خەمی ڕۆژانە، کانوونی یەکەم ٢٠١٤

کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ١٢ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی


وتەزا
٢٠١٤.١٢.٣٠

لەسەر وەزنى قسە و گفتارەکانی ئیبراهيمى كێيبفرۆش لە سەراى ئازادى شاری سلەیمانی: ئەعوزو بيلاهى مینەرەحمانى رەحيم.

هێتلەر کام ئەلتەرناتیف!؟
٢٠١٤.١٢.٣٠

بەپێی بیرەوەریم لە کۆنەوە کوردەکان بەتایبەتی ئەوانی کوردستانی خواروو/سلەیمانی، موعجببوون بە ئەڵەمانیا بەتایبەتی حکومەتەکەی هێتلەر و ئارم و ئاڵاکەی ئیتر ئەو بەدڵبوونە پێدەچێت ڕەهەند و لێکدانەوەی جۆراوجۆری هەبێت و هەڵبگرێت، دیارە یەکێکیان هەژموونی ئایینیییە رق لەجوولەکەبوون، هێتلەریش جیانۆسایدی کردوون، ئەم خۆشەویشتییەی جۆرێکە لە دەستخۆشبوون، نابێت هەژموونی میدیای عەرەبی لەبیر بکرێت کە هەمیشە بەنزینی بەو ڕقەدا کردووە، کوردیش هەمیشە گوێگر بووە.. بەڵام لایەنێکی تر کە کوردەکانی کوردستانی خواروو فەرامۆسیان کردووە کە ئەو کەسە و ئاڵاکەی بکوژی ملیۆنەها کەسە وەەک خومەینی و سەدام حوسێن و ... بۆیە ناکرێت ئەو هۆڤێتییەی هێتلەر لەبیر بکرێت.. جا تەناقوز لەوەدایە بەشێک هەر لەو کوردانە موعجبن بە ئیسرائیل.. کەچی وەک لەو وێنەیەدا دەبینرێت گەر بێئاگایی یان بەئاگاهەوە بێت وێنەی چەند دەستێکی لێکهەڵپێکراو نیشانەی یەکگرتووییە، رێک وەک ئارم و ئاڵاکەی هێتلەرە خراوەتە ناو ڕۆژی ئاڵای کوردستانی خواروو! ئەمە هەم ناشیرین و دزێوە هەم خۆزگە خواستنێکە بە زەبروزەنگی هێتلەر کە بەشی زۆری خەڵکی گۆی زەوی نەفرەتی لێ دەکەن. ئەکرێت و مافی ڕەوای کوردە (بەتایبەتی کوردەکانی کوردستانی خواروو، کە لەلایەن دەوڵەتی عەرەبیی عێراقییەوە جینۆساید کراوە)بەهێز و یەکگرتوو بێت، بەڵام وەک هێتلەر نەبێت.
- : ئەوە ڕاست نییە کە ئایین و ڕابەرانی چاک بوون هەموو بیستوومانە کە جوولەکەکانیان بەچ دەردێک بردووە لەکاتی ڕۆیشتنیان بۆ ئیسرائیل... ژن و ژن خوازی لەنێوان باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان زۆر دەگەن بووە، گەر بووبێتیش نیشانەی ئەوە نییە کە وەک ئێوە باسی دەکەن تەبا بوون و بێکیشە بوون

فەلسەفەی سیاسەت!
٢٠١٤.١٢.٢٩

دوو کۆمێتنم بۆ دوو دۆستی بەڕێزم لە کوردەکانی کوردستانی خۆرهەڵات
١/ سڵاو کاک ڕێبوار کەریمی، چاوەکەم ئەوەی تۆ باسی دەکەیت و بە خاڵی نێگەتیف ئەژماری دەکەیت بۆ حکومەت و دەسەڵات و تەنانەت خەڵکی کوردستانی خواروویش، فەلسەفەی سیاسەتە تەنها هی گرووپێکی دیاریکراو نییە، بێگومان بە سیاسەتبازانی کوردستانی خۆرهەڵات بگەن بەدەسەڵات گەر لەوانی خواروو باکوور و خراپتر نەکەن باشتر نابن. هەر ئێستا ئەی ئەوە نییە گرووپ گرووپ بەدەڵاڵی سیاسەتبازانی کوردستانی خواروو حیزبەکانی ئەو پارچەیە خەریکی دانیشتنن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.. بەڵام قسەی کۆتاییت دروستە کە دەڵێت خۆتان بگۆرن.. ئەگەر لەناوخۆی وڵاتەکەوە سەرچاوە نەگرێت لەوانەیە زۆر سوودی نەبێت..ئەگینا لەمەی ئێستا ئەو بەشەی لەدەرەوەی سنوورەکانن خراپتر دەبن.. بەڵام لەگەڵ ئەگەر و موفاجەئەی لەپڕ هیچ ناوترێت وەک ئەوەی وەختی خۆی ١٩٩١ بۆ کوردی ئێمە خولقا..
٢/ سڵاو کاک عەزیز شێخانی، بەڵام ئەوەت بیر چووە کە کاری ئەسڵی کوردەکانی خۆرهەڵات لە ناوخۆدایە نەک لەدەرەوە، ئەوانەی تۆ باسیان دەکەیت، دەردە ئاوارەییە، نەک شتیکی تر.. تا ئەو کاتەی چەقی قورسایی نەخەنە سەر ناخۆی وڵاتەکەتان، هیچ بە هیچ ناکرێت.. کوردایەتی ئەوەیە کە هەر پارچەیە بەپلەیەکەم لەحەوڵی خۆیدا بێت، ئاراستەیەکی پۆزەتیف هەست پێدەکرێت، بەگەرمی خەریکی ماڵ جیانکردنەوەن..
تەواوی دیدی کاک عەزیز شێخانی لەم لینکەدا دەبینرێت:
قسەی قووت!

٢٠١٤.١٢.٢٣

لەوەتی ئەم کابرایە (ئوردوگان) بۆتە سەرۆککۆمار قسەی قوت و سەیرتر دەکات.. ماوەیەک لەمەوبەر وتی ئەمەریکا موسڵمانان دۆزیویانەتەوە، ئەوە ئێستایش لەجیاتی ئەوەی بڵێت خەڵکینە وەک چینییەکان بکەن، کەچی هانیان دەدات مناڵی زۆر بخەنەوە . ئەوەی لەو وڵاتەدا نەژیابێت نازانێت خەڵکی ئەوڵاتە بە کورد و تورک و عەرەب و... چەند ژیانیان بەهۆی زۆری ئەندامی خێزانەوە خراپە.. ئەوەمان بیر نەچێت هەر لەو کاتەوەی بووە سەرۆکی شارەوانی گەورە شاری ئەستەمبووڵ، ئەو قسە جیاوازانەشی بوو هەر لەسەرەتای ژیانی سیاسییەوە گەیاندی بەو پلە و پایەیەی ئێستای کە لەوە زیاتر بەرز نابێتەوە... لینکی هەواڵەکە:
پێشمەرگە عەبەسییە دۆنکیشوەتەکان!
٢٠١٤.١٢.٢٢

زۆرن ئەوانەی لەم فەیسبووکەدا خوای بێزارین، ئەوەی نوتقێکی لەبارەی مەرگ و ڕەشبینییەوە وتبێت چ نووسەرانی خۆمان یان بیانی لێرە دەرخواردی خەڵکی دەدەنەوە، کەچی هەر دەیان بینین زرت و زیندوون، تەنانەت نەمانبیست یەک هەوڵی خۆکوژییان دابێت، قسەکانی کافکا و کامۆ و عەبەسییەکانی تر کە مەرگ دۆستن لە خۆیاندا پراتیک ناکەن تا بگەن بەخاڵی کۆتایی، ئەو دنیا سەخیفە و هیچە بەجێ بهێڵن. خۆ پرسی خۆکوشتن جۆرێکە لە پێشمەرگایەتی، کە هەموو کەس پێی ناوێرێت و غیرەت و ئازایەتی گەورەی گەرەکە.. بیرەوەری کۆنە عەبەسیەک.

لەبەراورد نایەن!
٢٠١٤.١٢.١٩
وتاری نووسەرێکی عەرەبیم خوێندەوە، ٢خاڵ جێی سەرنجم بوو، ئەو پێی وایە، کە ناکرێت وڵاتێکی ئەورووپی وەک فینلاند بەراورد بکرێت بە کوردستان و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیانەکانی ئەفەریقا و ئاسیا.. ئەو پێی وایە فینلاند دەبێت بە سووید یان ئیستونیا و نەرویج بەراورد بکرێن.. وڵاتە دواکەوتووەکانی ئاسیا و ئەفەریقایش بە نمونەی هاوشێوەی خۆیان..
خاڵی ٢هەم مەسەلەی بەیاسایی کردنی هاوڕەگەزبازییە، ئەو پێی وایە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم خاڵەدا کۆنەپەرستی تووندڕەون هاوکات لە کۆمەڵگا ئەورووپییەکان لە پێشکەوتوخوازیدا تووندڕەون.

ئاڵا لە نێوان ناسنامە و خۆشگوزەرانیدا؟
٢٠١٤.١٢.١٧
زۆرن ئەوانەی بیانوی جۆراجۆر دەهێننەوە و موخالەفەتی ساویلکانەی خۆیان لەسەر مەسەلەی ئاڵای کوردستان دەردەبڕن، دەیبەستنەوە بەمەسەلەکانی خۆشگوزەرانی و مافی مرۆڤ و زۆر مەسائیلی تر کە گوایە لە ژێر ئەو ئاڵایەدا هێشتا بەدی نەهاتووە.. هەرکات بەدی هات ئەوا ڕازی دەبن..
لەبارەی ئیدەی ئاڵایەک بۆ هەموو کورد هەبێت، ساویلکەییەکی تری بەشێک لە خەڵکە.. ئەو ئاڵایەی کوردستانی خۆرهەڵات گەر خەڵک و زووربەی پارتە کاریگەرەکانی ڕازی بن لەسەری و خۆیان یەکلایی کردۆتەوە هەنگاوێکی پۆزەتیفە و دوور کەونەتەوەیە لە هەژموونی کوردستانی خواروو و .. هاوکات دوور دەکەونەتەوەیشە لە ئیدەی کوردستانی گەورە.. تەنانەت ڕۆژەکەشی بگۆڕێت تا هیچ کوردستانێک لەوی تر نەچێت و سومبل و ناسنامەکان جیا بن... ئەوە کوردایەتی ئەسڵە.

سەيرە و سەيريش نييه
٢٠١٤.١٢.١٧
خۆشبەختانه ئەوا دەستوورى هەرێمى كوردستان لەلايةن پەرلەمانەوه چاک و دةستكارى دەكرێت.. چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆكى پەرلەمان چاوی بەشاندێكى بەريتانى كەوتبوو، يەكێك لە باسەكانيان گفتوگۆ بووه له بارەى دەستوورى نابراوەوه، ئەمە لەكاتێكدا بەريتانيا دەستوورى نييه!!!

لۆگۆی پارتە کوردییەکان کوا؟
٢٠١٤.١٢.١٥
کاری من لەو وێنەیەدا بەکوردی کردنێتی، تەنها وشەی بەڵامم بۆ زیاد کردووە.. بەس ئەوەی لەو وێنەیەدا کەم و بزرە بەتایبەتی دەستی ڕاست دەبوایە لۆگۆی حیزبە تۆتالیتارییەکانی کورد و عەرەب و فارسی؛شی تێدابوونایە.. چوونکە ئەوانە بە ئێستاشەوە کەم ناشیرین نیین..

دەیگۆڕین، خۆمان گۆڕی، بمانگۆڕن!
٢٠١٤.١٢.١٣
ئەم کاریکاتێرە لەسەر بنەمای قسەیەکی کەسایەتی بەناوبانگی ڕووسی لیۆ تۆڵستۆی(١٨٢٨-١٩١٠) بنیات نراوە، من لە عەرەبییەوە کردوومە بەکوردی، بەڵام کەمێک دەستکاریم کردووە بەشی سێهەمیم بۆ زیاد کردووە. بەوەی کە میللەت قسەی هەقی بۆ بکەیت پشتت تێدەکات..
وتەزاکەی لیۆ تۆڵستۆی ئەمەیە: هەموو کەس بیر لە گۆڕینی جیهان ئەکاتەوە، بەڵام هیچ کەس بیر لە گۆڕینی خۆی ناکاتەوە.

گوێم لێبوو
٢٠١٤.١٢.١٣
کەس شیاوی ئەوە نییە دەڵاڵی نێوان بەندە و خودا بێت.. ئەمە وەڵامی کەسێکی شارستانی هاوچەرخە کە ڕووبەڕووی لەسێدارەدان بۆتەوە، کاتێک پێی دەڵێن گەر بتەوێت مەلایەک دەهێنین تا دوعای خێرت بۆ بکات و یاسینت بخوێنێت..
------
دایلۆگی نێوان دوو کەسی ناو یەکێک لە هەلقەکانی کارادای تورکی بوو، بەرهەمی ٢٠١٢ لە ٣ بەش پێکهاتووە، ئەم سریالە درامایە بە دۆبلاجی زمانی کوردی لە کەناڵی گێم کورد ڕۆژانە پیشان دەدرێت..
لەم لینکی فەیسبووکی ئەو کەناڵە و هەلقە دۆبلاجکراوەکانیان دەببنرێت

سڕ و نهێنی چی؟
٢٠١٤.١٢.٨
دنیاکە سەیرە و پێچەوانەیە، لەو کوردستانی خوارووەدا من بۆ خۆم لە پارێزگای سلەیمانی شاهیدی چەند سەردەمێکم پێش بەعس و بەعس خۆی، ناوچە و شار و گوند و دەڤەر هەبوون، بۆ ڕاوە پێشمەرگە و تاڵان و بڕۆی گووندەکان هاتبوون، گرد و شاخ و تەپە نەمابوو ڕەبیعەی ئەوانی لێ نەبێت و قۆنتەراتیان کرد بوو.. کەچی لەسەردەمی دوای ڕاپەڕین و تا هەنووکەیش، هەر ئەو خەڵکانەی ئەو ناوچە و گوند و دەڤەرانە بەزارەکی ئەوەندە ئەوەندە کوردن نەبێتەوە تا ئەو ئاستەی ناخۆشیان کردووە... خێرەومەنێک نییە سڕی ئەوەمان پێ بڵێت؟
جوریک لةئيزدواجيةت و فرسةتتةلةبى و خوگونجاندن لةگةل هةر دةسةلات كة لةسةرةوه بيت دةگةيةنيت.

بیرەوەرییەک: لەپەراوێزی ماڵوێران کردنی کاوە گەرمیانیدا
٢٠١٤.١٢.٥
بەعس کەس و کاری ئەنفالکردم ،دەسەڵاتی کوردیش پیاوەکەم...
دڵشکاوترین ژنی دونیا (شیرینی کاوە گەرمیانی).. لە دیواری مەجید دڵنیاوە وەرگیراوە.
هەر ئەو خانمە وا نييه و وای بەسەرنەهاتووە، زورى تر دڵشكاو و زوڵم لێكراو هەيه و هەبووە، نموونه من بۆ خۆم يەكێكم لەوانه، جا وەرە سەیری ئەو پارادۆکسە بکە: عەلى چەلەبی برام کۆتایی مانگی ٤ی ١٩٧٩ پێشمەرگەى يەكێتى نیشتمانی کوردستان بوو، کەوتنە کەمینی جاشەکانی زەرایانەوە، شەهيد کرا و تا ئێستا گۆڕی ونه، جا خۆش و کۆمیدی ئەوە بوو، له هەمان مانگی شەهید کردنیدا ١٩٩٦ لەيادى شەهيدكردنی ئەو برایەمدا، له ئاسايشى سلەيمانى وەك ڕۆژنامەنووس و نووسەرى موخاليف و چەپی ڕادیکالی ئەوكات گیرابووم. دیارە حکومەتی بەعسیش دوو جار گرتوومی، سەیرەکە لەوەدا بوو دەزگای ئایش و زیندانەکەی ئەوەی بەعس و ئەوەی یەکێتی و حکومەتی کوردی لە یەک بینایەدا بوون، کە بەئەمنە کۆنەکەی جادەی سالم بەناوبانگ بوو.. فشەيه ئەو دنيايه... فليمەكان بەشێوەى جۆراجۆر هەزار باره دەبنەوه و بوونەتەوە.. ئای چەند بەداخم بۆ سەرگەردانی ژنی و مناڵی کاوە گەرمیانی...
-------
بابەتی پەیوەندیدار
لەیادی گیانبەختکردوانی قەلەمدا
پۆستەرێکی واقعی، لەیادی فەرهاد فەرەجدا

بيرم لە ئایین كردەوە
٢٠١٤.١٢.٤
دوا گوێگرتن لە بەرنامەيەک ئەم چةند دێڕەم بۆ هات:
ئاينى ئيسلام و زەردەشتى و كريستيانى لەسەروەختى دروستبوونيان دژی پۆڵاریزمی کۆمەڵگاى ئەو كاتة بوون لەژێر ناونیشانی یەكتاپەرستى هاتوون خواكانى تریان كە خەڵک بروايان پێی هەبووه لەناو بردووه و ديكتاتۆرييەتى عەقيدةيان دروست كردووه. كەواته سەرهەڵدانى ئەوان دەستپێکی نا دادپەروەرى كۆمەڵايەتى و سياسى و ..تر بووه.

کوردستانی خواروو لە خاڵی گەندەڵیشدا جیایە!
٢٠١٤.١٢.٤
ڕۆژی ڕاپردوو ڕێکخراوی دەستپاکی جیهانی، ڕاپۆرتی سڵانەی خۆی خستە ڕوو ناوی عێراقی(دیارە بە کوردستانی خوارووشەوە) بە هەشتهەمین گەندەڵترین وڵات داناوە. جا خاڵی ناکۆک لەو بەیەک چاو سەیرکردنەدایە کە ڕێکخراوەی ناوبراوە کردوویەتی، کەس ناتوانێت بڵێت ئەو دیاریدە قێزەونە لە کوردستانی نییە، گەر ئاوڕێک لەدواوە بدرێتەوە مەحافلە جیهان بەتایبەتی مرۆڤدۆستەکان هەمیشە لە ڕاپۆرتەکانیاندا حسابێکی جیاوازی بۆ کوردستان کردووە، وەک ئەوەی لە عێراق لەسێدارەدان هەیە، لە کوردستانیش هەیە بەڵام جێبەجێی ناکرێت. زۆر دیاریدەی پۆزەتیفی تر کە لە عێراقدا نابینرێت.. کەواتە کوردانی کوردستانی خواروو دەبێت ئەو ناهەقییەی ڕێکخراوی ئەستۆپاکی جیهانی ڕاست بکرێتەوە، ئەمە بەو مانایە نا کە ڕەحم بە کوردستان بکرێت، بەڵکوو ڕاپۆرتی تایبەتیان لەسەر کوردستان بەجیا هەبێت و لەتای تەرازوویەکدا دایان نەنێن...
-------
بۆ ئامانەت: وێنەی کاریکاتێرەکە بەندەی موخلیستان کولاجی کردووە.
لەم لینکەدا هەواڵێک لەبارەی ئەو ڕاپۆرتەوە کە ڕێکخراوەی دەستپاکی جیهانی دەریان کردووە دەبینن:

لەیادی گیانبەختکردوانی قەلەمدا
٢٠١٤.١٢.٢
بۆ ئەو وێنەیە ئیتر نازانرێت کێ دروستی کردووە، نووسیم: ئەو کاروانە نە لەوانەوە دەستی پێکردووە نە لەوانیشدا کۆتایی دێت.. بەڵام ئەم جووتکردنە لەیادی شەهید کاوە گەرمیانیدا ناتەندروست و نا پیشەییە، دەلیلی فەوزایەک دەگەیەنێت. چوونکە ناکرێت لەیادی یەکێکدا برینی ئەوانی تریش بکولێنرێتەوە. هەروەها لە بەها و نرخی یادی کاوە گەرمیانی کەمدەکرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا کێسی هەر دانەیەکیان لەوی تر ناچێت و بکوژەکانیشیان جیاوازە.. لەم یادانەدا وا باشترە فۆکیس بخرێتە سەر کەسی یادکراو نەک هەموو، چوونکە گیانبەختکردوانی قەڵەم و ئازادی زۆرە، ئیبرازکردنی بەکۆمەڵ دڵی ئەوانی پێش ئەمان دەڕەنجێت.. ئەم تێکەڵ کردنە لەگەڵ مەبدەئی ئیدارەکردن کاردا نایەتەوە، وەک ئەو کەسە وایە بچێت بۆ خواردنگەیەک دوای برنج بکات، کەچی ساوەری بۆ بهێنن.
بۆ ئامانەت: وێنەکەم لە کاک عەدنان گلییەوە وەرگرتووە.
-------
لەم لینکەی ماڵپەڕی سبەی هەواڵێک لەسەر هەفتەی یادی کاوە گەرمیانی دەبینرێت
بابەتی پەیوەندیدار
پۆستەرێکی واقعی، لەیادی فەرهاد فەرەجدا

بۆیە وەرزش خۆماڵی سفر هیچ بەدەستەوەیە!
٢٠١٤.١٢.٢
جار جار سەرم لێ تێک دەچێت چاو لە لاپەڕە وەرزشییەکان دەکەم و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان دەبینم و دەبیستم، ئەوەی جێی سەرنجم بووە، ئەو پێگە وەرزشی و بەرنامانە گرنگی زیاد لە پێویست بە ڕووداوە و کارەکتەرە وەرزشییەکان جیهنییەکان، وەک هەر ئێستا لە ڕووداو کاتژمێرێکە بە باسی ئەوانە مێشکی سەری خەڵکیان بردووە... جێی پرسیارە بۆ ئەوەندە شارەزان لە وردەکارییەکانی دنیا و بەڵام ڕووداوە ناوخۆییەکانی کوردستانی خواروو سفر هیچ بەدەستەوە... ئایا ئەمە تەمەڵی نییە و حازرخۆری بەرسێبەر نییە؟ ئەم تەرجوومەیە و گواستنەوە دەقاو دەقە بۆ؟ بەوە دەیانەوێت چ پەیامێکی سەقەت بدەن بە خەڵکی؟!

خەمی ڕۆژانە، تشرینی دووهەم ٢٠١٤


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ١١ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی
بيستم

كوردێكى ژیری خەڵكى شارى كەركووک وتى: گەر داعش نەبوايه ئامادەبووين بچین بۆ شەر نەک له شارۆچکەى كۆبانى بەڵكوو له هەر كوردستانێكى تر.

ئەو کەرێتییە ڕابگرن!!

ئەوەی لەم هەواڵەدا هاتووە عەبەسیەت و گێلێتی و کەرێتییەکی گەورەیە، چوونکە خوارووی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی گەورە بۆتەوە، ئەوەی بەشێک لە خەڵکی ئەو دوو شارە ئیتر بەهەر بیانوویەکەوە بێت لە بەرامبەر یەکتردا دەینوێنن، هیچ مانایەکی نییە؟ بۆیە بووینەتە مایەی تانە و تەشەری کوردی پارچەکانی تر..


هەژاری نەعلەتێکە بنبڕکردنی ئاسان نییە
٢٠١٤.١١.٢٨

نامەیەکی جوانی پڕ هەست و سۆزی بڕای شەهید فەرهاد فەرج هاوڕێی لەمێژینەم کە بەداخەوە لەبەر ماڵەکەی خۆیدا تووی مەلیک ژمارەیەک لە داعشییە کوردەکانی ئەو سەردەمە نامەردانە شەهیدیان کرد.. ئەو لەبەر ئەوەی مناڵی خەڵکی هەژار بوو وەک زۆر شەهیدی تر، ناوی بزر و ونە.. ئای هەژاری چەند بێرەحمی.. چەند ڕقم لێتە...

ئەمەریکا ئێرانی لەگەرمیان کردووە بە کەلەگا!
٢٠١٤.١١.٢٥

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتوویەتی قاسم سلیمانی کوردستانی پاراست.
دوێنێ ئێوارە لەدەنگی ئەمەریکاوە مەحموود سەنگاوی دەیووت: کێ پێویستی بە ئەمەریکا نییە؟ بەڵام منیش دەڵێم خەتا لەو ئەمەریکایەوەیە کە کورد وەک فریادڕەس سەیری دەکات، ئێرانی لەو ناوە بەتایبەتی لە گەرمیان کردۆتە ئەو لایەنەی گونی گوندار دەربهێنێت و بڕیاردەر بێت. لە شەڕی گرتنەوە جەلەولا و شارەبان(سەعدییە) یەک فرۆکەی جەنگی هەڵنەساندووە و قەسفی هێزەکانی داعشیان نەکردووە.

هەرچی فینلاندی وتی ئۆکەی نییە!
٢٠١٤.١١.٢٥

پێم وایە ئەو زانیاریانە کەم و کورتە، کوردستانی سووریا گولەیەکیان نەناوە بە ڕژێمی داگیرکەری سووریاوە ناویان هاتووە بەڵام کوردستانی خواروو کە ڕووبارێک خوێنی لە دژایەتی کردنی داگیرکەری عەرەبی داوە، زیاتر لە ٢٠ ساڵە حوکمی خۆی دەکات، بۆتە ژمارەیەکی حساب بۆ کراو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەچی ناوی بزرە!! پێم وایە زانیاری وا هەر پیشانی فینلاندیان نەدرێت باشترە.. دیارە ئەوەی تێکستەکەی نووسیوە کەسێکی بێئاگا لە دۆخی کوردەکان بەگشتییە، هەموو شتێک کە فینلاندییەکان دەیڵێن و دەینووسن بڵێن ئامین..

هزرێکی مەترسیداری جیهانداگر!!
٢٠١٤.١١.١٦

زۆرن ئەو کوردانەی کەسێکی وەک سەلاحەدین ئەیوبی بەکورد دەزانن، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە، دیاردەی مۆرلێدانی کورد بوونی فڵان و فیسار کەسایەتی و تەنانەت فڵان شوێنیش سەریهەڵداوە، ئەمە وەک هەستانەوەی نەتەوەیی بەئەژمار دێت.
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆزینەوەی کیشوەری ئەمەریکاوە وتوویەتی گوایە پێش ڕۆژئاواییەکان موسڵمانان چوون و دۆزیویانەتەوە، درۆ بەدەم کۆڵمبسەوە دەکات کە مزگەوتی بینیوە.. ئەوەی ئۆردوگان دەیڵێت و لە پلەیەکی بەرزی دەوڵەتیدا، جۆرێک لەسادەلەوحی دەردەخات و پێدەچێت بەتاڵ بێت لە مەعریفە... بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە دەچێتە خانەی هەستانەوەی هزری ئایین، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریا خەلافەتێکی ئیسلامی سەریهەڵداوە و تووندوتیژییەکی سەرسووڕهێنەریان خولقاندووە، هەموو دنیایان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. ئەوانە بەو خەریکی هەستانەوەی ئایینین، کەسێکی وەک ئۆردگانیش لەپلەوپایەیەکی بەرزدا بە گومان دروست کردن لەسەر هەموو دۆزینەوەیەکی ڕۆژئاوایییەکان خەریکە.. هەر وەک چۆن گومانیان لەسەر جینوسایدکردنی جووڵەکە دروست کردووە، هۆلۆکۆس بە درۆ دەزانن.
ئەم شەڕانە دەچێتە خانەی ململانێ و کێبڕکێی ئاینی و ئایینی هەروەها کێبڕکێی نێوان ئاینی و نەتەوەیی و سکۆلاریزم..
---------
تەواوی هەواڵەکە لە ماڵپەڕی سبەیدایە

مەهزەلەی مەزبەلەیە ئەم دنیایە!!!
٢٠١٤.١١.١٥

ئەم کوردی کوردستانی خوارووە چاک بوون بە کوێخای کوردەکانی تر و لە ورد و درشتی کێشەکانیان دەستوەردەدەن، حکومەتەکەی مەسغود و نێچێر و قوباد و وەزیری پێشمەرگە، سەرباز ناسراو بە پێشمەرگە دەنێرێت بۆ کوردستانی سووریا (پارچە و بەشی دوو)، ئەم مەلا بەڕێزەیش ڕەخنە لە بڕیارێک دەگرێت کە حیزبێکی ئەو کوردستانە لە بەرژەوەندی ژن دەری کردووە، نە ئەم لوت ژەنینەی ئەو مەلایە، نە ئەو بڕیارە مناڵانە و غەشیمانەیەی ئەو حیزبەیش... مەهزلەیەی مەزبەلەیە ئەم دنیایە...
لە پەراوێزی ئەو تێکستەدا
ئەو حیزب و گرووپە جاهلەی کوردستانی سووریا (پارچە و بەشی دوو) بە دەرکردنی بڕیارێکی لەو چەشنە کە لەمەبدەئدا خراپ نییە، بەڵام لە کەی و چ ساتێکدا ئەوە ڕێک وەک ئەو بەشە لە تەجرووبەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی خواروو وایە کە گرووپی چەپە ڕادیکالەکان دروشمی حکومەتی کرێکاری و ٣٥ کاتژمێر کار لە هەفتەیان لەو فەوزایەدا بەرز کردبووە..
من بۆ خۆم لەو سەردەمەدا یەکێک بووم لە لایەنگران و چالاکی ئەو تەوژمە مناڵانەیە، بەڵام سەرئەنجام بینیمان کە چیمان بەسەر هات و چی ڕوویدا.. هاهاهاها جا مێژوو دووبارە دەبێتەوە ئەما بە کەرێتی، بەڵام لە شوێنێکی تری دنیا...

ئایین موقناتیسە
٢٠١١٤.١١.١٤

ئايين كاريگەرى هێنده لەناو خەڵكى ڕەشۆكى بەرز و گەورەيه، وەک دۆخى ئێستاى كوردەكان (گێچەڵیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش) لێهاتووه، کە بۆتە هۆی ئاوارەبوون و شەڕ و کوشت و کوشتاری باوەڕدارانی ئایینی ئیسلام، لەم دەرگا دەريان دەكات، کەچی لەو دەرگاوه و لە شوێنێکی ترەوە دووبارە خۆىانی پێدا دەکەنەوە، وەک موقناتیس گرتوونی.. پارادۆکسێکی کۆمیدییە.

هەر بژی کورد و عەرەب ڕەمزی نزال!
٢٠١٤.١١.٩

ژنە پەرلەمانتارێکی کورد وتوویەتی: ئێمە پێشوازی لە هاوڕێ عەرەبەکانمان دەکەین. بۆیە ناڵێم براکانمان، چوونکە ئەوان هەرگیز لە تەنگانە و ناخۆشییەکانماندا بەتەنگمانەوە و لەگەڵماندا نەبوون.
-------
لە وتاری نووسەری عەرەبی عەگال بەسەر محەمەد ئەلرمحی لە ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت/ ڕۆژی هەینی ٢٠١٤.١١.٨ بڵاوبۆتەوە، وەرمگێڕاوە.
بەشی زۆری پیاوان هزری پیاوانە هێندە لایان تۆخە مزمەعیلی کردوون وێڕای بەغالەتیان، تەنانەت نزیکترین کەسی خۆی نابینێت گەر هاتوو ژن و خوشک و دایک و کچیشی بێت نابینن، چوونکە لەوە دەترسێت ئەو لە کار و ژیان سەرکەوتووتر دەربچێت .. ئەو هەموو کێشانەی کە لە ئەورووپا لە نێوان خێزانەکاندا ڕوو دەدەن هۆکاری ئەوەیە ژنان کۆت و بەندی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی موتوربەکراو بە ئایین و هزری عەشایەری فڕی دەدەن و دەرگای رەحمەتیان لەسەر دەکرێتەوە. جا پارادۆکسەکە لەوەدایە ڕەگەزی نێر زیاتر لە کوردستانی خواروو ڕادەکەن!

ڕۆژی کۆبانی و هاڵۆوین دایان بەیەکدا؟!
٢٠١٤.١١.٤

کوردەکان چوونکە هەمیشە لەپەراویزدا بوون، دوای ئەوەی لە عێراق جۆرێک لە ئازادیان بەدەست هێنا. ئیتر بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان و زۆر کەیفیان بەوە دێت ناوی زل و قەبە لە دێی وێرانی خۆیان بنێن، لە زۆر بواردا فوو بکەنە خۆیان، گەورە خۆیان پیشان بدەن، لەکاتێکدا نازانن کە لە دنیادا گەورە و گەورە تر هەیە.
نموونە فرۆکەخانەکانی ئەو هەرێمەیان ناو ناوە نێودەوڵەتی سلەیمانی و هەولێر و ماوەیەکی تر دهۆکی و کەلاریشی دێتە سەر، بەڵام ئەو فرۆکەخانانە هەر وەک فرۆکەخانەی شارێکی لاچەپەکی یەکێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان وان.
لە سیاسەتیشدا باشترین و نوێترین نموونە ڕۆژی بە جیهانی کردنی کۆبانی بوو. کە هەر لە هەڵبژاردنی ڕۆژەکەیەوە سەقەت بوو تا....تر.  ڕۆژی١ی ١١ بەر بۆنەی هاڵۆوین کەوت کە زووربەی خەڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ماڵن لەسەر قەبرانن چوونکە ڕۆژی ماتەم و سەردانی قوربانیان و شەهیدان و مردوانە، کەچی کوردەکان شەقام و مەیدانەکانیان پڕ کرد بوو لە قیژە شیرەیان لەو بێدەنگییەدا دەگەیشتە عەرشی عەزیم.
بە حساب جیهانییە و خەڵکی ئەو وڵاتانە هەموو بەتەک کوردەکان کەوتوون، بەڵام هەموو چ لە میدیای کۆمەڵایەتی چ لەمیدیای خۆماڵی و تەنانە جیهانیش بینرا کە غەیری خۆ نمایش کردنی خودی کوردەکان زیاتر هیچی تر نەبوو، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک فینلاند هیچ میدیایەکی فەرمی ڕووداوەکەیان نەکرد بەهەواڵ.
بەڵام خوا هەڵناگرێت ڕۆژی حیزبایەتی پارتە گەورە بێ مۆراڵەکان بوون، ئەوانەی هزری تۆتیاتالیاریان هێندە بەرزە کە مزمەعیلی کردوون، هیچ ڕێزێک بۆ ئیحساسی خەڵکی دی دانانێن، هەردەم وێنەی حیزب و سەرکردەکانیان کردووە بە قورئان پیشانی خەڵکی دەدەن، کەچی دژی داعشیشن و دەڵێن داعش وا دڕند و هۆڤییە و داوای یەک ڕەنگیمان لێدەکات. بەم کارە پەیتا پەیتایانەی ئەو حیزبانە بۆمان دەردەکەوێت ئەو شەڕەی کە دەگوزەرێت شەڕی ژمارەیەک هۆڤییە لەناو خۆیاندا کەوتوونەتە گیانی یەکتر.
‌-------
هەمان تێکست لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا بڵاوکراوەتەوە

خەمی ڕۆژانە، تشرینی یەکەم ٢٠١٤



کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ١٠ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

هەواڵێکی خۆش
٢٠١٤.١٠.٣٠

ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای‌ زمانه‌ فه‌رمییه‌كانی په‌سه‌ند كرد.. ئەم کارە جێی خۆشحاڵییە، هەنگاوێکە بە ئاراستەی پۆزەتیف و سەرکەوتنێکی گەورەی ترە کە کوردستانی خواروو بۆ گردوکۆکردنەوە و ڕێکخستنی ماڵی خۆی دەینێت. ئەمیش قەرەبووی ئەو بڕیارە کەرانەیە دەکاتەوە کە لە ڕۆژی ٢٢ی ١٠ دایان، هێزی سەربازی ناسراو بە پێشمەرگە وڵاتەکەیان نارد بۆ پارچەیەک لە کوردستانی خۆرئاوا.
-------
تەواوی هەواڵەکە

وەهمی پان ناسیۆنالیزمی کوردی!!
٢٠١٤.١٠.٢٨

کوردستانی خۆرئاوا (سووریا)چەند پارچەیە؟ ئایا دەکرێت بشوبهێنرێت بە کوردستانی خواروو (عێراق) ناسراو بە هەرێم کە تەمامیەتی ئەرزی خۆی هەیە؟ ئەگەر وا نییە بۆ ڕێک بەناو خاکی ئەو پارچەیەدا لەسسنووری هەرێمی کوردستانەوە هێزی پێشمەرگە نەڕۆیشتتن و پێچەبەدەورە دەکەن لەڕێگای تورکیاوە بۆ ئەوێ چوون؟ ناسیۆنالیستی نەزان و گێلی کوردی چۆن خەڵکییان تا ئێستا خەڵەتاندووە؟ ئەو کوردستانە یان ئەو دوو لەتە کوردستانە بە فەلەستینییەکان دەچن، شاری غەزە لە کوێیە و زفەی خۆرئاوا لەکوێی خاکی ئیسرائیلدایە؟ کەواتە دەکرێت بڵێن خۆشی لە ناسیۆنالیستەکان چوونکە لە ٤ەوە بوو بە پێنج دانە، هەر لەخۆیەوە دانەیەکی تر زا!

کوردایەتی لەکوێ؟
٢٠١٤.١٠.٢٧

سەروبنی هەواڵەکانی میدیاکان هەڵبدەیتەوە باسی جۆراوجۆری شارۆچکەی کۆبانییە، ڕاستە چەکدارانی کوردی ئەو شارە بەرگری دەکەن، بەڵام لەگەڵ کۆمەکی فرۆکەکانی ئەمەریکا، نەک نەیانتوانییوە هێزی هێرش بەرن بەڵکوو بەردەوام دەستپێشکەری شەڕەکان لەلای داعشییەکانە. بەڵام پرسیار لەوەدایە کوردی خۆمان (هەرێمی کوردستان) بۆ کەوتوونەتە هەڵکەسەما بۆ ئەوێ و خۆیان بیرچۆتەوە، بەدەردی کۆمۆنیست و ئیسلامییە عەقڵ شمولییەکان چوون! لەکاتێکدا هێزی سەربازی ناسراو بە پێشمەرگە لەبەرەیەکی دوورودرێژدایە لەبەرانبەر داعشییەکاندا ڕووبەڕوون، ڕۆژانە چەندەها سەرباری ناسراو بە پێشمەرگە شەهید دەبن، نوێترینیان ٣ براکەی خەڵکی شارۆچکەی سۆرانە. لە کاتێکدا باس لە قارەنێتی هێزە بەرگریکارەکانی خۆمان ناکرێت، کەچی سووتاون بۆ کوبانی.. پارادۆکس لەوەدایە لە ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتی و لۆجیکیدا نابینرێت مەگەر غەشمەکان نەبێت ئەگینا کەس کچی خۆی باکات بەقوربانی کوری خەڵکی؟ ئەگەر کوردایەتی ببێتە هۆی خۆ لەبیر کردن و نیرکانی خود، تێی هەڵدە....

چەند فلاشێک
٢٠١٤.١٠.٢٦

ئاوارەکان کەی دەڕۆنەوە؟
ئةى عةرةبةكانى ناوةراست و خواروو؟ كوردةكاتى خورهةلات(ئيران) كه لةكوية هةليانداوه؟ كوردةكانى باكور(توركيا)ى مةخموورن؟؟ هەموو ئەوانە برۆنەوە هەم خۆیان ئیسراحەت دەکەن هەم خەڵکی کوردستانی خواروو.
ختووکەی ناسیۆنالیتە تۆخەکان 
پێم وابێت ئةم دةربرينه بو گةل و نةتةوةى ترى وةك كورد و فارس و تورك و.... یش دةگونجیت.. قسةي وا ناسيوناليسته توخةكانی کوردی کوردستانی خواروو(باکوری عێراق) كةيفيان پێ دێت؟؟!! چوونکە ئەوەندەیان رق لە عەرەبە، نیو هێندە رقیان لە فارس و تورک نییە.
محمد ماغوت ده‌ڵێت : (لەجیهانی عەرەبیدا بەلایکەمەوە ڕۆژی سەد گەمژە یەکتر لەناو دەبەن و دوو سەد گەمژەی تر لەدایک دەبنەوە ،ئێمە تەواونابین بڕیارمانداوە جیهان بەخۆمانەوە سەرقاڵ بکەین و ڕێگەنەدەین مرۆڤایەتی بەئارامی و دوور لەدڵەڕاوکێ بژین ، لەپێناسەیەکی کورتدا " ئێمە عارەبین".
کامیان پێویست ترە؟
ئەگەر سەرت لێ تێکچوو وا باشترە بچیت بە هیمدادی پێشمەرگەکانی خۆمانەوە نەک شوێنێکی تری وەک شارۆچکەی کۆبانی، سەریشیان لێ تێک نادەیت، کاری پشت بەرەی جەنگ زۆرە.
کورد تەنها دۆستی چیاکانە
لەوانەیە ئەو دەربڕینە زۆر دروست نەبێت، چوونکە بەنیسبەت کوردی کوردستانی خوارووە(عێراق) دەمێکە لەوە دەربازی بووە، کە شاخ هاوڕێی بێت و ببێتەوە یان پەنای بۆ بەرێت.. دوو لەتە کوردستانەکەی خۆرئاوا(سووریا)یش ئەسڵەن شاخیان نەدیووە و لەوەش ناچێت بیبینن، تەنها کوردی دوو پارچەکەی تر(خۆرهەڵات و باکوور) لەوانەیە پێویستیان بێت..

دیکتاتۆر بەدیکتاتۆر گۆڕینەوە!!
٢٠١٤.١٠.٢٤

دۆستانێک کە بەفەرهەنگ ئەورووپین و بۆ چەندەها ساڵ لەو وڵاتانە ژیاون، کە هەڵسەنگاندن بۆ فڵان دیاردە و فیسار دەکەن، دەکەونە هەڵەوە، بۆ نموونە دژی فڵان حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستانی خواروو دەبنەوە، ئیتر هەموو دیدە بنەمایی و بنەڕەتی و ستاندارەکانی کلتووری ڕۆژئاواییان بیر دەچێتەوە و پێشێلی دەکەن ئەویش لە داخ و رقی ئەو حیزبەی کە هەژموونی زاڵی هەیە، لایەنگری لە حیزبێکی تر دەکات کە هیچ جیاوازییەکیان نییە و بەڵکوو ئاو بەیەک ئاشدا دەکەن و گونی گوندار دەردەهێنن گەر لە بستێک خاکدا دەسەڵاتیان هەبێت..
ئەوانە لەداخی ئەو کەلەگایە و ئەو دیکتاتۆرە دانەیەکی هاوشێوەی تر گەورە و قەبە دەکەن. نموونەی بەرجەستە کە لەم ڕۆژانەدا لەبەرچاوە ئەوەیە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان پێ کە کە؛ی کوردستانی باکوور(تورکیا) لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان(باکوری عێراق) یان یەکێتی نیشتمانی کوردستان.. ئەوە پەرچەکردارە پارادۆکسێکی کۆمیدی و ڕەشە کە ژمارەیەک لەو دۆستانە دەرگیری بوون..
ئەلتەرناتیف ئەوەیە لەسەر بنەمای پۆلاریزم دەبێت دژی هەموو جۆرە هەژموونخوازی ئەو حیزبانە ئیتر لە هەر کوردستانێک بێت ڕابوەسترێتەوە، بەر نەفرەت بدرێن، یان وەک چارەی مامناوەندی بێدەنگی هەڵبژاردن باشترە لە قسەکردنێک کە بچێتە گیرفانی حیزبێکی تۆتالیتاری ترەوە.

شیعە لە سوونی(داعش)یەکان تیرۆریستترن
٢٠١٤.١٠.٢٣

پێدەچێت هونەرمەندانی شانۆ و تەلەفیزیۆنی عەرەبە شیعەکان لاسایی هونەرمەندانی کوردی کوردستانی خواروو بکەنەوە، ئەوانیش گاڵتە بە داعش بکەن، لەکاتێکدا ئەو شەڕەی کە ئێستا یەخەی بەناوچەکە گرتووە، کوردی تێوە گلاوە، بەهۆی دیکتاتۆڕییەت و تیڕۆری شیعە و حکومەتەکەیانەوە بووە، شەڕی نێوان تیرۆریستانە، خۆشیان کەم عومەر و بەکرناویان نەکوشت تەنها لەبەر ئەوەی ناوی سوونی بوون.. قەل بەقەل دەڵێت ڕووت ڕەش بێت....
ببوورن کە هەواڵەکە بە زمانی عەرەبییە

دارێک هەردوو سەرەکەی پیسە
٢٠١٤.١٠.٢٣

ئەم هەواڵە کە باس لە کردنەوەی دەزگایەکی خۆبەخشان دەکاتەوە تا بچن شەڕ لە سووریا و پشتیوانی لە کوردانی ئەو کوردستانە بکەن، کارێکی باشترە وەک لەوەی هێزی فەرمی حکومەت ناسراو بە پێشمەرگە بنێردرێت. بەڵام ئەو هەنگاوەیش بۆ داهاتوو موزاعەفاتی دەبێت، وەک چۆن حکومەتانی ئەورووپا بە فینلاندیشەوە دەرگیرین، ئەو دیاردەیەن کە گەنجان چوون بۆ شەڕی سووریا و عێراق، ئەو شەڕچیانە لەوانەیە ببنە هۆی نائارامی بۆ حکومەت و خەڵکەکەی.. کەواتە حکومەتی کوردستانی خواروو دارێکی بەدەستەوەیە هەردوو سەرەکەی پیسە!!
--------
تەواوی هەواڵەکە لە ماڵپەڕی خەنداندا بخوێنەوە

ئەو بڕیارە پەرلەمانی کوردستان باجەکەی چی دەبێت؟
٢٠١٤.١٠.٢٢

ئەو بڕیارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەناردنی ٢سەد پێ میم بۆ کوردستانی سووریای ژمارە ٢ (چوونکە دوو کوردستان زیاتر لەو وڵاتەدا هەیە) وەک ئەو پەندە وایە کە دەڵێت فڵان لاسایی فلانی کردەوە دەستی کرد بە کەپوویا.. ئاخر هەرێمێکی قنگ هەڵپچڕاوی و شەڕ لێدراو و قەیراناوی، تۆ خۆت بەچی دەزانیت؟ بۆ لاسایی دەوڵەتە گەورەکانی دنیا و دراوسێکان دەکەیتەوە؟ بڕۆ خەریکی پڕکردنەوە کونەکانی خۆتان بن باشتر.. ئەو بڕیارە بێ بیرکردنەوە لە موزاعەفاتەکانی دراوە، وەک دەڵێن ئاخرێکەی خێر بێت و گرنگ ئەوەیە ماڵوێرانی زیاتر بەدوای خۆیدا بۆ کوردستانی خواروو نەهێنێت..
-------
تەواوی هەواڵەکە لەەم لینکەدا دەبینرێت.

دژ بە دروشمی ئومە کوردییە واحیدە زات ڕیسالە خالیدە!!

٢٠١٤.١٠.٢١

خاکی کوردستانی خواروو بەتووڕەکە دەبێژن!
ڕاستە جێی دڵخۆشییە بۆ دووهەمین جار ئەمەریکا کۆمەك بە بەشێک لە کوردانی کوردستانی خۆرئاوا (سووریا) دەکات، بەڵام گەر ورد تری بکەیتەوە، ئەو هەنگاوە لایەنی نێگەتیفی هەیە، بەوەی گروپی پشتیوانی کە پێکهاتووە لە تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو دەستەوەستان نابن لە کۆمەکی زیاتری دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش.. کەواتە لەو بەرەیە و لەبەرەکانی تری کوردستانی خوارووە شەڕەکە گەرم تر و سەخت تر دەبێت و دەکرێت.. جا پشتڕاستکردنەوەی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەوەی کە ئەو کۆمەکانە هی ئێمەیە وا دەکات، بەنزینی فرۆکەی زیاتر بە شەڕەکاندا بنرێت تەلەفات و نائارمی پتر تر بێت... ئەمە لەکاتێکدا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی داعش جارێکی تر بەتووندی پەلاماری کوردستانی خواروو نەدەنەوە، ئەو هەوڵەش باجی خۆی هەیە، یەکێک لەوانە ئاسانکاریی ئابوورییە بۆیان، ئەمەیش هەموو حکومەتانی دنیا دەیکەن.. بەخاتری ئەوەی کێشە لە خۆیان و هاوڵاتانیاان دوور بخەنەوە.. ئیتر نازانرێت ئەو هەوڵە بەردەوام دەبێت و کەی دەشکێنرێت. وای لێهاتووە لەو دۆخەدا کە چەند تیپێکی دڕ و ناکۆک بەگژ یەەکدا چوون، هیچ شتێک گرێنتی نییە.
تورکیا و سعودییە و ئەمەریکا و زۆر وڵاتانی تر، هەمیشە هەوڵیان داوە لە شەڕەکانەوە نەگڵێن هێزی چەکداری خۆیان ڕەوانەی فڵان وڵات نەکەن، ئیدەی شەڕ لە بری پەیرە بکەن. بەڵام حکومەتی کوردی لە کوردستانی خواروو بۆ ئەوەی بڵێن وەڵا بابە هەستی نەتەوەپەرستییان هێندە بەرزە سنوور ناناسێت، بۆیە بڕیاریان داوە هێزی پێشمەرگە لە ڕێگای تورکیاوە بە هیمدادی کوردەکانی شارۆچکەی کۆبانی لە سووریا بچن!! گەر هێزیان بناردایە بۆ قامشلی کە هاو سنووری هەرێمە قابیلی چاوپۆشی لێکردن بوو.
ئەگەر کەسێکی ئاسایی هزری کوردستانی گەورەی سنکی کردبێت و هەبێت لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریتی کەمە، بەڵام حیزب و حکومەت هزری کوردستانی گەورە جەڕی بکات، و هێزی خۆی بدات بەداروو بەرددا لە کاتێکدا توانای دیاریکراوە، ئەوە کارەسات دەبێت و دەخولقێت.. دەوەرە سەر لەم هاوکێشەیە دەر بکە، ئاشی زانا، نەزان دەیگێڕێت.
-----
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا کە لە هەرێمی کوردستان/ سلەیمانی دەردەچێت.
ئەم وتارە لەژێر رۆشنایی ئیدەی کوردایەتی لە یەک پارچەدا سەرچاوەی گرتووە.
کەروێشکی کام لانەن؟!
٢٠١٤.١٠.١٩

زۆرن ئەو کەسانەی خۆشباوەڕن لەبەرانبەر فڵان گرووپی سیاسی چ لە ناوخۆی کوردستانی خواروو چ لە ئاستی کوردستانەکانی تر، بەوەی کە ئازا و لەخۆبردوون و کوردایەتییان لەوانی ئێمە باشترە، جێی هیوان و ڕزگاری لەسەر دەست ئەوان مسۆگەرە. بەڵام ئەو کەسانە یاداوەرییان لاواز و قرچرۆکە، چوونکە ئێستا حسێب نییە، گەیشتن بەدەسەڵات سەنگی مەحەکە، ئەو کات دەزانرێت ژێر دوگەکە چەند جوان یان پیسە.
گەر کوردی پارچەکانی تر ئەم جۆرە دیدەیان هەبێت نەدەبوایە بەشێک لە کوردەکانی کوردستانی خواروو (باکووری عێراق) دەهۆڵی وا بکوتن، چوونکە ئەزموونی یەکێتی و پارتییان لەبەر دەستدایە، تا لە شاخ و ئۆپۆزسیۆن بوون خەڵکیان بەدەورەوە بوو، خۆشەویستی جەماوەر بوون، بەڵام کە گەیشتن بەدەسەڵات بینران چ مەعدەنێکی ژەنگاو و چڵکنن، بۆیە بەو غەشمانەی ئێستا کە گەورەکەری حیزب و حیزبایەتین و خەریکی ئەفسانە داتاشینن و چەپلە بۆ حیزبی پارچەکانی تر لێدەدەن، کە ڕەگی تۆتالیتارییان بە ئاشکرا دیارە، دەڵێم ئێوە کەروێشکی کام لانەن؟

شەڕ لەسەر مناڵانە!
٢٠١٤.١٠.١٩

ئەوەی لە کوردەکانی خۆرئاوا (سووریا) بەتایبەتی مناڵانی ئاوارەکان ڕوو دەدات، کە لە هەردوو وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان هەڵیانداوە، لە دۆخێکی نامرۆڤانەی وادا دەژین قابیلی تەحەمەول نییە، بوونەتە قوربانی وەحشییەتی سەرانی حیزبە لۆکاڵییەکان و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و نێودەوڵەتی.. قوربەسەرییەکەیان لەوەدا خەست دەبێتەوە کە دەروویەک شک بۆ کۆتایی هێنانی ئەو کارەساتە مرۆییە نابینرێت..

ئەنفلۆنسای پیاوانیش پەیدا بوو!!
٢٠١٤.١٠.١٨

ئەنفلۆنسای بەراز و پەلەوەر هات و ماوەیەکی زۆر خەڵک پێوەی خەریک بوو پارەیەکی زۆریان خەرج کرد و پارەیەکی زۆر زیان کرا و زۆر کەسیشیان بێ گیان کرد.. ئەی تۆ بڵێی ئەم درم و پەنا نوێیەی تایبەتە بە ڕەگەزی نێر چی بێت؟ بەڵکوو پیاوان قڕ بکات لەبن و بێخ دەربهێنێت بەتایبەتی سەرۆک حیزب و حکومەت و خێڵ و سەرمەدارەکان لەناو بەرێت و دەسەڵاتی ژن و دایکایەتی بێتەوە، بزانیین حوکمی ئەوان وەک خۆیان ناسک و نەرم و نیان و بێ شەڕ و بێ کێشەی زۆر دەبێت...

پیاوێک هەرگیز نەژیابێت، بە نەمری دەمێنێتەوە
٢٠١٤.١٠.١٧

ئەم وتەزایە یەکێک باگراوەندی نەزانێت جۆرەها لێدانەوە بۆ دادەتاشن و شان و باڵی لێدەڕوێنن، بەڵام کەس هزری بۆ ئەوە ناچێت کە وەسفێکە بۆ کەسایەتی خەیاڵی نێو ئەدەب پشکنەری بەناوبانگی بەریتانی شارلۆک هۆڵمز بەکارهێنراوە. شارلۆک هۆڵمز لە داهێنانی نووسەر و پزیشکی سکۆتلاندی سێر ئارسر کۆنان دۆیڵ (١٨٥٩ - ١٩٣٠)ە.

میوان بێڕێزی بە خانەخۆێ دەکات!
٢٠١٤.١٠.١٦

ئەو بەرنامەیەی ئەمشەو کە لە تەلەفیزیۆنی ڕووداو لەگەڵ بەهمەنی قوبادی زەغت و شەکرەی بەرز دەکردەوە..بەڵام بەهمەن زۆر بوغرایانە قسەی دەکرد... نازانم شوان عەتوفی ئەکتەر چۆن ئەو ئیهانەتەی قبووڵ کرد، بەوەی بەهمەن هەموو کاتەکەی برد، لەسەر ئەوەی بە گەندەڵی تۆمەتباریان کرد، هێشتا خۆی بە مەغدوور دەزانی!!! نازانم خەڵکی کوردستانی باشوور بۆ شکۆ و مەوقعییەتی خۆیان بیر دەچێتەوە و ناپارێزن... هەفتەی ڕابردووش لەبەر خاتر و لەسەر شارۆچکەی کۆبانی لە هەولێر لە کامێرامان و پۆلیسێکیان دابوو..
هەر کەسێکی پەناهەندە لە وڵاتە ئەورووپییەکان بەفینلاندیشەوە شەڕ لەگەڵ کەسێکی ئەورووپی بکات، گەر خەتاباریش نەبێت، هەر پەناهەندەکە تاوانبارە، تاڵاو دەکەن بەقورگیدا، تا جارێکی تر پڕکێشی نەکات دەستدرێژی بکاتە سەر هاوڵاتییەکی ئەسڵی...

داعش حیزبایەتی تۆخ کردەوە!!
٢٠١٤.١٠.١٣

- : لەم ڕۆژانە ئەوەندەی حیزبەکان چ لە ناوخۆ و چ لەدەرەوە ئیبراز دەکرێت، نیو هێندە هیما نەتەوەییەکان بەرز ڕاناگیرێن.. باشترین نموونە خۆپیشاندانی کوردەکانی ئەورووپایە بەناوی پۆلاریزمەوە حیزبە خوێڕییە گەورەکان ئیستغلالی دەکەن، ئەم دۆخەیش لەناوخۆی وڵات هەرچەندە سومبلی هاوبەشمان هەیە و جیامان دەکاتەوە لە کوردی کوردستانەکانی تر. بەڵام لەژێر کاریگەری حیزبی پارچەکانی تر، بەتایبەتی کوردەکانی کوردستانی باکوور، ناهێڵن چاکسازی بەرەوپێشەوە بچێت، کە بزووتنەوەی گۆڕان ڕابەرایەتی دەکات. باشترین نموونە ئەو کۆبوونەوە حیزبییەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرای ئازادی ئەمڕۆ ٢شەممە ٢٠١٤.١٠.١٣ لە ژێر ناوی پشتیوانی بۆ کۆبانی بەرێیان خست.
- : فۆکس خستنە سەر ئێران وەک یاریزانی یەکەم، گوایە بکووژ و بڕ خۆیەتی ناتەندرووستە... دەوری بلوک بەندییە جیهانییەکان نابێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەمەسەلەی ئەو کێشەیەی کە داعش خولقاندوویەتی بیر بچێتەوە، بەتایبەتی ڕووس و چین کە ئێران بە یەکێک لە جاشەکانی ئەوان دادەنرێت.

شەڕی گەورەتر بەڕێوەیە!
٢٠١٤.١٠.١٢

ئەم هەواڵە جێی سەرنجە، ئەمشەوی ڕابردوو، بەلامەوە سەیر بوو کە کەناڵی ئێن ئار تی لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەنگی ئەمەریکا یەکیان گرتوو،هەردوولا پەخشی ڕاستەوخۆی هاوبەشیان هەیە... یەکسەر بەهەنگاوێکی ژیرانەم دانا..هاوکات خەیاڵم بۆ ئەوە چوو ئەم هەنگاوە بۆ ملشکاندن و کێبڕکێی میدیایی دەگەڕێتەوە کە کەناڵەکەی نێچیر بارزانی (ڕووداو) ئاوی کردۆتە ژێر هەموو ئەوانی تر، بۆیە کەناڵە بەهێزەکانی تری وەک ئێن ئار تی ناچار کردووە خۆیان ئارایشت بدەنەوە... جا بزانیین کەی کەناڵە حیزبییەکانی تر سەپرایس دەخولقێنن، یان ئاشبەتاڵێ یەکجارەکی لێدەکەن و ڕێگا خۆش دەکەن بۆ کەناڵە شوبهە حیزبی و ئازادەکان، بینەریش لە سەریەشەی فرە کەناڵی و فرە سەرچاوەیی درۆینە ڕزگاری دەبێت.
- : گرنگ ئەوەیە ئەو فەوزای میدیاییە کەم بێتەوە، ئەویش بەداخستنی میدیایی حیزبی دەبێت.. ڕاستە کەناڵە ئەهلی و شوبهە حیزبییەکان وەک ئێن ئاڕ تی و ڕووداو بەهایان بۆ ئەوانی تر نەهێشتۆتەوە، جەماوەریانی هێناوەتە خوارەوە، مەگەر لەشەڕە حیزبییەکاندا بینەر و خوێنەر ناچار بێت بچێتەوە سەریان..
هەواڵەکە لەم لینکەدایە:

جاشەکان بکەن بەگژ داعشدا
٢٠١٤.١٠.٩

وەڵا خۆ بیرۆکەیەکی مەعقوڵە کا حەمە فەریق حەسەن(چیرۆکنووس) (.. جاشە هەرکی و سوورچییەکان کۆن دەکران بە گژ پێشمەرگەدا، دەکرێت حکومەتی هەرێم ئەوانە بەر بداتە داعشەکان بزانیین دەیانبەزێنن..)، بەڵام ئەوەندەی من بیرم بێت ئەو جاشانەی کە ناو براوون، لە قۆناغی پێش ڕێکەوتنی ٧٠ی مەلا مستەفا و دوای شۆڕشی نوێی کۆمەڵە و یەکێتی جیاواز بوون، لەیەکەمیاندا دڕ و کەڵبەیان تیژ بوو بەڵام لە دووهەمیاندا تەنها قۆنتەرانتی ڕەبیعەکانیان دەکرد،
پێم وایە هەر ئەو جاشانە پاسی دەڤەری بادینان بکەن سەرکەوتت تر دەبن وەک ناوچەی گەرمیان. ئەمەیش دەمان بات بۆ پرسیارە، وەختی خۆی ئەو جاشانەی دەڤەری باهدینان بۆ بەر دەدایە ناوچەی سلەیمانی و کەرکووک.. ؟

داعشی ڕووسی
٢٠١٤.١٠.٦

ئەم دۆخە نەخوازراوەی کە ڕووی لە عێراق و کوردستانی خواروو کردووە، موزاعەفاتی ئەو دۆخە شەڕاوییەی چەند ساڵە لە سووریا خولقاوە. ئەگەر ئەمەریکا وەک وڵاتانی تری بەهاری عەرەبی کە چەندیان وەک داشی دامە بەدوای یەکدا کەوتن، دەست و بردییان لە ڕووخانی سووریا بکردایە نەدەگەیشتە ئەمەی ئێستا، پێشبینی دەکرێت پەرە بسێنێت و گڕ لە چەند وڵاتی تری وەک تورکیا و... بەربدات. چوونکە دەستی ئۆردوگای ڕووسی و چینی و هەموو موخالیفین ئۆردوگای ئەمەریکا و ئەورووپا تێکەوتووە، دوای لێدانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە داعش، هاوکێشەکە گۆڕاوە و داعش و ڕووسیا دۆست و پشت و پەنای یەکترن.

ناسیۆنال چەپ و چەپە ڕادیکالەکان لەبەرەیەکدان!!
٢٠١٤.١٠.٤

چەپی ڕادیکال و ناسیۆنالستەکان کە دوو تەوژمی دژ بەیەکن بۆ دژایەتی کردنی تەوژمی داعێشیزم لەیەک ڕیزدا خۆیان دەبیننەوە. بەلای منەوە دەبوایە چەپەکان هەوڵیان بدایە ڕێگای سێهەمیان هەڵبژاردایە و نەکەوتنایەتە بەرەی ناسیۆنالیستەکان ئەوەیان بیر نەچووایە کە خاوەن وتەزای: نەتەوەپەرستی بەشەرمەزاری بۆ مرۆڤایەتین...
ئەو تەوژمە لاواز بێت یان بەهێز لە ناو کۆمەڵگادان، کێشەکە لەوەدایە خەڵکێکی زۆر کە نەتەوەپەرستن و دژیانن لەم رۆژانەدا چوونەتە سەر ئایینی ئەوان وەک ئەوان دەپەیڤن..

خەمی ڕۆژانە، ئەیلوول ٢٠١٤


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٩ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

هەموو بوونەتە سەرباز و جەنەڕاڵی شەڕ!!
٢٠١٤.٩.٣٠

لەسەر زاری سیاسییە پلەیەکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەوانی ترەوە دەوترێت شەر لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) درێژخایەن دەبێت... کەواتە خوێنی زیاتری تیا دەڕێژرێت و ماڵوێرانی زیاتر بۆ ئەو بەشەی خەڵکی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بەناوچەوانەوە دەبێت.. تەنانەت ڕەنگدانەوەی نێگەتیفیشی خوڵقاندووە بۆ خەڵکی ئەورووپا وو ئەمەریکا بە بیانووی ڕێگری لە چوونی شەرکەران حکومەتان یاسای و ڕێسای نوێ دەردەکەن و دیموکراتی و تایبەتمەندی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.
لەم دۆخەدا بە پێچەوانەی هەڵگیرسانی شەڕەکانی پێشووتری هەمان ناوچە، لەناو ئەورووپا و ئەمەریکا جووڵانەوەی ئەنتی شەر زۆر لاوازە.. مەهزەلەکە لەوەدایە هێزە چەپی و کۆمۆنیستیییەکان و... کە بەشێکی کاریگەر بوون لەو جووڵانەدا، لەمەیاندا لە پاڵ ئیمپریالیستەکان وەک سەرباز و جەنەڕاڵەکانی شەر دەبینرێن!! بۆیە هەڵسانەوەی هەموو ئەو هێزە ئاشتی و ئارامییخوازانە هەیە چ لە ئەورووپا و چ لەناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە شەڕەکەی تێدا دەگوزەرێت ئەپدات بکرێنەوە.. چۆن دەبێت خۆ بدرێتە دەست هێزە شێت و دڕەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، کە غەیر ماڵوێرانی هیچی تر بۆ خەڵک ناهێنن.. ڕسوایی بۆ هەموو ئەوانەی ئیتر بەهەر بیاانوویەکەوەیە بەنزین دەکەن بەسەر ئەو شەڕەدا.
----------
هەمان بابەت لە ماڵپەڕی گۆڤاری شار کە لە کوردستانی خواروو چاپ و بڵاودەبێتەوە
- : کە دوو کەس شەڕیان دەبێت لە کۆنەوە وا باوبووە کەسێک کەوتۆتە بەینەوە، بەڵام لەم فەقەرەیەدا ئەو خێرخوازە نەماوە، هەموو بوون بە جەنەڕاڵی شەڕ!!
پێم وایە ئەوە پەیامێکە بۆ بیرکردنەوە بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ماڵی خۆمان بەهەر نرخێک بووە.. هیچ شتێک موستەحیل نییە.
- : قسە لەوەیە وەک ئەمەریکی و سعودی و وڵاتانی تر، کوردی کوردستانی خۆمان بەهەر نرخێک بووە ئەو شەڕە دوور بخرێتەوە.
- : وەک مەبدەئی گشتی گەر ئێمە هاوڵاتی خۆمان خۆش بوویت، کێشەی بۆ دروست ناکەین.. گەر کێشەیەکیش یەخەی گرت، وەک چۆن ئێستا پریشکی بەرکەوتووە و تێوە گلاوە، دەکرێت ژیرانە ئەو شەڕە دوور بخرێتەوە..
- :

فەرهاد سەنگاوی مزایەدەی کۆبانی
٢٠١٤.٩.٣٠

فەرهاد سەنگاوی مزایەدەچییە، لای بزووتنەوەی گۆڕان هیچ پلەیەکی باڵای هەڵنەکڕان، بۆیە پایدۆزی کرد و خۆی کردەوە بە ماڵە تەسکەکەی یەکێتی؛دا، بەو هۆیەوە بوو بە پەرلەمانتار یان گەیاندیان بە نانی چەور... ئەسڵەن کوردی کوردستانی خواروو پێویست ناکات بچێت بۆ شەڕ لەو پارچەیە، خۆمان پێویستمان بەهێزی زیاتر هەیە تا ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.. ئەو ناوچەیە بەتایبەتی لە ژێر نفووزی پێ کە کە دایە، گوایە هێزەکانیان زۆر ئازان و کون لە جگەرەیاندا نییە، بۆ بەداعش ناوێرن یان ئەوانیش مزایەدە دەکەن بەسەر خەڵکی کوردستانی خواروودا. هەڵمەت و مەکینەیەکی میدیایان خستۆتە گەر دژ بە خەڵک و حکومەتی کوردستانی خواروو سووک بکەن.

خاکی ناپاک!!
٢٠١٤.٩.٢٩

ئەم گۆرانییە زیاتر پیرانەیە و لەگەڵ گەنجاندا نایەتەوە، بەڵام لە نێوان دێڕەکانی گۆرانییەکەدا چەند دەربڕینی تێدایە جێی هەڵوێست و ڕامانە وەک خاکی(نیشتمان) ناپاکی و بەستویەتییەوە بە کەسانی خاکییەوە.. لەوانەیە لە دۆخی ئێستای کوردستانی خواروودا، کە هیچیان لەو نیشتمانەدا نییە و داوای خۆ بەقوربانی کردنیشیان لێ دەکرێت ناتەبا بێت.. یان زۆر لەخەڵکانی تر هەیە نەک قوربانی بەڵکوو تەمەنی خۆی لەو پێناوەدا خەرج کردووە، کەچی ئێستا ئاوارەی وڵاتانە.. هەمیشە حەسرەتی بێوەفایی ئەو نیشتمانە هەڵدەکێشن... بەڵام ئایا وەک لە دێرێکی تریدا دەڵێت ئایا ئەوە نیشتمان و خاکی ناپاکە کە بەرپرسە یان مرۆڤە نامرۆڤەکانیەتی ئەوانەی لە مرۆڤبوون داماڵراون؟
----------
گۆرانییەکەی داریوش

گۆڕەپانی خوا! 
٢٠١٤.٩.٢٥

ئەم کاریکاتێرستە، یان گێلە یان زۆر ژیرە، چوونکە ئەوە خەڵکی ئەورووپی نییە عەقڵی خۆیان دابێتە دەست ئایین و پیاوانی ئایینی.. بەپێچەوانەوە گەر ئەو کەشیشە مەلایەک بوایە لەوانە بوو نیشانەی بپێکایە، ئەو کات دەکرا بووترایە بەتایبەتی لەم کات و هەلومەرجەدا کە شەڕیکی ئایینی و ئایینزایی لە عێراق و سووریا هەڵساوە و پێشبینی شەڕی گەورە تری لێدەکرێت، بەشێک لە خەڵکی بە کورد و عەرەب و فارس و تورکەوە تەسلیم بە هزری ئایینی بوون.. یان دەکرێت بووترێت هەژموونی ئایینی وای کردووە کە خۆیان بەخواهیشتی خۆیان عەقلیان بدەنە دەست ئایین و نوێنەرانی ئایینی... کاریکاتێرەکە پێمان دەڵێت: من ئایینتان پێدەدەم ئێوەیش عەقڵتانم پێببەخشن... بەڵام پرسیار ئەوەیە کێ ناڵێت دۆخێکی هاوشێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پیرۆیش بوونی نییە، بۆیە کاریکاتێرست بەو شێوەیە گوزارشتی لێکردووە؟
-------

تێکستەکە هی بەندەی موخلیستانە بەڵام کارتۆنەکە هی کاریکاتێرستی پیرۆیی Omar Zevallos ە. بەناونیشانی مەیدانی خوایە.


لە سکۆتلاند تەعزێیە!
٢٠١٤.٩.١٩

سکۆتلاند لەشەڕی سەربەخۆیدا دۆڕاندی. کوردی کوردستانی خواروو، کە بەتەمایە بچێتە شەڕێکی واوە، هەر لە ئێستاوە پێم وایە سەربەخۆخوازان دۆڕاوون.. چوونکە پارتی و یەکێتی ئاوێکی وایان نەڕشتووە، تا لایەنگرانی سەربەخۆیی بیبەنەوە، چوونکە لە ڕێفراندۆمی میللی ناڕاستەوخۆی سەردەمی مەجلیسی حوکم لەبەغداد، لە ٥ ملیۆن کورد ملیۆنێک دەنگی بەسەربەخۆیی دا، ئەو کات بەمەرجێک حەماسی کوردایەتی زۆر بەهێز تر بوو بەڵام ئێستا ئەو حەماسە نەماوە، چوونکە بەهەزار داوەوە هەرێمیان بە عێراقی عەرەبییەوە بەتایبەتی بەشە شیعەکەی بەستۆتەوە.. بەڵام ئەم باوک و دایک مردنەی سکۆتلاند نابێت وا لە سەربەخۆخوازان بکات، کەموکوڕییەکانی ئەو هەوڵەی ئەوان و هەرێمی کوردان لەبەرچاو بگیرێت و پڕ بکرێتەوە، نەبێتە هۆی پەشیمان بوون و دەستەوەستان لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە.. کە بەفەرمی بنەماکەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دانراوە...
--------
- : بەڵێ کاک عومەر، بەدەر لە دەربڕینە گشتییەکان، ئەگەر مەبەستت لە هەڵمەتی پێشوو بۆ سەربەخۆیی بێت، ئەسڵەن هەڵمەتێکی درۆینە بوو، پارتی و یەکێتی لەپشەتەوە بوو، چوونکە ئەوانەی ڕایان دەپەڕاند ئەندامانی پێشکەوتووی ئەوان بوون.. مەبەست لێی فشار دروست کردن بوو لەسەر عەرەبەکانی و حیزبەکانی دەسەڵاتی حوکمی بەغداد، تا زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنن و زۆرترین وەزارەت وەربگرن...
- : بەڵی کاک خەلیل ڕاست دەفەرموویت، دیارە لایەنی ئابووری من نەمویست بەدرێژی باسی بکەم تەنها ئاماژەم پێداوە وتوومە بەهەزارەها داوەوە بەستراوەتەوە بە عەرەبی عێراقییەوە. وەک دەڵین قسەیەکیش بۆ دز بکەین مەرج نییە شەیتانی گەورە لە مەسەلەی سەربەخۆیی تەنها پارتی و یەکێتی بن، بەڵکوو خودی خەڵکەکەیە کە نایانەوێت بەهەر بیانوویەکەوە بێت لە عێراق جیا ببنەوە، لە ماوەی ڕابردوو پێش هاتنی داعشیش کە خۆپیشاندان دەکرا، هەموو خەڵکە ناڕازییەکە قسەی یەکەم و کۆتاییان داوای بەرانبەر کردنی موچەیان لەگەڵ ئەوانی عێراقی بوو.. ئەمە وەک داخوازییەکی ئابووری ڕەوایە، بەڵام وەک مەسەلەی سەربەخۆیی و ئیستقلال تەلەبی دروست نییە، جۆرێک لە ئیزدواجی خەڵکەکە دەگەیەنێت.. بۆیە من خۆش بین نیم لەمەسەلەی ڕیفراندۆمدا.. چوونکە بێجگە لەو دۆخە ناوخۆییەی تاکی کورد، موخالفینی جۆراوجۆر دێنە مەیدان، هەوڵ ئەدەن ئەو ناڕۆشنییەی تاکی کورد هەیەتی قوڵتر بکەنەوە کاریگەری دابنێنن و ڕێژەی دەنگی سەربەخۆخوازی کەمتر بکەنەوە، بەدەردی سکتۆلاند خراپتر بچین و پەشیمانی لەدوا دەبێت.
- :  ئێمەیش باس لە ئەگەرێک دەکەین کە بەمەترسی دەزانیین لەوانەشە وا دەرنەچێت.. ئیتر با بزانیین ئایندە نیگەرانییەکانی سەربەخۆخوازان دەسەلمێنێت یان نا؟

گوێم لێ بوو
٢٠١٤.٩.١٦

سەباحەت تونجەلی شاندی ژنانی کوردەکانی کوردستانی باکوور، لە ناو پەرلەماندا لەلایەن پەیامنێریکی ژنەوەی تەلەفیزیۆنی ئێن ئاڕ تی؛یەوە چاوپێکەوتنی خێرای لەگەڵ کرا، پەیامنێرەکە بەکوردی پرسیاری لێ دەکرد .. ئەو پەیتا پەیتا بە زمانی تورکی وەڵامی دەدایەوە...
خوێندکارێکی یەکێک لە خوێندنگا نموونەییەکانی شاری هەولێر، کە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە لە نموونەییان بخات، ناڕازی بوو، لەسەر ئەوە نا کە خوێندنگاکەیان داخستووە، بەڵکوو ناڕازی بوو لەوەی ئیتر ناتوانێت وەک پۆلیسی نهێنی بمێنێتەوە و چاودێری هەردوو خووشکەی بکات کە لەهەمان خوێندنگان..

ئەدەب و سیاسەت
٢٠١٤.٩.١٤

کە ئەم شیعرەی شێرکۆ بێکەسم خوێندەوە، خەیاڵم بۆ کوڕ و مناڵەکانی چوو، لەوانەیە ڕۆژێک بێت وەک ئەو شیعرێکی وای لەوە جوانتری بۆ بنووسن.. هاوکات بیرم بۆ هەموو ئەو باوکانە دەچێت کە هاوشێوەی شێرکۆن و یان باوکی میهرەبان بوون، لەو دنیا چاوەڕوانی نەواکانیانن لە گۆڕ ئاو بەو شێوە جوانە بییان هێننەوە و زیندویان بکەنەوە...
سوپاس بۆ شێرکۆ و کاک بێستوون کە لەم دۆخەی کە شاری سلەیمانی پێیدا تێدەپەڕێت، نایەکێتی نانیشتمانی ناکوردستانی خولقاندوویەتی کێشە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکە سەڕەڕای دۆڕانی پێ قووت ناچێت، حەواڵە بەگەواڵە دەکات و کردووە، وەک بەشەر مل بە شکسی خۆیان نادەن!! ئەو شیعرە لەم کات و ساتەدا پەیامێکی تری تێدایە کە ئەمجارە ١٧ی شوباتێکی تووند تر بەڕەوڕوویان دەبێتەوە و پێشبینی کراوە...
 تێکستی شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس:
دەساڵ جارێ / بەر لە نەورۆز / باوكم مۆڵەتی دوو سێ رۆژ / لەخوای گەورە وەرئەگرێت و / ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵێ! / بۆنی باوكم وەكو بۆنی / ... خۆشی مۆرد و / بۆنی نێرگز / دوور دوور ئەڕوا / بۆیە ئیتر / وەختێ زانیمان وا ئەگا / هەموو ئەچینە بەردەرگا / دایكم پۆشاكە كوردییەكەی / لەبەر ئەكا / بەڵام شەرم و سەرپۆشەكەی / لەژوورەوە فڕێئەدا / هەموو ئەچینە بەردەرگا / خوشكەكانم وەكو ئەستێرەی سەوز و سوور / بەناو یەكدا دێن و دەچن و / ئەیكەن بەگۆرانی و سەما. لەسیلەی كۆڵانیشەوە / وەختێ باوكم دەرئەكەوێ / چاومان لێیە / قاتێكی سپی لەبەردا و / هەڵاڵەیەك بەدەستییەوە و / چەند بولبولێ لەسەر شانی / نیشتوونەوە و / شان بەشانیش ئەرخەوانێ / لەگەڵیایە و ورد ورد ئەڕوا / باوكم ئەگاتە بەردەرگا / لەخۆشیاندا / دایكم(هەل هەلە) لێئەدا / هەل هەلەكان زۆر درێژن و / تیا یاندایە تائەو پەڕی / گەڕەك ئەڕوا / دایكم لەڕەشە رێحانەی / ناوحەوشەكەی خۆمان / سێ چوار پەلكی پێشكەشئەكا. / ئێمەش بەماچ و بابەگیان / بەتریقە و بە قریوە دایئەپۆشین. / لەپاش تۆزێ / بەبولبول و ئەرخەوان و / بەهەل هەلە و بەشیعرەوە / هەموو ئەچینەژوورەوە. / باوكم لەسەر كورسییەكەی جارانی / دائەنیشێ / لەپشت سەریەوە ئەرخەوان /
وەكو بوبێ بەپاسەوان / ڕائەوەستێ. / دایكم ڕووی تێئەكا و ئەڵێ: / - فایەقەفەندی! لاوازبووی / - زۆر لاوازبووی! / وەكو توابیتەوە وایە! / باوكم ئاو ئەزێتە چاوی و / لەدواییدا بەگوڵێكی دار ئەرخەوان / چاوی ئەسڕێ و / ئینجا ئەڵێ: / - بۆ مەراقی كورد ئەهێڵێ؟! / شەفیق! لەوێش خەمی ئێوە / وەكو سەیوان لەگەڵمایە / شەفیق! لەوێش / لەمەملەكەتی خودایشدا / ئەم كوردستانە تەنیایە! / ئەو شەوانە، دوو قوربانیی / زۆر گەنج و قۆز / بوونە هاوسێم / لەنووكەوە، لەحەڤدەی دووی گوڵاڵەوە /
چی ڕوویدابوو، هەموویان بۆ گێڕامەوە! / شەفیق! من هەر بەناو وا لەوێم / بەڵام بەجەوهەر و بەڕوح. بەدەنگ / عەشق و شیعر و خەیاڵاتم / وا لەبەر دەركی سەرایە!. / باوكم تۆزێ بێدەنگ ئەبێ / لەدواییدا / دوای قەڵەم و كاغەز و / لاستیكی خەت كوژانەوە و / قەڵەم دادانمان لێئەكا / ئەوسا ئیتر/ من هەڵئەسم / ئەوەی داوای كرد ئەیهێنم / دایكم ئەڵێ: / فایەقەفەندی! بۆ ئێستاش / شیعر ئەنووسێ؟! / باوكم ئەڵێ / - ئەی چۆن شەفیق؟! بۆ نازانی / لەو دنیاش / خودایش بەبێ شیعر / ناژی؟! / باوكم دەست ئەكا بەنووسین / ناو بە ناوێ دارئەرخەوان / شتێكی بیر ئەخاتەوە. / هەر ئەنووسێت و ئەنووسێ / چوار پێنج پەڕە تەواو ئەكا / لەدواییدا قەدیان ئەكا و / ئەیانخاتە بەر باخەڵی. / لەپڕێكدا باوكم هەڵئەستێتە سەرپێیان / دایكم ئەڵێ: / - ئەوە بۆكوێ ؟! فایەقەفەندی! / ئەوەندە نابێ گەیشتی / ئاخر بۆكوێ؟ / شەفیق! ئەڕۆم! ئەبێ بڕۆم. / بۆ سەرای جارانی خۆم / بۆ ناو ئاپۆڕەی ئازادی. / دوای هەشتا ساڵ / دیسانەوە (وەتەن)ە كەم / شیعرێكی تازەی پێنووسیم! / ئاخر شەفیق! / ئەو بەر سەرای ئازادییە / بێ (فایەق بێكەس) چۆن ئەبێ؟ / ئەبێ بڕۆم .. / شیعرەكەی خۆم بخوێنمەوە. / ئاخر شەفیق ! تۆیش ئەبێ بێی / لەبیرت چوو؟! / (مەلیش بەباڵێك نافڕێ!) / ئەبێ بڕۆین. هەمووبڕۆین / بەمنداڵ و بەپەپولە و / بەشیعرەوە / هەر ئا ئێستا / بۆ بەر سەرا !.

جوانناسی - ستاتیکا
٢٠١٤.٩.١١

شەڕی گەورە، ئاشتی زەنگویانەیی

وڵاتی یەکەمم کە کوردستانی خوارووە بەهۆی سیاسییە گێل و ناشییەکانی و هەژموونی بلۆکبەندی جیهانییەوە، دەرگیری شەڕێک بووە دەرچوون لێی زەحمەتە، وردە وردە ئەوەی کە بە هەر شەق و شڕییەک بەرهەم هاتووە تێک دەچێت. ئەمەی دووهەمیشم کە فینلاندە سێبەری شەڕێکی گەورە خۆی داوە بەسەریدا، بەهۆی قەیرانی ئوکرانیاوە، وڵاتەکە لەنێوان دوو هێزی گەورە کەپس بووە، لەوە دەچێت بەدەردی وڵاتی یەکەمم بچێت. هەرچی دەکات ناتوانێت خۆی لە پریشکی ئەو شەڕە چاوەڕوان کراوە بپارێزێت.
جا لە دۆخێکی ئاوادا مرۆڤەکان دەبێت بیرکردنەوە و خەو و خەیاڵیان چۆن بێت.. ئەو سێ کارتۆنە وەڵامێکمان دەداتێ یان ئەوەندەی تر زندەقمان دەبات؟
--------
کارتۆنەکانم ڕێکخستووە بەڵام بەرهەمەکان هی کەسێکی فارس/ئێرانی و کۆستاریکایی و مەکسیکییەکە بەم ناوانە: Arcadio Esquivel ، Payam Boromand ، Guffo.

باراک ئۆباما بەتەواوی کەر بووە!!
٢٠١٤.٩.٨

لە دوای پێشڕەوی و نزیکبوونەوەی ئیسلامییە ڕادیکالەکان ناسراو بە داعش لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جووڵا و هێزی سەربازی بەتایبەتی ئاسمانی خستە گەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکەیان ئەویش بەهۆی گێلێتی سەرانی کوردەوە بوو، کە لایەنگریان لە پێکهێنانی حکومەتی شیعی لە بەغداد کرد و پیشاندا و چوون بۆ بەشداری.
بەڵام لەو ڕووداوانەدا گرنگ ئەوە بوو ئەمەریکا کارێکی پۆزەتیفی لێوەشایەوە بۆ بەرگری لە کوردەکان هاتنە سەر هێڵ، ئەم کارەیش بەجۆرێکی تر زیاتر بۆ ئەوە بوو کە بەتەواوەتی کورد تەسلیم بە شیعەکان ببن، بەردەوام ئۆباما خەریکی داخوانی تووندە لە دژی داعش و پەیمانی تێکشکاندنیان لەبۆنەی جۆراوجۆردا دووبارە دەکاتەوە و پێداگری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراقی شیعی دەکاتەوە. بەڵام ئەو جەنابە بیری چووە کە تووندڕەوی شیعەکان هیچی کەمتر نییە لە تووندڕەوی داعش، وەک دەڵێن گر لە گڕ بەربوو.
هاوکات ئەو ئیسرارەی سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەندەی تر شیعەکان شێلگیر و تووند تر و بوغرا تر دەکات تا کورد و سونەکان کەپس بکەن و لە یارییەکەدا کورد و چەند دانە لە سوونەکان کلکایەتی و لێبوکی زیاتر هیچیان پێ نەبڕێت..
بۆ کوردەکان ئەوانە (شیعە و داعش و سوونە) وەک یەکە ئەم یەکپارچەیی عێراقە بەو پینەوپەڕۆیە چارەسەر نابێت و لەحیم ناکرێتەوە و ئەمەریکا و کورد خۆیان ئەوەندەی تر لە گێلێتی دەدەن. پرسیاری گرنگ ئەوەیە کوردەکان کەی ئاقڵ دەبن؟ چۆن لە فشارەکانی ئەمەریکا و دەرو دراوسێ و پێکهاتەی شیعە بەکەمترین زیان خۆیان دەدزنەوە و دەرباز دەکەن؟
---------
هەمان وتار لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا کە لە هەرێمی کوردستان/ سلەیمانی چاپ و بڵاو دەبێتەوە
بابەتەکانی ترم لەسەر هەمان کێشە:
کورد، شەڕ بە وەکالەت!!
ڕمڵ لێدانێکی تر (کێ کەری ناوجۆگەیە؟)

بۆ شوان و گاوانی باشن
٢٠١٤.٩.٤

لە کەناڵێکی حیزبی ڕووپۆش بە سەربەخۆ ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بیرکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه(پارتی)، بازاڕیانە وەڵامی کەسێکی بازاڕی سەر بە عەرەبە شیعەکانی دەدایەوە.
ئەم پرسیارەم لادروست بوو، ئەو كەسه رەشۆكيانه بەكارى ئەوه نايەن بياندوێنى، چوونكه سەرەداو لە مێشكياندا نەماوه، خوابيان كات بەقوربانى مێژوويان و حيزبەكانيان و جووڵانەوەی چەکداری کوردانی کوردستانی خواروو, کە زۆر کەسی کردووە بە گەڵەگا و بەشت و لە شوێن و دەسەڵاتی خۆیان داکوتاوە، بە تۆپیش ناجووڵێن.. ئەگينا ئەوانە هەر بؤ شوان و گاوانی باشن و دەگونجێن..
بەڵام پرسیارێکی پێچەوانە خۆی قووت دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە بوونیان پێویست و باشترە لە نەبوونیانە، هەموو جۆرە کەسێکی هەبێت تا لە تەنگانەکاندا بکرێن بەگژ ناحەزانی کورد؟ بەزمان و کردەوەی پیسی خۆیان وەڵام بدرێنەوە.
بەڵام بەکوردی وتنی و لە کەناڵێکی کوردی ئەو سوودەی نا بێت و نابیسترێت ئەوە وەڵامدانەوانە بۆ پەرلەمانتارەکانی بەغداد بەزمانی عەرەبی باشە. ئەمە دەچێتە خانەی ریکلامکردنەوە بۆ بەرپرسێکی حیزبی.

ئێزیدییەکان کوردن یان نا؟
٢٠١٤.٩.٣

زۆر لە ئێزیدیان لە جیاتی جلوبەرگی کوردی عەگال و دزداشەی عەرەبی لەبەر ئەکەن!
بەڵام مەکەی ئێزیدییەکان لە خاکی کوردستانی خواروودایە و ساڵانە حەجی بۆ دەکەن.. ئایینی ئێزیدی وەک هەر ئاینێکی تر بیروباوەری گشگیر و شموولییە بۆیە ئاسایە هەموو جۆرە نەتەوەیەک لە خۆ بگرێت هەروەک ئاینەکانی وەک ئیسلام و کریستیان و زەردەشتی و... کردوویانە و دەیکەن، تەنانەت بیروباوەڕی کۆمۆنیستی کە وەک ئایینەکان ئایدۆلۆجییەکی شموولییە هەمان ڕێچکەیان هەیە، ئەوەی بۆیان گرنگ بێت زۆرکردنی لایەنگر و ئیماندارە، گوێ بە نەتەوەیەکی دیارکراو نادەن و مرۆڤیان بۆ گرنگە. هەرچەندە ئاینەکە لە ناوچەیەک سەریهەڵدابێت کە زەوییەکەیش هی گەلێکی دیاریکراوە بێت.
------
- : بەڵێ کاک خەلیل، ڕاست دەفەرموویت.. ئێزیدییەکان و ئاینەکەیان لێکۆڵینەوەی زیاتر هەڵدەگرێت.. ئەمەی کە پارتی بە قران کردنی دان، وەک کۆڕەوەکەی ١٩٩١ خێری پێوە بوو بۆیان و کەوتنە بەر تیشکی نەک ناوخۆیی بەڵکوو دیدی جیهانی.. جا نیگەرانی لەوەدایە ماوەیەکی تر ئەوانیش نەبنە کێشەیەکی تر بۆ خەڵک و حکومەتی کوردستانی خواروو.. وەک چۆن بەشێک لە کوردانی هەورامی دەڵێن ئێمە کورد نیین و زمانێکی سەربەخۆمان هەیە، یان وەک ناوچەی بادینی نشینی دهۆک خۆیان جیاکردۆتەوە و لەگەڵ کۆی گشتی وڵاتەکە نایەنەوە..

بەنزین گرانی، فەیکە نارەزایەتی
٢٠١٤.٩.٣

وەزیرە نازدارەکەی پارتی ئاشتی تۆرێنە! پەرلەمانتارە (عێزەت)کەی یەکێتیش لە دەجالیدا خومەینی بەقولەپێی ناگات.
ئەو وەزیرە هەورامییە ئاشتی لێنابارێت، بەو شێوەیە خۆی دەپەڕێنێتەوە گوایە خەڵک و پەرلەمانتار و حیزبەکان بە نێچیر بارزانی و قوبادی مام جەلال ناوێرن و بەم دەوێرن چوونکە فەقیرە و بێ پشت و پەنایە، ئەوە با بۆ حەلاوی باس بکات... ئەو جەنابەشی کە دختۆر عێزەتە و ئیستقالەی لە لیژنە داوە یەک دەجالە لە خومەینی تێپەڕاندووە..
خەڵک خۆزگە بە سەردەمی کۆن دەخوازێت کە ئۆپۆزسیۆونێکی بەهێزی دیاری بەرجەستە هەبوو، بەڵام ئێستا چەند ئۆپۆزسیۆنی خەتمایل پەیدا بوون، بەو زمانەی کۆنی ئەوان دەپەیڤن و هەموویش لە حکومەتدان!! نهێنییەکە لەوەدیە ناحەزن بەیەکتر و حەزیان بەسەرکەوتنی ئەوی تریان نییە، بۆیە خواخوایانە وەزیرێکی فڵان حیزب کەموکورتی لێدەربکەوێت بەهۆی میدیا کلکەکانیانەوە لەقاوی بدەن، ئەوانەی بۆ مەسەلەی گرانبوونی بەنزین هاتۆتە سەرجادە جەماوەری ئەسڵی و ناڕازی خەڵکەکە نیین، بەڵکوو هی فڵان حیزبە و قورمیش کراون.

خەمی ڕۆژانە، ئاب ٢٠١٤


کاری ڕۆژنامەنووسیم لە مانگی ٨ی  ٢٠١٤دا

بەدەر لەم تێکستانەی خوارەوە کە لێرەدایە، لە وێببلاگی  فینلاند بە کوردی؛یش ڕۆژانە سەرقاڵی هەواڵەکانی نیشتمانی دووهەمم، کارەکانم جیاکردوونەتەوە، لەوێ پڕکارترم دیارە کاری خۆبەخشانەیە، تەواوی هەواڵەکانی ئەم مانگە وەک ئەرشیفخانەیەک لەوێدا پارێزراوە.. تکایە بفەرموون: فینلاند بەکوردی

چیرۆکی زۆر کورت

داعشیش نەیجوڵاند!
٢٠١٤.٨.٣٠

ئەو کە لە سلەیمانی ڕاپەڕین ڕوویدا لە ماڵ بوو نەچووە دەرەوە، کۆڕەوی بەسەردا هات لەشوێنی خۆی نەبزووت، یەکێتی پارتی ڕاونا هەر لە ماڵ بوو، پارتیش یەکێتی ڕاماڵی مێش میوانی نەبوو، سەیرەکە لەوەدابوو کە داعشیش هات لە شوێن و ماڵی خۆی نەجووڵا، کەسیش گونی نەگرت.
--------
- : بەڵێ کاک فروخ، گەر لە مێژووی وڵاتانی خۆمان بڕوانیت، زۆر لەو هۆڤیانەی داعش خراپتر بوون بەڵام سەیر دەکەیت گرووپەکان بۆ نموونە ئێزیدییەکان ماون.. هەروەها کریستیان و کاکەیی و تورکمان هەر ماون... جا ئێستا لەم سەردەمە نوێیەدا لەو جۆرە کەس و گروپانە زۆر بوون کە بە تۆپیش لە شوێنی خۆیان ناجووڵێن و لەگەڵ هەموو سەردەمەکاندا خۆیان دەگونجێنن و خەڵکی موسالمن

سلەیمانی فیفتی فیفتی گەرەک نییە
٢٠١٤.٨.٢٩

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای سلەیمانی و بەتایبەتی سەنتەری شارەکە جەماوەری باش دابەزیوە، ئەمەیش دوای پەیدابوونی بزووتنەوەی گۆڕان دێت، بەشداریکردنی ئەو کیانە سیاسییە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و پارێزگاکاندا. گەر ئاوڕێک بۆ دواوەی یەکێتی بدرێتەوە دەبینرێت لە شاخ و سەردەمی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی عەرەبی عێراقی خاوەن جەماوەری بەرین و هاوکات خاوەن زۆرترین شەهید بووە، دوای ڕاپەڕین و دابەزینە ناو شار و حوکمداری دەستبەجێ و لە چاو تروکانێکدا لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی١٩٩٢دا، تووشی شکست هات و پارتی ناوەندی کۆبوونەوەی کۆنە جاش و کۆنە دەرەبەگ و خێڵەکی دەنگی زۆرتر هێناو کورسییەکی لەو زیاتر بەدەست هێنا.
ئەم دۆخەی ئێستایش بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پارێزگاکان ڕێک هەمان شکستی ئەو ساڵەی ڕووبەڕوو بۆتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر دەستی بزووتنەوەی گۆڕان؛دا بوو، چەند خۆی گوشی نەیتوانی دەنگەکانی بەرانبەر بکاتەوە و کورسی کەمی کرد. ئەو کات شکستەکەی بە ٥٠ بە ٥٠ قەرەبوو کردەوە و دواتر وا کەوتەوە و شەڕی ناوخۆی بەرهەم هێنا و نەک حەیاو خۆی برد، بەڵکوو حەیاشی بەهۆی ٣١ی ئابەوە بۆ پارتیش نەهێشتەوە. ئیتر نازانرێت لەم هەڵومەرجەی ئێستادا مێژوو لە سلەیمانی بە تراجیدیا یان کۆمیدی دووبارە دەبێتەوە یان نا؟ بەڵام ناتوانێت بزووتنەوەی گۆران بەدەردی پارتی بەرێت و هەڵەی گەورەی پێ بکات....
-----------
هەمان بابەتە لە ماڵپەڕی گۆڤاری شاردا کە لە کوردستانی خواروو / سلەیمانی دەردەچێت و بڵاودەبێتەوە.

مەلا مستەفا = مام جەلال

وێنەکە هی ئەم بەیانییە کاتژمێر ١٠ و ١٣ خولەکە، شوێنەکە ناوەندێکی خوێن بەخشینە بۆ سەربازانی هەرێمی کوردستان ناسراو بە پێشمەرگە لە شاری سلەیمانی، کەسەکەش چالاکوانێکی حیزبی شیوعی کوردستانە. ئەوانە هیچی کێشە نییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ وێنەی مام جەلال وەک سەرۆککۆماری پێشوو لە فەرمانگەیەکی وادا لانەبراوە و نەگۆڕاوە بۆ وێنەی سەرۆککۆماری نوێ فوئاد مەعسووم؟! پێدەچێت یەکێتی لەم خاڵەدا پێ بهاوێتە ئاوی ڕژاوی حیزبەکەی مەسعود بارزانی؛یەوە، کە لابردنی وێنەی مەلا مستەفا و مام جەلال بە هێڵی سوور دەزانن، لە کاتێکدا حیزبەکەی مام جەلال لە پارێزگای سلەیمانیدا هەژموونی نەماوە و لاواز بووە.
--------
- : بەڵێ کاک تاهیر، ڕاست دەفەرموویت، بەڵام پێناس کردنی دکیتاتۆرییەت لەدوای ئازادبوونی كوردستانی خوارو هەروەها عێراق گۆڕانی بەسەردا هاتۆتەوە، جۆرێک بچووک بوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و وەک سەردەمی سەدام حسین نەماوە.. دەکرێت بە دیکتاتۆرییەتە قەزم و بستەباڵا ناوزەد بکرێن. وەک دەبینی لە شاری هەولێر و سلەیمانی و کەرکوک کە فڵان حیزب خۆیان بەشێوەی جۆراوجۆر فەرزکردووە، هەرچەندە لەلایەن جەماوەرەوە هەوڵدراوە بۆ کەم کردنەوەی بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە..
- : بەڵێ کاک شوان، هاهاهاهاها هەموو شتێک قابیلی ڕوودانە، بەڵام من پێم باشە حوکمی ژنیش تاقی بکرێتەوە بە فیعلی، نەک بەو شێوەیە و لە سێبەردا کە هێرۆی ئیبراهیم ئەحەمەد دەیکات...هاهاها .
- : بەڵێ كاك حةيدةر، بةلام پةرلةمانى كوردستان دةتوانيت ئةو كيشةى وينةيةش چارةسةر بكةن، بةلام ئايا يةكيتى و پارتى دةچنه ژير بارى ريكخستنيكى وا يان دريژه بةم دؤخه نةخوازراوه دةدةن، وةك زؤر شتى تر؟
- : بةلى كاك هةردى، ئةو كاتةى تؤ باسى دةكةيت مةلا مستةفا خؤشةويستى هةموو كةس نةبوو، چوونكه لةو كاتةشدا لة شار و گوندةكان غةدريان ليدةبارى و خةلكى زؤر لێيان نێرازى بوو، هةرچى زالمانى كؤمةلگا هةبوو لاى ئةوان پلةدار  و لەدەوریان کۆبووەوە.
- : بەڵێ کاک نەبیل، ئەمانەشی تێ دەکەوێت، بەڵام ئەم دۆخە نابێت وامان لێبکات لە کەموکوڕی ناو دامودەزگاکانی حکومەت بێدەنگ بیین.. ئەو قسانە وەک لە کۆمێنتەکانی سەرەوە نووسراوە بۆ جوانتر کردنی کۆمەڵگاکەمانە، خۆت چەند ساڵی زۆرە لەم فینلاندە دەژیت، ئەو دیاریدەی وێنە هەڵواسینە لە نرخی نەبوانە..دوای ئەوە وروژاندنی شتێکی وا بە پلەی یەکەم بۆ قسە کردنە لە بەیاسایی کردنی وردودرشتی کایەکانی کۆمەڵگا..
بەڵێ وایە یەکێتی لە سلەیمانی لاواز بووە ڕێک وەک یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە کە لەدوای ئەو هەموو قوربانییە لە شاخدا داویەتی بە کورسییەک لەدوای پارتییەوە هات.. سەرئەنجام سیاسەتی ٥٠ بە ٥٠ ی لێکەوتەوە کە ماڵی کوردی وێران کرد و شەڕی ناوخۆی بەرهەم هێنا. ئیتر نازانرێت مێژوو لە سلەیمانی دووبارە دەبێتەوە یان نا؟

کورد، شەڕ بە وەکالەت!!
٢٠١٤.٨.٢٥

لەدرێژەی دیدەکان بۆ ئەم شەڕەی کە عێراقی گرتۆتەوە، وای بۆچووین کە سەرئەنجام ئاگرەکە دەکرێت بە کوڵی کوردی کوردستانی خوارووە و ڕۆڵەکانی دەسووتێنرێت و ماڵی کاوڵ دەکرێت، لەبەر ئەوەی نوخبەی کۆمەڵگای عەرەبی و ئاینزاکانی شیعە و سوونە خاوەن ئەزموون دەتوانن گەر تووشی کێشەیەکی قورسی وەک ئەو شەڕەی داعش ببنەوە، بەسەلیقەن و بەئاسانی لێی دەرباز دەبن، وەک هەمان کاری دەرەبەگە کوردەکان کە هەموو شتەکانیان لەگەڵ ئەم و ئەودا سەرئەنجام داوە بەسەر شانی نۆکەر و دەستودائیرەکانیندا، کوردی تازە پێگەیشتوویش لەم کێشەیەدا بەهۆی کاڵی و ناشێتیییەوە گڕ گڕ شەڕەکە بوو بە کوڵیانەوە، بوون بە تەرەفی سەرەکی و بەتەمان ملی داعشیان پێ بشکێنرێت. ئێستایش شیعە ئاینزاکان خەنی بوون، کوردە گێلەکانیش ڕۆڵەکانیان دەکوژرێت کەچی شانازی پێوە دەکەن گوایە شەری تیرۆری داعش و شتی لەو جۆرەوە دەکەن.
----------
- : بەڵێ کاک ئارام گیان، ئەوە چەند ساڵە خەریکی بەهێزکردنی ئابووریەکی باشن و تۆزێک خەڵک بەرەو حەسانەوە چووە، ئەمە شەڕە درێژخایەنە، دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر..
- : بەڵێ کاک ڕێباز، سیاسەتی چەوتی پارتی و یەکێتی بەچوونەوەیان بۆ حکومەتی شیعەی بەغدا وای کرد کە بێلایەن نەمێننەوە وداعش و سوونەکان کاردانەوەیان هەبێت بەو هۆیەوە شەڕێکیان تووش کوردستان کرد، دەرچوون لێی زۆر سەحمەت دەبێت. دوای ئەوە داعش هێزێکی شەڕکەری پێشمەرگە ئاسای جاران کە ڕەبیعەیان دەگرت. هەر چەندە لە ئێستادا دوژمنە بەڵام ناکرێت ڕێز لە دوژمنێکی ئازا نەگریت.. دوای ئەوە قسە لەوەیە کورد ئەگەر ژیر و دانا بێت شەر لەبری و بەوەکالەت ناکات. ڕێگای سێهەم دەگرێت کە چ بە ئاشکرا چ بە نهێنێ دەکەوێتە دانووسان لەگەڵیاندا، ئەویش لەبەر خاتری نەڕشتنی خوێنی زیاتر.. کاولبوون و داڕمانی ئابووری لەوە زیاتر..

کورد و قادسییەی سەدامی گۆربەگۆڕ!!
٢٠١٤.٨.١٨

لە کێشەیەی کە دەوڵەتی جەنابی ناموشەڕیفی خەلیفەی موسڵمانانی سوونە خولقاندوویەتی و پریشکەکەشی بەر کوردستانی خوارووش کەوت. جا بەشی زۆری میدیاکان وێڕای ڕەسدکردنی ڕووداوەکان هاوکات باوی گۆرانی سیاسی و سروودیشیان هێناوەتەوە، سەیرە بۆ نموونە ڕادیۆیەکی ئەمەریکی وەک نەوا بەدەوام خەریکی لێدانی گۆرانی سیاسی و سروودە..!! ژمارەیەک لەو میدیایانە هەر بەتەواوەتی ناخۆشیان کردووە، نەوەی ئێمە وا هەست دەکەین شەری قادسییەی سەدام بەشێوەیەکی تر عەزێتی چاومان دەدات، هەر سورەی مەعرەکە و لاشەی قوربانیانی کەمە کە سەربازان پۆستاڵەکانیان دەخستە سەر لاشەی قوربانییەکان!! چوونکە وەک ئەو سەردەمە پیسە گۆرانیبێژەکانی سەر بەدەسەڵات و ئینتهازی و پارەپەرستەکان، کلیپەکانیان لە بەرەکانی جەنگەوە وێنە دەگرن و ڕادەوەستن لەتەنیشت سەربازی جل پەڵەپەڵی مغاویر و هەڵدانی ئاڵای کوردستان و تۆپتەقاندن و پەلامار و تێکستی ئاگرین و فشانە دەبینرێن و گۆرانی دەڵێن.. پەکو لەو حەلامەتەی... !!

حەمەی حاجی مەحمود بووە بە پارتی
٢٠١٤.٨.١٦

لە کوردستانی خواروو حەیای زۆر شت براوە ناوی زل و دێی وێران، ناو بەکارهێنان بە ڕووتی و بێ ناوەرۆک، باشترین نموونە کابرا سەرۆک خێڵە کەچی حیزبێکی پێکهێناوە بەناوی دیموکرات یا سۆسیالدیموکراتەوە. کەچی کلکوگوێی لەخۆیان گەورەترن.. بەڵام حیکمەت لەوەدا چییە ئاشبەتاڵی لێناکەن خۆیان ناکەن بەناوگەڵی حیزبە گەورەکاندا؟ حەمەی حاجی مەحموود وەک نموونە فەقیرە تڵپەی تەڕی پێشمەرگایەتی تیا نەماوە کە بە کارێکی سەخت دادەنرێت، لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە کراوە بە سەرلەشکری بەرەی جەنگی داعش لەشاری کەرکووک. ئەم کارە واش لێک دەدرێتەوە زەمینە خۆشکردنە بۆ چوونە ناو پارتییە، کە کارێکی زۆر باش دەکات، بەوەی سپڵی لاورگێکی سیاسی لە کۆڵ خەڵک دەبێتەوە.
دیارە خێڵ و بنەماڵەکانیش جۆریان زۆرە، لەناو ئەوانەشدا دەستڕۆیشتوو ناڕۆیشتوو هەیە.. ئەوەی خەڵکی مەدەنی و کراوەکانی بێزار کردووە، یاسای ئەوان کۆنترۆڵی بەسەر یاسا مەدەنییەکاندا کردووە. دەستکەوتەکانی کۆمەڵگای مەدەنیان بۆ بەرژەوەندی هەژموونی خۆیان بەکاردەهێنن.
ئەم چەند دێڕەی منیش ئیزافەیەکە بۆ وەڵامەکانی دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین؛ی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆران، جا تکایە سەیری ئەم لینکە بکەن، بزانن چی بە حەمەی حاجی مەحموود دەڵێت

چەتەی چەتەکان!
٢٠١٤.٨.١٦

ئەو وشەی چەتەیە، زیاتر کوردەکانی کوردستانی باکوور بەکاری دەهێنن، کوردی کوردستانی خوارئاوا لاسایی ئەوان دەکەنەوە و پێیان ناوەتە ئاوی ڕژاوی ئەوانەوە، بۆ هەژموونی سیاسی کوردەکانی کوردستانی باکوور بەسەر بەشێک لەوان دەگەڕێتەوە.. لە کوردستانی خۆمان لە سەردەمی شێخ مەحموودا و خولە پیزە حکومەت بۆ یاخیبوانی حکومەت بەکاری دەهێنرا، دەرەبەگەکانیش بۆ جووتیارە یاخییەکانیان بەکار دەهێنا.. دیارە زۆر جااریش بۆ کەسانی دزی و ڕاوڕووکەرانیش بەکار دەهات.

جوانناسی - ستاتیکا
٢٠١٤.٨.١٦

وەک دەبینن ئەم ئاڵا هەڵکردنەی لەم کارتۆنەدا هەیە، کۆنە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر چەند بارە کراوەتەوە.. جیاوازی ئەم لەوانی تر ئەوەیە کە لە ژێر پێی ئاڵاهەڵگراندا کەلەسەری مرۆڤەکانە بە سەری داری ئاڵاکەشەوە کەلەسەرێکە...
بەڕاستی سەیرە بەدەستهێنانی ئازادی ئیتر چ بۆ بەدەستهێنانی ئایدۆلۆجی ئاینی و دنیایی بێت یان داگیرکردنی ئازادی گروپێک و ڕزگارکردنی نیشتمانێک و زۆری تر بەئاشتی پێک نەهاتووە هەمووی بەتووندوتیژی و خوێن ڕشتن بووە، بەپەڕینەوە بەسەر کەلەسەری خەڵکی پێکهاتووە.. جا قسە لەوەیە کەی فەلسەفەی بەکەمترین قوربانی فڵان و فیسار دەگەنە ئامانج؟
-------
لە بەرهەمەکانی کریکاتێرستی هۆڵندی Jean Gouders تەنها تێکستەکە هی بەندەیە.

سەیرە و سەیریش نییە
٢٠١٤.٨.١٤

٣١ ئاب کاتێک وەک پەڵەیەکی ڕەش حساب دەکرێت بۆ مەسعود بارزانی و حیزبەکەی، هەتاهەتایە ناتوانێت لە ژێر باری دەربچێت بەهۆی ئەوەیە کە یەکەم: پەنای بردە بەر لەشکری داگیرکەر و دوژمنی سەرەکی ئەو کاتی خەڵکی کوردستانی خواروو.
دووهەم: بۆ ئەوە بوو ئەو کارە قێزەونە دژ بە پارتێکی کوردی تر بوو.. بەڵام نەک پارتی خاوەن ٣١ی ئابی ١٩٩٦ هەر پارتێک و کەسایەتییەکی تر لە ئێستادا پەنا بباتەبەر کارێکی هاوشیوەی وا لە دژی بێگانە و ناحەزی کورد ئیتر چ دەوڵەت چ گرووپی وەک داعش بێت، کارێکی دزێو نییە، بۆ تێکشکانددنی دوژمنانی دەرەکی ئاساییە پەناش بۆ شەیتان ببریت. بۆ ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت چێیە؟ کە ئەمەریکا و ئەورووپا هاتوونەتە سەر خەت؟ ئایا ٣١ی ئاب نییە چییە؟

سەیرە و سەیریش نییە
٢٠١٤.٨.١٢

هاتنی حه‌یده‌ر عه‌بادی و دەرچوونی مالکی یەکێک لە خواستەکانی کورد بوو.. کەچی چەند میدیایەکی حیزبی بێ ئیش و کار پرسیار لەسەر ئەو گۆڕانە دەوروژێنن گوایە دەمووچاوەکان هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت.. باس لەوە ناکەن قسەی کورد چووسەر!!

هێزی فشۆڵی ئەفسەرە تەزویر و عەلوجەکان!!
٢٠١٤.٨.١٢

سەرەتا لە ناوچەی بادینان ورد تر ئێزدینشین دواتر لە جەلەولا هێزی سەربازی ناسراو بە پێشمەرگە شکستیان خوارد و لەبەردەم هێزی ئیسلامییە ڕادیکالەکان ناسراو بە داعش خۆیان بۆ پێڕانەگیرا و بە قەولی بازاڕی قوچانیان و هەڵیان تیزاند. لەو شوێنانە دەیەها فەرماندەی سەربازی پلەداری گەورە و بچووکییان تێدایە، پێدەچێت خەریکی پیازپاککردن بووبێتن بۆیە وایان بەسەرهات، بەو هۆیەوە کارەسات خوڵقا!
جا پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕاست ئەو پلەدارانە لە چ فێرگەیەک و کولێژێک و پەیمانگایەکی دەرچوون؟ بێگومان لە کولیژە سەربازییەکانی حیزبەکانی یەکێتی+پارتی دەرچوون. ئەو کولێژانە بەبەراورد بە وڵاتانی ئەورووپی ئەمەریکی لەسەر بنەمای ستاندار و پیشەیی بنیات نەنراون، زیاتر بۆ ڕۆڵە بێوەفا و ئینتهازییەکانی حیزب دامەزراون، چوونکە ئەگەر لەو کولێژە سەربازییە ستاندارانە دەربچوونایە، لایەنی کەم وەک پلەدارێکی پیشەیی بەرگرییەکیان دەکرد و دوو تەقەیان دەکرد. کەواتە ئەم شکستەیش مۆرێکی شەرمەزاری ترە بەناوچەوانی ئەو دوو حیزبەوە.

لەسەر کورد کەوتنە تەقە لە ئۆباما!!
٢٠١٤.٨.٩

لە ڕۆژنامەی ئیندپێندن؛دا ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی ڕۆبێرت فیسک (لەدایکبووی ١٩٤٦) لە ژێر ناونیشانی دوو ڕووییدا وتارێکی لەسەر پشتیوانی ئۆباما بۆ کوردەکانی باکووری عێراق ناسراو بە هەرێمی کوردستان نووسیووە. ئەو وای دەبینێت کە ئەم پشتیوانییە کە گرووپە ناموشڵمانەکانی کریستیان و ئێزییەکانە. گوایە ئەوە دووڕوویی ئۆبامایە دەڵێت: هەر لەو شوێنە گەر فەلەستینییەکان بوونایە، بەهانایەنەوە دەچوو؟ ئەو داعش بە وەحشەکانی سعودییە دەشوبهێنێت.
ئەم ڕۆبێرتە ناموبارەکە قسەی باش نازانێت، بۆ خراپ دەکات؟ ئەم وتارەی جۆرێکە لە دووڕوویی و منافیقی! سەیرە بۆ دەپاڕێتەوە بۆ فەلەستیینییەکان؟ لەکاتێکدا هەموو دنیا باسیان دەکەن و تەنانەت داعیشەکانیش پشتیوانیان لێدەکەن؟
-------
لەم لینکەدا پوختەی کورتی وتارەکە بە زمانی عەرەبی دەبینرێت:

خانەخوێی نامیهرەبان!!
٢٠١٤.٨.٩

کوردستانی خواروو لە ژێر هەڕەشەیەکی جدیدایە، ناوچەکانی سەرسنوور و دەوروبەرمان بەتایبەتی دراوسێ عەرەبە عێراقییەکانمان دەکوڵێت و لەدەروازەی گۆڕانێکی گەورەدایە، بەو هۆیەوە خەڵکانێکی بێوەی ڕایانکردووە و پەنایان هێناوە بۆ هەرێمی کوردستان، کەچی بەشێک لە خەڵک هەڵمەتی دژ بەو ئاوارانە بەتایبەتی عەرەبە عێراقییەکان دەست پێکردووە، زۆر ڕوو هەڵماڵراوانە داوای دەکردنیان دەکەن، خانەخوێی ئاخر زەمان، چەند عەیب! ئەگەر ڕقت لە یەکێک بێت دوعای ئاوەرەبوونی لێ بکە، بە پێچەوانەوە دەبوایە زۆر میهرەبان بوونایە لەگەڵیاندا. کەی کاتی پیشاندانی ئەو رەگە ڕەش و ناشیرینەی عەقل؟
مەترسی گەورە لەسەر هەموو، وا باشترە هەوڵ بدرێت، میهرەبان بن لەگەڵیاندا، تا وایان لێ بکرێت وەک سەربازە کوردەکان ناسراو بە پێشمەرگە چەک هەڵبگرن و بەرەو بەرەکانی شەڕی بەرەنگربوونەوە بچن...
لە فینلاند ماوەیەکە بەهۆی کریزی ئوکرانیاوە دۆخێکی هاوشێوەی وا لە نێوان ڕووسیا و فینلاند دروست بووە، قابیل بەوەیە شەڕ هەڵبگیرسێت، زۆر لە کورد و بێگانەکان دەڵێن گەر ڕووس هات وەک فینلاندیەکان بەرگری دەکەین... ئەمە نیشانەی ئەوەیە فینلاند لەگەڵ بێگانەکاندا باش و میهرەبان بووە و داڵدەیان داون و هەموو مافێکی هەر هاوڵاتییەکەیان ڕەسەنی فینلاندیان داوە پیان و بۆ فەراهەم کردوون، بۆیە بێگانەکانیش ئەوە هەڵوێست و بەرسڤیانە.
هاوپێچ:
بەڵێ کاک عیسا، دیارە ئەو مەسەلەیە یەکێکی ترە لەو فەوزا فەرمانگەیی هەیە، وەک چۆن دەزگای ئاسایش وردە لەگەڵیاندا دەبوایە فەرمانگەکانی تر هەمائاهەنگ بوونایە لەگەڵ یەکتریدا، وەک چۆن ئاوارەکانی کوردی سووریا و توورکیا ئۆردوگایان بۆ کراوەتەوە و معامەلەیەکی تایبەتیان بۆ دەکەن، بۆ عەرەبەکانی عێراقیش بەو شێوەیە، نەک پەرت بن بەناو شارەکاندا و دۆخێکی نەخوازراو بخوڵقێت.. ئەم جۆرە کەسانە بکەنە واوەیلا...
لە وڵاتانی ئەورووپا و بەتایبەتی فینلاند ئەوەی بە فەرمی خۆیان بیهێنن و ئەوانەشی بە قاچاغ بێت، خزمەتە سەرەتاییەکانی بۆ دابین دەکرێت لە شوێنیکدا دادەنررێن یان دەچنە سەر ناونیشانی کەسێکی ناسیاو.. بەنەرم و نیانی جووڵانەوە لەگەڵ ئەو میوان و پەناهەنداانە ئینتیمایان بۆ وڵاتی دووهەم پەیدا دەبێت.. گەر ئەو ئینتمایەیش دروست نەبێت هەمیشە بە باش باس دەکرێت و دژ نابن. بەڵام ئەو پەناهەندە عەرەبانە کە پەنایان بۆ کوردستانی ئازاد هێناوە، چ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش دەکرێت و لەسەر حسابی خۆیان دەژین.. ئەرکی مرۆڤە دووربین و ژیر و دانا ئەوەیە کە بزانن ئەمە قۆناغێکی کاتییە و تێدەپەڕێت، سەبر و تەحەمولی پێویستە.
بەڵێ کاک ڕەفیق، ئەوەی لە بەغداد ڕوو دەدات وەک لە میدیاکان باس دەکرێت خەڵکە ئاساییە کوردەکەیە کە لەو شارە لە ژێر فشاری ڕفاندن و هەڕەشە و کوشتندان، بەڵام ئەو پەرلەمانتار و سیاسیە کوردانەی لەوێن لە توێژە پارێزراوەکەن.. ئەم هەڵمەتی دژە عەرەبەی دەستی پێکردووە دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوە بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.. ئەوەی سیاسییەکان دەیکەن کورد وەک کەری ناوجۆگاکەی لێهاتووە..

سەیرە و سەیریش نییە
٢٠١٤.٨.٨

ڕمڵ لێدانێکی تر(کورد کەری ناوجۆگە)

داعش ڕاستە وەک ماری بێئیجازە وایە بەڵام وەک دەڵێن جەنگ درێژە پێدانی سیاسەتە بە ڕووە تووندەکەیدا هاوکات کار و کاردانەوەیە، لەبارەی پەلاماریان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، تێکشکانی میلشیای حیزبەکان ناسراو بە پێشمەرگە، لایەنێکی تری یارییە ناشی و نەزانەکانی خودی ئەو حیزبانەیە دیارە بە ئۆپۆزسیۆنی کۆنیشەوە، کە لە دانیشتنی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تاک لایەنە لە بەغداد کە شیعە داگیریان کردووە خۆی دەبینێتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان چوونە پاڵ لایەنێکی ناکۆکییەکەیە، جا هەر دەبوایە چاوەڕوانی کاردانەوەیەکی وا لە داعشی بکرایە.
زۆر هاوار کرا ئەوە تەرەفدارییە، مەکەن و مەچن بۆ بەغداد، بەڵام بەقسەی کەسیان نەکرد.. کفرێکی وایش بەسەر داعشدا تێناپەڕێت، وەک بینیمان لە خاڵی لاوازی ناوچە ئێزیدینشینەکانەوە پێدزکەیان کرد و دەستیان وەشاند، ڕاستە لەوانەیە هێرشەکانیان لە ناوچەی هەولێر و دهۆک ڕابگیرێت، بەڵام لە سنووەرکانی تر ئەوەندە کون و کەلەبەر و بۆشایی هەیە هەر نەبێتەوە، پێشبینی ئەوە دەکرێت دووبارە و چەند بارە دەستی تر بوەشێننەوە، وا چاوەڕوان دەکرێت گورزی کوشندە لە کەرکووک بوەشێنرێت. هاوکات شێوازە کۆنەکەیان خۆتەقاندنەوەیش لەناو شارەکانی هەرێم تاقی بکەنەوە، سەرئەنجام لە شەری شیعە و سوونەوە دەبێتە شەڕی کوردە سوونەکان و عەرەبە سوونەکان، شیعەکانیش فیکەیان بۆ لێدەدەن.
سەیرە و سەیریش نییە!
٢٠١٤.٨.٦

ڕاکە مەغۆلە نوێکان گەیشتن

عەرەبە بەدەوییەکان لە ژێر ئاڵای ئایین ئیسلام هاتن و هەموو ئەو دەسەڵاتە زاڵم و نادادپەروەرانەیان ڕاماڵی کە جێی نەفرەتی خەڵکی بەلەنگاز بوون، سەیر نییە کە مسکێنەکان قبووڵی داگیرکەرانی غەیرە زمان و غەیرە ئایین بکەن. جا مەهزەلەی مێژوو لەوەدایە دەسەڵاتی ئیسلامیش مەغۆلەکانیان بۆ هات کە لەچاو خۆیاندا لە دڕندایەتیدا بە حەوت ئاو شۆرابوونەوە، دەسەڵاتدارانییان کرد بەشیشدا، قەتولعامی فەرمانڕەوایانی زاڵمیان کردووە. زاڵم زەواڵی بۆ دەبێت. جا مێژوونووسە جاش و نۆکەرەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی و خەلیفەکان وایان هۆنیوەتەوە کە گوایە خووێنڕێژێکی بێوێنە بوون!
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە گۆشە و کەناری گۆی زەوی چەندەها جار ئەو ڕاماڵینە دووبارە بۆتەوە، جا پێدەچێت داعش مەغۆلە نوێکانی سەدەی نوێ بن وەک ئیماندارانی ئایین دەڵێن خوا نازڵی کردبێت بۆ لەناوبردنی ئەم دەسەڵایدارە گەندەڵ و نادادپەروەرانەی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکوردستانیشەوە تا تەفرو و توونیان بکەن و هەقی پایەماڵبوونی خەڵکیییان لێ بکەنەوە.. جا بڕوا ناکەم کەس خەفەت بۆ نەمانیان بخوات ..

چيرۆكى زۆر كورت: پێشمەرگەی قاوەخۆر!
٢٠١٤.٨.٥

لە
قاوەخانەیەک بەيەكگةيشتن، لە ئامێرەكەوه خوڕەى هاتنەخوارەوە قاوه بۆ ناو کوپە سپییەکان هات، ئەويان لێدا یەکدوو هەنگاو دوورکەوتەوە، ئەوی تریان سەيرى لێهات هاوڕێکەی نەشەكر نەكرێم و نەشير و نەهەنگوين و نه .... بەکارنەهێنا و نەكرده کوپە قاوە تۆخ و خەست و خۆڵ و تاڵ و سادەكەیەوه، ويستى زمانی پرسيار هەڵبهێنێتەوە، ئەو لێی هاتە وەڵام، تێگەيشت بۆیە وتى: لەقاوە خواردنەوەدا لە پێشمەرگه دەچم. لەوان زۆر ڕاديكالترم..

سەیرە و سەیریش نییە
٢٠١٤.٨.٣

خەتا لە بۆشاییەوەیە!

کاتی خۆی کە ئەمەریکا و ئێران دەستیان کرد بە چاو و ڕاو، پێشبینی ئەوەم کرد سووریا لەو نێوەدا ببێتە کەپشی فیدا، بەڵام وا دەرنەچوو، دۆخی سووریا وەک خۆی مایەوە، تەنانەت ئۆپۆسزیۆن جۆریک پاشەکشەیان کرد، لەو لاوە شەڕ و قەیرانی ئوکرانیا هەڵگیرسا، تا بەرەی هاوسۆزی ئۆپۆزسیۆنی سووریا خەریک بکرێت.. دواتر وەک سەپرائسێک شەڕ و داگیرکردنی موسڵ قووت کرایەوە، کە زیاتر وەک ئەلتەرناتیڤێک سەیر دەکرێت بۆ کریزی سووریا و کەمکردنەوەی فشار لەسەر حکوومەتی سووری.. وەلحاسڵ ئەمە جەنگی وڵات و بلوکە گەورەکانی جیهانە کوێیان بوێت بەدەستی ناوخۆیی تێکی دەدەن، چوونکە کام گۆشە و کەناری دنیا سەیر بکەیت، بێ بۆشایی نییە، پڕن لەکێشە و گرفتی داپۆشراو و نیمچە ئاشکرا..