رەخنە لە تێکستە ئەدەبییەکان

عەباس شوانAbas Shiwan

ئەو کاتەی نەعامە ڕەگەزنامە دەگۆڕێت!

٤شەممە ٢٠١٣.١٠.٣٠

بۆ ئەو کۆپلە شیعرەی هاوڕێی دێرینم دلاوەر قەرەداغی ئەم کۆمێنتەم نووسی:
بەڕاست لە هەرێمی کوردستان نەعامە (وشتر مرخ) هەیە ؟؟!! ئەگەریش هەبێت لە وڵاتانی ترەوە بۆ باخچەی ئاژەڵان هێناویانە...!!!
بەڵام دواتر هەستم کرد، قسەی زیاتر دەهێنێت بۆیە لێرە بەجیا دیدەکانم لەسەر کۆی کۆپلەشیعرییەکە دەخەمە ڕوو:

شاعیر هەست بە نامۆبوونی ئێستای نیشتمان دەکات، بەوەی جوانییەکانی جارانی نەماوە، ئەم دیدە ڕەشبین و کۆنەپارێزییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان بە سووسە ڕووناکی تیا نەماوە؟ لەوەڵامی یەکەمیندا دەکرێت مۆرێک لەو دیدەی شاعیر بدرێت، بەس هاوکات دوو بەڵامیش لەبەردەمدا قووت بکەیتەوە. ئەو پرسیاری لە خۆی نەکردووە کۆمەڵگای هەرێم یان بەگشتی کوردستانی باشوور و بەتایبەتی زێدی لەدایکبوونی شاعیر (سلەیمانی) وەک دەڵێن خوا وا بۆ کردووە بەردەوام مێملی بۆ ببێت، وەک سەردەمی ناڵی و سەردەمی گۆران لە شەڕ و ململانێی نێوان جوانی و ناشیریندای تێدا بووە و دەبێت، هەنووکەیش لەسەردەمی گەنجێتی شاعیر بەئێستاشەوە، ئەو ململانێیە بە شێوە و شێوازی جیاجیا بەردەوامە، ئەوانە کێن لەبەرانبەر تەوژمی جوانی و مۆدێرنەتەدا وەستاوەتەوە، بەداخەوە شاعیر نایبینێت، کە خۆی یەکێکە لەو سەدەها و هەزارەها کەسەی کە لە ناو تەوژمە جوانەکەدا مەلە دەکات.
با شاعیر زۆر دوور نەڕوات لە دەوروبەری خۆی و هاوڕێ نووسەر و ڕووناکبیرەکان بڕوانێت، لەوێشەوە بەرفراوانتر بڕوانێت دەبینێت هێزی سیاسی و میدیای ئازا و ئازاد و... دیکە لە گۆڕەپانەکەدا سەرسەختانە شەڕی جوانترکردنی کایەکانی کۆمەڵگا دەکەن. گەر نیگایەک بۆ سەردەمەکانی پێشووتر بدەینەوە، باڵی ناڕازی کۆمەڵگا هەرگیز وەک ئەوەی ئێستا بەهێز نەبووە، ئەو هەموو قوربانیی و کاتەمان بەفیڕۆ نەدەڕۆیشت کۆمەڵگاکەمان لەوەی نها باشتر دەبوو، بۆیە شاعیر و هاونموونەکانی بەو هەوایە دەژین کە لەو بەشەی جوان و چستوچالاکەوە بۆمان دێت.

کۆپلەیەک لە شیعری '' کەلار ''

بیدەنەوە ... زەینی نیشتمان بدەنەوە
زەینی ئەو ڕۆژانەی بدەنەوە کە پڕ بوو
لە کیژی قژ کاڵی لێو ئاڵیی ناو شیعرێکی گۆران
زەینی ئێوارانێکی بدەنەوە
کە سەری بچوایە ... نوێژی لەسەر بەرماڵەکەی شیعری نالی نەدەچوو
بیدەنەوە ..... ئەلبومەکەی نیشتمان بدەنەوە
کە پڕ بوو لە ئاسمان و لە وێنەی ڕەش و سپیی ئەسپی باڵدار
دەفتەرەکانی بدەنەوە
کە پڕبوون لە غەمی نەعامەی مەلوول و
لە نامەی دڵداریی بێ ناونیشان!


تیپی شانۆی نینا و دوو پرسیار


له‌سه‌ره‌تای مانگی ئایار هاوڕێیانی تیپی شانۆی نینا سێیه‌م به‌رهه‌میان به‌ناونیشانی دووژمنان نووسینی ماكسیم گۆرگی ده‌رهێنانی سه‌ردار محه‌مه‌د له‌هۆڵی ئاماده‌یی سله‌یمانی كوران پێشكه‌شكرد.
پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشبوونیان لێده‌كه‌ین، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ و ئه‌و هاوڕێیانه‌ دوو پارچه‌ی ئازیزن، به‌گوێره‌ی توانا درێغیمان لێنه‌كردوون، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌قی شانۆییه‌كه‌ ئه‌م دوو پرسیاره‌مان بۆ ناردن:
حیكمه‌ت له‌هه‌ڵبژاردنی ده‌قی دووژمنان چییه‌؟
دووژمنان تا چه‌ند خزمه‌ت به‌قۆناغی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كۆمۆنیستی داكات؟

دیاره‌ پرسیاره‌كان له‌خۆرایی دانه‌ڕێژراون، ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، پرسیار و ره‌خنه‌یشه‌، هێنانه‌كایه‌ی قسه‌وباسی نوێیه‌ به‌تایبه‌تی پرسیاری دووه‌م، به‌ته‌نیا ڕووی تیپی نینا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ده‌گرێته‌وه‌، قابیلی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌، ره‌چه‌شكاندن ده‌ربازبوون له‌قاڵب و قاڵبكاری پێویستییه‌كی حه‌یاتییه‌.

ئێمه‌ پێمان وایه‌ بزووتنه‌وه‌ نابێ خۆی قه‌تیس بكا، هه‌ر خه‌ریكی خستنه‌ڕووی ده‌قه‌ كرێكارییه‌كانی دنیا بێت، به‌بێگوێدانه‌ هه‌لومه‌رج و قۆناغی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكار له‌كوردستان، تێبینی كردنی ئه‌م خاڵه‌، مانای ئاوێزانبوونی هه‌رچی زیاتری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكار ده‌گه‌یه‌نێ.

دووژمنان وه‌ك ده‌قێكی كلاسیك و ئه‌كادیمی چاولێده‌كرێ، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ نییه‌ كه‌ له‌حاڵیحازردا بزووتنه‌وه‌كه‌ی پیاتێده‌په‌ڕێ. ئه‌و ده‌قه‌ له‌ناو گه‌ره‌كێك كارگه‌یه‌ك كۆمه‌ڵه‌یه‌كی كرێكاری پێشكه‌ش بكرێ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مان شێوازی ساڵۆنیان له‌پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان گرتۆته‌به‌ر نیازیان نییه‌ وازی لێبهێنن!! جێی قبووڵیان نییه‌ و ناابێ، ده‌ڵێن ئاش له‌ئاشێ و ئاشه‌وان له‌خه‌یاڵێ.
قسه‌بێژی فه‌رمی تیپی نینا بێجگه‌ له‌ته‌حریفكردنی پرسیاری دووه‌م، له‌نیاز و مه‌به‌ستمان تێنه‌گه‌یشتووه‌...
---------------
سه‌رچاوه‌: گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ژماره‌/ ١٩حوزه‌یران/

٣ سه‌رووتار

له‌ته‌مه‌نی 2 ساڵه‌ی گۆڤاردا چه‌نده‌ها كار كراوه‌، ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ و ئه‌ویتر... لێره‌دا پێویست ناكا ده‌ست بخه‌ینه‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌ی خاڵان، باسكردنییان بۆ كات و شوێنی دیاریكراوی خۆی هه‌ڵده‌گرین.
له‌نێو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌مانه‌ و ده‌مانه‌وێ تیشكی بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه؛ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئه‌مساڵ له‌پار گه‌شه‌كردوو، پایه‌دارتره‌، چه‌ند رێكخراوه‌، كۆڕ و كۆمه‌ڵی بچووك بچووك به‌ده‌ستپێشكه‌ری سۆشیالیستان پێكهاتووه‌. ئه‌مه‌ش بۆمان مایه‌ی خۆشحاڵی و ئاواتمانه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و ئامانجه‌ و شتی واوه‌تریش ده‌ستبه‌كاربووین.
گۆڤاری ئه‌و كات و ئێستاش له‌هه‌وڵی قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی رێكخراوه‌یی و حیزبییه‌ت پێدانی هه‌رچی زیاتری بزووتنه‌وه‌كه‌ماندا بووه‌. ڕووی ده‌می له‌تاكتاكی دابڕاوی ئه‌ندامانی چینی كرێكار نه‌بووه‌، به‌ڵكوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ شكڵی جه‌نینی رێكخراوبووندا بووه‌، كه‌ له‌مه‌حافل و ئه‌لقه‌ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ كرێكارییه‌كانیدا بینیوه‌ته‌وه‌.
هه‌ر بۆیه‌ به‌ئه‌ركی خۆی ده‌زانیوه‌، مانگانه‌ سه‌رودانه‌ به‌خۆرایی بگه‌یه‌نێته‌ ده‌ست هه‌ڵسوڕاوان ئه‌و شوێنانه‌، مه‌به‌ست له‌م كاره‌ هه‌ڵپێكان و ئاوێزانبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بووه‌ به‌چینه‌كه‌مانه‌وه‌.
كرێكارانیش ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌هی خۆ بزانن و به‌رگری لێبكه‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی پێبكه‌ن و له‌به‌رهه‌م و پێشنیار و ره‌خنه‌ بێبه‌شی نه‌كه‌ن، به‌ئه‌دیب و شاعیر و هونه‌رمه‌ندی نوێ به‌هێز و گه‌شه‌دارتری بكه‌ن. خۆ ئه‌وه‌ نه‌بێ ڕووباری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌بنا وشكی كردبێت،نا.. به‌رده‌وام جۆگه‌له‌ی تێده‌ڕژێ به‌ڵام، سازگار و خاراو و كرێكاری نیین.
هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌مان پێكرد، ئێمه‌ له‌هه‌وڵی په‌یوه‌ندگرتنی ڕاسته‌وخۆ و توندوتۆڵدا بووین له‌گه‌ڵ چینه‌كه‌مان و لێیاندانه‌بڕاوین، كه‌چی له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا قسه‌یه‌، ده‌نگێكی ساغ، ناڕازیمان لێقووت نه‌بووه‌ و بڵێ هۆ گه‌لی هاوڕێینه‌ ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ و ئه‌وه‌...
ئێمه‌ به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێین:
یا ئه‌وه‌تا ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی بڵاو ده‌بێته‌وه‌ فڕی به‌جیهانی ئێوه‌وه‌ نییه‌.
یان له‌به‌ر مه‌شغه‌له‌تی قورسی سه‌رشان ناتانپه‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌.
له‌وانه‌شه‌ به‌هۆی هزری به‌لارێدا براوتان بڵێن: لاوه‌كییه‌.
یان ئه‌وه‌تا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌ناوی ئێوه‌وه‌یه‌ هێنده‌ ته‌مومژاوی و باڵایه‌ له‌عۆده‌ی نایه‌ین و قووت ناچێ، ئیتر قسه‌ی چی بكه‌ین.
یان ئه‌وه‌تا بزووتنه‌وه‌كه‌مان لاوازه‌ و ئه‌دیب و نووسه‌ری به‌توانای هه‌ڵنه‌خراندووه‌ تا له‌ئاست ئه‌م گۆڤار و بزووتنه‌وه‌یه‌دا بێته‌ وه‌ڵام و ده‌ستی فۆتوكۆپیكراوی هه‌ڵبماڵن.
هاوڕێیانی كرێكار: له‌گه‌ڵ گشت ئه‌وانه‌دا، ئه‌و بێده‌نگی و قڕوقه‌په‌ی ئێوه‌ زه‌مینه‌ بۆ پێدزكه‌ی ورده‌بۆرژوازی خۆش ده‌كا ئه‌م شوێنه‌ داگیر بكا، ئه‌مه‌ش كاری نه‌كرده‌یه‌!؟
-------
زه‌نگ، سه‌رووتاری گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ژماره‌ 23-24 تشرینی یه‌كه‌م و دووه‌م 1993.

دوو
گۆڤاره‌كه‌مان له‌ژێر ناوی ئه‌ده‌بی كرێكاریدا چاوی هه‌ڵهێنا، به‌هۆی گه‌رموگوڕی كاره‌كانییه‌وه‌ توانی له‌ماوه‌ی ساڵێكدا له‌نێو بزافی ڕۆژنامه‌گه‌ری ناوچه‌كه‌دا چالاكانه‌ خۆی بسه‌پێنێ، تا ئێستاش هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ ناسراوه‌.
له‌ساڵی دووه‌می كاركردنیدا به‌مه‌به‌ستی په‌ڵوپۆ هاویشتن هاتین وشه‌ی هونه‌ریشمان بۆ زیاد كرد، ناوی گۆڤاره‌كه‌ بووه‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری.
تا ساڵێكی تر به‌گه‌رموگوری مایه‌وه‌، قله‌قله‌ بابه‌تی هونه‌ریشمان ده‌خزانده‌ نێو دووتوێی لاپه‌ره‌كانییه‌وه‌. به‌ڵام، له‌كۆتایی هه‌مان ساڵدا هه‌لومه‌رجی دژوار و زۆر هۆی تر له‌بۆسه‌دا بوو بۆی، ئیتر له‌وكاته‌وه‌ به‌ره‌و سستی و كزی چوو، ئه‌گه‌ر نه‌فه‌سدرێژی یه‌كدوو هاوڕێی هه‌ڵسووڕاو نه‌بوایه‌، تۆزی به‌حه‌وادا ده‌چوو.
ئێستاش نووزه‌یه‌كی تیاماوه‌، له‌ساڵی چواره‌می خه‌باتیدا شۆره‌سوارانه‌ و گه‌رموگوڕانه‌ هاتۆته‌وه‌ مه‌یدان، كه‌وتۆته‌وه‌ چڕینی ئاوازی خۆی، ئه‌مجاره‌ له‌ژێر ناوه‌كۆنه‌كه‌یدا ئه‌ده‌بی كرێكاری. كۆڕپه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی پڕسۆزی دایك... ده‌بێ ئه‌م كۆرپه‌یه‌ به‌ئاوی دڵ گه‌روه‌رده‌ بێت.
-------
چرپه‌، سه‌رووتاری گۆڤاری ئه‌ده‌بی كرێكاری ژماره‌ 30 نه‌ورۆزی 1995 لاپه‌ره‌ 3.

سێ
ماوه‌یه‌كه‌ لێره‌وله‌وێ ڕووبه‌ڕوو، پاشه‌مله‌ یان به‌نووسین له‌نێو جه‌معی هاوڕێیاندا به‌لایه‌نگر و دژه‌وه‌، قسه‌ و وتووێژ له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ ده‌كرێ؛ گۆڤار بۆ ئه‌وه‌ی جێی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌رینی چینی كرێكار بێت و سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌ لێی، نابێت خۆی قه‌تیس به‌قۆزاخه‌ی ته‌سك و داخراوی فڵان و فیسار گروهی سیاسی دیاریكراو بكات. كه‌ دوور و نزیك وا خۆ پیشان ده‌ده‌ن سه‌ر به‌چینی كرێكارن، به‌پێی ئه‌زموونی دوور و درێژی له‌مه‌وبه‌ر، جێی بڕوا و متمانه‌ نیین، له‌دواڕۆژدا قابل به‌شكست و به‌ره‌و ته‌حریفی چوون، بۆیه‌ ده‌بێ سیاسه‌تی ڕۆشنی گۆڤار به‌پله‌ی یه‌كه‌م خزمه‌تكردن به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكار بێت.
ئه‌و نه‌زه‌ره‌ نادروسته‌، له‌كه‌سانێكه‌وه‌ ده‌رده‌چێ كه‌ له‌بێئاسۆیی و ئاشی فه‌وزادا خول ده‌خۆن.
به‌ڵێ، هاوڕێیان با واقعیتر بین، چینی كرێكار له‌هه‌ناویدا چه‌نده‌ها خه‌ت و ختووتی له‌خۆ گرتووه‌، ناسینه‌وه‌ی هێڵی ڕادیكال و شۆڕشگیر و كرێكاری ئه‌ركی ئانی هه‌موو لایه‌كه‌، خۆ نزیككردنه‌وه‌ و ئاوێزان بوون، دروست و به‌جێیه‌، كاروكاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر یه‌كتر ده‌بێ، وه‌ك یه‌ك مشتی نووقاو و تووره‌ و قایم له‌به‌رامبه‌ر و دژ نه‌زم و نیزامی سه‌رمایه‌داری بوه‌ستێته‌وه‌، بۆ به‌دیهێنانی ئاواتی سه‌وز و له‌مێژینه‌ كه‌ سۆشیالیزم و كۆمۆنیزمه‌.
با وردتر بئاخافین: جا له‌مه‌ر نوێنه‌رانی چینی كرێكار و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵیاندا، ده‌ڵێین؛ هه‌ر گروهێ له‌هه‌وڵی هوشیاركردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی چینه‌كه‌ماندا بێت، دژی خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌ت بجه‌نگێ، ده‌ستی دزێو و ڕزیوی دین بخاته‌ ڕوو، به‌گشتی هه‌وڵی بن كۆڵكردنی پایه‌ بنه‌ره‌تییه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌ده‌ستووركاریدا بێت، سه‌ری و بنی زمانی هه‌ر كرێكار كرێكار بێت، به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌كه‌ له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه‌ دابنێ، ئه‌وا بێ یه‌كودوو لێكردن، په‌یوه‌ندگرتن و بوونه‌ گوردانی ئه‌و له‌شكره‌، هه‌رچی زووتر بێت دره‌نگه‌، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری گه‌شه‌دارتر ده‌كات.
هه‌ر لێره‌وه‌ به‌ره‌ئی ئێمه‌، له‌وانه‌شه‌ ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ ته‌زێنه‌ر بێت و له‌قورگی هه‌ندێ عاسی بێت، ده‌ڵێین؛ له‌مه‌به‌ر و له‌حاڵی حازردا مه‌یلی كۆمۆنیزمی كرێكاری كه‌ حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ته‌به‌نی ده‌كات و له‌ودا به‌رجه‌سته‌ بۆته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ورده‌ كه‌موكوڕی و ساوایی و ناڕۆشنی، به‌شۆرشگێر و ڕادیكالترین هێڵ له‌نێو ئه‌و هه‌موو ده‌سته‌ و لایه‌ن و حیزبه ‌وردودرشته‌ چه‌پ و ماركسییانه‌ی كه‌ له‌ساحه‌ی سیاسی Kurdistan كار ده‌كه‌ن، ده‌زانین.
با ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین و به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕێن، ئیمه‌ هێنده‌ وشك و برنگ نیین، كه‌ پابه‌ند بووین به‌شتێكه‌وه‌، هه‌تاهه‌تایی بێت، به‌ڵكوو هه‌میشه‌ ڕوانیومانه‌ته‌ به‌رز و به‌رزتر... ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا له‌و خه‌ته‌ ڕادیكال و كرێكاریتر سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌وا یه‌كه‌م كه‌ناڵ و كه‌سانێك ده‌بین، چاوی هیوا ده‌بڕینه‌ ئه‌و تیشكه‌ و ئیلهامی لێوه‌رده‌گرین، به‌چرا و ڕێگاڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی خۆمانی ده‌زانیین.
--------
ئه‌لته‌رناتیف، سه‌رووتاری گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ژماره‌ 25 كانوونی دووه‌م 1993.
كۆتایی ساڵی

شه‌وه‌زه‌نگه‌كه‌ی حسه‌‌ین شه‌به‌ق ڕووناكبیر

له‌گۆڤاری ئه‌لته‌رناتیف* ژماره‌ 1 مانگی...! ساڵ 1993 لاپه‌ره‌ 41 – 46 به‌ناونیشانی: هونه‌ری كرێكاری هه‌ڵه‌یه‌كی ڕووناكبیرانه‌یه‌، حسه‌ین شه‌به‌ق باسێكی بڵاوكردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌مانشێته‌كه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری به‌زاراوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ و ڕووناكبیرانه‌ له‌قه‌ڵه‌م داوه‌. به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆمان ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ دیارده‌یه‌كی زیندوو، قارچك نییه‌ هه‌ر له‌خۆوه‌ هه‌ڵتۆقی بێت، به‌ڵكوو هه‌لومه‌رجێكی موشه‌خه‌س به‌قه‌ولی لای خۆیان بۆته‌ مایه‌ی خولقاندن و هاتنه‌كایه‌وه‌ی، بێبه‌ری نییه‌ له‌ره‌گ و ڕیشه‌ی مێژوویی.

حسه‌ین غه‌فله‌ته‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌، نه‌هاتووه‌ ئه‌كادیمیانه‌ بۆ پشتگیری و به‌هێزكردنی بووختانه‌كانی، بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ پێمان بڵێ فڵان و فیسار كه‌س له‌فڵان وڵات و فڵان دیدگا و جیهانبینییه‌وه‌، ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ڵقوڵاو و سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌! تا شایه‌تمان به‌مفته‌وێژییه‌كانی بهێنین.
هێنده‌ی ئێمه‌ بزانین و ئاگامان لێ بێت، گرفت و ته‌نگانه‌ی حسه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ و دراسه‌كردن نییه‌، به‌دوای زانیاری گه‌یاندن به‌خوێنه‌ر نییه‌؟! به‌ڵكوو هانده‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌ سه‌رپێییه‌، مه‌به‌ستێك و گرێیه‌كی تره‌...!
ئاخر ئاغای حسه‌ینی، جه‌نابتان كام خشتتان خستۆته‌ سه‌ر ئاپارتمانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری تا وا خۆ به‌هه‌قدار و ده‌مڕاست و محامی به‌لاش، مه‌وعزه‌ و فتوای لابردن و به‌هه‌ڵه‌دانانی فڵان و فیسار دیارده‌ داده‌نێی؟!

ئاخر دینت بێ، دیارده‌یه‌كی ساوا و تازه‌ پێكه‌وته‌ی ئه‌م ده‌په‌ره‌، ئه‌گه‌ر به‌عه‌قڵی بۆرژوا لیبرالێكیشت بكردایه‌، قابیلی ئه‌وه‌یه‌ به‌ر تانه‌ و ته‌شه‌ری بده‌ی، ئه‌ته‌وێ بنكۆڵی بكه‌ی؟! یه‌عنی جه‌نابتان بابه‌ت و دیارده‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری تری ناو كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری نه‌ماوه‌ لێی بدوێی، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری نه‌بێ؟!
با ئاشكرا و بێپه‌رده‌تر بدوێن: ئه‌و دیارده‌ یان زاراوه‌یه‌ی جه‌نابتان به‌ڕووناكبیری و هه‌ڵه‌ی ناو لێده‌به‌ن و تێیده‌گه‌ن، ئێمه‌ به‌ده‌ربه‌ستانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌Kurdistan، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ش بێت- هه‌رچه‌نده‌ جێكه‌وته‌یه‌ و خه‌ریكی خۆسه‌پاندنه‌ له‌ساحه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریدا حسابی بۆ ده‌كرێ – به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرین، هه‌وڵ ئه‌ده‌ین خڵته‌وخه‌وێڵه‌كانی لێ لابده‌ین و بژاری بكه‌ین، هه‌مه‌لایه‌نه‌ و قووڵتری بكه‌ینه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی چینه‌كه‌مان.

ده‌پرسین خۆ هاوڕێیان ماركس وئنگلس و لینین و... هه‌موویان ڕووناكبیر بوون؟ به‌پێی قسه‌ی جه‌نابتان بێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وا بوون، ئێمه‌ی هاوڕێبازانیان وازیش له‌وان بهێنیین، ئاشبه‌تاڵ!
برا گیان، ئه‌و ئیستعفایه‌ – به‌قه‌ولی لای خۆتان – یان ئه‌و به‌رائه‌ت پڕكردنه‌وه‌یه‌ پیرۆز بێت و هه‌ر له‌خۆت جوانه‌ و بۆت بووه‌ به‌نه‌خش، عه‌وافی.
ده‌پرسینه‌وه‌ بۆ خۆ به‌هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ی ونازانی چینی كرێكار له‌ئاخاوتنیشدا جیاوازه‌ له‌چینی سه‌رمایه‌دار؟!
ئێمه‌ به‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری گه‌ره‌كمانه‌ و ده‌ماته‌وێ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ زه‌مینه‌ بۆ شۆڕشی چینی كرێكار خۆش بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك جه‌نابتان كه‌ چاملغن به‌گالیسكه‌ی چینه‌كه‌مانه‌وه‌، خه‌ریكی سه‌روپۆته‌لاك كووتانه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كه‌ی بین.

(... به‌ڵام به‌ئاشكرا دیاره‌ كه‌ مه‌یدانی ئه‌م كنسرته‌ بێ ڕابه‌ره‌دا هه‌ركه‌س سه‌ری به‌سازی خۆی گه‌رم و هه‌ركه‌س دڵی به‌نه‌وای ئاهه‌نگی خۆی خۆش... ستونی ڕاست لاپه‌ره‌41 )، حسه‌ین ئاوا له‌بزووتنه‌وه‌كه‌ تێگه‌یشتووه‌، گوایه‌ شتێكی بێ سه‌روبه‌ر و له‌فه‌وزادا مه‌له‌ ده‌كات، هه‌ریه‌كه‌ له‌ئاشێكی ده‌سووڕێنێ!
ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ %15 یان له‌ %20 ی دروست و شیاوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی هێشتا له‌ئه‌وه‌ل و له‌سه‌ره‌تادایه‌، ئاساییه‌ شاعیر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی بارز، خاوه‌ن ئه‌زموون و به‌سه‌لیقه‌ی نه‌خستۆته‌ ڕوو كه‌ له‌ساحه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌عام، له‌لای دۆست و دوژمن جێی ره‌زامه‌ندی و قبووڵ بن، به‌رهه‌میان ڕووی مه‌جلسی هه‌بێ، یان له‌ئاستی چینی كرێكاردا كه‌سانێك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ به‌رهه‌میان به‌سه‌ر زارانه‌وه‌ بێت، كرێكاران به‌شاعیر و هونه‌رمه‌ندی خۆیانی بزانن.

به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ یان ئه‌و ڕاستییه‌ ناسارێته‌وه‌ كه‌ بڵێن هه‌ر هیچ نییه‌، با حسه‌ین و ئه‌وانه‌ی له‌نموونه‌ی ئه‌ون لێیان ڕوون بێت، چاویان نه‌فڕێ، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زۆر كه‌موكوڕی و به‌ربه‌ست كه‌ له‌به‌رده‌میدا هه‌یه‌ و قووت ده‌كرێته‌وه‌، به‌م كۆرپه‌ییه‌ی له‌كورتماوه‌دا چه‌ند نووسه‌ر و شاعیری به‌ده‌ربه‌ستی ده‌رهێناوه‌، كاری شه‌و و ڕۆژی بۆ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌:
هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری جوانه‌مه‌رگ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د،ب . سۆلین، ئاسۆ، مه‌شخه‌ڵ، ناڵه حه‌سه‌ن، جه‌مال كۆشش، ئارێز، مامۆستا به‌یان، حه‌مه‌عه‌لی حه‌سه‌‌، عه‌باس شوان،...

شتێكی ئاساییه‌ پێگه‌یاندن و ده‌ركه‌وتنی ڕابه‌رانی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك پێویستی به‌پرۆسه‌یه‌كی درێژماوه‌ هه‌یه‌، هه‌روا ئاسان نییه‌، خاڵی گرنگی بزووتنه‌وه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌، سه‌ره‌تایه‌كی باش و گه‌شمان بۆ تۆمار كردووه‌، به‌ره‌و لوتكه‌...
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی چرۆئاسای وا، زۆر كه‌س و لایه‌ن، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵیش ده‌زانێ كه‌ ڕووگه‌ و ئیلهام له‌بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ڕابه‌رانی پێشره‌و و كۆمۆنیستی چینی كرێكار وه‌رده‌گرێ. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی شاعیر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی كرێكار و كۆمۆنیست و ماركسی ڕادیكاڵن و له‌ناو كێشمه‌كێشه‌كاندان، له‌نێو مه‌سه‌له‌ چینایه‌تییه‌كاندا مه‌له‌ ده‌كه‌ن.

ئیتر نازانم بۆ له‌ختوخۆڕایی حسه‌ین خۆی به‌هه‌ڵه‌دا ده‌با؟ خه‌ڵكی تر ئه‌مه‌یان بووتایه‌ نه‌ك ئه‌و، چوونكه‌ باش ئاگای له‌مێژووی كۆن و تازه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌! نیگه‌رانی نه‌بێ هیچی تر نییه‌!
كه‌ ئه‌م خاڵه‌ ده‌خرێته‌ ڕوو مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ سرفه‌ن سیاسییه‌، یان بزافه‌ سیاسیه‌كه‌ سه‌ربه‌ستی ڕابه‌رانی سه‌لب كردووه‌، له‌چوارچێوه‌یه‌كدا به‌ندی كردوون. به‌ڵكوو سه‌ربه‌ستی جووڵه‌ و داهێنان دراوه‌ته‌ ده‌ست خۆیان، ته‌نها له‌بواری هزریدا چاودێری و ڕێنمایی ده‌كرێن. هه‌رچه‌نده‌ ڕابه‌ران له‌بواری سیاسه‌تی چینایه‌تی هێنده‌ كاملن، ئه‌گه‌ر له‌وان زیاتر نه‌بن كه‌متر نین، هه‌موویش به‌قازانجی بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكار قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵیوه‌...

ئه‌وه‌ی كه‌مێك به‌دوور بێت له‌واقعه‌كه‌وه‌، كه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی باسه‌كه‌ی حسه‌ین ده‌بێته‌وه‌، وا ده‌زانێ هێنده‌ ئه‌ده‌بیات و ئه‌ده‌بیاتی كرێكاری هه‌یه‌ ئه‌رزوبه‌رز نایگرێ، بۆیه‌ وای له‌یه‌كێكی وه‌ك ئه‌م براده‌ره‌مان كردووه‌، ده‌نگی ناره‌زایه‌تی له‌دژی به‌رز بكاته‌وه‌ و بفه‌رمرێ: ئاه.. كرێكار كرێكاری چیتانه‌، هه‌راسان بووین، ده‌بیبڕنه‌وه‌، بۆ خوا هه‌ر ئه‌وانی به‌داماوی خه‌ڵق كردووه‌؟! ئه‌ی كه‌سانی تری ناو كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری وه‌ك ئه‌وان ناچه‌وسێته‌وه‌ و به‌شخوراو نین؟ ئاوا نابێ، ئێوه‌ غه‌در ده‌كه‌ن، ده‌بێ چاوێكیشتان له‌وان بێت و ئیهمال نه‌كرێن.

ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ و فرمێسك هه‌ڵڕشتنه‌ نابه‌جێیانه‌ خۆی له‌خۆیدا تفه‌نگ نانه‌ به‌تاریكه‌ شه‌وه‌وه‌. هه‌روه‌ك ڕوون و ئاشكرایه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری له‌م ده‌وره‌یدا به‌گوژمێكی تره‌وه‌ هاتۆته‌ مه‌یدان و ده‌كرێ بڵێین سه‌ره‌تایه‌تی – مه‌به‌ست ئه‌ویه‌ له‌سفره‌وه‌ ده‌ست پێناكه‌ین، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا و ده‌ستبه‌كاربوونی به‌م ناوه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌كه‌یه‌، مێژووكرده‌، به‌موڵكی خۆمانی ده‌زانین – كارێكی ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستی بۆ نه‌برا بێ، یان ده‌ستی به‌كه‌لوكوێری بۆ برابێ. له‌ده‌ستووركاردایه‌ هه‌رچی زووتر ئه‌و كه‌لێنانه‌ پڕ بكرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌پرۆسه‌یه‌كی درێژماوه‌دا به‌ئه‌نجام ده‌گات.

ئه‌گه‌ر وه‌ك حسه‌ین خۆ به‌هه‌ڵه‌دا نه‌به‌ین و واقع و هه‌لومه‌جه‌ دیاریكراوه‌كه‌ بناسین و قانعبین به‌وه‌ی له‌م دپه‌ره‌دا بێجگه‌ له‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی عامی كۆمه‌ڵ له‌ئاستی به‌رز و پێویستدا نییه‌، ئه‌بێ فه‌رهه‌نگی كرێكاران له‌ چ حاڵ و وه‌زعێكدا بێ؟
ئێمه‌ ده‌ڵێین فه‌رهه‌نگی كرێكاران نه‌ك لاوازه‌، ده‌كرێ بڵێین له‌نرخی نه‌بواندایه‌. كه‌ به‌واقعه‌كه‌ گه‌شبینین، یه‌عنی ده‌مانه‌وێ وانه‌بێ و نه‌مێنێته‌وه‌، جووڵه‌ی پێ بدرێ، خه‌بات بۆ بڵندكردنی بكرێ. هه‌روه‌ك چۆن هه‌ر چینه‌ به‌چه‌ند سیفه‌ت ده‌ناسرێته‌وه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌.
كرێكارانیش فه‌رهه‌نگ و دیدگای ئه‌گه‌ر له‌چینی سه‌رمایه‌دار زیاتر نه‌بێ كه‌متر نییه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ به‌ده‌ربه‌ستانی بزافی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كه‌ی له‌هه‌وڵ و كاری شه‌ووڕۆژیدان تا ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ گه‌شه‌ پێبده‌ن. به‌وه‌ی پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ڕاسته‌وخۆ باس له‌كون و كه‌له‌به‌ره‌كان و ورد و درشتی چینی كرێكار تیا ره‌نگی دابێته‌وه‌ و به‌رجه‌سته‌ كرا بێت.

ئاخر ئه‌م غه‌دره‌ بۆ؟ یان نابینایی بۆ؟ پێم ناڵێن له‌م ناوچه‌یه‌دا له‌بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاریدا چی كراوه‌ و چی نه‌كراوه‌؟ كامه‌ ڕۆمان، شیعر، چیرۆك، بابه‌تی هونه‌ری هه‌یه‌ و به‌ئاسانی له‌كتێبفرۆشیه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ون؟ یان له‌كام كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن ستونێ بۆ ئه‌و چینه‌ و ئه‌ده‌به‌كه‌ی ته‌رخان كراوه‌؟ یان كامه‌ ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند به‌هره‌ و توانا و سه‌لیقه‌ی خستۆته‌گه‌ر بۆ خزمه‌ت به‌و فه‌رهه‌نگه‌؟!

ئیتر ناهه‌قمانه‌ ئیمه‌ به‌ده‌ربه‌ستانی بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌ر كرێكار كرێكارمان بێت. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سیاسه‌تی بزافه‌كه‌ له‌حاڵی حازردا وا ده‌خوازێ كرێكاران به‌گشت مه‌یله‌كانییه‌وه‌ ( كۆمۆنیستی، كۆمۆنیستی كرێكاری، سه‌ندیكالیستی، ئیكۆنۆمیستی،...) مونجه‌ر و ڕابكێشرێن و له‌ده‌وری كه‌ناڵه‌ مه‌وجووده‌كان كۆوه‌بن. پێمان كفره‌ كرێكاران ڕوو له‌كه‌ناڵه‌ غه‌یره‌ كرێكاری و بۆرژواییه‌كان بكه‌ن.
----------
* چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ له‌سه‌رنووسه‌ری فوئاد مه‌جید میسری ئه‌لته‌رناتیڤ نه‌ده‌كرا، هه‌ر له‌ده‌ست به‌كار بوون و یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌ی بكات به‌تریبیونی هێرشكردنه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری!؟ ئه‌مه‌ كام ئه‌لته‌رناتیپێكه‌؟!
- گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ژماره‌ ٢٥ كانوونی دووه‌م 1993 لاپه‌ره‌ 3 – 5.

بۆ مێژوو / وه‌ڵامی جه‌مال كۆشش

هاوڕێ جه‌مال كۆشش خۆی به‌هه‌ڵه‌دا ده‌بات، كاتێك ئه‌و قسه‌ ناره‌وا و ناواقعییانه‌ به‌ناڕاسته‌وخۆ له‌و نامه‌یه‌یدا، له‌هه‌مان كات ئیستقاله‌یه‌، كه‌ بۆ مه‌ڵبه‌ندی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری نووسیویه‌تی، به‌ره‌وڕووی من و گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ده‌كاته‌وه‌.
هاوڕێ جه‌مال كۆشش نازانیین بۆچ گه‌رمان پێده‌كات؟! ئه‌وه‌ بۆ دووه‌مجاره‌ په‌لامارمان ده‌دا!؟ ئێمه‌ به‌پێشره‌وییه‌ به‌رچاوه‌كانی خۆمان توانیومانه‌ ئه‌و ڕابه‌ره‌ ئه‌قده‌م و خانه‌نشیینه‌ بخه‌ینه‌ حاشییه‌وه‌، بیلامانا ئاو بكه‌ینه‌ ژێری، كه‌ ئه‌مه‌یش بۆته‌ مایه‌ی گرێ و نیگه‌رانی بۆی!!
ئێمه‌ بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی سحری ئه‌و تۆمه‌ته‌ له‌خۆراییانه‌ی ئه‌مجاره‌ و دانانی خاڵ له‌سه‌ر ڕاستییه‌كان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌، هه‌ندێك شتومت به‌بیر هاوڕێ جه‌مال كۆشش ده‌هێنینه‌وه‌، خۆی شاهیده‌ و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگای لێ بووه‌:
بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری له‌مێژووی هاوچه‌رخ و نوێ، دوای ڕاپه‌رینی ئازاری 1991 و كۆره‌وه‌كه‌ به‌زه‌قی له‌ئاستی كۆمه‌ڵدا خۆی ده‌رخست و ناساند، ئه‌مه‌یش به‌ده‌ست پێشكه‌ری ڕابه‌رانێكی به‌ئۆتۆریته‌ و سه‌رشناس، كه‌ له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێنه‌ده‌په‌ڕین.
بۆ پێكهێنانی رێكخراوی تایبه‌ت به‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری یه‌كدوو هه‌وڵ درا. ئه‌م هه‌وڵانه‌یش زیاتر له‌وه‌وه‌ هاتووه‌، سه‌یر ده‌كرا چه‌ند كه‌ناڵ هه‌یه‌ و خه‌ریكی چالاكین:

گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری.
گۆڤاری ڕابه‌ر.
گۆڤاری نینا.
تیپی شانۆی نینا.
تیپی شانۆی یه‌كی ئایار.
تیپی شانۆی مژده‌.

زووربه‌ی زۆری ئه‌و كارمه‌ندانه‌ پێش ئه‌وه‌ی هه‌نه‌رمه‌ند و ئه‌دیب بن، به‌مانا میكانیكییه‌كه‌ی سیاسی هونه‌رمه‌ند و سیاسی ئه‌دیب بوون.
به‌پێی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ عه‌قلییه‌تی ته‌شه‌كول بوون له‌ده‌ماغ و پراتیكیاندایه‌. حه‌ز به‌په‌رته‌وازه‌یی و پرزۆڵ پرزۆڵ ناكه‌ن! ئه‌م كاره‌ میكانیكییه‌ حیزبییه‌ بۆ هه‌موو كون و كه‌له‌به‌رێك ده‌گوێزنه‌وه‌! نزیكایه‌تی توند و تۆڵ به‌جیهانی سیاسه‌ته‌وه‌ وایكردووه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی سیاسییه‌وه‌ به‌ڕاسته‌خۆ و ناڕاسته‌خۆ فشار بخرێته‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌، هاندان بۆ پێكهێنانی رێكخراوه‌!
جا خۆش ئه‌وه‌یه‌، هێنده‌ی ئێمه‌ ئاگامان لێبێت، ئه‌و كه‌سه‌ سیاسییانه‌ هه‌ر قورمیشكردن و قورمیشكردنیان له‌سه‌ره‌! تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش بێئاگان له‌ورده‌كاری نێو بزووتنه‌وه‌كه‌! ئه‌كرێ بڵێم بیلامانا، بێزه‌وقی ئه‌ده‌بی و هونه‌رین، هه‌روه‌ك ئینسانی ساده‌ و عادی تێده‌ڕوانن، ئه‌ده‌ب و هونه‌ریان به‌لاوه‌ لاوه‌كی و سووك سه‌یر كردووه‌! هیچ هه‌وڵێكیان نه‌داوه‌ بۆ خستنه‌ به‌رده‌ستی ئیمكانیاتی ماڵی، خۆ ئه‌گه‌ر دژایه‌تییان نه‌كردبێ، یان یارمه‌تییه‌كی ناچیزیان به‌م كه‌ناڵ و ئه‌و كه‌ناڵ دابێت، ئه‌وا سه‌ر به‌ته‌شكیلاته‌كه‌ی خۆیان بووه‌!!

لێره‌دا ده‌بێت هه‌ڵویسته‌یه‌ك بكه‌ین، تۆزێك ڕابمێنین و بپرسین:
ئایا ئه‌م كارانه‌ی سیاسی هونه‌رمه‌ند، سیاسی ئه‌دیب و سیاسییه‌ سرفه‌كان، تا چه‌ند دروست و له‌شوێنی خۆیدایه‌؟
ئایا وه‌زعی سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ ته‌بایی و یه‌كگرتن ده‌خوازێت؟
ئایا بزووتنه‌وه‌كه‌ هێنده‌ باڵازرافه‌ تا پێویستبوونی رێكخراوه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی هێنابێته‌ كایه‌وه‌؟
ئایا پێشمه‌رجه‌كانی به‌دیهاتووه‌؟
ئایا هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبی داهێنه‌ر و ده‌قی داهێنراو هه‌یه‌؟
ئایا ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندی ناسراو كه‌ وه‌زنه‌یه‌كی هه‌بێت و شان بدات له‌شانی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی بۆرژوازی كورد له‌Kurdistan هه‌یه‌؟
ئایا فیعله‌ن بزووتنه‌وه‌كه‌ توانیویه‌تی وه‌ك ئه‌لته‌رتانیپێك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ری باوی بۆرژوازی خۆی ته‌رح بكات؟
ئایا باری ماڵی، قات و قڕی نێو كۆمه‌ڵ، كه‌ناڵه‌كانی مه‌وجود له‌ چ حاڵێكدان و موهه‌ده‌د نیین به‌داخستن و ئاشبه‌تاڵ لێكردن؟
چه‌نده‌ها پرسیار و پرسیاری تر، له‌هه‌وڵی دووه‌می ئه‌م دوایییه‌دا، به‌نده‌ له‌دانیشتنی یه‌كه‌می سه‌ر سه‌ربانه‌كه‌ی ئاپارتمانی تۆفیق قه‌زاز و تیپی شانۆیی نینا، له‌نێو ئه‌و جه‌معه‌ له‌هاوڕێیان قووتم كردووه‌.

هه‌ر به‌نده‌ بوو خۆشبین نه‌بوونی خۆم ده‌ربڕی، وتم:
با بۆغرا نه‌بین، یه‌كدوو كه‌ناڵمان هه‌یه‌.. با رێكخراوه‌یه‌ك دروست نه‌كه‌ین ناوی زل و دێی وێران بێت.. ئێره‌ یان ئه‌م بواره‌ یه‌كێتی بێكاران نییه‌، هه‌رچی هات ئه‌سپی كه‌حیله‌ی خۆی تیاتاوبدات... یان ئێره‌ رێكخراوه‌ی كۆمۆنیستی و چه‌په‌كان نییه‌، یه‌كبگرن و حیزبێك پێكبهێنن... ئیتر ئێره‌ زۆر شوێنی تر و تر نییه‌.
ئێمه‌ له‌سفره‌وه‌ ده‌ست پێناكه‌ین، ته‌جرووبه‌ی فاشلی ده‌زگای زاریا و كانوونی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی Kurdistan مان له‌به‌رده‌ستایه‌ و چاو لێبكه‌ین. ئه‌م قسانه‌ بانگی هه‌ق و واقعی بوو هه‌ڵدرا.
بێجگه‌ له‌مه‌ به‌نده‌ به‌حوكمی ته‌جرووبه‌ی دوو ساڵ سه‌رنووسه‌ری و ناسین و له‌نزیكه‌وه‌ شاره‌زابوون له‌توانا ئه‌ده‌بی و هونه‌ری یه‌كه‌یه‌كه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌، گه‌یشتبوومه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌، له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم و سووكایه‌تی نه‌بێت، هونه‌ردۆست و ئه‌ده‌بدۆستن، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن ئه‌زموون و به‌سه‌لیقه‌ بن، هه‌ندێكیان خوا بیانكا به‌قوربانی سیاسه‌ت، ئه‌گینا..
ئه‌م حاله‌ته‌یش به‌رئه‌نجامی كه‌مئه‌زموونی و ساوایی و كاڵی خودی بزووتنه‌وه‌ی كرێكارییه‌ له‌Kurdistan دا.

بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می فڵان و فیسار له‌گۆڤاردا، له‌و سیاسه‌ته‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئێمه‌ لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی له‌به‌رچاو گرتووه‌، بۆ ده‌ستگرۆیی و هاندان. ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ڕۆشناییان بینیوه‌، وتوومانه‌ ئێ به‌ڵكوو له‌نێو ئه‌و جه‌معه‌ چه‌ند ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندی به‌توانا لێده‌رچێت، جا بۆیه‌ به‌قیاساتی هونه‌ری نه‌ده‌جوڵاینه‌وه‌، بێجگه‌ له‌یه‌كدوو كه‌سیان، هه‌رهه‌موو ئیكمال ده‌بوون.
نابێت ئه‌وه‌ فه‌رامۆش بكه‌ین، هه‌وڵی ئه‌مجاره‌ به‌ده‌ستپێشكه‌ری چه‌ند هاوڕێی تیپی شانۆیی نینا بوو، دوایی به‌هه‌وڵی گشت لایه‌ك مه‌سه‌له‌كه‌ گه‌وره‌ كرا.. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌: له‌پشت ئه‌م هه‌وڵه‌وه‌ چ ده‌گوزا؟
هێنده‌ی ئاگامان لێبێت تیپی ناوبراو له‌گه‌ڵ گۆڤاری نینای شاری Hewlêr بێجگه‌ له‌ناته‌بایی نێوخۆیی كه‌ به‌ربینی پێگرتبوون، له‌بواری هونه‌ری وبواری ماڵی له‌قه‌یرانێكی بێوێنه‌ و كوشنده‌دا بوون، خه‌ریك بوو ده‌یگلاندن.

بۆ ده‌ربازبوون له‌و په‌له‌قاژێیه‌، هاتن ده‌ستیان بۆ پێكهێنانی مه‌ڵبه‌ند – كانوون برد، به‌بیانوی خۆرێخستن، ده‌ربازبوون له‌په‌رته‌وازه‌یی، هێز له‌یه‌كگرتندایه‌، هه‌نگاوی چاكتر و باشتر به‌ره‌و لوتكه‌، پێله‌قه‌دان له‌ڕابردووی دزێو. وایان ده‌زانی بزووتنه‌وه‌كه‌مان هێنده‌ گه‌وره‌ ( ته‌مه‌نی خۆی نه‌داوه‌ له‌ 3 ساڵ ) پێویستی به‌شتێكی زل و زه‌به‌لاحی وه‌ك مه‌ڵبه‌ند هه‌یه‌؟!
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا، یه‌عنی له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌ت نه‌بوون به‌حه‌ره‌كه‌ته‌كه‌، من و گۆڤار عه‌زممان جه‌زم كرد بۆ به‌سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی كاره‌كه‌، بێ خۆجیاكردنه‌وه‌، زۆر به‌گه‌رمی كه‌وتینه‌ كار و چالاكی، ته‌نها بۆ هاندان و بۆ خێری بزووتنه‌وه‌ و به‌جدیكردنی هه‌رچی زیاتری كاره‌كه‌مان، له‌ماوه‌یه‌كی كورت خایه‌ندا، چوار پاشكۆ ده‌ركرا، چه‌ند كاریتر...
وه‌ختێ كۆبوونه‌وه‌ یان كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌ند به‌سترا، زیاتر له‌ 40 كه‌س به‌شداربوون، زۆر مه‌سه‌له‌ی كۆن و نوێ، گیروگرفت باسكرا و هاته‌ كایه‌وه‌، پرۆژه‌ ته‌رحكرا، كێشه‌ و ململانێی توندوتیژ سه‌ریان هه‌ڵدا...

سه‌یرمكرد چه‌ند له‌هاوڕێیان و میوانان كه‌ یه‌كدوو ئه‌دیبی ناسراویان تیا بوو، له‌ئاماده‌كردنی په‌یره‌ و به‌یننامه‌ی مه‌ڵبه‌ند ده‌وری به‌رچاویان بینی، هه‌مان بۆچوونی پێشووی به‌نده‌یان هه‌یه‌، مه‌یلم تازه‌ بووه‌، قسه‌كانم ده‌مه‌زه‌رد كرده‌وه‌، مه‌وقیفی جدیم وه‌رگرت.
ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێی تردا له‌به‌رێوه‌بردنی كۆنگره‌ دابه‌زیم، هه‌روه‌ها له‌هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی باڵا خۆم بوارد، كه‌ به‌ئیعترافی زۆر له‌هاوڕێیان زه‌ربه‌ی كوشنده‌ بوو له‌مه‌ڵبه‌ند درا.
له‌ئاخروئۆخری كۆنگره‌دا، زووربه‌ی زۆری ئه‌و هاوڕێیانه‌ له‌ناخه‌وه‌ ده‌یانزانی هه‌وڵه‌كه‌ نه‌زۆك و پووچه‌ڵ ده‌رچووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نه‌ده‌كرا ده‌ستبه‌رداری ببن، به‌دڵساردییه‌وه‌ ده‌سته‌ی باڵا هه‌ڵبژێررا. له‌دوای هه‌ڵبژاردن و ده‌ستبه‌كاربوون، سه‌یركرا هیچ به‌هیچ نه‌كراوه‌، مه‌ڵبه‌ند شه‌له‌لی كامله‌ و هه‌ر به‌ناوه‌.

ئێستایش كه‌ درێژه‌ به‌ژیانی مه‌ڵبه‌ند ده‌درێت، له‌به‌ر عه‌یبه‌نه‌بێت هیچی تر نییه‌، یاخود خیلافاتی ده‌روونی و نه‌گونجانی كه‌سه‌كانه‌، له‌نێو كه‌ناڵه‌كانی مه‌وجودی پێش دروستبوونی مه‌ڵبه‌ند.
ئه‌وه‌یش جارێكیتر دروستی بۆچوونه‌كانمانی ده‌رخست. ئینجا كاكه‌ جه‌مال، به‌نده‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ پێشبینی بوو بێت، چۆن كچی خۆ به‌قوربانی كوری خه‌ڵكی ده‌كات؟
خۆم و گۆڤار له‌و په‌ڕی به‌هێزیداین. ده‌یڵێمه‌وه‌ خوا ده‌كات بڵاوكراوه‌یه‌ك وئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندامێكی به‌هێز و تواناتر دێنه‌ كایه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌ستیان ماچده‌كه‌ین. به‌ڵام، داخم ناچێت هه‌تا ئێستا هیچ گۆڤارێ به‌م هێزه‌ی ئێستاوه‌ كه‌ من ده‌یانناسم، له‌دواڕۆژێكی نزیكیشدا نابینرێت، ناتوانێت شان بدا له‌شانمان، ده‌كرێت بڵێم به‌قوله‌ پێی نابن، بسته‌باڵان، ئه‌مه‌ دنیایه‌ چاوبه‌چاو و ڕوو به‌ڕوو ده‌كه‌وێته‌وه‌.
له‌كۆتایی، له‌چه‌ند دێری كورتدا دوایی به‌م گه‌شته‌ ده‌هێنم:

هاوڕێ جه‌مال گه‌ر ره‌خنه‌كانی سه‌ره‌مقه‌ستی نین، وه‌ك خۆی به‌باحس و ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی له‌قه‌ڵه‌م داوه‌. بۆچی بێده‌نگه‌ی له‌لاروله‌وێرییه‌كانی ئێمه‌ كردووه‌؟!
ئێستا نه‌چووه‌ بچێت، ئێمه‌ ده‌ستی ڕاده‌موسین گه‌ر كارێكی له‌و باره‌ بكات، بنه‌ما فكری و ئه‌ده‌بییه‌كانی ئێمه‌ هه‌ڵوه‌شێنێ.
جێی شانازییه‌ بۆ ئێمه‌ چه‌ند ده‌نگی نوێ و تازه‌ ڕسكاوی به‌جه‌ماوه‌ر ناساندووه‌، له‌ده‌ور كۆبۆته‌وه‌.
من شانازی به‌ڕابردووی خۆمه‌وه‌ ده‌كه‌م، ژێر پێی نانێم و به‌ر شه‌قانی ناده‌م، دیاره‌ خه‌تی به‌یانیشم ڕوو له‌كوێیه‌.
په‌راوێز و سه‌رچاوە:
1- باش بوو له‌م دواییه‌دا تیپی شانۆیی نینا، به‌هۆی به‌ڕێز جه‌لال تاله‌بانییه‌وه‌ ئاهێكیان پیاهاته‌وه‌ بڕی ده‌ هه‌زار دیناریان وه‌رگرت. پێده‌چێت ره‌ئیان گۆڕا بێت و په‌شیمان بووبێتنه‌وه‌، ئه‌و حه‌ماس و جه‌هده‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یاننواند نه‌مابێت، ده‌م له‌ئیستقلالییه‌ت ده‌كووتن...!؟
2- هاوڕێ ناسری حوسامی هاونه‌زه‌ری ئێمه‌ بوو، كه‌چی مه‌وقیفی دوو لایه‌نه‌ی وه‌رگرت، كاتێ له‌به‌رێوه‌بردنی كۆنگره‌ دابه‌زین و ئیستقاله‌مان دا، ئه‌و وه‌ك ئێمه‌ دانه‌به‌زی و مایه‌وه‌!!؟؟
- بۆ تێگه‌یشتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كێشه‌كه‌ تكایه‌ بڕوانه‌ بابه‌ته‌كه‌ی جه‌مال كۆشش(....!)
هه‌روه‌ها وه‌ڵامی هاوڕێیانی گۆڤار : كاوە ئه‌حمه‌د: وه‌ڵام به‌نووسراوه‌كه‌ی جه‌مال كۆشش، حمه‌عه‌لی حه‌سه‌ن: وه‌ڵام به‌غه‌فله‌ته‌كه‌ی جه‌مال، ئیبراهیم فه‌تاح: له‌پێناوی تێگه‌یشتنێكی ڕاستتردا له‌ پاشكۆی 1 و 2 ژماره‌ 20 مانگی ته‌مووزی 1993 گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
- ئه‌م تێكستییه‌ له‌ پاشكۆی گۆڤاری ئه‌ده‌بی كرێكاری ژماره‌ 22 ئه‌یلولی 1993 لاپه‌ره‌ 8 - 12 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.

وه‌ڵامێ بۆ هاوڕێ كیژان

هاوڕێیه‌كی به‌ڕێز به‌ناوی كیژانه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ره‌خنه‌ئامێزی له‌سه‌ر چیرۆكی زۆركورت هه‌ڵوێست عه‌باس شوان گۆڤاری گۆڤاری ئه‌ده‌بی كرێكاری ژماره‌ 12 تشرینی دووه‌م 1992 لاپه‌ره‌ 19-21، بۆ ره‌وانه‌ كردووین.
وێرای سوپاسی به‌ده‌ربه‌ست بوونی، له‌ڕاستیدا ده‌مانویست ده‌قی نامه‌كه‌ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكارییه‌كی باشی ده‌ویست، بۆ ئه‌وه‌ی زویر نه‌بێ وه‌ك خۆی هێشتمانه‌وه‌، ته‌نها لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و خاڵانه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌چیرۆكه‌كه‌ی گرتووه‌ :
هاوڕێمان موخالیفی ئه‌وه‌یه‌، نابێ نووسه‌ران باس له‌ژیانی ئێستای كرێكار بكه‌ن: (... كاك ع . شوان گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ چه‌ند وێنه‌ و قسه‌ و باسێك له‌م نیزامه‌ بخه‌یته‌ ڕوو...) به‌لایه‌وه‌ ئه‌ده‌ب نابێ شیكه‌ره‌وه‌ی دنیا بێت، به‌ڵكوو بیگۆڕێ، جا بۆ پاڵپشتی قسه‌كه‌ی دێڕێكی هاوڕێ و ڕابه‌ر ماركسی كردووه‌ به‌پارسه‌نگ : (... تفسیری جیهان نییه‌، گرنگ گۆڕینیه‌تی... ).
هاوڕێ گیان پێم ناڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب باس له‌ورده‌كاری ژیان نه‌كات، چی بكات؟! دوای ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ب یه‌كێك له‌پێكهێنه‌رانی سه‌رخانی كۆمه‌ڵه‌. ئه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه‌، ده‌وری كاریگه‌ریان هه‌بووه‌، به‌ئاڵه‌گۆڕپێكه‌ری ئه‌م دنیایه‌ به‌حساب دێن، نه‌ك ئه‌ده‌ب و هونه‌ر. ئیتر داوای چی له‌شتێ ده‌كه‌ی كه‌ وابه‌سته‌ و پاشكۆ بێت؟!
پاڵه‌وانی چیرۆك كه‌سێكی ناڕازی به‌به‌شی خۆ، نایه‌وێ ببێته‌ ئامێر و كۆیله‌ی پاره‌ و خاوه‌نكار : (... له‌سبای ساڵحانه‌وه‌ تا نیوه‌شه‌و ناتوانم ئیش بكه‌م خۆ به‌رد نیم...) (... واده‌زانێت دنیا هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌چاخانه‌وه‌ بۆ ماڵ له‌ماڵ بۆ چاخانه‌...) (... پاره‌ هه‌موو شتێ نییه‌...) له‌هه‌وڵی داسه‌پاندنی شه‌رتوشرووت به‌سه‌ر خاوه‌نكاردایه‌: (... ئه‌مه‌ گه‌ڕانێكه‌، سینه‌مایه‌كه‌، بینینی یه‌كدوو براده‌ر و ناسیاوێكه‌، گه‌شتێكی سه‌رپێی سه‌رچناره‌...).
سه‌ركه‌وتن و نه‌كه‌وتنی ئه‌و داخوازییه‌ له‌چیرۆكه‌كه‌دا ون و نادیاره‌؟! هاوڕێ كیژان مخالیفی خۆی به‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ كه‌ داخوازی ئه‌و كرێكاره‌ و ده‌مگه‌رمی له‌به‌رانبه‌ر خاوه‌نكار ده‌بێته‌ مایه‌ی نانبڕان و بێكار كه‌وتنی.
ئیتر هاتووه‌ باس له‌په‌یوه‌ندی كار و سه‌رمایه‌ ده‌كا، به‌مه‌ش هاوڕێمان كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌ق و كوشنده‌وه‌، ناڕاسته‌وخۆ به‌بیانووی تاڵی هه‌لومه‌رجی ژیان، ڕێگای ملشۆڕ و قانعی پیشان كرێكاران ده‌دات!؟
به‌مه‌رجێ ئێمه‌ نووسه‌ران و ئه‌دیبانی كرێكار هه‌وڵمان داوه‌ و ده‌ده‌ین، ئه‌ده‌ب و هونه‌رێك بخوڵقێنین زیاتر گوزارش له‌گیانی ناره‌زایه‌تی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بكات
له‌به‌رامبه‌ر پاڵه‌وانی چیرۆك، هاوڕێمان وه‌ك ئه‌لته‌رناتیف ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ داخوازییه‌ كرێكارییه‌كان به‌تاك به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داریدا ناسه‌پێ، به‌ڵكوو به‌كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌جه‌معی ده‌بێ و ده‌كرێ.
زۆر ڕاسته‌ و له‌شوێنی خۆیدایه‌ به‌ڵام، ده‌بوایه‌ هاوڕێمان تێبینی مه‌وقع و ڕشته‌ی كاری كرێكاران ره‌چاو بكردایه‌. وه‌ك ئاشكرایه‌ چایخانه‌ كرێكارێ یان دوانی پێویسته‌، خاوه‌نكار له‌هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ و په‌یداكردنی ئه‌و كرێكارانه‌ن كه‌ خاوه‌ن نفوز و شاره‌زا و ناسراون. بۆیه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كا مه‌به‌ستی ڕاكێشانی زۆرترین مشته‌ری و بازارگه‌رمییه‌.
كه‌واته‌ خاوه‌نكار ده‌ستبه‌رداری ئه‌و جۆره‌ كرێكارانه‌ نابێ، دیاره‌ كرێكاری هوشیار ئه‌زانێ چۆن سوود له‌مه‌وقعی زاڵ و حه‌ساسی خۆی ده‌بینێ. جا كێ ناڵێت ئه‌م كرێكاره‌ی له‌مه‌ر خۆمان یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ نییه‌؟ بۆیه‌ وا ده‌نگی دلێره‌، هه‌رچه‌نده‌ شه‌خسیه‌ته‌كه‌ زۆر باش ورد نه‌كراوه‌ته‌وه‌.
له‌كۆتاییدا هاوڕێ كیژان ده‌بوایه‌ نوكی ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ی گشت لایه‌ن و كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی چیرۆكه‌كه‌ بكردایه‌. كانوونی یه‌كه‌م 1992
-------
گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كرێكاری ژماره‌ 15 شوبات 1993 لاپه‌ره‌11 – 12

یاسین بانیخێڵانی بڕوانه‌ ته‌نیشتت!

(شاعیر و جه‌لاد ) مانشێتی كورته‌ نووسینێكی ٢ لاپه‌ره‌ی A٤ ی یاسین بانیخێڵانی یه‌ كه‌ له‌ ماڵپه‌ری ( KurdistanNêt )دا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 02.5.23 بڵاوبووه‌وه‌. ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌ باس له‌ دیارده‌ یان ته‌ناقوزیكی ناو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای Kurdistan به‌تایبه‌تی توێژاڵی نووسه‌ر و شاعیران ده‌كات. به‌وه‌ی كه‌ ژیان و كاری ئاسایی ڕۆژانه‌یان له‌گه‌ڵ هیوایه‌ته‌كانیان نایه‌ته‌وه‌ – چوونكه‌ تا ئێستا وه‌ك وڵاتانی جه‌نجاڵی پیشه‌سازی نه‌بۆته‌ پیشه‌ و نانهاوه‌ر -. ژیانیش وایه‌ هه‌موو شته‌كان ڕێژه‌یییه‌، بۆ خۆی قاڵبكاری تا ڕاده‌یه‌ك نادروسته‌.
له‌و بڕوایه‌دام نووسه‌ری بابه‌ت خۆیشی دژی ئه‌و جۆره‌ سانسۆره‌یه‌! ئیتر نانزانم بۆ خۆی له‌م په‌ره‌گرافه‌دا به‌ده‌ردی نموونه‌كه‌ی كه‌ ( قوبادی جه‌لیزادە )ه‌ شاعیر و دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ چووه‌!!
فڕین بۆ دوور داد نادات ، نموونه‌كان هاوقه‌ڵه‌م بوونایه‌ جوانتر و گونجاوتر ده‌بوو، پێده‌چێت به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و بێ ئاگای له‌ هه‌ندێك ڕووداو سه‌رچاوه‌ی گرتبێت! یان هه‌ندێك بابه‌ت كه‌ له‌هه‌مان ماڵپه‌ردا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ نه‌یخوێندبێته‌وه‌!
ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی كه‌ ئه‌و به‌نموونه‌ هێناویه‌تییه‌وه‌، له‌ كۆتایی مانگی چواردا به‌نده‌ی موخلیستان له‌ چه‌ند لاپه‌یه‌ره‌كی كایكۆن به‌به‌كردندا، كارێكی ناشیرنینی ئه‌و زاته‌م ده‌مه‌زه‌رد كرده‌وه‌،كه‌ ده‌رهه‌ق به‌من كردوویه‌تی، له‌ یاد كردووه‌. بۆیه‌ به‌باشی ده‌زانم دووباره‌ ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌ی په‌یوه‌ند به‌نمونه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ بنووسمه‌وه‌، خوا بكات – به‌ته‌عبیره‌ ئاینییه‌كه‌ی نا - ئه‌م جاره‌ بیخوێنێته‌وه‌ و باسه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات :
(..... هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی یه‌گرتووی Kurdistan و یه‌كه‌م شالیاری ڕۆشنبیری شێركۆ بێكه‌س، KDP له‌به‌ر خاتری Turkya په‌لاماری هه‌فته‌نامه‌ی وڵات دا و به‌تۆپزێ دایان خست! له‌ ساڵی 1996 دا هۆزانپانێكی تر، له‌وه‌ خراپتری لێوه‌شایه‌وه‌، به‌مادده‌ی 210 ی یاسای عقوباتی عه‌ره‌بی عێراقی ئه‌مری گرتنی خۆم و داخستن و موساده‌ره‌كردنی شتومه‌كی ئۆفیسی گۆڤاری ئه‌ده‌بی كرێكاری ده‌ركرد!
ئه‌و كه‌سه‌ یان ئه‌و دادوه‌ره‌ هۆزانپان قوبادی جه‌لیزادە بوو!!......
..... بۆ ڕۆژی دوایی بردمیانه‌وه‌ لای پۆلیسه‌كه‌ی پێشوو... له‌ژوورێكی ٢٦ نه‌فه‌ری دایاننام... له‌سه‌ر داوای خۆم كردمیانه‌ ژوورێكی ١٤ نه‌فه‌ریه‌وه‌... ئیتر لێیان نه‌پرسیمه‌وه‌ تا ڕۆژی ئازاد كردنم. له‌به‌رده‌م دادوه‌ر قوبادی جه‌لیزادە دا، چیرۆكنووس رەئوف بێگه‌رد و ڕۆژنامه‌نووس و شانۆكار یاسین قادر به‌رزنجی بوونه‌ كه‌فیلم......
..... ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ فه‌له‌ی _ ئالان، ئه‌مری دادوه‌ری جێبه‌جێ كرد و هاته‌ سه‌رم و ڕاپێچی زیندانی كردم، كوڕی هه‌نه‌رمه‌ندی شێوه‌كار ئازاد شه‌وقی بوو!! هێنده‌ی بزانم كوڕی حه‌مه‌موكری چیرۆكنووس ئه‌فسه‌ری ئاسایشه‌، و كوڕی حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌نی چیرۆكنووسیش ده‌رچووی كولێژی سه‌ربازی قه‌ڵاچۆلانه‌!!....... )
نه‌ك هه‌ر ئه‌و زاته‌، من بۆ خۆم له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره‌ پۆلیسانه‌ی ده‌ربار چه‌ند جار ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تووند وتیژو و هه‌ره‌شه‌ بوومه‌ته‌وه‌ :
به‌یاننامه‌كه‌ ( تكایه‌ بڕوانه‌ لاپه‌ره‌ ٣-٢ ) قسه‌وباسی - لایه‌نگر و دژ - به‌دوای خۆیدا هێنا، ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسكردنه‌ چیرۆكنووس و وه‌رگێر حه‌مه‌كه‌ریم عارف ڕووبه‌ڕوو پێی وتم :
- تۆ بۆ ناوده‌ركردن ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ت ده‌ركردووه‌.
بۆ مێژوو هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا بوو تازه‌ ده‌ستم كردبوو به‌بڵاوكردنه‌وه‌ و دووباره‌ كۆپی كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، ڕۆژێك حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن ی چیرۆكنووس هات وتی :
- له‌ ژێر فشاری ی ن کم و واده‌زانن ئه‌و بابه‌تانه‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن من بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌، بۆ خۆشت ده‌زانی وانییه‌ بۆیه‌ ده‌خوازم چه‌ند دێرێكم بۆ بنوسی ئه‌وه‌ی تیا ڕوون بكه‌یته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ من ده‌یكه‌م و حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن ئاگای لێ نییه‌. منیش داخوازییه‌كه‌یم به‌جێهێنا.
كه‌چی حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌نی چیرۆكنووس به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵسووكه‌وتی له‌گه‌ڵمدا كرد و له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا وه‌ك ڕاوێژكاری مام جه‌لال تاله‌بانی ده‌ستنیشان كرابوو، هاته‌ نووسینگه‌ و كتێبخانه‌ی گۆڤاری ئه‌ده‌بی كرێكاری له‌ جاده‌ی سابوونكه‌ران، زۆر ڕوو هه‌ڵماڵراوانه‌ وێرای بێنرخ كردنی به‌یاننامه‌كه‌ هه‌ره‌شه‌ی كرد به‌وه‌ی چاك ناكه‌م و زه‌ره‌ر ده‌كه‌م!!
منیش به‌م سه‌رووتاره‌ وه‌ڵامم دانه‌وه‌ :

خوێندنه‌وەی ڕۆمانی ونگه‌ی عه‌بدوڵڵا سه‌راج

سـەرەتای مانگی 5 ی ساڵی پار، هێژا عـەبدوڵڵا سـەراج لـەشاری Tampere وە نوێترین بـەرهـەمی خۆی (ونگـە)ی بۆ ناردم. تێكستی ڕۆمانـەکـە 113 لاپـەرەیـە، ناوەندی هاڤیبوون _ ئـەڵـەمانیا بۆی چاپ كردووە.

هـەروەک لـەپاشکۆ یان فـەرهـەستی بـەرهـەمـەكانی نێو كتێبـەکـە دیارە (لاپه‌رە116)، نووسـەر تا ئێستا چالاك و پڕ كار بووە، بێجگـە لـەم بـەرهـەمـە 4 دانـە ڕۆمانی دیكـە، 6 كۆمـەڵـە كورتـەچیرۆك، كتێبێكی تئیوری بـەچاپ گـەیاندووە.

په‌یوەندی و ئاشنایه‌تی

سـەرەتای ئاشنابوون بـەنووسینـەكانی ع. سـەراج، گـەر بـەهـەڵـەدا نـەچووبم بۆ كۆتایی 70 كانی سـەدەی ڕابردوو دەگـەڕێتـەوە؛ لـەهـەفتـەنامـەی هاوكاری _ شاری بـەگداد، بـەزنجیرە لـەسـەر هونـەری شێوەکاری دەنووسی.

یـەکـەم دیداری ڕاستـەوخۆ ساڵی 1996، لـەیادی 50 ساڵـەی دامـەزراندنی KDP بوو، وایش ڕێكـەوت لـەتراوگـە بـەریـەک وڵات بکـەوین. پـەیوەندیمان لـە ئێوارە كوردی و سیمینارەکاندا دەمـەزەرد دەکـەینـەوە.

دیرۆكی خوێندنه‌وە

خوێندنـەوەی رۆمانـەکـە دواکـەوت، چـەند جار دەستم دەدایـە، بۆم تـەواو نـەدەكرا. خێری نـەشتـەرگـەری بڕبرەی پشتم بنووسێت، ئـەگینا وەک زۆر كتێبی تر بـەفـەرامۆشیم دەسپارد.

نووسـەر، ڕۆژی 2001.03.02 لـەنووسینـەوەی بـەرهـەمـەکـەی بۆتـەوە، رێکـەوتێكی سـەیر منیش ڕۆژی 2004.03.02 لـەیـەکـەم خوێندنـەوەی بوومـەوە. پرۆسـەكـە هێندەی نـەخایاند، بـە 3 وچان یانی 3 ڕۆژ تـەواوم كرد. تا ڕادەیـەک تـەمـەڵیم تیادا كرد، ئـەگینا ڕۆمانـەکـە هێندە قورس و گران نییـە، هه‌روەك خۆی پۆڵینی كردووە، لـەخانـەی كورتـە ڕۆماندایه‌، به‌قه‌ولی نووسه‌ر ڕۆمانۆكه- نۆڤڵێت، به‌ڵام له‌لاپه‌رە 2 دا ته‌نها ڕۆمان نووسراوە! لـە 11 بـەش پێكهاتووە، زۆریان له‌به‌شه‌كان تیكـەتیكـە كراوە.

پوخته‌ی ڕۆمان

ڕووداوەكانی ڕۆمانـەکـە لـەشـەوی سـەری ساڵ و باڕێكدا دەستپێدەکات، لـەباڕێكی دیكـەدا بـەكۆتایی دەگات. بـەسـەرهاتی دڵداری و عـەشقێكی ڕاگوزای خۆیمان لـەگـەڵ ژنێكی هاوتـەمـەنی فینلاندی بۆ دەگێڕێتـەوە. نووسـەر لـە 60% ناوەرۆكی ڕۆمانـەکـەی بۆ گێڕانـەوەی قۆناغێكی دیاریكراو لـەژیانی هاوچـەرخی خۆی موتربـە بـە مێژووی نزیك تـەرخان كردووە.

ئیتر لـەو نێوەدا بـەتـەكنیكی هـەمـەرەنگ( شانۆ، یاداشت، گێڕانـەوە،....) ڕووداوە تایبـەت و گشتییـە مردوو بـە زیندووەكانی تێهـەڵکێش كردووە. هـەندێ لـەوانـە نـەبیستراو و دڵتـەزێنن(لاپه‌رە48)، كـەمێكیشیان شادیهێن و وروژێنـەرن(لاپه‌رە30 و46). هـەرچۆنێ بێت ڕۆمانـەکـە بـەوە دەوڵـەمـەندە كـە خۆی لـەزۆر بوار داوە:

مـەسـەلـەی نـەتـەوایـەتی و سیاسی؛ هـەڵـەبجـە، ئـەنفال، شۆڕشی ئـەیلول، كـەركوك، شـەری ناوخۆ. كێشـەی كۆمـەڵایـەتی؛ خۆشـەویستی، سۆزداری – عاتیفـە، مافی ژنان، سـەربـەستی تاك لـە ئـەورووپا، سێكس. ململانێ؛ كۆن و نوێ، ڕۆژهـەڵات و ڕۆژئاوا، سكۆلاریزم و فـەندەماتالیزم. ڕاسیزم، كۆچ و كۆچباری، نـەمری.

پاڵـەوان

كـەیوان؟ كـەسایـەتی یـەكـەم نووسـەر خۆیـەتی، خـەڵکی كـەركوكـە، تـەمـەنی لـە سـەرو پـەنجاوەیـە. ژنێك و ٢ كچ و ٣ كوڕی هـەیـە، هه‌روەک ژنه فینلاندییه‌که‌ی هاوڕێی بۆی ڕاست دەكاته‌وە، كه‌ ڕۆژهه‌‌ڵاتییه‌كان ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیرەكانیشیان ڕێز له ئافرەت ناگرن، هه‌میشه كوڕ دەخه‌نه پێش ‌كچه‌وە(لاپه‌رە ٤٠)! ئارەزوو – هیوایـەتی نیگار كێشان و نووسینـە. پێشمـەرگایـەتی لـە شۆڕشی ئـەیلوولدا كردووە(لاپه‌رە٦٣)، بـەو هۆیـەوە شارەزایی گوندەكانی كوردستانـە. لـە هێزە سیاسییـە سانسۆرچییـەكانی كورد بـەگلـەییـە، كه‌چی بۆ ماوەیه‌ك جه‌یشی شه‌عبی بووە(لاپه‌رە٦٠)! هۆی ئاوارە بوونی خۆی و خـەڵكی تـەنانـەت تاوانی هـەڵـەبجـەیش دەداتـە پاڵیان(لاپه‌رە٢٠)! ئـەمـە لـەكاتێكدا ئارەزووی گـەڕانـەوە بۆ وڵات دەكات(لاپه‌رە٧٩). كـە لـە ئـەورووپا دەگیرسێتـەوە هـەوڵ دەدا چالاكانـە بـەكۆمـەڵگای فینلاندی ئاوێزان بێت؛ پێشانگا دەكاتـەوە، كۆرسی زمان دادەنێت، كار دەكات ، (لاپه‌رە٧٨)هتد. كـەسێكی سكۆلارە (لاپه‌رە٧٢) بۆیـە دانوی لـەگـەڵ ئاییندا ناكوڵێ، پێدەچێ له‌‌باوكێوە بۆی به‌جێ مابێ، چوونكه پیاوێكی به‌ئایین نه‌بووە، شاری مه‌كه‌یان بۆ بهێنایه‌ته شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌مال ئه‌و نه‌دەچوو(لاپه‌رە٤٣)، كه‌چی له‌كۆتایدا به حاجێتی دەمرێ! (لاپه‌رە١٠٣) ئارەزووی سێكسی قوڵپ دەدا، بێجگـە لـە لـەیلا تـەماعی كردۆتـە ژنانی دیکـەیش، هه‌روەها سۆزانیخانـەیش. بۆ قـەرەبووكردنـەوەی خیانـەت لـە ژنـەكـەی كوردستانی، خیانـەت لـە له‌یلا دەكات، هه‌ڵه به‌هه‌ڵه چار دەكات!

ڵایڵا یان لـەیلا؟ كـەسایـەتی دووەم، ژنێكی فینلاندی ٦٢ سالـەیـە، ١ كچ و ٢ كوڕی هـەیـە، ٢ شووی كردووە(لاپه‌رە٤٠)، بـەكـەیوانـەوە لـەگـەڵ زۆری تردا خـەوتووە(لاپه‌رە١٠٤). دەرچووی زانكۆ بـەشی مێژووە، باوكی لـەشـەری بـەرگری دژ بـەڕووسـەكان كوژراوە (لاپه‌رە٦٨). لـەكۆتاییدا بۆی دەردەكـەوێ پیاوانی رۆژهـەڵات و ڕۆژئاوا لـەخیانـەت كردندا جیاوازییان نییـە، یـەک مێتاڵن.

پاڵه‌وانی دیكه،نووسـەر، كـەم وزۆر ئاشنامان بـە خـەڵکانی دیکـە دەكات ، لـەوانـە كـەسانی هونـەری و ئـەدەبی ناو كوردستان و دەرەوە، بـەپێی میزاج ( تكایه بڕوانه خاڵی ٦ ) و.... گرنگییان پێدەدا؛ لـەوانـە رەحمه‌تی ڕاهبـەر جـەلال، كاریكاتێریست گرفتار كاكـەیی (لاپه‌رە ٥٦)، رەحمه‌تی عـەزیز سـەلیمی كردووە بـە مام نادری نیگاركێش. خـەڵکانی ئاسایی وەك خـەسرە، زێوەر، حـەمـە مهابادی، عـەلی، قادر سنـەیی، حسێنی زازا، نـەبیل،....هتد. لـە نێو وڵاتیش زۆری دیكـەمان بۆ زیندوو دەكات.

دایلۆگ

١/ هـەڵـەبجـە، تێكشكاوی و وردوخاشبوونی كه‌سایه‌تی مێژووكردە، چه‌ند فاكته‌ر یارمه‌تیده‌ری ئه‌و ره‌وشه‌ نه‌خو‌ازراوه‌یه‌، یه‌كێكیان كورد خۆیه‌تی، له‌م تێكست و په‌ره‌گرافه‌دا زۆر خۆ به‌جوانی ده‌نوێنێ، جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه نووسه‌ر له‌و كاره‌دا زیاتر خه‌تای كورد خۆی ده‌گرێ (لاپه‌رە 20 و 48)، ئاورێ له‌هۆیه‌كانی دیكه ناداته‌وه، به‌تایبه‌تی دووژمنی سه‌رسه‌خت و بكه‌ری ئه‌سڵی كاره‌كه، كه سیسته‌ماتیكانه له‌هوڵی پاكتاوكردنی كوردا بووه.

٢/ به‌رخۆدان، نووسه‌ر وه‌ك هه‌ر كوردێك له‌ته‌ڤگه‌ری دژ به‌دەوڵه‌ت به‌شداری به‌پله‌ی كادێر !! له‌شۆڕشی ئه‌یلوولدا كردووه، به‌وهۆیه‌وه كون و كه‌له‌به‌ری كوردستان شاره‌زا بووه، بۆیه‌ ناوی زۆر گوندی هێناوه(لاپه‌رە67)! هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا باس له‌ئامرازه‌كانی به‌رگری پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵك ده‌كات كه‌ زۆر دواكه‌وتوانه بووە(لاپه‌رە64)، گوایه ئه‌وە بۆته هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی كورد! ئه‌و دەربڕینه‌ی نووسه‌ر هه‌موو ڕاستییه‌كان نییه، به‌ڵكو زۆر هۆی دیكه یارمه‌تی دەری سه‌رنه‌كه‌وتنی بزافی به‌رەڤانی كورد بووە.

٣/ شۆڕشی نوێ، گه‌ر كه‌سێك ئه‌و ڕۆمانه بخوێنێته‌وە و له مێژووی هاوچه‌رخی بێئاگا بێت، وا هه‌ست دەكات ته‌نها بزووتنه‌وەی به‌رخۆدان ئه‌وەیه كه نووسه‌ر تیایدا به‌شدار بووە! پڕكێشی ئه‌وەی نه‌كردووە به‌شێك بۆ شۆرشی نوێی دوای شكستی 1975 ته‌رخان بكات، كه‌ به‌‌هیمه‌تی ‌هه‌موو باڵه سیاسییه‌كان هه‌ڵگیرسایه‌وە. وەك ئاشكرایه قۆناغی نوێ، هه‌م دووژمن هه‌م كورد به‌‌شێوازی و ئامرزای نوێ سه‌نگه‌ریان له‌یه‌كتر گرتبوو.

٤/ سكۆلار، وەك ئاماژەی پێكرا سكۆلار بوون(لاپه‌رە72) وا له‌كه‌سانی نموونه‌ی كه‌یوان دەكات، بێ پرینسیب جڵه‌و به‌رەڵا بكات بۆ هه‌موو غه‌ریزە كێوییه‌كان، كه‌چی به‌ هزری ئایینی گوایه (... خوا هه‌موویانی دروست كردووە..)خواردنی گۆشت به‌رازی به‌لاوە ئاسایی دەبێت(لاپه‌رە86)!

٥/ تراوگه، هۆی هاتنه دەرەوە، به‌خاتری ئه‌وەی نه‌بێته ته‌رەف له‌هاوكێشه شه‌ری ناوخۆ و زۆر ناشیرینی تری دەسه‌ڵاتی پارته گه‌ورەكان (لاپه‌رە 9)، بۆ لاوانیش نه‌بوونی سێكس دەگێڕێته‌وە(لاپه‌رە 16) ، كه‌چی گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم ئه‌وە یه‌كێ له‌و دوو پارته‌یه هاوكاری ئه‌ویان چه‌ند جار كردووە- ئاماژە به‌په‌رەگرافی په‌یوەندی و ئاشنایه‌تی- نووسه‌ریش وەك كه‌سێكی تووندرەو دەرنه‌كه‌وتووە كه جێی نه‌ك نیگه‌رانی بۆ دەسه‌ڵات به‌ڵكوو پارته ئیسلامییه تووندرەوەكانیش ‌بوو بێت!

٦/ هه‌لقۆستنه‌وە، وەک له‌نێو وەسه‌تی ڕۆشنبیریدا ئاشكرا بوو، ع. سه‌راج و شێرزاد حه‌سه‌ن پێكه‌وە به‌بانگێشتی فه‌رمی بۆ سیمینارێكی ئه‌دەبی هاتنه دەرەوە. له‌و هه‌ل و مه‌رجه سه‌خته‌ی ئه‌و كاته‌دا فرسه‌تێكی زێڕین و كه‌م دەردەسه‌ری بوو، داوای مافی په‌ناهه‌ندەییان كرد، ع. سه‌راج به‌یه‌ك جاری نه‌گه‌ڕایه‌وە، دووهه‌میان ئیدارەی نه‌كرد، هه‌ر چه‌ندە چ لای دەسه‌ڵات چ ئیسلامییه‌كان خۆشه‌ویست نه‌بوو، ژیانی له‌مه‌ترسیدا بوو، گه‌ڕایه‌وە. له‌م تێكستییه‌دا به یه‌ك وشه ئاماژەی به ناوی ئه‌‌و كه‌سه گرنگ و هاوسه‌فه‌رەی خۆی نه‌داوە( بڕوانه په‌رەگرافی پاڵه‌وانی دیكه)!

٧/ فلاش، ئه‌م تێكستییه بۆ كورد و ئه‌وانه‌ی نكۆڵی له‌كوردی بوونی كه‌ركوك له‌باری مێژووییه‌وە دەكه‌ن، دیكۆمێنتێكی به‌سوودە، نه‌ك له‌و شارەدا عه‌رەب به‌ڵکوو تووركمانیش هه‌ست پێناكرێت و نه‌بووە، به‌ڵام سه‌یرە، له‌ په‌رەگرافێكدا و له‌سه‌ر زاری ژنێكی دەوارنشینه‌وە، تووركمان بوونی نووسه‌ر ڕادەگه‌یه‌نرێت!! (لاپه‌رە 92) . به‌پێچه‌وانه‌وە سیفه‌تی كورد بوون له‌ عه‌زیز سه‌لیم دەسێنێته‌وە، گوایه تووركی ئازەریی بووە!! (لاپه‌رە 99-100) جا گه‌ر ئه‌و په‌یڤانه دروست بێت؟ ئه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی ( ئازرباینجان) بۆ مردن و گلكۆكه‌ی هه‌ڵنه‌بژاد، لا خۆمان نێژرا!!؟؟

٨/ سێگۆشه‌ی تووكن (لاپه‌رە 29 )، واژەیه‌كه بۆ ئه‌ندامی زاوزێی ژنان به‌كاری هێناوە، كه له‌کوردەواریدا چه‌ند ناوی هه‌یه له‌وانه؛ به‌دەربڕینه بازارییه‌كه‌ی قوز دەستپێدەكرێت ئینجا بز و زێ و... هتد. به‌م به‌كارهێنانه سومبولیكییه‌، ئه‌دەبیاتی سه‌ردەمی حكومه‌تی عه‌رەبانم به‌بیر دەهێنێته‌وە كه‌ نووسه‌ران په‌نایان بۆ دەبرد، بۆ نموونه‌ فوئاد سدیق كه نووسه‌رێكی چه‌پ بوو له‌وتارێكی‌‌ هه‌فته‌نامه‌ی هاوكاریدا، بۆ ناوی ڕابه‌ری شۆڕسی به‌لشفیك لینین واژەی مێردەكه‌ی كرۆبسكاییه‌ی به‌كار هێنابوو. ئیتر تێناگه‌م كه‌سێكی یاخی وەك ع . سه‌راجی ئه‌ورووپانشێن و سكۆلار بۆ په‌نای بردۆته به‌ر ئه‌و دەربڕینه!؟

ڕۆمانه‌كه‌، زۆر دیمه‌ن و به‌سه‌رهاتی سه‌رنجڕاكێش و جوانی له‌خۆ گرتووە، بۆ خودی رووداوی سه‌رەكی كارەكه جێی تێڕامان وجۆرە شازییه‌كی پێوەیه، هونه‌ری بوونی تێكستییه‌یه‌كه دەسه‌لمێنێ، چوونكه به‌پێی به‌شێك له‌كه‌لتووری خۆمان كه مرۆڤ له‌قاڵب دەدات، كه‌سێكی وا به‌ته‌مه‌ن هه‌رچه‌ندە له‌ژینگه‌ی خۆشی هه‌ڵكه‌نرێت، كارو كردەوەی گه‌نجانه‌ی لێ ناوەشێته‌وە.
2004.3.30
-----
ئه‌م باسه، ڕۆژی 2004.4.4 له‌ PalTalk ژووری پێشكه‌وتووخوازان، به‌ئامادەبوونی خاوەن ڕۆمان هێژا عه‌بدوڵڵا سه‌راج ، وەك ڕێزلێنانێك پێشكه‌شكرا.

 کێ ده‌ڵێ ئه‌نوه‌ری ڕه‌شید ئه‌وڵا وشه‌یه‌!!

خوێندنه‌وه‌ و پیناسی دواهه‌مین به‌رهه‌می

ئه‌نوه‌ر که‌سیکه‌ له‌بواری نوسین تا ئێستا به‌کاوه‌خوێ کاریکردووه‌، جێپه‌نجه‌ی به‌کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه‌ دیاره‌. به‌ڵام که‌مترین تیشکی خراوه‌ته‌سه‌ر. هه‌ر له‌م سونگه‌یه‌وه‌ بوو من وه‌ک دۆستێکی دوور هاوکات نزیک به‌پێی توانای خۆم حه‌زمکرد ئه‌م لالێکردنه‌وه‌یه‌ ئاماده‌بکه‌م.

دۆستایه‌تیم له‌گه‌ل بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نوه‌ر تا له‌کوردستان بووم بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، عوسمان شه‌یدای برای نه‌ک وه‌ک هۆزانڤان به‌ڵکوو بۆ من دۆست و خۆشه‌ویست و هاوکار و ڕاوێژکاری ئه‌ده‌بیم بوو، به‌تایبه‌تی له‌وکاته‌ی خه‌ریکی ده‌رکردنی گۆڤاری ئه‌ده‌بی کرێکاری ‏(1991 تا 1996) بووم. ئه‌و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر و بڕیارده‌ری تێکسته‌ شیعرییه‌کانی گۆڤار بوو.

ئه‌و ساڵانه‌ چ من چ ئه‌نوه‌ر له‌ژێر پاڵتۆی تیسکنی مارکسیزمدا بووین، ئه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ من له‌ناوه‌وه‌. به‌هۆی براده‌رانی (حککع)وه‌ دیوانی کۆمۆنی نانم به‌ده‌ست گه‌یشت، جار جار له‌م گۆشه‌ و ئه‌و گۆشه‌ی گۆڤاردا کۆپله‌ شیعری ئه‌و نامیلکه‌یه‌م بۆ داده‌به‌زاند. من بۆ خۆم له‌نێو ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و که‌سانه‌ی که‌ بۆ ئه‌ده‌بی کرێکاری هۆزانیان ده‌نارد و بۆمان بڵاوده‌کردنه‌وه‌. له‌ نزیکی پێنجیان ڕازیبووم و تێکسته‌کانیان قسه‌ی ڕووت یان دوورشمبازی نه‌بوون، به‌ڵکوو شیعر بوون، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرا ببنه‌ ده‌نگ و ببنه‌ هۆزانڤان. ئه‌نوه‌ر یه‌کێ بوو له‌و ده‌نگانه‌ له‌و هۆزانڤانانه‌ هه‌رچه‌نده‌ ڕاسته‌وخۆ به‌رهه‌می نه‌ده‌نارد. بۆچوونه‌که‌یشم بۆ یه‌کدوویه‌کیان له‌شوێنی خۆیدا بوو. وه‌ک ده‌بینن ئه‌نوه‌ر بۆ ئه‌م کاره‌ی تا ئێستا باش ده‌سووتێت.

لێره‌دا ده‌مویست ئاورێکی هه‌رچه‌ند خێرایش بێت بۆ به‌رهه‌مه‌کانی دی،‌ وه‌ک نموونه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ ئێستای شیعریدا بهێنمه‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌متوانی به‌سه‌ر ئه‌و گرفته‌دا زاڵ بم. بێجگه‌ له‌یه‌کدوو نموونه‌ی نامیلکه‌ی کۆمۆنه‌ی نان نه‌بێت.

بیلۆگرافیا:

- شوێن و ساڵی له‌دایک بوون: سلیمانی گه‌ره‌کی سابونکه‌ران 1963
- خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ زێوه‌ر، ناوه‌ندی له‌سیروان، دواناوه‌ندی له‌ سله‌یمانی و سه‌لاحه‌دین بووه‌.

به‌رهه‌مه‌ چاپکراوه‌کانی نووسه‌ر:

1- رێزی پرسیار بگرن 1988 ئێران، ئاڵای شۆڕش بۆ چاپ کردووه.
2- بروسکه‌ 1988 ئیران، ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕش بۆ چاپ کردووه‌.
3- له‌تابووتی دووریا 1991 چاپی سوریا.
4-کۆمۆنه‌ی نان 1993 فینلاند چاپی سوید.
5-پشکه‌ شه‌ونمه‌کانی سه‌ر په‌ره‌ی رۆح 1994 چاپی فینلاند.
6-له‌سه‌مای سه‌رمه‌دییا 1995 چاپی فینلاند.
7-گه‌ران به‌نیشتمانه‌کانی سه‌رابدا 2000 چاپی کوردستان

سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا:

- گروگالی شیعری بۆ ‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
- رامانی شیعری لای ئه‌نوه‌ری مناڵ ئاوا بووه‌ که‌ هه‌ندێ جار له‌و گۆماوانه‌ی سه‌ر ڕێگای چوونه‌وه‌ بۆ ماڵ که‌ ئاوێنه‌ئاسا وێنه‌ی ئاسمان و ماڵ و دره‌خت و باڵنده‌کانی تیابینیوه‌.

ئه‌نوه‌ر ئه‌و هۆزانڤانه‌یه‌ ئاوا ده‌ڕوانێته‌ هۆزان:

- شیعر فه‌لسه‌فه‌ و مۆسیقا و فره‌مانایی قبوڵ ده‌کات، به‌ڵام سه‌ر به‌هیچیشیان نییه‌
- شیعر خودا قبوڵ ده‌کات به‌ڵام خواستی نییه‌ .. دواتر شیعر هه‌موو ئه‌مانه‌یه‌ به‌ڵام هیچیشیان نییه‌. - قسه‌کردن ... ده‌رباره‌ی شیعر قسه‌کردنه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی که‌ پێشتر هه‌بوون، ده‌نا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌موو شتێ ده‌رباره‌ی شیعر بزانین ئیتر شیعر له‌ماڵێکدا داده‌نێین.

جوانکاری:

(.. ئستاتیکا لای ئه‌نوه‌ر جۆریکه‌ له‌عه‌جولی ..)بۆیه‌ وێنه‌ی وا جوان و دیارده‌ی نامه‌ئلوفمان پێده‌به‌خشێ:

- له‌جیاتی ئاو ده‌سنوێژ به‌تیشک ده‌گرێت ( بوونه‌وه‌رێکه‌ به‌پشکۆی تیشکه‌کان ده‌ستنوێژ ده‌گرێت...)ل106
- (...چه‌پڵه‌ی سه‌وز بۆ بوێری گه‌ڵا ئازادبووه‌کان لێده‌ده‌ن.)ل67
- باران ته‌ریقه‌تی هه‌یه‌! ( ... بێئه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی هیچ نمه‌ بارانێکم ئه‌زبه‌ر کردبێ...) ل:116
- (... ئاو شیعری ده‌ڕشت دره‌خته‌کان ده‌یانخوێنده‌وه‌...)ل12
- شاری سله‌یمانی یه‌کسانه‌ به‌ڕه‌نگی شاتوو ( به‌شاره‌ ڕه‌نگ شاتووییه‌که‌می گووت: من باڵنده‌یه‌کی ته‌ریوبووم به‌ر شه‌واره‌ی عیشقی تۆ که‌وتم...) ل:150

ڕاڤه‌کردن:

(من پیرێژنێکی دۆستم هه‌بوو ناوی حه‌قیقه‌ت بوو ) ئه‌م دێڕه‌ی نیتشه‌‌ به‌جۆر دی لای ئه‌نوه‌ر واکه‌وتۆته‌وه‌ و نووسراوه‌ته‌وه‌:

ئاده‌میزاد

داڕمانی
دیواره‌
شه‌رمنۆکه‌کانی
نێوان
ئاو و ئاگر
دۆزه‌خ و به‌هه‌شته‌
" ئه‌مه‌ مه‌زه‌نه‌ی پیره‌ ژنێکی دۆستم بوو ... ناوی هه‌قیقه‌ت بوو" ل:110

له‌دێڕه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ وشه‌ی(پیرێژن) به‌ڵام له‌ تێکستییه‌که‌دا (پیره‌ ژنێک) نووسراوه! دیاره‌ یه‌که‌میان دروستتره‌‌.
پێده‌چێ ئه‌نوه‌ر زیاد له‌پێویست سه‌رسام بێت به‌و زاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ چواردا و له‌به‌رایی کتێبه‌که‌دا سێ دێری دیکه‌ی له‌وته‌کانی نیتشه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌. له‌خوار ئه‌وه‌وه‌ وته‌ی هاوشێوه‌ی له‌ تێکستی شیعری کلاسیکی کوردی هۆزانڤان مه‌حویدا دۆزیوه‌ته‌وه‌.

وای لێتێده‌گه‌م:

- تێکستی (ئه‌لف)،‌ لاپه‌ڕه‌ 6 : باس له‌ژینگه‌ی ناسازی مناڵی ده‌کات و هه‌وڵدان بۆ لێده‌ربازبوون لێی. ( .......)
- تێکستی (ئابخانه‌)، لاپه‌ڕه‌ 12: ‌ڕه‌هایی، ڕزگاری کۆتایی، به‌وه‌هم و خه‌یاڵپڵاویی ده‌زانێ.(........)
- تێکستی (ئارگۆن)، لاپه‌ڕه‌ 146: ئاشتیخواز و ئه‌نتی جه‌نگ،چوونکه‌ جوانی ده‌کوژێت.(........)

نموونه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی من:

ئارگۆن

زه‌ردێنه‌ی خۆره‌ ... له‌سپیبوونه‌وه‌ی ئاسماندا
ب ه‌ ش ی
چڵێسیه‌کانی هه‌موومان ده‌کات
ئه‌م
شه‌ڕانه‌
بۆ
نابڕێنه‌وه‌
که‌ ئیشتیای جوانی تێکده‌ده‌ن.
لاپه‌ڕه‌ 146

ئه‌نوه‌ر

ته‌نیاتره‌، له‌نه‌مه‌ی
ئاو
که‌ له‌هه‌بوونییه‌وه‌
به‌نیاز بووه‌
ئایه‌تی سه‌ما و سه‌فه‌ره‌کانی
له‌
ویژدانی ڕۆژه‌کاندا بنووسێته‌وه‌(ئاو)
گو‌ناهکارتره‌، له‌په‌یڤینه‌کانی نووریش
که‌ ناخوازێ
په‌نجه‌ره‌ی نهێنییه‌کانی
به‌ڕووی وشه‌ ئه‌غیار و ئاخداردکانی - بوون -دا
واڵا بکاته‌وه‌ (نوور). ل 32

ئه‌م تێکستییه‌ جوانییه‌که‌ی له‌وه‌دایه‌ ناوی خۆ وردکردۆته‌وه‌ و ره‌هه‌ندێکی دیکه‌ی پێداوه‌. هاوکاتیش وه‌ک هۆزانڤانه‌ کلاسیکییه‌کان ناوی خۆی هێناوه‌ و خستۆته‌ ناو دێڕ و تێکستی هونه‌رییه‌وه‌.‌

له‌ئه‌نوه‌رم پرسی کام تێکستت به‌لاوه‌ زۆر ئازیزه‌ ؟ وتی هه‌ر هه‌مووی! به‌ڵام له‌دواهه‌مین جاردا ئه‌م دووانه‌ی پێباش بوو:

ئازیز

گه‌ر
پێ
بنێیته‌ کتێبخانه‌ی ته‌مه‌نمه‌وه‌
ته‌نێ...... په‌ڕتوک و
شاڵاوی ئه‌ندێشه‌ی شیعری
ده‌بینی
که‌
به‌رگیان ئاو و
ناونیشانیان - با - و
پیته‌کان له‌جنسی شاژنه‌کانی ئاگرن.
ل130

ئه‌وداڵ

سواری
ئه‌سپی
سپێده‌ ببه‌ و
له‌ژێر ئه‌ندێشه‌ی دره‌ختێکی به‌هه‌شتدا
پشوو بده‌ و
له‌سه‌ر به‌رماڵی شنه‌یه‌کی له‌خواترسدا
ڕوو
به‌ماڵی
پیرۆزی هه‌تاو
بوه‌سته‌
.. .. ئه‌وجا گوڵفرۆشی بێهوده‌ییه‌کانی من ده‌بینی.
ل137

ورده‌ سه‌رنج:

(وابزانم بووم به‌ .. وشه)‌ ناوی کتێبه‌که‌یه‌. پێم باشتر بوو، ئاوا بوایه‌:( وابزانم بووم به‌ .. په‌یڤ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمانسیتره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ له‌چاوپیکه‌وتنێکی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێدا نووسراوه‌:(خه‌ریکم ده‌بم به‌وشه‌). ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی له‌نێو تیکستییه‌کاندا ناونیشانی زۆر جوانتر و سه‌رنجڕاکێشتری تێدایه‌، نازانم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌!؟ گه‌ر سه‌رنج بده‌ن له‌ناونیشانی سه‌رجه‌م کتێبه‌کانی تری ده‌بیین هه‌ر هه‌موو ناونیشانه‌کان درێژن.

بۆ بابه‌تی کتێبه‌که‌ نووسیویه‌تی : وڕێنه‌گه‌لێکی کوردیکی تراوگه‌نشین ! جوانتر ده‌بوو وه‌ک هه‌ر خۆی له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا وتوویه‌تی هه‌ناسه‌ی شیعری، چوونکه‌ سه‌رجه‌م وه‌ک هه‌ناسه‌ تیکستییه‌کان کورتن.

ئه‌م خاڵه‌ بۆ لایه‌نیکی دی ڕامانده‌کێشێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: ئه‌نوه‌ر له‌گه‌ل هه‌ر تێکستێکی شیعری ئه‌ندازه‌یی و تێکستێکی نۆرماڵی کردووه‌ به‌په‌راویز بۆی! ئه‌م حاله‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌نوه‌ر جۆرێک پێنه‌وێرانی و زاڵ نه‌بوون به‌سه‌ر تێکستییه‌ شیعرییه‌کان، یان ئه‌وه‌تا به‌و په‌راوێزانه‌ ده‌یه‌وێت هێلکه‌که‌ به‌پاککراوی بخاته‌به‌رده‌ست. مه‌ترسییه‌که‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ زۆر جار په‌راوێزه‌کان له‌ تێکستییه‌ ئه‌سلییه‌که‌ زۆر زۆرتره‌! بۆ خۆی کتێبه‌که‌ شه‌ست و شه‌ش تێکستی شیعرییه‌، ته‌نها یانزه‌ ( لاپه‌ره‌ : 39، 42، 112، 114، 116، 118، 128، 132، 140، 152، 162 ) دانه‌یان بێ په‌راوێزه‌!

ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی داوه‌ به‌م به‌رهه‌مه‌ و جێی سه‌رنجی خوێنه‌ره‌، هه‌رهه‌موو ناونیشانه‌کان به‌ پیتی (ئـ) ده‌ستی پێکردووه‌.

نمونه‌ له‌ به‌رهه‌می کۆنی هۆزانڤان:

له‌بوونمه‌وه‌
سێبه‌ری خه‌م چه‌تری سه‌رمه‌ و
ڕێم پێ ئه‌گرێ
نان خه‌ڵوه‌تگه‌ی ئه‌و خه‌مه‌یه‌ و
تیایا پێ ئه‌گرێ
ئه‌فسووس..
گه‌ر خه‌می نان لیم گه‌رێ
فتیله‌ی پێ سڵ
به‌ترپه‌ ترپی خه‌م له‌کزیدا
ده‌مرێ و
پشکۆ ئاڵی زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌داڵانی
رۆحما دائه‌گرسێ.

گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کرێکاری ژماره‌ 26 ئازاری 1994 دوا لاپه‌ڕه‌.

دروود

بۆ ئایاری 1992

له‌سه‌ر به‌رماڵی برسێتیما
ڕوو له‌میحرابی کار ئه‌که‌م
به‌شیله‌ی ڕه‌نجم ده‌ستنوێژ ئه‌گرم و
له‌رکاتما نوێژی ژیان و نان ئه‌که‌م.

کۆچنامه‌ی نان

له‌سه‌ر قه‌دی سه‌وزی نانێک
نووسیم...
خۆشم ده‌وێی به‌قه‌د ژیان
پیره‌ ته‌وری برسێتییش له‌داخان
نه‌ک لق و پۆپ، له‌ڕه‌گه‌وه‌
دره‌خته‌که‌شی قرتان.

بروسکه‌ی نان

ئه‌م ئێستا
له‌کوردستان
برسێتی... کایه‌
مه‌رگیش ... بایه‌
خۆزگه‌، کۆیله‌یه‌ و...
هه‌نسکیش ... خوایه‌
هه‌ر وایه‌...

پاشکۆی گۆڤاری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کرێکاری ژماره‌ 22 ئه‌یلوولی 1993 له‌په‌ڕه‌ 12 و 13 .

زانیاری زیاتر:

ناوی کتێب: وابزانم بووم به‌ .. وشه‌
تایپ: عه‌لی کیتابی
وێنه‌ی به‌رگ: فۆتۆ کامه‌ران شه‌وقی، سه‌ردیوارێک له‌گه‌ره‌کی ئه‌سحابه‌ سپی
چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌: چاپخانه‌ی ڕه‌نج
ساڵ: 2004 سله‌یمانی
پێشکه‌ش کراوه‌ به‌: دایکی و باوکی، که‌ هه‌ور و بروسکه‌ی ئاسمانی رۆحی ئه‌نوه‌ر بوون!
----------------
پاشکۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ ژماره‌ ( 3510) ڕۆژی 2004.10.28 لاپه‌ڕه‌ 7 . له‌م به‌سته‌ره‌ ده‌توانن چاوپێکه‌وتنه‌که‌ ببینن: http://puk.homeftp.org/pshk/408/07.pdf
2005.3.4
--------------
ئه‌م تێکسته‌ له‌شه‌وی چوار شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 05.3.9 ده‌مژمێری نۆ، وه‌ک بابه‌تی سیمینارێکی Paltalk به‌ناونیشانی( عه‌باس شوان، ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی ئه‌وڵا ده‌خوێنێته‌وه‌)له‌ ژووری ئازادی و یه‌کسانی پێشکه‌شکرا. قسه‌وباسه‌که‌ تا دوانزه‌ی شه‌و درێژه‌ی کێشا. ژماره‌یه‌کی زۆر که‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرا به‌ 550 که‌س سه‌ردانیان کردووه‌، به‌ معه‌ده‌لی هه‌شتا که‌س له‌ ژووره‌وه‌ بوون. ئه‌و شه‌وه‌ قه‌ڵه‌باڵغترین ژوور بوو. نزیکی ده‌ که‌س قسه‌یان کرد، ئه‌مه‌ وێرای قسه‌کردنی خاوه‌نی کتێبه‌که‌. ئه‌و وه‌ڵامی ورده‌ ره‌خنه‌کانی منی نه‌دایه‌وه‌، یه‌ک دوو براده‌ر ره‌خنه‌یان ڕوو به‌ڕووی ئه‌و کرده‌وه‌، بۆیه‌ هاته‌ وه‌ڵام. 05.3.10

كورته‌ وه‌ڵامێ بۆ عه‌تا فایه‌ق قه‌ره‌داخی

كاك عه‌تا له‌مه‌یدانی ئه‌ده‌بدا زیاتر به‌وه‌رگێر ناسراوه‌، له‌و بواره‌شدا چالاك و به‌ده‌ستوبرده‌، بابه‌ته‌كانی هه‌مه‌چه‌شنن، چی به‌ده‌سته‌وه‌ هاتووه‌ بێگوێدان كردویه‌تی به‌كوردی، چێشتی مجه‌وه‌ره‌. له‌م نێوه‌دا گه‌لێ به‌رهه‌می ناوازه‌ خۆ ده‌نوێنێ شایه‌نی ئافه‌رین و مه‌دح و سه‌نایه‌. له‌م دواییه‌دا به‌ره‌خنه‌وه‌ گرتوویه‌تی، له‌سه‌ره‌تاوه‌ باشی هێنا بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی، خه‌تی به‌یانییه‌كه‌ی به‌رز و به‌رزتر ئه‌بووه‌، له‌پر هه‌روه‌كو ده‌ستی لێوه‌شێنرابه‌، وه‌رچه‌رخانێ وه‌رچه‌رخا هه‌ر مه‌پرسه‌ سه‌دوهه‌شتا پله‌؟!

دوای داگیركردنه‌وه‌ی شاره‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی مه‌ركه‌زییه‌وه‌، عه‌تا له‌به‌شه‌ كوردییه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی العراق، ڕۆژانه‌ بابه‌تێكیان بۆ بڵاوده‌كرده‌وه‌. له‌ژماره‌كانی ()ی ڕۆژانی هه‌شت و نۆی ئایاری مۆسه‌دونه‌وه‌دویه‌ك توحفه‌یه‌ك ئه‌مان چۆن توحفه‌یه‌ك! به‌ناونیشانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی سیاسی به‌رچاو ده‌كه‌وێ.

پوخته‌كه‌ی ئاوایه‌: جیاوازی ده‌خاته‌ نێوان ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت، ئایدۆلۆژی! گوایه‌ دووه‌میان رۆحی ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌مرێنێ، هیچ ره‌بتێكیان به‌یه‌كه‌وه‌ نییه‌، نووسه‌رانی خاوه‌ن ئایدۆلۆژی رۆبۆتن! له‌و روانگه‌یه‌وه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م هێرشێكی توند ده‌كاته‌ سه‌ر میتۆدۆلۆژی ماكسیزم، سه‌ره‌مقه‌ستیانه‌ و دبلۆماسیانه‌ ناسیۆنالیزم بێبه‌ش ناكات! به‌حسابی ئه‌و، نووسه‌ران وابه‌سته‌ و بێشه‌خسیه‌تن، ئایدۆلۆژی ده‌ستی داهێنانیانی شه‌ته‌ك داون!

هه‌ر كه‌س ئاگاداری ره‌وشی كوردستان بێت، ده‌زانێ خاوه‌ن هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندییه‌. مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی یه‌كێكیانه‌، با زۆر دوور نه‌ڕۆین مه‌ژووی هاوچه‌رخی شه‌ستویه‌ك تا نه‌وه‌دویه‌ك بگرین، ده‌بینین حكومه‌تی ناوه‌ندی و كور له‌كێشه‌ و به‌ربه‌ره‌كانییه‌كی توندوتیژ و به‌رده‌وامدا بوون. زۆربه‌ی زۆری سه‌رزه‌مینی كوردستان كراوه‌ به‌ ره‌بایه‌ و ئۆردگای سه‌ربازی، هه‌ر چه‌ند سه‌د مه‌ترێك و بازگه‌یه‌كه‌یه‌كه‌ ‌! ئه‌وه‌ حكومه‌ته‌ له‌نای نه‌هه‌ق هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر خه‌ڵكی، ده‌گرێ و ده‌كوژه‌ ده‌دا له‌گه‌ردن، ده‌سووتێنه‌ و كاول ده‌كات، كوردستان بۆ جه‌ناراڵه‌كان كراوه‌ به‌‌مه‌ركه‌ز ته‌دریب! كوردیش وه‌ك سونه‌تێكی له‌مێژینه‌ بێوه‌ڵام و ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه‌. بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری به‌رێخستووه‌، له‌و ره‌وته‌دا گه‌لێ به‌رزونزمی به‌خۆیه‌وه‌ دیووه‌، به‌ڵام ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ بووه‌، تا سه‌رئه‌نجام گه‌یاندییه‌ كۆتایی.

له‌ده‌روونی بزووتنه‌وه‌كه‌دا مه‌یل و بۆچوونی جۆراوجۆر له‌كێشه‌ و ململانێی نه‌براوه‌دا بوون. پێگه‌ی كوردستان و شه‌رفرۆشی حكومه‌ت بۆته‌ مه‌یه‌ و خوڵقاندنی كه‌ش نائارام و ئاسایش، نه‌ك بۆ ئێره‌ به‌ڵكوو سه‌رجه‌م ئێراقیشی گرتبووه‌. كوردستان هه‌میشه‌ وه‌ك ناوه‌ندی شۆڕش و به‌رگری زه‌ق و ئاشكرا ناسراوه‌ و خۆی سه‌پاندووه‌. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ سیاسه‌ت له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردیدا باڵاده‌ست بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیندا هه‌نده‌ی تر تۆخ بووه‌.

ئیتر نازانم عه‌تا گله‌یی و ره‌خنه‌ له‌چی ده‌گرێ؟ تۆمه‌تی سیاسیبوون ده‌داته‌ پاڵ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، ئه‌مه‌ خۆگێلكردنه‌ له‌واقع! جا كێ ده‌ڵێ ئه‌و دیدانه‌ نه‌قلی حه‌رفی تیورێكی ئه‌ورووپایی نییه‌، پێمانی ده‌فرۆشه‌. ڕۆژگارێكی سه‌یره‌ گوڵم!

عه‌تا له‌توحفه‌كه‌یدا كه‌وتۆته‌ ته‌ناقوزێكی سه‌یره‌وه‌، ئه‌وه‌ی بۆ خۆی خۆشه‌ بۆ دی ناخۆشه‌، بزانین چۆن:(... یه‌كێك له‌و فه‌لسه‌فانه‌ نه‌قڵی حه‌رفی كراوه‌ بۆ مێو زه‌مینه‌ی... سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیای سه‌رخانی گواستراوه‌ی زه‌نینه‌یه‌كی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی جودا له‌وه‌ی خۆمان بووه‌...) ئه‌مه‌ و چه‌ند دێڕی تر له‌یه‌ك خاڵدا هاوبه‌شن، ئه‌ویش هێرشكردنه‌ سه‌ر میتۆدۆلۆژی ماركسیزم، ئیتر به‌بڕوبیانوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌وه‌! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ ده‌مه‌زه‌رد ده‌كاته‌وه‌، خودی خۆی ده‌هۆڵ بۆ شتێكی تر ڕێبازی بنیادگه‌ری ده‌كوتێ، فه‌رزی ئه‌م ده‌دا به‌سه‌ر ئه‌ودا، هه‌رچه‌نده‌ به‌راوردێكی ورد نییه‌. سه‌رچاوه‌كه‌یان ئه‌ورووپایه‌، بانێكه‌ودووهه‌وا! ڕۆژگارێكی سه‌یره‌ گوڵم!

ته‌ناقوزێكی تری ئه‌و توحفه‌یه‌: وا خۆ هه‌ڵده‌خا و نیشان ده‌دا، به‌رگری له‌سه‌ربه‌خۆیی كاملی ئه‌ده‌ب ده‌كا، خوازیاری ئه‌ده‌بێكی سرف پاك و پوخته‌ دوور له‌سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژی! له‌كاتێكدا له‌سه‌دا هه‌شتاوپێنجی گوتاره‌كه‌ی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر میتۆدۆلۆژییای ماركسیزم ته‌رخانكردووه‌! لێره‌دا خۆی سه‌رپشك و شه‌رعی خۆی بكات، ئه‌وه‌ی ده‌ری بڕیوه‌ سیاسه‌ت نییه‌ چییه‌؟ ئه‌گه‌ر به‌قورمیش و ته‌حریزی دووژمنانی چینی كرێكار ئه‌مه‌ی دانه‌به‌زاندبێت، له‌بارێكی تردا به‌قازانجی ئه‌وان ده‌شكێته‌وه‌!

.... نووسه‌ر كه‌سانێكی هزر ئه‌ورووپایی پێباشه‌:(... ڕێگای ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ تاوه‌كو تاكی Indivdual ڕۆژئاوا پێبگا... به‌و مه‌به‌سته‌ی ئازادییه‌كانی تاك بكوژێ...)، ڕۆژگارێكی سه‌یره‌ گوڵم!

په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌، كرێكار و سه‌رمایه‌دار به‌حكومی مه‌وقعییه‌تی خۆیان له‌به‌رهه‌مهێناندا له‌كێشه‌ وململانێی ئاشكرا و نهێنیدان. ئه‌ده‌بیش وه‌ك دیاده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی قارچك نییه‌، له‌خۆیه‌وه‌ هه‌ڵتۆقی بێت، سه‌ر به‌هیچ لایه‌ك نه‌بێت، به‌ڵكوو هه‌ر یه‌كه‌یان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌ده‌ب وه‌ك ئامرازێك به‌كاربهێنێت. ئه‌وه‌ نییه‌ سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌ته‌كانیان به‌حكومی پێگه‌ی ئابووری باڵایانه‌وه‌، هه‌رچی ئامرازی ڕاگه‌یاندن و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر هه‌یه‌ خستوویانه‌ته‌ ژێر ركێفی خۆیانه‌وه‌ و به‌كارهێنانی له‌دژی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشان. ئه‌ویش به‌ ته‌قویه‌تكردنی دابونه‌ریتی كۆنه‌په‌رستانه‌ به‌ره‌سمیكردنی باری مه‌ینه‌تبار و ژێرچه‌پۆكه‌ی كرێكاران. له‌كاتێكدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وانن وه‌ك ئه‌ركی مێژوویی خۆیان دنیای نابه‌ابه‌ر و غه‌وسانه‌وه‌ به‌شۆڕش له‌بنوبێخ هه‌ڵده‌كه‌نن، دنیایه‌كی ئازاد ویه‌كسانی بێچه‌وسانه‌وه‌ پێكده‌هێنن.

به‌ڵام عه‌تا گاڵته‌ی به‌دنیا و ئه‌ده‌بی ئه‌وان دێت: (... كه‌وتوونه‌ته‌ فریودانی جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌ده‌بێك كه‌ پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی كرێكاری...!)، كرێكاران چین هه‌تا ئه‌ده‌بیان به‌ناوه‌وه‌ هه‌بێت! ئه‌وان خولقێنه‌ر و داهێنه‌ری گشت نیعمه‌تی ئه‌م دنیایه‌ن، كه‌واته‌ هه‌قی خۆیانه‌ ستاتیكیانه‌ ته‌عبیر له‌خواست و ئاواته‌كانیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها رێكخراوی سه‌ربه‌خۆشیان هه‌بێت. ئه‌و ئه‌ده‌به‌ كرێكارییه‌ی به‌ر حه‌مله‌ دراوه‌ به‌ئاره‌زووی فڵان و فیسار كه‌س نییه‌، واقعییه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیان فه‌رزی كردووه‌.

(... ئه‌ده‌بی كرێكاری، هونه‌ری چینی كرێكاری هه‌رده‌م ناڕازییه‌، چینێك به‌حوكمی جێوشوێنی عه‌ینی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له‌كۆمه‌ڵدا، هه‌رده‌م له‌دژی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ و بێمافی و مه‌ینه‌ت و كوله‌مه‌رگی ماددی و مه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری خه‌بات ده‌كات. ئه‌م ئه‌ده‌به‌ له‌هه‌مانكاتدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانج و ئاره‌زووی ئازادیخوازانه‌ی مرۆڤی بێبه‌ش و ده‌ستته‌نگ ژنانی سته‌مكێش میلله‌تانی زۆرلێكراو و هه‌موو ئه‌و مرۆڤه‌ به‌شه‌ره‌فانه‌یه‌ كه‌ ڕزگاربوون له‌شه‌لاق كۆتوبه‌ند، ڕزگاربوون له‌كۆیله‌یه‌تی هه‌ڵاواردن، له‌تاریكی و به‌سووك سه‌یركردن، به‌مافی مسۆگه‌ر و ئامانجی خۆیان ده‌زانن...)

هێرشی عه‌تا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاخیزی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كوردستان، له‌ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تای مانگی ئازار 7و8ی3ی1991 یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ده‌ست له‌دژی حكومه‌تی سه‌ركوتگه‌ری سه‌رمایه‌ ڕاپه‌ڕین، له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا ته‌خت و به‌ختیان هه‌ڵته‌كاند.

ئه‌مه‌ چ.... بو عه‌تا به‌سه‌ر خۆیدا هێنای؟ ده‌بێ ئیتر له‌ڕووی بێت سه‌یری له‌سه‌دا هه‌شتای كۆمه‌ڵ كه‌ كرێكار و زه‌حمه‌تكێش پێكده‌هێنن بكات؟ هه‌ركه‌سێكی تر بێت له‌م كه‌لاوه‌ و هوێرانه‌یه‌ نامێنێت، سه‌ری خۆ هه‌ڵده‌گرێ و ده‌چێت بۆ ئه‌ورووپای لیبرالی!
له‌ئاوێنه‌ی خۆزگه‌ی خۆمدا
دنیایه‌كم له‌به‌رچاوه‌
له‌و دنیایه‌، هیچ ئینسانێ، كه‌سی
دیكه‌
له‌خۆی به‌كه‌متر نازانێ
هیچ ئینسانێك، كه‌سی دیكه‌
به‌چاوی سووك، چاو لێناكا
هیچ ئینسانێك، دوژمنی ئه‌ویتر
نییه‌
(لانگستن هیوز)
---------
بڵاوكراوه‌ی ئاڵای شۆڕش ژ:8،7 كانوونی یه‌ك: 1991، جێی ئاماژه‌یه‌ عه‌تا فایه‌ق قه‌ره‌داخی له‌ هه‌مان بڵاوكراوه‌دا ژ: 11 و 12 هه‌مان ساڵ به‌ناونیشانی (ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی سیاسی پێداچونه‌وه‌یه‌كی ڕایه‌ ئاوه‌ژووه‌كانی عه‌باس شوان)وه‌ڵامی دامه‌وه‌.

شێرزاد حه‌سه‌ن كو وا ده‌بێتن؟!

له‌هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان ژماره‌143ی ڕۆژی 1995.1.31 له‌كۆشه‌ی ده‌رفه‌تێكدا چیرۆكنووس كاك شێرزاد حه‌سه‌ن له‌ژێر ناوی به‌دحاڵی بووندا كورته‌ وتارێكی سه‌رپێیانه‌ی هه‌ڵبزڕكاندووه‌ و بڵاوكردۆته‌وه‌. ماوه‌یه‌كه‌ ناوبراو له‌ڕێگای ئه‌م هه‌فته‌نامه‌یه‌وه‌ خوێنه‌رانی ده‌دوێنێ، ئه‌م وتاره‌ی ئێستای چه‌ندهه‌مین بابه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌تی.

ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی شێرزاددا هه‌بێ بۆی ده‌ركه‌وتووه‌، لایه‌نگری ئه‌ده‌بی خالیصه‌ و، چۆن بیرده‌كاته‌وه‌، سه‌ر به‌ چ مه‌یل و بیروبۆچوونێكی نێو خانه‌واده‌ی بۆرژوازییه‌. ئه‌وه‌ی شه‌رزاد بناسێ ده‌زانێ هێنده‌ له‌نێو بۆته‌ی ئه‌ده‌بی عه‌به‌س و وجودی و لقوپۆپه‌كانیدا تواوه‌ته‌وه‌، كارامانه‌ توانیویه‌تی له‌نێو ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌یان بكات.. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ئه‌ده‌بی خۆی داناساكێ، چالاكانه‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی هاوشێوه‌ و هاوڕێبازه‌كانی ئه‌م گۆشه‌ و ئه‌و گۆشه‌ی دنیا ده‌گۆڕێته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

له‌وانه‌یه‌ خوێنه‌ر هه‌ڵوێسته‌ بكات و بڵێ: ئێ قه‌یدی چییه‌، تا ئێستا وه‌ك نوێنه‌ر و ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌و مه‌یل و ڕێبازه‌ ناسراوه‌ و بووه‌، نازانم بۆ له‌مه‌ودوا، مرۆڤ قابیلی گۆڕانه‌، تا سه‌ر درێژه‌پێده‌ری ئه‌و بیروبۆچوونه‌ نابێت. خۆزگه‌ و بریا وا ده‌بوو، ئێمه‌ شاهیدی زۆر له‌هونه‌رمه‌ن و نووسه‌رانیین كه‌ له‌قۆناغێكی دیاریكراوی ژیان، له‌وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی، له‌نزیكبوونه‌وه‌ له‌لایه‌نێكی سیاسی چه‌پ، گۆڕاون، شارێ و ره‌وتی ئه‌سڵی خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ پااڵده‌ستی به‌ره‌ی ئازادیخوازان و حه‌وت به‌ردیان به‌دوای له‌وه‌به‌ری خۆیان هه‌ڵداوه‌.

ئایا ده‌كرێ شێرزاد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا پۆڵین بكرێ؟ بێگومان نه‌خێر. ناوبراو له‌وه‌ ده‌رچووه‌ چاوه‌ڕوانی گۆڕانێكی له‌و چه‌شنه‌ی لێبكرێ. له‌ختوخۆڕایش ڕمل لێناده‌م، هه‌ر یه‌كدوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر و له‌م تریبوونه‌وه‌ به‌چه‌ند بڕوبیانوو زۆر شێلگیرانه‌ له‌دژی وتاری سه‌هه‌ند ناوێك وه‌ستایه‌وه‌، به‌رگری له‌هونه‌ری باو و دواكه‌وتووی وه‌ك گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی و وه‌زعی سائیدی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ده‌كرد! جا بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڵێن، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ لێره‌دا له‌م وتاره‌یدا چه‌ندباره‌ پێی له‌سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له‌ داگرتۆته‌وه‌!

به‌ڕاستی نه‌ده‌ببوایه‌ ناوی بریقه‌داری شێرزاد ئاوی چاوی هاوڕێیانی ده‌سته‌ی نوواه‌رانی ڕێگای ببردایه‌! بۆ تریبیونی بۆرژوازی تر بڕاوه‌؟ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئێره‌، ئه‌م كه‌ناڵه‌ مره‌وج و موبه‌لغی ئه‌ده‌بی مولته‌زم و كرێكاری بێت؟ ئه‌وا نه‌ده‌بوو رێ به‌یه‌كێ له‌نوه‌نه‌رانی ئه‌ده‌بی بۆرژوازی كوردی بدرێ، له‌به‌ر ده‌رگا و له‌به‌ر به‌رۆچكه‌ و له‌نێو ماڵی كرێكارانه‌وه‌ خودی ئه‌ده‌بی چینایه‌تی و مولته‌زم به‌ر هێرش بدرێ!؟ ئه‌گه‌ر په‌لامه‌رده‌ر ره‌خنه‌گر كرێكار بوایه‌ یا ڕۆشنبیرێكی سه‌ر به‌چینی كرێكار بوایه‌، یان ته‌نانه‌ت خاوه‌ن خزمه‌تێكی بچووك بۆ چینه‌كه‌مان بوایه‌، مایه‌ی خۆشحاڵی ده‌بوو، ده‌خرایه‌ بان چاو.

شێرزاد. له‌سه‌ره‌تای وتارۆكه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ ده‌ورونه‌خشی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كرێكاری كردووه‌. له‌هه‌مانكاتدا به‌وه‌ تاوانباری ده‌كات كه‌ ده‌وری تێكده‌رانه‌ی له‌شێواندنی چێژ و له‌زه‌تی ئه‌ده‌بی لای خه‌ڵكی بینیوه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، بۆته‌ هۆی گه‌شه‌نه‌كردن و پووكانه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و نووسه‌رانیشی داوه‌ته‌ پاڵ! جا خۆش ئه‌وه‌یه‌ ناوبراو وه‌ك عاشقی ئه‌ده‌بی كرێكار و ڕیش چه‌رمو خۆ ده‌رده‌خات، هاتووه‌ ده‌رسمان داده‌دات وته‌ی هاوڕێیانی ڕابه‌ری چینی كرێكاری جیهانی ماركس و ئنگلس كه‌ له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه‌ وتوویانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، ده‌یدا به‌ڕووی خۆماندا، سه‌ره‌كۆنه‌مان داكات، گوایه‌ ئێمه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی ئه‌وانیش ناڕۆین! ئه‌مه‌ قسه‌ی ڕۆشنبیرانی چینه‌كه‌مان و كرێكارانه‌ نه‌ك هی شه‌رزاد، دنیایه‌كی سه‌یره‌ گوڵم، تا خاوه‌ن ماڵ دزی گرت، دز خاوه‌ن ماڵی گرت!

ئه‌م شه‌ره‌ی شێرزاد له‌خۆرایی نییه‌، ئه‌وه‌ باجی هه‌ڵه‌ و نارۆشنی سه‌رده‌مانێكی دیاریكراوی مێژوی بزوتنه‌وه‌ی چه‌په‌، به‌ئه‌مه‌ی ده‌گێڕێ. ئه‌و چه‌وتوچه‌وێڵیانه‌ ئێمه‌ لێی به‌رپرس نیین، به‌هه‌ڵه‌ی چینه‌كه‌مانی نازانین، بێبه‌رین له‌و قاڵبكاریانه‌ی به‌ناوی ئێمه‌وه‌ فه‌رزیان كردووه‌، نه‌یارانمان ده‌یده‌نه‌وه‌ به‌ڕووماندا. به‌كه‌س نه‌ووتراوه‌ له‌سه‌ر ره‌چه‌ته‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌مبهێنه‌، ئه‌وه‌ له‌ئه‌مه‌ی عاشقانی خۆری ئازادی بێ كۆتوبه‌ند ناوه‌شێته‌وه‌.

به‌ڵام ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ كۆمه‌ڵگای ئینسانی ئێستا له‌ سه‌دا حه‌فتاوپه‌نجی چینه‌كه‌مان پێكده‌هێنه‌، ئه‌وا ده‌بێ زۆربه‌ی زۆری پاڵه‌وان و ڕووداوی چیرۆك و شیعر و.... له‌ده‌وروخولی كرێكاران و هه‌لومه‌رجی ژیانیان بسوڕێته‌وه‌. به‌ڵام ئایا له‌ئاده‌بی كوردی و جیهانیدا شتی وا هه‌یه‌؟!

ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ باس له‌كۆمه‌ڵگا بكرێ ئه‌وا ئێمه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی شێرزاده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ قه‌ترانییه‌كانی ژیان ده‌بینین، جه‌ده‌لیانه‌ لایه‌نه‌ گه‌شه‌كان، ئاسۆی دواڕۆژه‌ێكی ئینسانیش ده‌بینین. ده‌بێ له‌ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا ره‌نگڕێژ بكرێ. دیاره‌ مانگرتنی كرێكارانی كارگه‌ی ڕستن و چنینی شاری هه‌ولێر كه‌ له‌گه‌رمه‌ی شه‌ری كۆنه‌په‌رستانه‌ی یه‌كه‌می نێوان پارتی و یه‌كێتی 1994 ڕوویدا. یا خۆپیشاندانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بێخانه‌ و لانه‌ی گه‌ره‌كی حامییه‌ی شاری سله‌یمانی 1994 ، به‌لامانه‌وه‌ گرنگ و گه‌شتره‌ وه‌ك له‌همومه‌زاتی و لاوه‌كییه‌كانی ئه‌فراده‌كانی كۆمه‌ڵ كه‌ شێرزاد پێی له‌سه‌ر داده‌گرێ، له‌دژی ئێمه‌ قوتی ده‌كاته‌وه‌، ئیدانه‌مان ده‌كات!

ئاخر ئه‌م شه‌ر و یه‌خه‌پێگرتنه‌ له‌پای چی؟ ئه‌مه‌ به‌پێی ئه‌و كه‌له‌پوره‌ی هاوچینه‌كانمان له‌جیهاندا بۆیان به‌جێهێشتووین و له‌جه‌ره‌یاندایه‌، به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌مامی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كرێكاری خه‌ڵفه‌، به‌ڵام له‌وه‌ تێپه‌ڕیوه‌ به‌هه‌موو زووڕنایه‌ك هه‌ڵپه‌ڕێت و بڵێت ئامیین. ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین گوڕوتینی ئه‌ده‌بی كرێكاری په‌یوه‌سته‌ به‌گه‌شه‌ی ڕوو له‌سه‌ری بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكاره‌وه‌یه‌.
--------------
ڕێگای كوردستان ژ 146ی ڕۆژی 1995.2.21

چاره‌كه‌ وه‌ڵامێ بۆ شێرزاد حه‌سه‌ن

برای به‌ڕێز و هاوڕێم شێرزاد حه‌سه‌ن بۆ وه‌ڵام به‌ره‌خنه‌یه‌كم ( شه‌رزاد حه‌سه‌ن كو وا ده‌بێتن؟) هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان ژماره‌ 146 ڕۆژی 1995.2.21 هاتووه‌ له‌هه‌مان هه‌فته‌نامه‌دا ژماره‌ 155ی ڕۆژی 1995.5.2 به‌ناونیشانی (دیسانه‌وه‌ به‌دحاڵی بوون) وه‌ڵامی داومه‌ته‌وه‌. قروقه‌پ لێنه‌كردن جێی خۆشحاڵییه‌، ده‌رفه‌تێكی تری ره‌خساند تا به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ندێ قسه‌ی تر بكه‌ین و چه‌كوش و نووكی ره‌خنه‌ له‌و خاڵانه‌ بسره‌وێنم كه‌ وروژاندوویه‌تی.

ش.ح وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك دارشتووه‌ هه‌ر كه‌سێ بیخوێنێته‌وه‌، بێ سێودو لێكردن له‌دژم ڕاده‌وه‌ستێته‌وه‌! ئه‌م بێجگه‌ له‌وه‌ی موتوربه‌ی به‌تیروتوانج و وشه‌ی نه‌سیاوی وه‌ك پۆلیس عه‌ریف فه‌قێ تڕۆ و ...هتد كردووه‌! په‌نا بردنه‌ به‌ر شێوازێكی له‌و جۆره‌ كه‌م چیكلدانه‌یی ده‌گه‌یه‌نێ! ئه‌و ته‌سه‌وره‌ باش و چاكه‌ه‌ی له‌به‌رانبه‌ریدا هه‌مان بوو، كاڵ و ته‌نك بووه‌! دیاره‌ ناچمه‌ شه‌رێكی واوه‌، خۆ گه‌ر شان ئارداوی كردن بێت،؟ ئاسانه‌ ئه‌وا ئێمه‌ ده‌ممان له‌زۆر كه‌سی تر وانه‌ك تره‌، یان هیچ نه‌بێ ده‌توانین شێوازی نووسینی نووسه‌ری قه‌له‌مئازا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن به‌كاربهێنین.

ش.ح په‌بزانێ یا نه‌زانێ خۆ به‌زلزانین به‌ وه‌ڵامه‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌، ره‌خنه‌ حسابییه‌كانمانی پێقووت نه‌چووه‌ و له‌به‌ر گرانه‌، بۆیه‌ هه‌تووه‌ له‌به‌رانبه‌ر 58سم به‌ 4،5سم ستونه‌كی 266سم به‌ 5،5سمی نووسیوه‌. درێژدادڕییه‌كی وایش به‌ده‌ر نابێ له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ و ته‌ناقوزات!

هه‌وڵ ئه‌ده‌م سوێره‌ قسه‌ نه‌بم و به‌كورتی وه‌ڵام به‌چه‌ند خاڵ بده‌مه‌وه‌. ش.ح، ده‌ڵێ:(... خۆ گه‌ر ماركسیانه‌ش سه‌یری چینی بۆرژوا بكرێ، ئه‌وه‌ ده‌بێ بڕوا به‌وه‌ بێنین چینێكی پێشكه‌وتووتره‌...) واده‌زانێ ئێمه‌ له‌كۆمه‌ڵگای فیودالیداین له‌بێخه‌به‌ران كه‌شكه‌ك سڵاوات! تا چینی بۆرژوا به‌شۆڕشگیر و پێشكه‌وتوخواز دابنێین! ئه‌و چینه‌ ته‌نها له‌قۆناغێكی كورتماوه‌ به‌تایبه‌ت له‌شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا ئه‌و ڕۆڵه‌ی بینی. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌یری شۆڕشی هه‌مان چین له‌ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا بكه‌ین ئه‌وا به‌خائین و سازشكار له‌قه‌ڵه‌م دراون و شۆڕشه‌كانیان به‌خاراو نه‌ناسراوه‌.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ زۆردار و كۆنه‌په‌رستن بێوه‌عده‌ و به‌ڵین، دوژمنێكی مۆدێرنن سه‌رسه‌ختی تری چینه‌كه‌مانن. زوڵم زۆر و چه‌وساندنه‌وه‌یان ته‌نها له‌شێوازدا جیاواز بووه‌. هاوڕێی ڕابه‌ری ئه‌سڵی چینه‌كه‌مان فردریك ئنگلس له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ چی: (... شۆڕشی فه‌ره‌نسا ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ مه‌عقووله‌ و ئه‌م كۆمه‌ڵگا مه‌عقووله‌ سه‌ریده‌رهێنا، هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ بارودۆغی پێشووتر مه‌عقوول بوو، به‌ڵام پاشان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌هیچ جۆرێك و به‌بێ هیچ ئه‌ملاو ئه‌ولایه‌ك مه‌عقوول نییه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ مه‌عقووله‌ به‌ته‌واوی په‌كی كه‌وتبوو... له‌یه‌ك ڕسته‌دا سه‌رجه‌می ئه‌و بنكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتنی عه‌قل! پێكهاتبوو له‌چاو ئه‌و هه‌موو واده‌ وهیوا ده‌ربڕینانه‌ی ئاڵاهه‌ڵگره‌كانی نه‌ك هیچیان نه‌كرد، به‌ڵكوو بوونه‌ ڕسته‌ كاریكاتێرێكی هیوا پێناماو...)*

ش.ح، چۆن چۆنی لافوگه‌زافمان به‌سه‌ردا لێده‌دا، گوایه‌ سوود و كه‌ڵكی له‌رۆشنفكره‌ ماركسییه‌كان، كامایان مه‌به‌سته‌؟ ناشێ رۆجیه‌ گارودی و نووسه‌رانی ته‌حریفی تری سه‌ر به‌ئۆردگای ڕۆژهه‌ڵاتی مه‌به‌ست بێ؟وه‌رگرتووه‌ و خۆی به‌قه‌رزارباریان ده‌زانێ. هێنانه‌وه‌ی دێڕێكی وا ته‌نها بۆ چه‌واشه‌كردنی خوێنه‌ر نه‌بێ هیچی تر نییه‌! ش.ح، ده‌ڵێ:(...ده‌مانخاته‌ پاڵ خانه‌واده‌ی فیكری بۆرژوازی....) له‌سه‌ر بناغه‌ی نووسراوه‌كانی له‌مه‌وبه‌ری ئه‌و ڕایه‌ ده‌ربراوه‌، فڕێدانی له‌خۆرایی قسه‌ نییه‌، بۆ زیاتر سه‌لماندن هه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه‌ ده‌گرم، ده‌فه‌رموو چۆنچۆنی خۆی به‌یه‌كێ له‌ئیتجاهه‌ بۆرژواییه‌كانه‌وه‌ باده‌دا: (... ڕابه‌ری ئه‌ده‌ب و فیكری وجودی و عه‌به‌سی كه‌ دیاره‌ من بۆ خۆم شانازی به‌هه‌ردووكیانه‌وه‌ ده‌كه‌م، جا به‌هه‌ق من تا ماوم قه‌رزاری ڕۆشنفكره‌ وجودی و نووسه‌ره‌ عه‌به‌سییه‌كانم....).ئیتر كه‌ی خه‌تا له‌منه‌وه‌یه‌، به‌كورد بڵێ چیت شه‌رعی خۆیت بۆ ده‌كا.

ش.ح، ده‌بوایه‌ ئه‌و ئیتجاهه‌ی تۆزێ بۆ خوێنه‌ر باس بكردایه‌، به‌ڵام قه‌یدی ناكا ئه‌و بۆشاییه‌ی بۆ پڕده‌كه‌مه‌وه‌، فه‌رموو: (...وجودیه‌ت له‌ده‌ستچوونی مرۆڤایه‌تی، ئینسانی كۆمه‌ڵی بۆرژوازی ده‌رده‌بڕێت، وای داده‌نێت كه‌ تاكه‌ كه‌س هیچ ڕێگایه‌كی نییه‌ تیا له‌ده‌ست ئه‌و ژیانه‌ بێمانایه‌ ڕزگار بێت، كه‌ به‌سه‌ریا سه‌پێنراوه‌ له‌به‌ندیخانه‌ی یه‌ك ته‌نی ناوه‌وه‌یدا به‌سه‌ر به‌رێت.... به‌گشتی ئایدیای هیچێتی عه‌به‌سی و بێهوده‌ییبوونی ئینسانی په‌ره‌پێده‌دا... مرۆڤ مه‌خلوقێكی بێباوه‌ڕ و بێئایدیاله‌... عه‌به‌سی و هه‌ستداره‌ تا ڕاده‌ی نه‌خۆشی... هه‌وڵدان بۆ به‌رگریكردن له‌مافی ئازادی كه‌سیی.. به‌شداری نه‌كردن له‌خه‌باتی سیاسی سه‌رده‌م ـ خه‌بات له‌دژی فاشیزم و جه‌نگ و ئاپارتاید و...یش ده‌گرێته‌وه‌!... ترس له‌داهاتوو ده‌یانهاڕێ، خۆدانه‌ده‌ست غه‌ریزه‌... ونبوونی ئاسۆی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی... دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌شیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. پشتبه‌ستن به‌میتافیزیكا... گرنگیدان به‌فۆرم و تاقیكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌فۆرمدا...)**

ئه‌مه‌ ئه‌و ئیتجاهه‌ پرشنگداره‌یه‌ كه‌ ش.ح هه‌ر له‌مناڵییه‌وه‌ خۆی پێگۆشكردووه‌. خوێنه‌ر ده‌كه‌م به‌حه‌كه‌م تا خۆی حوكم بدات، له‌هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستاندا كام ڕێباز خزمه‌تی پێده‌كات، ئایا ئه‌و ڕێبازه‌ی ش.ح ده‌یخوازێ؟ یا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌هه‌وڵی گۆڕانی ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌داین بۆ واقیعێكی باشتر و له‌بارتر و ئینسانی تر؟ ئه‌ویش ته‌نها وته‌نها له‌به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان ، ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ست چینه‌كه‌مانه‌وه‌ بێت. بێوچان سه‌رومڕ خه‌ریكی كاركردنین بۆی.

ش.ح، ده‌ڵێ: (... به‌ڵكوو ئه‌و ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیانه‌ش وه‌رده‌گێڕمه‌ سه‌ر زمانی كوردی كه‌ هاوشێوه‌ و هاوڕێبازی منن...) ئه‌وه‌ نه‌بێ په‌شیمان بم له‌و قسه‌یه‌، له‌و هه‌موو دوقه‌ ئه‌ده‌بیانه‌ی وه‌ریگێڕاوه‌ و وه‌ریده‌گێڕێ كامیان خۆی له‌خانه‌ی ئه‌ده‌بی كرێكاری داوه‌؟ ئاخر تۆزێ ئینساف! قابیله‌ مێژووی پڕ له‌كێشمه‌كێش و سه‌روه‌ری چینه‌كه‌م هیچ شاكارێكی نه‌دابێ به‌ده‌سته‌وه‌؟ یا ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌خۆی نه‌خستبێته‌ڕوو كه‌ ڕووی مه‌جلیسیان هه‌بێ؟!

ئه‌ده‌بی فڵان و فیسار نه‌ته‌وه‌ ناگرم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ش.ح پسپۆره‌ له‌زمانی ئینگلیزی، ته‌نها نموونه‌ له‌ئه‌ده‌بی ئینگلیزیزمان له‌ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیای وه‌بیرده‌هه‌نمه‌وه‌: ڕۆمانی پاژنه‌ ئاسنینه‌كانی جاك له‌نده‌ن، ڕۆمانی هێشووه‌كانی تووڕه‌یی شتاینبگ، سه‌نگه‌ره‌كانی دبلن ،... چیرۆك و هۆزانی ئه‌مه‌ریكی سه‌رده‌می قه‌یرانی ساڵانی كۆتایی بیسته‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌. ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌سه‌ده‌ها ده‌قی ئه‌ده‌بی نا ئینگلیزی وه‌ك ڕۆمانی چابایفی دیمیتری فورمانف، ڕۆمانی ڕێبه‌ر ی مه‌هدی حسین، ڕۆمانی نینای سابت ره‌حمان، هۆزانه‌كانی هاینه‌،....هتد. ئیتر ش.ح بۆ خۆی به‌سه‌رماندا باده‌دا له‌كاتێكدا پڕكێشی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ له‌و خه‌رمانه‌ یه‌ك ده‌نك وه‌رگرێ؟ له‌خۆرایی تفه‌نگ به‌تاریكه‌ شه‌وه‌وه‌ نانێین.

ئێمه‌ وتوومانه‌: (... دیاره‌ مانگرتنی كرێكارانی كارگه‌ی ڕستن و چنینی شاری هه‌ولێر كه‌ له‌گه‌رمه‌ی شه‌ری كۆنه‌په‌رستانه‌ی یه‌كه‌می نێوان پارتی و یه‌كێتی 1994 ڕوویدا، یا خۆپیشاندانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بێخانه‌ و لانه‌ی گه‌ره‌كی حامییه‌ی شاری سله‌یمانی 1994 به‌لامانه‌وه‌ گرنگ و گه‌شتره‌ وه‌ك له‌همومی زاتی و لاوه‌كییانه‌ی ئه‌فراده‌كانی كۆمه‌ڵ...) كه‌چی ئه‌و قسه‌كانی به‌لنگه‌وقووچی فۆتۆكۆپی كردووه‌: (... عه‌باس له‌هیچه‌ گاڵته‌یان پێده‌كا...) نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ له‌چه‌ند په‌ره‌گرافی تردا هه‌مان كاری دووباره‌كردۆته‌وه‌! ئاخر ش.ح خوات بێ كه‌ی وتوومه‌: (... شێرزادی حه‌سه‌نی پۆلیس...) كو واده‌بێتن؟!

له‌نێو كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری به‌تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی موسته‌بد هه‌رچی هه‌ق و حقوق هه‌یه‌ بۆ مرۆڤان به‌ره‌سمی نه‌ناسراوه‌، نموونه‌ی زیندوو عێراقی عه‌ه‌بی، كوردستانی عێراق، ئێرانی ئیسلامی، عه‌ره‌بی سعودی، سودان،...هتد. وه‌زع و حاڵوئه‌حواڵی خه‌ڵكی به‌گشتی تا چ ئاستێكی سه‌رسووڕهێنه‌ر هاتۆته‌خوارێ و نزمه‌، قابیلی قبول نییه‌! ئه‌م جهه‌نمه‌ واقیعییه‌ به‌ته‌نها كرێكاران كه‌ بێبه‌شترین كه‌سانن، نه‌هاڕیوه‌ و نه‌پلیشاندۆته‌وه‌ به‌ڵكوو زۆر به‌شیش له‌توێژی بۆرژوازیشی ڕاماڵیوه‌ و به‌رشه‌قی سه‌رمایه‌ كه‌وتوون و ده‌كه‌ون. هه‌لومه‌رجێكی وا ئۆپۆزسیۆنی جۆراوجۆر ده‌خولقێنێ. له‌نێو ئه‌و خه‌رمانه‌ پووچه‌دا كه‌ زۆربه‌یان به‌فیتی بۆرژوا به‌مه‌به‌ستی شێواندنی خه‌باتی چینایه‌تی كرێكارانه‌ هه‌ڵده‌خرێنرێن، كامیان هه‌قانین و ئه‌سڵین؟ دیاره‌ ئاڵاهه‌ڵگرانی پڕچه‌ك به‌تئیوری شۆڕشگیرانه‌ كرێكارانن.

كه‌ ئه‌مه‌ ده‌رده‌بڕێ مانای وانییه‌ هه‌ر هه‌موو خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كه‌ وه‌لاده‌نروێ و فت. به‌پێی شه‌رایتی و هاوسه‌نگی هێزه‌ چینایه‌تییه‌كان نه‌ك شه‌قیان تێهه‌ڵنادرێ به‌ڵكوو ده‌ستیان پێوه‌ده‌گیرێ و له‌هه‌وڵی گه‌شه‌پێدان و ته‌قوییه‌ت و به‌هێزكردنی ناڕه‌زایه‌تییان و خستنه‌ سه‌ر شاڕێگای واقعی خۆی.كێ هه‌یه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی شێرزادی لاپه‌سه‌ند نییه‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیراندا و له‌كاتی شه‌ری یه‌كه‌می ناوخۆ له‌به‌رده‌م چه‌ند په‌رله‌مانتار و جه‌ماوه‌رێكی زۆر نواندی، به‌په‌رله‌مانتارانی وت: قه‌ره‌قۆز.

یا زۆر هه‌ڵوه‌ستی جه‌ریئانه‌ی تر كه‌ لێره‌وله‌وێ له‌به‌رانبه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژن، ئایین،سێكس نواندویه‌تی. یا ئه‌و وتاره‌ی به‌ناونیشانی ئه‌مه‌ و غاندی و غاده‌ سامان هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان ژماره‌ 146 ی ڕۆژی 1995.2.21 بڵاویكردۆته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ سیزیفانه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی ململانێی نێوان جه‌ماوه‌ و فه‌رمانره‌وایان ده‌ڕوانێ. جێی قبوله‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵاوی ناره‌زایه‌تی لێبه‌رزده‌بێته‌وه‌. به‌گشتی شتێ ده‌خاته‌ سه‌ر مه‌عریفه‌ت به‌یه‌ك كه‌لام ئه‌گه‌ر كه‌سێ خۆ له‌بوارێك بدات مه‌له‌ نه‌زانه‌، خۆ له‌مه‌له‌وان به‌مه‌له‌وانتر بزانه‌، هه‌ق به‌مه‌له‌وانه‌ بێ دوودڵی به‌ر ره‌خنه‌ی بدات و له‌شوێنی خۆیدا ڕایگرێ.

ش.ح، له‌غه‌ند شوێنێكدا پۆلیس، عه‌ریفی ئه‌ده‌ب، جۆزیف ماكارسی، ژدانۆفی كردووه‌ به‌كاڵا و به‌به‌رمیدا كردووه‌! گوایه‌ له‌سه‌ر شێوازی ئه‌وان قالب و قالبكاریمان كردووه‌! ئه‌م تۆمه‌تانه‌ له‌باری مێژووییه‌وه‌ هه‌ڵه‌ و غه‌فله‌تێكی فه‌زیعه‌، چوونكه‌ ئه‌و دوو تاوانباره‌ كاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بوون، ریعایه‌تی سیاسی ده‌وڵه‌تیان كردووه‌، له‌دژی بیروڕای ئازاد، له‌دژی كرێكار و كۆمۆنیستان. ئه‌وانیش كوڕی هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراوی جیهانی بوون. له‌كاتێكدا نه‌ئێستا ئه‌و سه‌رده‌م و هه‌لومه‌رجه‌یه‌ نه‌ئێمه‌یش له‌گه‌ڵیاندا بووین، نه‌ له‌ده‌وڵه‌تیشداین تا كاری وا بكه‌ین. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین ڕۆژانه‌ له‌ژێر ره‌حمه‌تی تیڕۆری هێزه‌ زۆروزه‌به‌نده‌كه‌ی بۆرژوازیداین و سانسۆر ده‌كرێین. ئه‌م ناوناتۆرانه‌ لاساییكردنه‌وه‌ی باوه‌گه‌وره‌ ـ بۆرژوایه‌. به‌ئیڕهابكردن له‌قه‌له‌م ده‌درێ!

شێرزاد، ده‌ڵێ: (... بۆ نایه‌ت به‌كدی تاقی بكه‌ینه‌وه‌، با له‌یه‌كێ له‌هۆڵه‌كانی سلێمانی... چۆن گوێ له‌من و ئه‌و ده‌گرن...) ئه‌م ته‌سریحه‌ دۆنكیشوه‌تیانه‌یه‌م لێچاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرد، نازانم چۆن كه‌وتۆته‌ غه‌فله‌تێكی واوه‌؟! ئاخر كه‌ی ئه‌وه‌ قیاس بووه‌؟ دیاره‌ جه‌نابی به‌ده‌ردی سیاسه‌تمه‌داره‌....چووه‌، عاشقی چه‌پڵه‌ و جه‌ماوه‌ری زۆروبۆر و عه‌نته‌ریاته‌!

ش.ح، عاده‌تیه‌تی ترشوخوێی زیاد به‌چیرۆكه‌كانییه‌وه‌ بكات، نه‌فه‌س درێژی گه‌ره‌كه‌، هه‌موو كه‌س نایخوێنێته‌وه‌ مه‌گه‌ر كوڕوكاڵی قۆناغه‌كانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی و زانكۆكان، چینی كرێكار به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه‌ نه‌ك چیرۆكه‌كانی ئه‌و به‌ڵكوو ئه‌وانی منیش كه‌ ڕاسته‌وخۆ مخاته‌به‌یان ده‌كات نه‌خوێننه‌وه‌ و بێئاگا بن لێی، ته‌شبیهـ نه‌بێ، ئیتر گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو بۆ؟!

ده‌ڵێ: (... ماركس بۆ خۆی كه‌ڵكی له‌هیگڵ و فیورباخ وه‌رگرتووه‌... ئیگلز سه‌رمایه‌دارێكی بچووك بێ و ماركسیش ڕۆشنفكرێكی بۆرژوازی بوو بێ...) هاوڕێ ماركس لایه‌نه‌ پۆزه‌تیفه‌كانی هه‌وڵ و تێكۆشانی ئه‌و دوو زانایه‌ی وه‌رگرتووه‌، خڵته‌ و خه‌وێڵه‌كانی لێفڕێ داوه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ئاپارتمانی پۆڵایینی ئایدۆلۆژیای چینه‌كه‌مانی بنیات ناوه‌. چه‌ند ته‌شبیهێكی ناجۆره‌، ئه‌گه‌ر بێت و ڕابه‌رانی ئه‌سڵی له‌گه‌ڵ فڵان و فیسار سیاسی نووسه‌ر به‌راورد بكرێت! ئه‌وانه‌ هه‌موو ژیانیان له‌پێناو سه‌رفرازی به‌دیهێنانی زانستی ڕزگاریبه‌خشی چینه‌كه‌مان به‌خه‌رجداوه‌.

شێرزاد، نه‌ك خێری بۆ ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌بڕوبیانو هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر به‌شێك له‌فه‌رهه‌نگیمان و ئه‌وانه‌یشی وه‌ك قه‌قنه‌س بۆی ده‌سوتێن! شاڕێگای خۆمان له‌نێو ئاپووره‌ی جانه‌وه‌ران دۆزیوه‌ته‌وه‌، ڕه‌ده‌كه‌ین به‌ره‌و خۆری ئازادی یه‌كسانی... جا ئێمه‌ به‌دحاڵین یان ئه‌و..؟

له‌كۆتاییدا ده‌نگم له‌گه‌ڵ ده‌نگی گۆرگیدا تێكه‌ڵ ده‌كه‌م: (... ئامانجی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی مرۆڤ بدات تا خۆی بناسێ و باوه‌ڕی به‌خۆی قایم بێ. ئاره‌زووی ڕاستیپه‌رستی و خه‌باتكردن دژی نزمی و پووچی له‌بوونی خه‌ڵكیدا په‌ره‌پێبدات،. بتوانێ سیفه‌تی چاكه‌یان تێدا بێدار بكاته‌وه‌، پاكژی غرور و دلێری له‌رۆحی خه‌ڵكیدا بچه‌سپێنێ و بێدار بكاته‌وه‌. كارێكی وا له‌خه‌ڵكی بكا كه‌ ببن به‌خه‌ڵكانی نه‌جیب به‌هێز و ئاینده‌ڕوون، بتوانن ژیانی خۆیان له‌گه‌ڵ گیانی پیرۆزی جوانیدا یێكه‌ڵ بكه‌ن...)***
سه‌ره‌تای حوزه‌یران 1995
--------------
* باسێك له‌سه‌ر سۆسیالیزم(ئه‌نتیدورینگ)ـ فردریك ئه‌نگلس ـ وه‌رگێڕانی ب. ئارام ـ ئینتشاراتی مه‌ركه‌زی كۆمه‌ڵه‌ ـ ئێران 1995 ل 2
** فه‌لسه‌فه‌ی جوانی و هونه‌ر(ئیستاتیكا) ـ كه‌مال مه‌مه‌ند میراوده‌لی ـ زانكۆی سلێمانی ـ 1979 ل 351ـ355 .
*** ئامانجی ئه‌ده‌بیات ـ مه‌كسیم گۆرگی وه‌رگێڕانی حه‌مه‌كه‌ریم عارف ـ چریكا فیدائی خه‌ڵكی ئێران ـ 1987 ل 6

محه‌رەم محه‌مه‌د ئه‌مین و سه‌عید سیرجانی

‌عه‌لی ئه‌كبه‌ر سه‌عید سیرجانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 27ی تشرینی دووه‌م له‌نێو به‌ندیخانه‌ی شاری تاراندا گیانی له‌ده‌ستدا. سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت هۆی مردنه‌كه‌یان گه‌ڕاندبۆوه‌ بۆ ڕاوه‌ستانی له‌ناكاوی دڵ.
عه‌لی ئه‌كبه‌ر، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوو، له‌مانگی ئاداری 1993دا، نامه‌یه‌كی سه‌رئاوه‌ڵای ئاراسته‌ی ڕابه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران عه‌لی خامنه‌ئی كردبوو، تێیدا خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌، نه‌مانی سانسۆر بووه‌ و...
دوابه‌دوای ده‌ستگیركردنی، پیاوانی حكومه‌ت چوونه‌ ماڵه‌كه‌ی، هه‌رچی كتێب، ده‌سنووس، یاداشتنامه‌ی هه‌بوو، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت. ڕۆژنامه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌عید سیرجانییان به‌وه‌ تاوانباركرد گوایه‌ پاره‌ی له‌ئۆپۆزسیۆن وه‌رگرتووه‌، خه‌ریكی قاچاخچێتی، هه‌تیوبازی، تلیاك خۆریی بووه‌!
به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی، نووسه‌رانی جیهان بۆ به‌رگری لێكردنی كه‌وتنه‌خۆ. ئه‌وه‌بوو 3 نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی له‌جیاتی 2600 كه‌س له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی جیهانی قه‌ڵه‌م، له‌نامه‌یه‌كدا بۆ حكومه‌تی ئێرانیان ناردبوو، داوای به‌ده‌ستهێنانی هه‌واڵی سه‌لامه‌تی گیانی نووسه‌ریان كردبوو.

هه‌روه‌ها 80 ئه‌نجوومه‌ن، 2800 نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ندی ژنانی نه‌مسا، له‌چه‌ند نامه‌ی ناره‌زایه‌تی جیاواز كه‌ كردبوویانه‌ سه‌ر حكومه‌تی ئێرانی. بێجگه‌ له‌وه‌ی ڕایانگه‌یاندووه‌ له‌گه‌ڵ ئازادی ته‌واوی بیروڕا و قه‌ڵه‌مدان، له‌هه‌مانكاتدا ناڕازین له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌، خوازیاری ئازادكردنی ده‌ستبه‌جێی نووسه‌رن.

چاره‌نووسی س. سیرجانی به‌كوێ گه‌یشت؟
ئه‌مه‌ پرسیارێكی چه‌ند باره‌ بوو، حكومه‌ت هیچ وه‌ڵامێكی فه‌رمی نه‌ده‌دایه‌وه‌!
سه‌رئه‌نجام ڕۆژی 1993.5.2 له‌ڕۆژنامه‌ی كیهاندا ده‌قی پاكانه‌نامه‌یه‌ك، تۆبه‌كردن له‌و كارانه‌ی كردوویه‌تی به‌ده‌ستوخه‌تی نووسه‌ر بڵاوكرایه‌وه‌.

به‌ڵێ، دوای 9 مانگ، هه‌روه‌ك قسه‌كه‌ری فه‌رمی حكومه‌ت ڕایگه‌یاند س. سیرجانی له‌ئه‌نجامی ڕاوه‌ستانی له‌ناكاوی دڵ گیانی له‌ده‌ست داوه‌! بابزانیین كچی نووسه‌ر سایه‌ سیرجانی – 26 ساڵه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ چی به‌ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز گوتووه‌ :
باوكم هه‌رگیز نه‌خۆشی دڵی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه‌.
هه‌مان ڕۆژنامه‌ له‌سه‌رزاری ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌یان دووپات كردۆته‌وه‌ :
تۆمه‌تی تلیاكخۆری س. سیرجانی بوختانێكی بێشه‌رمانه‌ نه‌بێ هیچی تر نییه‌.
هه‌ره‌وها حه‌مید موسه‌ده‌قی پارێزه‌ری س. سیرجانی، ده‌ڵێ :
له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌ سه‌رئاوه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ بۆ عه‌لی خامنه‌ئی نووسی، 6 مانگی ره‌به‌ق ئه‌شكه‌نجه‌یاندا، تا ناچار بوو ئه‌و پاكانه‌یه‌ پڕبكاته‌وه‌.
تراجیدیای مه‌رگی س. سیرجانی، ئه‌و مه‌رگه‌ شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌یه‌ی چیرۆكنووسی له‌مه‌ڕ خۆمان محه‌ره‌م محه‌مه‌دئه‌مین ده‌مه‌زه‌ر و
وه‌بیرده‌خاته‌وه‌ :
ئه‌و ساڵه‌ 1980 فه‌رمانگه‌ی ئه‌من – ئاسایشی شاری سله‌یمانی، محه‌ره‌میان به‌هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه‌ بوو ده‌ستگیركرد، له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا
به‌رگه‌ی نه‌گرت و گیانی له‌ده‌ستدا.
فه‌رمانگه‌ ڕوو زه‌رده‌كه‌ی ئه‌من – ئاسایش، له‌ئه‌نجامی ئه‌و ناهه‌قییه‌ بۆ داپۆشینی تاوانیان، وایان بڵاوكرده‌وه‌ گوایه‌ به‌هۆی
پیر بوونییه‌وه‌ دڵی له‌لێدا وه‌ستاوه‌!
------------
بڵاوكراوه‌ی جهان امروز ژماره‌ 4 كانوونی یه‌كه‌م 1994 1995.1.29
له‌بڵاوكراوه‌ی ڕزگاری ژماره‌؟ مانگی؟ ساڵی 1995 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

تیشك بۆ سه‌ر چیرۆكی ره‌وشتی جوان 

پوخته‌: كابرایه‌كی سه‌رمایه‌دار به‌هۆی بازاڕگه‌رمییه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ كرێكارێك كاتب ی گه‌ره‌كه‌، كه‌ چه‌ند مه‌رجێكی تێدا بێت! خه‌ڵكانێكی فره‌ به‌كار به‌پیر بانگهێشته‌كه‌وه‌ ده‌چن. له‌ئه‌نجامدا له‌و هه‌مووه‌ تاكه‌ یه‌ك كه‌س هه‌ڵده‌بژێرێ!
دوای خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك، خوێنه‌ر هه‌ست به‌دیارده‌یه‌ك ده‌كا، ئه‌ویش بێكارییه‌، به‌كارییه‌كی گه‌وره‌وگران به‌ربینی به‌ خه‌ڵكی گرتووه‌ئه‌وه‌یش له‌وه‌وه‌ به‌دیار ده‌كه‌وێ كاتێ كابرایه‌كی مفته‌خۆر ڕاده‌گه‌یه‌نێ ته‌نها كرێكارێكی ده‌وه‌، كه‌چی به‌جارێ خه‌ڵكێكی زۆر به‌سه‌ریدا داده‌بارێ! دیارده‌ی تاڵ و دزێوی ئاوا پرسیار دروست ده‌كا:
هۆی دروستبوونی بێكاری له‌چیدایه‌؟
كێ به‌رپرسیاره‌؟
چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی؟

ئه‌گه‌ر ورد بڕوانین ده‌بینین: دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران عێراق، له‌ژێر فشاری بزوتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ق و ره‌وای خه‌ڵكی كورد نابێ ئه‌و فشاره‌ به‌هێزه‌ی ڕای گشتی جیهان كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق دانا له‌مه‌ر مه‌سه‌له‌ی چۆڵ و خاپوركردنی لادێ، شاره‌دێ و شارۆچكه‌كان. به‌كارهێنانی به‌ربڵاوی چه‌كی مۆدێرنی وه‌ك بۆمبی كیمیاوی، كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵك له‌یاد بكرێ.
توانرا وه‌ك جاره‌كانی دی مل به‌ده‌وڵه‌ت شۆر بكرێ، ئه‌وانه‌ی هه‌تا دوێنێ معاریزبوون به‌جه‌نگ ئاماده‌نه‌بوون به‌شداری تیا بكه‌ن، به‌جه‌نگی خۆیان نه‌ده‌زانی له‌یئاگری سوتێنه‌ری هه‌ڵهاتبوون، ته‌سریح و مه‌ره‌خه‌س كران، گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی ئاساییان.

به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری كوشنده‌ و چارهه‌ڵنه‌گر كه‌وتۆته‌ په‌له‌قاژه‌، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ ده‌یه‌وێ باری گرانی سووك بكا و بیدا به‌سه‌ر شانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشان. به‌ده‌ست پێكردنی هێرشی سیسته‌ماتیك بۆ سه‌ر ژیان و ئاستی گوزه‌رانیان : ده‌ركردن و ته‌عین نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌زاره‌ها كرێكار فه‌رمانبه‌ری كه‌رتی ده‌وڵه‌تی دوای ته‌واو بوونی خزمه‌تی سه‌ربازی! هه‌نگاوه‌كی دژ كرێكاری وا مه‌گه‌ر ده‌رهه‌ق به‌ملیۆنه‌ها كرێكاری ره‌شپێستی كانه‌كانی خه‌ڵوزی به‌ردی وڵاتی خوارووی ئه‌فه‌ریقا ( ) كرابێ!
................................................................................................................................
................................................................................................................................
له‌جیاتی ته‌رحكردنی مه‌سئیلی كرێكاری هاتوی به‌ر حه‌مله‌تداون سووكایه‌تیت پێكردوون: به‌عه‌قلخاو، مناڵ هێشتا بۆنی شیری خاو له‌ده‌میان دێ له‌قه‌ڵه‌مداون!وانه‌ی ئه‌خلاق كام ئه‌خلاق؟ داده‌ده‌ی به‌م شێوه‌یه‌: به‌عه‌ده‌ب بن، قسه‌ی هه‌له‌ق وومه‌له‌ق مه‌كه‌ن، یه‌عه‌، پاكوته‌میز بن، بڤه‌، ئاگاتان له‌ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان بێ مه‌یشكێنن، هاروهاج و جرپن مه‌بن، له‌ئیشی پیاودا هه‌ڵمه‌ده‌نێ، خۆ هه‌ڵمه‌قورتێننه‌ شت با دڵی سه‌رمایه‌داره‌ گوناحه‌كان نه‌ره‌نجێ! ئه‌وان له‌ئێوه‌ عاقلترن! هه‌رچی عه‌قل و ئه‌خلاق و مرۆڤایه‌ه‌تییه‌ له‌لای ئه‌وانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی دی وه‌رده‌چێ و ماوه‌ته‌وه‌؟!

ئه‌م شتانه‌ رێك به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و په‌یڤه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێ: كرێكاران ڕزگاریده‌ری خۆ و میلله‌تن و دوا ڕۆژ هی ئه‌وانه‌. ئه‌و مرۆڤه‌ سته‌مدیده‌ و ره‌نجبێوه‌رانه‌ی هه‌رچی خۆشی و نیعمه‌تی جیهانی پانوپۆڕه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌رشان و باهو و عاره‌قی نێوچه‌وان چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌وان به‌نده‌، بنیادنراوه‌. كه‌چی به‌ڕێزتان به‌گێل و نه‌فام و هیچ نه‌زانیان ده‌شوبهێنن! هیچ حسابێكی ئینسانیت بۆ نه‌كردوون! ئه‌مه‌ چی پێده‌ڵێن؟

له‌ڕاستیدا ئه‌م هێرشه‌ ناره‌وایه‌ی كردوته‌ سه‌ریان وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كردبێتته‌ سه‌ر خۆت و خۆشك و برا و خزم و كه‌و وكار و ده‌رودراوسێكانت، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك ته‌نێ ئێستا كرێكار نه‌بی، ئه‌وا نزیكی لێیانه‌وه‌. هه‌موو كاتێ ژیان و گوزه‌رانت موعه‌ره‌زی لێدانه‌ و كه‌وتنه‌، بوون به‌كرێكار له‌مرۆ و سبه‌ینێدایه‌. هه‌ر به‌مه‌شه‌وه‌ به‌نگ نابی وه‌ك قسه‌بێژێكی چینی سه‌رمایه‌دار هه‌ره‌شه‌ ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌و سیفه‌تانه‌یان تێدا نه‌بێ یه‌عنی مه‌ڕ بن چۆنیان بوێ بیانره‌تێنن، سه‌گگیان پێڕاوبنێن ئه‌گینا كاریان پێنادرێ و سه‌ركه‌وتوو نابن! ده‌بێ هه‌ر به‌بێكاری بسوڕێنه‌وه‌، ئه‌و كاته‌یش تووشی چاره‌نووسێكی ره‌ش نادیار ده‌بن، یا ئه‌وه‌تا ده‌كه‌ونه‌ سواڵ، له‌شفرۆشی، دزی، شێتبوون، یان خۆیان و مناڵیان له‌برسا بمرن یان له‌داخا خۆ بكوژن!

ئا ئه‌مه‌یه‌ خێروبه‌ره‌كه‌تی هه‌ڵڕژاوی چینی سه‌رمایه‌دار؟ ئا ئه‌مه‌یه‌ ئینسانیه‌تی ئه‌و چینه‌ به‌ڕێزه‌ كه‌ له‌گوڵ كاڵتری پێناڵێی؟ بویته‌ته‌ بڵندگۆی به‌لاش و جاڕیان بۆ ده‌ده‌ی؟ ئه‌بێ كرێكاران شتێكیان لێكردبێتی؟ قووتكردنه‌وه‌ی شه‌رت و شروتی ئه‌خلاقی شتی تری له‌نموونه‌ی ئایین له‌به‌رده‌م كرێكار و زه‌حمه‌تكێشاندا ته‌نها بۆ كه‌له‌پچه‌ و سه‌ره‌كۆنه‌كردنی ده‌نگی ناره‌زایه‌تییان به‌سه‌رجه‌م سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، نه‌بێ هیچی دیكه‌ نییه‌! ئه‌وه‌یش به‌قازانج و خزمه‌تكردنی سه‌رمایه‌داران ده‌شكێته‌وه‌! كۆتایی 1989
----------
ناوی چیرۆك: ره‌وشتی جوان بنچینه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌/ نووسه‌ر: حه‌سه‌ن مه‌حمود ره‌سول/ له‌هه‌فته‌نامه‌ی هاوكاری ژماره‌ 1052 ی ڕۆژی 1989.2.20 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

كورته‌چیرۆكی:سه‌ما

(... من ئێستا له‌پێناو بیست ووچوار سه‌عات سه‌ربه‌ستیدا، ئاماده‌م بیست ساڵ زیندانی بم، بیست ساڵ بسووتێنرێم ...) ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی به‌توێكڵ و ئاوكێشی پاڵه‌وانی كورته‌چیرۆكی سه‌مایه‌ لاپه‌ره‌ ٤٨ تا ٦٠. گرنگی وشه‌كان له‌وه‌دایه‌ له‌به‌رگی پشته‌وه‌ی كۆچیرۆكه‌كه‌دا به‌پیتی گه‌وره‌ دووباره‌كراوه‌ته‌وه‌.
ده‌با بزابین ئه‌و گه‌وره‌كردنه‌ ئه‌وه‌ده‌هێنێ؟ ئه‌م جۆره‌ په‌یڤانه‌ نوێیه‌؟ تا چ ئاستێ ره‌ونه‌قی هه‌یه‌؟

ئه‌و دیموكراتییه‌ی ئێوه‌ گه‌ره‌كتانه‌، له‌پێناویدا فیداكاری ده‌نوێنن، ئاماده‌ی قوربانیدانن، ناڕۆشنی له‌وه‌دایه‌ خوازیاری ئازادین، ئازادییه‌كی ڕووت به‌بێبه‌ستنه‌وه‌ی به‌مه‌وقعیه‌تی چینه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان! ئه‌مه‌یش كافی نییه‌، تێكه‌ڵكردنی ره‌نگه‌كانه‌!

له‌باره‌ی ئازادی و دیموكراتی زۆرمان بیستووه‌، شتێكی نامۆ نییه‌، له‌هۆڤیترین ده‌وڵه‌تانی دنیاوه‌ بیگری هه‌تا به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌م وڵاتانه‌ به‌هه‌موو ره‌نگه‌كانییه‌وه‌، ده‌هۆڵ بۆ سه‌ربه‌ستی دیموكراتی و دیموكراتخوازی لێده‌ده‌ن! به‌وه‌یش كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌لارێدا ده‌به‌ن! سه‌ربه‌ستی دیموكراتی ته‌نها بۆ چینی سه‌رمایه‌داریان مه‌به‌ست و گه‌ره‌كه‌!

له‌لایه‌كی دییه‌وه‌، به‌شێك له‌وانه‌ خوازیاری به‌دیهه‌نانی ڕیفۆرم له‌نیتاقی سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌داریدان! ئه‌م شكڵ و شێوه‌ دیموكراتییه‌ له‌دیدی چینی كرێكاره‌وه‌ درێژه‌دان به‌هه‌رچی زیاتری چه‌وسانه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ!

ته‌نها ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی ته‌واو و كه‌ماڵ كۆتایی هێنان به‌گشت نابه‌رابه‌رییه‌ك به‌رپاكردنی شۆڕشی كرێكاری، دامه‌زراندنی حكومه‌تی كرێكاری - سۆسیالیزمه‌.
كۆتایی تشرینی دووه‌م ١٩٩٠
سه‌رچاوه‌: كۆمه‌له‌چیرۆكی سه‌ما نووسه‌ر: به‌كر حه‌سه‌ن/١٩٩٠


نووسینەکانی ساڵی ٢٠٠٩


AbasShiwan-عەباس شوان

مه‌سعود بارزانی، له‌درامای ‌دۆڵی گورگاندا چی ده‌کات!؟
2009.2.1

کورد له‌ (‌دۆڵی گورگان - واد الذئاب Kurtlar Vadisi) دا! ناونیشانی نووسینێکی هێژا سلێمان عه‌بدوڵڵا یونسه‌، ڕۆژی دووشەممە, 26 کانونی دووەم 2009 ، له‌یه‌کێ له‌ماڵپه‌ڕه‌کاندا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
مه‌به‌ستی نووسینه‌که‌ وریاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد به‌ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵاته‌وه‌، که‌ له‌شێوه‌یه‌کی نوێ به‌ر هه‌ڵمه‌تی شێواندن ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش بواری نواندنی ته‌له‌فیزیۆنییه‌!
دۆڵی گورگان، زنجیره‌ - سریالی ته‌له‌فیزیۆنی تورکییه‌ به‌دۆبلاجی عه‌ره‌بی، تا ئێستا زیاتر له‌ 30 به‌ش- ئه‌لقه‌ی له‌که‌ناڵی ئاسمانی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌بو زه‌بی یه‌ک، پیشاندراوه‌.

دراماکه‌ ڕاده‌یه‌ک له‌دراما میسرییه‌کان هونه‌ری تره‌، بۆیه‌ بینه‌ر زۆر به‌ئاسانی به‌لای خۆدا ڕاده‌کێشێت؛ ده‌مێک دڵداری، ده‌مێک توندوتیژی، ده‌مێک پۆله‌تیکا، ده‌مێکیش سیخوری و نهێنییه‌کانی، وه‌هه‌روه‌ها..
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ماوه‌ی ساڵێک ده‌بێت، که‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌کان سه‌ریان کردۆته‌ سه‌ر ئه‌و سریاڵه‌ تورکیانه‌، پێشه‌بڕکێیانه‌ بۆ پیشاندانیان، یه‌کێکیان ته‌واو نابێت دوانی تر ئاماده و به‌ڕێوه‌‌یه‌.

دیاره‌ له‌نێو ئه‌وانه‌دا تائێستا بێجگه‌ له‌م سریاڵه‌، دانه‌یه‌کی تریان پیشاندا به‌ناوی( بێ شوێن و بێ نیشتمان – لا مکان لا وطن)ه‌وه‌، حیکایه‌تی خۆش و ناخۆشی ‌خێزانێکی کوردی باکوری دانیشتووی شاری حه‌سه‌ن کیفی بۆ ده‌گێڕاینه‌وه‌ که‌ به‌هۆی دروستکردنی به‌نداوێکه‌وه‌ به‌شێک له‌شاره‌که‌ که‌وتۆته‌ ژێر ئاوه‌وه‌.
ئه‌و زنجیرانه‌ بێجگه‌ له‌دۆڵی گورگان له‌نێو ڕاگه‌یاندنی کوردیدا ده‌نگی نه‌دایه‌وه‌! بۆچی ئه‌مه‌یان قسه‌وباسی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوی کورد به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکرده‌کانی به‌خراپ و ناشیرین ناو ده‌هێنرێن!
سه‌ره‌تا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌رێم مه‌سه‌له‌که‌ی وروژاند، له‌ڕێگای بالیۆزخانه‌ی عێراق له‌ئیماراته‌وه‌ یاداشتنامه‌یه‌کیان به‌که‌ناڵی ناوبراو داوه‌، تێدا داوا کراوه‌‌ په‌خشی ئه‌و سریاله‌ ڕابگیرێت.

چه‌ند به‌شێک له‌ یاداشتنامه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم:
لە 4/1/2009 وەزارەتی رۆشنبیری نووسراوێكی فەرمی بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ناردووە كە ئەوان لە رێگەی خۆیانەوە ئاگاداری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیمارات بكەن بۆ راگرتنی زنجیرە درامای (واد الذئاب) كە لە كەناڵی ئاسمانیی ئەبوزەبی پەخشدەكرێت.
ئەم درامایە لەلایەن میتی توركییەوە دەركراوە و دواتر لە رێگەی هەواڵگری سوریا لە توركیاوە دۆبلاج كراوەتە سەر زمانی عەرەبی لە دژی گەلی كورد و برینداركردنی هەستی تاكی كوردی دانراوە تا لە كەناڵە عەرەبییە ئاسمانییەكان پەخش بكرێت.
رووداوەكانی (واد الذئاب) باسی ئەوە دەكات كە میتەكانی توركیا دێنە كوردستانی عێراق و ئیهانە بە رەمز و هێماكان و سەركردەكانی كورد دەكەن، ئەمەش پڕیەتی لە تەشهیركردن بە كورد، بۆیە داوا دەكەین بەپەلە دراماكە رابگیرێت.
ئەم جۆرە كارانە كە لە ژێر سێبەری هونەر و رۆشنبیری دەكرێن، كاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی گەلان و پاراستنی كۆدەنگی و ئاشتەوایی.

حکومه‌تی هه‌رێم هه‌قی خۆیه‌تی له‌به‌رانبه‌ر هه‌رکارێک که‌ هه‌وڵی شێواندنی که‌سایه‌تی کورد و ناڕاست پیشاندانی کۆمه‌ڵگای کوردی ڕابوه‌ستێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م کاره‌ جۆرێکه‌ له‌لاسییکردنه‌وه‌ی فڵان وڵاتی عه‌ره‌بی له‌به‌رانبه‌ر فڵان که‌ناڵی سه‌ته‌لایت که‌ ئۆپۆزسیۆنیان ده‌هێننه‌ په‌یڤین و خێرا ئۆفیسه‌کانیان پێداده‌خه‌ن و کارمه‌ندانیان وڵاتبه‌ده‌ر ده‌که‌ن!

ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ کورد له‌عه‌ره‌ب نه‌چێت، ئه‌وا ده‌بێت گه‌ر به‌خراپیش باس کرا به‌لایه‌وه‌ ئاسایی بێت. یان هه‌وڵێک بدات، سه‌مه‌ره‌ دار بێت، وه‌ک ده‌بینن سه‌ره‌رای ئه‌و ناره‌زایه‌تییه‌، سریاله‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌! کورد له‌چییه‌وه‌ هاتۆته‌ سه‌ر چی! تا له‌شاخ بووین خواخوامان بوو، له‌کونه‌ده‌رزییه‌که‌وه‌ باسمان بکه‌ن، پێی ده‌گه‌شاینه‌وه‌، خۆشحاڵی ده‌کردین، که‌چی ئێستا ڕۆژانه‌ نه‌ک له‌سه‌رزاری ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندین، به‌ڵکوو وامان لیهاتووه‌ له‌نیو هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتیشدا ره‌نگمان داوه‌ته‌وه‌، به‌هه‌ردوو دیوه‌ خراپ باشه‌که‌ی، که‌چی ته‌نگه‌ ده‌مان گرێت، به‌هزری کراوه‌وه‌ وه‌ریناگرین و ده‌مانه‌وێت هه‌ر به‌باش باسمان بکرێت!

له‌ئه‌لقه‌ی 22 دا، ژماره‌یه‌ک مافیا له‌گه‌ڵ خاوه‌ن بانکێک گفتوگۆیانه‌، له‌نێو قسه‌کانیاندا باسی له‌دانانی بانکێکی نوێ ده‌کرێت که‌ پشکی ئیسرائیلی تێدایه‌، هاوکات وه‌ک یه‌کێک له‌خاوه‌ن پشکه‌کان ناوی سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی ده‌برێت!باوکی ره‌حمه‌تی مه‌لا مسته‌فا به‌پیاوێکی باش ناو ده‌بات، به‌ڵام بۆ کوڕه‌که‌ی هه‌رچه‌ند حه‌زی پێ ناکه‌ن، به‌س به‌بیانوه‌ی ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ بزنسه‌، بزنسیش له‌شته‌کانی دی جیاوازه تره‌‌، هه‌قی به‌سه‌ر ناکۆکییه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ نییه‌.
----------------

بۆ یه‌که‌مجار له‌کوردستان پۆست دا بڵاوکرایه‌وه‌

جارێکی تر له‌ماڵپه‌ڕی چرا تیڤی دا بڵاوکرایه‌وه‌


نێوبانگ چێکردن
2009.1.27

وه‌ک له‌و ڤیدیۆیه‌دا ده‌یبینن که‌ له‌په‌راوێزدا به‌سته‌ره‌که‌ی دانراوه‌، هاوتا ئه‌سعه‌د گۆرانییه‌کی سیاسی بۆ جه‌نگی ئه‌م دواییانه‌ی شاری غه‌زه‌ له‌ئیسرائیل ئاماده‌کردووه‌. بووه‌ مایه‌ی قسه‌وباس له‌نێو خۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
ئه‌و منداڵه‌ جوانه‌، باوکی به‌کاری هێناوه‌ بۆ مه‌به‌ستێکی خۆی، که‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی مافی منداڵان نایه‌ته‌وه‌! مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و کاره‌ ده‌چێته‌ چ خانه‌یه‌که‌وه‌، کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌مه‌ره‌نگه‌، گه‌ر که‌سانی له‌و جۆره‌ی وه‌ک هاوتا ئه‌سعه‌دی تیا نه‌بێت نوقسان ده‌رده‌چێت، له‌وه‌ خراپتریشی تێدا جێده‌بێته‌وه‌ و تێدایه‌.

ئه‌و به‌و کاره‌ له‌نێو جیهانی عه‌ره‌بیدا خۆی ناساند و نێوبانگێکی بۆ خۆی دروست کرد، به‌ڵام لای زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ناوزڕاوتر بوو، که‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش جۆرێک بێت له‌ئازایه‌تی که‌ له‌زۆر مرۆڤدا نه‌بێت.
--------------
تکایه‌ کلیکی ڤیدیۆکه‌ بکه‌بۆ یه‌که‌مجار له‌ماڵپه‌ڕی کڵاوڕۆژنه‌ دا بڵاوکرایه‌وه‌
گۆنته‌ر گراس، و یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم

 2009.1.22

یه‌کگرتنه‌وه‌ شتێکی بێوێنه‌ بوو، قابیلی ده‌ستخۆش بوونه‌، به‌ڵام چۆنییه‌تی و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونه‌که‌یم پێباش نه‌بوو. پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا به‌پراتیکی تا ئێستا ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ته‌نها له‌سه‌ر په‌ره‌یه‌
شایه‌نی باسه‌، له‌و کات و ساته‌دا سیاسه‌تمه‌داران فه‌رمووبوویان: ڕه‌وشی ئێمه‌ باوا بمێنێته‌وه‌، ئێوه‌ش (مه‌به‌ست ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانه)‌ له‌نزیک ماوه‌دا وه‌ک ئێمه‌تان لێدێت، ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن

داخوانی نوسه‌ری به‌ناوبا‌نگی ئه‌ڵه‌مانی گۆنته‌ر گراس Günter Grass ـه‌، خاوه‌ن خه‌ڵاتی نۆبڵ ساڵی 1999 له‌ئه‌ده‌بدا، بۆ بڵاوکراوه‌یه‌کی هه‌فتانه‌ به‌ناوی  Die Zeit که‌ مانای کات ده‌گه‌یه‌نێت،‌ له‌شاری میونخ München ، هه‌موو پێنجشه‌مانێک ده‌رده‌چێت.

گۆنته‌ر له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1927 له‌شاری Danzig هاتۆته‌ جیهانه‌وه‌.

پاش چه‌نده‌ها ساڵ له‌یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئه‌ڵه‌مانیا، تازه‌به‌تازه‌ گۆنته‌رگراس ئه‌و باسه‌ ده‌ورووژێنێته‌وه‌! قسه‌ قسه‌ ده‌هێنیت؛ بۆ خۆی له‌نێوان شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا جۆره‌ ناکۆکی و جه‌نگیکی ده‌مامکدار و لێکتێنه‌گه‌یشتنێکی مێژوویی هه‌بووه‌ و هه‌یه! ‌جه‌نگی ناوخۆی نێوان یه‌کێتی و پارتی ئه‌و که‌لێن و ناکۆکییه‌ی گه‌وره‌ و قووڵتر کرده‌وه‌! پاش چه‌ند ساڵ له‌ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدا جه‌نگ ڕاگیرا، پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی میرنشینه‌کان له‌سه‌ر پشتی کیسه‌ڵ چه‌ند ساڵ ڕێی کرد‌! له‌پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا هێشتا به‌ناخێری گیانیان یه‌کدوو وه‌زاره‌ت ماوه‌ یه‌کبگرێته‌وه‌!

ئێستا گه‌ر خۆمان به‌هه‌ڵه‌دا نه‌به‌ین له‌ئه‌رزی واقیعدا هه‌رێمێکی یه‌کگرتوو به‌مانای وشه‌ نییه‌، هه‌ر که‌سێک سه‌ردانی کوردستان بکات یان لایه‌نی که‌م بڕوانێته‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی بینراوی پارتی و یه‌کێتی به‌زه‌قی نایه‌کگرتوویی و دوو سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن ده‌بینێت و هه‌ست پێده‌کات. که‌واته‌ ئه‌و په‌یڤانه‌ی گۆنته‌ر گراس ده‌کرێت بۆ ڕه‌وشی هه‌رێمیش ڕاست بێت، چوونکه‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ ته‌نها له‌سه‌ر په‌ره‌یه‌ و مه‌ره‌که‌به‌ ڕووته‌که‌یه‌‌! به‌هیوام‌ سه‌رچیغ چووبێتین و ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ئاینده‌یه‌کی نزیکدا؛ به‌ناڕاست ده‌ربچێت!
-----------
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

به‌ڕێزێک‌ به‌م مایله‌ rabarfariq@yahoo.com ئه‌م کۆمێنته‌ی له‌ڕۆژی 23ی1 بۆ ناردبووم:

تو شەرەفت ئەمە نوسینە برام نەتۆ نوسەرى نه‌رۆزنامەنوس نە رۆشنبیر ئیتر واز لەخوینەرى داماو بینە جەنابت خۆت کەلەکوردستان بویت جیت کردوە جکە لەبارانەوە لەحیزبەکان ئەى کیە داواى عەرزەى لەحیزبەکان کردوە هیج بیویست ناکات خوت ماندوکەیت کەس بەتو نەخالیت

وه‌ڵامم به‌م جۆره‌ بوو

سڵاو و ڕێز
له‌وه‌ ده‌چێت که‌سێکی چاک بیت، به‌ڵام بۆ وا به‌حه‌ماسه‌وه‌ به‌رگری له‌و ڕه‌وشه‌ ده‌که‌یت که‌ ئه‌و دوو زلهێزه‌ی هه‌رێم خولقاندوویانه‌؟
کێ ده‌ڵێ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیرم؟
ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ ده‌ربرینی دیدی که‌سێکه‌، بێ ناونیشان و پله‌وپایه‌
من به‌ر له‌ده‌ساڵ له‌هه‌رێم بووم، هیچ ده‌سکه‌وتێکی مادییم وه‌رنه‌گرتووه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی برایه‌کم شه‌هیدی سه‌نگه‌ری ساڵی 1979 ی لایه‌نێکه‌
نه‌پاڕاومه‌ته‌وه‌ و نه‌ ته‌شه‌بوسم کردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستکه‌وتی تایبه‌ت
هه‌تا مابم به‌وشێوه‌یه‌ و له‌و ڕێگایه‌وه‌ خۆ ماندوو ده‌که‌م
هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ت جێی ڕێزه‌ و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بێده‌نگ نه‌بوویت، کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌دایلۆگه‌وه‌ زیندووه‌.
-------------
یه‌که‌مجار له‌ماڵپه‌ڕی کڵاوڕۆژنه‌ بڵاوکرایه‌وه

گرێنتی، کۆمه‌ڵگای نا گه‌نده‌ڵ، خێزانی مۆدێرنه
2009.1.19

چاکسازی، وشه‌یه‌کی ئه‌فسووناو‌یه‌، له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا و له‌سه‌رزاری کاربه‌ده‌ستانی ناو ده‌زگا جۆراوجۆره‌کان به‌سڤیل و ناسڤیل، ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌که‌ی بچووکی خێزانیش ده‌وترێت و ده‌بیسترێته‌وه‌، مه‌به‌ست لێی و سه‌رهه‌ڵدانی و دووباره‌کردنه‌وه‌ی نیشانه‌ی قه‌یران و کێماسییه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌تا مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاش هه‌بێت کێشه‌کان نابڕێنه‌وه‌، که‌واته‌ پێویستمان به‌چاکسازی ده‌بێت

 به‌ڵام، چاکسازی له‌کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌ بۆ یه‌کێکی دی جیاوازه، وه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌کی دی ڕێژه‌ییه‌ گه‌ر وردتری بکه‌ینه‌وه‌، بڕوانینه‌ ڕه‌وشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، که‌سه‌دای چاکسازی له‌هه‌موو کاتێک به‌گووڕ و تینتره‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قووڵی کێشه‌کان، بۆته‌ مایه‌ی پشتشکاندنی له‌سه‌دا شه‌ستی خه‌ڵکی!

ئه‌و باره‌ وای کردووه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ژماره‌ییه‌ک له‌سیاسه‌تمه‌دار، تا دوێنێ به‌شێک بوون‌ له‌چێکردنی ئه‌و ڕه‌وشه‌، بهێنێته‌ په‌یڤین و بێده‌نگی بشکێنن. که‌سانی پله‌یه‌کی نێو ده‌سه‌ڵات، ده‌زانن مه‌ترسییه‌که‌ خه‌ریکه‌ سه‌ریان ده‌خوا و خه‌ریکه‌ له‌گرێژه‌نه‌ ده‌رده‌چێت، پلاتفۆرم بۆ چاکسازی ده‌خه‌نه‌ ڕوو!

زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌گومانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و هاتنه ‌پێشه‌وه‌یه‌، گرنگ نییه‌، بزووتنه‌وه‌که‌ ڕوو له‌سه‌ره‌ و زیندووه‌، ئه‌نجامی باشی ده‌بێت و نیشانه‌ی پۆزه‌تیفی ئه‌و که‌سانه‌، هاوکات حه‌قانییه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

 بزووتنه‌وه‌که‌ وه‌ک لای کوره‌ دانیشتنه‌که‌ی لێهاتووه‌، قابیل به‌وه‌یه‌ هه‌موو پریشکیان به‌ر بکه‌وێت. پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆی به‌هه‌ڵه‌دا ده‌بات وای پیشان بدات، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ته‌نها سه‌روچاوی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌شێک له‌ناوچه‌کانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌!

 بێگومان ئه‌وان له‌هه‌موو که‌س زه‌ره‌رمه‌ندتر ده‌بن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌دوو شاری هه‌رێمدا پر نفوزترن، خه‌ڵکی له‌وان پڕترن و داخله‌دڵترن، پشکی شێریان له‌گه‌نده‌ڵی به‌رده‌که‌وێت، هه‌موو ئه‌و په‌یڤانه‌ی گوایه‌ ناوچه‌کانی ئه‌وان ئاوه‌دانترن، دادیان نادات.

ئایا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی چاکسازییه‌ به‌رئه‌نجامی ده‌بێت، بۆ ماویه‌کی دیاریکراو نییه‌، جۆرێک له‌خه‌ڵاتانن نییه‌؟ ڕیگاچاره‌ بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ ، بێجگه‌ له‌و پێشنیار و هه‌نگاوانه‌، کاتێک ده‌وری ده‌بێت کار بۆ ئه‌وه‌ بکرێت له‌نێو یه‌که‌ی بچووکی نێو کۆمه‌ڵگا که‌ خێزانه‌، چاکسازی بکرێت.

چوونکه،‌ هه‌موو ده‌زانین و هه‌ر یه‌که‌ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا به‌ده‌ست ناشیرینی نێو خیزانه‌کانیانه‌وه‌ قه‌هر ده‌خۆن، ژن له‌گه‌ڵ مێرد و خوشک له‌گه‌ڵ برا، برا له‌گه‌ڵ برای بچووک، باوک له‌گه‌ڵ کور و کچیدا ناڕاستگۆن!
هه‌ر یه‌که‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ویدیدا زاڵ بکات، هیچ شتێک ڕوون و ئاشکرا نییه‌ و هه‌موو پر له‌نهێنی و پڕ له‌ناشیرینی و له‌هه‌وڵی داونانه‌وه‌ بۆ ئه‌وی تردایه‌ !

جا ئه‌وه‌ حاڵی یه‌که‌یه‌کی بچووکی ناو کۆمه‌ڵگا بێت، بێگومان له‌ئاستی گشی ناو ده‌ریاکه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌؛ وڵاتێکی پڕ له‌ناکۆکی و په‌شێوی و دزێوی دروست ده‌بێت، که‌س به‌سه‌رکه‌سه‌وه‌ نابێت و که‌س خۆی به‌به‌رپرس له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وی دیدا نازانێت، به‌ها هاوبه‌شه‌کان ونوو و بزر ده‌بن!

که‌واته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ته‌رحانه‌دا، کار بۆ دروستکردنی یه‌که‌ی بچووکی خێزانی ته‌ندروست و مۆدێرن که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مافی مرۆڤ و ئازادی تاک بنیات بنرێت، باوکی هه‌موویه‌تی. دیاره‌ ئه‌وه‌ کاره‌ درێژماوه‌ ده‌بێت و هه‌وڵوتێکۆشان و وزه ‌و ماتریاڵی زۆری گه‌ره‌که‌، نه‌واته‌کانی بوونی هه‌یه‌‌، هه‌رچه‌نده‌ که‌مایه‌تین، به‌ڵام مایه‌ی دڵخۆشییه‌ و هیوایه‌که‌ به‌ره‌و چاکبوون... 
--------------
بۆ یه‌که‌م جار له‌ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆست دا بڵاوکرایه‌وه

مۆزه‌خانه‌یه‌کی کراوه!
گه‌شتێک  بۆ ئیتالیا 2008.12.26 – 2009.1.6
2009.1.11

له‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی مارکێته‌کاندا؛ وه‌ک فینلاند سندوق نییه‌، بۆ دانانی ئه‌و شتومه‌که‌کانه‌ی که‌ له‌مارکێتی دی کڕیوته‌‌، پرسگه‌ - ئینفۆیان هه‌یه‌، کارمه‌ندێک لێت وه‌رده‌گرێت و بۆت ده‌خاته‌ عه‌لاگه‌ی نایلۆنه‌وه‌ و سه‌ره‌که‌ی به‌له‌حیم کراوی ده‌داته‌وه‌ ده‌ستت! بێجگه‌ له‌عه‌ره‌‌بانه‌، سه‌به‌ته‌ی قه‌باره‌ گه‌وره‌ دانراوه‌‌، جیاوازییه‌که‌ی له‌وه‌دایه‌، ده‌سکه‌که‌ی درێژ و ژێره‌که‌ی تایه‌ی پێوه‌ بوو، به‌دوای خۆتدا ڕایده‌کێشی. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو به‌شی تایبه‌تی خواردنه‌وه و ئه‌لکۆ هه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی فینلاند، هه‌موو جۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌کت دانراوه‌ و ده‌ستده‌که‌وێت، نرخیشیان له‌چاو فینلاند و ناو فرۆکه‌خانه‌کان و پاپۆره‌کانیش که‌ باج نییه‌، هه‌رزانترن

شاری ڤینیسا، له‌دوو به‌ش پێکهاتووه‌، ئه‌و به‌شه‌ی که‌ قیبله‌ی گه‌شتیارانه‌ و له‌نێو ئاودا بنیات نراوه‌، هه‌مووی حه‌وت دوورگه‌یه‌، به‌یه‌کێک له‌حه‌وت سه‌رسووڕهێنه‌ره‌ی جیهان داده‌نرێت. له‌چوونه‌ ناوه‌وه‌دا سه‌رت به‌سه‌ری کۆڵانی فره‌ ته‌سک و باریکدا ده‌ته‌قێت، ئۆتۆمبێل بۆی ناچێت، هاتووچوو و بارگواستنه‌وه‌ به‌به‌له‌مه‌، دانیشتوانه‌که‌ی له‌جیاتی ئۆتۆمبیل به‌له‌میان ڕاگرتوه‌ و هه‌یه

ژماره‌یه‌کی زۆر خانووبه‌ره‌ گه‌وره‌ و کۆن ده‌بینرێت، به‌گشتی دیوی ده‌ره‌ی خانووه‌کان تۆز لینیشتو ڕه‌ش و دێز و بۆرن و نۆێ نه‌کراونه‌ته‌وه‌! بینای زه‌به‌لاحی تێدا ده‌بینرێت وه‌ک که‌نیسه‌ی سان مارکۆ، که‌ به‌یه‌کێک له‌که‌نیسه ‌کۆنه‌کانی جیهان داده‌نرێت

هه‌ر بینایه‌ک گه‌ر بیانه‌وێت چاکی بکه‌ن، چوارده‌وره‌که‌ی به‌له‌وحی تایبه‌ت ده‌گرن، ئاوه‌که‌ی به‌ماتۆڕ هه‌ه‌ڵده‌هێنجن تا ده‌گاته‌ بن ده‌ریاکه‌ و بناغه‌که‌ی له‌بن ده‌ریا بۆ هه‌ڵکه‌ندووه‌

له‌هه‌رکۆڵان و شه‌قامێکیدا دوکان و مارکێتی بچوک و که‌مێ گه‌وره‌ی جلوبه‌رگ و ده‌مامک و متومورو و خواردنگه‌ ده‌بینی. به‌نێوبانگترین مارکه‌ی وه‌کو گۆجی و پرادا و ڤێرساچێ و ڤالێنتینۆی لێیه‌، به‌رزی ‌نرخی کاڵاکانیان سه‌رسووڕهێنه‌ره‌، له‌کێشی خه‌ڵکی نۆرماڵدا نییه‌، ته‌نها ملیۆنه‌ر و ئه‌ستێره‌کانی سینه‌ما ده‌توانن بیان کڕن

گه‌شتیاران له‌هه‌رچوارده‌وری جیهانه‌وه‌، ڕووی تێده‌که‌ن، سیما و ڕه‌نگ و ڕووی جۆراجۆری ده‌بینرێت، هه‌رگیز گه‌شتیاری لێنابڕێت، به‌تایبه‌تی له‌چه‌ند مانگی هاویندا

له‌زستاناندا زۆر جار ئاوی ده‌ریا به‌رز ده‌بێته‌وه، تا ئاستێکی دیاریکراو، ئاو ده‌چێته‌ مارکێت و دوکانه‌کانه‌وه‌، خاوه‌ن و کارمه‌ندان ئاسایی کاسبی خۆیان تێک ناده‌ن، ئه‌وان و گه‌شتیاران به‌جۆره‌ جزمه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه‌ خه‌ریکی کار و گه‌ڕانی خۆیان ده‌بن، بۆ ئه‌و کاته‌نه‌ له‌چه‌ند شوێندا گه‌ر پێویست بێت، کورسی تایبه‌تی ئاماده و دانراوه‌‌ بۆ هاتووچۆکردن به‌سه‌ریدا

گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت هه‌موو ئه‌و شوێنه،‌ ببینێت، بێگومان چه‌ند ڕۆژی گه‌ره‌که‌. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو ئه‌م شوێنه‌ له‌کۆتایی مانگی یه‌ک و سه‌ره‌تای مانگی دووی هه‌موو ساڵێک که‌رناڤاڵێک به‌ناوی ده‌مامکه‌وه‌ تیاساز ده‌کرێت. نه‌ریتێکی کۆنی ئاینییه‌، تا ئێستا به‌رده‌وامه‌‌، خه‌ڵک له‌و کاته‌دا ده‌مووچاوی خۆ و لاشه‌یان به‌عه‌بای ڕه‌ش یان ره‌نگی تر یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی دڵخوازی خۆیان ده‌گۆڕن و ده‌شارنه‌وه، ناسینه‌وه‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ دوکانی ده‌مامک چێکردن زۆر ده‌بینرێت و ده‌مامکی جۆراوجۆر و هه‌مه‌قه‌باره‌ ده‌بینرێت. له‌نێو ئه‌و هه‌موو دوکانانه‌دا دوانیان ته‌نها خاوه‌نه‌کانیان کوردی شاری هه‌ولێر بوون. هه‌وروه‌ها له‌نێو سه‌ده‌ها چێشتخانه‌دا، شه‌ش چێشتخانه‌ی پیتزه‌ی لێیه‌، خاوه‌نه‌کانیان کورد بوون

که‌سایه‌تی به‌ناوبانگی وه‌ک کازانۆڤا که‌ ڕاوچییه‌کی سه‌رسووڕهینه‌ری ژنانه‌، خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ بووه‌. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شاری ڤینیسیا زۆره‌، به‌تایبه‌تی له‌هونه‌ری حه‌وته‌مدا؛ به‌رجه‌سته‌ترینیان فلیمی ئێکشن و سیخوری جیمس بۆنده‌، ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ له‌نێو کۆڵانه‌ ته‌سک و تروسکه‌ ئاوییه‌کانیدا ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانیدا؛ خه‌ریکی راکه‌ڕاک و سه‌رچڵییه‌کانێتی

نووسه‌ری به‌نێوبانگی ئینگڵاندی ولیام شکسپیر تێکستێکی شانۆیی به‌ ناوی بازرگانی ڤینیسیاوه‌ هه‌یه‌، کراوه‌ به‌کوردی و له‌سه‌ر شانۆی شاری سله‌یمانی له‌ساڵانی حه‌فتاکانی چه‌رخی ڕابردوو نمایشکراوه‌

ئاماری دانیشتوانی شاری ڤینیسیا به‌هه‌ردوو به‌شه‌که‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌قه‌زا و ناحییه‌کانییه‌وه‌ نزیکی 800 هه‌زار که‌سه‌‌

ئه‌م وڵاته‌، کاری په‌یکه‌ر و کۆڵین هێنده‌ تێیدا ڕیشه‌داره‌، هه‌ر که‌سێک بیانی به‌ئاسانی هه‌ستی پێده‌کات، له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌ و ته‌نانه‌ت باخچه‌ و ... په‌یکه‌ری جۆراوجۆری مرۆڤ و بوونه‌وه‌ری تر کۆنی وڵاته‌که‌ ده‌بینرێت. هه‌ر شارێکی پڕه‌ له‌پاشماوه‌ی کۆن، وڵاته‌که‌ وه‌ک ده‌ڵێن مۆزه‌خانه‌یه‌کی کراوه‌ی گه‌وره‌یه‌

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌و ماڵانه‌ی که‌ سه‌ربه‌خۆ و زه‌مینییه‌، زۆربه‌ر زۆری ده‌رگاکانی به‌ریمۆنت کۆنترۆڵ ده‌کرێته‌وه‌

وڵاتێکی پڕ ناکۆکی و دژ به‌یه‌که‌کانه‌، خوارووه‌ی وڵاته‌که‌ هه‌ر زۆر دواکه‌وتووه‌، وه‌ک ده‌ڵێن خه‌ڵکه‌که‌ی نه‌پاره‌ی کاره‌با ده‌ده‌ن نه‌ ئاو و نه‌ باج و نه‌ هیچ ده‌ده‌ن! به‌بنکه‌ی گروپه‌کانی مافیا داده‌نرێت. سه‌رۆکی ‌ پارتی یه‌کگرتوو لێگه‌ لۆمباردا، پارتێکی ڕاست و ئه‌نتی په‌ناهه‌نده‌یه‌، به‌شدارن له‌حکومه‌تدا، گوتویه‌تی: ئێمه‌ ده‌یکه‌ین و ئه‌وان ده‌یخۆن

بێرله‌سکۆنی، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستا، وه‌ک باسی ده‌که‌ن مووی سه‌ریان بۆ ڕوواندۆته‌وه‌، که‌ دیقه‌تی ده‌ده‌ی زیاتر له‌مۆمیاکراو ده‌چێت، هه‌موو ده‌موو چاوی چاک کراوه‌ و به‌رده‌وام چاکده‌کرێت، به‌یه‌کێ له‌هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئیتالیا داده‌نرێت. بۆ هه‌ر چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فیزیۆنی یه‌ک کاتژمێر له‌ژووری میکیاجدا خه‌ریکی ده‌بن، بۆ دانیشتنیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورته‌باڵایه‌، ده‌بێت کورسییه‌کی وای بۆ دابنێن که‌ ئه‌و عه‌یبه‌ی داپۆشێت

له‌وڵاتێکی پیشه‌سازی گه‌وره‌ی وه‌ک ئیتالیا، پارتی کۆمۆنیستی تیا به‌هێزه‌ و به‌شدارن له‌حکومه‌تدا! وه‌ختی خۆی ئه‌لویه‌ی سووری په‌یدا بوو، سه‌ره‌ک کۆماریان رفاند و کوشتیان، بێ ئه‌وه‌ی بتوانن بیانگرن

له‌وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ری سه‌ره‌کی ڤینیسیا و له‌یه‌کێ له‌ده‌روازه‌کانی به‌ بۆیاخی په‌مپ و به‌ره‌نگی ڕه‌ش، سومبولی کۆمۆنیستان، داسوچه‌کوش و ئه‌ستێره‌ و دێڕێک نووسینم بینی، هه‌وڵمدا بزانم ئه‌و دێره‌ مانای چی؟ به‌هۆی سه‌رقالییه‌وه‌ بیرم چوو! ڕێک سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسم وه‌بیرهاته‌وه‌ که‌ ڕێکخستنه‌ نهێنییه‌کانی ناوشاری سه‌ر به‌هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ جۆراوجۆره‌کانی له‌سه‌ر دیوار به‌شه‌و دروشمیان ده‌نووسی

مللیه‌ته‌که‌ی گه‌رموگوره‌ و زۆربڵێن ، فێڵاوین و زووربه‌یان موو ڕه‌شن، ژنیان ناشیرین و پیاویان قۆز و که‌پوو زلن

سه‌رما و به‌فرمان له‌گه‌ڵ خۆدا برد، دواهه‌مین ڕۆژی ساڵ به‌فر باری، هه‌ر که‌به‌فریش ده‌بارێت کێشه‌ی هاتووچۆ زیاد ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئۆتۆمبیل لێخوڕین، گران ده‌بێت، وه‌ک فینلاند، تایه ‌گۆڕینی زستان و هاوینه‌ نییه.‌ بێجگه‌ له‌شه‌قامه‌ گه‌وره‌ و ئۆتۆبانه‌کان، ئه‌وانی ناوخۆی شاره‌کان پاک ناکرێنه‌وه‌‌ و زیخ ڕشتن نییه‌

به‌مه‌به‌ستی چوون بۆ شاری میلانۆ که‌ نزیکی سێ کاتژمێر له‌ شاری ڤینیسیاوه‌ دووره‌، نزیکی پێنج ملیۆن که‌سی تیا ده‌ژی. به‌یانی پێنج له‌خه‌و هه‌ڵساین، به‌ئۆتۆمبل چووینه‌ وێستگه‌ی سه‌ره‌کی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، دیاره‌ ئه‌م چوونه‌ له‌سه‌ر داوای یه‌کێکمان بوو، چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئاره‌زووی بینینی ئه‌و شاره‌ی درکاند، هاوکات و ده‌بوایه‌ ژنی خانه‌خوێکه‌مان فیزه‌ی تورکیای وه‌ربگرتایه‌، قونسولیه‌تیه‌تیش له‌وێ هه‌بوو، بۆیه‌ بووه‌، هه‌م زیاره‌ت هه‌م تجاره‌ت

به‌یانیان، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی فریای سه‌رکار بکه‌ون، شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌ خێراکان ئاماده‌ن و نرخی سه‌رکه‌وتن گرانتره‌، فارگۆنه‌که‌مان‌ زۆر سارد بوو! له‌هه‌ردوو سه‌ر تێبینیم کرد له‌وێستگاکاندا و له‌کۆنترۆڵه‌وه‌ ڕانه‌ده‌گه‌یه‌نرا که‌ گه‌یشتینه‌ فڵان وێستگه‌یه‌، سه‌رنشینه‌کان ده‌بوایه‌ خۆیان بیانزانیایه‌ له‌کوێ داده‌به‌زن! به‌ڵام له‌فارگۆنی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌‌ هه‌بوو

دوای گه‌یشتن سه‌رمان ته‌قی به‌سه‌ری شارێک له‌ترازێکی بیناسازی زۆر جیاوازتر، وێستگه‌که‌ زه‌به‌لاح بوو، به‌پێ به‌ره‌و قونسولیه‌ت چووین. تا وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵام که‌ نزیکی پێنج ده‌مژێری گه‌ره‌ک بوو، ده‌بوایه‌ خۆمان خه‌ریک بکردایه‌؛ له‌گۆره‌پانێکی فره‌ گه‌وره‌دا په‌یکه‌ری ناپلیۆ له‌کاتی سمکۆلانکردنی ئه‌سپه‌که‌یدا، هه‌بوو. له‌وسه‌ری و به‌رامبه‌ری که‌نیسه‌یه‌کی گه‌وره‌ی گه‌لێ جوانی پڕ نه‌خش و نیگار و په‌یکه‌ر، که‌ به‌یه‌کێ له‌سه‌رسووڕهێنه‌ره‌کان ده‌ژمێررێت، ناوی دۆمۆ دیمیلانۆ یه‌، هه‌بوو

به‌ته‌نیشت که‌نیسه‌که‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر بازار و مارکێته‌ گرنگ و به‌نێوبانگه‌کان هه‌بوون؛ یه‌کێ له‌وانه‌ به‌ناو له‌ریناشینتێ؛یه‌، له‌ ئاپارتمانێکی ده‌ نهۆمیدایه‌، گه‌ر یه‌کێک بیه‌وێ بۆ نموونه‌ پێنووسێکی مارکه‌یه‌کی جیهانی فه‌یک- ته‌قلید نه‌بێت بکڕێت یان له‌شوێنێکی دی بیکرێت، گریمان به‌ یه‌ک ئێرۆ بێت، ئه‌وا لێره‌ به‌ شه‌ش‌ ئێرۆ ده‌یکڕێت، نرخی کاڵاکان ئه‌بله‌قت ده‌که‌ن! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ به‌رنه‌ده‌که‌وت! زووربه‌ی کڕیاره‌کان شیک و پۆشته‌ و به‌رداخ بوون. هه‌ر بۆ فیز نیو سێت که‌وچکی چامان کڕی دوای له‌سه‌دا په‌نجا ته‌نزیلات به‌ 15 ئێرۆ! شاری میلانۆ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ورووپا به‌شاری فاشیۆن و یانه‌ی تۆپی پێ به‌نێوبانگه‌.
-----------------
بۆ یه‌که‌مجار له‌ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆستدا بڵاوکرایه‌وه

کچانی به‌رپرس چۆن ده‌ژین؟
2009.1.2

ئه‌و ڕاپۆرته‌ی به‌ناونیشانی ( كوڕی‌ مه‌سئوله‌كان چۆن ده‌ژین؟ سودوه‌رگرتن له‌ده‌سه‌ڵاتی باوك، پاره‌ و دوا مۆدێل، كێشه‌ و گرفته‌كانیان  )‌، که‌ له‌ ماڵپه‌ری ده‌نگوباسدا دابه‌زێنراوه‌، چاوپێکه‌وتنێک و به‌دواداچوونێکه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند کوڕی به‌رپرسی ئه‌م وئه‌و ده‌سه‌ڵاتداری کوردی هه‌رێمی کوردستان. ئه‌و ڕاپۆرته‌ له‌ژێر هه‌رفشارێکدا  به‌رهه‌مهێنرا بێت، جێی سه‌رنجه‌ و قابیلی ئافه‌رین  و ده‌ستوچاوخۆش بوونه‌، هه‌وڵێکی جوانه‌، ئاشکراکردنی نهێنییه‌کی وا که‌‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ عه‌وداڵین...

به‌ڵام، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ و ناڕۆشنه‌ کاکی ئاماده‌کار‌، بۆ لایه‌کی به‌لای ‌کچانی به‌رپرسان نه‌کردۆته‌وه‌؟ لایه‌نی که‌م بۆ خوێی چێشت، دانه‌یه‌کیانیش
ی به‌سه‌ربکردایه‌ته‌وه‌، هه‌ر باش بوو، ڕاپۆرته‌که‌ وا له‌نگ نه‌ده‌بوو!‌! قابیله‌ ئه‌وان کچیان نه‌بێت! یان هزری پیاوساڵاری وای کردووه‌ توخنی ئه‌و خاڵه‌ هه‌ستیاره‌ نه‌که‌وێت

به‌جۆرێکی دی دیاره‌ به‌رپرسه‌کان به‌ تۆپزی ، وه‌ک زۆر کاری تر ناهێڵن توخنی په‌رێزی کچه‌کانیان بکه‌ون! پێده‌چێت ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ک کچانی تری وڵات ژێرچه‌پۆکه‌بن، له‌کون و چواردیواری ماڵ، زیندانی کرا بێتن و قابیل و شایه‌نی ئه‌وه‌ نه‌بن، ته‌نانه‌ت له‌ژێرچاودێرییشدا بێت، فڵاشیان به‌رکه‌وێت و ده‌رکه‌ون! هیچ نه‌بێت به‌که‌لوکوێریش بێت گوزارشت له‌خۆیان بکه‌ن

ئه‌وه‌ چ نه‌عله‌ت و  گۆڕستانێکه‌، ئه‌و وڵات و ئه‌و سه‌رزه‌مین و ئه‌و کوردستانه،‌ بۆ مێینه‌ به‌رپرس و نابه‌رپرسه‌کان!!
-----------------
 یه‌که‌مجار له‌کوردستان پۆستدا بڵاوکرایه‌وه