەو بەشدارییە بوو، کە چووشن نەدەبوایە سادەدڵانە لەدانان و پەیرەوی ناوخۆی فراکسیۆنەکەدا هەڵسوکەوت بکەن، کارێکی وایان بکردایە گەر هاتوو دانەیەک لەپێکهێنەرانی کشانەوە فراکسیۆنەکە هەڵوەشێتەوە، گرێنتی لەسەر هێزە ئیسلامییەکانیش ناکرێت، ئەوە نیین حسابی سیاسیان لەسەر بکرێت، بۆیە دەمێننەوە، فراکسیۆنەکە باقییە، کەواتە ئەو کارە بەقازانجی پارتی و یەکێتی شکایەوە.. تەنها بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لەبنی هەمانەکەوە هاتەدەر!


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
کوردی باکوور و ژن!


قەرەیلان، ناترسێت! ڕاپۆرتە هەواڵێکی تەلەفیزیۆنی دووی ئیسڕائیلی لەسەر پێ کە کە؛ ی نیشتەجێی چیاکانی قەندیل.. ئەوەی جێی سەرنجە هەر کە تەلەفیزیۆنێک دەچێت بۆلایان، ژن و کچانی چەکدار لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، تا زوومی کامێراکان وێنەیان بگرن! فێڵێکی باشە بۆ سەرنجڕاکێشان، بەڵام لەئەسڵدا هزری پیاوانە نەک تەحەکووم بەئەو هێزەوە دەکات بەڵکوو میللەتی کورد بەگشتی باکوورییەکان بەتایبەتی...
-: بەدواداچوونێکە بۆ ڤیدیۆفلیم 


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
ئەدەب لەدیدی شاریانەوە!


ئەوە شیعرەی حەسیب قەرەداخی بەناونیشانی (بۆ شارەکەم) گەر بەهەڵە نەچووبم هەستی گوندنشینێکە بەرامبەر شاری سلەیمانی نەک کەسێکی شاری بۆ شارەکەی...
دەربڕینەکە شاریانە نییە، هەر ئەوەندە.. خۆ خراپ نییە گەر بیانەیەکیش باسی شارەکەمان بکات.
ئەو شاعیرە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات.. بەڵام دەکرێت هەر شاعیریکی بەرز لەقۆناغێک لەقۆناغەکانی ژیانیدا هۆنراوە و بەرهەمی ناوزەی دابێت بەدەستەوە، هاوکات دەستیشی تەتەڵەی کردبێت بەرهەمی خراپی دابێت بەدەستەوە، ئەمە دەهێڵێنەوە بۆ مێژوونووس و لێکۆڵەرەوەرانی شیعر و ئەدەبیات.. 
لەبارەی ئەم هۆنراوەیەوە لەڕاستیدا دەبوایە مێژووەکەی نووسرایە، بەس پێدەچێت لەبەرهەمە کۆنەکانی بێت، لەم تەرزە شیعرە هێندە وتراوە و خوێندۆتەوە، هەر مەپرسن، گەر بەراوردی بکەیت بەشیعرەکانی تری ئەوا زۆر لەخوارەوەیە.. 
هەروەها بەتەوهین و توانجەوە نەمووتووە، ئەم هۆنراوەیە لەدیدی کەسێکی گوندنشینەوە وتراوە.. من ناهەقی خالێخۆشبوو ناگرم بۆ ئێستا سلەیمانی مەشهور نییە کە گوندێکی گەورەیە، ئەبێت ئەو کاتەی ئەم هۆنراوەیەی تیا وتراوە سلەیمانی چۆن بوو بێت؟! بۆ ئاگاداریتان وێرای ئەوەی بۆ خۆم کاک حەسیب هاوڕێم بووە، لەزۆر بۆنەدا پێکەوە بووین و بەردەوام وەک هاوشارییەک و ئەهلی ئەدەب و قەڵەم یەکترمان بینیوە و بەسەرکردۆتەوە...


هەینی ٢٠١٠.١٠.٢٩
دیموکراسی


لەگەڵ کام لەم دوانەیت: دیموکراسی مانای دەسەڵاتی خەڵک، بەڵام ئایینەکان بەتایبەتی ئیسلام دەسەڵاتی خوا؟
قەتیسکردنی لەناوچەیەکی دیاریکراودا، مانای وانییە کە ئەو سیستەمە خراپە، کێشەکەش لەوەدایە هەموو دیاردەیەک بەشی خۆی کەموکوڕی هەیە.. لایەنێکی تر ئەوەیە ئەگەر وا دەرچێت مانای وایە تەوژمەکانی وەک چەپ و لیبرال و نەتەوەیی و... ناو کۆمەڵگا لاوازن و لەنرخی نەبواندان! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەهێز بن ناتوانن سەرکەوتنی وا بەدەست بهێنن کە دوای هەڵبژاردن حکومەت پێبهێنن بەبێ بەشداری تەوژمە سیاسییەکانی تر.. ئەو سەردەمە بەسەرچوو، لەگەڵ هەمەرەنگی کۆمەڵگاکان ناتەبایە..
ئالیات هەیە کە ئیسلامییەکان و حیزبە دیکتاتۆریی و عەشیرەتگەرای وەک پارتی و ...دیموکراسی ئیستغلال نەکەن و لەبار نەبەن.. ئەگەر حکومەت و پەرلەمان و وەفادار بن بەپەیامی خۆی و دامودەزگای کۆمەڵگای مەدەنی بەمانای وشە سڤێلی بن، دەتوانن ڕێگری بکەن.. هەر بۆ نموونە دەبینی میسر لەم ماوەیەدا چەند کەناڵی ئیسلامی داخست لەسەر دروشمی ئیسلام چارەیە..


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٧
جەماوەری کتێب خوێندنەوە


ئه‌وه‌نده‌ی بۆ "بیره" خه‌رج ده‌كرێ، بۆ "بیر" خه‌رج ناكرێ.. زۆربه‌ی کتێبەکان تیراژیان له‌سه‌ر نییه! له‌وانه‌یه تیراژه‌كه‌یان له‌و ڕاده‌یه‌ش كه‌متر بێ و له ڕوویان هه‌ڵنه‌هاتبێ ئاشكرای بكه‌ن‌‌!
-: سەرچاوە، وێببلاگی جه‌عفه‌ری حوسێنپوور(هێدی) 


ئەوە دەلیلی ڕێژەی نەخوێندەوارییە، بەڵام دەکرێت بەجۆرێکی تر لێکبدرێتەوە، ئەگەر نووسەر کاک (هێدی) مەبەستی کتێبە ئەدەبی و میژوو و ... هەر لەکۆنەوە خوێنەریان کەم بووە.. بەڵام لەئێستادا خوێنەر ناکرێت قەتیس بکرێت بەکتێب و تیراژی زۆر و کەمی فڵان کتیب، چوونکە تەنها خوێنەر ئەوە نییە کە کتێبی ئەدەبی بخوێنێتەوە..بەتایبەتی لەشارە گەورەکاندا بەهۆی هەلومەرجی ژیانەوە، کەمتر حەوسەڵەی خوێندنەوەی کتێب ماوە، رۆژنامە و گۆڤارەکان نانی نووسەرانی کتێبیان بڕیوە و کۆنترۆڵی ئەو گۆرەپانەیان کردووە، ئەمە بێجگە لەئەنتەرنێت..


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٧
جیایی ئایین لە دەوڵەت!


بەپێی بنەماکانی سکۆلارسزم کە خوازیاری جیایاکردنەوەی ئایینە لەدەوڵەت، ئەوەی کە فاتیکان دوای لەسێدارەنەدانی تاوانبار تارق عەزیز دەکات، هەروەها ئەم فەتوایەی گروپی زانایانی ئایینی جێی قبووڵ نییە.. ئەمە کلکایەتییە بۆ دەسەڵات و لاسایی کردنەوەی بەعسی کۆن و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتییە..
چۆن قبوڵ نییە پیاوانی وەک مەلا لەکاری سیاسیدا تەدەخول بکەن لەسەر بناغەی ئەو مەبدەئەوە کە جیایی ئایین لەدەوڵەت و ژیانی ڕۆژانە، دەیخوازێت، کەواتە نابێت فاتیکان و هەر لایەنیکی ئایینی دی لووت بژەننە کاری دادگا و دەوڵەتەوە.. بەس لەو بڕوایەدام ئەو هەواڵە لایەنگرانی بەعس دروستیان کردبێت...


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٧
هزر


أنا اعلم منكم بأمور آخرتكم وانتم اعلم مني بأمور دنياكم..
ئەمە دێڕێکی پێغەمبەری موسڵمانان محەمەدە، نازانم ئەمەی لەچ کات و سەردەمدا وتوویەتی ئەو کاتەی بەهێز و دەستڕۆیست و دەسەڵاتدار بووە یان لاواز و ڕاونراو ؟ئەو دێڕە پێمان دەڵێت کاروباری ئایینی لەگەڵ ژیان لۆجیکی دنیایی دوو شتی جیاوازن.. ئەی بۆ تەوژمە جیاوازەکانی ئاینی ئیسلام بەتایبەتی توندڕەوەکانیان، بەجۆرێکی تر پێچەوانە هەڵسووکەوتیان کردووە، هەمیشە ئەو دوانەیان تێکەڵ کردووە و کردوویانە بەیەکەیەکی هەڵپێکراوی وا کە جیاکردنەوەیان ئاسان نەبێت!!گەر یەکێک وتبێتی بابە ئەوە لەگەڵ قسەی پێغەمبەردا نایەتەوە، نەک گوێیان لێنەگرتووە بەڵکوو دژایەتییان کردووە..!!تا هەنووکە زۆرن ئەوانەی دژی تەوژمی دنیایی وەک سکۆلاریزم دەوەستنەوە کە داوای جیاکردنەوەی ئایین لەسیاسەت و دەوڵەت و ژیانی ڕۆژانە دەکات.. داوایەکی وا زیاتر و بەقازانجی ئایینە وەک لەشتێکی تر، دەبێتە هۆی مانەوەی لایەنە جوانەکانی ئایین بەپاکی، و پیرۆزییەکەی لەدەست نادات و دوژمن بۆ خۆی پەیا ناکات..



دووشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٥
کوردی باکوور


ئەوەی کە پێ کە کە ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵات، بەقورمیشی ئەملاوئەولا و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە بووە، نەک لەکوردایەتی و ناسیۆنالست بوونیانەوە بێت..ئەوانە پارچەکانی تریان بۆ ئەوە دەوێت تا بەکاریان بهێنن و خزمەتیان بکرێت، لەهەر پارچەیەک دوکانیکیان دانوە؟! یان بەجۆریکی تر گەر لێرە هەڵکەنران لەولا خۆ ببیننەوە، زیگزاگن.. 
نەتەوەی چی؟ ئەوە نییە بەکەمتر لەخودموختاری ڕازین... بێگومانم بەگەڕانەوەیان بۆ ناو خۆی باکوور، لەگەندەڵەکانی باشوور خراپتر دەبن.. ئەوە نییە هەر لەئێستاوە کەسێکی وەک ئەحمەد تورک تەحزیری داوە و وتوویەتی گەر خۆ چاک نەکەین، بزووتنەوەیەکی گۆڕانیش لەئێمە پەیدا دەبێت.. جا ئەمانە گەر مەحسووب بن بەباڵی سڤیلی ئەو حیزبە، وا دەڵین، ئەبێ کە باڵە چەکدارەکە باوەخوون بوونەوە و چوونەوە چی ڕووبدات و چی بکەن..؟
لەوە دەچێت تەنها شتە نووسراوەکانی ئەوان بخوێنیتەوە، هی موخالفانیش بخوێنەرەوە!!


دووشەممە ٢٠١٠.١٠.٢٥
ئەمیری حەسەنپوور و گرێی دەروونی!


ئەو وەک زانا و دانایەک بەرخورد بکات دەبێت بەسفەتی ڕاوێژکارێکی بێلایەن بڕوانێتە مەسەلەکە، هاوکات وەک کوردێکی ڕۆژهەڵاتی هەر تەرەفدارییەک لەمەسەلەیەکی هەستیاری وا بەقازانجی لایەک دەکەوێتەوە.. لەوانەیە تۆمەتی کڕین و بەرتیل و شتی وای بدرێتە پاڵ.. بۆ خۆت دەزانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستێکی باڵایان هەیە لەکڕین و پارەبەخشینەوە بەسەر خەڵکدا.. تا لەزۆر مەسائیلی هەستیار کە دێتە پێشەوە بێدەنگ بن یان تەرەفدارییان لێبکەن..
گریمان بەشێک لەوانەی کە بەسۆرانی قسە دەکەن، تووند بەرخود بکەن، ئەی بۆ باسێک لەو کەسانە ناکات کە لەنێو بادینانیەکاندا بەرخوردی توندیان هەیە؟ بۆ باسێک لەو سێبەرە سیاسییە ناکات کە لەپشت جووڵەیەکی واوەیە؟ ئەگەر بیەوێت بنکۆڵی ئەو سۆرانێتییە بکات، ئاسنی سارد کوتاندنی بۆ دەمێنێتەوە. بەداخەوە ئەو کاتێک وەزنەی خۆی لەدەستدا کە لەدوورەوە بێئەوەی ئاگای لەهاوکێشەکانی ناوخۆی هەرێم بێت، خەسڵەتی شۆڤێنزمی دایە پاڵ ئاخێوەرانی شێوەزاری سۆرانی..
دوای ئەوە مەسەلەکە یەکلابۆتەوە ئیتر ئەم بنێشتە بۆ هەر دەجوێتەوە، دەڤەری بادینان، لەهەموو شتێکدا خۆیان جیا کردۆتەوە، کامل فیدڕاڵیان لەفیدڕاڵی کوردستانی باشووردا هەیە! ئەوەی ئەو باسی دەکات، سەرچاوەکەی بۆ هزری ناسیۆنالیستی یان بۆ هزری عەشیرەتی و خێلەکی دەگەڕێتەوە یان شتێکی تر؟
- سەرچاوە ماڵپەڕی گۆڤاری گوڵان  چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەمیری حەسەنپوور

شەممە ٢٠١٠.١٠.٢٣
هزر

کامیان لەپێشە، خوا یان ئایین؟ کامیان کامیانی دروستکردووە؟ کەواتە کامیان دەبێت بەرگری لەکامیان بکات؟ ئەگەر بڵین خوا ئایینی دروست کردووە؟ ئەی ئەو درۆ و بوختانە شاخدارە چییە گوایە ئایین بۆ بەگریکردن لەخوا دروست بووە و خوڵقاوە!؟ لەکاتێکدا خوا دروستکەری نەک ئایین بەڵکوو هەموو کەون و کائینات بێت ئیتر چ پێویست دەکات ئەو (ئایین) ئیدعایە بکات کە بەرگری لەخالقەکەی دەکات؟! خوا ئایینی لەبەر خاتری مرۆڤ وەک ئامرازێکی ئاشتی و ئارامی ڕۆحی و جۆرێک لەدڵنیایی دەروونی و بەختەوەری خولقاندووە، لەو ئەرکە دەرچوو، وەک دەبینرێت تەوژمە توندڕەوە ئایینییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، قێزەوەن دەردەچێت.



پێنجشەممە٢٠١٠.١٠.٢١
هزر


لەوڵاتە رۆژهەڵاتییەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی ئیسلام ئایینیانە، شتێک بەناوی چاکسازی-ڕیفۆرم لەکایەجۆراوجۆرەکانی ژیاندا بوونی نییە، بەتایبەتی لەبواری ئایینیدا.. لەوانەیە چاکسازی گریمان لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەوڵی بۆ بدرێت، خەڵکانێکی زۆر پەیوەست بن پێوەی، بەڵام کە قسە هاتە سەر چاکسازی لەئاییندا، ئەوە نەک جەماوەری کەم دەبێت بەڵکوو ئەوەیشی ڕۆژێک لەڕۆژان قسەی نەکردووە و قوشقی دەبێت و هاواری ناڕەزایەتی لێبەرزدەبێتەوە.. گوێبستی ئاوازێکی نوێی وا هەرسکردنی ئاسان نابێت و زۆر سەخت و دژاور دەبێت و کات زۆر گەرەکە.. بێگومان لەوڵاتێکەوە بۆ وڵآتیکی تر دەگۆڕێت، بۆ نموونە موسڵمانێکی ئەوروپانشین ئاوازی ڕیفۆرمی ئایینی وەک سیستەمی فەرمانگەیی و یاساو ڕیسا و ئارامی و ئاسایش و... بەڵایەوە نوێ دەبێت.. بەڵام ئەگەر نابێت بەئاکتیڤیسێنێکی ئەو بوارە، یەکێک لەهۆ و ڕێگرییەکان، کاریگەری تەوژمی ئیسلامی سیاسییە.


چوارشەممە٢٠١٠.١٠.٢٠
دیموکراسی و ڕاگەیاندن


پێوەری ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لەهەر وڵاتێکدا بەوە دەبێت کە دادگالێگرتن و شکاتەکانی سەر ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆر نەبێت... جا بەو پێیە بێت هەرێمی کوردستان لەکوێدایە؟ ئەی ئەوە نییە حیزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی خۆی بەوەوە بادەدات کە غەدر لەڕاگەیاندن ناکات و گوایە زۆر دیموکراسین پەنا بۆ یاسا دەبەن، ئەو پەنا بردە بەر یاسایە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکانی ئازادی میدیا نایەتەوە و بەفشار و زەخت و زۆر دەژمێردرێت....


چوارشەممە٢٠١٠.١٠.٢٠
هزر


بۆ دوای ئیسلام یان دوای محەمەد قورەیشی ئایین و پێغەمبەرێکی دی نەهات؟ لەئیینزای شیعەدا، مەهدی؛یەکیان دروست کردووە! جا ئەوە کەی دێت؟ مەرگەر عەقلی خەیاڵی خۆیان بزانێت، ئەگینا سەردەمی هاتنی پێغەمبەران و ئایین بەسەرچووە.. گەر لایەنی مێژووی سەرهەڵدانی هەر ئایینێک هەڵدەیتەوە، دەردەکەوێت بۆ ئەوە پەیدابوون دژی کاروکردەوە و گفتولفتی بەدکارانەی مرۆڤ بوەستنەوە، کەلەوانەیە و بێگومانیین بەدکاری ئەو سەردەمانە وەک هی پێش هاتنی ئاین و داوی خۆی نییە و نەبووە. کەواتە ئیتر چۆن دەکرێت شتێک(ئایین) و پێغەمبەرێکی وا ببێتە دەرمانی چارەسەری هەموو سەردەمەکان؟ گەر وردتر لەئایینەکان بڕوانیین و بپرسین بۆتا چەند توانیویەتی گرفتەکانی سەردەمی خۆی چارەسەر بکات تا مرۆڤی ئەم سەردەمە کە بەهرەمەندە لەدەستکەوتەکانی زانست و تەکنەلۆجیا پەنای بۆ بەرێت؟!
ئەگەر لەچەند وڵاتی ئیسلامی کەسانێک هەبن و وابزانن بەئایین کێشەکانی ژیان چارە دەبێت، نەک یاخنیشن، بەڵکوو لەخودی ئایین نەگەیشتوون.. گریمان ئەوانە ىروایان بەڕێباز و تەوزمە سیاسی و هزرییەکان ڕۆژئاوا نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئاسانترینیان کە ئایینە، بۆ هەڵخرانی خەڵکە بۆ ئەجندە پۆڵەتیکەکانیان ئەویش گرتنە دەستی دەسەڵات یان فشارێکە لەسەر دەسەڵات تا جێیان بکاتەوە و لەخواردنی سەروەت و سامانی میللەت هاوبەش بکرێن...


سێشەممە ٢٠١٠.١٠.١٩
گۆرانی


میوزیك زمانی نییه‌، زۆر گوێ له‌ئاواز و گۆرانی كوردی ده‌گرم، به‌تایبه‌ت له‌گۆرانیبێژه‌ ره‌سه‌نه‌كان ده‌گرم ، ئه‌و گۆرانیانه‌ی له‌ كه‌ركوك وتراون، نەمرن.. گۆرانی كوردی جوڵه‌ی زۆری تێدایه‌ زۆركات گوێ له‌ عه‌زیزی وه‌یسی ده‌گرم، له‌سه‌ر ئه‌و ئاوازانه‌ی ئه‌و خۆم ووشه‌م داناوه‌ و ئه‌یلێمه‌وه‌..
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ئاسۆ خەندان، بابەت چاوپێکەوتن


ئیبراهیم تاتڵیساس، ئەوەی بەرژەوەندی لەگەڵدا داهەبێت، بەگۆرانیبێژی دەزانێت.. عەزیز وەیسی کەس لەدەنگخۆشی و شادی گۆرانییەکانی ئیعترازیکی نییە و ئەهلی کەیف و سەفایە، بەڵام بۆتە ڕێکلامکەری ئیبراهیم، لەتەلەفیزیۆنی زاگرۆز لەوانەیە زۆرمان بینیبێتمان.. هاوکات هەڵوێستی لەگەڵ حیزبێکی دەسەڵاتداری وەک پارتی، جێی پەسەند نییە، خۆشەویستییەکەی لەلای خەڵکی کاڵ کردۆتەوە...


وشەی لۆتی کەمە بۆ شەعبان عەبدولرەحمان؛ی میسری، وەختی خۆی چەند پەیڤمان لەسەر نووسی، ئەوەی لەریکلامێکی وادا دەردەکەوێت، ئەو ئاماژە مەترسیدارەیە کە ناوی سەرۆکی هەرێمی دهۆک و هەولێرە(بارزانی).. ئەم جۆرە لۆتی و سەرمایەدار و کومپانیایانە، لەبەر خاتری گیرفان و قازانجیان کۆ لەهیچ شتێک ناکەنەوە! دەیانەوێت سەردەمی سەدام حسین؛مان بۆ بگێڕنەوە.. ئەگینا بۆ هەر کارێکی ئازاد چ پێویست دەکات، ناوی سیاسییەکی تێبترنجێنن!؟


سێشەممە ٢٠١٠.١٠.١٩
کوردی باکوور


ره‌نگه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ی سیاسی له‌ مێژووی نوێی توركیادا به‌و ئارامییه‌وه‌‌ سه‌ریان نابێته‌وه‌ كه‌ ئیدی كوردیان كردووه‌ته‌ تورك‌.. حه‌ق وایه‌ توركیا كه‌مێك ژیرانه‌تر بیربكاته‌وه‌و له‌ جێی ده‌ستێوه‌ردان له‌ پرسی كه‌ركوك و پشتیوانی ركه‌به‌ره‌ سیاسییه‌كانی كورد له‌ عێراق، بیر له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی خۆی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ‌ و ئه‌زمیر و ئه‌نقه‌ره‌ تا ده‌گاته‌ ئامه‌د بكاته‌‌وه‌...
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بابەت:  په‌كه‌كه‌ی ئاشتیخوازو توركیای جه‌نگاوه‌ر!  نووسەر: شوان حەمە


نووسەری بەڕێز وا دەڵێت:...توركیا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدایه‌ تا پارتی‌و یه‌كێتی بكات به‌ گژی (په‌كه‌كه‌)دا، به‌ڵام تا ئێستا‌ بێئاكام ماوه‌ته‌وه‌!...
سەیرم لەدەربڕینێکی وا دێت! نازانم چۆن ئەو هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕێوە، بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەتایبەتی پارتی کەم شەری PKK یان کرد.. لەوە دەچێت هەڵەی نووسەر لەوەدا بێت، بیری چوو بێت کات و سەردەمەکە دەستنیشان بکات! ئایا دوای ئەو شەڕانەی ئەوەڵ ئیتر شەڕی تریان لەبری تورکیا نەکردووە؟ ڕاستە نەیانکردووە بەڵام فشارەکان بەردەوام لەسەر جووڵەیان هەبووە! ئەو هەموو ڕێگرییەی چییە بۆیان دروست دەکرێت، لەگەمارۆی سەرقەندیل و چەندەهای تر


یەکشەممە ٢٠١٠.١٠.١٧
دیموکراسی


ئایا دەکرێت دیموکراسی وەک دیوجامانە بەکاربهێنرێت، کێن ئەوانەی پەنا بۆ فێڵیکی وا دەبەن؟ ئایا دیموکراسی لەچ کاتێکدا مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدات بەدەستەوە؟ لەوەی لەدەرەوە و شوێنی کار و کۆڕ و کۆبوونەوە و کافێتریا و ...وا خۆ پیشان بدەیت کە فوڵ دیموکاسخوازیت و یەکسانیت لێ دەتکێ و دەچۆڕێت؟ هەموو خۆزگەت پێبخوازن تا حەدی بەغیلی پێبردن! وات لێبێت کوژەکەی شین بکەیت بەخۆتەوە، تا بەچاوەوە نەبێت! کەچی لەناوەوەیش دوور لەچاوی خەڵک و زوومی کامێرا هەرچی قسەی کرد بەرشەقی بدەیت و تەمێ و فشاری جۆراوجۆریان بۆ ببڕیتەوە و لێبکەیت؟ بەکفریشی بزانی دۆخێکی نەخوازراوی وا بپەڕێتە دەرەوەی پەرژینەکەتەوە، گوایە قودسییەتی بنەماڵە و خانەوادە لەکەدار دەبێت و خەڵکیان پێخۆش دەبێت و ناویان دەزڕێت..


هەینی ٢٠١٠.١٠.١٥


 (......)
خۆ دەزانم دار هەر دارە
داربەرووش وەك دارخورمايە
بۆ داربەروو زۆرم گوت
هەرچەند بڵێم دوايى نايە!
بۆدارخوورماش 
هەرچەند ئەكەم ديرە شيعرێكم بۆنايە
شیعری: يوسفى حەمەرەشيد


بەپێی ئەوەی کوردستان وڵاتێکی گەورەیە، با باسی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا نەکەین.. تەنها باشوور، من دەپرسم بۆ لەگەرمیان؛بەخانەقین و مەندەلی و بەشێک لەموسڵ و کەرکووک، دارخورمای لێ سەوز نەبووە و نییە؟ ىێگومان هەیە.. کەواتە دەکرێت لەگرێی پاسۆکییە خۆمان دەرباز بکەین کە دەیان فەرموو نەعەرەب ئینسانە نەخوشتر حەیوانە نە خورماش نەباتە!!
هیچ شتێک لەشوێنی خۆی نامێنێت، قابیل بەگۆڕانە، مەبەستی من گەر بڕیارە ناسیۆنالیست بین با ناسوێنالستێکی ژیر و بیر فراوانتربین، نەک بەو تەسکییە کە گوزارشت لەکۆی خاکی کوردستانی باشوور ناکات. دوای ئەوە گەر فراوانتری بکەینەوە بچینە باکوور، کەی لەوێ داربەڕوو زۆرە؟ یان ئەو هیمایانەی باشوور لەگەڵ ئەواندا دێتەوە، هەرچەندە هەموو کوردین.. لەدەرەوەی خۆشمان کەی هەموو عەرەب هیمایان دارخومایە، لوبنان پرتەقاڵ، فڵانی تر زەیتوون، وە هەروەها... بۆ خۆشت شتێک لەمێژووی چێبوونی ناسیۆنالیزم شارەزایت، ناکرێت بەو شێوە سەرەتاییە بڵین ئامین.


هەینی ٢٠١٠.١٠.١٥
هەر لەئۆپۆزسیۆن دەخوێنێت!!


ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی یەکێتی و پارتییە، به‌ئاگاییه‌وه‌ یان بێئاگا، ره‌خنه‌ی رۆشنبیرانی جدیی و ئۆپۆزسیۆن، به‌ پلانگێری تێدەگەن.. ئه‌رکی رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆنیشه‌ که‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک دوژمن وێنا نه‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ناڕێکی له‌ ئه‌دائیشیاندا هه‌یه‌...
-: سەرچاوە ماڵپەڕی سبەی، بابەت: نه‌وت و بێمنه‌تی ده‌سه‌ڵات..نووسەر: محه‌مه‌د خورشید


 پێدەچێت هێشتا لەدنیای خەڵدا مەلە بکات! بەمەرجێک بەردەوام لەهەرێمی کوردستانە، دنیا شامی شەریف نییە!!! دەسەڵات بەتایبەتی لەبەشێکی هەرێمدا هەرکات وازیان لەزۆر دەستکەوت هێنا ئەو کاتە داوایەکی وا(...ئه‌رکی رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆنیشه‌ که‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌ک دوژمن وێنا نه‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی ناڕێکی له‌ ئه‌دائیشیاندا هه‌یه‌...) لەوانەیە گوێبیستی لێبکرێت و .. ئەسڵەن ئەوانە دوژمنی سەرسەختی خەڵکی کوردستانن، ئامادە نیین یەک زەرە بێنە خوارەوە، لەهەوڵی ئەودان دەسەڵاتیان بۆ نەوەکانیان بەجێ بهێڵن، ئەوەی گوێی لێناگیرێت نووسەر و ڕوونکبیران و ئۆپۆزسیۆنە... گەر بەم تەرزە بڕوات، بێگومان چارەنووسیان لەچارەنووسی ڕژێمە ناکوردییەکانی پێشوو باشتر نابێت.. ئەو جۆرە دەربڕینە کە ئۆپۆزسیۆن بخرێتە پاڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و یەکسان بکرێت بەوان، بەیەکچاو سەیربکرێن، نەک بێئینسافییە بەڵکوو تێنەگەیشتنە لەو دۆخەی کە لەهەرێمدا دەگوزەرێت!! هاوکات پاڕانەوە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات دەگەیەنێت!


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٠.١٤
چەواشەکاری نووسەرانی دەسەڵات!


ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، لەسەر مەسەلەی شکات و شکاتکاری لەمیدیا، وا خۆ پیشان دەدەن کە بێگوناهن و ئەی ئەوە نییە ئێمەش بەر هەڵمەتی شکات لێکردن بوونەتەوە!! ئەوانە خۆیان غەشم دەکەن وا دەزانن لەسەر مەریخ دەژین، کاتێک میدیای ئازاد بەخۆیان یەکسان دەکەن، بەحساب ڕیز لەیاسا دەگرن و میدیای ئازاد بەپێچەوانەوە.. بەڵام خۆ لەوە نادەن کە میدیا ئازاد لەسەر ئاشکارکردنی ڕاستییە جۆراجۆرەکان محارەبە دەکرێت و دەیانەوێت تەقلە بەو یاسایە لێبدەن کە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە، زۆڵانە پێچی پێدەکەنەوە و دێن پەنا بۆ یاسای عقووباتی عێراقی دەبەن!!
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، بابەتی میدیاو شکات


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.١٣


مه‌پرسه‌ نیشتیمانه‌كه‌ت چیت بۆ ده‌كات؟؟ له‌خۆت بپرسه‌ چى بۆ نیشتیمانه‌كه‌ت ده‌كه‌یت!!؟ ئەفلاتوون


ئەی ئەگەر کێشەی نەتەوەیت نەبوو؟ یان وەک باشوور کەمبووبێتەوە و لەدەسەڵاتدا بیت، چی؟
ئەوە قسەی هەر کەسێک بێت، لەوە ناگۆڕێت کە خۆشەویستی نیشتمان و یان هەر مەسەلەیەکی دی، نابێت بەڕەهایی وەربگیرێت.. لای فڵان تۆخە و لای فلانی تر کاڵ..کەواتە مەرج نییە، ئەوەی بەڵای تۆوە دروستە بەڵای کەسێکی ترەوە دروست بێت.. ئەمە ئەسڵی مەسلەکەیە.. ئەو دۆخەی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان خولقاندوویانە وای کردووە لەزۆر خەڵک کردووە پەیشمان بن لەوەی مناڵ و کەسوکارەکانیان لەخەباتی چەکداریدا گیانیان بەخت کردووە پەشیمان بن، بۆ ئەوە بوو بنەماڵەی مەلامستەفا و فڵان بنەماڵەی تر بێتە سەر دەسەڵات و حوکمی دیکتاتۆری خۆیان بسەپێنن.. جا ئەمە وانەیەکە بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور کە لەدواڕۆژی ئازاد بوونیاندا لەوانەیە بەدەردی یەکێتی و پارتی بچن و خراپتریش .. ئەی ئەوە نییە هەر لەئێستاوە ئەحمەد تورک دەڵێت خۆمان چاک نەکەین بزووتنەوەیەکی گۆڕانیش لەئێمە پەیدا دەبێت... بەمەرجێک ئەوانە خەباتی سڤیل لەناو خۆی وڵات دەکەن...
کاتێک هەر مرۆڤێک ئامادەی خزمەتە کە حکومەت و دەسەڵات دیموکراسی بن، ئەو دیموکراسییە درۆزنانەیە نا کە لەدەرەوە بەزەبری سەربازی ڕۆژئاوایی هاتووە، و پێشکەش کراوە، لەسەر تەزویر بەندە، لەژێر فشاری جۆراوجۆریشدا بەئەنجام گەیشتووە.. بەوەش دیموکرسی ڕسوا کراوە... ئەوەندەی بزانم فینلاند و هەرێمی کوردستان قابیلی بەراورد نییە


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.١٣
میدیای ئازا و ئازاد


ئەوە بەڕێزە : قەرەنی قادری بەشێک لەدەربڕینەکانی لەشوێنی خۆیدا نییە، وا هەست دەکەم هۆکەی ئەوە بێت کە مووچەخۆری یەکێک لەحیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بێت.. ئەگیان ئەوە بێنینسافییەی نەدەکرد و بەو شێوەیە باسی لەمیدیای ئا...زاد نەدەکرد.. گوایە بەبێ بەڵگە تۆمەت دەدەنە پاڵ فڵان وەزیر و فیسار وەزیر... هەر خەریکی پیشاندانی کەموو کوری دەسەڵاتن.. بۆ ئەوە نازانێت وەک ئەزموونی خۆی لەو ماوەیەیەی لەوێ کار دەکات، دەسەڵات چییان هێشتۆتەوە تا میدیای ئازاد باسی چاکەیان بکات؟! بەداخەوە ئەوەندە سەرەکۆنەی میدیای ئازاد کرد نیو هێندە باسی خراپە میدیای دەسەڵات و موچەخۆرە بەکرێگیراوەکانی کە ناسراون بەمیدیای سێبەر کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دروستی کردوون بۆ دژایەتی کردنی میدیای ئازا و ئازاد!!!! ئەو بەرنامەیە نوقسانییەکەی لەوەدا بوو کە کەسێکیان لەمیدیای ئازادەوە نەهێابوە قسە!!!
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ڕادیۆ زایەڵە. گفتوگۆی ڕادییۆیی لەسەر ڕۆژنامه‌وان ده‌بێت دوور بێت له‌ ده‌سه‌ڵات!


سێشەممە ٢٠١٠.١٠.١٢
جامانە سوور


جه‌مانه‌ی‌ هه‌ركییه‌كان ره‌ش‌ و سپییه‌.. ئه‌وان ئه‌مڕۆ جه‌مانه‌ی‌ سور له‌سه‌ر ده‌نێن به‌یانی‌ له‌وانه‌یه‌ جه‌مانه‌یتر له‌سه‌ر بكه‌ن واته‌ به‌رژه‌وه‌ندیخواز و ئینتهازین هه‌شه‌ دزداشه‌ له‌به‌ر دەکەن و عەگاڵ لەسه‌ر دەکەن...
-: سەرچاوە ماڵپەڕی ئاوێنە، چاوپێکەوتنی مه‌حموود ئاغاهەرکی


ئەو دیاردە قێزەوەنە برینەکان دەکولێنێتەوە: کۆن ژمارەیەک خەڵک لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون لەبەر ئەوەی دەرنەکرێن، وازیان لەکوردبوونی خۆیان دەهێنن دەبنە عەرەب.. ئێستا لەوانەیە فشەمان بەسەردا بکەن، لەژێر جۆرەها بڕوبیانوو!! لەسەردەمی ئازادیدا ئەو رەفتارە بەجۆرێکی تر درێژەی هەیە...ئەوسا گریمان لەژێر فشاری عەرەبدا بوو بێت، ئەی ئێستا لەژێر چ فشارێکدایە؟!


شەممە ٢٠١٠.١٠.٩
فێڵی گێلانەی پارتی!


ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مان له‌ هه‌وڵی‌ دامه‌زراندنی‌ كه‌نالێكی‌ سه‌ربه‌خۆین، بۆئه‌وه‌ی‌ دانیشتنه‌كان بۆ هه‌مولایه‌ك بگوزاێته‌وه‌...
-: کەمال کەرکوکی سەرچاوە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئاوێنە



کردنەوەی کەناڵێکی دی، نابێت بەهیچ جۆرێک سەر بگرێت، فێڵێکی تری خۆ دەربازکردنە، نەک چارەسەر بەڵکوو گۆڕینێکی ڕووکەش دەبێت، چوونکە هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت، ئەوانە ئیێستا و داهاتوو لەو کەناڵەدا دادەمەزرێن میدیاکارانی بەکرێگیراوی پارتی و یەکێتی بوون و دەبن، ڕاستگۆ نابن لەگواستنەوە و ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ناو پەرلەمان.. ئەم تەرحە وەڵامیکە بۆ ئەو داوایەی ئۆپۆزسیۆن کە دەبێت ڕاگەیاندنەکان بەئازادی بتوانن دانیشتنەکانی پەرلەمان بگوێزنەوە..


شەممە ٢٠١٠.١٠.٩
هەڵەی نووسەرێکی فارس


عراق؛ بهای کلیدی که در دست کردهاست بەکوردی دەکاتە : نرخی ئەو کلیلەی بە دەست کوردانەوەیە.
وتاری نووسەرێکی فارس بەناوی مهرداد فرهمند لەماڵپەڕی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی بی بی سی بەشی فارسی بڵاوبۆتەوە.

ئەو وتارە، لەچەند شوێندا هەڵەی زەقی کردووە، زانیارییەکانی کۆنن و ناڕاستن.. بەتایبەتی کە باس لەلیستی کوردستانی دەکات، گوایە ئەوەندە کورسیان هەیە، بیئاگایە کە ئیستا فراکسیۆنی کوردستانی هەیە.. هاوکات زانیاری لە سەر بنەماڵەی حەکیم و هەڵویستیان لەبەرانبەر کورد باش بووە و فەتوا و حەرامی شەری کوردیان لەزەمانی مەلا مستەفادا کردووە.. زۆر هەڵەیە، لەسەردەمی شۆڕشی نوێ ئەو فەتوایە دراوە ئەو کاتەش مەلا مستەفا کۆچی دوایی کرد بوو...چەند خاڵی تر....


هەینی ٢٠١٠.١٠.٨
فلیم


 فلیمی فەیلەق یان بەتالیۆن باس لەململانێی نێوان فریشتەی خێر لەگەڵ فریشتەی شەر لەسەر مناڵێک کە هیوای مانەوەی مرۆڤایەتی پێوەبەستراوە. 
سەرەتا و کۆتایی فلیمەکە بەمشێوەیەیە:
کچێک باس لە ژیانی خێزانی خۆی دەکات، کە دایکی لەمناڵیدا هەموو شەوێک پێش نووستن پێی دەڵێت: دڵت بۆ خوا بکەرەوە لەبەر ئەوەی میهرابان و دادپەروەرە..بەڵام دوای بەجێهێشتنی باوکی ئەرکی پەروەردە و گەورەکردنی دەکەوێتە دەستی براکانی لەنزیک بیابانێکەوە، ئیتر لەبارەی میهرەبان و دادپەروەری خواوە قسەیەک نامێنێت، باس لە پێشبینی بۆ دواڕۆژ و چارەنوسی مرۆڤایەتی دەکرێت کە بەرەو تاریکی دەڕوات. جارێک لەدایکی دەپرسێت بۆ خوا وا لێهاتووە و بێرەحم بووە؟ بۆ هێندە لەمناڵەکانی توورەیە؟ لەوەڵامدا دەڵێت" نازانم! بەڵام لەوەدەچێت لەو هەموو درۆیە بێزاربوو بێت .

زانیاری زیاتر:
ناوی ئۆرژیناڵی فلیم: The Legion 2010
دەرهێنەر: Scott Stewart 
نوسین و سیناریۆ: Peter Schink و Scott Stewart
ئەکتەر: Paul Bettany و Lucas Black و Tyrese Gibson و Adrianne Palicki
جۆر: فەنتازیا، توندوتیژی
ماوە: ١ کاتژمێر و ٣٦ خولەک
ڕیکلامی فلیم


پێنجشەممە ٢٠١٠.١٠.٧
فلیم

پەیامبەر یان پێغەمبەر، ناوەکەی بەفینلاندی (Profeetta) ٢٠٠٩
بوختەی فلیم:
سەرەتای فلیم لەژووری زیندانێکەوەیە، کەسێک بەبۆڵەبۆڵ دەکەن بەژووردا، پارێزەرێک واژوو بەپاڵەوانەکە دەکات. شەش ساڵی بۆ بڕاوەتەوە، ژیان لەگەڵ خەڵکانی شەرانیدا دەباتە سەر بۆیە تەئمینی تەندروستی بەپێویست دەزانێت بۆی.. لەنێو زینداندا بەرەوڕووی هەڵویستی ناجۆر دەبێتەوە، وادەزانێت دەتوانی بەسەربەخۆیی بمێنێتەوە لەبەرانبەر کێشەکاندا، تووشی دەبێت بەتووشی سەرکردەی مافیای کۆرسیکیەوە..فەری دەکەن بەمەبەستی کوشتن خۆنزیک بکاتەوە، گەر نەیکوژێت دەیکوژن.. نازانێت زیندانەکە مافیا دەیبابەڕێوە..
لەکوشتنی کەسی دیاریکراو سەرکەوتوو دەبێت. بەڵام وەک مۆتەکە زوو زوو دەردەکەوێت!
پاڵەوانەکە بەدوو زمان (فەرەنسی و عەرەبی) دەپەیڤێت و لەهەتیوخانە گەورە بووە، نەخوێندەوارە..
سەرەڕای قبووڵ کردنی وەک خزمەتکار لەبەر عەرب بوونی جنێو دەخوات ڕووبەڕووی هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانە دەبێتەوە..
بەهۆی بڕیاریکەوە مافیاکۆرسیکییەکان بەشێکیان ئازاد دەبن، بەهۆی تێکەڵبوونەوە فیری زمانەکەیان دەبێت..
شوێنی زیندانەکەی دەگۆڕێت بۆ باشتر، دەبێتە زیندانییەکی نموونەیی تەنانەت مۆڵەت چوونە دەرەوەی زیندانیشی بۆ دەکەن...لەزووربەی ئەو کارانەی پیی دەسپێررێت سەرکەوتوو دەبێت، وای لیدێت پییەکی لەدەرەوە پێیەکی لەزیندان..هاوکات کاریش بۆ خۆی دەکات..
لەکۆتاییدا دەداتە پاڵ گرووپی مافیای عەرەبەکانی زیندان و دەبێتە سەرۆکیان، لەکابرای مافیایی کۆرسیکایی هەڵدەگەڕێتەوە، دواتر ئازاد دەبێت....
زانیاری زیاتر:
ناوی ئۆرژیناڵ بەفەرەنسی: Un prophète ٢٠٠٩
دەرهێنەر: Jacques Audiard ١٩٥٢
سیناریۆ: Jacques Audiard و Thomas Bidegain
ئەکتەر: Tahar Rahim ١٩٨١ و Niels Arestrup ١٩٤٩
جۆر: دراما و کوشتبڕ
ماوە: ٢ کاژمێر ٢٩ خولەک
زمان: فەرەنسی و عەرەبی ریکلام


چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٦

پارتی و کۆماری ئیسلامی یەک قوماشن!



قسەی دڵی دوژمنانمان لەسەر زمانی ئێوەی رۆژنامەنووس دەبیستین و پێدەگات.. میدیای ئەهلی هەرێمی كوردستان بەداردەستی ئیسرائیل دەزانین..
-: سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر.. لەگۆڤاری لڤین ژمارە ١٤٠ وەرگیراوە. 


مەبەست لەهێنانەوەی ئەو نموونانە لەپەیڤی ئەو جەنابە ئەوەیە، کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆنی هەولێر دهۆکی داگیرکردووە، هەمان دیدیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازا و ئازاد و ئەهلی هەیە!! ئەو دووانە ئاو بەئاشێکدا دەکەن، قابیلی قبووڵ نییە.. ئەوەیش دەسەلمێنێ دیکتاتۆرەکان هەرچەند ناکۆک بن بەڵام لەدژایەتی کردنی ڕاستگۆیی قەلەمەکاندا شەریکە بەش و هاوبەشن. ئیتر پەیوەندی بەدووری و نزیکی ناوچە و سنوورەوە نییە.

چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٦
دایلۆگی ئیسلامی!



لەڕاستیدا من وەک خۆم شتێکی نوێم تیا نەبینی، تەنانەت بەنەفەسێکی رەخنەیی وا دەپەیڤێت لەسەر ئەو گۆرانکاریانەی کە بەسەر گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی کوردی هاتووە، وازیان لەتوندوتیژی هێناوە، کە بەلای زۆرێک لە ڕووناکبیران و ئیسلامناسانەوە هەنگاوێکە بەئاراستەیەکی و باش و  پۆزەتیفدا، نەک بەرەو خراب بوون..
باس لەرەسەنبوونی ئەو تەوژمانە دەکات، ئاخر بەچ هەڵسەنگاندنێک، ئەگەر تەریقەتەکانی مەبەست بێت، ئەوە ڕێی تێدەچێت، کە کورد ئیسلام بوونیشی بەڕێگای خۆی قبووڵە، بەو شێوەیە دەیبینێت و کە لەگەڵ هەڵومەرج و ژینگەیدا بێتەوە، مۆری خۆی لێداوە لەوەی ئیسلامە عەرەبەکان ناچێت، بۆیە دەوترێت ئێمە خواشمان لەگەڵ نەتەوەکانی تردا جیاوازە بەتایبەتی عەرەبەکان کە داهێنەری ئەو ئایینەن...
-: بەدواداچوونێکە بۆ بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنێکی عادل باخەوان لە ماڵپەری خەندان

چوارشەممە ٢٠١٠.١٠.٦
کوردستانی ڕۆهەڵات، پەناهەندە!

-: ... لەم هەرێمی کوردستانە، بەنگلادشی زۆر رێزی لە ئێمەی کوردی ئاوارە ڕۆژهەڵات زیاترە...
-: ... برا بەشەرفی هەرچی ئینسانه، راست دەکات و بۆ خوم بەسەرم هاتووه کوردی چی و کشکی چی ئەگەر لەکوردستانی باشوور رزگارم بێت قەت ناڵێم کوردستانی باشوور هەر شمالی عێراق پر بەپیستیەتی..
 پەیفی دوو پەنابەری کوردستانی ڕۆژهەڵات  نیشتەجێنی هەرێمی کوردستان.
-: لەماڵپەڕی ڕۆژهەڵات تایمزەوە وەرگیراوە.

کە ئۆپۆزسیۆن دێتە قسە لەسەر زۆر مەسائیل، بەداخەوە بەشێک لەڕۆژهەڵاتییەکان ئیتر لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت بەرگری لەدەسەڵات و حیزبەکانی هەرێم فەوزا و بێسەربەرەیی ئەوان دەکەن.. کوردایەتی چی و تەرەماشی چی!!
دروستە، بەڵام ئەو دەسەڵاتدارانە قابیل پشتیوانی نیین، ئۆپۆزسیۆن لایەنی کەم بەرگری لەمافی مرۆڤ دەکات و خوازیاری سیستەمێکی لەمە مۆدێرن ترە، شمولی هەر کەسێک دەکات بێجیاوازی کە نیشتجێی وڵاتەکە بێت... من جەرگم دەسووتێ بۆئەو ڕۆژهەڵاتیانە، چارەی ئەسڵی دەکەوێتە سەر خۆیان کە خۆشبەختانە دەستیان بەناڕەزایەتیکردن کردووە، وەک لەڕاگەیاندنەکاندا دەردەکەوێت...
خاتروخۆتری نەگەرەکە گەر بەڵگەت لەسەر شتێکی وا (.. پێیان وایە ئۆپۆزیسیۆنیش لە بەر دەوڵاتانی داگیرکەری کوردستان و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران گرینگی بە کوردە پەنابەرەکان لە بەرنامەکانی خۆیدا نەدا..) لەکێ دەترسن بیخەنە ڕوو، ئەگەر واش نەبێت ئەوە دەچێتە خانەی ناڕاستگۆیی و بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕاوەستانە لەتەنیشت دەسەڵات، منەتی تێدا نییە، ڕاگەیاندی ئازاد هەیە لەخواش ناترسێت بەڵگەکان گەر پڕکێشی بڵاوکردنەوەی دەکەن ، بیدەنە ئەوان...
کوردایەتی ئەو دوو حیزبە، بەتایبەتی پارتی بەیەکفلس قەڵب ئەوەی یەکتۆز وانێک.. بێت لەباشووردا ناکرێت.. کوردایەتی کوردانی ڕۆژهەڵات سەرسەر و چاوە و قابیلی پشتیوانییە..


دووشەممە ٢٠١٠.١٠.٤
دیموکراسی و ئازادی بیروڕادەربڕین!


ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ئازا، دەستیان بەکڵاوی خۆیانەوە نەگرتووە، یان وشترمرخئاسا سەریان لەنێو لمی بیاباندا نەشاردۆتەوە، تیشک و فلاشیان درەوشاوەیە و لەسەر پێیە، وەفادارن بەپەیامی رۆژنامەنووسی خۆیان، ئەوانە لەپێناو هەر مەبەستێکی مرۆڤدۆستانە جوان بسووتێت، شەوق دەدەنەوە و دەبنە جێی نەزەر و سەرنجی هەموو لایەک، بۆیە دەسەڵاتدارانی بەشێک لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەر لەکۆنەوە نوێنەرایەتی باڵی دواکەوتووی کۆمەڵگایان کردووە، وەک مۆتەکە و خەوی ناخۆش دەیانبینن، لەهەوڵی ئەوەدان بەهەر نرخێک بووە، دەمکووتیان بکەن...


یەکشەممە ٢٠١٠.١٠.٣
کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزب!


ئێمه لەگەڵ ئەوەنیین ئەمەریكا هێرش بكاته سەر ئێران، بەڵكو دەبێت خەڵك و هێزی پێشمەرگه رژێم بڕوخێنن. ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە.. گۆڤاری لڤین؛ی ژمارە ١٣٨ ەوە وەرگیراوە..
ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات وانە لەمێژووی نزیکی عێراق و کوردستانی باشوور وەرناگرن!! لەم جۆرە دەربڕینانە لەلایەن سیاسییە کوردی و عەرەبییەکانەوە زۆر وتراوە، سەرئەنجام هیچیان بۆ نەکرا ئەمەریکا هات و سەدامی دیکتاتۆری لابرد..قسەیەک گەر جێنەگرێت نەکرێت باشترە... دوای ئەوە بەداخەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنە فارسەکان ئەوە بڵێن ئێ بەهەر حاڵ، بەڵام هەموو دەزانیین ئۆپۆزسیۆنی کوردی لەچ دۆخێکدان، ئاخر بەو پەرتییە چۆن دەتوانن کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن؟!


شەممە ٢٠١٠.١٠.٢
مەرگی حەمەجەزای گۆرانیبێژ و ژینگەی پاک!


بەداخەوە ئەوەی حەمەجەزای گۆڕانیبێژ ئاواتی بۆ دەخوات کە هەوا و ژینگەی هەرێمی کوردستان پاک و بێگەردە و بەڵکوو ببێتە چارەسەر و شیفای نەخۆشییەکەی، وا نییە، هیوا و ئاواتێکە تا ڕادەیەکی زۆر لەشوینی خۆیدا نییە! بەپێی ئاماری دەزگاکانی تایبەت بەژینگە لەهەرێمەکەدا، نەک بێگانە ناحەزەکان، هەرێمی کوردستان ژینگەی نەک پاک نییە بەڵکوو زۆر پیس و ناتەندروستە، هەموو شاهیدی ئەوەین وڵاتەکە تا چەندی سەوزاییە و چەندی وشکاییە؟ یان ئەو تەپوتۆزە زۆرەی کە هاوینان چەندەها جار دەدات بەسەر ناوچەکەدا؟ ئەو هەموو کارگە و کارخانانە و ئۆتۆمبیلانەی بێ هیچ فلتەرێک زەهر بڵاودەکەنەوو.. هەزار سڵاوی لێبێت بەداخەوە وڵاتەکەی هەتا بێت لەزۆر لایەنەوە نەک بەتەنها ژینگە، زۆر خراپ بەرەو پیسی دەچێت....
بەداخەوە نەک یارمەتی زیاتر مانەوەی نەدا بەڵکوو مەرگی خێراتر کرد، دەبوایە لەئەورووپا بمایایەتەوە، لایەنی کەم ژینەگەی ئەوێ لەهەرێمی کوردستان پاکترە...رۆحی شاد بێت...


شەممە ٢٠١٠.١٠.٢
دیموکراسی، ئازادی ڕادەربڕین


ئایا درێژی تەمەنی مرۆڤەکان پەیوەندی بەجۆری سیستەمی ئیداری فڵان و فیسار وڵاتەوە هەیە؟ بۆ لەو وڵاتانەی کە سیستمی دیموکراسی زاڵە، مرۆڤەکان تەمەنیان زیاتر و زۆر تر دەژین و لایەنی کەمی تەمەن و مردن لەسەرو حەفتا ساڵییە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە پێچەوانەیە ئازادی بیروڕا کە ڕوکنێکی بناغەیی سیستەمی دیموکراسییە، دەگمەنە و زۆر جار لەنرخی نەبواندایە، هەرچەندە لەوانەیە لەچەند لەوڵاتانە ئاستی گوزەرانی تاکیش بەرز بێت کەچی تەمەن و ژیان تێیدا کورت و زوو مردن و پیربوون فرە زۆرە؟


هەینی ٢٠١٠.١٠.١
کۆمۆنیستی کرێکاری و چەپ! 


بەدواداچوونێکی خراپ نییە، بەڵام کەی لەئێستادا کێشە ئەو گرووپانەن کە زووربەیان لەبناغەوە لەپەراوێدا بوون..بەڵام نووسەر ئاماژە بەچەند رووداو دەدات، وا نییە بەتایبەتی کوشتنی دوو کۆمۆنیستە کرێکاییەکەی هەولێر کە بەئەسڵ کەرکووکی بوون، گەر هەولێری بوونایە وایان بەسەر نەدەهێنرا..
ئەوەی کە کۆن سەرجەم یاریکەرانی بزووتنەوەی چەکداری کوردی باشوور خۆیان بەچەپ زانیوە، لەوە نەهاتووە کە ئەوان خۆیان ئارەزوویان لێبووە بەڵکوو هەلومەرجی جیهانی و جەنگی سار فەرزیکردووە.. دۆخێکی واش تایبەت نەبووە بە کوردەوە، بەڵکوو زووربەی گرووپ و میللەتە ژێردەستەکان مەیلیان بەلای چەپدا زیاتر بووە وەک لەتەوژمەکانی تر..
-: بەدواداچوونێکە لەسەر وتارێکی بەڕێز عه‌زیز ره‌ئوف


هەینی ٢٠١٠.١٠.١
بەعس لەبەرگی کوردیدا!


سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنووس و خوێندکاریان تیرۆرکرد، لەژێر فشاردا هاتە پای لێکۆڵینەوە، پاشان وایان کرد ناسنامەی تیرۆریستیان خستە پاڵ! ئەمە ڕێک ڕووداوە ناخۆش و قزەوەنەکانی بەعسییە داگیرکەرەکانمان بیردەخاتەوە؛ گەنج و خەڵکە ئۆپۆزسیۆنەکەیان دەکوشت، پارەی گوڵەکانیان لەکەسوکارکەی دەسەندەوە، یان بەبەرچاویانەوە ڕەمیان دەکرد و دەبوایە چەپڵەیان لێدایە، یان گەنجی بێتاوانیان لەخۆڕایی دەکوشت دەچوون نارنجۆکێکیان لەتەنیشت لاشەکەیەوە دادەنا، گوایە پێشمەرگەی ناوشارە، هاتووە بۆ کوشتنیان.. یان سەدەها سەربازی ڕاکردوو لەجەنگیان گوێ بڕی... ڕووی بەعس لەبەشێک لەهەرێمی کوردستان رۆشنە...


هەینی ٢٠١٠.١٠.١
فلیم


بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٩ فلیمێکی درامی و ئاکشن و توندوتیژی و پڕ جووڵەیە، ڕووداوەکەی باس لەڕفاندنی شەمەندەفەرێکی ناو مێترۆ دەکات لەلایەن چەند کەسێکەوە، مەبەستیان بەدەستهێنانی پارەیە، لەو پێناوەدا ژیانیان لەدەست دەدەن.. 
ناوی ئۆرژیناڵی فلیم: Taking of Pelham 123 
دەرهێنەر: Tony Scott
ئەکتەر: Denzel Washington و John Travolta 
نووسەر: John Godey 
سینارۆ: Brian Helgeland 
ماوە: ١کاتژمێر ٤٢ خولەک
ڕیکلامی فلیم